ڕۆژی جیهانی منداڵان … عه‌لی حه‌مه‌ڕه‌شید به‌رزنجی
وتم دایه
سبه‌ی جه‌ژنه
یه‌كی شه‌شه
ڕۆژی جیهانی منداڵه
له زۆر شوێنی كوردستاندا
پیشانگایه
ئاهه‌نگی گۆرانی خۆش و
مۆسیقایه
ده‌بێت بچین
له ئاهه‌نگێك ئاماده بین
جه‌ژنی ئێمه‌ی منداڵانه
ده‌بێت هه‌موو له‌و یاده بین
دایكم وتی
ئه‌ی نه‌مان وت
سبه‌ی ده‌چین
بۆ ماڵی پووره وه‌نه‌وشه
بۆ لای( ئه‌ژی) و
( سۆما ) و ( ئه‌ڤین )
وتم دایه
ئه‌وسا نه‌مزانی پێت بڵێم
چونكه ئێستا
به ته‌له‌فون
ئاگاداری كردم له‌وه
( شه‌ن ) ی هاوڕێم
ئه‌م هه‌واڵه خۆشه‌ی دا پێم
تو خوا دایه
به ته‌له‌فون
به پووره وه‌نه‌وشه ده‌ڵێین
ببورن كه ناتوانین بێین
سه‌ردانه‌كه
بۆ ڕۆژێكی تر هه‌ڵده‌گرین
بۆ ئه‌م جه‌ژنه
ده‌بێت بچین
هه‌ر ئه‌مه‌م وت
خێرا زه‌نگی
ته‌له‌فونه‌كه‌مان لێیدا
هه‌ڵم گرت و
وتم هه‌له‌و كێیه؟ فه‌رموو !
چه‌نده لام خۆش بوو
پوورم بوو
وتی ڕه‌نیا
بڵێ دایه
پوورم ده‌ڵێت
سبه‌ی له ماڵه‌وه نابین
یه‌كی شه‌شه
بۆ ئاهه‌نگ و فیستیڤاڵی
ڕۆژی جه‌ژنی منداڵ ده‌چین
با سه‌ردانه‌كه دوا بخه‌ن
پێی بڵێ گله‌ییش نه‌كه‌ن
منیش وتم
گله‌یی چی ؟!
پووره وه‌نه‌وش
پێش تۆ ئێمه‌ش
هه‌ر باسی ئه‌وه‌مان ده‌كرد
ده‌مانویست كه
به‌ته‌له‌فون
پێتان بڵێین
ناتوانین بێین
چونكه ئێمه‌ش سبه‌ی ده‌چین
بۆ سه‌یری ئه‌و فیستیڤاڵه
دڵنیام خه‌ڵكی
گشت ده‌زانن
یه‌كی شه‌شی
هه‌موو ساڵێك
ڕۆژی جیهانی منداڵه