Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ڕەوشی ڕیزپەڕ   ژیۆرژیۆ ئەگامبێن

ڕەوشی ڕیزپەڕ ژیۆرژیۆ ئەگامبێن

Closed
by July 30, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

بواری توێژینەوە فەلسەفییەکانی فەیلەسوفی کۆنتنێنتالی ئیتالی ژیۆرژیۆ ئەگامبێن Giorgio Agamben (1942) جگەلە زمانەوانی و جوانکاری بواری سیاسەت و مافیش دەگرێتەوە و لەژێر کاریگەری بیۆپۆلیتیک Biopolitics ی فوکۆ و تیۆری سیاسی کارل شمیت C. Schmitt، هەنا ئەرندێت و بەتایبەت والتەر بنیامین و ئەڵبەتە هەڵوەشانەوەگەری دێریداشدایە. تێزی دکتۆرانامەکەی لەسەر ژنە فەیلەسوفی فەڕەنسی سیمۆن ڤای Simone Weil ، کە هەمووی 34 ساڵ ژیاوە، نووسیوە. “کۆلێژی نێونەتەوەی فەلسەفە” و “زانکۆی پاریس 8 “بەشێکن لەو شوێنانەی ئەم بیرمەندە ئیتالیە بۆ وانە ووتنەوە پڕۆفیسۆری میوانە تیایانا. تیۆری جوانکاری ژیۆرژیۆ ئەگەمبێن پێیێکی لەناو زانستی زمانە و پێیکەیتری لەناو سیاسەتە. ئەوەش کە ئەگامبێن تێکەڵیێ بەهێزی لەتەک کارەکانی بیریارانی هەڵوەشانەوەگەری و پۆست مۆدێرنەی فەڕەنسی هەیە (پێشهەمووشیان مۆریس بلانشۆ ، دێریدا، لیوتار، ژاک- لۆک نانسی) کاریگەریێ زۆری لەسەر تیۆری جوانکاری ئەم هزرەڤانە ئیتالییە بەجێهێشتووە.      

ئەگامبێن لە نێوەندی فەلسەفی ڕۆژئاوادا بە کتێبی هۆمۆساکەر Homo Sacer (مرۆڤی پیرۆز) ەکەی ناسراوە کە لە چەند بەش پێکدێ، لەوانە. هۆمۆساکەر I. هێزی سەروەری و ژیانی ڕووت (1995). هۆمۆساکەر II. پاشماوەکانی ئۆشوێتز ( 1998). هۆمۆساکەر III. ڕەوشی ڕیزپەڕ (2003) (1).

بەپێی بینینی ئەم کتێبە بێت ڕەوشی ڕیزپەڕ  (یان ئەحکامی عورفی) بارێ نوێ لەگەڵ خۆی دا دێنێ و “خۆشی وەک پاڕادایمێکی زاڵ لە سیاسەتی هاوچەرخدا نیشاندەدات” و ، لەڕێگای گوزارەی ڕەوشی ڕیزپەڕیشەوە ئەگامبێن گفتووگۆی واتای سەروەری دەکا کە ئەمەش دەیگەڕێنێتەوە بۆ گفتووگۆی بۆچوونە سیاسیەکانی کارل شمیت لەسەر سەروەری. چونکە شمیت وایبۆدەچوو “ئەوە سەروەرییە لە وڵاتدا ڕەوشی ڕیزپەڕ دەستنیشاندەکات”. بەپێی تیۆری سیاسی شمیت بێت “بۆئەوەی سەروەری سەرپشکبێت پێویستە ڕەوشی ڕیزپەڕ پیادەکرێت”. بەواتاێ بەرینتر، ئامانجی سەرەکی لە بوونی ڕەوشی ڕیزپەڕ ، بەپێی تێگەیشتنی فەلسەفی ئەگامبێن، بۆئەوەیە دەسەڵات بتوانێ بمێنێتەوە. ئەو دەمەش کە ئەو دۆزە پیادەدەکرێت “ئەوەی پێیدەڵێن مافی مرۆڤ فەرامۆشدەکرێت چونکە پاراستنی سەروەری بۆ ئەو هێزە سیاسییەی لەپشت داڕشتنی ئەو ڕەوشەوەیە سەروەری گشت شتێکی ترە”. ئەمەو لەم کتێبەدا ئەگامبێن کار بۆ “جیاکردنەوەی زەبری پووخت لە دەسەڵاتێ بەدەستووریکراودا دەکات”. ئەوی بۆ ئەگامبێن لە تیۆری ڕەوشی ڕیزپەڕی شمیت شایانی هەرسکردن نییە ئەوەیە کە شمیت ڕەوشی ڕیزپەڕ لە کۆنتێکستی یاسایدا جێدەکاتەوە. “ڕەوشی ڕیزپەڕ بۆ شمیت شتێکە لە دەرەوەی ئاژاوە و کاوس (بێنیزامی) و لە کۆنتێکستی یاسای و نیزامگەرایدا دەیبینێتەوە”. ئەمەش لەبەرئەوەی “تێگەیشتنی شمیت بۆ ڕەوشی ڕیزپەڕ هەوڵێکە بۆ جیاکردنەوەی نۆرم لە بڕیار”.

