Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ژنێك دەكەم بە دایكی خۆم ….. محەمەد كوردۆ

ژنێك دەكەم بە دایكی خۆم ….. محەمەد كوردۆ

Closed
by December 6, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

 

راستە شێوەم زۆر گۆڕاوە

بەڵام من ئێستاش هەست دەكەم

هەر منداڵەكەی جارانم 

دایكم تاقەتی نەماوە

من هەست دەكەم

دایكم چیتر توانای نییە

وەك جاران نازم بكێشێ‌

كە نەخۆش بووم

بمبا دەرزیم لێ‌ بدات و

دوای دەرزییەكە

لە میهری خۆیم هەڵكێشێ‌

بۆیە ئیتر بڕیار دەدەم

ژنێك بكەم بە دایكی خۆم

یەك سەعات لێی دووركەومەوە

دڵتەنگ بێ بۆم

بڕیار دەدەم

ژنێك بكەم بە دایكی خۆم

كەس وەكو ئەو ئازیز نەبێ‌

ژنێك بێ‌ زۆر پشوودرێژ

لە خۆیەوە لێم زیز نەبێ

بڕیار دەدەم

بەو دایكە تازەیەم بڵێم

با هەموو كراسەكانت 

ئۆیەدار بن

من زۆر حەز لە ئۆیە دەكەم..

بڕیار دەدەم

پێشی بڵێم:

خۆم ڕەنگی بۆیاخەكانت هەڵدەبژێرم

خۆیشم پەنجەت بۆیە دەكەم..

هەستم بە گەرمی پێم دەڵێت:

دایكی تازەت

كە هێشتا نازانی كێیە،

ژنێكی زۆر بێوێنەیە..

هەستێكی شیرین و خۆشە

بەڵام نازانم ڕاستییە

یان خەونە، یان وڕێنەیە؟!

 

ئەدەب و هونەر- ی كوردستانی نوێ‌، ژمارە (6249) 5/12/2013

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.