Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
ژارگۆن 16 … عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

ژارگۆن 16 … عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

Closed

 

 

 

هەر رێبوارێ، بە رێگایەکدا بەرەو حەقیقەت هەنگاو دەنێ.

ئیبن عەرەبى

 

 

بێگومان ئەمبیرتۆ ئیکۆ قسە لە خوێنەرانێک دەکا، کە بتوانن بە هەمان ئەزموونى نووسەردا تێبپەڕن، مەبەستى ئەو لەو دیاریکردنە زێتر خوێنەرى دەستەبژێرە، نەک خوێنەرێکى راستەوخۆ و بێ ستراتیژ، دەمەوێ بڵێم ئیکۆ هەمیشە وەک چارەسەرکردنێکى سیمیۆلۆژیانە جەخت لە دەقگەرایى دەکاتەوە، هەر بەو مانایەش راڤەکردن وەک ئامرازى بەرهەمهێنانەوە تەماشا دەکات، کەواتە ئەو خوێنەرە نموونەییەى کە ئیکۆ بەر لە نووسین بیرى لێدەکاتەوە، ستراتیژیى دیاریکراوى خۆى هەیە، هەر بەو ستراتیژە دیاریکراوەشەوە رووبەڕووى وسبەلێکراوەکان و تەمومژییەکانى دەق دەبێتەوە و بەشدارییەکانى خۆى بە ئەنجام دەگەیەنێت. بەڵام وەک چۆن نووسەر دەیەوێ لە رێگاى هەڵبژاردنى ئاستى زمان و شێوازى تایبەتى نووسینى دەقەوە خوێنەرى خۆى دیارى بکات، بە هەمان شێوە خوێنەریش لە رێگاى ئاستى رۆشنبیریى و چێژ و مەعریفەى خۆیەوە هەوڵى هەڵبژاردن و دیاریکردنى دەقى خوێندنەوە دەدات، بەمجۆرە لاى ئیکۆ هەر یەک لە خوێنەر و نووسەر چاودێرى یەکتر دەکەن؟! لێرەوە خوێندنەوە لە دیدى ئیکۆ دەچێتە دووتوێى چالاککردنى دەق، چونکە لاى ئەو دەق ئامرازێکى سستە، ئەو ئامرازە سستەش خوێنەرى نموونەیى دەوێ، تاکو چالاکى بۆ بگەڕێنێتەوە و بە ئاکامى بگەیەنێ و تەئویلى بکاتەوە، بە مانایەکى دیکە وەک چۆن نووسەر دەق بونیادى دەنێ و دروستى دەکات، بە هەمان رێگا خوێنەریش دەتوانێ بەشدارى لە بونیادنان و دیایکردنیدا بکات.

بەڵام “رۆڵان بارت Roland Barthes ” وەک سیمیۆلۆژێک، خوێندنەوە بە کردەیەکى زمانەوانى دادەنێ، کە لە دۆزینەوەى مانا و زمانى دووەمدا خۆى دەبینێتەوە، ئەگەرچى لە دۆزینەوەى مانادا تەواو نابێ، بەڵکو دۆزینەوەى مانا ناوەکەیەتى و بەردەوام لەو ناونانەوە بەرەو ناونانێکى دیکە هەنگاو دەنێ، لە ساتەوەختى هەر هەنگاونانێکیشدا ون دەبێ و لە ناونانێکى دیکەدا دەردەکەوێتەوە.

 رۆڵان بارت بایەخێکى زۆر بە ئیستێتیکاى خوێندنەوە دەدات، زۆر بە دیار ئەو سیحرەوە دەوەستێ، کە خوێنەر دەخرۆشێنێ، سیحرێک کە ئیشتیهاى خوێندنەوە دەکاتەوە، سیحرێک کە سەرنجى خوێنەر بۆ دەق رادەکێشێ. ئەو پێیوایە خوێندنەوە جۆرێکە لە (دووبارە نووسینەوەى دەق) و دووبارە بەرهەمهێنانەوەى دەق، بەڵام ئەو دەقەى کە تواناى دروستکردنى ئەو موچڕکە ئیستێتیکییەى هەیە، دەقێکە خوێنەر دەخاتە گومان و هاوسەنگى رۆشنبیریى و دەروونى و زمانەوانى لەق دەکات، دەقێکە لە رێگاى سیستمە دەلالییە تایبەتییەکانى و بە هۆى تەکنیکەکانییەوە خوێنەر وەک نێچیرى خۆى دەپێکێ، دەقێکە خوێنەر هەڵدەوەشێنێتەوە! بە دیوەکەى دیکەش هەرگیز منى خوێنەرى (بارت)ى لە بەرانبەر دەقدا وەک خودێکى بێگانە و (بێ بەرى) هەڵسوکەوت ناکات، بەڵکو خودێکە لە کۆمەڵێ دەقى جۆراجۆر پێکهاتووە، لە سەر کۆمەلێ کۆدى بى کۆتایى سەوز بووە، هەر بەپێى ئەو بنەمایەش دەق دەپشکنێ و کردەى هەڵوەشانەوە و بونیادنانەوەى دەق لە ئەستۆ دەگرێ. 

ئەگەر دەق فەزایەک بێ بۆ ئاوێتەبوون، تانۆپۆى نێوان دوو ستراتیژ و (دوو زمان، دوو دەق)، ستراتیژى دانەر و ستراتیژى خوێنەر بکێشێ.. ئەوە دەشێ ستراتیژى نووسەر خۆى لە جولەى تەمومژاوى و بۆشاییەکان و سپێتى و دابڕانەکان و مانا و ئاستەکانى هەڵگرێتەوە، بە دیوەکەى دیکە ستراتیژى خوێنەر لە تەئویلکردن و کردنەوەى کۆدەکان و پڕکردنەوەى بۆشاییەکان و بەرهەمهێنانەوەى مانا و (گەیشتن) دەربکەوێت! کەواتە خوێندنەوە پرۆژەیە، نە بەرخۆرى مانایە و نە بە دواى نیازى دانەرەوەیە، بەڵکو هەر یەکێک بە رێگاى تایبەتى خۆى بەرەو حەقیقەت دەبێتەوە! 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.