Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ژیان لە قەسیدەى بۆ( نامكوژى) )هەردى شەفیق) دا

ژیان لە قەسیدەى بۆ( نامكوژى) )هەردى شەفیق) دا

Closed
by September 10, 2008 ئەدەب

 ژیان لە قەسیدەى بۆ( نامكوژى) )هەردى شەفیق) دا
  خوێندنەوەى /یاسین فەقىَ

 دەقى ئەم شیعرە جارێكى تر كار لەسەر دروستكردنەوەى ژیان دەكات، لەڕێگاى هەڵوەشاندنەوەى هەموو ئەو ئاكارانەى مرۆڤ بوونى مرۆڤ دەخەنە ژێر پرسیارو بەدیوێكى دیدا شاعیر دەخوازێت لە گریانى كوكوختیەكەوە قەێیدەیەك بخوێنیتەوە  باس لە كوشتنى مرۆڤێك دەكات  كەئەمەش لێك چونێكى زۆر لەگەڵ( سوهراب) دا دروست دەكات كەپێى وابوو كەسێك لێڵكردنى ئاوى كانیەك بە گوناه نەزانىَ تیا چوونى مرۆڤایەتیش بە گوناه نازانىَ.
 دیارە هەردى   لەو چەند دەقە شیعریەى كەمن دیومە هیچ كات نەیویستوە كاراكتەرى سەرەكى لەشیعرەكانیدا ڕۆڵى سەرەكى بگێڕێت وەك ئەوەى شاعیرەكانى دى تەنها لەزمانى شاعیرەوە ئەدوێن بەڵكو هەردى كۆمەڵێك وێناو كاراكتەرى جیاواز دێنێتە نێو دەقەوە كەئەمەش جوانیەكى زۆر بە دەقەكانى ئەو دەبە خشێت
 
 ئافراندنى وەها دەقێك لێوان لێو لە مۆسیقاو خەیاڵ و گرتنى دەستبار بۆ یەكترى كارێكى كەم وێنەو دەگمەنە و زەمەن و كۆششێكى زۆرى دەوىَ بۆ لەدایك بوون و ژانگرتنى وەها دەقێك كە گەڕانێكى سادەو ساكارە بەنێو عەزاب و نائومێدیە كانى ژیاندا، لە گۆشە نیگاى پوچگەراییەكى سەوزەوە كەدەكرێت ئومێدو ئاواتى ئایندەى لەسەر بونیاد بنرێت .پوچگەراییەك هەمیشە ڕۆح ئامادەییەكى بەر چاوى هەیە تیایداو ڕۆحى مرۆڤ  قسە لەسەر ناشیرین بوون و داڕوخانى مرۆڤایەتى دەكات بەناو خۆیدا لەنێو دونیاى مادیات و لەژێر سێبەرى ئیدۆلۆژیەكاندا كەوەك چۆن   چەكە كۆكوژەكان ئاسەوارى خراپ لەسەر جەستەى مرۆ جێدێڵن هاوشێوەى ئەوە كاریگەریە نێگەتیڤە  بە هەمان شێوە ئەویش ئاسەوارى خراپ لەسەر ڕۆحى مرۆڤ جێدێڵىَ.
