Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024

ژن.. ئەی بوونەوەری مەزن.

Closed

١
ژن ئەی بوونەوەری جوانیی
ئەی گەڵای سنەوبەری سەوز
ھەموو کاتێک گوێم لە تریفەی مانگەشەوی تۆیە
گوێم لە خورپە و ھاژەی رووباری
پڕ بە خوڕی دڵە پڕ لە ئازارەکەی تۆیە
بمبەخشە
تۆ درەختێکی باڵابەرزی
کاتێک دەدوێیت ؟
ھەر وشەیەکت گوڵێکە
ھەر پێکەنینێکت چڵێکە
ھەر پەنجەیەکت لقێکە
ناوقەدت سەفتەی کتێب و
گەڵای عەشقی چاوەکانت
پڕن لەخۆشەویستی و جوانی.

٢
ژن ئەی بوونەوەری مەزن
کاتی رووی تۆ دەبینم
باخچە شەرم لە جوانییت دەکات
شەونم روو لە باڵات دەکات
تۆ ئەستێرەیەکی گەڕیدەیی
یاخود نمەی بارانێکی زۆر بە خوڕی
کە دەتبینم
ھێمن، ھێمن دڵۆپێ شەونمی سەرگوڵەکانی
رووی تۆ
دەبنە خونچەیەکی ئاوەدانی.

٣
لە بیرم دێ کە مناڵ بووم
لە پڕێکا ئەستێرەیەک بە خێرایی
ئەکشا و سەربەرەو خوار ئەبۆوە
ئەستێرەکان پرسەیان بۆ دائەنا و
ئاسمانیش ھۆن ھۆن ئەگریا
دەیانوت کاتێ ژن بگری
بزە و خەندە کۆتایی دێ
دەشت و دەریش وشک دەبن
چیاکانیش بۆ چەند چرکەیەک
بێ دەنگ دەبن.

٤
ژن ئەی بوونەوەری کوڵ بەدەم
کاتێ شعرێکی،، غەمکین دەنووسم
تەموومژ ئەدا بە خۆیدا،
چونکە ئەترسم رۆژێ بێت
قەڵەمەکەی منیش
لە بەردەم دووڕیانی ئازارەکانی تۆدا
لە بەردەم فرمێسکە نەشمیلەکانی تۆدا
لە بەردەم ھەستە ناسکەکانی تۆدا
بە وشەیەک چۆک دابدا……

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.