Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
کاریگەرییەکانی قۆناغی پێش ئۆدیبی لەسەر سوژە لای ژولیا کریستیڤا

کاریگەرییەکانی قۆناغی پێش ئۆدیبی لەسەر سوژە لای ژولیا کریستیڤا

Closed
by December 27, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

یەکێ لە بنەما گرنگەکانی ئەندیشەی ژولیا کریستیڤا ئەوەیە پرۆسەی دروست بوونی مانا ئەبەستیتەوە بە دوو دەستە لە شیوازی دەربڕینەوە، کە بریتین، لە یەک : کۆمەڵە مانا یان هێزە بەر لە زمانیەکان، کە زمانی سۆز و ئیحساس و غەریزە ئەگرێتەوە، لەگەڵیشیدا  زمانی ئەفسانە و دین وشتە نالۆژیکییەکان لە خۆ ئەگرێ، بە رێخەری “نشانە” ناوی ئەبات.  دوو: کۆمەڵە مانا یان هێزە زمانی و کۆمەڵایەتیەکان ئەگرێتەوە، کریستیوا ئەوەیان بە ڕێخەری “رەمز” ناوئەبات، کە شێوە دەربڕینەکانی عەقڵ و لۆژیک و زانست لەخۆ ئەگرێ.  کریستیڤا ئەڵێ زمان بە تەواوی تێکەڵێکە لە هەردوو ئەم کۆمەڵە مانایە، جیاوازی ئەم دوو جۆرە زمانە بە ڕیشەی زۆر لە جیاوازیەکان دائەنێ. ئەم دوو جەمسەرییە “دوالیزم” وەکو جیاوازی نێوان سروشت و کەلتور ، لەش و زەین یان هەست و نەست وەهایە، یا لە راستیدا دروستکەری ئەو دوالیزمانەیە. لە مێژوی ئەندیشەی خۆرئاوادا ئەم دوو جەمسەرگیریە و جیابوونەوەی ئەو دوو شێوە زمانە، بوەتە نیشانە بۆ بەشی هەرە زۆری فەلسەفەی غەرب. بوەتە هۆی دروست بوون و بەرهەم هێنانی دوالیزمە بنەڕەتیەکان کە فەلسەفەی خۆرئاوا لە دەستیان ئەناڵێنێ. وەک دوالیزمەکانی “مرۆڤی وەحشی” و “مروڤی کۆمەڵایەتی”، یاخود “پرچەکرداری شەهوەتی” لەگەڵ “پرچەکرداری فیکری”  …هتد . ئەو لە فەلسەفەی خۆیدا، ئەبێتە رەخنەگرێکی توندی ئەم دابەشکردن و دوالیزمانە، هەوڵی ئەوە  ئەدات هەر دوو جەمسەرەکە تێکەڵاوی یەک بکات و بە تەواوکەری یەک بیانناسێنێ. بە کار هێنانی ئەم دوليزمە، دوالیزمی (نیشانە ـ ڕەمز) لای کریستیڤا بە تەواوی لەو دوالیزمانە جیاوازە کە لە ئەندیشەی غەربدا بوونەتە باو. ڕاستە دوو جەمسەری “نیشانە” و “ڕەمز” بۆ خۆی جۆرێ لە دوالیزمی نوێیە، بەڵام ئەم دوو لایەنە لای کریستیوا ئەڕژێنە ناو یەک و وەک دوالیزمێکی داخراو کارناکەن. بە جۆریک جەمسەری یەکەم کە دنیای نشانە و سروشت و ئەفسانە و دین و شتە ئیحساسییەکانە، ئەرژێنە ناو جەمسەری دووهەم کە دونیای رەمز و کەلتوور و لۆژیکە.  بە پێچەوانەی  ئەو دوالیزمانەی لە غەربدا هەن، کریستیوا ئەوە نیشان ئەدا کە ئەم دوو جەمسەرە چۆن لە یەک هەڵدەبستن و دەڕونە ناو یەک و تێکەڵ ئەبن. 