هەرچی والتەر بنیامینە، کە ئەگامبێنیش گفتووگۆی دیتنەکانی لەمڕوەوە دەکات، لەو باوەڕەدایە “ڕەوشی ڕیزپەڕ ڕەوشێکی بێ یاسایە”. ئەم ڕەوشە بنیامین ووتەنی “بۆ خستنەگەڕی زەبرێ پووختی شۆڕشگێڕانە بەکاردەبرێت. ئەمەش ڕەوشێ تازە لەگەڵ خۆی دێنێ کە بێیاسای دەخاتەوە”. 

ڕەوشی ڕیزپەڕ لە زەینی سیاسی ئەم کتێبە ئەوەش دەگەێنێ کە “ئەوی لە دەرەوە و ناوەوەی یاسایە تەنیا دەسەڵاتە و ڕەوشی ڕیزپەڕ دەکارێ باری یاساڕێژی بگۆڕێ و پێشێلیش دروستکات. هاوکات ڕەوشی ڕیزپەڕ نە لە ناوەوە و نەش لە دەرەوەی سێستەمی مافە”. هاوکات ئەگامبێن لەڕێگای ئەم نووسینەوە باس لەوەشدەکات چۆن “دەسەڵات لەکاتی قەیرانا یاسا و هێزی خۆی بەکاردەبات و لەمبارودۆخەشدا زۆر ئاساییە مافی هاوڵاتێتی و تاکی ژێرپێخرێن. ئەمەش لەبەرئەوەی ڕەوشی ڕیزپەڕ ئەو ڕەوشەیە زۆنی بێیاسای لەناو یاسادا کاریخۆیدەکات”. بۆنموونە بەندیەکانی گوانتەنامۆ Guantánamo ، ئۆردوگاکانی زۆرەملێ، ئۆردوگاکانی پەناهەندەکان یان دۆزی پەناهەندەبێکاعەزەکان (ئەوانەی مەجبووردەکرێن بنێردرێنەوە وڵاتانی خۆیان).  

ئەگامبێن ئەوەشمان پێڕادەگەێنێ “ناواخنی بیۆسیاسی ڕەوشی ڕیزپەڕ ئەو کاتە دەردەکەوێت کە ماف لەگەڵ شتی ژیانی لەپێکدادان دا دەبێت”. ئەمەش ڕەوشێ دێنێتەپێشەوە ستاتۆسی یاسای ئیندڤید هەڵدەوەشێنێتەوە و بارێ یاسای تر بەرهەمدێنێ ناچۆنایەتیبارە. واتە، “ڕەوشی ڕیزپەڕ مافێ تایبەت نییە وەک یاساکانی جەنگ بەڵکو بارێک دێتەپێش مافەکان بەرتەسک و یان سنوورداردەکات”.  

