ڤانكا … ئه‌نتۆن چیخۆف
كوڕیژگه‌یه‌كی ته‌مه‌ن نۆ ساڵه‌یان به‌نێوی (ڤانكا ژۆكۆف) ، له‌سێ مانگ له‌وه‌وبه‌ره‌وه به شاگردی ناردبوه لای (ئه‌لیاخین) ی سه‌ڕاف. له‌شه‌وی سه‌ری ساڵی له‌دایك بونی مه‌سیحدا خه‌وی لێ نه‌ده‌كه‌وت. چاوه‌ڕوانبو تا وه‌ستاكه‌ی له‌گه‌ڵ ژن و منداڵ و كرێكاره‌كانیدا ، بۆ نزای شه‌وی جه‌ژن له‌ماڵێ وه‌ده‌ركه‌وتن و چونه كلیسا. دوای ڕۆیشتنی ئه‌وان شوشه‌یه‌ك مه‌ره‌كه‌ب و قه‌ڵه‌م و سه‌ر قه‌ڵه‌مێكی ژه‌نگگرتوی وه‌ستاكه‌ی ده‌رهێنا و كاغه‌زێكی نوشتاوه‌ی لێك كرده‌وه و به‌رله‌وه‌ی ده‌ست به‌نوسین بكات ، به‌حاڵه‌تێكی تێكه‌ڵ به‌ترسه‌وه سه‌رنجێكی دایه ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌كان و چه‌ندجارێك له‌و شه‌مایله‌ی – كه له نێوان دو تاقچه‌ی پڕ له‌قاڵبی پێڵاو – به‌دیواره‌كه‌وه هه‌ڵواسرابو، ورد بۆوه و ئاهێكی قوڵی پڕ له‌خه‌می هه‌ڵكێشا و له‌سه‌ر ئه‌و پارچه كاغه‌زه‌ی كه له‌سه‌ر نیمكێته‌كه پانی كردبۆوه و خۆشی له‌سه‌ر زه‌ویه‌كه چۆكی دادابون و به‌سه‌ریدا نوشتابۆه ، ده‌ستیكرد به‌نوسین: (باپیره‌ی خۆشه‌ویستم كۆنستانتین ماكاریچ! ئه‌م نامه‌یه بۆ تۆ ده‌نوسم ، جه‌ژنی له‌دایك بونی مه‌سیحت پیرۆز بێت ، خودا هه‌مو هیوا و ئاره‌زوه‌كانت به‌دیبێنێ ، خۆ من نه‌باوكم هه‌یه نه‌دایك! تۆ هه‌مو كه‌سێكی منیت! ).
له په‌نجه‌ره تاریكه‌كه – كه بڵێسه‌ی ڕوناكایی مۆمه‌كه به‌سه‌ریه‌وه سه‌مای ده‌كرد – وردبۆوه و له‌وده‌مه‌دا ، ڕوخسار و شێوه‌ی (كۆنستانتین ماكاریج) ی باپیری – كه‌شه‌وانه ئێشكی له ماڵی (ژیوارۆف) ده‌گرت – هێنایه به‌رچاوی خۆی.
باپیری ڤانكا ، پیره‌مێردێكی شه‌ست و پێنج ساڵه‌ی كورته‌باڵا و ڕه‌قه‌ڵه ، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا گورج و به‌ڕاپه‌ر بو، چاوانی خومار و هه‌میشه ده‌م به‌خه‌نده بو. شه‌وانه ، ئێشكی له‌ماڵی (ژیوارۆف) ده‌گرت و به‌ڕۆژه‌وه‌ش له ئاشپه‌زخانه‌كه ده‌نوست ، یان سه‌ری ده‌خسته سه‌ر كاره‌كه‌ره‌كان و ده‌یكرده گاڵته و پێكه‌نین.
شه‌وانه ، باڵتۆیه‌كی له‌چه‌رم دروستكراوی ده‌ڵبی له‌به‌ر ده‌كرد و به‌ده‌وری باخچه و خانوه‌كه‌ی ماڵی ژیوارۆفدا ده‌خولایه‌وه و به (دار خه‌به‌ر*) ه‌كانی ده‌ستی ، ده‌نگه ده‌نگ و ته‌قه ته‌قێكی زۆری وه‌ڕێ ده‌خست.
