که‌رنه‌ڤاڵی کۆلن … دڵشاد تاقانه
که‌رنه‌ڤاڵی کۆلن …
کۆڕه‌وی ئاهه‌نگێکی کهژاوهیی جه‌ماوه‌ری ساڵانه‌یه له هه‌رێمی نۆرد ڕاین ڤێست فالن له شاره‌کانی کۆلن ، دوسلدۆرف ، لێڤه‌رکوزن ، ئێسن ، بلیفێلد…. تاد. له ئه‌ڵمانیا به‌ڕێوه‌ده‌چێ . پێکهاتووه له چه‌ندین گروپ به پۆشاکی ئاڵا‌و واڵا به ناو شه‌قام و کۆڵانه‌کاندا له‌ناو ئاپۆرای بینه‌ر و هانده‌ران گوزه‌رده‌که‌ن ، به‌ده‌م گۆرانی و سه‌ماوه گوڵ و شیرینی ده‌به‌خشنه‌وه به‌یه‌ک ده‌نگ به‌هاوار ده‌ڵێن : کۆله ئالاف واته کۆلن پێش هه‌مووان. هه‌موو ساڵێ دواین دووشه‌م له مانگی ڕه‌شه‌مه که بۆ ئه‌م ساڵ ده‌که‌وێته ڕۆژی 23.02.2009 کۆڕه‌وی گه‌وره و سه‌ره‌کی که‌رنه‌ڤاڵ به‌ڕێوه‌ده‌چێ که پێ ی ده‌وترێ ( Rosenmontagszug ) به واتای گوڵبارانی کاروانی دووشه‌م .
کهڕنهڤال کۆنه وه‌کو مێژووی شاری کۆلن ، ماوه‌ی سهدوحهفتاونۆ ساڵه به‌م شێوه‌ی ئێستا به‌ڕێوه‌ده‌چێ ، کورت کراوه‌ی وشه‌ی carne valeبه شێوازی کۆلنی یه که ناسراوه به کۆلش واته ماڵئاوایی له گۆشت . ڕێوڕه‌سمه‌کان له‌چه‌ندین ڕۆژ و به‌شێوازی جیا به‌ڕێوه‌ده‌چێ سه‌ره‌تا بریتیه له Weiberfastnacht واته جه‌ژنی ئازادی مێینه ده‌که‌وێته ڕۆژی پێنج شه‌مه‌ی پێش دووشه‌م له ڕه‌شه‌مه به‌شێکی گرینگی که‌رنه‌ڤاڵه ، کچ و ژنان خۆیان ده‌ڕازێننه‌وه و ماسکه‌ی ده‌م و چاو ده‌که‌ن یه‌کێ له سیماکانی بڕینی کهرهڤاتهی پیاوانه و به‌مه‌رجی دوای بڕینه‌که ده‌بێ پیاوه‌که ماچ بکات و زۆر شتی تریش …. هه‌روه‌ها چوارشه‌مه‌ی دوای دووشه‌مه‌ی ڕه‌شه‌مه ناسراوه به Ascher Mittwoch واته خۆڵه‌مێشی چوارشه‌مه دوایین ڕۆژی به ڕۆژووبوونه له گۆشت و خه‌ڵکان ده‌م و چاویان به ته‌نی خۆڵه‌مێش ڕه‌ش ده‌که‌ن به نیازی دوورکه‌وتنه‌وه‌ی شه‌یتان لێیان .
دروشمی که‌ڕنه‌ڤاڵ به زارگۆی کۆلش بریتیه له :
Kölle un die Pänz us aller Welt واته : کۆلن و منداڵانی هه‌موو دنیا . له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌م ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌سه‌ڵاتداره‌کان له‌م بۆنه‌یه ئاهه‌نگیان ده‌گێڕا دوای په‌نجا ساڵ ڕزگاربوونی کۆلن له ده‌ست فه‌ڕه‌نسیه‌کان بوو به ئاهه‌نگی جه‌ماوه‌ری سه‌رتاسه‌ری . هه‌موو ساڵێ له یازده‌ی مانگی یازده کۆمیته‌کانی به‌ڕێوه‌بردن کۆبونه‌وه‌کانیان ده‌ست پێده‌که‌ن بۆ ئاماده‌کاری له گه‌ڕه‌ک و به‌شه‌کانی شار خه‌ڵکی سازده‌ده‌ن بۆ به‌شداری . چه‌ندین گۆرانی تایبه‌ت به کهڕنهڤال هه‌یه تایبه‌تمه‌ندی ئاواز و ستایلی کلتوری ده‌به‌خشێ ، وێردی سه‌رزمانی خه‌ڵک و بڵندگۆی شانۆ سازکراوهکانه هه‌روه‌ها باڕ و ڕه‌شماڵه هه‌ڵدراوه‌کانی گه‌ڕه‌که‌کان بۆ کهرنهڤاڵسازان . ئه‌م ئاهه‌نگانه دیارده‌ی کلتوری و شارستانی و پشووی شادی و ناسینی هه‌مووانه ، مایه‌ی خۆشهاتی یه ئه‌وه سێ ساڵه ئه‌ڵمانه‌کانی له کوردستانن به‌تایبه‌ت له هه‌ولێر ئاهه‌نگی که‌ڕنه‌ڤاڵ به به‌شداری کوردان ده‌گێڕن .دڵشاد تاقانه