ئەگامبێن بۆئەوەی وێنەێ پانۆڕامایمان لەسەر ڕەوشی ڕیزپەڕ بەرچاوخات لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانییەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە سەردەمی ناپلیۆن لە فەڕەنسا و دواتر دێتەسەر دەمووەختی جەنگی جیهانی دوو و نموونەکەشی هەردوو ڕژێمی هیتلەر و مۆسۆلینییە کە فۆڕمێ یاساییان بە ڕەوشی ڕیزپەڕ داوە. ئەگامبێن پێشیوایە “کۆماری وایمار بەدرێژای 12 ساڵ لەڕووی یاساییەوە ڕەوشی ڕیزپەڕی پیادەکردوە”. ئەوی تایبەت بەم لایەنە زێدە گرینگە سەرنجی بخرێتەسەر ئەوەیە “ئەگامبێن جیاوازی لەنێوان  ڕەوشی ڕیزپەڕ و دیکتاتۆر دا دەکات”. ئەڵبەتە پاشتر دێتە سەر بارودۆخی دوای ڕووداوەکانی 11 ی 9 لە ئەمەریکا و وڵاتانی هاوچەرخی ڕۆژئاوایی و ئەوە ڕاڤەدەکات چۆن مافەکانی تاک لەژێرسایەی ئەو ڕەوشی ڕیزپەڕەی ئەو ڕووداوانە لەو وڵاتانەدا دەیسەپێنن، فەرامۆشدەکرێت. بەپێی بینینی فەلسەفی ئەگامبێن بۆئەوەی بکرێ ڕوونکردنەوە لەسەر ڕەوشی ڕیزپەڕ بدرێت “مەرجە واتای وەک پێویست شیکرێتەوە”. چونکە تیۆری لەمەڕ پێویست لەخۆیا تیۆریە لەسەر ڕیزپەڕ. بۆیە “پرینسیپی پێویست خودی و شوڕشگێڕانەیە”. هەربۆیە بەپێی ئەم کتێبەبێت “یاسا و پێویستی لەپێکداداندان لەتەک یەکدا” ئەوەش ئەو ڕەوشە دێنێتەکایەوە کە ئەگامبێن بە ڕەوشی ڕیزپەڕ ناویدەنێت. ئەم لایەنەش ئەگامبێن لە مێژووی کۆن و نوێی ڕۆژئاوا بەدوایدەگەڕێ تادەگاتە ڕووداوەکانی 11 ی 9 لە ئەمەریکا. بۆئەوەی ئەم بیرمەندە ئیتالییە شتەکان ووردتر نیشاندات بۆئەو مەبەستە گەشتێ بەناو ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی کۆندا دەکات و ئەو حاڵەتە ڕیزپەڕە نیشاندەدات کە یاسا لەگەڵ پێویستیدا بەخۆیەوە دیویەتی. مەبەستی ئەگامبێن لەمە ئەوەیە کە ڕەوشێ دێتەپێشەوە شیاوی بۆ ڕیزپەڕی یاسا مسۆگەردەکات. ئەگامبێن تێبینیئەوەشیکردوە سیاسییەکان لە سەردەمی نوێدا یاسا هەڵدەوەشێننەوە گەر پێویستی بۆ ئەو مەبەستە لەئارادابێت. ئەگامبێن پێیوایە ئەمە بووە بە مێتۆدێ سەرەکی بۆ دەسەڵاتی سیاسی و بەکاریشیدەبات تابەردەوامبێت لە بەڕێوەبردن.  

گرنگترین خاڵێکیش لەم نووسینەی ئەگامبێن خوێنەر پێویستە تێبینیبکات ئەوەیە کە بەبۆچوونی ناوبراو جیاوازی لەنێوان سێستەمی دیکتاتۆری و دیموکراسی نامێنێ کە سێستەمە سیاسییە دیموکراسیەکان بەیانی ڕەوشی ڕیزپەڕدەکەن. ئەڵبەتە پێداگری لەسەرئەوەش دەکات شێوازی بردنەڕێوە لە وڵاتانی هاوچەرخدا ووردەووردە خۆی لە ئیدارەسازی نزدیکدەکاتەوە تا ماف و یاسا. ئەگامبێن باسلەوەشدەکات ئەو کاتەی سێستەمە سیاسیە دیموکراسیەکان ئیعلانی “ڕەوشی ڕیزپەڕ (یان ئەحکامی عورفی) دەکەن جیاوازیێ ئەوتۆ لەنێوان سێستەمی سیاسی دیموکراسی و دیکتاتۆری دا نامێنێتەوە.

 

ئازاد حەمە، مامۆستای فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

——————————–

پەراوێز:

(1). ناوی کتێبەکەی ئەگامبێن لە زمانی ئۆرژینال ، کە ئیتاڵییە، و لە زمانەکانی تر بەمشێوەیەی لایخوارەوە هاتووە: بە ئیتاڵی Stato di eccezione، بە ئەڵمانی  Ausnahmezustand، بە ڕووسی Чрезвычайное положение، بە سویدی Undantagstillståndet، بە فەڕەنسی État d’exception ، بە ئینگلیزی State of Exception.

Giorgio Agamben. Undantagstillståndet. Översättning och inledning: Sven-Olov Wallenstein. Stockholm: Site Editions، 2005.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.