 لێرەوە دەچینە نێوان دەروازەیەك كەوەك هەمیشە دەمان باتە نێو دووڕیانى ژیان و مردن و لەوێوە تەفسیرێكى تر بۆ ژیان دەكات و جارێكى تر زۆرێك لەلایەنەكانى ژیان دەخاتە ژێر پرسیارە قوڵە كانى ڕۆح و لەنێو دەقێكى نێهلیزمدا شاعیردێت و ژیان لەفۆرم و ستایلێكى تازەدا دەنوسێتەوە .بەشێوەیەك خوێنەر بەنێو دونیاى ڕۆحى شاعیردا دەگێڕێت مرۆ هەست ناكات قەێیدەیەك دەخوێنێتەوە بەڵكو تەماشاى دیمەنە نابووتە كانى ژیان دەكات.وەك لەبەشێكى قەێیدەكەدا دەنوسێت :
 بەرلەوەى مەرگى ئەو  پاساریانە بمكوژىَ
 بەگوێ سەبانەى ماڵە هەژارەكانى عیشقەوە
 گوَرانیان ئەوت و كوشتنیان …….بۆنامكوژى
 بەرلەوەى خەزانى باخچەكانى خەیاڵ بمكوژىَ …بۆ نامكوژى ؟
 بەرلەوەى بەچەقۆ یادگاریە كانیان لەسەر باڵى پەپولەیەك  بنوسن و
 لەسەر پلیكانەى مەعبەدێكدا بمكوژن
 یەشتا كەسى پیادا سەر نەكەووتووە….بۆنامكوژى؟
 ئەگەرچى خوێنەر هێشت (هەردى)بەشاعیرى (قەێیدەى ژیان جەللادێكى بێگوناهەدا)دەناسێت بەڵام دەكرێت بڵێن قەێیدەى بۆ (نامكوژى )باشترین دەقى شیعرى ئەوە ئەگەر چى دەقەشیعریەكانى ئەو لەپەنجەى   دەستێك تێناپەڕێت ئەمەش ئاكارى شاعیرە كەم نوس و پوخت نوسەكانەئەوەى هەردیش لە شاعیرانى دى جیا دەكاتەوە ئەو ستایلە تایبەتیەیە كەوێنا كردنى هەمان وێنا كردنى ژیانى ئاسایی  خەڵكە بەشێوەیەكى فەلسەفى و لەنێو جەنجاڵى شەقام و بازاڕە كان و پێدانى خوێندنەوەیەكى قوڵترەو خستنە ژێر پرسیارى ژیان و ڕوداوە ئاساییە كانى ڕۆژانەى ژیان و ئەو پرسیارە قوڵانەیە لەپەنجەرەیەكەوە سواڵكەرێك یاخود سۆزانیەك سەیرى دونیاى لێوە دەكات و لەهەمان گۆشە نیگاوە سۆزانیەك ئازارەكانى پێناسە دەكات و پێایدا ئەناسرێتەوە لەگەڵ كۆمەڵێك وێناى حەقیقى دا كەئەشێت لەژیانى ڕۆژانەى هەر یەكێكماندا بوونى هەبێت و لەسەر شاشەى تیڤیەكان و كۆڵانەكانى ناو شاردا بیبنین و هەمان خوێندنەوەمان بۆى نەبێت ئەمەش فاكتەرێكە لە ڕێگاى ئەزەلیەتى ئەو ڕوداوانەوە كەئەشێت هەر ڕۆژێك دووبارە ببنەوە  قەێیدەكە دەباتە نێو دونیاى جاویدانى .
 كە مرۆڤایەتى……….
  شیعرێك و فتواى كوشتنى كۆترێكى پێ جیانەكرایەوە 
 مردنى مرۆڤێك و عاشق بوونى گوڵێكى بەژیان پێ َلێك نەدرایەوە
 جیاوازى پێ نەكرا  لەنێوان ئیحساسەكانى شاعیرێك و
 ئەو ڕۆژوە وانەى ڕۆژوەكەى بەگۆشتى كوژراوێك ئەشكێنىَ
 دیمەنى گوڵێكى لاحەرامەو كوشتنى مرۆڤێك بەشەرم نازانىَ
 جیاوازى پێنەكرا لەنێوان ئیحساسەكانى شاعیرێك،
 بچوكتر لەدڵى پەپولەو گەورەتر  لەجیهان
 لەگەڵ قارەمانىَ بكوژى هەزران ئینسان
                                         بۆ نامكوژى …؟؟
 جگەلەوەش گوزەر كردن بەنێو دەقەكانى شاعیردا هەمیشە لەكۆتا دێڕدا هەستێكى مرۆیی و ڕۆحیەتێكى مرۆڤ دۆستانەت لاجێدێڵى هەروەك لەم دەقەشدا ئەمە دووبارە بووەتەوە ، بەشێوەیەك لەدواى خوێندنەوەى هەریەكێك لەو دەقانەى من خوێندومەتەوە وەك (دواهەمین قسەى عیشق و ژیان جەللادێكى بێگوناهەو ئێمە گوناهبار ترین كوڕەكانى ئادەمین)تۆ بەردەوام پرسیارێك لە خۆت دەكەیت بۆدەبێت ئێمە بە خوێنى ئەوانى دى ڕەنگى لێومان سوربكەین ؟و ژیانى خۆمان ڕەنگ بكەین ؟بۆلەمەرگى نیوەكەى ترمان ژیانى نیوەكەى ترمان دروست بكەین؟بۆ دەبێت بە وردو خاشكردنى سۆزانى و لەشفرۆش و سواڵكەركان هەیبەت وپێكەنین بۆ خۆمان دروست بكەین؟
 
