کاردانه‌وه‌ی هز‌ر (فکر) له رۆمانی کوردی‌دا..
رۆمانی (شاری مۆسیقاره سپییه‌کان)ی به‌ختیار عه‌لی و (مامزێر)ی کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور وه‌ک دوو نموونه.
“ته‌واوی به‌رهه‌می بلیمه‌ته‌کان له ئه‌نجامی بیرکردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامه له نهێنی و ڕازه په‌نهانه‌کانی دونیا، به‌بێ هیچ مه‌رامێکی خودی و که‌سێتی، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش بلیمه‌ته‌کان خاوه‌نی ژیانێکی هزری تایبه‌ت به‌خۆیانن که له که‌سه ئاساییه‌کاندا به‌دی ناکرێت. ”
(شۆپنهاوه‌ر)
“له نێوان مێژووی کۆمه‌ڵایه‌تی و شیکردنه‌وه‌ی فه‌رمی (formal) بیره‌کاندا ڕێڕه‌وێک هه‌یه، ئه‌و ڕێڕه‌وه پێده‌چێت زۆر ته‌سک بێت، ئه‌و ڕاڕاوه مێژووی هزره‌کانه.” Technologies of the Self
(میشیل فوکۆ)
بوونی هز‌ر (فکر – Thought) له ئه‌ده‌بدا ما‌نای به کارهێنان، یان په‌نابردن نییه بۆ ڕه‌گه‌زێکی سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵکو هز‌ر هه‌میشه له تێکستی ئه‌ده‌بیدا ئاماده‌یه، مادام هه‌ردووکیان دیارده‌ی بوونی مرۆڤ و ئه‌زموونه‌کانی ئه‌و مرۆڤه له خۆیان ده‌گرن به هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانیانه‌وه. ئه‌مه‌ش ئه‌و پرۆبلیماتیکه‌ی نێوان ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه‌ی گه‌وره‌تر کردووه‌ته‌وه، چونکه پێوه‌ندیی ئه‌و دوانه به‌رده‌وام جێگای تێڕامان بووه، ته‌نانه‌ت ئاسان نییه تێکسته‌کانی (دانتی)، (ڕۆسۆ)، (نیتشه)، (کامۆ) و زۆری تر بخرێنه ژێر ناوی ئه‌ده‌ب یان فه‌لسه‌فه‌وه. ئه‌گه‌ر هه‌ر قووڵبوونه‌وه‌یه‌ک له‌ناو ئه‌ده‌بدا ئاڕاسته‌یه‌ک بێت به‌ره‌و فه‌لسه‌فه، ئه‌وا هه‌موو ڕوونبوونه‌وه‌یه‌ک له‌ناو فه‌لسه‌فه‌دا ئاڕاسته‌یه به‌ره‌و ئه‌ده‌ب، وه‌ک ده‌بینین هه‌میشه فه‌یله‌سووفان بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی تێزه‌کانیان په‌نایان بۆ تێکستی ئه‌ده‌بی بردووه، ته‌نانه‌ت هه‌تا ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌نابردنه نێگه‌تیڤیش بێت وه‌ک لای (پلاتۆ) بوونی هه‌یه، کاتێک شیعر به دوژمنی فه‌لسه‌فه ده‌زانێت، به‌وه‌ی شیعر سۆز و خرۆشان له خۆی ده‌گرێت. هه‌ر ئه‌و مه‌یله به شێوه‌یه‌کی تر لای (دیکارت) سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه، کاتێ ده‌یه‌وێت سنوور له‌نێوان ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه دابنێت، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر شێوازی (پلاتۆ) دژایه‌تیی شیعر و شاعیران ده‌کات. به هه‌رحاڵ ئه‌مه هیچ له‌و ڕاستییه ناگۆڕێت، که فه‌یله‌سووفان به‌رده‌وام له ڕێگای ئه‌ده‌به‌وه گوزارشتیان له بۆچوونه‌کانی خۆیان کردووه. بۆ نموونه له یۆنان فه‌یله‌سووفانی وه‌ک (هیراکلیتس) و (هۆمیرۆس) بۆچوونه فه‌لسه‌فییه‌کانی خۆیانیان به شیعر ده‌رده‌بڕی. (جۆهان هۆڵده‌رلین)ی هۆنه‌ر بێجگه له‌وه‌ی خۆی هه‌میشه په‌نای بۆ فه‌لسه‌فه ده‌برد، دواتر هه‌ر خۆیشی بووه سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگ بۆ هه‌ر یه‌کێ له (نیتشه)، (هایدگه‌ر) و (سارته‌ر). به‌رهه‌مه‌کانی (لامارتین) و (دۆیستۆڤسکی) و زۆری تریش به هه‌مان شێوه به‌رده‌وام سه‌رنجی فه‌یله‌سووفانیان ڕاکێشاوه، ته‌نانه‌ت (مارکس) به هه‌مان ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی خۆی بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی هزری ئه‌ده‌بی، خۆیشی له زۆربه‌ی تێکسته‌کانیدا په‌نای بۆ ئه‌ده‌ب و هونه‌ر بردووه. ئه‌مه بۆ (فرۆید)یش هه‌ر ڕاسته. به‌ڵام نه فه‌لسه‌فه ده‌توانێت هه‌میشه به ئه‌ندازه‌ی ئه‌ده‌ب ڕوون بێت و نه ئه‌ده‌بیش پێی ده‌کرێت به‌رده‌وام هێنده‌ی فه‌لسه‌فه قووڵ بێت، بۆیه هه‌ر یه‌که‌یان بۆ ناوه‌وه‌ی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌ده‌ب، که بابه‌تی ئێستای ئێمه‌یه بۆ ڕه‌گه‌زی وه‌ک سه‌رسامکردن، ئیکزۆتیک و میتافۆر ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌وه‌ی ئه‌مانه که‌ره‌سته‌ی بونیادنانی دنیای فانتازیان. کاتێ باس له بوونی هز‌ر ده‌کرێت له‌ناو تێکستێکی دیاریکراودا، ئه‌وه مه‌به‌ست له قووڵبوونه‌وه‌ی هزره له‌و تێکسته‌دا، ئه‌گینا وه‌کو پێشتر وتم هز‌ر هه‌موو کاتێک له‌ناو تێکستی ئه‌ده‌بیدا ئاماده‌یه. ئه‌وه‌ی ڕۆمانی (شاری مۆسیقاره سپییه‌کان)ی (به‌ختیار عه‌لی) و (مامزێر)ی (کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور) له تێکستی ئاسایی جیا ده‌کاته‌وه، ئه‌و قووڵبوونه‌وه‌یه له‌ناو هزردا و هه‌ر ئه‌مه‌شه وای کردووه ئه‌و دوو ڕۆمانه ببنه ته‌وه‌ری ئه‌م باسه‌ی من. پێم وایه ئه‌م جۆره تێکستانه له‌ناو ڕۆشنبیریی ئێمه‌دا نه‌ک هه‌ر به وردی ناخوێندرێنه‌وه، به‌ڵکو زۆرجار هه‌وڵی سڕینه‌وه‌شیان ده‌درێت، یان له چاکترین حاڵه‌تدا ده‌خرێنه په‌راوێزی هه‌ندێک تێکستی ساده‌وه. خاڵێکی تر، که ده‌بێت له ئێستاوه ئاماژه‌ی پێ بده‌م: پێوه‌ندیی نێوان هز‌ر و ته‌کنیکه، چونکه هه‌موو قووڵبوونه‌وه‌یه‌کی فه‌لسه‌فییانه له ئه‌ده‌بدا ما‌نای ئه‌فراندنی زمانێکی نوێ و هێنانی کۆمه‌ڵێک ته‌کنیکی نوێیه بۆ ناو ئه‌و تێکسته، چونکه ته‌کنیک ئه‌نجامی ئه‌و ئاڕاسته جیاوازانه‌یه، که هز‌ر و خه‌یاڵ به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به قووڵایی و نهێنییه‌کان، په‌نایان بۆ ده‌به‌ن. یان ده‌کرێت بڵێین ئه‌وه هزره و خه‌یاڵن له‌پاڵ زمانێکی کاریگه‌ردا ته‌کنیک هه‌م دروست ده‌که‌ن و هه‌م به کار ده‌هێنن، نه‌وه‌ک به پێچه‌وانه‌وه. لێره‌وه‌یه من بانگه‌شه‌ی هه‌ندێک نووسه‌ر به ڕاست نازانم، که به بێ ئه‌وه‌ی هیچ قووڵاییه‌کیان له ئه‌ده‌بدا هێنابێته کایه‌وه، باس له داهێنانی ته‌کنیکی نوێ ده‌که‌ن.
مامه‌ڵه‌کردنی رۆمان له به‌رانبه‌ر راستییه‌تیدا (واقیع)، ڕۆڵێکی گرنگی رۆماننووسه، چونکه له‌و ڕێگه‌یه‌وه رۆماننووس ده‌توانێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئیستاتیکا و کات و شوێنی رووداوه‌کاندا بکات، که ئه‌مه‌ش پێویستی به لایه‌نی زانین (Knowledge) و هزره‌وه هه‌یه. به‌بڕوای من دوو کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م دوو ڕۆمانه (جه‌لاده‌تی کۆتر)ی (شاری مۆسیقاره سپییه‌کان) و (مامزێر)ی ڕۆمانی (مامزێر) کاردانه‌وه‌یه‌کی قووڵی هزرییان به‌سه‌ره‌وه‌یه.
له رۆمانی (شاری مۆسیقاره سپییه‌کان)دا ته‌نیا کاره‌کته‌ر (جه‌لاده‌تی کۆتر) به نموونه ده‌هێنمه‌وه و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی کاردانه‌وه‌ی هز‌ر له رۆحی ئه‌م کاره‌کته‌ره ده‌ده‌م. له رۆمانی (مامزێر)دا ته‌نیا ئیشم له‌سه‌ر کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی کردووه، ئه‌گه‌رچی ئه‌م رۆمانه زمانێکی مه‌نه‌لۆگیی هه‌یه و ته‌نیا کاره‌کته‌رێک که ئه‌ویش (مامزێر)ـه، رۆڵی سه‌ره‌کی ده‌بینێت.
(جه‌لاده‌تی کۆتر) له‌پاڵ ئه‌وه‌ی دیوێکی ئه‌فسانه‌ییی قووڵی هه‌یه، له ڕێگای ئه‌و رووداو و کاره‌ساتانه‌یش، که به ده‌وریدا ڕایه‌ڵ کراون، کۆمه‌ڵێ ڕه‌هه‌ندی گه‌وره‌ی فه‌لسه‌فی به خۆیه‌وه گرتووه و وا پێویست ده‌کات بۆ لێکدانه‌وه‌ی هه‌ر یه‌کێکیان گه‌شتێک به‌ناو بواره‌کانی زانیندا بکه‌یت. (مامزێر) کاره‌کته‌رێکی هزرییه و هه‌ڵگری چه‌ندین ره‌هه‌ندی هزری جیاوازه، چونکه به‌ر له هه‌ر شتێک ئه‌و کاره‌کته‌ره مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ کێشه‌کانی (بوون)ی خۆی ده‌کات، له‌ناو مێژوو و ئه‌فسانه‌دا.
مامزێر:
ئه‌م رۆمانه له‌نێوان دوو دنیادایه، دنیای (ناوه‌وه‌ی کاره‌کته‌ر) که له ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه‌وه زمانی مه‌نه‌لۆگی دراوه‌ته پاڵ، له‌گه‌ڵ دنیای (ده‌ره‌وه‌ی کاره‌کته‌ر) که ئه‌مه به‌شی ده‌ره‌وه‌ی رووداوه‌کانی ناو خودی کاره‌کته‌ر مه‌یسه‌ر ده‌کات. دنیای خودی مامزێر، له ده‌ره‌وه‌ی فه‌زای شوێن و کاته، نه مێژووی دیاره و نه ئایینده، (ئێستا)ی ئه‌ویش بوونێکی گوماناوییه، به‌ڵام به هۆی ته‌کنیکه‌کانی گێڕانه‌وه “Techniques Narrative” دنیای کاره‌کته‌ر و ده‌ره‌وه‌ی کاره‌کته‌ر تێکه‌ڵ به یه‌کتر ده‌بن. به‌و هۆیه‌وه ده‌توانین بڵێین “مامزێر” کاره‌کته‌ر‌ێکه ته‌واو رواڵه‌تی راستییه‌تی لێ سه‌ندراوه‌ته‌وه و له فه‌زایه‌کی ئازاد‌دا ده‌ژیێت. له‌م ڕێگه‌یه‌وه ده‌توانێت گوزارشتی خودی (Self-expression) هه‌بێت به‌رانبه‌ر به شته‌کان. له هه‌مانکاتدا له فه‌زای میتافیزیکیی خۆیه‌وه ده‌ڕوانێت و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دنیای فیزیک ده‌کات. کۆنسێپت و فه‌نتازیای ئه‌م ڕۆمانه به کاره‌کته‌رێکه‌وه گرێ دراوه که خۆی سه‌رتاپای نوقمی ئه‌و کێشانه‌یه، که هز‌ر و فه‌لسه‌فه‌دا به درێژاییی چه‌ندین کاتی جیا جیا هه‌وڵی شیکردنه‌وه‌یانی داوه. “مامزێر” به هۆی ئه‌وه‌ی واتای “زۆڵ یان بیژی” ده‌دات، که‌سی “بیژی”یش کێشه‌ی له‌گه‌ڵ “بوون”ی خۆیدا هه‌یه، هه‌ر وه‌ک چۆن “بوون”ی ئێمه سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ئه‌و (نه‌هامه‌تی و زانین و ئاگایی و ئازار و. .. هتد)ــه، ئاواش کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌یه، چونکه هه‌موو کێشه‌کان له بوونی ئێمه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن. که‌واته هه‌موو ئه‌و کێشانه وایان کردووه دیوه‌کانی (مامزێر) پێوه‌ندییه‌کی پته‌ویان له‌گه‌ڵ هز‌ر و فه‌لسه‌فه‌دا هه‌بێت. هه‌رچه‌ند مرۆڤیش له راڤه‌کردنی ما‌نای بوونی خۆی قووڵتر ببێته‌وه، زیاتر نهێنییه‌کانی بۆ ده‌رده‌که‌وێت و تووشی سه‌ره‌داوی هزری ئاڵۆزتر ده‌بێت، هه‌روه‌ک چۆن له هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌دا هه‌ر گرێچینه و گرچینێکی تری به‌دوادا دێت. دوای کێشه‌کانی بوون، ئه‌و پێوه‌ندییه ده‌چێته ئاستی دیاریکردنی ناوه‌رۆک و گیان و ناخی مرۆڤ. وا له خواره‌وه به درێژی ئاماژه‌ی پێ ده‌ده‌م.
