Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
ژیان بە ڕەنگەوە جوانە!  … جەلال قادر

ژیان بە ڕەنگەوە جوانە! … جەلال قادر

Closed
by October 23, 2013 چیرۆک

 

 

 

ڕۆژێکی گەرمی هاوین لەگەل کۆمەلێ برادەر بۆ سەیرکردنی پیشانگەیەک چووین. پێشئەوەی بگەین بە گەلەرییەکە  ئاواتمان دەخواست هۆلەکە سپلیت یان موبەریدەی تیابێت تا کەمێک فێنکبینەوە.

 یەکەمجار بوو بۆ سەیرکردنی تابلۆکانی ئەم هونەرمەندە بچم، کە نازناوی (جانۆ) بوو.

پێشئەوەی بگەینە گەلەرییەکە برادەران بە پێکەنینیەوە وەسفی تابلۆکانیان بۆ کردم و دەیانوت : ئێستا دەچین ئاسمان دەبینین، هەورەکان بالدەگرن و کۆچدەکەن.

– چییە، گالتە بەم هونەرمەندە دەکەن؟

–  پێویست ناکات بچیت بۆ پیشانەگەکەی چونکە بابەتەکانی ئاشکران وێنەی هەورەکان دەکێشێ.

– وادیارە ئێوە لە سەیرکردنی تابلۆکانی بێزار بوونە، لی من حەزدەکەم لە نزیکەوە بیبینم.

– زۆرباشە، بەلام کە خۆرئاوابوو لەبیرتان نەچێت دانیشتنێکی بۆ بکەین.

– خەمی خواردنەوەتان نەبێت، ئەم ئێوارەیە بەسەرخۆشی دەڕۆینەوە ماڵ .

کاتێ کەیشتینە گەلەرییەکە و جانۆم بینی. مرۆیەکی بالابەرز و تازە سەردەمی لاوییەتی لەرووخساردا وەریبوو. سمێلێکی ستالینی بەردابوەوە، قژخاوو چەنەگە یەکی پانی هەبوو. بینەرێکی زۆرش ئامادەبوون. بەلام هیچ کەس لەوانە سەرقالی سەیرکردنی تابلۆکان نەبوون، بەلکو یەک بەدوای یەک ڕیزیان بەستبوو داوایان لە جانۆ دەکرد کە وێنەیان لەگەل بگرێ. هۆلەکە  ئەوەندە گەرم و تەنگبوو نەتدەتوانی هەناسەی تیابدەی. ئارەقە بەناوچەوان و بنبالمان شۆڕدەبوەوە خوارێ. 

جانۆ تابلۆکانی بە یەک ئەندازە دروستکردبوو، دیواری هۆلەکەی بە ڕەنگی شین داپۆشیبوو. فیگەری تابلۆکانشی بریتیبوون لە کۆمەلێ هێلکاری کە وێنەی هەموو جۆرە هەورێکی لە خۆ گرتبوو.

ئەگەر لەدوورە سەیرتبکردایە هەستتدەکرد بابەتەکانی یەکجۆرن، بەلام وانەبوو دەبوایە وردتر بڕوانی یەکسانی و لاری و هێمای هێلەکان بدۆزیتەوە تا لەناو تەمی هەورەکان چاوت بە هەوری ڕەش و قورس و شێدارەکان بکەوتایە. یان  ڕەنگی هەورە سپییەکان  کە ئاسمان لە ئامیزی گرتبوو جوودا بکەیتەوە. هەستمکرد ئەم هونەرمەندە جگە لەوەی چاوەکانی وەک هەلۆیەک تیژن مێشکشی لەگەل ئاسمان تێکەلاو کردووە.

بە برادەرەکەم وت : وێنەکانی شاکارن، بۆچ تا ئێستا نەمناسیوە.

بە پێەکنینەوە وەلامیدامەوە :- جا منیش ئەوەندە چاو لەئاسمان ببڕم، وێنەی وادەکێشم کە باران ببارینێت.

پاشئەوەی هۆلەکە کەمێک چۆلتربوو، لەگەل جانۆ یەکترمان ناسی. لێیپرسیم : تابلۆکانت بەدڵ بوو؟

– سەرنجیان ڕاکێشام و هەورەکانم جوانتر بینی.

