Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024

کاتژمێرێکی وەستاو … ئارام ئەحمەد

Closed
by February 8, 2013 ئەدەب

 

 

 

ئەوکاتەی دار نامۆیی ئەگرێ و

تریفەی بە قاچاخ ڕائەمووسێ حەسرەت

ڕەنگە بزانین کەی ئەمرم،

ئەی دەنگم تا کەی ئەمێنێ و،وێنەکانم تاکەی؟،

لە چاوی مێژودا ژیلەمۆی یادگاریەکانم،

چەندە ئەگەشێنەوە.

 

 

ئەو حەسرەتەی هەموو بەرەبەیانێ ڕۆحم ئەخوا

شەڕە لەگەڵ دۆزەخەکانی بوون،

ئەبوو بەرلە حەوت پشتم،بمردمایە

نەک ئێستا بەم هەموو لاسەنگییەوە،

گوێ لە زکری خورپە لاڵەکانی خۆم بگرم،

تا ئێستا نەم ئەمکردەوە بیر 

نەم ئەنووسی کەی ئەمرێ ” من” .

 

ئەفسووس و مەخلوقەکانی،لەگەڵ دەنگی من،

تاکەی بڕئەکەن؟،ئەی وێنەکانم تاکەی؟

خوێندنەوەیەکم بەنێ،

لەبەینی ژیانی پادشایەک و فاحیشەیەکدا

جیاوازیەک دانێ،

خواپەرستێک و بێخودایەک

شەقامەکان چۆڵ ئەکەن

کڵۆم هەموو دەرگایەک.

 

ئەوا ڕۆژەکانیش پیر بوون،پێکەنین گەدایی ئەکا،

ساڵ ڕەنگی خۆی بەخشییە تەنهایی

داڕوخا پایەکانی مانگ،چڵەکانی ئەستێرە

بەهەرزان فرۆشران،

هەمومان کوژاینەوە،سواوە هەموو ڕەنگێ،

هەتا لەبیرمان چۆتەوە چۆن پەپولە ئاو بدەین،

بەیانی وەک پێرێ و

ئەم خەڵکەش هەر باوێشک.

 

سوچێک بۆدانیشتن و دوواان لەگەڵ باران،

ماڵئاوایی وکەوتنەخوارەوەی خەوون،

فوارەیەک بە جوتێ باڵەوە،بێقەرار،

کۆڵانێک بۆ ڕۆیشتنی بای شەماڵ

تا کراسێک ئاودامان خۆی لە نەشئە هەڵکێشێ،

بوو بە ساویلکەیی،بوو بە بێبڕوایی ڕێگای نزیک بە دوور،

خۆ منیش هەر ئێوە ئەنووسمەوەو

سەرقاڵی میوانداریم لە کۆتر،

سەرەڕای توڕەبوونەکانم،

بەیانیان گوڵدانەکانتان بە باران ئاوس و

ئێوارانیش پێتان ئەڵێم

لێدانی دڵی باڵندە لە کاتی فڕینا،

ئازاری پشتی زەوی لەژێر پێی ئێوەدا

ماناکانی بێدەنگی لە جوانیدا.

 

هەموو ڕۆژێ شەو دێ،زەردەپەڕ مەست

زام گرینۆک و هۆگری مەنگ،

وەک چاوی گۆرانی بە پەنجەی تەڕەوە

وەک پەنجەرە کە پیر ئەبێ،

وەک تۆ کە ڕاڤەی تارماییەکت بۆ ناکرێ،بەسەر گومەزێکەوە

دەمامکی  نورانیەکت بۆ سیاڕۆ ناکرێ و هەر

ئاورنگ بە ئاگرو ژیان بە مەرگ و

دەمی کانی لە کاتی پژانا،بە سێڵاو ئەگۆڕیتەوە،

ئەویش هەزار ساڵە چاوی لەسەر کاتژمێرەکەیەتی،

ئێستاش نازانێ کە ئیش ناکا،

                        سەرشێت.

 

 

 

ئارام ئەحمەد / هۆڵەند

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.