Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
ڕەخنەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان ـ عێراق

ڕەخنەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان ـ عێراق

Closed
by October 5, 2012 گشتی

 

 

سەرەتا دەبێ بڵێم: شەرمەزارییە بۆ میللەتێک کە هێند دووچاری ستەم و نادادپەروەی و ڕەگەزپەرستی و پاکتاوی نەژادی و سنووردارکردنی هەموو ئازادی و مافەکانی بووە، دەستوورێکی بەم شێوەیە ڕەگەزپەرستانە و نادادپەروەرانە و ستەمئامێزی هەبێ.

. . .

بەراوردێک لەنێوان دەستوورەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمێرکا و کۆماری فەڕەنسا و پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان ـ عێراق دا. لەگەڵ چەند سەرنج و تێبینی و ڕەخنەیێک، لەسەر پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان ـ عێراق.

پێشەکی

لە ڕوانگەی یاساییەوە، دەستوور واتە ناسنامەی جوگرافی و ڕامیاری و یاسایی، تایبەت بە میللەتێک یا کۆمەڵێک میللەت لە چوارچێوەی نیشتیمانێکی هاوبەشدا، کە ئەو نیشتیمانە هاوبەشە دەکاتە وڵات. واتە ناسنامەی هاوبەشی دەسەڵاتەکان لەو وڵاتەدا: سەرۆکایەتی، یاسادانان، جێبەجێکاری.

لە ڕوانگەی بیریاری و وێژەییەوە، دەستوور واتە بنەمای جیهانبینی میللەتێک یا میللەتانێک بۆ داهاتووی هاوبەشیان. واتە ڕوانینی میللەتان بۆ یاسا، بۆ ماف، بۆ ئەرک، بۆ هاووڵاتیبوون، بۆ شێوازی دەسەڵاتکردن.

لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە، دەستوور جۆرێکە لە پەیماننامەی کۆمەڵایەتی، کە هەموو چین و توێژ و کەمە نەتەوە و ئاین و بیروباوەڕە جیاوازەکان لە وڵاتێک یا هەرێمێکی دیاریکراودا پێکەوە دەبەستێتەوە.

لەڕوانگەی ڕامیارییەوە، دەستوور ئەو چوارچێوەیەیە، کە سەروەری نیشتیمانی و ڕامیاری و کولتووری بۆ “جوگرافیایێکی یاسایی” دیاریکراو، دەستەبەر دەکات. 

بەگشتی دەتوانین بڵێین، دەستوور دەبێ پارێزەری ئازادی و مافەکانی هاووڵاتیان بێت، ئاشتی کۆمەڵایەتی بهێنێتە ئاراوە و ڕابگرێت و پایەدار بکات. دەبێ هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ و هەموو چین و توێژ و کەمینە ئاینی و نەتەوەییەکان لە دەستووری وڵاتەکەیاندا خۆیان ببیننەوە، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک ئاستەم نییە، مەگەر ئەو دەستوورە ‌هێما و نیشانەگەلێکی ئایدیۆلۆژی یا ئاینی یا چینایەتی یا ڕەگەزخوازی یا ڕەگەزپەرستی تێدابن. کە ئەمانەی تێدا نەبوو، هیچ کەس دژی نابێ، مەگەر ئەو کەسە دژی ئەو نەتەوە یا نەتەوانەیە کە خاوەنی ئەو دەستوورەن.

لەڕێی دەستوورەکەیەوە، دەبینین وڵاتێک ئامانجی چییە و دەیەوێت بگاتە کوێ و چۆن ڕێبکات و هاووڵاتیانی چۆن بژین. کە گەلێک یا گەلانێک دەستوورێکی هاوبەش دەنووسن، پێش هەموو کەس بۆ خۆیانی دەنووسن، بۆ دانیشتوان و هاووڵاتیان و نەوەکانی داهاتووی ئەو نیشتیمانە هاوبەشەیان دەینووسن. نەک بۆ ئەویتر یا ئەوانی تر، جا ئەو ئەویتر و ئەوانیترە چ دۆستبن چ هاوپەیمان، چ نەیار و چ دوژمنانیان بن.