(بوون) و راڤه جیاوازه‌کان، ده‌رخستنی ناوه‌رۆک و گرنگی گیان، به‌رجه‌سته‌بوونیان به (مامزێر)ی کاره‌کته‌ر:
“له دارستان ده‌نگێک، که وای ده‌رده‌خست هی باوکمه، چاکتر وایه بڵێم هی کۆنه مێردی دایکمه و به زمانی سه‌روو پێی ده‌وتم: تۆ نه‌خوڵقاویت… نه‌خێر، نه‌خێر، تۆ نه‌خوڵقاویت… هه‌ر له ئه‌زه‌لا بوونت نییه… به‌ڵام ئه‌گه‌ر وا ده‌زانی گیانت له‌به‌ره، ئه‌وا که‌سێکی زۆڵی… “، “له ڕۆمانه‌که‌وه”
ئه‌گه‌ر (بوون) خۆی به‌سه‌ر میتافیزیکای (ئه‌ریستۆ)دا زاڵ کردووه، ئه‌وا له‌به‌ر ئه‌وه نییه، که (ئه‌ریستۆ) شیکارییه‌کی ته‌واوی له‌باره‌یه‌وه داوه، به‌ڵکو پێوه‌ندیی به‌و ئاڵۆزی و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه هزرییه‌وه هه‌یه، که (بوون) هه‌ڵگریه‌تی. به هه‌مان شێوه (دیکارت) بنچینه‌ی فه‌لسه‌فه‌که‌ی خۆ له‌سه‌ر شیکردنه‌وه‌ی (بوون) دامه‌زراندووه، ئه‌و له ڕێگه‌ی گومانکردن له بوون ده‌مانخاته به‌رده‌م هۆشیاربوونه‌وه‌وه، چونکه لای ئه‌و گومانکردن به‌رزترین پله‌ی هۆشیاربوونه‌وه‌یه. هه‌ر (دیکارت)یشه چاره‌سه‌ری ئه‌و گومانکردنه‌مان بۆ ده‌دۆزێته‌وه له به‌رانبه‌ر(بوون)دا، بۆیه ده‌ڵێت: (من بیر ده‌که‌مه‌وه، که‌واته هه‌م). (دیکارت) ویستوویه‌تی ئه‌و پێوه‌ندییه نهێنیه له نێوان (بوون) و (نه‌بوون)دا بدۆزێته‌وه. باشترین ڕێگه‌ش گومانکردن بووه، چونکه ئێمه ته‌نیا له ڕێگه‌ی گومانه‌وه ده‌توانین راستی خودی (Self – fact) به‌رجه‌سته بکه‌ین. نابێت ئه‌وه‌شمان بیر بچێت که (دیکارت)، (بوون) به بیرکردنه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
(بوون) له لای (نیتشه) ره‌هه‌ندێکی تراژیدی وه‌رده‌گرێت، بنچینه‌ی بوونیش بۆ هیچ (nihil) ده‌گه‌ڕێنێته‌وه. لای (هایدیگه‌ر)یش بوون بنه‌ڕه‌تی هه‌موو شته‌کانی له‌سه‌ر بنیاد نراوه.
به‌ڵام ئه‌و ده‌نگه‌ی له دراستان که هی باوکی (مامزێر)ــه و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی لێ ده‌کات که ئه‌و نه‌ئافراوه و هه‌ر له ئه‌زه‌لا بوونی نییه، ئه‌وا ما‌نای وایه (مامزێر) که‌وتۆته نێوان دنیای (بوون) و (نه‌بوون)ه‌وه. بۆیه (بوون) ده‌بێته پرسیاری سه‌ره‌کیی (مامزێر)، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی که (هایدیگه‌ر) له کتێی (بوون و کات – Being And Time) ئه‌وه‌مان به‌سه‌ردا ده‌سه‌په‌نێت، که پێویسته (بوون) بکرێته پرسیارێکی سه‌ره‌کی. به‌ڵام (مامزێر) (بوون)ی خۆی به کۆی ره‌هه‌نده‌کانیه‌وه لێ ونه، که‌واته به هه‌مان شێوه مامه‌ڵه له‌گه‌ر (نه‌بوون)یشدا ده‌کات. هه‌ر وه‌ک (هایدیگه‌ر) ره‌خنه له‌وه ده‌گرێت که بۆچی (نه‌بوون)یش نه‌بۆته جێگه‌ی پرسیار؟ دوای ئه‌مه مامه‌ڵه‌کردنه‌که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاستی ناوه‌رۆک، ئه‌و به‌شه‌ی ناوه‌رۆکه‌ی که (مامزێر) ده‌یه‌وێت له ڕێگه‌ی ڕابردووه‌وه بدۆزێته‌وه، هه‌ر وه‌ک ده‌ڵێت:
” سه‌یر ئه‌وه‌یه من هیچ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کم له‌وه‌ی پێشووم ناچێت… هه‌ر جارێ سه‌ربرده‌یه‌ک بۆ خۆم هه‌ڵده‌به‌ستم و واده‌زانم ئیتر ته‌واو ژیانم ئاوایه، که‌چی هێنده‌ی پێناچێت پاشگه‌ز ده‌بمه‌وه و به شێوه‌یه‌کی جیاوازتر ڕابردووم داده‌ڕێژمه‌وه… “
(هایدیگه‌ر) پێی وایه بوونی مرۆڤ پێش ناوه‌ڕۆک ده‌که‌وێت و ناوه‌ڕۆک له بوونی دایه. به‌ڵام (ڕابردوو) که به‌شێکی دانه‌بڕاوی ناوه‌ڕۆکه، کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌یه لای (مامزێر)، چونکه هه‌ر وه‌ک شێوه‌یه‌کی تارمایی و نادیاری هه‌یه. به‌ڵام له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م په‌ره‌گرافه‌وه بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که (مامزێر) خۆی ناوه‌ڕۆکی خۆی دیاری ده‌کات. ئه‌مه‌ش به‌رجه‌سته‌بوونی ئه‌و ره‌هه‌نده تێگه‌یشتنه‌یه له بوون، که ده‌کرێت به چه‌ندین شێوه روانینی جیا جیای بۆ بکرێت، چونکه مرۆڤ تێگه‌یشتنی بۆ شته‌کان هه‌یه و تاکه گیاندارێکه بیر له بوونی خۆی بکاته‌وه و ده‌توانێت بڕیار بۆ پڕۆژه جیاوازه‌کانی خۆی بدات. (E. J. Lowe) له کتێبی (The Four-Category Ontology: A Metaphysical Foundation for Natural Science) ئه‌و پرسیاره ده‌ورژێنێت که بۆچی پێویسته ئێمه له ئاستی بوونی خۆمان، ئه‌گه‌ر که‌میش بێت، بزانین؟ هه‌ر ئه‌ویشه بۆ شیکردنه‌وه‌ی (Category Ontology – بابه‌تی بوونناسی) که له‌و کتێبه‌دا پێوه‌ندیی لایه‌نی بنچینه‌ی میتافیزیکا و ده‌رخستنی سرووشتی، به شێوه‌یه‌کی بنچینه‌یی داده‌مه‌زرێنێت. شیکردنه‌وه‌ی (بوون) لای (کانت) به‌سه‌ر (فێمونه و نومیه) دابه‌ش ده‌بێت، واته لایه‌نی دیار و نادیار، که (مارتین هایدیگه‌ر) به‌ته‌واوی لایه‌نی (نومیه) ڕه‌ت ده‌کاته‌وه. لایه‌نی (فینۆمیه) لای (هوسره‌ل) په‌ره ده‌ستێنێت، تا ئه‌و ئاسته‌ی که ده‌بێته زانستێکی سه‌ربه‌خۆ و شیکردنه‌وه له دیارده‌ی ده‌رکه‌وته‌ی (بوون) واته (فینۆمێنۆلۆجیا – phenomenology).
به‌ڵام کێشه‌ی (بوون) له رۆحی (مامزێر) ته‌نیا له‌سه‌ر یه‌ک دوو میتۆدی دیاریکراو ناوه‌ستێت، به‌ڵکو گه‌شتێکه به‌ناو زۆربه‌ی ئه‌و میتۆدانه‌ی شیکاری به‌رانبه‌ربه (بوون) داده‌نێن. بۆ نموونه سه‌ره‌تای کێشه‌ی (بوون) به هه‌ڕه‌شه‌کردنی ده‌نگی ناو دارستان ده‌ست پێ ده‌کات، کاتێ فه‌رمانی ئه‌وه‌ی به‌سه‌ردا ده‌دات که هه‌ر له ئه‌زلا نه‌بووه. ئینجا (مامزێر) خۆی گومان له خۆیدا ده‌کات. دواتر کێشه‌ی ناوه‌رۆک و چه‌ندین لایه‌نی ترمان رووبه‌روو ده‌بێته‌وه. پاشانیش ترسان له کۆتایی و فۆبیای مه‌رگ و بیرکردنه‌وه له قیامه‌ت. که ئه‌مه‌شیان ما‌نای وایه ئه‌م کاره‌کته‌ره گه‌شتێک به‌ناو هه‌موو ئه‌و هز‌ر و بیرۆکانه ده‌کات که له‌به‌رانبه‌ر(بوون)دا بوونیان هه‌یه. بۆ نموونه له‌م دێره‌ی خواروه، (بوون) ده‌چێته ئاستی جێگۆڕکێ، بۆیه ده‌ڵێت:
“ڕه‌نگه منیش ئه‌م ژیانه هی خۆم نه‌بێت… یاخود ده‌شێ ژیانی منیان به به‌ر که‌سێکی تردا کردبێت و رۆحی یه‌کێکی تریان خستبێته جه‌سته‌ی منه‌وه”.
له پاشاندا بازدان هه‌یه به‌سه‌ر دیاریکردنی فۆرم و ناوه‌رۆکی جه‌سته و گیان. هه‌ر وه‌ک هاتووه:
“جل فۆرمی جه‌سته‌یه، به‌ڵام جه‌سته فۆرمی ڕۆح نییه… “
به‌بڕوای (پلاتۆ) جه‌سته گۆڕستانی گیانه، هه‌ر ئه‌و جه‌سته‌یه‌ی ده‌بێته به‌شێک له کوشتنی گیان و نهێنییه‌کانی. به هه‌مان شێوه (دێکارت) بوونی مرۆڤی به سه‌ر (جه‌سته، گیان)دا دابه‌ش کردووه. ئه‌و پێی وایه مرۆڤ ده‌توانێت به بێ جه‌سته هه‌بێت، به‌ڵام ناتوانێت به‌بێ گیان بوونی هه‌بێت. (کانت)یش پێی وایه ئه‌و جه‌سته‌یه به‌ربه‌سته له‌وه‌ی ئێمه له ڕێگه‌ی گیانه‌وه ئه‌وانی دیکه بناسین. به‌ڵام (ئه‌ریستۆ) بڕوای وایه گیان به‌شێکی دانه‌بڕاوی جه‌سته‌یه.
له‌م دێڕه‌ی ئه‌م رۆمانه‌دا، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که فۆرمی جه‌سته دیاری کراوه، که جله، به‌ڵام ئه‌و جه‌سته‌یه به هیچ شێوه‌یه‌ک نابێته فۆرمی گیان، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌لاله‌ت له مانا شاراوه‌کانی گیان بکات.
هه‌ر پاش ئه‌م دێره هاتووه:
” ڕۆح له‌ناو بینین دایه، نه‌ک له‌ناو جه‌سته… ئه‌وه “بینین”ـه کاتێ ده‌که‌وێته سه‌ر جه‌سته، ڕۆحی تێدا ده‌خوڵقێنێت و هاوکاتیش ماهییه‌تی ئه‌و ڕۆحه ده‌رده‌خات… پێمان ده‌ڵێت ئه‌م جه‌سته‌یه جوانییمان پێ ده‌به‌خشێت و ئه‌وی دیکه‌یان شێواوه و قێزمان ده‌کاته‌وه… ئه‌مه‌یان جه‌سته‌یه‌کی دوژمنانه‌یه و ئه‌وه‌یان جه‌سته‌یه‌کی دۆستانه‌یه… هه‌ر “بینین”یشه زه‌مه‌نه‌کانی ئه‌و جه‌سته‌یه‌مان بۆ ده‌رده‌خات…”
ئه‌م په‌ره‌گرافه هه‌ڵگری چه‌ندین شیکردنه‌وه‌ی جیاوازی هزرییه، بۆ نموونه ئێمه ده‌که‌وینه به‌رده‌م کێشه‌ی دنیای ده‌رکه‌وته و دنیای ناوه‌وه. (پلاتۆ) دنیای ده‌رکه‌وته به دنیای سێبه‌ره‌کانی ناو ئه‌شکه‌وته‌که‌ی ده‌شوبهێنێت. به بڕاوی (شۆپنهاوه‌ر) ئه‌وه هه‌سته‌کانی ئێمه‌ن شت ده‌ئافرێنن و ته‌نیا بینینی ئێمه مانا به شته‌کان ده‌دات. که‌واته هه‌رشتێک، که بوونی هه‌یه له ئه‌نجامی بینینه. به هه‌مان شێوه گیان ناوه‌رۆکی شته‌کان دیاری ده‌کات، چونکه هه‌ستی بینینی گیان هه‌ڵگری گشت ما‌نای ئه‌و شتانه‌یه که له ده‌وروبه‌رماندا هه‌ن. ئه‌گه‌رچی (کانت) له لایه‌ن (شۆپنهاوه‌ر)ه‌وه ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گیرێت، به هۆی ئه‌وه‌ی که (کانت) باوه‌ڕی وایه شته‌کان خۆیان هه‌ڵگری مانان. پاشان وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌م په‌ره‌گرافه‌دا هاتووه بینین توانای دیارخستنی کاته‌کانی (زه‌مه‌نه‌کانی) جه‌سته‌ی هه‌یه، که‌واته جه‌سته وا ده‌رخراوه که له‌گه‌ڵ کات و شوێن گۆڕانکاریی به خۆیه‌وه ده‌بینێت و به‌شێکه لێیان. به‌ڵام گیان چونکه له‌ناو زیندانی جه‌سته‌دا گیری خواردوه، ئه‌وا بوونێکه له ده‌ره‌وه‌ی کات و شوێن، ئه‌گه‌رچی به هۆی جه‌سته‌وه په‌یوه‌ست بووه پێیان. (پلاتۆ) بڕوای وایه گیان پێش ئه‌وه‌ی بێته ناو جه‌سته بوونی هه‌بووه، به‌ڵام ئێمه بیرمان ده‌چێت، که پێشتر ئه‌م گیانه‌ی ئێمه چی بینیوه. به‌ڵام له‌م رۆمانه‌دا مه‌ودای ئه‌و گریمانه‌یه‌ش به‌رجه‌سته کراوه بۆ نموونه له ئه‌فسانه‌ی ئه‌سپه باڵداره‌کاندا هاتووه:
“زۆر جار مرۆڤ ده‌چێته شوێنێک و وا ده‌زانێت پێشتر بینیویه‌تی… “
پاش هه‌موو ئه‌مانه (مامزێر) به‌ناو کێشه‌کانی تری بوونیدا قووڵ ده‌بێته‌وه. بۆیه له ڕێگه‌ی وشه‌وه سومبولی ماناکان ده‌ئافرێت. له شوێنێکدا (مامزێر) ده‌ڵێت:
“ئێستایش ئه‌وه‌ی له‌ناو قه‌فه‌زه‌که‌دا ئازارم ده‌دات، ئه‌وه نییه، که من دیلم و نازانم چاره‌نووسم به کوێ ده‌گات، به‌ڵکو ئه‌و رووتییه‌یه، بۆیه ده‌ڵێم خۆزگه توند توند چاویان ده‌به‌ستم، وه‌کو چۆن له ڕێگا چاوی سه‌رجه‌م دیله‌کانی دیکه‌یان به‌ستبوو…”
رووتی وه‌کو ئه‌و ره‌هه‌نده‌ی که ماناکانی جه‌سته‌ی پێ په‌رده‌پۆش ناکرێت و له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه توانای خۆده‌رخستنی گیان زیاتر ده‌بێت، چونکه له شوێنێکی تردا مامزێر ده‌ڵێت:
“جلوبه‌رگ قاوغێکی سیحراوییه، جه‌سته زیاتر ئاشکرا ده‌کات و ڕۆح هێنده‌ی تر ده‌شارێته‌وه… “
که‌واته له ڕێگه‌ی رووتییه‌وه زه‌مینه‌ی قووڵبوونه‌وه بۆ ناو خود زیاتر ده‌ره‌خسێت، چونکه له رووتیدا مرۆڤ ئه‌و شێوه سرووشتییه‌یه که بۆته هه‌وێنی ژیانی، به‌ڵام پۆشین سومبولی شاردنه‌وه و ده‌رنه‌خستنی گیانه. (کاروان کاکه‌سوور) به‌مه‌شه‌وه ناوه‌ستێت، به‌ڵکو (مامزێر) له قه‌فه‌ز ده‌کات، چونکه به‌ر له هه‌رشتێک دیل و ده‌ستبه‌سه‌ره، هه‌موو ئه‌وانه‌ی که دیلیشن مه‌ودوای له‌ناوخۆ ژیانیان زیاتره و له‌و ڕێگه‌یه‌وه ته‌نیا ده‌بێت وتووێژ له‌گه‌ڵ خودی خۆیاند بکه‌ن، به‌مه‌ش زمانی کاره‌کته‌ر ده‌بێته زمانێکی مه‌نه‌لۆگی، له‌و ڕێگه‌یه‌ش کاره‌کته‌ر باس له خۆی ده‌کات و تا قووڵاییی کێشه و رۆحی خۆی ده‌چێت. (ئه‌دۆرنۆ) له‌کاتێکدا ره‌خنه له (سارته‌ر) ده‌گرێت، که هه‌لومه‌رجی ئه‌و کات و شوێنه‌ی، که کاره‌کته‌رکانی (سارته‌ر) تێیدا ده‌ژییان، پێویستی به زنجیرکردنی کاره‌کته‌ره‌کانی هه‌بوو، له کاتێکدا (سارته‌ر) ئه‌مه‌ی نه‌کردووه. به‌ڵام (مامزێر) له قه‌فه‌ز کراوه، چونکه قه‌فه‌ز سومبولی ئه‌و بارودۆخه خودییه‌ی (مامزێر)ــه، له‌هه‌مانکاتدا دیاریکردنی ئه‌و کات و شوێنه‌ی کاره‌کته‌ره. له ئه‌نجامی ئه‌وه‌وه، کاره‌کته‌ر هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی زمانێک ده‌دات تاکو گوزارشت له ئازاره‌کانی بکات، هه‌ر وه‌ک ده‌ڵێت:
“که‌واته من ئێستا ئازاری ئاره‌زووی نووسین له‌هه‌ر کاتێکی دی زیاتر هه‌ڵمده‌قرچێنێت… “
زمانی نووسین لای (جاک دێریدا) له‌هه‌مانکاتدا زمانی ئاخاوتنیشه. به‌ڵام کاتێک ئه‌و ئاخاتنه ده‌بێته کرداری گوزارشتکردن له ئازار، ئه‌وا ئه‌رکی زمان گواستنه‌وه‌ی ئه‌و سومبول و هێمایانه‌یه که گیانی کاره‌کته‌ر هه‌ڵگریه‌تی. (مامزێر) له‌ناو ئازارێکی قووڵدا ده‌ژیێت و نووسین وه‌ک به‌شێک له ئازار نیشان ده‌دات. (دێریدا) له وه‌ڵامی پرسیارێکدا ده‌ڵێت:
“زمان خۆی له ژیاندایه و نووسین به‌شێکی مردووی زمانه”.