دو دانه سه‌گ ، كه‌یه‌كێكیان پیر بوو و نێوی (كاشتانكا) و ئه‌وه‌ی تریان كه سه‌گێكی ڕه‌ش و درێژ بوو و هه‌ركاتێ مرۆڤ چاوی پێبكه‌وتایه جانه‌وه‌ری (ڕاسۆ*) ی وه‌بیرده‌هاته‌وه و به‌و هۆیه‌وه‌شه‌وه نێویان لێنابو (ڤیۆن) ، هه‌میشه به‌دوایه‌وه بون.
ڤیۆن ، سه‌گێكی به‌وه‌فا و گوێڕایه‌ڵ بو ، له‌گه‌ڵ كه‌سانی نامۆ و غه‌ریبه‌شدا به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ی خۆمانه‌كان ، گوێ له‌مست بو. هه‌ربۆیه هیچ كه‌س نرخ و بایه‌خێكی ئه‌وتۆی بۆ دانه‌ده‌نا. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌توێی ئه‌و گوێڕایه‌ڵی و میهره‌بانیه‌یدا ، چه‌په‌ڵی و حه‌رامزاده‌ییه‌كی شاراوه ، به‌دی ده‌كرا. هیچ سه‌گێك به‌ئه‌ندازه‌ی وی نه‌یده‌توانی له كات وساتی خۆیدا ، دزانه هێرش به‌رێ و گاز له‌قاچ و قولی خه‌ڵك بگرێ ، یان شتێك له گه‌نجینه‌ی ماڵێ بڕفێنێ ، یان مریشكی موژیكێك بدزێ. ، چه‌ند جارێك داركاریه‌كی باش كرابو ، هه‌فته نه‌بو نه‌كه‌ونه گیانی و تا نیوه گیان ده‌بو تێڵا تڕێنی نه‌كه‌ن ، به‌ڵام دوباره گیانی وه‌به‌ر ده‌هاته‌وه و برینه‌كانی ساڕ‌ێژ ده‌بونه‌وه و سه‌رله‌نوێ قیت ده‌بۆوه.
ڤانكا ، شێوه و ڕوخساری باپیری هێنایه‌وه به‌رچاوی خۆی: له‌نزیك ده‌روازه‌ی باخچه‌كه ڕاوه‌ستاوه و به‌چاوانی خه‌واڵوه‌وه ده‌ڕِوانێته په‌نجه‌ره سور و دره‌وشاوه‌كانی كلیسای گونده‌كه ، چه‌كمه لبادیه‌كانی ئاڵوگۆڕ ده‌كات ، سه‌رمایه‌تی و له‌گه‌ڵ كاره‌كه‌ره‌كاندا كه‌وتۆته گاڵته پێكه‌نین ، كه‌شێكی خۆشی خوڵقاندوه و دارخه‌به‌ره‌كانی به‌كه‌مه‌ریه‌وه كردون و له‌سه‌رمان ده‌سته‌كانی لێك ده‌سوێ و پیره‌مێردانه له‌قاقای پێكه‌نین ده‌دا و جار جار كاره‌كه‌ره‌كه و جار جاریش ژنی چێشت لێنه‌ره‌كه ، ده‌اته به‌ر تانه و توانج و پیره‌مێردانه له‌قاقای پێكه‌نین ده‌دات. ئه‌مجا توتنه‌كه‌ی ده‌نێته به‌رلوتی ژنه‌كان و ده‌ڵێ: تۆزێك بۆنی ئه‌م توتنه بكه‌ن گه‌رم ده‌بنه‌وه. ژنه‌كانیش بۆنی ده‌كه‌ن و ده‌كه‌ونه پژمین. باپیره‌ش شاگه‌شكه ده‌بێ و له‌قاقای پێكه‌نین ده‌دات و هاوار ده‌كات: ورچ زا. دواتر قتوی توتنه‌كه‌ی ده‌خاته به‌رلوتی سه‌گه‌كان و كاشتانكا پژمین ده‌یگرێ و لمۆزی وه‌رده‌گێڕێ و به‌ڕه‌نجاویه‌وه له‌باپیره دورده‌كه‌وێته‌وه. به‌ڵام ڤیۆن