Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ژمێرەی ترپەکانی وەرین … جەبار عەزیز

ژمێرەی ترپەکانی وەرین … جەبار عەزیز

Closed
by May 17, 2013 ئەدەب

 

 

هووتافی توڕەی ئەم بەیانیانە لە نزیک ماڵە شێدارەکانی ریشەوە

سەردەکا بە باخچەنیگەرانەکانی هەرزەییمدا

رستە پڕ و وشە بەجێماوەکانی تووڕەیی لە سەر لێوی کازیوە دەگەوزن

بینینم تەنگ دەبێتەوە

چاویلکەی بیستن دەخەمە سەر مێزیی کتێبێکی ڕەش داگەڕاو

بە نازنازو لاولاو دەمەشێرەکان دەڵێم

بەسە ئیرەی بردن بە تیشکە پڕلەمەراقەکانی خۆر

خۆ شەونمی سەر روحی ئێوە نەبێ

کازیوە کوا دەگاتە ئەو دیوو پەردەی پەنجەرەکان

حیکمەتی هەنگێکی دڵتەڕ نەبێ

کوا هەناسە پڕ لەچێژەکانی هەڵاڵە جوتدەبن

لەو گفتە پڕ لە شەرابانەی ئێرە

پێکی گواستنەوەی ئاوایەکانی منداڵیم دەبێتە قەرەجێکی رەدووکەوتوو

لەبن رەشمالە تەنهاکان

دوور لە هووتافە سەرسەوزەکانی وێ

دوور لە بانیژەکانی پێکەنین

دوور لە مەرقەدەکراس سەوزەکانی گەڕەک

دوور لە کوچەکانی نیگا کردن

دەڕۆین

پەڕەیەکی کتێبی پێگەیشتنی کەنیشکە تەنهاکان هەڵنادەینەوە

ئەلبومەکان دەرگای بیرەوەری دادەخەن

تیشکێک دزەناکاتەوە سەر روومەتی وێنەکان

ماڵئاوا

ئەی گەڕەکە سەر سەوزەکانی تێپەڕین

ماڵئاوا

***

ئێمە دەڕۆین ماڵمان لەکوچەی باران باردەکا

پەنجەرەکان پاساریەکان دەردەکەن

ئاوێنەکان سێبەر لە هەتاودەکەن

دەڕۆین و ماڵمان لە باخچە باردەکا

ئاوڕنادەینەوە

لەڕنینی ئاڵوباڵو و قۆخەکان

هەنجیرێکی گەیو نادۆزینەوە بەشی کەین

دارگوێزەکان ناخەینەوە بەر تروسکایی تەکان

سوعبەتێکی تر لەگەڵ ژەنگە سوورە تووڕەکانی ئاوایی ناکەینەوە

دەڕۆین و مەقسەدەکانی عەشق ناخەینەوە سەر ڕێگای کانی

ماڵمان لەوێ باردەکا

رێگاکان دەخەینەوە باوەشی تۆزێکی نەسرەوتو

سڵاوەکان لەپشتی پیکابێکی ماندوودا جێ دێڵین

دەستمان دەخەینە تەوقەیەکی بریندارەوە

یادەوەریمان دەخەینە ئەرشیفی کارێزە دۆڕاوەکانی مەراق

چاومان دەخەینە سەر ئاگردانێکی هیلاک

دەڕۆین بێ ئاوڕدانەوە

لە چوالە سەرسپیکانی وەرز

بێ ئەوەی گوارەتەنکەکانی سێبەر بخەینە بزە

دەڕۆین میراتی خۆشەویستی بەشدەکەین

تۆ هەموو بیرەوەریەکان دەبەخشی بەمن چەند دڵفراوانیی

منیش دڵم دەدەم بەتۆ

من هەموو مەراقەکانت لێ وەردەگرم و

تۆش لەگەڵ خۆت هەموو خەنینەکان دەبەی

روحم دەبەیت و دڵت بەجێناهێڵی

چاوم دەبەیتوو رۆشنایەک ناخەیتەوە سەر کتێبە چاوەڕێکانی خوێندنەوە

نامەکانی کچێنی هەڵناگری

چاوی پڕلە پرسیاری کەناریەکان ئیستێکت پێ ناکا

ماڵمان لێرە باردەکا

و دەچینەوە بۆ کۆڵانە پڕ لە ترسەکانی سندان

عەشق دەبێتە مەزرای برینەکانی مێژوو

لێڵایی کچ و کوڕە سوێند خۆرەکان

دارەبەن ناخەنەوە لەرینەوە

فیدیەی قەیرەیی ئەم وەرزە ناکامانە

ناچێتەوە سەر سفرەی هووتاف

ئێمە دەڕۆین

تاوێکی تر ڕێگاکان پڕدەبن لە پرسیار

گۆزەکان خۆیان کۆدەکەنەوە

جامولکەی بینین لەسەر تەرازوی لێو هەڵناگرین

ئەوکاتەی حیلەی ئەسپ رووبار ئاوسدەکا

ئەوکاتەی تەرزەیەکی نیگەران دێ وباخەوانەکان پڕدەکا لەتکا

ئێمە دەڕۆین

لەم مەملەکەتی نیاگارە

ئاوڕ لەزەبوونی قەفەسەکان نادەینەوە

ماڵمان لێرە باردەکا و دەچینەوە

کۆڵانە سوورەکانی سەرچۆپی

***

لەم داڵانە تەنگانەی یەقین

ئافاتی ووڕک گرتنی منداڵێک بەسە

بۆ تێهەڵچوون لە شەڕی قومریەکان

مەزادخانە پڕ بریقەکانی هەوەس

بەسن بۆ گەیشتن بە نهێنیە پەنهانەکان

گەڵای عەشق لێرە هەمیشە وەریووە

تێفکرین لەبازنەکانی مەنتق (نیگار) ناخاتەوە باوەشی مناڵی

(ساکار) ناباتەوە بۆ پۆلەکانی فڕین

مرازەکانی قەفەس (ئاوا)نابن

ماڵمان لێرە باردەکا و

قەڵەمەکان دەخەینەوە باوەشی دار چنارێکی مەست

کاتژمێرەکان دەخەینەوە بەردەم ئاوێنەی وەستان

تەمبورەکان

لەشەقامە دڵتەنگەکاندا جێدێڵین

باخچە گریاوەکان خەندەیەکیان نیە ببێتە نۆتە

من دێم و دەبمە گەڕیدەیەکی مەست

دەبم بە (حەسەن یوسفی زەمان)