به هه‌مان شێوه (مامزێر) ده‌یه‌وێت ئازار به زمان بنووسێته‌وه. به‌ڵام ئه‌و پرسیاره‌ی به هه‌ڵپه‌سێردراوی ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه‌یه، ئایا (مامزێر) له دنیای (بوون)دا ئه‌م وته‌یه ده‌ڵێت، یان که‌وتۆته دنیای (نه‌بوون)ه‌وه.. ؟
لایه‌نێکی تری هزری، که به شێوه‌یه‌کی ناراسته‌وخۆ له ڕێگه‌ی مێژوو و میتیۆلۆژیا به کاره‌کته‌ره‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه، تێکه‌ڵکردنی مرۆڤ و بێ‌گیان، مرۆڤ و ئاژه‌ڵه. که ئه‌مه‌ش زیاتر پێوه‌ندیی به بینین و تێڕامانی کاره‌کته‌ره‌وه هه‌یه. ده‌توانین ئه‌م په‌ره‌گرافه به نموونه بهێنینه‌وه:
” جار جار ئه‌سپه‌کان سه‌ریان له‌و ئاوێنه‌یه ده‌رده‌هێنا و ده‌یانحیلاند… له‌ناو ژووره‌که‌دا ده‌نگی ده‌دایه‌وه و وامده‌زانی له ئه‌شکه‌وتدام… ”
ئه‌سپ ئاژه‌ڵێکی گیانداره، به‌ڵام ئاوێنه بێگیانه، به هه‌مان شێوه ئه‌و ئه‌سپانه‌ی له‌و ئاوێنه دێنه ده‌ره‌وه بێگیانن، ته‌نیا له‌ڕێگه‌ی تێڕامانه‌وه گیانیان پێ ده‌به‌خشرێت. لێره‌دا بێ‌گیان و گیاندار تێکه‌ڵ کراون. دواتر کاتێک ده‌نگیان، ده‌نگ ده‌داته‌وه کاره‌کته‌ر وا هه‌ست ده‌کات له ئه‌شکه‌وتدایه، ئه‌م دێره پێوه‌ندیی به‌و لایه‌نه بیره‌وه‌رییه‌وه هه‌یه، که له گیانی کاره‌کته‌ردایه. هه‌ر ئه‌و بیره‌وه‌رییه‌ی، که (پلاتۆ) پێی وایه له‌ناو گیانی ئێمه دایه پێش ئه‌وه‌ی رۆحمان بێته ناو جه‌سته‌وه.
چه‌ند دێرێکی تر دوای ئه‌مه هاتووه:
” ورده ورده ته‌مێک ئه‌و ناوه‌ی داده‌پۆشی و سووک سووک دیمه‌نی ژووره‌که‌م، ڕاستتر بڵێم ئه‌شکه‌وته‌که‌م لێ ده‌گۆرا… جه‌سته‌ی دایکمم به حاڵ ده‌بینی و هێواش هێواش ده‌توایه‌وه… کاتێکم زانی وا ته‌نیا قژی ڕه‌شی به چاکی دیار ماوه… ده‌توت باڵنده‌یه‌کی خورافییه و نزم نزم هه‌ڵده‌فڕێت… ”
له‌م په‌ره‌گرافه‌دا (مامزێر) به‌ره‌و ناو خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه، چونکه له ڕێگه‌ی کۆنتاکی شوێن به ڕامانه‌وه، ئیتر ئه‌و زه‌مینه‌یه دێته کایه‌وه، که به شێوه‌یه‌کی فانتازی گه‌شتی ناو گیانی خۆی بکات. به هه‌مان شێوه قژی دایکی که شتێکی بێگیانه، له بینینی (مامزێر)دا ده‌بێته گیانله‌به‌رێکی خورافی (superstition)، ئه‌مه‌ش به‌خشینی گیانه به شته بێگیانه‌کان.
به‌خشینی گیان به شته بێگیانه‌کان و تێکه‌ڵکردنی مرۆڤ و بێ‌گیان، ڕه‌هه‌ندێکی ئێجگار گه‌وره‌ی هزرییه، چونکه دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و پێوه‌ندییه نهێنییه‌یه، که له‌نێوان شته‌کاندا بوونیان هه‌یه، تا ئه‌و ئاسته‌ی کۆنتاک له‌گه‌ڵ تێڕامانی مرۆڤه‌وه ده‌که‌ن. به‌ڵام دواتر ئه‌م ڕه‌هه‌نده هزرییه لایه‌نی زیاتر له خۆ ده‌گرێت، بۆ نموونه به‌خشینی گیان به حاڵه‌ته ده‌روونییه‌کانی ناو ناخی مرۆڤ. ئه‌مه‌ش تێگه‌یشتنمان له‌و حاڵه‌تانه‌دا له ئاستی بێ‌گیان ده‌گه‌یه‌نێته ئاستێکی گیاندار. له په‌ره‌گرافێکدا هاتووه:
” دوایی بۆم ده‌رکه‌وت “خه‌وزڕان” حاڵه‌ت نییه، نه‌خۆشی نییه، خوو نییه، به‌ڵکو بوونه‌وه‌رێکه و خۆی به خاوه‌نی هه‌موو مافه‌کانی ژیان ده‌زانێت… “.
هه‌موو ئه‌و پێوه‌ندیانه قووڵمان ده‌که‌نه‌وه له ماهیه‌ت و ناوه‌رۆکی گیان و بینینی ئه‌و پێوه‌ندییه نهێنییانه‌ی، که کۆنتاکێکن له‌گه‌ڵ شته‌کانی ده‌وروبه‌رماندا.
ڕه‌هه‌ندێکی تری هزری، که پێوه‌ندییه‌کی رادیکاڵی له‌گه‌ڵ ماهیه‌ت و ژیانی مرۆڤدا هه‌یه، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ مێژوو و له‌وێوه گواستنه‌وه‌ی وێنه و ڕووداوه‌کانی مێژووه بۆ ناو ناوه‌رۆکی مرۆڤ. هه‌رچی لایه‌نی ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه پێوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ ناوه‌وه‌ی مرۆڤدا هه‌یه، که له (مامزێر)دا به قووڵی به‌رجه‌سته کراوه. بۆ نموونه له شوێنێکدا (مامزێر) ده‌ڵێت:
” هاوکات به‌بێ ئه‌وه‌ی بمه‌وێت بیر له‌و ورچانه ده‌که‌مه‌وه، که له سه‌رده‌مه زۆر زووه‌کان له‌ناو ئه‌شکه‌وته‌کاندا ده‌ژییان و مرۆڤی سه‌ره‌تایی نه‌یده‌وێرا لێیان نزیک بکه‌وێته‌وه، تا ئه‌و کاته‌ی ئاگری دۆزییه‌وه و ده‌ریپه‌ڕاندن… له‌مه‌وه خۆی جێگای ئه‌وانی گرته‌وه… ”
ئه‌مه لایه‌نێکه پێوه‌ندیی به ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌وه هه‌یه، واته کۆنتاکێکه له نێوان ناخی مرۆڤ و گواستنه‌وه‌ی بۆ ئاستی کردار بۆ ده‌ره‌وه و به‌کارهێنانی له‌به‌رانبه‌ر ئاژه‌ڵدا، بۆ شوێنگرتنی.
له په‌ره‌گرافی دوای ئه‌مه‌شدا هاتووه:
” به‌ڵام منی ڕووتوقووت زه‌حمه‌ته ئه‌و ئاگره بدۆزمه‌وه و بچمه ناو ئه‌شکه‌وتی ناخی خۆمه‌وه، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و ورچانه یه‌ک یه‌ک بکه‌مه ده‌رێ… ”
له‌مه‌وه بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که کرداری ده‌ره‌وه بۆ ناوه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، به شێوه‌یه‌کی جیاوازتر ده‌توانین بڵێین، کاتێک شتێک له ناوه‌وه‌ی مرۆڤدا هه‌یه تاوه‌کو نه‌بێته کردار بۆ ده‌ره‌وه‌ی خودی، ئه‌وا ناتوانین هه‌ستی پێ بکه‌ین. به پێی هزری ئه‌م وته‌یه، کاتێک مرۆڤ ورچی له ئه‌شکه‌وته‌کان ده‌رکرد، ئه‌وسا ده‌زانێت که کۆمه‌ڵێک ورچیش له ناخی خۆیدا هه‌ن و پێویسته ده‌ریان بکات. له دیدی (مامزێر)ه‌وه ده‌رکردنی ورچه‌کانی ناخ زۆر قورستره له ده‌رکردنی ورچه‌کانی ئه‌شکه‌وتی ده‌ره‌وه‌ی ناخ. نابێت بیریشمان بچێت که له‌ڕێگه‌ی (مامزێر)ه‌وه ئه‌و هزره بوونی هه‌یه که ناخی مرۆڤ وه‌کو ئه‌شکه‌وت یان سه‌رزه‌مێنێکی قووڵ نیشان بدرێت. به‌ڵام به هۆی هێزی هێنانه‌به‌رچاو (imagination) توانای مرۆڤه‌کان ده‌گۆڕێت. له‌و روانینه‌ی (مامزێر)ه‌وه ئێمه ده‌گه‌ینه ئه‌و لایه‌نه هزرییه‌ی کاتێ مرۆڤ له ڕێگه‌ی هۆشه‌وه ده‌ستی به زانین (knowledge) ده‌گات، که ئاگره، ئه‌وا ئه‌و لایه‌نی زانینه وای لێ ده‌کات ئاره‌زووه‌کانی مرۆڤ بۆ داگیرکردن و ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی شوێنی گیاندارانی دیکه‌ی سرووشتی لا دروست بێت، که‌واته ئه‌مه سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌قڵه. به بڕوای فه‌یله‌سووفه‌کانی (پۆست مۆدێرن) ئه‌وه هۆش (عقل) بوو بووه هۆی ئه‌و هه‌موو جه‌نگ و کوشتارانه‌ی، که مرۆڤ له ڕێگه‌ی زانینه‌وه ئه‌نجامی دان. (کانت) پێی وایه ده‌بێت هۆش سنووری خۆی بزانێت و لێی ده‌رنه‌چێت. ترسی راسته‌قینه له ته‌کنه‌لۆجیا وه‌ک یه‌کێک له گرنگترین دیارده‌کانی مۆدێرنیته له (نیتشه)ه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات، که ڕه‌خنه له هۆش و زانستی نوێ ده‌گرێت، به‌وه‌ی خودی مرۆڤ ده‌شێوێنێت و ناهێڵێت هه‌ست به سێنترالیه‌تیی خۆی بکات له گه‌ردووندا. ئه‌و ڕه‌شبینییه‌ی (نیتشه) له ئاستی تازه‌گه‌ریدا (modernity) هه‌یه‌تی بۆ لای (هایدیگه‌ر) درێژ ده‌بێته‌وه و ئه‌ویش به ده‌وری خۆی ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گرێت و پێی وایه مرۆڤ له‌ناو مۆدێرنیته کۆمه‌ڵێک بت به‌رهه‌م ده‌هێنێت. دواتر ئه‌قڵ و ئه‌قلانییه‌ت لای (فۆکۆ) ده‌که‌ونه به‌ر ڕه‌خنه‌ی توندتره‌وه، چونکه به بڕوای ئه‌و ئه‌قڵ ئامێرێکه بۆ سه‌رکوتکردن و دروستکردنی زیندان و سیستمی چاودێری و دامه‌زراندنی نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌قڵی. ته‌نانه‌ت (ماکس ڤیبه‌ر) له‌پاڵ ئه‌و هه‌موو سه‌رسامییه‌ی، که له به‌رانبه‌ر هۆش و ئه‌قڵانییه‌تدا هه‌یبوو، به‌ڵام هاوکات ترسی خۆیشی له‌مانه و له ته‌کنه‌لۆجیا نه‌ده‌شارده‌وه. کتێبی (ئیتیکی پرۆتستانتی و ڕۆحی سه‌رمایه‌داری)یشی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ته‌رخان کردووه، به‌ڵام هه‌ر له‌وێدا ئه‌و ترسه‌ی خۆی ئاشکرا ده‌کات، که له ئه‌نجامی زۆریی به‌رهه‌مهێنان و گه‌وره‌بوونی ئه‌قڵانییه‌تدا بیرۆکراتیزم زیاد ده‌بێت و ئه‌م دنیایه بۆ مرۆڤ ده‌بێته قه‌فه‌زێکی ئاسنین. مه‌به‌ستی من ئه‌وه نییه باسه‌که‌م بۆ بابه‌تی مۆدێرنێته و پۆستمۆدێرنته ئاڕاسته بکه‌م، به‌ڵکو ته‌نیا ده‌مه‌وێت ئاماژه به دووفاقیی زانست بده‌م، که لێره‌دا ده‌یبه‌ستمه‌وه به‌و ترسه‌ی (مامزێر) له ئاستی دنیای نوێ‌دا هه‌ستی پێ ده‌کات. تۆ بڵێی ئه‌و قه‌فه‌زه‌ی به ڕووتی خراوه‌ته ناوی، هه‌ر ئه‌و قه‌فه‌زه ئاسنینه نه‌بێت، که (ماکس ڤیبه‌ر) پێشبینیی کردووه؟ له‌م ڕووه‌وه ده‌ڵێت:
” من ده‌زانم ئه‌گه‌ر ئاگریشم هه‌بێت، نازانم به کاری بهێنم و سه‌رتاپای ئه‌شکه‌وته‌که ده‌سووتێنم… “
ئه‌گه‌ر سه‌رنجیش بده‌ین، ده‌بینین (مامزێر) له‌نێوان دوو دنیا دایه، دنیایه‌ک که ده‌ستی ته‌کنه‌لۆجیای پێ نه‌گه‌یشتووه، هه‌ر له‌و دنیایه‌دا کێشه‌کانی بوون و تێکه‌ڵکردنی بێگان و گیاندار، مرۆڤ به ئاژه‌ڵه‌وه لایه‌نی به‌ستنه‌وه‌ی مێژوو و میتیۆلۆژیا (مامزێر)یان گه‌مارۆ داوه. به‌ڵام دنیای دووه‌م، ئه‌و دنیایه‌یه که له ژێر مه‌ترسیی ته‌کنه‌لۆجیا دایه، دواتریش ئه‌و دنیایه‌ی (مامزێر) له ڕێگه‌ی ته‌کنه‌لۆجیاوه پێی ده‌گات، ته‌واو ماناکانی لێ ده‌شێوێنێت و ئاره‌زووی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ژیانی پێشووتری ده‌کات. که‌واته (مامزێر)یش هه‌ر وه‌کو (نیتشه)، (هایدیگه‌ر)، (فۆکۆ) و (دێریدا) ترسی له دۆزه‌خی له ته‌کنه‌لۆجیا هه‌یه وه‌ک یه‌کێک له دیارده به‌رچاوه‌کانی ئه‌قڵانییه‌ت (rationalsim)و مۆدێرنیته (modernity).