گرنگترین خاڵ لە پەیوەندی نیوان “نشانە” و “رەمز” لە پرۆسەی دروست بوونی مانادا ئەوەیە کە “رەمز” بەردەوام ئەیەوێ “نشانە” سەرکوت بکات و پەیوەندییەکی جێگر و وەستاو لە نێوان دال و مەدلولە زمانیەکاندا دروست بکا، بە پیچەوانەی “نشانە” کە بە شوێنی دروستکردنی بشێوی و بێ نەزمییەوەیە بۆ ئەو دەستور و ڕێسایانەی “رەمز” دروستیان ئەکا. گرنگترین خاڵی پرۆسەی داڕشتنی دەلالەت لە زماندا ئەوەیە بێ ئەم دوو جەمسەرە و تێکەڵبوونیان زمان ناتوانێت بوونی هەبێ، زمان هەم لە نیشانە (مانای زمانی پێش زمان، زمانێک کە هێشتا لە شێوەی دەلالەت و مەدلولی نەگۆڕدا دانەڕێژراوە، هێشتا سروشتی رەمزی وەرنەگرتوە، نەبووە بەو زمانە ئاساییەی ناوی زمانی لێ ئەنێین) و هەم لە رەمز دروستبووە (مانای زمان وەک سیستمێکی ڕەمزی، وەک وشە و رستە و ناوەندێ بۆ گواستنەوەی فەرمان و وتار ). زمان لای کریستیوا تەنیا لە دال و مەدلول دروست نابێ، بەڵکو لە قۆناغی پێش ڕەمزدا، قۆناغێکی نیشانەیی هەیە کە پتر لە دەنگ و هاوار و نیشانە و هێما دروستبوە، زمانی ڕەمزی بەبێ ئەم قۆناغی نیشانەییە بوونی نیە. زمانی ڕەمزی لەگەڵ دەرکەوتنی دەسەڵاتی باوکدا، لەگەڵ جێگیر بوونی سیستمی ڕەمزیدا دێتە ژیانی منداڵەوە، بەڵام پێش ئەمە قۆناغێکی دایکانەی پێش ئۆدیبی هەیە کە قۆناغی نیشانەیە. کریستیڤا بۆ شی کردنەوەی بۆچونەکانی لە سەر “نشانە” لە زاراوەی (کورا ـ   Chora)  کە لە  دیالۆگی تیماوسی ئەفلاتون گرتویەتی، سودی بینیوە. کورا لە فەلسەفەی سروشتی ئەفلاتونەوە وەرگیراوە، لای ئەفلاتون کورا ئەو قۆناغەیە لە پرۆسەی دروستبوونی گەردون کە ڕەگەزەکانی (هەوا ، ئاو، خۆڵ، ئاگر) هێشتا تێکەڵ و دژ بە یەکن و لە یەک ئەدەن، جیانەبوونەتەوە بۆ چوار جەمسەر بۆ دروستبوونی گەردون، قۆناغێکە لە نێوان هیچ و گەردون بە شێوە ماتریالیەکەی. ئەم قۆناغە لای کریستیوا وەکو قۆناغی پێش ئۆدیبی وایە کە ئەکەوێتە نێوان هیچ و سیستمی ڕەمزیدایە، هێشتا منداڵ لەشی خۆی ناناسێ و لە دایک جیای نەکردۆتەوە. کورا ئەو نشانەیە کە بە هیچ شێوەیەک نایەتە سەر زمان و ئەو شوێنەیە کە هەرکەسێک پێش دروست بوونی شوناسی هەیەتی و منداڵ لەم شوینەدا زۆرێ لە هەست و غەریزەکان تاقی ئەکاتەوە کە ئەگەر ئەم تاقی کردنەوانە نەبێت پەیوەندی منداڵ لە گەڵ لەشی دايکی خراپ و وێرانگەر دەبێت.

  کریستیڤا دەڵێت زمان وەک کردەوەیەکی کۆمەڵایەتی پێویستە هەر دوو ئەم لایەنی نیشانە و رەمزی تێدا بێت. بە نیگای ئەو ماناکانی زمان لە خۆیدا سوژەی قسە کەر دروست ئەکا و بە واتایەکی تر سوژە زادەی ماناکانی زمانە، ئێمە ئەبین بەو کەسە کە دلالەتە زمانیەکان پێمان ئەبەخشن. زمان  سوژەکان دروست ئەکا و سوژەکانیش زمان بە کار ئەهێنن، زمان  جیا ناکرێتەوە لەو کەسانەی بە کاری ئەهێنن، بۆیە هەر تیورێک لە سەر زمان تێورێکە لە سەر سوژەش. کریستیڤا ئەو گوتارە  بە نورماڵ و دروست و دموکراتیک ئەزانێت کە  هەم لە گوتاری سەر بە کایەی “نشانە” و هەم لە گوتاری سەر بە کایەی “رەمز” دروست بووبێت. لێرەوە کریستیڤا گوتاری خورئاوا دەخاتە بەر رەخنە و پی وایە ئەو پلورالیسمەی ئیستا لە رۆژئاوا هەیە بە مانای دموکراتیک بوون و ئینسانی بوونی رۆژئاوا نییە و لە لێکدان و تێکەڵکردنی هەردوو کایەی “نشانە” و “رەمز” دروست نەبووە و گوتاری زانستی هەموو هێزی گوتارە نازانستیەکان و گوتاری پیاوسالار، هێزی گوتاری ژنانی سەرکوت کردوە.