نوسینەوەی نۆتەکانی ئەم برینە

خۆم نەبێ

کەسێ سەر دەرناکا لە فڕینیان

دەچمە سەر سەکۆکانی ژەنین

وەک مایسترۆیەکی دڵتەنگ ئیقاعەکان دەجوڵێنم

ژێدارێک نیە بەهانای ئەم هەموو حوزنەوەبێ

وای لە ترپەی لێدانەکانی کەوتن

چەندە ئاوازێکی حەزینە

خەنینێک نەهاتە کۆنسێرەتەکانی مردنی من

وای لەدڵم چەند تەنیایە

وجودێک تەواف ناکات بەدەوریدا

مریەمێک گێلاس ناخاتە سەربرینی

دەڕۆین بێ تێڕامان

لەڕانانی چیرۆکی تەزبیحە درێژەکانی قەزوان

لێرەدەڕۆین بێ ئاوڕدانە لە کەوتنی نێوکی چێشتەنگاو

پرێسکەیەک خوێ نابەستین لەترازانی کات

ئیتر تەواو

کاتمان دۆڕاند  لە نەزەری تەنافە درێژەکانی سەربان

گلێنەمان نەخستەوە سەر موقرای بینین

یادەوەریمان نەگەڕایەوە بۆ باخچە

گلەی ئەم هەموو تەماشایەما نەبینی لە حوزنی گەڵا

ستیانێ فرمێسکی نەسڕین ئەوکاتەی تینی سەفەر گریاندینی

عەتارێ عەتری نەهێنا بۆ کڕوزانەوە بێ مەئواکانی وەرین

کاتمان دۆڕاند

بەدیار کشانی ئەستێرەوە چاومان وەریی

ئەو شەوانە هێند تەنیا بووین

هەورێک لە باران نەگەڕایەوە بۆ چرپە

نێزەکێک مردنی پێ رەوانەبینین ئەوکاتەی قەهری سەفەر دەی کوشتین

ئیتر تەواو کاتژمێرەکان بوخچەی میل و زەنگیان پێچایەوە

ئیتر تەواو لەبیریکردین خودا

ماڵمان لە کوچەی باران باردەکا

دەچینەوە دەبینە سەربازێکی ماڵ نشین

بەدیار پیربوونی بۆڵێ ترێوە دانانیشین

شراب ناخەینە سەر مێزی مەستی

لێرە داگیرسان پێویستی بە ئۆزۆ نیە

مەیلی سەفەر هاتۆتە دیواخانەکانمانەوە

هەترەشی منداڵە نەباڵقەکان لە گەڕان دەبا

ئیتر تەواو لەبیریکرین خودا

ئەوکاتەی گلێنە پڕگلەیەکانی ماڵئاوایی لێک دەئاڵان

یادەوەری باڵ لێکدانی ماچێکی گەردن

تەپۆتۆزی ڕۆیشتنی مەند دەکردەوە وەک بەستەڵەکی شەوێکی ساماڵ

دوای دۆڕان لەم مەڕاسۆنە درێژانەی سەفەر

پاژنەیک نەبوو حوورمەتی هەستان بخاتە مەیلمانەوە

ئایەتێک نایاتەوە خوار کەلێنی ئەم سوڕەتانە تەواوکات

وەرزێکی برۆنزیی بێدارنابێتەوە لەم مێرگە

کانیەک چەپڵە لێنادا بۆ جووتبوونی نەوەڕەسەکان

رووبارتاقەتی هەستانی نیە بۆ پاک کردنەوەی کەنار

جڤینی ئێمە عەشق ناگێڕێتەوە بۆ سێبەرەکانی ژوان

پێگەیشتنی زمان ئەم چیرۆکە نانوسێتەوە

ئیتر تەواو تەوافی ئەم سەحرایە چڵێ زەیتون سەوز ناکا

کات تێپەڕی و پەرەسێلکەیەک ماڵی سواخ نەدا بۆ ئاگر

بایەک فووی لەگڕی داگیرسانی نزار نەکرد