رۆمانی شاری مۆسیقاره سپییه‌کان:
ئه‌م رۆمانه سه‌ربورده‌ی ده‌یان چیرۆکی کاره‌ساتئامێزه، که هه‌موویان له چوارچێوه‌ی جه‌نگ و کوشتاردا کۆ بوونه‌ته‌وه. (جه‌لاده‌تی کۆتر) ئه‌و کاره‌کته‌ره ئه‌فسانه‌ییه‌یه، که له ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه ئێمه به‌سه‌رهاتی ئه‌و مرۆڤانه ده‌بیستین، چیرۆکی هه‌ر یه‌که‌یان به شێوه‌یه‌کی جیاواز له‌ناو ئه‌و ئازار و نه‌هامه‌تییه گه‌ورانه‌دا ئاڕاسته کراون. سه‌ره‌تا ده‌بێت بڵێم ئه‌رکی خۆم لێره‌دا ته‌نیا له‌وه‌دا ده‌بینمه‌وه، که به پێی ئیتمۆسفێری خودی خۆم، ماناکان شی بکه‌مه‌وه. هه‌ڵگری كشت په‌یام و حیکایه‌ته‌کان (جه‌لاده‌تی کۆتر)ــه، به‌ڵام له ڕووی زمانی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌که، ئه‌وا ئێمه ده‌که‌وینه به‌رده‌م کاره‌کته‌رێکی چیرۆک‌نووس، که ناوی (عه‌لی شه‌ره‌فیار)ــه. ئه‌مه‌ش مه‌ودای دیالۆگ و چوونه نێو تێکسته‌که‌ی ڕه‌خساندووه، چونکه له ڕێگه‌ی زمانی گێڕانه‌وه‌ی (عه‌لی شه‌ره‌فیار) و (جه‌لاده‌تی کۆتر)، پێوه‌ندیی نێوان خوێنه‌ر و تێکست له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی زۆر پێرفێکت ده‌بێت. (جه‌لاده‌تی کۆتر) کاره‌کته‌رێکی زمانحاڵه له‌نێوان جوانی و دزێوی، ژیان و مه‌رگ، جه‌لاد و قوربانی و… تاد، له سه‌رده‌مێکدا که هه‌موو مرۆڤه‌کان له‌و داوه‌دا گیریان خواردبوو، هه‌ر وه‌ک خۆیشی ده‌ڵێت:
“هیچ شتێک له‌وه سه‌ختتر نییه ببیت به زمانحاڵی قوربانییه‌کان له سه‌رده‌مێکدا هه‌موو مرۆڤه‌کان، هه‌تا جه‌لاده‌کانیش خۆیان به قوربانی ده‌زانن”.
دیاره ئه‌رکی شاهید لێره‌دا که‌وتووه‌ته سه‌ر شانی شایه‌تحاڵێک، که خۆی له‌ناو ڕووداوه‌کاندا ژیاوه و کاره‌ساته‌کانی بینیووه، جگه له‌وه‌ی خۆیشی یه‌کێکه له قوربانییه‌کان. بۆ ئه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان به نه‌مری بمێنێنه‌وه، ئه‌وا کاره‌کته‌ر وه‌ک شایته‌حاڵێکی ناو کاره‌ساته‌کان ڕووداوه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه. لایه‌نه‌ێکی تر، که ماناکانی ئه‌م تێکسته‌ی به‌رفراوانتر کردووه‌ته‌وه، که تێیدا ئێمه هه‌ست به باگراوندێکی هزری بکه‌ین، (مۆسیقا)یه، چونکه به‌و هۆیه‌وه رۆماننووس وا له کاره‌کته‌ره‌کانی ده‌کات زیاتر له ناخی خۆیاندا قووڵ ببنه‌وه و هه‌ر لێره‌شه‌وه کاریگه‌ریی کات و شوێن له‌سه‌ر ئیستاتیکا و ڕوانینی مرۆڤ ده‌رده‌خات. هه‌ر وه‌ک چۆن (نیتشه) پێی وایه ژیان بێ مۆسیقا هه‌ڵه‌یه‌که. من له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا ته‌نیا له‌سه‌ر گوته و ڕوانینه‌کانی (جه‌لاده‌تی کۆتر)ی کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی ڕۆمانه‌که وه‌ستاوم. ئه‌گه‌رچی دیالۆگ له‌م رۆمانه‌دا پانتاییه‌کی به‌رفروانی داگیر کردووه، به‌ڵام به هه‌مان شێوه ته‌نیا گوته‌کانی (جه‌لاده‌ت) وه‌رگیراون. وه‌کوتر له لایه‌نی ئاماژه‌ش به کار هاتووه، بۆ ئه‌و دیالۆگانه‌ی که له‌گه‌ڵ (جه‌لاده‌تی کۆتر)دا کراون.
ده‌ستپێکردنی گه‌شتێکی درێژ، ئافراندنی مانا، به‌رجه‌سته‌بوونی هز‌ر به (جه‌لاده‌تی کۆتر)
“ئینسان له‌به‌رده‌م سێ سه‌فه‌ری گه‌وره دایه سه‌فه‌رێکیان بۆ ناو سرووشت و سه‌فه‌رێکیان بۆ ئاسمان و سه‌فه‌رێکیان بۆ ناو خۆی” له رۆمانه‌که‌وه.. (ئیسحاقی لێوزێرین)ی کاره‌کته‌ر.
کاتێک (ئیسحاقی لێوزێرین) (جه‌لاده‌تی کۆتر) و (سه‌رهه‌نگ قاسم)، که دوو قوتابیی مویزکژه‌نی ئه‌ون، ده‌خاته به‌رده‌م ئه‌م سێ سه‌فه‌ره ڕۆحیانییه‌وه، دواتر خوێندن و فێربوونی وانه‌کانی مۆسیقا، ئه‌وا سه‌ره‌تای گه‌شتێکی درێژ به‌نێو ماناکان ده‌ست پێ ده‌کات. فێربوونی مۆسیقا سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی میتافۆریه‌ته لای (جه‌لاده‌ت)، که دواتر له به‌شه‌کانی تری رۆمانه‌که‌دا به شێوه‌یه‌کی به‌رفراوانتر به‌رجه‌سته‌ی کاره‌کته‌ر کراوه، له ڕێگه‌ی مۆسیقاوه (جه‌لاده‌ت و مامۆستا و هاوڕێکه‌ی) چه‌ندین موعجیزه ده‌ئافرێنن، وه‌کو چاککردنه‌وه‌ی نه‌خۆشه‌کان و به جووڵه‌خستنه‌وه‌ی پیره‌مێردێکی ئیفلیج، که به‌ده‌م لێدانی موزیکه‌وه سه‌ما ده‌کات، فڕین به‌سه‌ر دره‌خته‌کان و په‌ڕینه‌وه له گۆمی گه‌وره… هتد، هه‌موو ئه‌مانه ڕوویه‌کی ئه‌فسانه‌یی وه‌رده‌گرن، که دواتر وا ده‌کات (جه‌لاده‌تی کۆتر) ببێته خاوه‌ن ڕوویه‌کی ئه‌فسانه‌یی. ئه‌گه‌ر هه‌تبا و (جه‌لاده‌تی کۆتر) ئه‌و ڕووه ئه‌فسانه‌ییه‌ی نه‌بووایه، ئه‌وا ماناکان به‌و شێوه به‌رجه‌سته نه‌ده‌بوون، چونکه له ڕێگه‌ی ئه‌فسانه‌وه زۆرێک له به‌ربه‌سته‌کانی راستییه‌تی تێک شکێندراون، که وای کردووه خوێندنه‌وه و تێکشاندنی بونیادی مێژوو و راستییه‌تی به شێوه‌یه‌کی بنچینه‌یی کاری له‌سه‌ر بکرێت. نموونه‌ی ئاوا له به‌رهه‌مه‌کانی تری ئه‌ده‌بی جیهانییش هه‌ن، وه‌کو (ئه‌فسانه‌ی سیزیف)ی (ئه‌لبێرت کامۆ)، که له ڕێگه‌ی ئه‌و کاره‌کته‌ره ئه‌فسانه‌ییه‌وه، (کامۆ) توانیویه‌تی ما‌نای هزری وه‌کو (بێمانایی و پووچی، ژیاندۆستی، مردن… هتد) بئافرێنێت. هه‌ر له‌م گه‌شتانه‌یه، که (ئیسحاقی لێوزێڕین)، (جه‌لاده‌تی کۆتر) و (سه‌رهه‌نگ قاسم) ده‌که‌ونه ته‌ڵه‌ی که‌مینێکی به‌عس، له‌وێوه چیرۆکی له‌ناوبردنی هاوڕێکانی و بریندارکردنی (جه‌لاده‌ت) ده‌ست پێ ده‌کات، که دواتر له شاری (ته‌پوتۆزه زه‌رده‌کان) یان (سۆزانییه غه‌مگینه‌کان)دا خۆی ده‌بینێته‌وه، بۆیه ناچار ده‌بێت مۆسیقا له بیر خۆی بباته‌وه، چونکه به‌ر له هه‌ر شتێک مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر ژیانی. له‌وێدا ما‌نای کاریگه‌ریی کات و شوێن له‌سه‌ر کاره‌کته‌ر ده‌رخراوه. بیرچوونه‌وه‌ی مۆسیقا به هۆکاری شوێن و کات، دیارخه‌ری کوژرانی جوانییه (به ما‌نای دیوه مرۆڤدۆستییه‌که‌ی کاره‌کته‌ر)، له هه‌مانکاتدا نیشاندانی ئه‌و شێوه دزێوییه‌ی شوێن و کاته‌یه له‌سه‌ر ویستی مرۆڤدا. (جه‌لاده‌تی کۆتر) دوای بیرچوونه‌وه‌ی مۆسیقا ده‌ڵێت:
“له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا بووم به مرۆڤێکی تر که به ده‌گمه‌ن ڕوخساری ڕاسته‌قینه‌ی جه‌لاده‌تی کۆتری تیا‌بوو، به ئه‌سته‌م سێبه‌ری ئه‌و مرۆڤه‌ت تیا ده‌بینییه‌وه که حه‌زی له مۆسیقا و بڵندگه‌رایی و فڕین و یاریکردن بوو له‌گه‌ڵ جاویددا، ”
له‌م په‌ره‌گرافه‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت دیوی ڕاسته‌قینه‌ی (جه‌لاده‌ت) به هۆی ئه‌و کات و شوێنه‌ی، که تێیاندا ژیاوه، ون بووه. به هه‌مان شێوه مۆسیقا وه‌ک هێزێکی ڕفێنه‌ری گیانی نیشان دراوه، که وابه‌سته‌ی جاویدانییه. بیرچوونه‌وه‌ی مۆسیقا سه‌ره‌تای له‌نێوچوونی زمانی میتافۆریه‌تی کاره‌کته‌ره، هه‌ر وه‌ک (نیتشه) بڕوای وایه مۆسیقا به‌رزترین شێوازی میتافۆره و ده‌توانین له رێگه‌یه‌وه به ڕاستی بوون بگه‌ین. هه‌ر به هۆی بیرچوونه‌وه‌ی مۆسیقاشه که (جه‌لاده‌تی کۆتر) توانای خۆرزگارکردنی له به‌ربه‌سته‌کانی کات و شوێن نییه و به‌و شێوه ترسناکه کات و شوێن ئه‌و کاریگه‌ریه قووڵانه‌ی له‌سه‌ر جێ ده‌هێڵن. به بڕاوی (شۆپنهاوه‌ر) ئێمه ته‌نیا به هۆی هونه‌ره‌وه ده‌توانین بۆ چه‌ند ساتێک له به‌ربه‌سته‌کانی کات و شوێن و ئازاره‌کانیان رزگار ببین، به‌و هۆیه‌وه له دنیای هه‌مووان هه‌ڵدێین و توانای که‌وتنه نێو دنیایه‌کی خودیمان ده‌بێت. بۆیه به هۆی بیرچوونه‌وه‌ی مۆسیقاوه (به‌ختیار عه‌لی) توانیویه‌تی (جه‌لاده‌تی کۆتر) وا لێ بکات تا قووڵاییی ئه‌و کات و شوێنه ڕوو بچێت، که کاره‌کته‌ر تێیاندا ده‌ژیێت.