کاتێک کریستیڤا ئەڵێت هەر تیورێک لە سەر زمان تیوریشە لە سەر سوژە و بکەری زمان، سوژە بەرهەمی ماناکانی زمانە و ئیمە دەبین بەو کەسەی زمان پێمان ئەبەخشێت، بەم بۆچونەی خاڵێکی هاوبەش لەگەڵ زۆر تیوری دیکەدا تۆمار ئەکا کە هەمان ڕوانگەیان هەیە. بەڵام لەم خاڵە بەدوا، جیاوازیەکی زۆری لە گەڵ تیورەکانی تر هەیە، ئەوش ئەوەیە کە راستە سوژە بەرهەمی زمانە، بەڵام چوون زمان لە دوو لایەنی جیاواز و دوو دووانەی پارادۆکس دروست بووە، ئەوا سوژەیەکی قسەکەریش کە خودی زمان بەرهەمی دەهێنێت، بەردەوام دوانە پارادۆکسەکان لە نێویدا دەژین و لە نیوان هەست و نەست، لۆژیک و نالۆژیک، کۆمەڵایەتی بوون و ناکۆمەڵایەتی بووندا دابەش دەبێت.

کریستیڤا تیوری زمانی خۆی بە یارمەتی دەرونناسی لاکان شیدەکاتەوە، لاکان لە پرۆسەی دروست بوونی سوژەدا ئەلێت سوژە دروستکراوێکی ناقس و ناکامڵە کە بەردەوام هەوڵی ئەوە ئەدات ببێت بە بوویەکی کامڵ. تیوری سوژەی لاکان بە منداڵی دەست پێ ئەکات، مندالێک هیشتا ئاگای لە هیچ بەربەست و کێشەیەک نیە و لە گەڵ دایکی هەموو نیازەکانی “تەنانەت پێش ئەوە هەستی پێبکات” جێبەجێ  و فەراهەم دەبێت. منداڵ لە باوەشی دایکیدا هەست بە ئاسودەیی جەستەیی ئەکات، هەر شتێک راحەت و ئارامش ببەخشێت بۆی رەخساوە، لە واقیعدا هەست بە کەماڵ و تەواو بوون دەکات، ئەم کەماڵ و تەواوییە تا ئەو کاتە بەردەوامە کە منداڵ لەگەڵ دایکی خۆی بە یەک دەزانیت و پەیوەندیان هیچ جۆرە درز و دووریەکی تێ نەکەوتوە، لەو کاتەوەی منداڵ لە دایکی جیا ئەبێتەوە و دێتە ناو زمان، هەستی نوقسانی و ناکامڵی دایئەگرێت و ئەو هەستە بە سەریدا زاڵ ئەبێت. بە بڕوای لاکان سوژە بە دوای عیشقێکی بەردەوامدایە کە تەواو بوونی بۆ نییە. گەر سوژە ئەو عێشقی ونبوی خۆی وەدەست بهێنێت، هەرگیز سەرکەوتو نابێت وە  نابێتە سوژێکی قسە کەر، واتە  ئیمە زمان و کەرەسەکانی لە باتی ئەو شتانە بەکاردەهێنین کە لە دەستمان  داون. زمان و لە دەستدان دوو دیوی یەک دۆخن و تەواوکەری یەکن، زمان جێنشینی باوەشی دایکە. منداڵ  کە لە دایک دەبێت و مەودا ئەکەوێتە نیوانیان لە مەیل و ئارەزووەکانی ئەبڕێت و تێکەڵ بە دونیای رەمزی ئەبێت، لیرەوەیە کە منداڵ ئەبێت بە سوژە، بەڵام سوژەیەکی هەمیشە نوقسان و ناجێگیر. لاکان ئەڵێت ئەو کاتەی منداڵ لە ئارەزووکانی ئەبڕێت شوناسە جیاوازەکانی لە لایەن گوتارە جیاوازەکانەوە بە سەریدا زاڵ ئەبن و بە تەواوی ئەو شوناسە ئەگریتە خۆی کە سیستمی رەمزی پێی ئەبەخشێت. شوناسی سوژە ئیتر شوناسی خۆی نیە، شوناسی ئەویترە.