ئایا پڕۆژە دەستووری هەرێم بەم شێوەیەیە؟

با ببینین.

. . .

بەراوردکاری

سەرەتا پێم باشە بەراوردێک لەنێوان پێشەکی دەستوورەکانی وڵاتە یکگرتووەکانی ئەمێرکا و کۆماری فەڕەنسا، لەگەڵ ئەوەی کوردستاندا بکەم:

هەر دەستوورێک پێش ئەوەی بچێتە سەر ماددەی یەکەم، پێشەکیێکی هەیە. ئەم پێشەکییە بە هیچ شێوەیەک نە وەک ماددە و نە وەک بەندی یاسایی کاری پێ ناکرێت. زیاتر هێما ئامێزە.

یەکەم جیاوازی کە لەنێوان پڕۆژە دەستووری کوردستان و ئەوەی فەڕەنسا و ئەمێرکادا دەیبینین، ئەوەیە کە ئەوەی کوردستان پێشەکییەکەی بریتییە لە دوو لاپەڕە (پتر لە ٣٦٠ وشە). ئەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان بریتییە لە چوار دێڕ (٥٢ وشە). ئەوەی فەڕەنساش بریتییە لە شەش دێڕ و نیو (٩٩ وشە). ئەمە خۆی لەخۆیدا کێشەیەکی ئەوتۆ نییە، کێشەکە ئەوەیە ئەم دوو لاپەڕەیەی کوردستان چی بە ئێمە دەڵێن و ئەو چەند دێڕەی ئەوان چی؟

پێشەکی پڕۆژە دەستووری هەرێمی کوردستان ـ ئێراق، بەم شێوەیە دەست پێ دەکات:

“بەناوی خوای بەخشندە و دلۆڤان

ئێمە گەلی کوردستان ـ عێراق، لە هەستکردنمانەوە بەو دژوارییەی نەوەکانمان چەشتوویانە لە سیاسەتەکانی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان لە ئەنجامدانی سەرکوت کردن و ستەم و چەوسانەوەی لە ڕادەبەدەر، وبێبەشکردنمان لەو مافانەی خوا بە ئادەمیزادی بەخشیون لە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری و چەندین تاوانی دژە مرۆڤ و هەڵمەتی جینۆساید و پاکتاوی نەژادیان لەدژمان ئەنجامدا، کە مێژوو بە دەگمەن وێنەی وای بەخۆوە بینیوە کە خۆیان نواندووە لە خاپوورکردنی سەرلەبەری پتر لە چوارهەزار و پێنج سەد گوند و گۆڕانکاری لە دیمۆگرافیای بەشێکی فراوان لە کوردستان ـ عێراق لە ڕێگەی بەزۆر کۆچپێکردنی دانیشتوانی، یان ناچارکردنیان بۆ گۆڕینی نەتەوەیان وبەکارهێنانی چەکی کیمیاوی‌و  چەکە قەدەغەکراوەکانی تری نێونەتەوەیی لەدژ دانیشتوانی سڤیلی شاری هەڵەبجەی شەهیدو بالیسان وگەرمیان وبادینان و چەندین ناوچەی فراوانی ترو بە هەزاران لاوی کوردی فەیلی لە ناو کێڵگەکانی تاقیکردنەوەی کیمیاوی و گۆڕی بە کۆمەڵ بەرەو مەرگ ڕاپێچکردن، ئەوانەی مانەوەش خێزانەکانیان ناچارکران کۆچبکەن بۆ دەرەوەی عێراق، وڵاتنامەی عێراقیان لێ سەندنەوە و دوا بە دوای ئەوەش چەندین هەڵمەتی بە کۆمەڵ قڕکردنیان ئەنجامدا کە پتر لە هەشت هەزار بارزانی گرتەوەو و پرۆسەکانی لەناوبر دنی بەدوا داهێنا، کە بە ئەنفال ناونران و قوربانی پتر لە سەد و هەشتا و دوو هەزار مرۆڤی لێکەوتەوە… تاد”

