Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
کافکا :ئەو پیاوەى بوو بەنووسەر بۆ ئەوەى ئازار نەیکوژێ

کافکا :ئەو پیاوەى بوو بەنووسەر بۆ ئەوەى ئازار نەیکوژێ

Closed


رەنگە زۆر بۆچونى جیاواز هەبێت سەبارەت بە تێکست و بە نووسەر ،وە هەروەها چەندین پەیوەندى فرە ئاراستە هەیە لە نێوان نووسەر و دەقدا ،بەلام ئەوەى دەمەوێ لەبارەیەوە بدوێم ئەوەیە کە نووسەر دەبێت چۆن رەفتار لەگەڵ نووسیندا بکات ،وە لە هەمان کاتیشدا ئەوە دەر بخەم کە رەنگەدانەوەى وجودى نووسەر بەسەر تێکست لە چ ئاستێکدایە، ئەمەش بەماناى ئەوەى هەموو ئەو نووسینانەى کە دەبینرێن ،دەکرێت لە کاردانەوەیەک هاتبنە دنیاوە، یان بلێن ئازارێکیان لەپشتە، بێ ئەوەى ئەوە فەرامۆش بکەین کە پەیوەندى نووسەر و دەق شۆربوونەوەیە بە ڕەگەکانى بیرکردنەوە، ئەمەش پێویستى بە ماندوو بوون و کاتى پێویست هەیە ،جا ئەو کاردانەوەیە راستەوخۆ پەیوەندى بە پێکهاتەى ژیانى نووسەرەوە هەبێت یان لەدەرەوەى پێکهاتەى ژیانى نووسەر، بەلام گرینگ ئەوەیە نووسەر بە شێوەیەکى هارمۆنى دەکەوێتە ژێر ئەمرێکەوە کە خۆى هەستى پێناکات ،ئۆرهان پامۆکى گەورە ڕۆماننووس لە کاتى وەرگرتنى خەلاتى نۆبڵدا لە بارەى نووسینەوە وتى”نووسین دۆزینەوەى کارێکتەرێکى شاراوەیە لە ناوماندا”(1)ئەمەش دەکرێ لەو ئاراستەوە کاریگەر بێت کە دۆزینەوەى ئەو کارەکتەرە کارێکى ئاسان نیە ،نووسەران دەکرێ ئەو کارەکتەرە بە فریادرەس بزانن ،یان وەک رزگارکەرێکى رۆحى(salvation) سەیرى بکەن ،نووسەران بە نوکى قەڵەمەکەیان دەتوانن ژەهرى مردن لە لاشەیاندا دەربهێنن ،ئەوەى لێرەدا توشى تێکشکان دەبێت ئەو کاتەیە کە نووسەر ناتوانێ بنووسێ بەمەش سوپاى مەرگ چەند جارێک مرۆڤەکە تاقیدەکاتەوە ،بێگومان نووسین بۆ هەمووکەس نابێ ،بەڵکوو نووسین کارى ئەو کەسانەیە کە نایینەوێ تەسلیمى ئەو نهێنیەى ژیان بن کە بە ویستى نهێنیەکە مرۆڤ بخولێتەوە ،رونتر بیلێم ،نووسەران ئەو کەسانەن کە دژایەتى ئە بۆشایە گەورەو رەهایەى کە ناوى تەسلیمبوونە دەکەن. گریکەکان بروایان وایە کە شاعیر دروست نابێت بەڵکو لەدایک دەبێت ،وە لە کاتى لە دایک بوونیشى یەکێک لەو نۆ منداڵەى خواوەند زیۆس دەبێتە ئیلهام بەخش بۆ  هەر یەکەیان کە تایبەت مەندن بە بووارێک ،بەلام من بروام وایە نووسەر دروست دەبێت، هەروەها کارى نووسەرایەتى پەیوەندى بەئیلهامەوە نیە(inspiration)، بەڵکوو نووسەر لە لایەن دەوروبەرەوە ئاراستە دەکرێ. رەنگە هەندێ نووسەر گەر نە نووسن بمرن ، هەروەک رۆشنفیکرو   رۆمانووسى  کورد بەختیار على لە بارەى نووسەرەوە دەلێت”نووسەرى راستەقینە لەو  ساتەدا لەدایک دەبێت کەتێدا هەست دەکات گەر نەنوسێت  دەمرێت یان دەدۆرێت”(2) . لەم بۆ چونەشدا بازنەى ئەرکى نووسەر زۆر بچوککراوەتەوە ،وە ئەوە دەردەکەوێت