کریستیڤا بوچوونەکانی لاکانی پێ قەبوڵە، بەڵام ئەوەی لاکان ئەڵی منداڵ بە تەواوی لە مەیل و ئارەزووکانی ئەبڕیت و شوناسی ئەکەوێتە بندەستی سیستمی رەمزیەوە، لای کریستیڤا جیگای گومانە. کریستیوا وای بۆ ئەچێت کە لاکان بازی بەسەر قۆناعێکی گرنگی گەشەی منداڵدا داوە کە قۆناغی نیشانەیە، کریستیوا باوەری وایە مەیل و ئارەزوەکان پێش قۆناغی رەمزیش بوونیان هەبوە و کاریگەری خۆیان لە سەر شوناس داناوە، ئەوە بە کاریگەرییەکانی قۆناغی “نیشانە” ناو ئەبات لە سەر شوناس. ئەو ئەڵێت سوژەی قسەکەر لە نێوان دوو وەزیفە  و دەلالەتی زماندا دابەش ئەبێت، بەسەرێک زمانی ڕەمزی کە زمانێکی عەقڵی و لۆژیکی و کۆمەڵایەتی و یەکانگیر و تەبایە لە ناو خۆیدا، بەسەرێکی تریش زمانی نیشانەکانە کە زمانێکی ئیحساسی و ناکۆمەڵایەتی و پەرتە لە ناو خۆیدا. لێرەوە کریستیڤا باوەڕی بە بوونی دوو جۆری جیاواز لە سوژەی قسەکەر لە مرۆڤدا هەیە، سوژەیەک بۆ دەربڕین دەلالەتە عەقڵییەکان بەکاری ئەهێنین، وەک لای فەیلەسوف و زانا و لۆژیکدانەکان ئەیبینین، کە سوژەیەکە لەسایەی سیستمی ڕەمزی لاکانیدا گەشەئەکات، سوژەیەکی تریش کە زمانێکی پەرتی ئیحساساتی و نالۆژیکیە کە شاعیران و مۆسیقادانان و نوسەران بەکاری ئەهێنن. بەڵام بە بڕوای کریستیوا سوژەی نۆرماڵ، ئەو سوژەیەیە کە هەر دوو ئەم زمانە لە نێویدا تێکەڵن و پێکەوە ئەژین و وەک ناکوکی دوو جەمسەری دەرناکەوێ. لەو کاتەدا کە زمانی ڕەمز ناتەواوە لە قسە و دەربڕیندا، زمانی نیشانەیی کۆمەکی پێ ئەکات لە قسە و مانا بەخشیدا.