به‌هۆی به‌وه‌فاییه‌كه‌یه‌وه به‌ر به‌پژمینی خۆی ده‌گرێ و ته‌نیا هه‌ندێك ده‌مولمۆزی ڕاده‌وه‌شێنی. كه‌ش و هه‌وایه‌كی خۆشی هه‌یه ، دونیا ساف و ئارام و سارده ، شه‌وێكی تاریكه و دره‌خته‌كان به به‌فر داپۆشراون ، سه‌رانسه‌ری سه‌ربانی خانوه‌كانی گونده‌كه ، به‌فر دایپۆشیون و دوكه‌ڵ له لوله‌ی سۆبه‌كانه‌وه به‌باقه دێنه ده‌رێ و پێچ ده‌خۆن و به‌ره‌وه ئاسمان هه‌ڵده‌كشێن. ئاسمان ، یه‌ك پارچه ئه‌ستێره‌یه و به‌شادیه‌وه ده‌تروسكێنه‌وه. ڕێگای كاكێشان ، هێنده ڕونه ده‌ڵێی به‌ر له جه‌ژنی كریسمس ، به‌به‌فر شوشتویانه و وه‌بریسكه‌یان خستوه …
ڤانكا ، ئاهێكی هه‌ڵكێشا و سه‌ری قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی له‌مه‌ره‌كه‌به‌كه هه‌ڵكێشا و ده‌ستی كرده‌وه به‌نوسین: (دوێنی لێیاندام ، خاوه‌ن كاره‌كه به‌پرچ ڕایكێشامه نێو حه‌وشه و به قامچیه‌كی چه‌رم هه‌مو له‌شی شین و مۆر كردمه‌وه ، ته‌نیا تاوانم ئه‌وه بو به‌ده‌م ڕاژه‌ندنی لانكی منداڵه پیسه‌كه‌یانه‌وه ، خه‌وم لێكه‌وتبو. هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ریش ژنه‌كه‌ی پێی گوتم ماسی بۆ خاوێن بكه‌مه‌وه و منیش نه‌مزانی و له‌كلكیه‌وه ده‌ستم به پاككردنه‌وه‌ی كرد ، ئیدی ئه‌وه‌بو ماسیه‌كه‌ی له‌ده‌ستم ده‌رهێنا و كێشای به‌سه‌رمدا. شاگرده‌كانیش سه‌ر ده‌نێنه سه‌رم و گاڵته‌م پێده‌كه‌ن. ده‌منێرن ڤۆدكایان بۆ بكڕم و زۆرم لێده‌كه‌ن له‌ماڵی وه‌ستاكه‌مان خه‌یارشۆریان بۆ بدزم. وه‌ستاكه‌شم ، به‌هه‌رچیه‌كی بكه‌وێته به‌ر ده‌ستی ده‌ستم لێناپارێزێ و ده‌كه‌وێته وێزه‌م. نان و ژه‌مه‌كانیش ئه‌وه هیچ! به‌یانیان پارچه‌یه‌ك نان ، نیوه‌ڕۆیان شیربرنج ، دوا نیوه‌ڕۆیانیش پارچه‌یه‌ك نان ، باسی چای و ئاو گۆشتیش هه‌رمه‌كه! ئه‌مه ته‌نیا خواردنی خۆیانه و خۆیان قوزه‌ڵه‌قورتی ده‌كه‌ن. شه‌وانه جێگام له‌داڵانه‌كه بۆ ڕاده‌خه‌ن. كاتێ منداڵه‌كه‌یان ده‌گری ، ده‌بێ بچمه سه‌ری و لانكه‌كه‌ی ڕاژێنم. خه‌وم هه‌ر نیه! بابه‌گه‌وره تو خودا به‌زه‌ییت پێم‌دا بێته‌وه و بمبه‌ره‌وه بۆ گونده‌كه‌ی خۆمان ، بمبه‌ره‌وه بۆ ماڵ ، ئیدی له‌توانامدا نه‌ماوه … قاچه‌كانت ماچ ده‌كه‌م! تكاكارم له‌خودا ئاگادارت بێت ، لێره ڕزگارمكه ، ده‌نا چیتر له‌توانامدا نه‌ماوه و ده‌مرم).