کە نووسەر گەر پەیامەکەى نەگەیەنێت ئەوا دەمرێت ،لەمەیاندا کارى نووسەر ئەوەندە تۆخ کراوەتەوە کە مەرجى نووسەربوونى زۆر گران کردوە ،بەلام ئێمە مەبەستمان لە نەمرى ناو نیە ،مەبەستمان خودى مردنە وەک پرۆسەیەکى ژیان نەک وەک مێتافۆر ،ئەوەى ئێمە لە بارەیەوە دەئاخڤین ئەو فۆرمەى نووسەر نیە کە دواى مردنى وەرى دەگرێت ،ئەگەر چى رەنگە بە شێک لەو قسانەى کە کردومانە فۆرمێکى دوالیزمیان هەبێت بەلام ئێمە مردنى نووسەر لە فۆرمێک دا باس دەکەین کە وەک هەرکەسێکى ترى ئاسایى توشى دەبێت ، بەختیار على لەشوێنێکى تردا دەڵێت “نووسەرى دواهەمین چارەو دواهەمین رێگاى بەردەم مرۆڤە” بەم  مەرجەش نووسەر و ئەرکەکەى هیچى کەمتر نابێت لە پەیامبەرەکان ،بە مانایەکى تر کۆمەڵێ کەس مەحکومن بەوەى کە دەبى ببنە نووسەر وە من تەواو باوەرم بەوە هەیە کەدەکرێ مرۆڤ لەرێگەى نووسینەوە خۆى لەمردن رزگار بکات، گرینگ نە ناوبانگە و نە شتى ترى وابەستە بەو فەزایەى کە لە دونیاى بوون بەنووسەریدا هەیە ،پەیامى نووسین جیاوازە لەپەیامى ئاخاوتن ،لە نووسیندا دنیایەکى پر نهێێ و پەییپَنەبراو بوونى هەیە ،مەبەست لەوە ئەوەیە دەکرێ لە نووسیندا پشت بە وزەیەکى شارەوە ببەستین ئەویش وزەى تێرامانى قوڵە بەرامبەر بە رابردوو بە داهاتوو بە ئێستا. نووسەر لە نووسیندا خاوەنى مەیدانێکى زۆر بەرفراوانە ،وە ئەوەى ئەو مەیدانە جیادەکاتەوە لە مەیدانى ئاخاوتن بوونى ئەو سانسۆرە گشتى و سەرەتاییانەیە کە لە مەیدانى نووسیندا بەدى دەکرى بە ڵام لە ئاخاوتندا نا، بەختیار لە بارەى نووسینیش وێنەیەکى ڕوون دەخاتە ڕوو دەڵێت”نووسین لەو دواهەمین فیشەکە دەچێت کە جەنگاوەرێک هەڵیدەگرێت تا لە کۆتایدا دواى ئەوەى دەزانێت بۆ ئەبەد تێک شکاوە، بینێت بەسەرى خۆیەوە” ،ئەوە سەبارەت بە نووسین، بەڵام سەبارەت بەنووسەر، فەیلە سوفى بەناوبانگ شۆپنهاوەر لە وتارێکدا لە بارەى نووسەر دەلێت ،”نووسەرى راستە قینە ئەو نووسەرەیە کە لە پێناو نووسیندا بنووسێت،”(3)   . ئەم قسەیەى شۆپنهاوەر زۆر جومگەى گرینگى وابەستە بە ئەرکى نووسەر دەردەخات لە هەمان کاتیشدا ئەوە رووندەکاتەوە کە دەکرێ زۆر جۆرى ترى نووسەرمان هەبێت ،کە لە پێناوى شتى تردا بنوسن ،لێرەدا بابەتەکە ئاراستەى ئەوە دەخوازێت کە نووسەر لە پێناوى خودى پرۆسەکە خزمەت بە پرۆسەکە بکات ،نەک ئەوەى نووسەر لە دنیایەکى دۆگمایى دا خۆى بدۆزێتەوە، ،باشترین بەڵگە و چاکترین نمونەى هەستپێکراو بۆ رونکردنەوەى هەردوو مە بەستەکەم کە کاریگەرى نێوان تێکست و نووسەر لەگەل رەنگدانەوەى نووسین لەژیانى کردەى نووسەر بخاتە روو ،پێسویستە بگەرێنەوە بۆ لاى نووسەرى گەورە فرانتز کافکا ،دواتریش ئێستێک بکەین لەسەر ئەو پرسیارانەى کە لە ناخماندایە بەرامبەر بە پەیوەندى فەیلەسوفى دانیمارکى کیرکگارد و کافکا.

