Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
ڕێکەوتننامەى ستراتیژى و چەند سەرنجێک   گەڕانەوە بۆ دواوەوە …

ڕێکەوتننامەى ستراتیژى و چەند سەرنجێک گەڕانەوە بۆ دواوەوە …

Closed

 

 

وەڵامیک بۆ بەهرۆز گەڵاڵى 

 

کێشەى سەرەکى لە هەرێمى کوردستاندا نەبونى سستمێکە کە پێوەرێکى دیموکراتیانەى هەبێت و هەموو دەنگ و ڕەنگەکان هاو ڕا بن لەسەرى ، سستمێکى گشتگیر کە تاک هەست بە ماف و ئەرکى بکات و ژیانى پارێزراو بێت ، سستمێک بێت کە بتوانێت هێزەکان لە هێزى خێڵەکى و ناوچەبى و بنەماڵەییەوە بگوازێتەوە بۆ بونى میکانیزمێک کە دەوڵەتدارى تێدا بنەمایەکى بەهێزى هەبێت ، بە شێوەیەک حیزب و حکومەت لێکتر جیا بکرێتەوە کۆتاى بە باڵادەستى بنەماڵەکان و زۆنەکان بهێنرێت و ئالیەتى بونى ڕکابەرى بۆ باشترین کردار و پڕۆژە ببێتە پێوەر ، لەم نێوەندەدا دەنگى تاک ببێتە سەنتەرى بڕیارو هەموو حیزبەکان لەبەر دەم سندوقەکانى دەنگداندا وێنەى ڕاستەقینەى خۆى ببینێ ، ئەمەش لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە پاشخانى حیزب و سەرانى حیزب ئەو ئامادەگیەى تیا بێت کە بتوانێت چەمکى دەستاو دەست کردنى دەسەڵات و پابەند بوون بە سستمەوە ڕێژەیەکى نەگۆڕ بێت ، هەموو ئەمانە ئەو ڕاستیە دەردەخەن کە ماوەى 22 ساڵى ڕابردوو ئەم چەمکانە (غائب) وون بوە ، بۆ ئەوەى کۆتایى بە قۆناغى چەقبەستوى و باڵادەستى حیزب و بنەماڵە و ناوچەیى بهێنرێت ، لە ناو ئەمانەشدا کەسى یەکەم ، زەمینەى دروست بوونى حیزبى نوێ لە ئارادا بووە ، تا بە فۆرمێکى تر و بە دنیا بینیەکى تر و بە دیکێکى جیاواز تر وەک پێویستى قۆناغیکى نوێ لە دایک ببێت ، تا هۆکارى گەندەڵى و نەبونى سستم و پەراوێز خستنى تاک و کۆمیدیاى هەڵبژاردن و یارى کردن بە مافى دەنگى هاوڵاتی کۆتاى بێت ، خۆ ئەگەر بزوتنەوەى گۆڕان هەڵگرى دروشمى پێداویستى مێژووى ئەم قۆناغە بو بێت و توانیبێتى سەرەتایەک بۆ دروستکردنى ئۆپۆزسیۆن و کارا کردنى شەقام و میدیا و چاوى چاودێرییەکان کردبێت و پەرلەمانى لە ژورى نوستن و کارتۆنیەوە کردبێتە شوێنیک بۆ یاسا و چاودێرى کردنى حکومەت و گواستنەوەى شەڕى شەقام بۆ ناو هۆڵى پەرلەمان ، ئەوا ئەم بانگەوازەى کاک بەهرۆز گەڕانەوەیە بۆ ڕێکەوتننامەى ستراتیژى لە فۆرمێکى تردا و دیسانەوە کوشتنى چاوى چاودێرى و لە کار خستنى شەقامە ، ئەوەى مایەى نەهامەتى و دابەش کردنى دەسەڵات و دوو زۆنى و دوو ئیدارەیى بوو ، ڕێکەوتننامەى ستراتیژى بووە ، کە بەشێوەیەک هیچ مانایەکیان بۆ هەڵبژاردنەکان نەهێشتبوەوە ، بە پیاوانى حیزب تەواوى دەسەڵاتەکانیان تەنیوە بە جۆرێک ئەوەى پێ ى دەوترێت کۆمەڵگاى مەدەنى کە دەکاتە سەندیکاکان بە سستمێکى بەعسیانە پیاوانى حیزبەکانیان دادەنا ، کە زۆربەى ئەم سەندیکایانە بو بونە شوێنێک بۆ بازرگانى کردن بە وێنەى سەرەوەیان ، نەیانتوانیوە نوینەرى ڕاستەقینەى خۆیان لەسەر ئاستى پیشەى خۆیان هەڵبژێرن ، هەموو ئەمانە و چەندینى تریش لە سایە و ئەنجامى ڕێکەوتننامەى ستراتیژى بووە ، هیچ مانایەکیان بۆ هەڵبژاردن و دەستاو دەست کردنى دەسەڵات نەهیشتبوەوە ، گەڕانەوە بۆ ڕێکەتننامەى ستراتیژى و پێوەرى دابەشکردنى دەسەڵاتەکان ، بەو مانایە دێت ئەو دروشمانەى کە ئەو دوو حیزبە هەڵیان گرتوە جگە لە دەمامک و ماکیاج هیچى تر نیە ، ئەوەى پێ ى دەوترێت گۆڕان و قۆناغى نوێ کایەیەکى گاڵتەجاڕییە ..ئەم بانگەوازەى کاک بەهرۆز زۆر ترسناکە ، بە شێوەیەک کە بازنەیەک دەکێشێ بە هێڵى سوور و ناوى دەنێت ڕێکەوتننامەى ستراتیژى کە کەس ناتوانێ بیبڕێت ، دەیەوێت فۆتۆکۆپى بزوتنەوەى گۆڕان بکات لەسەر شێوەى یەکێتى و بەرگى ئەم ڕێکەوتنەى بەبەردا بکات ، وێنەیەک دەداتە هەڵبژاردن کە چەمکى دۆڕان تێدا غائبە ، بە شێوەیەک هەمومان دەچینە هەڵبژاردنەوە و هەموشمان براوە دەبین وە یاریگایەکى یەک گۆڵى دەوێت ، کاک بەهرۆز بە دوومانا قسە دەکات:.. یەکێکیان بۆ پارتى کە دەڵێ دەبوایە بە پێ ى ڕێکەوتننامەى ستراتیژى ئەم خولە سەرۆک وەزیران بۆ یەکێتى بوایە چونکە دڵنیایى دەسەڵاتێکى تەندروست لە چوارچێوەى ڕێکەوتننامەى ستراتیژىیدایە ، لە بیرى چووە کە هەڵبژاردن کراوە و هاوکێشە و نەخشەى سیاسى گۆڕاوە و ئەو هەر لە خەونى ڕێکەوتننامەى ستراتیژیدایە .. دیوێکى ترى ڕوو لە بزوتنەوەى گۆڕانە کە دەڵێ ببنەوە بە یەک ، کە ئەمەش دیسانەوە کوشتنى رۆحى ئۆپۆزسیۆن و چاودێرى و ڕۆحى یاخى بوونە ، هەر چەندە لە ئێستادا هیچ مانایەکى نیە ، دەکرا پێش ئەنجامى هەڵبژاردنەکان ئەمەى بوتایە ، دیسانەوە کاک بەهرۆز درەنگ خەبەرى بوتەوە یان وەک دەڵێن لە پاش باران فەرەنجیم بۆ چیە ، دەکرێت ئەم پرسیارانەى لێبکەین …؟ کاتێ بزوتنەوەى دەیویست هاوپەیمانیەک هەبێت و دەباشان پێوەر بێت ئەى ئەو کات ئێوە لە کۆى بوون ..؟ دواى ئەوەى بزوتنەوەى گۆڕان دروست بوو هەڤاڵەکانى تۆ و پارتیش گاڵتەتان پێ دەهات و دەتان وت 5 کورسى ناهێنى و لۆکاڵیە و ناتوانێت بازنەى ڕێکەوتننامەى ستراتیژى ببڕێت…. ئەى ئەو کات تۆ لە کوێ بووى ..؟