ڤانكا ، به به‌ری ده‌سته ڕه‌ش و چڵكنه‌كه‌ی ، چاوه‌كانی پاك كردنه‌وه و ئاهێكی هه‌ڵكێشا و به‌ده‌م هه‌نیسكی گریانه‌وه ، درێژه‌ی به‌نوسیندا: ( توتنت بۆ ورد ده‌كه‌م ، نزات بۆ ده‌كه‌م ، ئه‌گه‌ر كارێكی خراپم كرد ، تاده‌توانی لێمده! ئه‌گه‌ر پێشتوایه له‌وێ كارێكم وه‌گیر ناكه‌وێ ، ده‌چمه لای پێشكاره‌كه و به‌خودا و به‌مه‌سیح سوێندی ده‌ده‌م تا پێڵاوه‌كانی بۆ بۆیاغ بكه‌م ، یان له‌بری (فیدكا) ده‌چمه لای شوانه‌كان و له له‌وه‌ڕاندنی مه‌ڕه‌كاندا یارمه‌تیان ده‌ده‌م. بابه‌گه‌وره‌ی خۆشه‌ویستم! ئیدی من توانام نه‌ماوه … خه‌ریكه ده‌مرم … جاری وایه ده‌ڵێم بڕۆم هه‌ڵێم و خۆم ڕزگاركه‌م و خۆم بگه‌یه‌نمه‌وه گوند ، به‌ڵام پێڵاوم نیه ، زۆر له‌و سه‌هۆڵبه‌ندان و به‌سته‌ڵه‌كه‌ش ده‌ترسێم ، هه‌ركاتێ گه‌وره‌ش بوم وه‌ڵامی ئه‌م چاكه‌یه‌ت ده‌ده‌مه‌وه و به‌خێوت ده‌كه‌م و ناهێڵم كه‌س ئازارت پێبگه‌یه‌نێ. دوای مردنیشت نزای به‌خێرت بۆ ده‌كه‌م ، وه‌ك ئه‌و نزایانه‌ی كه بۆ پێڵاگێیای دایكم ده‌یانكه‌م. ئه‌گه‌ر له‌باره‌ی مۆسكۆشه‌وه ده‌پرسی ، مۆسكۆ زۆر گه‌وره‌یه ، ته‌واوی خان‌و و باڵه‌خانه‌كانی ئاغایانه‌ن. ئه‌سپێكی یه‌جگار زۆری لێیه ، به‌ڵام مه‌ڕت به‌رچاو ناكه‌وێ. سه‌گیشی زۆر لێن ، به‌ڵام بێ ئازارن و گاز له‌كه‌س ناگرن. لێره منداڵان له‌شه‌وی جه‌ژندا بۆ كۆكرنه‌وه‌ی پاره به‌كۆڵاناندا ناگه‌ڕێن. له‌نێو كلیساشدا غه‌ریبه‌كان بۆیان نیه خۆیان تێكه‌ڵی گروپی ئاواز خوێنه‌كان بكه‌ن. ڕۆژێكیان لێره ، له‌پشتی شوشه‌ی دوكانێكه‌وه جۆره قولابێكی ماسی گرتنم بینی به داره‌كه‌یه‌وه ده‌یانفرۆشت كه بۆ گرتنی هه‌مو جۆره ماسیه‌ك ده‌شیا ، به‌هێز و قایم. ته‌نانه‌ت قولابێكم بینی كه ده‌كرا ماسی (ئه‌سبێلا) ی سێ مه‌نیی پێبگریت. دوكانی واشی تێدایه جۆره‌ها تفه‌نگی فرۆشتنی تێدا ده‌فرۆشرێ. ته‌نانه‌ت تفه‌نگی وه‌ك تفه‌نگه‌كانی ئاغای دێیه‌كه‌ی خۆشمانی لێیه. كه له‌وانه‌یه نرخی هه‌ریه‌كێكیان سه‌د ڕۆبڵ بێت … له‌دوكانی گۆشت فرۆشه‌كانیشدا هه‌رچی گۆشتێكی تۆ ده‌ته‌وێ لێیه‌تی ، له‌گۆشتی كه‌ڵه‌شێری قه‌ره‌جه گه‌ڕۆكه‌كانه‌وه بگره تا گۆشتی سوێسكه و كه‌روێشك ، به‌ڵام گۆشت فرۆشه‌كان شوێنی ڕاوكردنیان به‌كه‌س ناڵێن … بابه‌گه‌وره‌ی خۆشه‌ویست ، كاتێ دره‌ختی جه‌ژن له‌ماڵی ئاغا ده‌ڕازێننه‌وه ، بیرت نه‌چێ گوێزێكی زێڕین له‌دره‌خته‌كه بكه‌ره‌وه و له سندوقه سه‌وزه‌كه‌ی خۆَتدا بۆم بشاره‌وه. به‌خانمه بچكۆله (ئۆلگا ئیگناتیۆڤنا) بڵی كه ئه‌و گوێزه‌ت بۆ منه).