میتاڵی ئەم (گوشە) نغرۆی کردین لە پرسە

شەرابێک مەخسەدی خۆی نەکردە پێکی گێرانەوە

کات تێپەری و خەونێکمان نەدی بۆبینین

کۆتای هات

فوتێک پێوانەی رێگا درێژەکانی باران ناکا

عەشقی گەورە لەم گەڕەکە پڕ هەوەسانەی نیگا نایەتەوە حزووری چرا

****

ماڵمان لێرە باردەکاو

کەسێ نیە ئینجانەی گوڵە تەنهاکان ئاودا

کەسێ نیە چاوەروانی هاتنی بەیانی و

بارینی ئاونگی ماچە حەرامەکانی شەوبکا

چاومان لە ڕوانینا تکا

هێندە لە خەواڵوی نیوەڕۆیانی نازناز وردبووینەوە

سەبرمان نە بوو کازیوە بێتەوە

تا مەرکانەی گوناح ئاڵبێت

تا سێبەر لە هاژەی تیشک پڕبێ

تاڤگە لە خەنینەوەی پژان

من دەڕۆم و تۆ دەگەڕێیتەوە

من دەنیشم و تۆ فڕین دەست پیدەکەیتەوە

من دەوەستم و تۆش شکان دەنوسیتەوە

من دەنوسم و تۆش فڕین ڕەش دەکەیتەوە

ئەی چۆڕاوکە تەزیوەکانی رنین

خۆر ناپەرژێتە سەر بینایی ئەم تاریکە رێیە

مەزارەکانی مراد لیرە پڕن لە فرمێسکی نادیدە

ئەی تەنیاتر لەخۆم بەدیار میلە پڕ لەوەنەوزەکانی دۆڕانەوە

کڕوزانەوەی جوچکێک لە تەنهایدا

بەسە بۆ تێگەیشتن لە حیکمەتی مەراق

مەراقێک بەسە بۆتێگەیشتن لە دیوارە بێ دەربەستەکانی عیشوە

نیگایەک بەسە بۆ تێگەیشتن لە مەستی ئاگردانەکانی باوەش

بۆ تێفکرین لە دێڕە سەوزەکانی باران

پایزێکمان بەسە بۆ گەردن ئازادی خاڵۆزاگیان

لە گوشینی روحی رەز بۆناو دڵی رووبار

چاویلکەیەکمان بەسە بۆ خوێندنەوەی مەزراکانی مراز

ئەی سەر سەوزتر لە وەرزە ئامادەکانی وەرین

لەبیری کە  سەحرا نشینی کاتژمێری لم

لە بیریکە ئەم خۆویستی خۆشەویستیە

لەبیری کە

دوورگەی ماڵەکانی ئێمە خودایەکی میهرەبان شک نابا

لەبیری کە

****

لەم جانگانە چەند تەنها بوین رشێنەیەک نەڕژایە هەوەسمانەوە

چاوێک نەریتی نەزەری نەشکاندە خەیاڵمانەوە

گۆزەیەک فرمانی نەکرد بە خووناو لێومان تەڕکا

کلچێوکێ خۆی بانەدا لە مەزرا رەشەکانی مەراقی من

ئەوکاتەی مردن بە ژمارەیەکی علوج تەلەفۆنی کرد

چۆنی هاوڕێم؟

بەرەکەتی چرا هیلاکی نەکردوویی؟

بەهەڵە حاڵی مەبە گیانی من ببورە کە بێزارم کردبی

مردن هێند بە ئەدەب دەدوا

وەک تازە لە عمرەی تۆبەیەکی تر گەڕابێتەوە

مردن وەک فاڵچیەکی شارەزا تۆنەکانی دەنگی دەخوێندمەوە

لای خۆیەوە کۆدی دادەنا

لەسەر لاپەڕەی فەیسبووکەکەم کۆمێنتی دەنوسی

کاتەکانی تێڕامانی دەخوێندمەوە

بروسکەی دەنارد بۆ رۆژنامەکان