پێشەکی دەستووری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمێرکا:

“ئێمەی میللەتانی وڵاتە یەکگرتووەکان، لەپێناو ئەوەی یەکێتییێکی پتەوتر پێکبهێنین، دادپەروەری دابمەزرێنین، ئاشتی ناوخۆ دەستەبەر بکەین، پشتیوانی لە خۆشگوزەرانی هەمووان بکەین، هەروەها بەرگری گشتی پایەدار بکەین، ئازادی خۆمان و نەوەکانمان پیرۆز ڕابگرین، ئەم دەستوورە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمێرکا ڕێکدەخەین و دادەنێنین. “

پێشەکی دەستووری فەڕەنسا:

“گەلی فەڕەنسا بە ڕەسمی وابەستەیی خۆی ڕادەگەیێنێت بە “مافەکانی مرۆڤ” و بنەماکانی سەروەری نیشتیمانییەوە، بەو شێوەیەی کە لە جاڕنامەکەی ١٧٨٩دا هاتووە و لە پێشەکییەکەی دەستووری ١٩٤٦دا و، لە ماف و ئەرکە دیاریکراوەکانی پەیڕەونامەی ٢٠٠٤دا دووپاتکراوەتەوە و تەواوکراوە.

لەژێر ڕووناکی ئەم بنەمایانەدا و بەپێی بنەمای ئازادی میللەتان لە بڕیاری دەستنیشانکردنی چارەنووسی خۆیان، بۆ خاکی هەرێمەکانی “ئەودیو دەریا” کە ئارەزووی خۆیان لەوەدا دەردەبڕن دانەبڕێن، کۆمار دامەزراوەی نوێ دابین دەکات، کە لەسەر بنەمای ئامانجە هاوبەشەکانمان: ئازادی و یەکسانی و برایەتی دادەمەزرێنین، بە لەبەرچاوگرتنی پێشکەوتنی دیموکراسیانەیان.”

. . .

١. دەستووری کوردستان بە “بەناوی خودای بەخشندە و دلۆڤان” دەسپێدەکات. گومان لەوەدا نییە کە ئەمە وەرگێڕانێکی ڕاستەوخۆی “بسم اللە الرحمن الرحیم”ەکەی قورئانە. باشە، مەبەست چییە لەوەدا کە دەستووری وڵاتەکەت بە “بسم اللە الرحمن الرحیم” دەست پێ بکەیت؟

ئایا ئەم دەستوورە هی میللەتی کوردی هەرێم بەگشتی نییە و بۆ ئەو نەنووسراوە؟ ئایا تێکڕای هاووڵاتیانی هەرێم موسوڵمانن؟ هەرێمی کوردستان تەنیا موسوڵمانی تێدایە؟ ئەی کریستیانان، کلدانان، قیپتیان، یەزیدییان، کاکەییان، سریانییان، ئاسورییان، بێباوەڕان، کەسانی نائاینی؟

خۆ گەر دەشڵێن خودا لای هەموو کەس و لە هەموو ئاینەکاندا هەر خودایە و یەکە، ئایا لە هەرێمدا کەسانێک نین باوەڕیان بە خودا نەبێت؟ ئایا لەو کوردستانەدا، کەسانێک نین نائاینی و بێباوەڕبن؟ یا ئایا مەبەست ئەوەیە کە دەسەڵات لە وڵاتەکەتدا “دنیایی” نییە و دەسەڵاتێکی “ئاسمانی”یە؟ ئەم دەستوورە خودا ناردوویەتی، لەبەر ئەوە بەناوی ئەوەوە دەستپێدەکات؟