ڤانكا ، ئاهێكی خه‌مناكی هه‌ڵكێشا و جارێكی تر چاوی بڕیه په‌نجه‌ره‌كه و بیری كه‌وته‌وه كه هه‌مو جارێ باپیری بۆ هێنانی دره‌ختی كریسمس ده‌چوه نێو جه‌نگه‌ڵ و ئه‌ویشی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌برد. چ ڕۆژگارێكی خۆش بو! هه‌م ده‌نگی باپیره ده‌بیسترا و هه‌م به‌فر له‌ژێر پێیدا ده‌كه‌وتنه قرچه‌قرچ ، هه‌م ڤانكاش له‌خۆشیان هاواری ده‌كرد. باپیره به‌رله‌وه‌ی دار كاژێك بۆ دره‌ختی كریسمس ببڕێته‌وه ، قه‌نه‌یه‌كی ساز ده‌كرد ، ماوه‌یه‌ك بۆنی به‌توتنه‌كه‌وه ده‌كرد و پێكه‌نینی به ڤانكا ده‌هات – كه له‌سه‌رمان دانه‌چۆقه‌ی پێكه‌وتبو. كاژه تازه هه‌ڵچوه به‌به‌فر داپۆشراوه‌كان ، چاوه‌ڕوانبون ئاخۆ له‌ونێوه‌دا كامه‌یان به‌زه‌ویدا ده‌درێ و ده‌بڕدرێته‌وه. له‌ناكاو كه‌روێشكێك له‌په‌نایه‌كه‌وه له‌نێو ئه‌و به‌فره‌دا ده‌رده‌په‌ڕی و … بابه‌گه‌وره‌ش ده‌یكرده هاتوهاوار به‌دوایدا: بیگره … بیگره … ئه‌ی شه‌یتانی كلك بڕاو!
دواتر داركاژه بڕاوه‌كه‌ی به‌ڕاكێش ڕاكێش ده‌هێنایه‌وه ماڵی ئاغا و دواتر ده‌كه‌وتنه ڕازاندنه‌وه‌ی. ئۆلگا ئیگناتیۆڤناش – بونه‌وه‌رێك كه ڤانكا له‌هه‌موان زیاتر هۆگری ببو – له‌هه‌موان زیاتر به جوانكردنی دره‌خته‌كه‌وه ماندو ده‌بو. ئه‌و كاته‌ی كه هێشتا دایكی ڤانكا نه‌مردبو و له‌ماڵی ئاغادا كاره‌كه‌ری ده‌كرد ، ئۆلگا هه‌میشه ئاونه‌باتی ده‌دایه و هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌شدا بو له‌به‌ر بێكاری ، فێری نوسین و خوێندنه‌وه و ژماردن هه‌تا سه‌د و ته‌نانه‌ت فێری سه‌مای كادریشی كرد. ئیدی ئه‌وه‌بو دوای مردنی دایكی ، ڤانكایان بۆ ژوری خزمه‌تكاره‌كان ، بۆ لای باپیری ڕه‌وانه كرد و دواتریش له‌وێوه ڕه‌وانه‌ی لای ئه‌لیاخینی سه‌ڕافیان كرد له مۆسكۆ …
ڤانكا ، ده‌ستی به‌نوسین كرده‌وه: ( باپیره‌ی خۆشه‌ویست ! توخوا وه‌ره بۆ ئێره و ڕزگارمكه! تۆ پیرۆزیی مه‌سیح وه‌ره و ڕزگارمكه! به‌زه‌ییه‌كت به‌منی هه‌تیوی كه‌ساسی به‌دبه‌ختدا بێته‌وه ، ڕۆژ نیه داركاریم نه‌كه‌ن! خه‌ریكه له‌برسان داده‌هه‌زێم! ئه‌وه‌نده دڵم پڕه له‌باسكردن نایه‌ت ، به‌رده‌وام ده‌گریم! له‌م ڕۆژانه‌دا وه‌ستاكه‌م قالبێكی پێڵاوی كێشا به‌سه‌رمدا ، كه‌وتمه سه‌ر زه‌وی ، ئاگام له‌خۆم بڕا ، به‌زۆر چاوی خۆمم كرده‌وه. ژیانم زۆر ناخۆشه، ژیانی سه‌گ زۆر له‌ژیانی من خۆشتره … سڵاوم بگه‌یه‌نه به (ئێلینا) و (یۆگۆركا) ی یه‌كچاو و گالیسكه‌ڕانه‌كه. مه‌هێڵه كه‌س ده‌سكاری ئۆكۆردیۆنه‌كه‌م بكات. نه‌وه‌ی خۆت / ئیڤان ژۆكۆڤ. توخودا زوتر وه‌ره و ڕزگارمكه).