 بەرلەوەى مێژو ئەوینم  بكات بەعیبرەتێكى تر بۆ لاپەڕەكانى
 جەلادێك بمكوژێت لەڕۆحى خۆیدا تەریقى ناكێشێت
 عاشقێك لەسەر  ڕوى مانگە شەو بنوسىَ
 هەر زوو كەوتینە داوى دۆزینەوەى بەختەوەرى و
 درەنگ زانیمان ژیان ئولفەت گرتنە بەمەرگەوە
 نورانیەك پێت بڵێیت ئەوە تۆنیت ڕو لەماڵى نائومێدى ئەكەیت
 ئەوە ئەوە میواندارى تۆ ئەكات
 ئاخر ژیان هێندەى بە بەرەوە نەماوە گۆرانیەكى تیابڵىَ ى
 بەرلەوەى  عیشق ،  جەنگە خوێنینەكە،
 لەخۆش ویستنى دوومرۆڤدا سەرەتاى بێت و
 لەكوشتنى دوو مرۆڤدا دوایی بێت
 بەرلەوەى پێكەوە بوونى جوتێك مرۆڤ
 هەرزانتربێت  لەپێكەوە بوونى جوتێك  پێڵاو
                                      بۆنامكوژى …؟؟!
 
 بۆدەبێت بە كوشتنى سەرجەم بە ها مرۆییە كان و ڕشتنى خوێنەكان گۆرانى بۆ بەختیاریەك بڵێین كەلەواقیعدا بونى نیە.لێرەوە دەقى (بۆنامكوژى)قەێیدەیەكە لێوان لێو لەنائومێدى لەدونیایەكدا كە گوڵ و خوێن و ژیان و مردن هەمویان لەژێرسێبەرى جەللادەكاندان و مردن قیمەتێكى ئەوتۆى نیە و ئەوسام و هەیبەتەى نیە گەشبینەكان باسى لێوەدەكەن.لێرەدا دەتوانیین بڵێن ئەگەرچى هەردى بەو ڕۆحیەتە جوانەوە هەمیشە دەیەوێت ژیان لەنێو خوێنەكانەوە بهێنێتە نێو شكۆفەى گوڵەكان لىَ هەمیشە كاركردنى ئەو بەئاراستەیەكە هەمیشە خوێنەر تەسلیمى نائومێدى دەكات ئەمەش خاڵێكە لەخاڵە نێگە تیڤەكانى ئەو و بەئاشكراش لەم دەقە شیعریەدا ئەوە هەست پێدەكرێت بەتایبەتیش لە دووبارە كردنەوەى وشەى (بۆنامكوژى) لەدواى هەركۆپلەیەكدا كە شاعیر بەهەستێكى سەیرو لەززەت بەخش (لەدواى نائومێدى ناو كۆپلەكانەوە باسى لێوەدەكات)دروستدەكات بۆ مردن و دەست بەرزكردنەوە لەبەردەم قافڵەى مردندا .گەر سەرنجى كۆپلەى سەرەتاش بدەین
 
 بۆ نامكوژى…؟؟
 كەمن  بەناو  فەنابوونى ئەم  هەموو حەسرەتەدا  شۆڕ بوومەتەوە
 بەنێو جەنگى ئەم  هەموو فیراقەدا  تێپەڕیوم
 لەناو ئەو هەموو ئەویندارو دێوانە بوونەدا گەورە بووم
 بەهەموو یەئسە ڕەنگ مەغریبیە كانمەوە
 لەئێوارەكانى تەنیاییدا
 ئەم سەفەرى عیشقەم نەگەیاندە كۆتا
 ماتڵى چیت ………بۆنامكوژى ؟؟
  ئەوا هەر لەسەرەتاوە دەبیینین كە كلیلى چونەناوەوەى شیعرە كەیە ئەم حەقیقەتە بەڕونى دەبینین و هەرلە سەرەتاوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەى بە بىَ دروست كردنى ئاڵۆزیەك لە زماندا شاعیر توانیویەتى ئاڵۆزیەك لە مۆسیقاو كێشى مۆسیقى شیعرەكەو واتاى شیعرەكەدا دروست بكات ئەگەر بەقوڵیش  لەنیوەى دووەمى كۆتایی شیعرەكە ڕابمێنین دەبینین بەشوێن گۆڕكىَ و دەللالەت و مەدلولەكان شاعیر توانیویەتى چێژێكى زیاترو مۆسیقایەكى كەم وێنە بەشیعرە كەى ببەخشىَ و من پێم وایە بۆخۆشى نەیتوانیوە ئەمە هەرگیز لە قەێیدەكانى تریدا دوبارە بكاتەوە، ئەگەرچى لە نوێگەریدا و لەخەیاڵ جوانیدا توانیویەتى كارى جوانتر بكات بەڵام ئەوەى بۆ نەچووەتە سەر جارێكى تر مۆسیقاى نێو ئەم دەقەشیعریە تێببپەڕێنىَ .