باشە، خۆ ئەگەر ئێمە کەمێک شارەزای ئاین بین، دەزانین کە دەسەڵاتی دنیایی ناکرێت بەناوی ئاسمانەوە بدوێ. ئەمە لە هەموو شوێنێک کارەساتی خستووەتەوە. بۆ نموونە، کە سەددام اللە اکبری لەسەر ئاڵای عێراق نووسی، هێز هەبوو بتوانێ لایبات؟ ئایا هەزاران تاوانی لەژێر ئەو ناوەدا ئەنجام نەدا؟ ئایا فیرعەونەکانی میسر و سێزارەکانی ڕۆما کە بەناوی خوداوە فەرمانڕەواییان دەکرد، شتێکی ڕەوا بوو؟ ئایا ئەگەر دەسەلاتدارانی کورد سبەینێ هەر تاوانێک بکەن، میللەت دەبێ بیداتە پاڵ خودا؟ یا ئایا دەبێ هەموو تاوانێکیان بە لادان لە ویست و خواستی خودا بزانین؟

دەستوور دەبێ بۆ هەموو هاووڵاتییان بێ، بە بێ جیاوازی ئاین و بیروباوەڕیان. ئایا بێباوەڕان و ئەوانەی موسوڵمان نین، ئەم دەستوورە بۆ ئەوانیش نییە؟

. . .

٢. من وشەکانی پێشەکییەکەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمم وەک خۆی نووسیوەتەوە. تەواو بەپێ ئەوەی نووسراوە. پەیڕەوی داڕشتنەکەیم کردووە بە هەموو وردەکارییەکانەوە: وشە لێکدراوەکان، بۆشاییەکانی نێوان وشەکان، فاریزە و خاڵەکان، تەنانەت لەو شوێنانەی واوەکان نووساون بە وشەی پێش خۆیان یا دوای خۆیان، یا لەو شوێنانەدا کە دەبێ خاڵ یا فاریزە هەبێ نییە، لەو شوێنانەیشی کە دەبوو نەبن هەن…تاد. 

لە بواری زمانەوانی و ڕێزمان و ڕستەبەندی و وشەکاریدا، دەتوانم تەنیا ئەوە بڵێم کە کارەساتە. بە ڕاستی کارەساتە لە هەموو هەرێمی کوردستاندا یەک کەس نەدۆزیتەوە کە کوردی بزانێ. کە زمانی دایکی بە باشی و بێ هەڵە بنووسێ. کە نەبێتە مایەی ئابڕووچوونی سەرجەم  میللەتێک. ئەگەر ئێمە تەنیا هەڵە ڕێزمانی و واتاییەکانی ئەم نووسە بەرچاوبگرین، هەرگیز ناتوانین بڵێین ئەم میللەتە شایانی ئەوەیە دەستووری هەبێ، وڵاتی سەربەخۆی خۆی هەبێ.

ئاخر لەکوێ ڕەوای هەقە لە دوو لاپەڕە نووسیندا تەنیا یەک دێڕیشت تەواو نەبێ؟ بۆچی؟ کەس دەستنەکەوت؟ کات بەدەستەوە نەبوو؟ من نازانم کورد بۆ هەرگیز کاتی نییە؟ بۆچی تەنانەت بۆ نووسینی دەستوورەکەیشی، کە گرنگترین نووسراوی میللەتێکە، کاتی نییە بە جوانی و بە ڕێکوپێکی، وەک خوێندەوارێکی ئاسایی بینووسێ!

تەنیا ئەوەندە دەڵێم: پێویست بە زمانزان ناکات، ئەم دەستوورە بدەیتە دەست هەر مامۆستایەکی وانەی کوردی، هێڵی سوور بەژێر هەموو دێڕێکیدا دەهێنێ. ئەو قوتابییەشی کە نووسیویەتی، هەشت لەسەر سەد زیاتر ناهێنێ، ئەگەربە (واستە) هەشتیش بێنی.

. . .

٣. پێشەکییەکەی پڕۆژەی دەستووری هەرێم رەگەزپەرستانەیە، نیشتیمانی نییە.

دەستوور بۆ ئەمڕۆ و بۆ داهاتوو دەنووسرێت، نەک بۆ ڕابردوو. دەستوور دەبێ نیشتیمانی بێت، نەک تەنیا بۆ یەک میللەتی ئەو نیشتیمانە بێت.