قۆناعی نشانەی یان قۆناغی پێش ئۆدیپی  لای کریستیڤا ئەو قۆناغەیە کە دەسەڵاتی دایک بە سەریدا زاڵە، ئەو بایەخێکی گرنگ بەم ماوەیە ئەدات و بە ماوەی «دایکانە» ناوی ئەبات و بە بەشێکی داڕێژەری سوژەی ئەزانێت. بەبۆچونی کریستیوا یاسای دایک پێش یاسای باوکە، کەواتە سوژە بە تەنیا بەرهەمی باوک سالاری نیە، بەڵکو  دایکیش رۆلێکی گرنگ ئەبینێت لە شێوە بەخشی بە سوژەدا، یەکێک لە کەم و کورتیەکانی تیورە پێشینەکان لە سەر شوناس فەراموش کردنی قۆناغی پێش ئۆدیپە بۆ رۆڵی دایک. لای کریستیوا ئەبێت دایک و دایکایەتی بەجۆرێکی نوێ پێناسە بکرێنەوە، دایک نە موقەدەسێکی ئەفسانەییە وەک لە  چیرۆک و وێنەکانی مریەمدا، خۆرئاوا ئەیپەرستێ، نە وەزیفەیەکی بایلۆژی ڕوتیشە وەک زانستی نوێ لە بارەی ئەدوێ. دایکایەتی زمان و یاسا و دنیابینیە. سڕینەوەی قۆناغی دایکایەتی لەگەشەی مرۆڤدا بە بەرز نرخاندنی قۆناغی رەمزی تەواوبووە، کە قۆناغێکی پیاوسالار و باوک سالارانەیە. قۆناغی نشانە یان پێش ئودیپی بەوەدا لە ژیر دەسەڵاتی دایکدایە سروشتێکی ژنانە وەر ئەگرێت، کاتێ مندالیش لە دایک ئەبرێت و ئەکەوێتە ناو سیستێمی رەمزیەوە وەک ئەوە پیشان ئەدرێت و دەرئەکەوێت کە ژنێتی سەرکوت کرا بێت. لای کریستیڤا ژن وەک ژن بوونی نییە بەڵام لە ناو سوژەدا هێزێکی نشانەیی هەیە کە سروشتی ژنانەی هەیە. کریستیڤا وائەبینێت ژن وەک گوتارێکی فەلسەفی بوونی نییە، بەڵام وەکو گوتارێکی سیاسی حزوری هەیە. “نیشانە” و “رەمز” وەک ئاماژە بۆ “ژن بوون” و “پیاو بوون” لە هەموو مروڤێکدا وەک یەک بوونیان هەیە، لە هەموو یەکێ لە ئێمەدا لۆژیک و نالۆژیک، کۆمەڵ و دژەکۆمەڵ، یاخی و مل کەچ بە ئەندازەی یەک هەن. واتە ژنیتی و پیاوەتی بە هەمان پلە لە هەموو مرۆڤیکدا هەیە، کریستیڤا ئەڵيت (باوەر بەو قسەیە کە بڵێن کەسێک بە تەواوەتی ژنە هەمان ئەندازە گێلانەیە کە بە کەسێک بڵێن بە تەواوی پیاوە). لای کریستیڤا  لە قۆناغی نیشانە  یان پێش ئۆدیپیدا مندال هێشتا شتێک لە سەر جنسیەتی خۆی نازانێت تا بیەوێت لەشی خۆی لەگەڵ لەشی دایکیدا جیا بکاتەوە، بەڵام دوایی لەترسی خەسان خۆی لە گوتاری باوک نزیک ئەکاتەوە و لە دایک دوور ئەکەوێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو دوورکەوتنەوەیە بەباشی بەڕێوەبچێت، ئەبێت جۆرێک لە نەفرەت و کینە و تەنەفور بەرامبەر دایکی خۆی گەشە پێبدات، ئیتر لەشی دایک بچوک  و بێ نرخ  ئەکاتەوە و لەگەڵ باوکی هاوسۆزیی ئەبێت. کریستیوا ئەڵێ رەگ و ریشەی نەفرەت و کینە، یان دروست بوونی بەرز و نزمی لە نێوان ئینسانەکان، گریدراوی گرێی خەسانە کە ڕق و توندی لە منداڵدا سەوزئەکات. بە کورتی زمان خۆی سروشتێکی دوو چەشنی هەیە، نەوە دوو جەمسەری، بەڵام دوایی زمانی ڕەمزی (زمانی باوک)، سەرکوتی زمانی نیشانەیی (زمانی دایک) ئەکات و لەگەڵ ئەم دابەشبوونەشدا دوالیزمەکان دروست ئەبن.

کریستیوا ڕەخنەیەکی توندیش ئاڕاستەی فیمینیستەکانی لەجۆری “سیمون دی بووار” و “هێلن سێکسۆ” ئەکات لەسەر هەڵوێستیان لەمەڕ  “ئەوی دی بوون”. کریستیوا فیمینیستەکان بەسەر سێ دەستەدا بەش ئەکات، دەستەی یەکەم ئەوانەن کە بە دوای “یەکسانی سەرتاسەری و جیهانی” ژن و پیاو دان، دان بە هیچ جیاوازیەکدا  نانێن لە نێوان ژن و پیاودا، ژن وەک پیاو و پیاو وەک ژن ئەبینن. ئەو ئەم بۆچونەی لا پەسەند نیە، چونکە ئەم بۆچونە “ئەوی دی” بوونی ژن ڕەت ئەکاتەوە. ئەم فیمینستانە لەو باوەڕەدان ژن کراوە بە ژن، ژن کراوە بە “ئەوی دی”، بەڵام گوتاری فەلسەفیان لەسەر لادان و هەڵوەشاندنەوەی ئەو “ئەوی دی” بوونە دامەزراندوە. کریستیوا وەک فەیلەسوفە فیمینستەکانی تر باوەڕی بەوە نیە “ئەوی دی بوون” دۆخێکی بۆ ژن خراپ بێت، بە پێچەوانەوە، ئەوەی ژن جیاوازە یان کراوەتە دەر لە گوتاری باو و دەسەڵاتدار، خاڵێکی باشە کە دەرفەت بە ژن ئەدات نوێنەرایەتی گوتارێکی ڕەخنەگر و تێکدەر و پشێوی دروستکەر بێت. لای کریستیوا ژن نابێ سەنتەرێکی مێینە بەرامبەر سەنتەرێکی نێرینە دروست بکات، چونکە بەوجۆرە ئەچێتەوە ناو هەمان دوالیزمی دێرینی میتافزیکای خۆرئاوا، ژن ئەبێ بەردەوام لە کەنارەوە، وەک “ئەوی دی” یەکی جیاواز سەنتەر بکوتێتەوە، نەوەک سەنتەر بەرامبەر سەنتەر دروست بکات. لای کریستیوا “ژن بوون” شوناسێک نیە لە بەرامبەر “پیاوبوون” دا، ژن بوون بەشێکە لە پەراوێز، لە دەرکراو و دوورخراوە کۆمەڵایەتیەکان، بەوجۆرە ژن لای کریستیوا، وەک جوەکان، ڕەشەکان، هۆمۆکان، کەمایەتیەکان دەرکراوێکی پەراوێزیە کە ئەبێت جێگای خۆی لە بەرامبەر سەنتەردا بپارێزێت. لەم ڕوانینەشەوە “ئەوی دی بوون” دۆخێک نیە ژن لێی ڕابکات، بەڵکو دۆخێکە “ژن” ئەبێ بیپارێزێ و نەهێڵێ بهێنرێتەوە بۆ ناو سەنتەر. 