 بەرلەوەى  گوڵە سپیەكانى ئیحساسم  بمكوژن….تۆ بمكوژە
 ئەو گوڵانەى بۆنیان بچێت بەسەر هەركەسێكدا
 بۆ هەتا هەتایە نەى بینمەوە
 گەر بەمردنى من چرایەك دائەگیرسىَ……فەرموو  بمكوژە
 گەر بەمردنى من ئەم شەوە درێژە دوایی دێت
 گەربەمردنى من ئەم  وەحشەت  ناكە كۆتایی دێت
 گەر بەمردنى من سۆزانیە كان
  دەبنەوە پاكیزەى ناو داستانە كۆنەكان
 گەر بەمردنى من ئێوارەكانى مردن
 لەسپێدە كانى ژیاندا  هەڵنایەن
 گەر بەمردنى من باخچە لەدەست پایز قوتار ئەبێت
 خوێن یاداشتى ڕۆژانەى عیشقێك ئەنوسێتەوە
 گەر بەمردنى من شەو بەسەر پشتى شەمشەمە كوێرەوە نافڕێت
 گەر بەمردنى من ئاسمان  باڵندەیەك لەئامێز دەگرىَ
 لەناو ئەو هەموو  باڵندە گۆشت خۆرەدا
 كەباران تواناى فڕینى پێنە هێشتوە
                                    بۆنامكوژى …؟؟
 بوون و مردن كە ئامادەگی هەیە لەتەواوى ئەم قەێیدەدا و ڕەنگى داوەتەوە بەشێوەیەك شاعیر دەیەوێت لەهەموو ڕوانگەكانەوە پێت بڵێت كەژیان تامى تیا نەما باڕو لەماڵى مردن بكەین و ئەشێت مردن قابیلى ئەو ترسە قوڵ وئەزەلیە نەبێت  لەگەڵ بوونماندا هەیە بەڵكو مردن داخستنى پەنجەرەیەكە  بەڕوى كەناریەكدا باران تواناى فڕینى پێنەهێشتوە ،مردن مردنى ڕۆحە لەنێو جەنجاڵى ژیاندا، لەگۆڕنانى ڕۆحە لەنێو  كوشتنى مرۆڤدا ،مردن ونبونە لەنێو ڕۆحى مرۆڤ وخۆ نەدۆزینەوەى لە دونیاى بێگوناهیدا ،مردن خۆكوشتن و سەوز بوونەوەیە لەنێو ڕۆحى خوێن ڕێژێكدا،كەئێمە لەسایەى ئەم ڕۆح كوشتن ومردنەوە ئەشێت هەموو ڕۆژێك بمرین وزیندوبین،هەموو ڕۆژێك عەزاب بمان كوژىَ وزیندووبین ئیدى بۆ لەجەللادێك بترسین دەمان كوژێت و لەدەست بینینى ئەو هەموو خوێنەى قوربانیەكان ڕزگارمان دەكات؟بۆ لەمەرگ بترسین وادەزانین نادیارەو ئەو لەسەر ڕۆح وعەزابەكانى گیانى ئێمە دەژى؟بۆ لەمردنێك بترسین ڕۆحمان خاڵ دەكاتەوە لەنابووتى ژیان وپاكمان دەكاتەوە لەهەموو ئەو گوناهانەى لەترسى مردن و مانەوە دەیكەین؟
 بەرلەوەى خەمە غوربەتیەكانى ئەم گێتیە بمكوژن
 مەرگى ئەو كچانە ببینم بەر لەتەواو كردنى نامەیەك كوژران
 بەبەرد بوونى ئەو كوڕانە ببینم ڕۆحیان بووەتە پارچەیەك  سەراب
 گوناهى ئەو كچانە ببینم  لەپشت چاوەكانیانەوە مردن و تەنهایی دەبینرێن
 ئەو ئەسپە شەكەتانە ماچ بكەم شەكەت بوونى بیابان تواناو جوانى بردوون
 بەرلەوەى جەنگاوەرە بریندارەكان
 ئەو ئەسپە سپیانە بكوژن گالیسكەى جەنگەكان  ڕائەكێشن
