Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
کارەسات! …  نەهرۆ

کارەسات! … نەهرۆ

Closed
by September 27, 2012 چیرۆک

 

 

هەموو شارێ تایبەتمەندی خۆی هەیە شانازی پێوە بکا، ئەم شارەش دابڕاو نیە لە هێماکانی شارستانیەت، یەکەم تونێلی کوردستانی باشور لەم شارە لێدرا، لە ساڵەکانی پەنجاوە ویستگای کهرۆمائی یی و بەنداوی تیایە، جگە لەوەش خەڵکەکەی هارمۆنیەتییەک لە ژیان و پەیوەندییان دا هەیە، بەشێوەیەک تیایدا هەست بە جیاوازی نێوان خەڵکی گوندەکانی دەوروبەرو خەڵکی شار ناکەی، گوندەکانیشی سەروەری و شکۆمەندی خۆیان هەیە، ئاوی کانزایی سەرچاوەکەی لە گوندی بانیخێڵان دایە، تونێلەکە دەروازەی شارە لەرووی سولیمانییەوە، شەقامە سەرەکیەکە ماڵەکانی دابەش کردووە، ئاوی سیروان وەک پشتدوێنی کەمەری کچێکی مەهابادی لە دامێنی شار دایە، گەڕەکەکانی تێکەڵی پێوەی دیارە، سیماو سروشتی خەڵکی ئەم شارە وەک زوربەی شارو گوندەکانی کوردستان ئەوەیە کە رێز لە غەریب و ئاوارە دەنێن، دکتورێکی عەرەبی میسری هەتا دوای ڕاپەرینەکەش هەر لەم شارە بوو، بەبێ ئەوەی هەست بە نامۆ بوون بکات! خانەوادەیەکی مەسیحی لێبوو ببوون بە بەشێک لە خەڵکی شار، چەندین خانەوادەی هەلەبجەییش لێبوو رووناکی یان بەخشیبوە روومەتی شارەکە!

بەهۆی کەسایەتییەکی ئەفسانە ئامێزەوە بەنێوی ئەحمەد بانیخێڵانی بیرو باوەری شیوعی و یەکسانی خوازی، سەرەتا لە نێو جووتیارەکانی گوندەکەی دواتر شاری تەنیبوەوە.

ئیدی هەر ناوچە بوو قارەمانی تیا هەڵدەکەوت، شیخ سەلام سوڵەیی یەکێک بوو لەو قارەمانانەی کە حزبی شیوعی تەڵیسمی ئاینی بنەماڵەکەی شکاندبوو، جاران رێکخراووکادیرەکانی حزبی شیوعی لەسەر ئەڵقە سەخت و دژوارەکانی کۆمەڵگا کاریان دەکرد، ئەو ئەڵقانەی کە لە رۆژگاری ئەمرۆدا شکاندن و لێترازانی زەحمەت ودژوارە!

لەنێو مزگەوت و تەکیەو حوسێنیەکان لایەنگرو هەواداریان هەبوو، حاجی و مەلاو شێخ و فەقێ بەرگی ئیمانداری رواڵەتی ئاینییان فرێ ئەداو گەوهەری مۆراڵی سوسیالیستی ئاوێزانی گەردنی خۆیان دەکرد!

شێخ سەلام پیاوێکی باڵا بەرزو جوامێر بوو، جگە لە سیفەتی شۆرشگێری خامەیەکی ڕەنگینی هەبوو، چامەی دەنووسی بۆ دوارۆژی کرێکاران و هەژاران، هەر زوو شان بە شانی خەباتەکەی ژیانی هاوسەریی پێکهێنا، دوای ماوەیەک، یەک لە دوای یەک، هاوسەرەکەی چوار منداڵی خنجیلانەی بوو، دوو کچ و دوو کوڕ، ( گۆران ) ی تەمەن بیست و چوار ساڵ یەکی بوو لە کوڕەکانی، ئەسمەرێکی گەنم ڕەنگ بوو، هەمیشەش سمێڵ و تەنکە ڕیشێکی دا ئەنا، بەژنی زراف بوو، من یەکەم جار لە بارەگای حزبی شیوعی بینیم لە دەربەندیخان، دوو چاوی قووڵی هەبوو، دوور دەیانروانی، وەک ئەوەی نهێنیێکیان تیا بێ! بەڵی ئەو قەدەرەی ئەو تووشی هات ئاڵۆزو نهێنی بوو! گۆران پیشەی مامۆستا بوو بەڵام لە زەمەنی قات وقڕی ئابڵوقەی ئابوری دا، بۆ ماوەیەک مامۆستاکان مووچەیان نەبوو، گۆرانیش یەکی بوو لەوانە، رۆژانە لەگەڵ ئەو ڕۆژگارە دژوارە دەجەنگا! یەکی لە خەونەکانی گۆران ئەوە بوو بچێ بۆ گوندی پساکان و لەوێ وانە بڵێتەوە لەبەر ئەوەی یادەوەریەکانی باوکی تیا دەدیتەوە، گۆران لەگەڵ نەنک و براو خۆشکەکانی دا لە ماڵێک دەژیان، هەمیشە میوان رووی تێدەکرد، ئەوانیش بێ ئەوەی خۆیان شێلوو بکەن، دەم بە پێکەنین پێشوازیان لەدەرو دراوسێ دەکرد.