– ئەو خەلکە لە ستایلەکەم بێزاربوونە. بەلام من حەز بەم جۆرە کارانە دەکەم.

– تۆ بۆ خۆت چۆنت پێخۆشە وابکە.

برادەرێک وتی : ئەم جانۆیە ئەوەندە سەیری ئاسمان دەکات ڕۆژێک دێت پێی بە بەردێک ساتمەدەکات بەردەبێتەوە.

– ئاخر بۆیە منیش لەزەوی بێزارم و ئاسمان بەخاوێنی دەبینم ، خۆزگە ڕٶژێک  بفڕیمایە و تێکەل بە هەورەکان بوومایە!.

لێمپرسی : جانۆ تا ئێستا سواری فڕۆکە نەبوویتە؟!.

– نەخێر. لە مندالییەوە ئارەزوومدەکرد بفڕم تا ڕەنگی هەورەکان لە نزیکەوە ببینم.

– جانۆ گیان، چەندین ساڵە لە ئەوروپا دەژیم و سەردانی زۆربەی گەلەرییەکان دەکەم تابلۆکانی تۆ ناوازەن و شایەنی ئەوەن بینیریتە دەرەوە و پیشانگەیەک بکەیتەوە.

– مەگەر بە هیمەتی تۆ، کەس لێرە هاوکاریمان ناکات.

– بەبانچاو…ئەوە من وێنەی تابلۆکانتدەگرم و لە گەلەرییەکانی (هۆلەندا) هەولێکت بۆ دەدەم.

پاش ئەم گفتوگۆیە، لەگەل برادەرکانم گەلەرییەکەمان جێهێشت. لە دوکانی ( جۆرجیسی) مەیفرۆش ، بیرە و ویسکی و چەند مەزەمان کڕی بە تاخمی تەواو بۆ سەر گردی پیرۆز ڕۆشتین.

ئەو ئێوارەیە تا مەستتردەبووم تابلۆکانی( جانۆم) لەزەین ڕۆشنتر دەبینی، خەونەکانی جانۆش بە ئاسمانەوە لەدڵم ببوون بەگرێ.

دوای چەند هەفتەیەک گەڕامەوە ئەوروپا، پێشئەوەی سەرقالبم بە بەرنامەی ژیانم وێنەکانی جانۆم بەچەند گەلەرییەک پیشاندا. زۆربەیان پێیان باشبوو و ئامادەبوون پیشانگەی بۆ بکەنەوە و تابلۆکانی بۆ بفرۆشن.

بەکورتیەکەی پاش چەند مانگێک فیزەوتکیتی جانۆی هونەرمەندم ئامادەکرد. بەلێن بوو بەخۆیی بیست تابلۆوە سەردانیمان بکات.

جانۆ پێشئەوەی سواری فڕۆکەبیت  بەتەلەفۆن قسەمانکرد، بیگومان زۆردلخٶشبوو دەیگووت : لە مندالییەوە سەیری ئاسماندەکەم و وێنەی هەورەکان دەکێشم، ئاواتم بوو ڕۆژێک دەستم بگات بەهەورەکان. چەند خۆشە لەناو فڕٶکەکەوە هێلکاریدەکەم و لە نزیکەوە دەیانبینم ، تۆلەی ئەو هەموو سالە دەکەمەوە کە تا ئێستا لەژێر هەورەکانەوە وێنەم کێشاوە.

– جانۆ گیان، دلنیام تۆ جوانتر لە هەمووکەس  هەورەکان دەبینی و ئاسمان لە ئێمە باشتر دەناسی، کە لە فڕۆکە خانە دابەزیت بە دیدی خۆت وەسفێکی ئاسمانمان بۆ بکە!.

بەم شێوەیە بە دڵخۆشییەوە لە پاش چوار پێنج کاتژمێر فڕۆکەکەی جانۆ لە (وسلدۆرڤ) نیشتەوە.

لە پشتی شووشەو ئاوێنەکانەوە جانۆم بینی و بەدەست هێمام بۆ کرد و ئەویش بە مۆنییەوە وەلامی دامەوە.