دەستوور چیرۆک نییە ڕابردووی دوو حزب یا چەند حزبێک، نەوەیێک یا چەند نەوەیێکی دیاریکراو، شۆڕشێک یا چەند شۆڕشێکی دیاریکراو، سەردەمێکی دیاریکراو و تەنیا میللەتێکی زۆرینەی تێدا بنووسییەوە.

ئەم پێشەکییە دوورودرێژە هەموو تەرخان کراوە بۆ گێڕانەوەی پەنجا ساڵی ڕابردووی گەلی کورد. چ ڕابردوویەکیش! تەنیا ئەو تاوانانەی (ئەوانیتر) لە رابردوودا بەرامبەر بە (میللەتی کورد) کردوویانە. واتە کوردستان تەنیا کوردی تێدا دەژی. لەو نیشتیمانەشدا، تەنیا کورد کۆمەڵکوژی کراوە و مافی خوراوە.

خۆ گەر هەر دەبێ ئەو گەمژەییە ڕووبدات و باسی کۆمەڵکوژییەکانی کوردستان بکرێت، ئەی تورکمانەکان، لە ساڵانی پەنجا و شەستەکاندا کۆمەڵکوژییان نەدی؟ ئەی جوولەکەی عێراق لە ساڵانی ١٨٩٢ و ١٩١١دا لە عێراق بە گشتی و لە کوردستانی عێراقدا کۆمەڵکوژی نەکران؟ ئەی ئاسووری و کلدانییەکان؟ ئەی عەرەبە کوردستانییەکان؟ خۆ هیچ نەبێ چەند هەزارێک عەرەب لە کوردستاندا دەژین؟

ئایا ئەمانە کوردستانی نین؟ ئایا دەستوور بۆ ئەوانیش نییە؟ ئاخۆ کە ئەمانە ئەم پێشەکییە دەبینن، هەست بە چی دەکەن؟ بۆچوونیان چییە؟ چۆن دەتوانن بە خۆیان بڵێن هاووڵاتی کوردستانی؟ 

٤. کورد دەیەوێ لەڕێی ئەم پێشەکی دەستوورەیەوە پێمان بڵێ: هەموو کێشەکانی ئەم میللەتی کوردە لە دوژمن و نەیارەکانیەوە سەرچاوەیان گرتووە.

خۆ ئەوە هەرگیز دەسەڵات و تاکی کورد نییە دان بە بچووکترین کەمو کورتی خۆیاندا بنێن. میللەت و دەسەڵاتی کورد کە باسی ئەنفال و هەڵەبجەش دەکەن، هەرگیز باسی ئەو هەموو جاشە ناکەن کە نەک بەشدارییان تێدا کرد، بگرە لەگەڵ (برا بەعسییەکانیاندا) نەخشەیان بۆ دانا و بەڕێوەیان دەبرد. خۆ ئەوە میللەتی کورد نییە دان بەو تاوانانەی خۆیدا بنێ کە بەرامبەر بە جوولەکە، ئاسووری، ئەرمەنی، شەبەک، یەزیدی و کریستیانەکانی کوردستان کردوویەتی. خۆ ئەوە دەسەڵاتی کوردی نییە بە ڕاشکاوی باسی ئەو هۆکارە ڕاستەقینانەت بۆ بکا وایان کردووە تا ئەمڕۆ  وڵات سەربەخۆ نەبێ.. ژێردەستە و دواکەوتوو و نادادپەروەر و نادیموکراسی و نائازادبێ.

یا باسی ڕابردوو مەکە، یا کە باست کرد دەسپاکانە و دادپەروەرانە و ڕاستگۆیانە باسی بکە.