هه‌ر له‌وێدا بۆ یه‌که‌مجار شه‌یدای (عا‌شقی) (دالیا سیراجه‌دین)ی سۆزانی ده‌بێت، به جۆرێکی زۆر سه‌خت، به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی هه‌رزه‌کارانه. به بڕاوی (شۆپنهاوه‌ر) شه‌یدابوون نه‌هامه‌تییه و له هه‌موو شه‌هوه‌ته‌کانی تر به‌هێزتره، ته‌نانه‌ت زۆرجار شه‌یدایی له دوای ژیاندۆستییه‌وه دێت، شه‌یدایی بابه‌تێکی زۆر گرنگه، ئامانجه‌که‌شی ته‌نیا و ته‌نیا به‌رده‌وامیی ژیانه له‌سه‌ر ئه‌م خاکه ره‌شه‌دا. که‌واته ڕووداوی شه‌یدابوونی (جه‌لاده‌تی کۆتر) دیوێکی هزریی کاره‌کته‌ره، چونکه له ڕێگه‌ی ئه‌و هۆگربوونه (جه‌لاده‌ت) توانیویه‌تی له‌و خاکه ره‌شه‌ی شاری (سۆزانییه غه‌مگینه‌کان) بمێنێته‌وه. به هه‌مان شێوه شه‌یدایی تاکه هێزێکه، که وای کردووه (جه‌لاده‌تی کۆتر) پێوه‌ندیی به خۆیه‌وه نه‌پچرێت. وه‌کوتر کاره‌کته‌ر له تیاترۆخانه‌ی (پرته‌قاڵی سپی) که ده‌بێته ئه‌ندامی تیپێکی مۆسیقا و کچه سۆزانییه‌کان ده‌خاته سه‌ما، ئه‌وا به‌شێکی گه‌وره‌ی ژیانی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی له ده‌ست ده‌دات. هه‌ر وه‌کو خۆی ده‌ڵێت:
“مرۆڤ ته‌نیا له ساتی عه‌شقدا ناتوانێت ئه‌کته‌ر بێت، ئه‌و ساته‌ی لێده‌رچێت له کۆی ساته‌کانی تری زینده‌گیدا مرۆڤ ئه‌کته‌ره و که‌سیش هه‌ستی پێ ناکات. من له پرته‌قاڵی سپی ئه‌کته‌رێکی گه‌وره بووم، ته‌نیا شتی ڕاسته‌قینه له ژیانمدا ئه‌و عه‌شقه نهێنییه بوو که بۆ دالیا له دڵمدا بوو، ”
زانیمان بیرچوونه‌وه‌ی مۆسیقا به‌شێک بوو له دۆڕاندنی گیانی کاره‌کته‌ر به کات و شوێن، به‌ڵام له ڕێگه‌ی شه‌یداییه‌وه (جه‌لاده‌تی کۆتر) توانیویه‌تی به‌شێک له خودی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی بپارێزێت، به‌و شێوه‌یه‌ش کاره‌کته‌ر به‌شێکی تری راسته‌قینه‌ی خودی خۆی وه‌رگرتۆته‌وه، به‌ڵام پاش رۆیشتن له شاری (سۆزانییه غه‌مگینه‌کان)، (جه‌لاده‌ت) زیاتر هه‌ست به له‌ده‌ستدانی خۆی ده‌کات، بۆیه ده‌یه‌وێت خۆی بدۆزێته‌وه، هه‌ر وه‌ک خۆیشی ده‌ڵێت:
“ده‌مویست به دوای خۆمدا بگه‌ڕێم، به‌دوای جه‌لاده‌تی ڕاسته‌قینه‌دا، جه‌لاده‌تێک له بیابانه‌کانی باشووردا مردبوو. “
دیاره له‌م دێڕه‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، که شوێن وای له (جه‌لاده‌تی کۆتر) کردبوو به‌شێکی گه‌وره‌ی خۆی ون بکات. که‌واته به‌ر له هه‌ر شتێک کاره‌کته‌ر یه‌کێکه له قوربانییه‌کانی ئه‌و کات و شوێنه‌ی تێیاندا ژیاوه. دواجاریش به هۆی ئه‌وه‌ی کاره‌کته‌ر ده‌بێته قوربانی، هه‌رگیز ناتوانێت به‌و شێوه‌ی جارانی بژیێت، هه‌ر وه‌کو (ڤۆلڤگانگ سۆفسکی)ی کۆمه‌ڵناس ده‌ڵێت: “هیچ قوربانییه‌ک دوای ڕزگاربوونی نابێته‌وه به‌و که‌سه‌ی که پێشتر هه‌بووه”. به‌ڵام ئاره‌زووی خۆدۆزینه‌وه یه‌کێکه له ئامانجه‌کانی (جه‌لاده‌تی کۆتر)، تا دواجار به چه‌ندین قۆناغی جیا جیادا ده‌ڕوات، بۆ نموونه ئه‌و کاته‌ی له‌گه‌ڵ (سامیری بابلی) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ باکوور، (جه‌لاده‌ت) چه‌ندین باڵنده له‌سه‌ر سه‌ری خۆی ده‌بینێت، به‌ڵام کاتێک بۆ (سامیری بابلی)ی باس ده‌کات، ئه‌وا ئه‌و هیچ نابینێت، بۆیه حیکایه‌تخوان (عه‌لی شه‌ره‌فیار) له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
“سامیری بابلی که ناتوانێت ئه‌و باڵدارانه ببینێت، پێیده‌ڵێت: ئه‌وانه سه‌ره‌تای شێتبوونی تۆن. گه‌ر بزانین شێتبوون لای سامیری بابلی سه‌ره‌تای گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤه بۆ عه‌قڵ، سه‌ره‌تای هۆشیاری مرۆڤه به ما‌نای ڕاسته‌قینه‌ی ژیان. تێده‌گه‌ین که سامیر ئاگاداری ئه‌وه‌یه جه‌لاده‌تی کۆتر له‌سه‌ر ڕێگایه‌کی گه‌وره‌ی خۆدۆزینه‌وه‌دایه. “.
یه‌کێک له‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی (فوکۆ) به‌رانبه‌ر به مۆدێرنه ئه‌وه‌یه که ته‌نیا هۆشمه‌نده‌کان پێگه‌یه‌کی گه‌وره‌یان هه‌یه، به پێچه‌وانه‌وه هه‌رچی شێته‌کانن له دامێنی په‌راوێزن، (فوکۆ) له‌باره‌ی شێته‌کانه‌وه ده‌ڵێت: “شێته‌کان خودانی هه‌ڕه‌مه‌کی تایبه‌تن سه‌باره‌ت به‌و کاته سه‌ربه‌خۆیه‌ی (سه‌ربه‌خۆیی به ما‌نای ده‌رچوون له سنووری دیاریکراوی نه‌ریت) هۆشمه‌نده‌کان له بێئاگایدا خۆشی لێ ده‌بینن”. پێم وایه (جه‌لاده‌ت) خاوه‌نی ئه‌و هه‌ڕه‌مه‌کییه‌یه، که (فوکۆ) ئاماژه‌ی پێ داوه، چونکه هه‌ر له‌و شێتییه‌دایه، که هه‌ڵگره ئه‌و فره‌دیویه‌ی هزرییه. به‌ڵام ئه‌و باڵندانه‌ی که به‌شێکن له (جه‌لاده‌تی کۆتر)، ئه‌وا پێوه‌ندییان به‌و لایه‌نه شاراوه‌ی ناخی کاره‌کته‌ره‌وه هه‌یه، ئه‌و باڵندانه شێوه‌یه‌کی تری ناوه‌وه‌ی (جه‌لاده‌ت)ن، یان ئه‌و ئه‌سپه باڵداره سپییانه‌ی که بۆ (شاری مۆسیقاره سپییه‌کان)ی ده‌به‌ن، یان له شاری (ته‌پوتۆزه زه‌رده‌کان “سۆزانییه غه‌مگینه‌کان”) ده‌یهێننه‌وه باکوور، دیوێکی ئه‌فسانه‌یی و ئه‌ندێشه‌یی کاره‌کته‌رن.
هه‌ر له شاری (سۆزانییه غه‌مگینه‌کان)دا، (جه‌لاده‌ت) له ڕێگه‌ی مه‌ستییه‌وه، به دیدێکی پووچگه‌راییانه ده‌ڕوانێته ژیان و به‌هاکانی، ئه‌مه‌ش زیاتر له‌و کاته‌دا ده‌رده‌که‌وێت، که به (ئوستاز فه‌همی)، ئه‌و مامۆستایه‌ی مۆسیقای بیر (جه‌لاده‌ت) بردبووه‌وه، ده‌ڵێت:
“ژیان بژی و شه‌ڕابه‌که‌ت هه‌ڵده، هه‌موو مۆسیقای دونیا ئه‌و ساته ناهێنێت که به مه‌ستی ده‌چیته سه‌ر مێزێک و بوتڵێک ده‌گریت به‌ده‌سته‌وه و هه‌ڵیده‌ده‌یت مۆسیقا هه‌ر عه‌زابێکی ڕووته تێیهه‌ڵده ئوستاز… تێیهه‌ڵده. میز بکه به مۆزراتدا و بژی. “
ئه‌م ڕوانینه پووچگه‌راییه به‌ده‌ر نییه له دیدگا هزرییه‌ی کاره‌کته‌ر، چونکه له‌و روانگه‌یه‌وه تواندراوه قووڵبوونه‌وه به‌ناو شوێن و کات، له‌گه‌ڵ خودبینیی کاره‌کته‌ر، ده‌ربخرێت. (نیتشه) کاتێک ده‌ستی بۆ دامه‌زراندنی میتافیزیکێکی نوێ برد و له‌وێدا خوای به ده‌ستی مرۆڤ مراند، هه‌ر له‌پاڵ ئه‌م میتافیزیکییه‌شدا پووچگه‌رایی ده‌کاته به‌شێکی دانه‌بڕاو لێی. له‌م ڕێگه‌یه‌وه توانیویه‌تی میتافیزیکایه نوێیه‌که‌ی به هه‌موو مانا بنچینه‌ییه‌کان بنیاد بنێت. له‌م ڕوانینه‌ی (جه‌لاده‌تی کۆتر)دا، ویستی به‌رده‌وامی بۆ ژیان هه‌یه، نه‌وه‌ک چۆنیه‌تیی ژیان. (شۆپنهاوه‌ر) پێی وایه ئه‌م په‌یوه‌ستبوونه له ژیان تا کاتێک بوونی هه‌یه که مرۆڤ په‌یڕه‌وی ئیراده کوێر و نائاگاکه‌ی ده‌کات، به‌ڵام کاتێک مرۆڤ به ئاگا دێته‌وه، ئه‌وا به‌رانبه‌ر به ژیان بێ متمانه ده‌بێت و دلێرانه ڕووبه‌ڕووی مه‌رگ ده‌بێته‌وه.
لایه‌نێکی تری (جه‌لاده‌تی کۆتر) ئه‌رکی په‌یامبه‌رییه، که وای کردووه ئه‌م کاره‌کته‌ره هزری فره‌ڕه‌هه‌ند له خۆیدا بگرێت. په‌یامبه‌ربوونی (جه‌لاده‌تی کۆتر) زۆر جیاوازه له په‌یامبه‌ربوونی ئه‌و په‌یامبه‌رییه‌ی، که بانگه‌شه‌ی خۆشگوزه‌رانی و ڕێگای گه‌یشتن به خودا ده‌که‌ن، چونکه په‌یامبه‌ربوونی ئه‌وان بانگه‌شه‌کردنی هێزێکی گه‌ردوونییه و ئه‌ویش (خوا)یه. به‌ڵام پێغه‌مبه‌ربوونی (جه‌لاده‌ت) له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م فه‌زایه‌وه‌یه، بگره ئه‌و په‌یامبه‌ری جوانییه نه‌مره‌کانه له ده‌ره‌وه‌ی (خوا)دا. ئه‌و جوانییه نه‌مرانه‌ی که له قووڵاییی مرۆڤه‌کاندا هه‌ڵقووڵاون. هه‌ر وه‌کو کاره‌کته‌ر (شاروخی شاروخ) به (جه‌لاده‌ت) ده‌ڵێت:
“زۆر جار مرۆڤ ده‌نوسێت، مۆسیقا لێده‌دات، نیگارده‌کێشێت، بێئه‌وه‌ی بزانێت که له ڕاستییدا ئه‌وه‌ی ده‌یکات ته‌واوکردنی ئیشێکه به‌ر له‌و له شوێن و زه‌مانێکی تردا ده‌ستی پێکردوه، مرۆڤ هه‌موو ته‌واوکه‌ری یه‌که. “
که‌واته (جه‌لاده‌تی کۆتر) ته‌واوکه‌ری ئه‌و هونه‌ر و جوانییه نه‌مرانه‌یه، که له سه‌رده‌مانی و تر و شوێنه نادیاره‌کانه‌وه له قووڵاییی مرۆڤه ڕۆحیانه‌کانه‌وه سه‌ریان هه‌ڵداوه. ئه‌و په‌یامبه‌رێکی جاویدانییه بۆ ئه‌و شوێن و کاته‌ی پڕ تراژیدیایه، به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌شمان بیر بچێت، که (جه‌لاده‌ت) قوربانیی ده‌ستی ئه‌و شوێن و کاته‌یه، به‌و مه‌به‌سته‌ی که کاره‌کته‌ر هه‌ڵگری جاویدانێکی مه‌زن بوو، که‌چی له ڕێگه‌ی ئه‌و کوشتار و توندوتیژیانه‌ی، که (جه‌لاده‌ت) تێیدا ده‌ژییا، بووه قوربانی، به‌ڵام چونکه شته جاویدانه‌کان نه‌مرن، ئه‌وا ململانێی جوانی و توندوتیژی هاوشانی یه‌کتر رۆیشتوون، که له دوایدا جوانی ده‌په‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌ودیو لایه‌نه وجودییه شاراوه‌که. توندوتیژی، ڕه‌هه‌ندێکی تری ماناداری رۆمانه‌که‌یه، که له ڕێگه‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌ی تووشی کاره‌کته‌ر ده‌بن، کاریگه‌رییه‌کانی ده‌رخراون. دیاره ئه‌و توندوتیژییه یه‌کێکه له توندوتیژییه مه‌به‌ستداره‌کان. توندوتیژییه‌که کوشتنی مرۆڤی تێدا زۆر ئاسانه، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ی، که له پشت دیکتاتۆره‌کاندا خۆیی حه‌شارداوه. (ماکس ڤێبه‌ر) یه‌کێکه له‌و بیرمه‌ندانه‌ی، که پێی وایه توندوتیژی له ئه‌نجامی کۆمه‌ڵێک مه‌به‌سته‌وه ئه‌نجام ده‌درێت.