هەڵەکانی بۆ راست دەکردمەوە

لایکی وێنەکانی دەکردم

هەندێک جار چاتی لەگەڵ دەکردم و دەی فەموو

گەردەتەوێ لێڵای کەنار سڕکەی

لغاوی ئەسپێک بگرە بۆ ئاگر

گەر دەتەوێ نامەیک بنوسی وشەکانی لەتیشکبن

گۆزەیەک پڕکە لە نستەقی شوێن پێ بەجێماومەکانی تەرزە

پەنجەرەکان پڕکە لەباران

کاتژمێرەکان بخەوە سەر میلی سێبەر

گەر دەتەوێ مەزراکانی تۆ پڕبن لە پرسیار

گەر دەتەوێ هێشوە ئاڵەکانی گوناح بخەیتە کاسەوە

چاوەکانت بخە سەر گۆشەکانی فڕین

مردن وەک عاشقێکی خانەدان پێی وتم

بوخچەکانت کۆکەرەوە ئەی دۆستی خۆم

زەمبیلی حەقیقەت لێرە پڕنابێ لە شلک

****

کاتمان دۆڕاند دوای نزاکانی کچێکی هەرزەکار کەوتین

ئیتر تەواو

کاتژمێرەکان پووز و قوڕمیش و زنجیریان پێچایەوە

داڵانەکانی ئێمە هێندە مەستن حیکایەتێک شک نابەن بۆ گێڕانەوە

شەوپەڕی ئێمە نە گەیشتە باخچەیەک و لە وەتاغی خوان تەزیودا وەری

من ناچمەوە بۆ ئەوێ چیتر لەم هەڵخستنی کەرامەتە نەزەر ناکەم

ناچمەوە بەردەم پەرژینە پەمەیەکانی سرووە

ناچمەوە بۆ باخچەیی گۆرانیە تۆراوەکان

دەستەکانی تەختە ڕەشێکی بێفیز دەسماڵ لە پشتی تەباشیر ناکاتەوە

ئیتر نەزەری من نایەتەوە بەردەم شۆڕەیی درەختێکی پڕ لە نزا

سەرچەفی گوڵ گوڵی و نەخشینی دایکم

شکۆیان لەم تراویلکە بەد مەستانەی من شۆڕە ترە

لێرە لەم حیکایەتە شەرمنانەی خۆم ڕادەمێنم

ئەی دۆستی خۆم تێفکرینم لە شەقامە تاریکەکانی سەفەر

نوور ناخاتەوە برینە پڕ لە گمەکانی کۆتر

دڵی شکاوی تاقەکان مۆمێک پڕشنگی نیگاری ناداتەوە

لێم گەرێ تۆ ئەی دۆستی خۆم

با تاریکی نەتۆرێ من لە تاریکیدا باشتر دەبینم

دەفتەری سپی گوناحەکان رونتر دەخوێنمەوە

ئەوکاتانە دەبم بە دەروون ناسێکی گەورە

باخچەکانی فرۆید دەکەمەوە بیابان

تۆ لێم گەڕێ ئەی دۆستی خۆم

حوکمکردن لە تاریکیدا پێویستی بە چاویلکە نیە

من دەبم بە ئەیوبی ئومێد لەم تەنگەبەرانەی دەیجور

تۆ لێ گەڕێ ئەی دۆستی خۆم با ئەم خەڵوەتی تەنهایەم بێ جریوە بێ

من لە تەنهایدا جوورئەتی گوێ گرتنم زۆرترە

لە تەنهایدا باشتر ریشی مەندیل دەخوێنمەوە

باشتر تەفسیری مەبەستەکانی گریان تێ دەگەم

وردتر بزە دەخەمە رستەوە

لەتەنهایدا پێویستیم بە ژمێرەی ترپەکانی وەرین نیە

لە تەنهایدا  سوڕەکانی میلی کاتژمێر هیچ لەکات ناگۆڕن

 

 

جەبار عەزیز-حاجیاوا

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.