پێم وایە ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە لە دەستوورەکەتدا باسی ڕابردوو بکەیت، بەتایبەت باسی ڕابردووی تەنیا میللەتێک. جارێکی تر شیوەنی خۆت بکەیت، تەنیا خۆت. بەسەر بەختی خۆتدا بگریت، تەنیا خۆت. دڵی وڵاتان نەرم بکەیت، کە کەریش دەزانێ وڵات دڵی نییە، وڵات بەرژوەندی و سیاسەتی هەیە. گەر هەر ویستت لە دەستوورەکەتدا باسی ڕابردوو بکەیت، باسی ڕابردووی نیشتیمانەکە بکە، نەک تەنیا ڕەگەز یا میللەتەکەی خۆت، چونکە دەستوور بۆ نیشتیمانەکە دەنووسرێت، بۆ ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی ئەو نیشتیمانە بە هەموو میللەتەکانیەوە.

دوای ئەوە، ئەم کڕووزانەوەیەی دەسەڵات و تاک و میللەتی کورد تاکەی؟ ئەم درۆکردنەی کورد تاکەی؟ خۆ دەستوور (عەریزە)ی بائعی و داواکردنی (عەرزە) نییە تێیدا بکڕووزێیتەوە و باسی بەدبەختی خۆت بکەیت. خۆ ئەمەش (داواکاری) نییە بۆ کاربەدەستێک دەینووسی بەشکو سەد دۆلارت بۆ سەرف بکا.

٥. لە هیچ شوێنێکی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان ـ عێراق دا، ئاماژە بە “بانگی جیهانی مافەکانی مرۆڤ نەدراوە”. بەهیچ شێوەیەک پابەندبوون بەم مافانەوە، دووپات نەکراوەتەوە. بەم شێوەیە، کوردستان لەدوای یەمەن و سعودیە و سۆڤیێتی ئەوسا، دەبێتە دەیەمین وڵاتی جیهان کە بەندەکانی “جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ” پەیرەو ناکات و وەک سەرچاوەی سەرەکی یاسا دانی پێدا نانێت.

٦. “هەرێمی ئیسلامی کوردستان ـ عێراق؟!”

لە ماددەی شەش ٦ و بڕگەی یەکەمی ماددەی شەش٦ی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان ـ عێراقدا هاتووە:

“بنەماکانی شەریعەتی ئیسلام سەرچاوەیەکی سەرەکیی یاسادانانن و نابێ:

یەکەم: یاسایەک دابنرێت ناکۆک بێت لەگەڵ حوکمە نەگۆڕەکانی ئیسلام.”

ئایا کاتێک کە کریستیانێک یا یەزیدییێک یا کاکەییێک کاری بە یاسا دەبێت، یا کێشەی دەبێت و دەچێتە دادگا، دەبێ لەسەر یاساکانی شەریعەی ئیسلامی دادوەری و دادگایی بکرێت؟ ئایا کوردستان بەدەر لە ئیسلام ئاینی تری تێدا نییە کە هەر یەک یاساگەلی خۆیان هەیە و هەندێ جار یاساکانیان لەگەڵ شەریعەی ئیسلامیدا یەک ناگرنەوە؟ بگرە زۆرجار پێچەوانەی یاساکانی شەریعەی ئیسلامین؟ خۆ گەر دەڵێن ماف بە زۆرینەیە، دەڵێم، ئەگەر ماف بەپێی زۆرینە و کەمینە دابەش دەکرا، کەمینە هیچ مافێکی نەدەما. ئایا کورد ڕازی دەبێت لەچوارچێوەی عێراقدا، هەموو مافێکی بەپێی کەمینە و زۆرینە بدرێتێ؟ بۆ نموونە  لەسەر یاساکانی شیعە بڕوات، چونکە ئەوان زۆرینەن؟

کەواتە ئەم ماددەیە هەموو کەمینە ئاینیی و هەموو ناموسوڵمانانی هەرێمی کوردستان ـ عێراق دەکاتە دژە دەستوور. ئەمەش ڕێگە خۆشکەرە بۆ هەموو چەوساندنەوە و بێمافکردن و زۆردارییێک لەسەر هەموو ئەو هاووڵاتیانە.