له‌باره‌ی په‌یامبه‌رییه‌وه (جه‌لاده‌ت) به (دالیا سیراجه‌دین) ده‌ڵێت:
“من پێغه‌مبه‌رم. . . تێده‌گه‌یت. . . من خودا نه‌یناردووم، به‌ڵکو له زه‌وییه‌کی تره‌وه هاتووم، له شارێکی تره‌وه هاتووم مه ناوی شاری مۆسیقاره سپییه‌کانه… هه‌ستی پێده‌که‌م. . . دالیا من هه‌ستی پێده‌که‌م. “
ئه‌گه‌رچی ئه‌و کاته‌ی (جه‌لاده‌ت) ئه‌م قسه‌یه ده‌کات، ده‌ستی به (شاری مۆسیقاره سپییه‌کان) نه‌گه‌یشتووه، به‌ڵام به‌و ڕووداو و چیرۆکه سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌ی، که هه‌یه‌تی، هه‌ست به‌وه ده‌کات، که ده‌توانێت بگاته شوێنێکی نه‌مری وه‌کو (شاری مۆسیقاره سپییه‌کان). کاتێکیش ڕسته‌ی (من هه‌ستی پێ ده‌که‌م) به کار هاتووه، وای کردووه ڕوانینی (جه‌لاده‌ت) شێوه‌یه‌کی لۆجیکی وه‌ربگرێت. ده‌مه‌وێت لێره‌دا ئاماژه‌یه‌کی کورت به به‌وه بده‌م، که (پلاتۆ Plato) پشتی له جیهانی هه‌ست کرد، ئه‌و ده‌یویست له ئه‌شکه‌وته‌که بێته ده‌ره‌وه و ته‌ماشای جیهانی نه‌مری “بیر” بکات. به‌ڵام لای (ئه‌ریستۆ) هه‌سته‌کان ده‌ورێکی باڵا ده‌بینن له ده‌رککردنمان به جیهانی ده‌ره‌کی. کێشه‌ی نێوان هه‌ست و هۆش له لای زۆرێک له فه‌یله‌سووف و بیرمه‌نده‌کانی وه‌کو (دێکارت)، (کانت)، (هێگڵ)، (فرۆید) و… تاد پانتاییه‌کی به‌رفروانیان داگیر کردوه. بۆیه (جه‌لاده‌تی کۆتر) سه‌ره‌تا له ڕێگه‌ی هه‌سته‌وه ڕوانینی بۆ (شاری مۆسیقاره سپییه‌کان) هه‌یه، دواتر وه‌ک ئه‌و ئاره‌زووه‌ی که (پلاتۆ) هه‌یبوو بۆ هاتنه‌ده‌ره‌وه له ئه‌شکه‌وته‌که و تاکو ته‌ماشای جیهانی نه‌مریی بیر بکات، ئاواش (جه‌لاده‌ت) بۆ شاری نه‌مری ده‌ڕوات، که (شاری مۆسیقاره سپییه‌کان)ـــه. هه‌ر پێش ئه‌وه‌ی (جه‌لاده‌ت) لایه‌نی هه‌ستکردن به کار بهێنێت، له دیالۆگێکدا له‌گه‌ڵ (موسای بابه‌ک) له‌باره‌ی (شاری مۆسیقاره سپییه‌کان)ه‌وه، وه‌سفێکی زۆری ئه‌و شوێنه ده‌کات، بێ ئه‌وه‌ی بینیبێتی، ده‌ڵێت:
“له‌و ساته‌دا ده‌که‌وتمه درۆکردن، به هه‌مان ده‌ستوورو عاده‌تی خۆم له‌ناو کیژانی پرته‌قاڵی سپی‌دا و ده‌مگووت: ئه‌و کاته‌ی که من بینیم فواره‌کانی سپی سپی بوون، وه‌ک ئه‌وه‌ی شیری لێبێته‌ده‌ر، هه‌ندێک دره‌ختی سپیم بینی که میوه‌یه‌کی سپییان گرتبوو، که مرۆڤ ده‌ستی لێده‌دا، ده‌نگی مۆسیقایه‌کی شیرین به‌رز ده‌بووه‌وه… “.
راسته ئه‌م په‌ره‌گرافه درۆیه‌کی (جه‌لاده‌تی کۆتر)ـــه، به‌ڵام ئه‌م وه‌سفانه‌ی کاره‌کته‌ر له ڕێگه‌ی ئه‌ندێشه‌وه‌یه (imagination) که لایه‌نێکی به‌رفروانی کاره‌کته‌ری داگیر کردووه. (ئه‌لبێرت ئه‌نیشتاین) له‌باره‌ی ئه‌ندێشه‌وه (imagination) ده‌ڵێت: “ئه‌ندێشه زۆر گرنگتره له زانین، زانین سنوورداره، به‌ڵام ئه‌ندێشه ئابڵوقه‌دانی جیهانه). هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌گه‌ر بۆ وه‌سفکردنی (شاری مۆسیقاره سپییه‌کان) (جه‌لاده‌تی کۆتر) ئه‌و کاته‌ی دیالۆگ له‌گه‌ڵ (مو‌سا بابه‌ک) ده‌کات پشتی به زانین به‌ستبا، ئه‌وا وه‌سفێکی به‌و شێوه‌یه‌ی نه‌ده‌بوو، به‌ڵام گرنگییه‌که‌ی لێره‌دایه که پشتی به ئه‌ندێشه‌وه (imagination) به‌ستووه. هیچ سنوورێک نییه له به‌رده‌م ئه‌ندێشه‌دا. هه‌ر خۆی هێڵی سه‌ره‌کیی ئه‌م ڕۆمانه ئه‌ندێشه‌یه، له‌وێوه بونیادی مێژوو و واقیع تێک شکێندراون و دیوه‌کانی تری ئه‌و واقیع و مێژووه خوێندراونه‌ته‌وه. هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌کی تری ئه‌م ڕۆمانه له‌گه‌ڵ جوانی، ئازار، توندوتیژی، شوێن و کات و.. .. تاد، له ڕێگه‌ی ئه‌ندێشه‌وه کاریان له‌سه‌ر کراوه.
(ئارۆن کۆپلاند Aaron Copland) له کتێبی (مۆسیقا و ئه‌ندێشهMUSIC AND IMAGINATION) ئه‌و پێوه‌ندییه به‌رفراوانه‌ی نێوان ئه‌ندێشه و مۆسیقامان بۆ شی ده‌کاته‌وه. ئه‌و پێی وایه ئه‌و که‌سه‌ی خاوه‌نی هونه‌ری گوێگرتنی مۆسیقایه، له‌گه‌ڵ بیستنی ده‌نگی مۆسیقا توانای ئه‌ندێشه‌ی تا ئاستێکی به‌رز به‌رفراوان ده‌بێت. (جه‌لاده‌تی کۆتر) پێوه‌ندیی ئه‌ندێشه و مۆسیقای تا ئاستێکی زۆر تێدا ئاوێته بووه، تا ئه‌و کاته‌ی که مۆسیقای بیر ده‌چێته‌وه، هه‌ست ده‌کات مرۆڤێکه وه‌ک جاران توانای فڕینی نه‌ماوه، دیاره من مه‌به‌ستم فڕینه له‌ڕێگه‌ی ئه‌ندێشه و له‌سه‌ر ئاستی سومبۆله‌وه. به بڕاوی (ئارۆن کۆپلاند Aaron Copland) مۆسیقای قووڵ ئه‌ندێشه‌مان ده‌فڕێنێت. له دیالۆگێکدا له‌گه‌ڵ (مسته‌فا شه‌ونم)، (جه‌لاده‌ت) له باره‌ی فڕینه‌وه، ده‌ڵێت:
“فڕین چییه؟ هه‌موو به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ک به‌سه‌ر شته ساده و ئاساییه‌کاندا فڕینه، مۆسیقای جوان فڕینه. ده‌زانیت من که‌ی له ئاسمان بووم… ده‌زانیت که‌ی؟ ئه‌و کاته‌ی گوێ له مۆسیقاره مه‌زنه‌کان ده‌گرم. “.
له دێرێکی تردا (جه‌لاده‌تی کۆتر) له‌باره‌ی مۆسیقاوه، ده‌ڵێت:
“مرۆڤ ببێته مۆسیقا ما‌نای ئه‌وه‌ی بڕوات له‌وپه‌ڕی مه‌رگه‌وه په‌یامێک بهێنێت، وه‌ک چۆن مۆسیقا ده‌ڕوات له‌و په‌ڕی بێده‌نگییه‌وه په‌یامێک ده‌هێنێت. “
له‌م دێره‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، که مۆسیقا به‌ر له هه‌ر شتێک په‌یامه. له‌باره‌ی مۆسیقاوه (بیتهۆڤن) ده‌ڵێت: “مۆسیقا ئاشتکه‌ره‌وه‌یه له نێوان جیهانی ڕۆحی و هه‌سته‌وه‌ره‌کانی ژیان (Music is the mediator between the spiritual and the sensual life)”. دیاره ئه‌و په‌یامانه‌ی (جه‌لاده‌ت) باسیان لێوه ده‌کات به‌ر له هه‌ر شتێک پێوه‌ندییان به لایه‌نی گیانیی مرۆڤه‌کانه‌وه هه‌یه، به‌ڵام کاره‌کته‌ر له ڕێگه‌ی هه‌سته‌وه ده‌رکی به‌و په‌یامه گیانییه کردووه.
پاش ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌کی درێژ له شاری (سۆزانییه غه‌مگینه‌کان) ده‌مێنێته‌وه، گه‌شتێک بۆ باشووری عێراق له‌گه‌ڵ (دالیا سیراجه‌دین) ده‌کات. له‌وێدا زنجیری ده‌یان گرتووخانه‌ی نهێنی ده‌شکێنێت، هه‌ر وه‌ک هاتووه:
“جه‌لاده‌ت وه‌ک شتێک مه‌ستی بکات، چه‌کوشه‌که‌ی به‌رز ده‌کرده‌وه و ده‌یگووت: زنجیره‌کان بێنن… زنجیره‌کان… .. جه‌لاده‌ت هه‌ر زنجیرێکی ده‌شکاند، باوه‌شی به زیندانییه‌که‌دا و پێی ده‌گووت: بڕۆ برا ئازاد به، تا هه‌تا هه‌تایه، مه‌هێڵه جارێکی تر هیچ که‌سێک بتگرێت. “
دیاره ئه‌مه سه‌ره‌تای دروستبوونه‌وه‌ی ئیراده‌یه‌کی نوێیه بۆ شکاندنی به‌ربه‌سته‌کانی شوێن و کات، جگه له‌وه‌ی ئه‌م هێزه‌ی، که (جه‌لاده‌ت) له کاتی شکاندنی زنجیره‌کاندا هه‌یه‌تی، دیوه ئه‌فسانه‌یه‌که‌ی کاره‌کته‌ره.
گه‌ڕانه‌وه‌ی (جه‌لاده‌تی کۆتر) بۆ باکوور (کوردستان) له‌گه‌ڵ (سامیری بابلی)دا، رۆیشتنه بۆ دیوێکی تری تراژیدیای جوگرافیایه‌کی دیکه، ئاشنابوونه به ئازار و مه‌ینه‌تی مرۆڤه‌کانی دی. سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی ئاواره‌بوونێکی پڕ ئازاره. (جه‌لاده‌تی کۆتر) ئاواره‌یی ته‌نیا له دووربوون له شوێن نابینێت، به‌ڵکو دووربوون له مرۆڤه هاوده‌مه‌کانی به‌شێکی گه‌وره‌یه له ئاواره‌بوونی، بۆیه ده‌گاته ئه‌و ڕایه‌ی که:
“سه‌خترین جۆری ئاواره‌یی ئاواره‌یی نییه له نیشتیمان، به‌ڵکو ئاواره‌ییه له مرۆڤه‌کانی دی. “.
(جه‌لاده‌تی کۆتر) هه‌ست ده‌کات سه‌رتاپای ژیانی له شاری (سۆزانییه زه‌رده‌کان) له دۆخی چاوه‌ڕاوانیدا بوو، بۆیه له ڕووی ده‌رونییه‌وه بێزارییه‌کی زۆری به‌رانبه‌ر به چاوه‌ڕوانی هه‌یه. تا ئاستێک ده‌ڵێت:
“هیچ شتێک وه‌کو چاوه‌ڕوانی ماهیه‌تی مرۆڤ زه‌وت ناکات، چاوه‌ڕوانی ما‌نای ئه‌وه‌یه هێشتا ئه‌و هه‌لومه‌رجانه له‌دایک نه‌بوون، که مرۆڤ تێیدا جه‌وهه‌ری خۆی ئاشکرا بکات، هێشتا مرۆڤ ناتوانێت بڕیار له‌سه‌ر بڕیاره گه‌وره‌کانی خۆی بدات. “.
لای (جه‌لاده‌ت) چاوه‌ڕوانی ماهییه‌تی مرۆڤ زه‌وت ده‌کات، که‌واته ده‌کرێت بڵێین له ئه‌نجامی چاوه‌ڕوانییه‌وه مرۆڤ زۆر شتی گه‌وره له ده‌ست ده‌دات. له باره‌ی چاوه‌ڕوانییه‌وه، (نیتشه) ده‌ڵێت: (چاوه‌ڕاونی، مرۆڤ بێ ڕه‌وشت ده‌کات).
دۆزینه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌کانی نێوان جوانی و راستی، ده‌بێته مه‌ته‌ڵێکی ئاڵۆز لای (جه‌لاده‌تی کۆتر)، ئه‌مه‌ش زیاتر له‌و کاته‌دا ده‌رده‌که‌وێت، که له شاری سۆزانییه غه‌مگینه‌کانه‌وه بۆ باکوور ده‌گه‌ڕێته‌وه. له په‌ره‌گرافێکدا (جه‌لاده‌ت) ده‌ڵێت:
“ئه‌گه‌ر جوانی و حه‌قیقه‌ت یه‌ک شت نین، بۆ من هه‌ست ده‌که‌م هاوارێک له گه‌روومدایه خه‌ریکه ده‌مخنکێنێت هاوارێک هاواری خۆم نییه به ته‌نیا، هاوارێک هاواری ئه‌وانه‌یه که مردن و جێیان هێشتم؟ “
له‌م په‌ره‌گرافه‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت (جه‌لاده‌ت) جوانی و راستی به یه‌ک شت ده‌زانێت، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه، ئایا ده‌کرێت شتێک له ده‌ره‌وه‌ی جوانیدا مورکێکی حه‌قیقه‌تی هه‌بێت؟ (نیتشه) له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: (پێوه‌ندیی جوانی و راستی ترسی گه‌وره‌ی هه‌موو ژیانم بووه). له یه‌کێک له وته‌کانی تری له‌باره‌ی شوێنێک که هونه‌ر هه‌ڵگریه‌تی بۆ نه‌مری، قسه‌که‌ی (محه‌مه‌دی فیرده‌وسی) ته‌واو ده‌کات و ده‌ڵێت:
“ده‌بێت به بوونه‌وه‌رێک که ده‌که‌وێته ده‌ره‌وه‌ی جه‌بری زه‌مان، ده‌که‌وێته ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سنووره تاریک و ڕه‌شانه‌ی شوێن. . . جوانی ده‌بێت به پردێک حه‌قیقه‌ت و نه‌مری شان به شانی یه‌کتر ده‌ڕۆن. “
که‌واته (راستی و جوانی) ته‌نیا ده‌توانن له شوێنێکدا یه‌کتر بگرنه‌وه، که شوێنی جوانییه نه‌مرییه‌کان بێت، که داوجای لای (جه‌لاده‌تی کۆتر)، (شاری مۆسیقاره سپییه‌کان)ـــه.
جگه له پێوه‌ندیی نێوان جوانی و راستی، ئێمه ڕووبه‌ڕووی پێوه‌ندیی (جوانی و ئازار، جوانی و عه‌داله‌ت)یش ده‌بینینه‌وه.