جانتاو تابلۆکانمان لە فڕٶکەخانە هەلگرتو ڕۆشتین بەرەوەماڵ..لە ڕێگا هەستمکرد جانۆ خەمبار و دڵتەنگە. وتم لەوەبێت لە گەشتەکەی ماندوبووبێت.

لێمپرسی : ئێستا ناتەوێت باسی ئاسمانم بۆ بکەیت؟.

وەلامینەدامەوە.

– چیببوە؟ بۆ واداماوی؟

– هیچ شەو بۆت باسدەکەم.

لەگەل خواردنی جەمی ئێوارە جانۆ بتلێک شەرابی ئیتالی لە جانتاکەی دەرهێناو پێشکەشی کردم.

خێرا بتلەکەم هەلپچراند و لەناو دو پەرداخ دەستمانکرد بە خواردن و خواردنەوە.

پاشئەوەی کەمێک سەرمانگەرم بوو، دەمویست لە جانۆ ببپرسم : کە بۆجی وا خەمبارە. سەری وتەکانم بەمجۆرەکردەوە : جانۆ گیان ئەم چەند هەفتەیەی لێردەبیت هیوادارم  بێدڵی خۆت نەکەیت. سبەینێ دەچینە گەلەرییەک کە چاوەڕوانمان دەکەن. پاشئەوە دوەم گەلەری لە شارۆچکەیەکیترش هەیە چاوەڕوانماندەکات.

جانۆ قومێکی لە شەرابەکە دا رەنگە سوورەکەی بە سمێلەکەیەوە سڕی و لەوپەڕی بێهێزی و بێوورەییەوە وتی : ئای برادەرگیان چەندە تۆم ماندوکرد!.

– خەمی منت نەبێت..هێشتا لە نیوەی ڕێگەکەین..با پیشانگەکەت بکەینەوە ئەو کات دلخۆشتردەبین.

لەم کاتە هەستمکرد جانۆ مەست و خامۆشە ، پێڵووی چاوەکانی وەک پەردەی شانۆ داخست و نەکرایەوە.

– چییە ؟ جانۆ گیان خەوت دێت؟

– نەخێر خەوم نایەت…بەلکو لە بیر کردنەوەیەکی قوولدام.. خنکاوم ، هەستدەکەم مەلە نازانم تا خۆم ڕزگارکەم.

– پێمبلێ، بۆ گۆڕاوی؟ لە گەشتەکەت پەشیمانی؟

– نەخێر ئەم گەشتە ژیانمی زیندوو کردەوە. ئاسمان و هەورەکانم لە نزیکەوە بینی.

– خۆشبوو؟

– ناتوانم وەلامی ئەم پرسیارەبدەمەوە، خۆزگە هەر لەمندالییەوە چۆنم دەڕوانی بۆ ئاسمان ئەوها بوایە، ئێستا، پاشئەوەی ئاسمان و هەورەکانم بینی بەدیدێکی تر دەڕوانم.

– چۆن دەڕوانی؟

– کاتێ زەوییم لێ ونبوو و تێکەڵ بەئاسمانبووم. لە پەنجەرەی فڕۆکەکەوە دەمڕوانییە هەورەکان کە چۆن کۆچدەکەن..یان لە هەندێک شوێن هەورەکان دەتووت تۆپەڵە بەفرن بەسەر چیاوە، ئەو کاتانەی تیشکی خۆر بەر هەورە سپییەکان دەکەوت ڕەنگی زەرد دەبریسکایەوە. چاوەکانم بەرگەی بینینی هەورو تەم ومژەکانی ئاسمانی نەدەکرد. ئەو وێنەیەی چڵ ساڵە لە خەیالمدا کێشابووم هەموویم بە هەلە زانی، دووربوون لە ڕاستی  و ناوەڕۆکی تابلۆکانم!.

– بێگوومان لە نزیکەوە جوانتر شتەکان دەبینی!.

– نەک جوانتر، بۆمدەرکەوت کە ئێمە تا لەسەر زەوی بین بە هەلە دەژین. پێویستە بفڕین ئاسمان ببینین ، گەشتێک بکەین بۆ ئەستێرەکان چونکە دڵنیام ئەستێرەکانش لە نزیکەوە جیاوازن.