کورد و موسوڵمان زۆرینەن لە کوردستاندا، ئەگەر بڕیارە زۆرینە زمان و ئاین و بیرورا و یاساکانی خۆی بسەپێنێت بەسەر کەمینەدا، ئەوا بۆ هەتاهەتایە. چونکە زۆرینە تا هەتاهەتایە هەر زۆرینەیە و کەمینەش هەر کەمینە. خۆ ناتوانین بڵێین ئەمڕۆ با کورد و موسوڵمان یاساکانی خۆیان بسەپێنن چونکە زۆرینەن، سبەینێ ئاسووری یا یەزیدی یا تورکمان دەبنە زۆرینە.

ئەم ماددەیە بە ڕوونی دەری دەخات کە یاسا لە کوردستاندا ئیسلامییە، واتە کوردستان یا دەبێ ناوی خۆی بنێ ‘هەرێمی ئیسلامی کوردستان ـ عێراق”، یا “دیکتاتۆریەتی ئاینی هەرێمی کوردستان ـ عێراق.”

. . .

پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان نە پەسەند کراوە، نە ڕیفراندۆمی بۆ کراوە، نە هەموو لایێک بەدڵیەتی و ڕای لەسەرە، کەچی هەندێ جار پەیڕەو دەکرێت، هەندێ جاریش نا، بەپێی بەرژەوەندی و ئارەزووی دەسەڵاتداران.

بۆ نموونە:

لە ماددەی ٦٥، بڕگەی ٩ی پڕۆژەی دەستووری هەرێمدا هاتووە:

سەرۆکی هەرێم ئەم دەسەڵاتە پیادە دەکات:

“لێبوردنی تایبەتی زیندانیان بە دەرکردنی مەڕسومێک بەپێی یاسا”

کە ئەم بڕگەیە خۆی لەخۆیدا کارەساتە، چونکە:

١. ڕوون نییە مەبەست لە “لێبوردنی تایبەت” چییە.

٢. ڕوون نەکراوەتەوە مەبەست لە زیندانییان کامانەیە. ئەوانەی کە بە کام جۆرە تاوان زیندانی کراون؟

٣. کە دەڵێ “مەڕسومێک بەپێی یاسا”ڕوون نییە مەبەستی چ یاسایێکە، چونکە لە پڕۆژەی دەستوورەکەدا ماددە و بڕگەی تر سەبارەت بە لێبوردنی زیندانییانی تێدا نییە، کەواتە مەبەست لە یاساکانی دادگایە. باشە، کێ بڕیار لەسەر ئەو یاسایە دەدات، کە بەپێی ئەو سەرۆک دەتوانێت زیندانیێک ئازاد بکات؟

٤. لە هەمووی گرنگتر، ئەم بڕگەیە بۆچی؟ چ پێویستە؟ بۆ چ مەبەستێک دانراوە؟ ئەگەر یاسا سەرەور بێت، ئەوە کەی دەبێ دەسەڵات و کاری سەرۆکی وڵاتێک بێت کە زیندانی ئازادبکات یا کەسێک زیندانی بکات؟

کەچی هەندێک ماددە نە کەس پەیڕەویان دەکات، نە کەس کاریان پێ دەکات، بۆ نموونە:

ماددەی ١١٤

قەدەغەیە سەرۆکی هەرێم و جێگرەکەی، سەرۆکی پەڕلەمان و جێگرەکەی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەکانی و وەزیرەکان و ئەوانەی پلەی تایبەتیان هەیە و دادوەرەکان و داواکارە گشتییەکان و جێگرانی داواکاری گشتی و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و ئەوانەی لە پلەی ئەواندان، شتێک لە سامانە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان ـ عێراق بکڕن یان بەکرێ بگرن یان شتێک لە موڵکی خۆیان بە دەسەلاتەکانی هەرێم بفرۆشن یان بەکرێ بدەن، یان گرێبەستێک مۆر بکەن بەناوی (پابەند)، یان هاوردکار، یان بەڵێندەر، ڕاستەوخۆ یان لەڕێی کەسێکی دیکەوە.”