جۆری دووەم لە فیمنیزم کە کریستیوا ڕەخنەی ئەکات، ئەو فیمینیستانەن کە بە دوای زمانێکی ژنانەی ڕووتدا ئەگەڕێن، باوەریان وایە زمان و فەرهەنگ و کولتور هەمووی پیاوسالارن، نێرەکان دروستیان کردون، ئاوێنەی دەسەڵاتی پیاوانن، بۆیە ئەبێ ژن خۆی لێ بە دوور بگرێت. کریستیوا زۆر توند ڕەخنەی ئەم تێگەیشتنەش ئەکات، زمان و فەرهەنگی مرۆڤانە چەند پیاوانەیە هێندەش ژنانەیە، چەند ڕەمزیە هێندەش نیشانەیە، ژن بوونەوەرێکی قسەکەر بووە، دەمێ ئەبێژین فەرهەنگ و کولتور هەمووی پیاوانەیە، ژن لە مێژو ئەکەینە دەرێ. جۆری سێهەم لە فیمینزم کە کریستیوا پەسەندی ئەکات، بریتیە لە فیمنیزمێک باوەری بە جیاوازی ژن هەیە وەک هێزێک کە بەرهەمهێن و زگپڕە بە توانای نوێ، لە هەناویەوە جیاوازیەکان سەرهەڵ ئەدەن و “ئەوی دی بوون” وەک هێزێکی دروستکەر سەردەر ئەهێنێت. لای کریستیوا ژن جنسێکی چونیەک نیە، بە ئەندازەی ژنەکان ئەشێ جۆری ژن بوون هەبێت. 

بەبڕوای من بۆچونەکانی کریستیوا زۆر گرنگن بۆ داڕشتنی تێگەیشتنێکی نوێ بۆ ژن، جیاواز بێ لەو وێنانەی ژن کە فیمنیزمی باو بڵاویان ئەکاتەوە، بەمەش ئەکرێت سودێکی زۆر بێت بۆ ڕەخنەکردنی ئە وجۆرە بۆچونانەی دەربارەی ژن لە کوردستان هەیە.

 

 

سەرچاوەکان

نقد ونظر؛درامدی جامع بر نظریەهای فمینیستی/مترجم منیژە نجم عراقی/نشر نی/تهران1391.

ناخوداگاه؛انتونی ایستوپ/ترجمە شیوا رویگریان/نشر مرکز/تهران1382.

نوئل مک افی؛ ژولیا کریستیڤا/ترجمە مهرداد پارسا.نشر مرکز/تهران1385.

سرگشتگی نشانەها؛  نمو نەهای ازنقد پسا مدرن /مانی حقیقی/نشر مرکز/تهران1374.

لاکان،دریدا.کریستیڤا؛مایکل پین/ترجمە پیام یزدانجو/نشر مرکز/تهران1380.

فردیت اشتراکی(شامل گفتگوهای ژولیا کریستیڤا)ترجمە مهرداد پارسا/نشر روزبهان/تهران1389.

Bafraw Noori

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.