ڤانكا ، دوای ئه‌وه‌ی نامه‌كه‌ی نوسی ، قه‌دی كرد و نوشتاندیه‌وه و كردیه ناو ئه‌و زه‌رفه‌ی كه ڕۆژی پێشتر به‌كۆبیكێك كڕیبوی … دوای كه‌مێك بیركردنه‌وه ، سه‌ری قه‌ڵه‌كه‌ی ته‌ڕ كرد و ناونیشانه‌كه‌ی له‌سه‌ر نوسی: بگاته خزمه‌تی بابه‌گه‌وره‌م له‌گوند … دوای ئه‌وه‌ی هه‌ندێك سه‌ری خوراند و هه‌ندێك بیری كرده‌وه ، لێی زیاد كرد: كۆنستانتین ماكاریج.
زۆر خۆشحاڵ بو له‌وه‌ی كه هیچ كه‌سێك له‌كاته‌دا نه‌هات و نه‌بوه ڕێگر له‌به‌رده‌م نوسینی نامه‌كه‌ی.
دواتر كڵاوه‌كه‌ی كرده سه‌ری و بێ ئه‌وه‌ی باڵتۆكه‌ی له‌به‌ركات ، به‌كراسێكه‌وه ، تا لای نزیكترین سندوقی پۆسته ڕایكرد …
شه‌وی ڕابردو ، پرسیاری له شاگرده‌كانی قه‌سابه‌كه‌ی سه‌ری كۆڵانه‌كه كردبو و ئه‌وانیش وه‌ڵامیان دابۆوه و گوتبویان ده‌بێ نامه بخرێته سندوقی پۆسته‌وه و پاشان چه‌ند ته‌ته‌رێك سندوقه‌كان ده‌كه‌نه‌وه و به‌سواری (ترۆیكا*) ی زه‌نگوڵه‌داره‌وه ، ئه‌گه‌ر تا ئه‌وسه‌ری دونیاش بێت ، نامه‌كه ده‌به‌ن و ده‌یگه‌یننه ده‌ستی ئه‌و كه‌سه‌ی كه بۆی ڕه‌وانه‌كراوه.
ڤانكا ، به‌ره‌و یه‌كه‌مین سندوقی پۆسته ڕایكرد و نامه به‌نرخ و خۆشه‌ویسته‌كه‌ی له‌درزی سندوقه‌كه‌وه ئاودیو كرد …
كاتژمێرێك دواتر ، به‌ئاوازی لایلایه‌ی ئومێدێكی شیرینه‌وه ، چوه نێو خه‌وێكی قوڵه‌وه…
له‌خه‌ونیدا: بابه گه‌وره له‌سه‌ر كوانویه‌كی به‌خشتی سور دروستكراو ، دانیشتبوو و قاچه ڕوته‌كانی شۆڕ كردبونه‌وه و نامه‌كه‌ی ئه‌وی بۆ كاره‌كه‌ره‌كان ده‌خوێنده‌وه … ڤیۆنیش به‌ته‌نیشت كوانوه‌كه‌دا ده‌هات و ده‌چو و كلكی ده‌له‌قاند…
(دار خه‌به‌ر*) دارێكه له‌شێوه‌ی كه‌وچك ، پاسه‌وان و ئیشكچیه‌كان ، جار جار شه‌وانه ده‌نگه ده‌نگێكی پێ دروست ده‌كه‌ن.
(ڕاسۆ*) مشكی خورما ، گیانه‌وه‌رێكی گوانداره ، له‌مشكی ماڵ گه‌وره‌تره ، ڕه‌نگی خۆڵه‌مێشیه‌كی تێكه‌ڵ به‌زه‌رده ، ده‌م و لمۆزێكی باریك و درێژی هه‌یه ، له‌ئاسیا و ئه‌فریقا و به‌تایبه‌تی هیندستان زۆره.
(ترۆیكا*) خێشكێكه به سێ ئه‌سپ ڕاده‌كێشرێ.
سه‌رچاوه / مجموعه اسار چخوف / داستانهای كوتاه / ترجمه سروژ استپانیان / انتشارات توس.
له فارسیه‌وه/ ئازاد نه‌جم