ژنێک لە ترێ…. وریا
Closed
ژنێک هەیە
دڵتەنگ یەکانم
لە گوڵدانی
سەرمێزی ژوورەکەیدا دائەنێت
تەنیاییم ،
وەک جوانترین کراسی خۆی
لەبەر ئەکات.
ژنێک هەیە
گەردی سەر دڵی من
لەگەڵ شوشەی پەنجەرەی ماڵەکەی
ئەسڕێتەوە.
بێتاقەتی یەکانم
بەدەم شۆردنی قاپەوە
ئەدا بەدەم ئاوی لەبیرچونەوەوە.
ئەو
ژنێکە لە ترێ
کاتێ ئەدوێ،
شەراب لە دەنگی ئەڕژێ .
ژنێکە لە هەور
گەر تینوم بێت
بۆم ئەبارێت .
ژنێکە لە میهر،
گەر سەرمام بێت
لایەک لە دڵی دەردێنێ و
پیاما ئەدات .
گەر تایەکی کەمم لێبێت
دەسڕێک بە فرمێسکەکانی
تەڕ ئەکات و
لەسەر نێوچەوانمی دائەنێت.
ئەو ژنێکە
لە بۆنی هەناسەی ناهێڵێ،
شوشەی عەترەکانم بەتاڵ ببن.
ئەو ژنێکە
بەدەستی خۆی فێرم ئەکات،
شیعر چۆن ئەنوسرێت.
وریا
سوید
11/2013
لە گۆڤاری هەنار ژمارە 94 دا بڵاوبووەتەوە