Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ژارگۆن 22  …عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

ژارگۆن 22 …عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

Closed

 

 

 

 

کامۆ لە (مرۆڤى یاخى)دا دەڵێت: مرۆڤ بۆ ئەوەى هەبێ دەبێ یاخى بێ، بەڵام لەو یاخى بوونە دەبێ رێز لەو سنورانە بگرێ، کە لە خۆیدا دەیاندۆزێتەوە، ئەو سنورانەى کە تیایدا مرۆڤەکان بەیەک دەگەن و بەم بە یەکگەیشتنەش بونیان دێتە ئاراوە. ل49.

 

لە بەرگى یەکەمى کتێبى خولاصەیەکى تاریخى کورد و کوردستان (محەمەد ئەمین زەگى بەگ) دەڵێ، کە دینى ئیسلام باڵى بە سەر زۆربەى ناوچە کوردنشینەکاندا کێشا، خەڵکانى ئەو ناوچانەى کە هێشتا کاریگەرى میترائیزم لە سەریان بووە و بە پێى بنەماکانى ئایینى میترایى خۆیان بە (مێرخاس) و (راستگۆ) و (لەخۆبردوو) و (راگرى پەیمان و بەڵین) و (یاسایى) زانیوە، بۆ ئەوەى بوونى خۆیان بسەلمێنن و رێز لەو سنورانە بگرن، کە خۆیانى تێدا دەدۆزنەوە، هەوڵیانداوە جۆرە پێکهێنانێک لە نێوان (دینى کۆنیان) و دینى تازە (کە ئایینى ئیسلامە) دروست بکەن، هەتاکو لەوەوە بتوانن لە رێگاى فۆرمێکى نوێدا، دینى کۆنیان درێژە پێبدەن! ئەو شێوە بیرکردنەوەشیان بە (حەق) و تایبەتمەندى خۆیان زانیوە، هەر لە چوارچێوەى ئەو شێوە لە بیرکردنەوەشدا هاتوون کەسێتیەکى مێرخاس و لەخۆبردوو و راستگۆ و پەیمان نەشکێنێکى وەک (حەزرەتى عەلى کوڕى ئەبى تاڵیب)یان لە ئایینى ئیسلام وەرگرتوە و کردوویانە بە جێنشینى (میترا)، وەک گوتم شوێنکەوتوانى ئەو دینە، لە دینى (میترائیزم و زەردەشتى) و (مانى و ئێزیدى) دروست بووە! ئەو فۆرمە نوێیە لە بیرکردنەوەى کوردان راستە خۆر بە پیرۆز دەزانن و کڕنووشى بۆ دەبەن، بەڵام ئەوان ناڵێن (خۆر) خودى خوایە، بەڵکو دەڵێن خوایەک هەیە لە ناو خۆردایە، وەک دەزانین کۆى ئەو فۆرمە تایبەتەى بیرکردنەوەى کوردان لە ئایینى (یارسان 901-1600ز)دا خۆى دەدۆزێتەوە، پەیڕەوانى یارسانى، پێیانوایە رۆحى حەزرەتى عەلى چووەتە ناو خۆرەوە و (خۆر)یش هەتاکو فەرمان لەو زاتە وەرنەگرێت هیچ جولەیەک ناکات. بۆیە بە (عەلى ئیلاهى)یش ناویان دەبەن. لە کۆى ئەو قسانەوە دەمەوێ بڵێم کورد وەک کۆنترین میللەتى ئەو هەرێمە لە سەرەتاوە پەیڕەوى ئایینى (میتراییى و زەردەشتى و مانى و ئێزدى) و دواتر (یارسانى/ ئیسلامى) (ئێزدى/ ئیسلامى)یان کردووە. 

وەک گوتمان بنەماى (ئایینى یارسان) کە مێژوونوسان بە ئایینى کوردان ناوى دەبەن، بۆ دینى میترائیزم و زەردەشتى و مانى و ئێزیدى دەگەڕێتەوە و پشت بە فەلسەفەى (دۆنادۆن) دەبەستێت، وەک چۆن بنەما سەرەکییەکانى (ئەدەبى یارسان) کە بە شێوە زمانى هەورامى-گۆران نوسراوە، پەیوەندییەکى پتەوى بە کێشى خۆماڵى و لەوێشەوە (شیعرى زەردەشتى)یەوە هەیە! بێگومان بە دواداچوونى من بۆ ئەو پرسە، پڕشنگ خستنە سەر (پێشینە و پێشینان) نییە، بەڵکو بەرجەستەکردنى (بیروباوەڕ و عەقڵ و مەعریفە)یە، لە سەر ئەو بنەمایە دەشێ بپرسین: ئەگەر ئەو پەیوەندییە تووند و تۆڵە لە نێوان (کێشى خۆماڵى) و (ئەدەبى ئایینى کوردى) هەبێت، یان ئەگەر بتوانین قسە لە ئایین وەک ئەدەبێکى نووسراوى کوردى بکەین و لە ئایینەوە (حەقیقەتى ئەدەبى و چێژى هونەرى و دنیابینى) هەڵگرینەوە، ئایا ئەوەى پێى دەڵێن ئایینى کوردى، یان ئەدەبى نووسراوى کوردى، توانیویەتى تەعبیر لە ناخى مرۆڤى کوردى بکات و رێز لەو سنورانە بگرێ، کە لە خۆیدا دەیاندۆزێتەوە، رێز لەو سنورانە بگرێ کە کوردان تیایدا بەیەک دەگەن، ئایینى کوردى، یان ئەدەبى نووسراوى کوردى توانیویەتى بەم بە یەکگەیشتنە (بوونى کوردى) بسەلمێنێ؟!

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.