تا نیوە شەو گوێم لە جانۆ گرت کە وەسفی هەوروئاسمان و تەم و مژی ژیانی بۆ کردم. ئەو شەو هەردوکمان بە مەستی خەومان لێکەوت.

بەیانی زوو لەگەل زرم و کوتی جانۆ بێداربوومەوە. دەنگەکە لەناو گەرماوەکەوە بوو. دەنگی خوڕەی ئاودەهات. وامزانی جانۆ دۆش دەگرێت.

بەلام پاش ئەو هەموو زرم و کوتە و هاوارکردنە ، دەرگەی گەرماوەکەم کردەوە و وتم : جانۆ؟ تۆ باشی..

لەگەل کردنەوەی دەرگە جانۆم بینی بە چەقۆیەک یەک یەک تابلۆکانی بەدەستەوە دەگرێت و دەیدڕێنێ. بە ترسەوە دەستیمگرت و وتم : ئەوە چیدەکەیت؟

– دەستم بەردە ئەمانە تابلۆی من نین… نابێت کەس بیانبینێ.

– زۆرباشە، دەتۆ چەقۆکەت فڕێدە.

جانۆ چەقۆکەی بە ئاسپایی دایەدەستم سەریخستە سەر ئەژنۆی و یەک بەدنیا هاواری لێ هەلسا.

پارچەی تابلۆکانیم کۆکردەوە و فڕێمدایە دەرەوەی گەرماوەکە.  گەرماوەکەم پاککردەوە. بە جانۆم وت : برادەر گیان. خۆت ئازارمەدە. تا من خواردنی بەیانی ئامادەدەکەم تۆ دوشێک بکە.

جانۆم بە تەنیا لە گەرماوەکە بە جێهێشت، نزیک نیو کاتژمێر هیچ دەنگێ لە گەرماوەکە نەدەهات. پاشان گوێم لە خۆشۆرینەکەی بوو.

دوای دە دەخوولەکێک لە گەرماوەکە هاتە دەرەوە بە بێدەنگی چایەکی بۆ خۆی تێکرد و نانەگەرمەکەی لە ماستەکە کردو وتی : زۆر حەز بە خواردنی بەیانیاندەکەم.

وتم : منیش حەز بەژیاندەکەم.

بەلاچاوێکەوە سەیریکردم. وتی : بمبوورە کە ناتوانم تابلۆکانم هەلواسم و سەردانی گەلەرییەکان بکەین.

– زۆرئاساییە..چۆن حەزدەکەیت وادەکەین.

– لەوەبێت دوێنێ شەو بە مەستی هەندێک شتم بۆ درکاندبێت، بەلام ئێستا لەوپەڕی بە ئاگاییەوە دەمەوێت پێتبلێم : کاتێ هێلکاری و نیگاری هەوروئاسمانم دەکێشا لە شوێنێکی خەراپدابووم، کە شوێنەکەم گۆڕیو سواری پشتی هەورەکان بووم..لە ئاسمانەوە ڕوانیم هەستمکرد دەبێت سەر لەنوێ وێنەی هەورەکان  بکێشمەوە.

– برادەر گیان، منیش ئەوەم لەتۆ دەوێت.

– بەوشێوەیەی کەهەن نەک بەو شێوەیەی کە لە یەک گۆشەوە دەمبینی.

– چاوەڕوان دەبم!.

– نازانم… ئەم چەند هەفتەیەی لێرە دەبم چیبکەم؟

بە پێکەنیینەوە وتم : ئەم چەند هەفتەیەی لێرەدەبیت، لە هەزارەها گۆشەوە دەتوانی سەیری ژیان بکەیت. سەیری ڕێگاوبانەکان بکە، سەیری درەخت و پارکەکان ، سەیری ژنە ئازاو ئیشکەروجوانەکان بکە.

جانۆ وەلامیدامەوە : ڕاستدەکەیت لە مندالییەوە شتەکان بەخەیال دەبینین و دەبیستین، با بڕٶینە دەرەوە ژیان ببینین.

وتم : با بڕۆین برادەرگیان،  ژیان بە رەنگەوە ببینین.

وتی-  ڕاسدەکەیت برادەرگیان، ژیان بە ڕەنگەوە جوانە!.

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.