لە زۆر کاتدا دەکرێ هەست بەوە بکرێ کە نووسینى هەندێ کەس رەنگدانەوەى بەشێکى ژیانى نووسەرەکەیە ،بەلام لە لاى کافکا نووسین وینەیەکى گشتى ژیانى کافکا یە، ئەو نووسەرەى کە وینەکانى ژیانى لەبەرهەمەکانى دا رەنگدەداتەوە پێ دەلێن”دەپلى گەنگە”(doppelganger)ئەمە وشەیەکى ئەڵمانیە لە ناوەراستى سەدەى نۆزدە بەکارهات، بەو نووسەرانە دەوترێت کە پرۆتاگۆنستى بەرهەمەکانیان نوینەرایەتى وینەو کارو فیکرى ژیانى نووسەر دەکات، کافکا دەکرێت هەموو بەرهەمەکانى بخرێنە چوارچێوەى ئەو ژیانەى کە تێدا ئازار پێناسەى سەرەتاو کۆتایەکەیەتى ،ئەکرێ راستەخۆ بلێن کافکا لەرێگەى نووسینەوە لەمردنى خۆى هەڵدێت، بەڵگەى تەواومان هەیە کە کافکا لەبەر ئەوە بۆتە نووسەر چونکە لە کۆتایى تەمەنیدا داوا لە ماکس برۆدى هاورێ دەکات کە هەموو بەرهەمە کانى بسوتێنى ،ئەمە لە لایەک ،لە لایەکى ترەوە تا کافکا مابوو بەرهەمەکانى هیچ ناوبانگیان پەیدا نەکرد ،بەڵکو دواى مردنى بەرهەمەکانى بوونە جێگەى مشتومر و لێکۆلینەوە و سەرسورمان ،ئەمە ئەوە دەر دەخات کە کافکا تەنها بۆ ئەوە ویستویوتى بنوسێ کە جارێکى تر دژى مردن بووەستێتەوە ،چونکە کاتێ پێ ڕاگەینرا کە توشى نەخۆشى درێژخایەن بووى(سیل) ، بە تەوژمترو بە گورتر دەستى کرد بەنووسین ،ئەمەش دیسان بەڵگەیە لەسەر ئەوەى کە کافکا نووسینى وەک دەرمانى دژە مەرگ بەکار هێناوە ،بەرهەمەکانى کافکا تەنها وێنەیەکى لۆکاڵى نین لەگەڵ ئەوەى رەنگدانەوەى ژیانى خۆیەتى ،بەلام باس لەهەموو ئەو خەمە قوڵانە دەکات کە بەدرێژاى ژیانى مرۆڤایەتى هەن و دەمێنن ،کافکا لە ساڵى 1883 لە شارێکى نزیک پراگى کۆمارى چیکى ئەوکات نەمساى ئێستا لەدایک بووە ، باوکى جولەکە بووە ، کافکا ژنى نەهێناوە ،بەردەوام لەگەڵ باوکیدا کێشەى هەبووە ،لە ساڵى 1917 یەکەم سەرەتاى نەخۆشییە چارەسەر نەبووەکەى دەردەکەوێت ،بەڵام ئەوە نابێتە هۆى ساردبوونەوەى لەکارى نووسین،لەساڵى 1924 لە شارێکى نزیک ڤیەنا کوچى دواى کرد.