. . .

ئایا ئەم پڕۆژەی دەستوورەی کە ئێستە هەیە، تا چ ڕادەیەک جێی ڕەزامەندی گەر نەڵێین هەموو، هیچ نەبێ زۆرینەی خەڵکانی سەربە چین و توێژەکان، هاوڵاتیانی ڕەگەزی مێ، ئاینە جیاجیاکان، کەمە نەتەوەکان، منداڵان، ئاژەڵان و سرووشتی کوردستاندایە؟ تا چ ڕێژەیەک لەلایەن زۆرینەی هەموو ئەمانەوە پەسەندکراوە؟ تا چەند بەشێوەیەکی بێ لایەنانە، ڕەنگدانەوەی ئەرک و پارێزەری مافەکانی هەموانە؟

ئایا پڕۆژەی دەستووری کوردستان ـ ئێراق بۆچی تەواو ناکرێت؟ بۆچی دەستناکرێتەوە بە کارکردن تێیدا؟ کۆسپ خستنە بەر ئەم کارە لە بەرژەوەندی کێدایە؟ ئەگەر ئەم دەستوورە کاری تێدا بکرێت، ئەوانەی کە دەبێ بەم کارە هەڵبستن کێن؟ کێ دەستنیشانیان دەکات و هەڵیان دەبژێرێت؟ بە چ پێوەرێک هەڵبژێردراون؟ تا چەند دەمڕاست و جێ بڕوای نەتەوەن؟

. . .

وەک هاووڵاتیێکی ئەو وڵاتە، ماف بە خۆم دەدەم ئەم پێشنیارانەم هەبێت، جا دواتر کەسانی بەرپرس ئازادن ئایا ڕەچاویان دەکەن و سوودیان لێ دەبینن یان نا:

١ـ پێشەکییەکەی شتێکبێ لەم بابەتە: ئێمە، گەلانی هەرێمی کوردستان ـ ئێراق، بۆ بەدیهێنانی ئاسایشی نەتەوەیی، دادپەروەی بۆ هاووڵاتیان، سەروەری کولتووری و جوگرافی سنوورەکانمان، ئاسایشی نیشتیمانی و، ئاسۆیەکی ڕووناکتر و شکۆمەندانە بۆ نەوەکانی داهاتوو، بڕیارماندا ئەم دەستوورە بهێنینە ئاراوە.

٢ـ ماددەیەک زیاد بکرێت کە ئاماژە بە پابەندبوونی هەرێمی کوردستان ـ ئێراق دەدات بە “جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ”ەوە.

٣ـ ماددەی شەش و بڕگەی یەکی ماددەی شەش کە تێیدا ئاماژە بە شەریعەی ئیسلامی دەکرێت وەک بنەمای یاسا لاببرێت. چونکە کوردستان تەنیا موسوڵمانی تێدا نییە و تێدا نابێت. باشترین چارەسەر ئەوەیە یاسای باری کەسایەتی و یاساکانی پابەند بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، لەلایەن یاساناسانەوە دابهێنرێن و دابڕێژرێن، بەجۆرێک کە لەگەڵ ئەمڕۆدا و لەگەڵ باری ئێستای کۆمەڵگا کوردستانییەکاندا بگونجێن، هەروەها هەموو ئاین و کەمە نەتەوایەتییەکان دان بە دادپەروەری و یەکسانخوازییاندا بنێن.

لە کۆتاییدا دیسان دەیڵێمەوە: شەرمەزارییە بۆ میللەتێک کە هێند دووچاری ستەم و نادادپەروەی و ڕەگەزپەرستی و پاکتاوی نەژادی و سنووردارکردنی هەموو ئازادی و مافەکانی بووە، دەستوورێکی بەم شێوەیە ڕەگەزپەرستانە و نادادپەروەرانە و ستەمئامێزی هەبێ. وەک ئەمەی کە ئێستە هەیە.

 

٢٧ ـ ٩ ـ ٢٠١٢

نووسینی: سەرکاو

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.