پێوه‌ندیی (جوانی و ئازار) یه‌کێکه له ڕه‌هه‌نده هزرییه‌کان، که به کاره‌کته‌ر به‌رجه‌سته بووه. (جه‌لاده‌ت) له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
“ئینسان له تێکه‌ڵبوونی دوو هێزی گه‌وره دروستبووه، هێزی جوانی و هێزی ئازار… “.
(شۆپنهاوه‌ر) ده‌ڵێت: “چیرۆکی هه‌موو ژیانێک، چیرۆکی ئازارێکه”. به‌ڵام (جه‌لاده‌تی کۆتر) له‌ناو ئه‌و هه‌موو کوشتار و ئازار و کاره‌ساته‌نه‌دا، ڕێگایه‌کی هه‌یه، که پێی ده‌ڵێن ڕێگای (جوانی و نه‌مری)، هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی دواجار ده‌بێته پاسه‌وانی جوانییه نه‌مره‌کان. یان رۆیشتنی بۆ (شاری مۆسیقاره سپییه‌کان)، که شارێکه گشت جوانییه نه‌مره‌کانی تێیدا کۆ بووه‌ته‌وه، به‌شێکی گه‌وره‌ی دۆزینه‌وه‌ی جوانییه نه‌مره‌کانه. (شاری مۆسیقاره سپییه‌کان) ئه‌و به‌شه جوان و نه‌مره‌یه، که له گشت شاره‌کانی دونیادا بوونی هه‌یه. (جه‌لاده‌ت) له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
“له هه‌موو شاره‌کاندا ڕێگایه‌ک هه‌یه ده‌چێته‌وه سه‌ر جوانییه جاویدانه‌کان. من ده‌مگووت: جوانی دواجار له‌و شه‌ڕه‌دا دروستده‌بێت، ڕێگای هه‌موو مرۆڤ بۆ ناو ئه‌و باغه ڕێگایه‌ک نییه مرۆڤ ته‌نیا له خه‌یاڵدا بیبڕێت، به‌ڵکو ڕێگایه‌که به‌ناو هه‌موو ژیاندا تێده‌په‌ڕێت. ڕێگایه‌که مرۆڤ به عه‌قڵ و به ویژدانی ده‌یدۆزێته‌وه، نه‌وه‌ک ته‌نیا به هه‌سته‌وه‌ره‌کانی. “.
له‌م ڕوانینه‌ی (جه‌لاده‌ت)دا ئه‌زموون پانتاییه‌کی زۆری له ڕووی ڕوانینمان بۆ جوانی، داگیر ده‌کات. (کانت) له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: “جوانی ئه‌و ئه‌زموونه‌یه، که له ڕێگای تێگه‌وه د‌رکی پێ ناکرێت”. له ڕوانینی (جه‌لاده‌ت)دا، ئه‌و ڕێگایه‌ی جوانی به‌شێکی به هۆش و به‌شێکی له ویژدان ده‌دۆزرێته‌وه، که‌واته لای (جه‌لاده‌ت) ئه‌زموون رۆڵی سه‌ره‌کی ده‌بینێت.
له‌باره‌ی بوونی خراپه‌ی گه‌ردوونی، (جه‌لاده‌ت) به (سامیری بابلی) ده‌ڵێت:
“مرۆڤ ده‌بینین باڵنده ڕاوده‌کات و ده‌یخوات، مرۆڤ ده‌بینین ده‌وروبه‌ری خۆی وێران ده‌کات. جه‌نابی نه‌قیب ئه‌و خراپه‌یه‌ی له بناغه‌ی گه‌ردوندا هه‌یه خراپه‌یه‌که مرۆڤ والێده‌کات باڵنده‌کان بکوژێت و بیانخوات، به‌ڵام ئه‌و خراپه‌یه واتلێناکات بۆڕی دایسکراو به قوونی ئاده‌میزاده‌کاندا ڕانێیت. “
من پێ وایه لێره‌دا (جه‌لاده‌ت) زۆر (هێگڵ)یانه بیر ده‌کاته‌وه. چونکه (هێگڵ) له فه‌لسه‌فه‌که‌ی خۆیدا مرۆڤ به ڕووبه‌رێکی مێژوویی و هزری ده‌زانێت. ئه‌و له‌گه‌ڵ (کانت) کۆک نییه له‌باره‌ی جوانیی سرووشتی، چونکه پێی وایه ته‌نیا گیانه‌کان ده‌توانن له نێوان خۆیان گفتوگۆ دابمه‌زرێنن، له‌به‌ر ئه‌وه‌شه جوانیی سرووشت له به‌رانبه‌ر مرۆڤدا به لاوه ده‌نێت. (جه‌لاده‌تی کۆتر)یش هه‌موو ئه‌و خراپانه‌ی که مرۆڤ به‌رانبه‌ر به سرووشت ده‌کات، به چاوێکی زۆر گوناهکارانه لێی ناڕوانێت، به‌ڵام کاتێک خراپه‌که ڕووبه‌رووی مرۆڤ ده‌بێته‌وه، ئه‌وا به کارێکی شوومی ده‌زانێت. ئه‌مه‌یان زیاتر له‌و کاته‌دا ده‌رده‌که‌وێت، که (جه‌لاده‌ت) باسی ئه‌و برینه‌یه‌ی خۆی، که له‌سه‌ر سینگییه‌تی، بۆ (عه‌لی شه‌ره‌فیار) ده‌کات و ده‌ڵێت:
“گرنگ نییه کێ وای لێکردوم، گرنک ئه‌وه‌یه مرۆڤ هه‌یه وا له مرۆڤ ده‌کات، ئه‌وه گرنگه.. له‌وه بترازێت هیچی تر گرنگ نییه.. “
دیاره ده‌بینین قووڵبوونه‌وه له هه‌ستی خراپه‌کاریی مرۆڤ به‌رانبه‌ر به مرۆڤ جێگه تێڕامانێکی گه‌وره‌ی کاره‌کته‌ره، که هه‌ر ئه‌و هه‌سته‌یشه کاره‌سات و جه‌نگه‌کانی لێ ده‌که‌وێته‌وه. هه‌بوونی هه‌ستی خراپه‌کاری لای مرۆڤ به درێژاییی هز‌ر جێگه‌ی تڕامان بووه. (بۆدلێرد) له دیوانه تاقانه‌که‌یدا (گوڵه به‌ده‌کات) ئه‌م هه‌سته خراپه‌کارییه له قووڵاییه‌کانی مرۆڤدا ده‌رده‌خات و به‌رجه‌سته‌ی وێنه شیعرییه‌کانی ده‌کات. هه‌ستی خراپه‌کاری تا ئه‌و ئاسته ده‌ڕوات که مرۆڤ، مرۆڤ بکوژێت، واته یه‌کێک ببێته جه‌للاد و ئه‌وتریان قوربانی. (جه‌لاده‌تی کۆتر) کاتێک له شاری (سۆزانییه غه‌مگینه‌کان) ده‌زانێت هاوڕێکانی به ده‌ستی (نه‌قیب سامیری بابلی) کوژراون و خۆیشی به ده‌ستی ئه‌و بریندار کراوه، هه‌ستی جه‌للادیی به‌رانبه‌ر به جه‌للاده‌کان بۆ دروست ده‌بێت، ئه‌مه له کاتێکدا که خۆی یه‌کێکه قوربانییه‌کان، بۆیه له دیالۆگێکدا له‌گه‌ڵ (دکتۆر موسای بابه‌ک)، ده‌ڵێت:
“جه‌نابی دکتۆر ئه‌ی زوڵم، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی مرۆڤ به زیندوویی مرۆڤ زینده به‌چاڵده‌که‌ن، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی مرۆڤ ده‌رخواردی سه‌گ ده‌ده‌ن، ناته‌وێت جارێک یه‌کێیان بکوژیت؟ من پڕ به دڵ حه‌ز ده‌که‌م یه‌کێکیان بکوژم. “
(فرۆید) پێی وایه ئاره‌زوویه‌کی قووڵ له قوربانیدا هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته جه‌للاد. به هه‌مان شێوه (جه‌لاده‌تی کۆتر) له‌باره‌ی قوربانی و جه‌للاده‌وه ده‌ڵێت:
ئه‌م بیروڕایه‌ی (جه‌لاده‌ت) ته‌نیا له‌ناو بازنه‌ی قسه‌کردنه‌وه ناوه‌ستێت، به‌ڵکو له‌و کاته‌ی دادگایه‌کی دادپه‌روه‌رانه بۆ (سامیری بابلی) ڕێک ده‌خات، که ده قوربانی، (بابلی) تێیدا ئاماده‌ن، ئه‌وا پێنج له‌و قوربانیانه داوای تۆڵه‌ی خۆیان ده‌که‌ن و له (بابلی) خۆش نابن. ئه‌گه‌رچی ئه‌و قوربانیانه بۆ جارێکیش نه‌یانویستووه که‌س بکوژن، به‌ڵام بڕیاری کوشتنی (بابلی) ده‌ده‌ن، بۆیه به ده‌ستی دوو قوربانیی خۆی ده‌کوژرێت. ئه‌مه‌ش زیاتر پێوه‌ندیی جه‌للاد و قوربانیمان پێ ئاشنا ده‌کات و له ڕێگه‌ی ئه‌و دادگایه‌ی، که (جه‌لاده‌ت) بۆ (سامیری بابلی) ڕێک خستبوو، به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ئه‌و لایه‌نه هزری و سایکۆلۆژییه به‌رجه‌سته کراوه، چونکه دامه‌زراندنی دادگایه‌کی دادپه‌روارانه، که دادپه‌روه‌ری به هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانیه‌وه تێیدا به‌رجه‌سته بووبێت، خواستێکی تری کاره‌کته‌ره.
(جه‌لاده‌تی کۆتر) له‌باره‌ی ئه‌و دادگایه‌ی بۆ (سامیری بابلی) رێک خستبوو، ده‌ڵێت:
“له‌و ماوه‌یه‌دا بڕیارمدا خه‌یاڵی داهاتووم بخه‌مه سه‌ر ((دادگایی‌کردنی)) سامیری بابلی. هه‌ستمده‌کرد یه‌کێک له ئه‌رکه گه‌وره‌کانی مرۆڤ به‌دیهێنانی بڕێک له عه‌داله‌ته، “
دامه‌زراندنی ئه‌و دادگایه، به‌شێکه له‌و ئه‌رکه گه‌ورانه‌ی، که له دیدگای کاره‌کته‌ردا هه‌ڵگری جوانییه، بۆیه کاتێک ده‌بێته (پاسه‌وانی جوانییه نه‌مره‌کان)، له دیالۆگێکدا له‌گه‌ڵ (مسته‌فای شه‌ونم) ده‌ڵێت:
“من ڕام وابوو ئه‌وه‌ی حه‌ماسه‌تی بۆ جوانی هه‌بێت، ده‌بێت به هه‌مان سۆز و شه‌وقه‌وه بۆ دادپه‌روه‌ریش هه‌وڵبدات. “
دادپه‌روه‌یی پانتاییه‌کی زۆری له هزردا داگیر کردووه، هه‌ر بۆ نموونه له به‌شه‌کانی سه‌ره‌تای دیالۆگی (کۆمار)ی (پلاتۆ)دا، دیالۆگێکی قووڵ له‌باره‌ی دادپه‌روه‌رییه‌وه کراوه. خواستی به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری، به‌شێکی گه‌وره‌ی هزری فه‌یله‌سووفان بووه. تا ئاستێک هه‌ر یه‌ک له (کانت)، (مارکس) و (ماکیاڤیللی) پێیان وایه نیشتمان به‌بێ (ئازادیی، یه‌کسانی، دادپه‌روه‌ری) نیشتیمان نییه. دادپه‌روه‌ریی یه‌کێکه له‌و گرێییه هزرییانه‌ی، که کاره‌کته‌ر تێیدا ده‌خولێته‌وه و به‌رده‌وام له بیرۆکه‌یه‌که‌وه بۆ بیرۆکه‌یه‌کی تر باز ده‌دات. له شوێنێکی تردا کاره‌کته‌ر له‌باره‌ی دادپه‌روه‌رییه‌وه، ده‌ڵێت:
“مرۆڤ عه‌داله‌ت له کتێبه‌کانی قانونه‌وه فێر نابێت، له فه‌لسه‌فه‌کانه‌وه فێرنابێت، به‌ڵکو عه‌داله‌ت له ئازار و گوناهه‌کانی خۆیه‌وه فێر ده‌بێت. “
که‌واته بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که بیروڕای (جه‌لاده‌تی کۆتر) له‌باره‌ی دادپه‌روه‌رییه‌وه، به‌ند نییه به هیچ بیرۆکه‌یه‌ک له ده‌ره‌وه‌ی ئازار و مه‌ینه‌تییه‌کانی خۆی، بۆیه ئه‌و دادپه‌روه‌رییه له ڕێگه‌ی ئه‌زموونی خۆیه‌وه مه‌یسه‌ر ده‌کات.
