Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
ڕەمەزانو هێرشكردنە سەر ئازادییەكانى مرۆڤ

ڕەمەزانو هێرشكردنە سەر ئازادییەكانى مرۆڤ

Closed
by September 20, 2008 گشتی

 ڕەمەزانو هێرشكردنە سەر ئازادییەكانى مرۆڤ
  سوارە مامەند شەریف

 
 هەموو ساڵێك لە مانگى ڕەمەزان بڵندگۆى مزگەوتەكان لەجیاتى بڵاوكردنەوەى گیانى لێبوردنو تەبایى، بۆ هێرشكردنە سەر ئەو كەسانە بەكاردەهێنرێت كە لەو مانگە بەڕۆژوو نابن، شوبهاندنیان بەخەڵكانى لادەر كە ئەمەش ڕێخۆشكەرە تا خەڵكى بەچاوێكى سووك سەیرى ئەو كەسانە بكەن كە بەڕۆژوو نابن. سەیر لەوەدایە گوتارى دینى ئیسلام پێمان دەڵێت (لا اكراە فى الدین) كەچى لە ئەرزى واقیعدا ئەمە تەواو لە وڵاتى ئێمەدا پێچەوانە بووەتەوە، لەمەشدا هەر تەنها مەلاكان نین كە زۆربەیان بىَ سڵكردنەوە هێرش دەكەنە سەر كەسایەتى خەڵكانى عەلمانى، بەڵكو خەڵكى ئاسایىو ڕەشۆكیش دەست لەو ڕەفتارە دزێوە ناپارێزن. من بۆ خۆم چەندین جار تووشى ئەو لێپرسینەوەو لێپێچینەوە كۆمەڵایەتىو دینییە بوومەتەوە كاتێك لە دەرەوە كەسێك تووشم هاتووەو یەكسەر پێمى وتووە "ئەرىَ بەڕۆژوویت..؟" منیش كە وتومە "نا" یەكسەر كاكى ئیماندارى بەڕۆژوو وایزانیوە غەدرم لێیكردووەو قەرزاریمە، بۆیە لەو لەحزە بەدواوە بەچاوى دوژمن سەیرى كردوومە.. لەم ڕۆژانەدا كە وڵات تووشى وشكەساڵىو بىَ كارەبایىو ناسەقامگیرى بووەتەوە، لە دەرەوە لەگەڵ چەند كەسێك كەوتمە موناقەشە لەسەر رۆژووگرتن. برادەرێك دەیوت ئەوەى بەرۆژوو نەبێت كافرەو خوا لێى خۆش نابێت…منیش وتم كاكە گیان تۆ چۆن ئەو حوكمە دەدەیت؟ ئەدى بۆ باسى بىَ كارەبایىو گرانىو وەزغى نالەبارى ئەو خەڵكە ناكەن؟ ئەى بۆ مەلاكان بەئەركى خۆیان نازانن لە یەك خوتبەى دینى رۆژى هەینى باس لەو ژنكوژییە بكەن كە 17 ساڵە بەرۆكى ئەم مەملەكەتەى گرتووە بەناوى كڕینەوەى شەرەف؟ یان هەر ئازان لە خوتبەكانیاندا هێرشى ناڕەوا بكەنە سەر ئافرەتو هەموو بارودۆخە نالەبارەكانو كارەساتەكان بخەنە ئەستۆى ڕەگەزى مێینە؟! كەچى دواى ئەو قسانە یەكسەر بەڵیشاو هێرشیان كردە سەرمو زۆر بەتوندى وەڵامیان دامەوەو منیان بە كەسێكى لادەر لە دینو بىَ باوەڕ وەسف كرد…..!
  كێشەكە لەوەدایە دین لەم وڵاتەى ئێمە زیاتر عادەتە نەوەكو باوەڕێك بێت، لەبەرئەوە خەڵكى كە دیندارى دەكەن لەبرى ئەوەى بەبىَ دەنگى خەریكى خواپەرستى بن، كەچى دێن بەهۆى نوێژكردنو رۆژووگرتنەوە موداخەلەى ژیانت دەكەنو ئازادییە كەسییەكانت ژێر پىَ دەخەن…؟َ! باشە بۆ لەو مانگە ئیماندارەكان قسە لەسەر گرانبوونى نرخى شتو مەكو قەیرانەكانى بازاڕ ناكەن؟ كە بریتییە لە ڕووتاندنەوەى خەڵكى كەمدەرامەت؟ ئەگەر ئەو مانگە موقەدەسە ئەى كوا ئیمانەكەتان كاتێك بۆنەیەكى ئایینى بكرێتە دەرفەتێك بۆ ڕووتاندنەوەى خەڵك كە ئەمە بەڕاستى مژینى خوێنى خەڵكییە.
 مانگێك رۆژانە زۆربەى مینبەرى مزگەوتەكان بەمەبەستى هێرشكردنە سەر ئینسان بەهەموو جۆرێك تەرخان دەكرێت، ئەویش لەڕێى ئەو وەعزدانە توندوتیژو زبرئاسایەى پیاوە دینییەكانەوەیە كە چۆن چۆنى ڕاستو چەپ بەسەر ژیانى خەڵك دەدەن…ئەو وعزە دینییە نەهاتووە قسە لەسەر لایەنى بیركردنەوەو سایكۆلۆژییەتى مرۆڤەكان بكات، بەڵكو هەمیشە گوتارەكەى پەیوەست بووە بە قووڵكردنەوەى دووفاقى كەسەكانو، شكاندنەوەى تاكەكانو سوكایەتیپێكردنى چەمكەكانى مافى مرۆڤو دیموكراسیەتو ناسیۆنالیستى كە هەمیشە پیاوە دینییەكان ئەم چەمكانەى كە پەیوەستن بە دنیاى سەردەم بە دەسكردى داگیركەرو ئیمپریالیزمیان داناوە…
 كێشەى گەورە لەم وڵاتە لەوەدایە كەس بۆى نییە قسە لەسەر شتە بەموقەدەسكراوەكان بكات كە دین لەسەرووى هەموویانەوە، یان بەمانایەكى تر پیاوە دینییەكانیش وا موقەدەسكراون كە موكین نییە پرسیار لە ڕەفتارى دزیۆى هەندێكیان بكرێت، ئایا لەنێو ئەو پیاوە دینیانە كەسانى كەمن ئەوانەى ئاینیان بۆ مەرامە شەخسییەكانى خۆیان بەكارنەهێنابێت، مزگەوتیان نەكردبێتە لانكەى بەرژەوەندییە ماددىو دەروونییە خراپەكانى خۆیان….؟! ئەو پرسیارانەو دەیان پرسیارى تر كە دەبىَ لەو واقیعە دینییە بكەین كە دەیەوێت لەڕێى شەرعییەتى ئیلاهییەوە بڕیار لەسەر ژیانو مردنمان بدات، وا دەكات كەسانێكى نەخۆش ژیانمان كۆنتڕۆڵ بكەنو درێژە بە عەقڵیەتى خورافى بدەن.
 Swara_mamand@yahoo.com
 
  
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.