باسکردنى کافکا بۆ ئەو رەهەندە هەمەجۆرانەى کافکا خۆى دەگەرێتەوە کە ببێتە باشترین نمونە بۆ قسەکردن لەسەر نووسەرو ئەخلاقیاتى کارى نووسین ،کافکا لە ژیانى نووسەریدا زۆر بەسادەیى و بە بیرێکى وردەوە شرۆڤەى بابەتەکانى دەکرد نامەکانى زۆر درێژ بوون چونکە ئەو پارەیەى نەبووە کە بەردەوام پۆست بکات ،پێاوێک جیاواز لە پیاوانى سەردەمى خۆى ئەو لە سەردەمى جەنگى یەکەمى جیهانى ژیاوە بەلام هیچ کاردانەوەیەکى ئەو شەرە لە بەرهەمەکانیدا بەدی ناکرێت ،ئەو پیاوێکە لە نووسەرانى سەردەمى خۆى ناچێ ،ئەو لە رێگەى نامەیەک بەدرێژى و بەتەواوى بارودۆخى ژیانى خۆى بۆ باوکى ڕوندەکاتەوە باس لە هەموو ئەو ناخۆشیانە دەکات کە بەهۆى باوکییەوە چەشتویەتى(4)، پەیوەندى کافکاو هێرمانى باوکى لە ئاستێکى زۆر ئاڵۆزدابووە ،هەموو نەهامەتیەکانى ژیانى کافکا بۆ باوکى دەگەرێتەوە ،ئەمەش بە تەواوى لە بەرهەمەکانیدا دیارە ،کافکا نووسەرێکى بەتوانا و تێرامانێکى قوڵى هەبوو ،ئەو بابەتەکانى زیاتر بابەتى ئاسایى بوون ،رەنگە ئەو هۆکارەش بۆئەو کاریگەریە بگەرێتەوە کە کافکا هەیبووە بەرامبەر بە بەرهەمەکانى نیتشە ،نیتشە لە وتەیەکى دا باس لەوە دەکات کە مەسەلە گرینگەکان لە مەسەلە ئاساییەکانن ،ئەم وتەیە گەورەترین پانتاى هەیە لە ژیانى و نووسینەکانى کافکادا ،لە تەمەنى خوێندکاریدا کافکا ماکس برۆدى ناسى کە تاکەکەس بوو تا کۆتاى ژیانى درێژەى بەهاورێتى کافکا داو دواتریش یادەوەریەکانى کافکاى نوسیەوە ،ماکس برۆد لە نامەیەکدا کە بۆ فلسەى خۆشەویشتى کافکا ئەینێرێت ئەڵێت”کافکا دەتوانێت بەرهەم گەلێک بخوڵقێنێ کە خودا لەرێگەى مێشکى ئەوەوە دەیەوێت هەموو بەندەکانى هەیانبێت”(5).
ئەوەى لە بەر هەمەکانى ئەم نووسەرەدا دەر دەکەوێت رەنگدانەوەى ئازارە زاتیەکانى خۆیەتى ،ئەو نووسینى بە تاقە رێگە هەڵبژاردوە بۆ هەڵاتن لە مەرگ ،ئەو نەک تەنها کاریگەر بووە بە ئازارەکانى ژیانى بە ڵکو کاریگەر بووە بە ژیانى هەموو ئەو نووسەرانەى کە لەشێوەى ئەو دا ژیاون کە دیارترینیان نووسەرو فەیلەسوفى ئاینى دانیمارکى سۆرین کیرکگاردە، ئەوە لەگەڵ ئەوەى پیاوێکى ئاینى مەسیحى بوو بەلام لە شێوازى ژیان وئازراد هەمان سیناریۆى ژیانى کافکاى هەبوو، ئەویش لە تەمەنیدا زماوەندى ژن هێنانى نەکردوە ،بە هەمان شێوە ئەویش لە پەیوەندیەکى خراپ دا دەژى لەگەڵ دەوروو بەرو باوکیدا ، ئەمەش لە بەرهەمەکانیدا دەخوێندرێتەوە بەتایبەت لە ترس و لەرز (Fear and Trembling)(6) . ئەوەى لە سەربووردە و واریقاتى ژیانى کافکا مەبەستمانە خستنە رووى ئەو راستیە کە پەیوەندى نێوان نووسەر و واقعى ژیانى نووسەر تاچەند راستەوانەن ، ئەمە لەلایەک ، لەلایەکى ترەوە کاریگەر بوون بە فۆرمى هاوشێوە لە نووسەردا بەدى دەکرێ ، بالێرەوە ئەو راستیە بخەینە روو کە بە رهەمەکانى کافکا زادەى ئەو راستیەن کە کافکا ى تێدا گەورە بووە ،لە رۆمانى کۆشک و بەدگۆران و داگایدا ،کافکا خۆى رۆڵى سەرەکى دەبینێت ،ئەوەى ئەو دەیویست تێگەیاندنى دەوروبەرى بوو لەو بارودۆخەى کە ئەو چەندانى ترى وەک ئەو هەیان بوو ،کافکا لە و نامەیەى کە بۆ باوکى نووسیى و کە دواتر بە هیچ شێوەیەک بەدەستى نەگەیشت بە تەواوى ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە پێگەى ئازار لاى ئەو چى دەگەیەنێ ،نووسەران لە بۆچونى جیاواز دان سەبارەت بە جۆرایەتى نووسینەکانى کافکا ،ئەو نەدەرونزانە، نە نووسەرێکى وجودیە، نە سیمبۆلیستە، نە  ریالیستە یان هەر جۆرێکى تر ، بە ڵکو ئەو خاوەنى ڕێبازێکى تایبەت بەخۆیەتى بۆ یە دەوترێت “کافکا چوارچێوەشکێنترین نووسەرى هاوچەرخە و لەبنەرەتدا باشترین و سادەترین شێوە بۆ گەیشتن بەکۆیەک و ئەندێشە سوودمەندەکان سەبارەت بەکافکا پێناسەیەکى نەگەتیڤە سەبارەت بەئەو کەدەلێت ،کافکا ئەگەرچى لە ریالیزم لادەدا بەلام سوریالیست نیە ،ئەگەرچى لەگەل نەکردندا کێشەیەکى هەمیشەى هەیە بەلام ناتوانین بڵین نووسەرێکى ریالیستى جادوویە ،وە کارێکى نارەواشە گەر بلێن کارەکانى نزیکە لە سیمبۆلیزمەوە، ئەمە لەکاتێکدایە کەبەرهەمەکانى کافکا لە بێمانایەکى رەهادا دەخولێنەوە”  . (7)ئەتوانین بڵین ئەو بەتەواوى نهێلیست بوو ،کەڕەنگە هۆکارەکەى بۆ ئەو کاریگەر بوونە بگەرێتەوە کە  هەیبوو بەرامبەر نهێلیستى مەزن فریدریک نیتشە ،کافکا لەم جۆرە ئاراستەیەدا ئەوەندە قوڵ بووبۆەوە کە هەندێ لە نووسەران بە ڕەسەنترین  و قوڵترین سیماى نهێلیستى سەردەمى دادەنێن ،بۆ یە ئەو سەردەمەى کافکا گەورەترین ئیشکالیەتى فیکرى مشتومڕى بوو ،نووسەرانى قوتابخانەى ئەبسێرد بوونى خوایان رەت کردوە ،بەلام کافکا لەم نێوەندەدا بێدەنگى هەڵبژارد بوونى خواى نە قەبوول کرد نە ڕەتیشى کردەوە ، ئەمەش پانتایەکى تایبەت بەم بێدەنگیە هاتۆتە بوونەوە . لە یەکێک لە و شرۆڤانەى بۆ کەسایەتى و بۆ چوونەکانى کافکا کراوە وتراوە”کافکا شیوەنى نەبوونى خودا ناکا و  وەک نووسەرانى قوتابخانەى ئەبسێردیش لەوانە سارتەر و کامۆ یونیسکۆ و بێکت نایەوێ بوونى خودا رەت کاتەوە، بەڵکو بەهەڵوێستى بێدەنگى کە زۆر دڵرەقانە ترە سەرنجى بابەتەکە دەدات ، چونکە وا پێدەچێ بە پێ یاسایەکى گشتى رەتکردنەوەى هەموو شتێک بە چەشنێک قبوول کردنیەتى”(8) ، بۆچوونە تایبەت و دنیا پر نهێنیەکەى کافکا چەندین کتێب و چیرۆکى نوێ لێ دروست دەبێت ،ئەتوانین بەرهەمەکانى کافکا  دابنێن لە ڕێزى ئەو بەرهەمانەى کە تواناى تێپەراندنى زەمەنیان هەیە ،بەرهەمەکانى کافکا خاڵى تێگەیشتن و شرۆڤەى کۆتاییان نیە ،ئەو تاکە نووسەرە لەگەڵ ئەوەى کە بەر هەمەکانى چ لەڕووى زمان و چ لەڕووى ناوەرۆکەوە تێکستى گران نین بۆ تێگەیشتن بەلام لەگەل ئەوەشدا تێکستى نەمرن ، من لەو بروایەدام و پرسیار دەکەم ئایا بە تەواوى کاتى ئەوە نەهاتووە ئێمە سود لە کافکا وەرگرین؟ 
 ………..Aram_msh@yahoo.com

پەراوێز:

(1) رۆمانى بەفر، ئۆرهان پامۆک، لاپەر  (8)
(2) رەخنەى چاودێر ژمارە (91) ،دیدارى بەختیار على ،بەشى سێ یەم
(3) About writer(article) Encarta ® 2008
(4) نامەیەک بۆ باوکم،فرانتز کافکا،وەرگێرانى،جەلیل عەباسى،2005.چاپەمەنى چوارچرا.
(5) کافکا،ژیان و کەسایەتى،وەرگێرانى ئیسماعیل ئیسماعیل زادە،دەزگاى ئاراس ،2007 ،لاپەر( 15)
(6) “Søren Kierkegaard.” Microsoft® Student 2008، Redmond، WA ، 2007
(7) کافکا ،ژیان و کەسایەتى،لاپەر ( 34)
(8) کافکا،ژیان وکەسایەتى،لاپەر(38 )

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.