له‌و کاته‌ی (جه‌لاده‌تی کۆتر) ده‌بێته یه‌کێک له پاساوانه‌کانی جوانی و پاش جێهێشتنی شاری (سۆزانییه غه‌مگینه‌کان) دووباره (مو‌سا بابه‌ک) له ڕێگه‌ی (مسته‌فا شه‌ونم) ده‌بینێته‌وه، ئه‌ندێشه بۆ ژیانی داهاتووی ده‌کات، که وای ده‌رده‌خات ژیانێکی خۆش و ئارامی ده‌بێت و هێڵه سه‌ره‌کی و ڕاسته‌قینه‌کانی دیار ده‌بێت، له چه‌ند دێری دواییدا، ده‌ڵێت:
“ژیانێک بوو له هه‌موو گۆشه و جه‌مسه‌ره‌کانیدا میعمارێکی ته‌واوی هه‌بوو، ئه‌گه‌رچی به ڕوکه‌ش پووچ و ناچیز ده‌هاته به‌رچاو، به‌ڵام له جه‌وهه‌ردا ژیانێکی کامڵ و پڕمانا بوو. “
ئه‌م هه‌سته‌ی (جه‌لاده‌ت) له‌پاڵ ڕابردوویه‌کی پڕ ئازار و ده‌رده‌سه‌ریه‌وه‌یه، بۆیه جێگه‌ی پرسیار نییه، که (جه‌لاده‌ت) ئه‌و ژیانه‌ی داهاتووی به کامڵ و پڕ مانا بزانێت. کاتێکیش باس له ڕووکه‌شی، پووچی و ناچیزی ژیان ده‌کات، ئه‌وا بێگومان وه‌سفێکی شایسته‌ی کردووه. به بڕوای (ئه‌لبێرت کامۆ) ئه‌و کاته ئێمه پابه‌ندی پووچگه‌رایی بین ده‌بێت تاوانی کوشتن، یان تێکه‌ڵبوونی چاکه و خراپه، یان ئه‌وه‌ی جه‌للاد نه له‌سه‌ر هه‌قه و نه ناهه‌قیشه، به ڕه‌وا بزانین. بۆیه شتێکی لۆجیکمه‌ندانه‌یه، که (جه‌لاده‌تی کۆتر) به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ئه‌و ژیانه‌ی پێ پووچییه، چونکه هه‌موو شتێک مانا و جوانیی خۆی له ده‌ست داوه، کوشتنیش ئاسانترین شته له‌و کاته‌دا. بۆیه پێم وایه لای (جه‌لاده‌تی کۆتر) زه‌مینه‌یه‌کی زۆری بۆ پووچییه‌تیی ژیان ڕه‌خساوه، چونکه ئه‌م کاره‌کته‌ره له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه بوونی خۆی بێ بایه‌خ ده‌زانێت و هه‌ست ده‌کات خاوه‌نی هیچ نییه، بوون و نه‌بوونیشی هیچ له‌م دنیایه ناگۆڕێت. به‌تایبه‌تی ئه‌و کاته‌ی که له ئۆتێلی (گێلاسی سپی) که شوێنێکه خاپوور کراوه و ئاواره‌کان تێیدا ده‌ژین، هه‌ست ده‌کات هیچ نییه جگه له ئاواره‌یه‌کی ناچیز. له‌مه‌وه (جه‌لاده‌ت) هزره‌کانی ده‌په‌ڕنه‌وه ئه‌و ئاسته‌ی که هه‌ست بکات هه‌موو مرۆڤایه‌تی ئاواره‌بوونه له‌سه‌ر زه‌ویدا، ئه‌مه‌ش زیاتر له دیالۆگی نێوان خۆی و (عه‌لی شه‌ره‌فیار)ی حیکایه‌تخواندا ده‌رده‌که‌وێت، که ده‌ڵێت:
“ئه‌ی ئه‌وه ڕۆحی ئێمه نییه له ژیان ئاواره ده‌بێت و ده‌مرێت، ئه‌ی ئه‌وه ڕۆحی ئێمه نییه له عه‌ده‌م ئاواره‌ده‌بێت و له‌دایکده‌بێته‌وه، ئه‌ی ئه‌وه ڕۆحی ئێمه نییه له یه‌کتر ده‌ترازێت و ده‌ڕوات و یه‌کناگرێته‌وه، گه‌ردوون چییه جگه له یه‌کنه‌گرتنه‌وه‌یه‌کی مه‌زن… “
له‌م ڕوانینه‌ی (جه‌لاده‌ت)دا، ده‌ست خراوه‌ته دۆزینه‌وه‌ی هه‌ڵه ئیلاهییه‌کان، وه‌ک ئه‌و ئاواره‌ییه‌ی له دروستبوونی یه‌که‌م مرۆڤه‌وه، ئینسان تێی که‌وتووه. (جه‌لاده‌ت) ده‌پڕژێته ئه‌و بۆشاییه گه‌وره‌یه‌ی که له گه‌ردووندا هه‌یه، ڕوانینی ئه‌و به‌ره‌و هه‌ستبوون به ناته‌واویه‌ک، که گه‌ردوون تێی که‌وتووه، ده‌بات.
ژیاندۆستی ڕه‌هه‌ندێکی تری هزرییه، که (جه‌لاده‌تی کۆتر) خاوه‌نیه‌تی. سه‌ره‌رای ئه‌و هه‌موو ئازار و مه‌ینه‌تییه و کاره‌ساته‌نه‌ی، که به‌سه‌ر کاره‌کته‌ردا هاتوون، ئه‌وا له‌پاڵ ئه‌مه‌دا هیچ یه‌کێک له‌مانه نه‌بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی، که ژیان له ڕوانینی کاره‌کته‌ردا دیوێکی ره‌شی هه‌بێت. ئه‌مه‌ش زیاتر له‌و کاته‌دا ده‌رده‌که‌وێت که جه‌للاده‌کانی نیشتیمان دوو ساڵ (جه‌لاده‌ت) ده‌گرن و به چه‌ندین شێوه‌ی جۆراوجۆ ئه‌شکه‌نجه‌ی ده‌ده‌ن تاوه‌کو ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی، که (سامیری بابلی) دایه (جه‌لاده‌تی کۆتر)، بیدات به ده‌سته‌ڵاتداره‌کانی نیشتیمان. سه‌ره‌رای ئه‌و هه‌موو ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌یه، که داوتر به سووتاندنی (جه‌لاده‌ت) کۆتاییی دێت، ئه‌وا کاره‌کته‌ر ئاره‌زووییه‌کی زۆری بۆ ژیان هه‌یه، هه‌ر وه‌ک ده‌ڵێت:
“ته‌نیا شتێک له ماوه‌ی ئه‌و مانگ و ساڵانه‌دا هه‌ستم پێده‌کرد، خۆشه‌ویستی ژیان بوو، له‌و ماوه دوورودرێژه‌ی زیندان و ئه‌شکه‌نجه‌دا که پتر له دوو ساڵی خایاند، دالیا سیراجه‌دین نه‌بێت هیچ شتێکم له یاد نه‌بوو. “.
(ئه‌لبێرت کامۆ) ئه‌گه‌رچی له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ودا ژیان پووچییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رنجی خۆم بۆ لای (ئه‌فسانه‌ی سیزیف)ی ئه‌و رابکێشم، ئه‌وا له‌وه تێده‌گه‌م که یه‌کێک له‌و ڕه‌هه‌نده هزرییانه‌ی، که فه‌لسه‌فه‌ی (ئه‌لبێرت کامۆ) هه‌ڵگریه‌تی، ژیاندۆستییه، چونکه (سیزیف) پاش په‌شیمانبوونه‌وه له مردن، خوداوه‌نده‌کان توڕه ده‌کات و مه‌رجی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ردێکی گه‌وره‌یه، که ده‌بێت سه‌ری بخاته سه‌ر کێوێک، به‌ڵام هه‌ر چه‌ند جاری نزیک ده‌بێته‌وه له به‌جێگه‌یاندنی کاره‌که‌ی، ئه‌وا به‌رده‌که دێته خواروه، هه‌تا هه‌ر به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام هێشتا ژیان لای ئه‌و نرخێکی به‌هادار و گه‌وره‌ی هه‌یه. به هه‌مان شێوه (جه‌لاده‌تی کۆتر) پێش ئه‌وه‌ی بڕوات بۆ (شاری مۆسیقاره سپییه‌کان) ژیانی هیچ نه‌بوو جگه له کاره‌سات و ئازار، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و مه‌ینه‌تییه گه‌وره‌یه نه‌بوونه هۆی ئه‌وه‌ی، که (جه‌لاده‌ت) ژیاندۆست نه‌بێت. (جه‌لاده‌تی کۆتر) ته‌نانه‌ت له‌و کاته‌ی که له‌باره‌ی هونه‌ره‌وه دیالۆگ له‌گه‌ڵ (محه‌مه‌دی فیرده‌وسی) ده‌کات، که خۆیان و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێک و شاعیرێک، گروپێکیان پێک هێناوه به‌ناوی (به‌له‌می به‌فر)، هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی ئه‌و گروپه بڕوایان وایه هونه‌ر جۆرێکه له خۆوێرانکردن، هونه‌ر هیچ نییه جگه له ڕێگای مردن. (جه‌لاده‌ت) له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
” باوه‌ڕیشم به‌وه نه‌بوو هونه‌ر جۆرێک بێت له جۆره‌کانی خۆوێرانکردن. به توندی هه‌موو ئه‌و تیۆره‌م قبووڵ نه‌بوو، پێموابوو ژیانی من هونه‌ر وای لێنه‌کردووه، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه ڕام وابوو هونه‌ر تاکه ڕێگای زیندووبوونه‌وه‌یه. “
له‌م په‌ره‌گرافه‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت هونه‌ر له دیدی (جه‌لاده‌ت)دا کارلێکێکی نێوان ژیان و جوانییه، واته هونه‌ر به‌بێ ژیان واتای نییه. (ساموێڵ بێکیت) ده‌ڵێت: “هونه‌رمه‌ندبوون واته شکستهێنان، ئه‌ویش شکستێک، که هیچ که‌سێکی دیکه ناوێرێت ئه‌زموونی بکات. ئه‌م شکسته، جیهانی ئه‌وه. پشتکردنه ئه‌م شکسته‌ش واته هه‌ڵهاتن له به‌ره‌ی (جه‌نگ)، باشترین شێوه‌ی هونه‌ر، واته ژیان”، ئه‌مه بیروڕای (بێکیت)ــه له باره‌ی هونه‌رمه‌ندبوون و شکست و ژیانه‌وه. لای (بێکیت) هونه‌ر له‌به‌رانبه‌ر ژیاندا پێناسه کراوه. (جه‌لاده‌ت) هونه‌ر به‌و هێزه گه‌وره‌یه ده‌بینێت، که ده‌توانێت سه‌رله‌نوێ خۆیی پێ زیندوو بکاته‌وه. جگه له‌وه (جه‌لاده‌ت) بڕوای وایه ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ند ڕێگای ڕاسته‌قینه‌ی هونه‌ری دۆزییه‌وه، ئه‌وا هونه‌ر ژیان جوانتر ده‌کات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به پێچه‌وانه‌وه بوو، ئه‌وا ده‌بێته جۆرێک له وێرانکردن. له دیالۆگی (کۆمار) ی (پلاتۆ)دا، (تراسیماکۆس) ده‌ڵێت: “بێگومان هیچ هونه‌رێک بیر له سوودی خۆی ناکاته‌وه”. (نیتشه) هونه‌ر و فه‌لسه‌فه هاوشانی یه‌کتر داده‌نێت به‌رانبه‌ر به میتافۆریه‌ت، هه‌ر (نیتشه)یه ده‌ڵێت: بۆ ئه‌وه‌ی له راستی دانه‌بڕێین، ده‌بێت هونه‌رمه‌ندانه بژین. (هایدیگه‌ر)یش پێی وایه هونه‌ر ڕێگایه‌کی گه‌وره‌یه بۆ داهێنان. به‌ڵام به بڕوای (شۆپنهاوه‌ر) به‌رهه‌می هونه‌ری ده‌بێته‌ی هۆی وه‌ستاندنی ویست و ئیراده، ویستی ناوه‌کی و شه‌هوه‌ت، ده‌سته‌ویه‌خه‌بوون له‌گه‌ڵ کات و دواییش په‌ڕینه‌وه به‌ره‌و ئه‌به‌دییه‌ت. هه‌ر (شۆپنهاوه‌ر)یشه که پێی وایه ئێمه له ڕێگه‌ی هونه‌ره‌وه ده‌توانین به ئه‌به‌دییه‌ت بگه‌ین و له‌سه‌رجه‌م ره‌نجه‌کان و هه‌موو به‌ند و پێوه‌ندێکی بوون و ژیان ڕزگار ببین. (شۆپنهاوه‌ر) هونه‌ر به خۆرزگارکردن له ژیان ده‌زانێت. دیدی (جه‌لاده‌ت) له‌باره‌ی هونه‌ره‌وه هه‌ڵگری چه‌ند راڤه‌ی هزرییه، چونکه له‌و ڕێگه‌یه‌وه ئێمه ڕووبه‌رووی چه‌ندین دیدگای جیاواز و لێکچوو ده‌بینه‌وه. دواجاریش به هۆی هێڵی هزریی رۆمانه‌که‌وه، هونه‌ر و جوانی له ده‌ره‌وه‌ی ژیان ده‌که‌ونه شارێک، که شوێنی جوانییه نه‌مره‌کانه، ئه‌ویش (شاری مۆسیقاره سپییه‌کان)ــه. هه‌موو ئه‌مانه وایان کردووه (جه‌لاده‌تی کۆتر) ته‌نیا په‌یامبه‌ری کات و شوێنێکی دیاریکراو نه‌بێت، به‌ڵکو بکه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی فه‌زای شوێن و کاتیشه‌وه، موڵکی هه‌موو گه‌ردوونیش بێت، چونکه له‌م رۆمانه‌دا ئه‌وه‌ندی هزری گه‌ردوونی و مرۆڤانه هه‌ن، که په‌یوه‌ستن به ڕۆحی گشتییه‌وه، هێنده پێوه‌ندییان به شوێن و کاتێکی دیاریکراوه‌وه نییه، واته ده‌کرێت بڵێین ئه‌و کات و شوێنانه‌ی که له‌م رۆمانه‌دا ئاماژه‌یان پێ دراوه، سومبولی کات و شوێنه‌کانی تریشن.
سه‌رچاوه‌کان:
1- Heidegger, Martin/ Being and Time / translated by john macqurrie and Edward Robison..
2- Merricks ,Trenton/ Truth and ontology BY..
3- Lowe ,E.J/ The four – category Ontology: A metaphysical foundation for natural science
4- T.Olson, Eric/ What Are we.? A study in personal Ontology (philosophy of mind series)
Foucault ,Michel /Truth, Power, Self: An Interview with Michel Foucault – October 25th, 1982.
From: Martin, L.H. et al (1988) Technologies of the Self: A Seminar.
5-
6- له بازبازێن به‌سه‌ر په‌لکه زێڕینه‌کانه‌وه به‌ره‌و مامزێر/ ته‌وه‌رێک بۆ ڕۆمانی (مامزێر)ی کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور. گۆڤاری (کاروان) ژماره (237)
7- : د. محه‌مه‌د که‌مال بوون و داهێنان/ بابه‌ت: فه‌لسه‌فی/ ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م/ چاپی یه‌که‌م, 2004
8- د. محه‌مه‌د که‌مال نیتشه و پاش تازه‌گه‌ری/ فه‌لسه‌فی/ / ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م/ چاپی دووه‌م، 2009
9- ئه‌فلاتوون/ کۆمار / وه‌رگێڕانی له ئینگلیزییه‌وه: د. محه‌مه‌د که‌مال/ ده‌زگای چاپ و
په‌خشی سه‌رده‌م/ چاپی یه‌که‌م 2009
10- Davies, Stephen/ The Philosophy of Art (Foundations of the Philosophy of the Arts)
11- Albert Hofstadter and Richard Kuhns/ Philosophies of Art and Beauty: Selected Readings in Aesthetics from Plato to Heidegger (Phoenix Books).
12- Camus, Albert /The Myth of Sisyphus / Translated From the French to English By Justin O`brien.
13- Copland, Aaron Music and Imagination (Charles Eliot Norton Lectures)
14- موراد فه‌رهادپوور/ جوانیناسی شکست/ وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه: مه‌نسوور ته‌یفووری/ چاپی یه‌که‌م، چاپخانه‌ی ره‌نج، ساڵی 2006
15- یۆستاین گارده‌ر/ جیهانی سۆفیا (رۆمانێک ده‌رباره‌ی مێژووی فه‌لسه‌فه) / وه‌رگێڕانی له دانیمارکییه‌وه: به‌هرۆز حه‌سه‌ن/ ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م/ ساڵی 2003
16- میهرداد میهرین/ قوتابخانه فه‌لسه‌فییه‌کان/ وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه: سیدۆ داود عه‌لی/ چاپی یه‌که‌م 2009 له بڵاوکراوه‌کانی چاپ و په‌خشی رێنما
17- میهراد میهرین/ جیهانبینیی شۆپنهاوه‌ر / وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه: هونه‌ر عه‌بدولا له بڵاوکراوه‌کانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م 2009
18 ئاراس فه‌تاح/ (توندوتیژی وه‌ک ئه‌زموون) گۆڤاری (ڕه‌هه‌ند) 3/2010.
19-گۆڤاری (سه‌رده‌م)/ ژماره 63/ له بڵاوکراوه‌کانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م.
20- بێده‌نگیی و کۆکوژیی/ کۆمه‌ڵێک گفتووگۆ/ ئاماده‌کردنی: حه‌مه کاکه‌ره‌ش/ گفتووگۆ له‌گه‌ڵ (کاروان کاکه‌سوور)/ ساڵی چاپ 2008