دەبێ کاک بەهرۆز ئەو ڕاستە بزانێ ئێستە ئەوەى 1991 لە دایک بووە دەتوانێ دەنگ بدات و سیاسەت بکات ، بەڵام لاى تۆ ژیان وەستاوە و هەر بە خەونى ڕێکەوتننامەى ستراتیژیەوە دەژیت ..دەکرێت ڕیکەوتنێک کاتێکى بۆ دیارى بکرێت و ئەکرێت ئەو کاتەش تەواو نەبێت گۆڕانکارى تر بێت ، ناکرێت کونکرێتى بڵێ ى ئەم ڕێکەوتننامەیە تا کۆتایى دنیایە ..

 

بەختیار شارەزورى

کاک بەهرۆز دەبێت ئەوە بزانێت کە سەرەتاى قۆناغێکى نوێ دروست بوە و ڕێکەوتننامەى ستراتیژى سەرەتاى کۆتاى هاتنى دەرکەوتوە ، وە بزوتنەوەى گۆڕان توانى نەخشەى سیاسى هەرێم بگۆڕێت و ئەوەى نەتوانێ لەگەڵ شەپۆلەکانى گۆڕاندا بڕوات دەخنکێت .. وە دەبێ ئەوەش بزانێ کە ئەنجامى هەڵبژاردەنەکان پێوەرى سەرەکیە نەک ڕێکەوتنى ستراتیژى ..دیوێکى ترى ئەم نوسینە بەکار هێنانى بزوتنەوەى گۆڕانە وەک کارتێکى تۆلە بەرامبەر بە پارتى و بانگەوازى ئەوە دەکات ، مادام پارتى ئێمەى فەرامۆش کرد ، وەرە گۆڕان با یەکبگرین و تۆڵە بکەینەوە و تۆ هەقى من بسێنە ..ڕێک بەو مانایە دێت گۆڕانى بۆ کەڕ بڵێیت ، بە هەموو دیوەکانا ئەم هاوارەى کاک بەهرۆز گەڕانەوەیە بۆ دواوە و بێ ئاگایە لە ئەنجامى هەڵبژارن و بێ ئاگایە لە یاساکانى گۆڕان و لە خەوێکى درێژدایە ، لەکۆتایدا بۆ ئەوەى خەبەرى بێتەوە ئەم پەندەى بە هاوار بۆً دەڵێین :[ ئەوەى بە شیرى گەرم زمانى سوتا بێت ، فوو لە ماستاویش دەکات ]

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.