                            بۆنامكوژى ….؟؟
 هاو زەمان لەگەڵ ئەمانەشدا شاعیر بەردەوام پرسیارێكى دۆستانە ئەما پڕ لەكوشتن وئارەزوى جەللاد ئاراستەى جەللاد دەكات كەمردن ئەو هەموو ناهەموارى وناسۆریەى پێیە بۆنامكوژى؟كەمردن ئەو هەموو جوانیەى پییە بۆ نامكوژى ؟یان بەدیوێكى تردا دەیەوێت بڵێت جەللادەكان هەموویان دۆستەكانى ئێمەن و وەك ئێمە مرۆڤن و لەهەسارەیەكى ترەوە نەهاتوون ،ئەوە من و تۆین دەبین بەجەللاد بۆ كوشتنى دڵ و ڕۆحى یەكترى و یەكترى دەكەین بەپەیژەو پیایدا سەردەكەوین بەرەو دونیاى لەززەت ودەسەڵات كەلە واقیعدا ئاسودەیی وبەختیارى لەوێدانیە.
 بەرلەوەى  بۆنى خوێنى خۆم و بۆنى باران لێك جوىَ  نەكەمەوە
 بەرلەوەى ئەم شەڕى یەقین و گومانە لەمندا دەست پێبكات و
 دوا حەسرەتیش  لەمندا  كۆتایی بێت
 بەرلەوەى وەك مشكى تاقیگە
 دانە دانەى ئەم ئازارانەم  لەسەر تاقى بكەنەوە
 بەرلەوەى ئەم  ڕۆمانى ئازارە لەژیانمدا درێژە بەبوونى بداو
 بەسەر هاتى مەرگى  من  بنوسێتەوە
 بەرلەوەى من  ژیانم بەحەسرەت ڕەنگ بكەم و
 تۆش عیشقت بە ئاگر تەواو بكەى
 خەیاڵ بتباتە نێو جەنگى ئەو قا فڵانەى لەسەر كەنیزەكەكانیان یەكتریان قڕ دەكرد
 حەسرەت بمباتە سەر ئەسڵى ئەو خێڵانەى كوژراوەكانیان  بەشدە كرد
                                    بۆ نامكوژى ….؟؟
 
 شاعیر لەم قەێیدە دا بەلایەنە جۆراو جۆرەكانى ژیاندا دەمان گێڕێت بەنێو دونیاى عیشق و سیاسەت و كۆمەڵگاو ڕۆحى خۆمان و…هتد دا وبۆئەوەى پێناسەیەكى تر بەژیان بدەین وخوێندنەوەیەكى تر بە گوناه وسزا و خوێندنەوەیەكى ڕۆحیتریش بدەین بەئاكارو كۆمەڵگا لێرەدا من دەمەوێت بڵێم هەرئەمەشە سیفەتەكانى شاعیرو بگرە ئەخلاقیاتى شاعیریش  ژیان لەنێو دونیاى ڕۆح وپاكیدا دروست كاتەوە و ئاوى گوڵەكانى ڕۆح وجوانى بداتەوە .بەڵام لەیۆتۆپیاى هەردیدا وەك سوپا سالارەكان ى جەنگ دەیانەوێت بەخوێنى بێگوناهەكان بەختەوەرى بۆ مرۆڤایەتى بهێنن هەردیش بەهەمان شێوە بەڵام بەدیوێكى تردا كەئەویش لەوەدا خۆى دەبینێتەوە دەبێت وەك مەسیح وحەللاج خەڵك لەنێو خوێنى شاعیرەكانەوە تەفسیرێكى تر بۆ ژیان بكەن و لەبرى موشایەخەكان خەڵك بچنە سەر مەرقەدى شاعیرەكان و واى بۆ دەچم ئەو تاكە شاعیرێكیشە لەڕێگاى پیرۆزى دان بە خوێنى بێگوناهەكانەوە دەیەوێت پیرۆزى بداتەوە بەپاكى مرۆڤ وجوانیش بداتەوە بە ژیان هەروەك