دیارە حزبی شیوعی دوای شەهید بوونی باوکیان ناڕاستەوخۆ ئاگای لە پێگەیاندنی مناڵەکانی شیخ سەلام بووە، بۆیە هەر چوار مناڵەکانی خوێندنی ئامادەیی وپەیمانگاو کۆلیجیان تەواو کرد، ئیدی تا دەهات بیروباوەریان دەکرایەوە بە دیوی پیشکەوتنخوازی و سەربەخۆیی کەسایەتی و یەکسانی نێوان ژن وپیاو بەهاکانی دیکەی مافی مرۆڤ.

بەڵام هەندێ لە خزمەکانی شەهید شێخ سەلام چاویان بەرایی نەدا بەم پیشکەوتنە، وەک دەڵێن لەشەڕا شەریک و لە خیرا تەریک! لەسەر بیری خێڵەکی و ئاینی خۆیان مابوون، جار نە جارێک دەیانویست ئەم چوار مناڵە کە یەکی لێیان گۆرانە بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە بە شێوەیەک کە ئایندەو چارەنووس و سەرنەویشتیان لە لایەن ئەوانەوە دیاری بکرێ. رۆژگار هاتووچو خۆشکە گەورەکەی گۆران پەیمانگای پزیشکی تەواو کرد و لە خەستەخانەی شار سەقامگیر بوو، کوڕێکیش هاو تەمەنی خۆی، هەمان ئاستی زانستی، لە بنەماڵەیەکی رۆشنبیر حەزی لێکرد، حەز لێکردنێکی رەوا وەک مەم و زین وەک خەج و سیامەند وەک شیرین و فەرهاد، ئایندەشیان دەریخست کە وایە! بەڵام بنەماڵەی کوڕەکە لە تیرەی شێخ نەبوو! لەرێگای چەندین کەسایەتی و پیاو ماقووڵانی شارەوە چوونە داخوازی خۆشکە گەورەکەی گۆران، براو نەنک وخۆشک هیچ لارییان لەم داخوازییە نەبوو، ئاکام گوتیان مادام ئەوان دڵخوازی یەکن، بۆچی ئێمە ببینە کۆسپ لە سەر رێگایاندا، بەڵام مەخا بن ئەم کێشەیە بە خۆشی کۆتایی نەهات !

هەندی لە خزمەکانی شەهید شێخ سەلام وەکو بەکری مەرگەوەر بە هەڕەشەو گوڕەشە کەوتنە ئەم بەینەوە، دەیانگوت کچانی شێخ سەلام دەبێ بۆ خزمانی خۆمان بێت بەواتایەکی دی ئێمە شێخین کچ نادەینە مسکین!

گۆران و برا گەورەکەیشی وەکو دوو ئینسانی دونیا دیتە لایەنگری هەڵویستی خۆشکە گەورەکەیان بوون و رەتی دەسەڵاتی داسەپاوی پاشماوەی بنەماڵەیان کرد! کە وەک سێبەرێکی قورس و موتەکەی سەر سینگ لێیان پەیدا بوون.

ئەو بەناو خزمانە بەپێچەوانەی شەهید شێخ سەلام کە لەسەنگەردا  شەهید بوو، بەرەی دوژمنیان گرتبوو، جاش و چڵکاوخۆری رژیم بوون، پشتیان لە گەلەکەیان کردبوو، لەو رۆژگارە سەختەی میللەتەکەمان ئەوان تەنیا نوکی لووتی خۆیان دەدیت!

ئەم نامەردانە تەنانەت دوای راپەرینیش چەکەکانی جاشایەتییان لە شان مابوو. کاتێ کە زانییان هەوڵ و تەقەللاو هەڕەشەو گوڕەشەیان پووچ و نەزوکە ئەوجا پەنایان بردە بەر هێزو بۆسە دانان.

لە ١٨ ئوکتۆبەری١٩٩٤ کاتێ کە ئاسمانی دەربەندیخان ساماڵ بوو، خۆر تیشکی زێڕینی بەخشیبووە کوڵانەکانی شار لەو دەمەدا تەقەیان لە مامۆستا گۆران کرد بۆ هاتا هاتایە ئەستیرەی ژیانیان کوژاندەوە، مامۆستا گۆران بێگوناه بوو، دواجار بوو بە نیچیرو قوربانی فەرهەنگ و بیروباوەری دوگمی خێڵەکی و ئاینی!

من لە بابەتێکی سیاسی دا گوتوومە، لە کوردستانی باشور شۆرش تەنیا گۆڕانکاری سیاسی کرد ئەگینا پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیان وەکو خۆیان هیشتەوە بگرە زیندویان کردەوە، ئەمەش سازش کردنێک بوو لە ستراتیژو پروگرامی حزبەکان، ئاغاو کوێخاو دەرەبەگ تەنانەت موستەشارەکانیش، دوای سەرکەوتنی شۆرش لە رووی سیاسییەوە، کەس لە گوڵ کاڵتری پێنەوتن، زۆر بە نەرم و نیانی مامەڵەیان لەگەڵ کرا، کە نەدەبوو وابێ!

دوای شەهید بوونی مامۆستا گۆران، خۆشکەکانی  ئازادانە بە ئارەزووی خۆیان مێردیان کردوو براکەشی ژنی هینا، ئێستاش بە شانازی و سەربەرزییەوە لە هەندەران لە سێ وڵاتی پێشکەوتوودا ئەژێن وەک هولەنداو سوئیدو فینلەندا!!

ئەم چیرۆکە رووداوێکی راستەقینەیە.*

قارەمانی چیرۆکەکە گۆرانی جوانەمەرگە کە ئەم ساڵ هەژدە ساڵ تێپەر ئەبێ بەسەر شەهید بوونیدا، وێنەکەی لەسەرەوەی دەقەکە دایە!*

/ نەرویج  

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.