وئەمە تاڕادەیەك لەمەزهەبى شیعەدا بوونى هەیەو دەیانەوێت لەڕێگاى پیرۆزى دان بە خوێنى (حەسەن وحسین)ەوە نەفرەت لەجەنگ بكەن سرودێك بۆپاكى بڵێن و ئەمە زۆرجار لە كوردەواریشدا هەیە زۆرێك لە كوژراوەكان بوون بەو موشایەخانەى خەلك بۆ مرازى دڵیان دەچنە سەریان و  ئەمەش لاى هەردى بەدیوە فەلسەفیەكەیەتى و هەروەك لە كۆپلەى كۆتایی قەێیدەى بۆنامكوژى دا ئەمە بەڕونى دەبینرێت
 
 گەركوشتنم ئاشتیەك  بەڕۆح و جەستەت ئەدت
 گەر كوشتن جوانیەك بەمرۆڤ بوونت ئەدات
 لەكاتێكدا كوشتنم لەبێمانایی ئەم ژیانە پوچترەو
 تەنها دەنگى حەزینى كوكوختیەك ئەتوانىَ
                                    لەشیعرێكدا ئەداى بكات
  شاعیر دەیەوێت لەڕێگاى ئەم قەێیدەوە پێمان بڵێت وەزیفەى شیعر لەهەڵچونێكى عاتیفى زۆر گەورەترەو  شیعر ئەتوانێت جارێكى تر ناوەوەى مرۆڤ دروست كاتەوە و ئەگەر شاعیر ئەمەشى نەكرد ئەوا هەزار ئارایشت بدات بەیماو ناو و ناو بانگى شاعیر ئەوا كارێكى نەكردوە خزمەت بە مرۆڤایەتى بكات .وەك ئەوەى هەردى دەنوسێت مردنى مرۆڤ لەنێو ڕۆحى خۆیدا زۆر لەز مردنە سەخت ترە لەپەشیمانى و عەزاب ویژداندا مرۆڤ دە كوژىَ.
 بەرلەوەى دوو كەڵى ئەم شەمەنەفەرەدێرینە بمكوژىَ …بۆ نامكوژى؟
 ئەزانى شەرمكردن لەتاریكى چ  گەورە بوونێكە؟؟!
 تاكەى چاوەڕوانى ئەو مردنە شیرینەبم؟
  بەرلەوەى نوێژەكانم لەسوجدە دابمكوژن ….تۆ بمكوژە
 بەرلەوەى ئەو قافڵانە بمكوژن،
 دیوارەكان  ڕاویان ئەنێن و ڕوو لەگۆڕەكان ئەكەن….تۆبمكوژە
 بەرلەوەى یەكێك لەو كوڕانە بمكوژىَ
  هەزاران جار گۆڕەو شار دراوە زیندوو بووەتەوە بۆ خۆكوشتن
 یەكێكلەو كچانە بمنێژىَ هەزاران جار مردووەو
  زیندووە بووەتەوە بۆ میهرەبانى ناشتن
 بەرلەوەى پاسەوانى ئەو باخچانە بمكوژن
  لەنجەولارى گوڵێك ئەیان كوژىَ.. تۆبمكوژە
 بەلەوەى ئەو ڕاوچیانە بمكوژن نیگاى كۆترێك ئەیانكوژىَ
 بەرلەوەى ئەم  شەرمەزاریە بمكوژىَ  تۆبمكوژە
 مردن چیە لەوساتانە زیاتر  هەست بەزەلیلیت بكەیت ؟؟
 بۆ دەستەو ئەژنۆ دۆشداماوى ؟
                          ماتڵى چیت ؟
                           بۆنامكوژى …..؟؟
 وێراى دەست خۆشیم لە شاعیر وەك كەسێكى شیعر دۆست چاوەڕێى داهاتوویەكى ڕوناكى لێدەكرێت و ببێتە یەكێك لەشاعیرە دیارو گەورەكانى كورد ئەگەر بەم نەفەسە شیعریە بەردەوام بێت 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.