کوردستان؛ پیاسه‌یه‌ک به که‌ناری دیموکراسیدا
خه‌می گه‌وره‌ی د‌یموکراسی، خه‌می ناساندنی په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگه‌یه. خه‌مێک له سه‌ره‌تای درووستبوونی مێژووی دیموکراسیه‌وه بۆ له چوارچێوه‌گرتنێکی قانوونی نێوان ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگه خه‌باتده‌کات.
چوارچێوه‌ی قانوونی، به‌و مانایه نا؛ کۆی پرۆسه‌ی د‌یموکراسی بخزێنرێته ناو کۆتوبه‌ندی کۆمه‌ڵێ یاسای داڕێژراوی وشکه‌وه و ده‌رچوون لێیان ئه‌سته‌م بێ. به‌ڵکو به‌و مانایه‌ی چه‌ند یاسایه‌کی گشتی ئه‌و په‌یوه‌ندییه رێکبخه‌ن و، ئه‌رک و فه‌رمانی هه‌ریه‌ک له ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگه دیاریبکا و رایه‌ڵه‌کانی ئه‌و په‌یوه‌ندیه له سه‌ر بنه‌مای زانینی سنووره‌کانی هه‌ریه‌ک له‌و دوولایه‌نه رێکبخرێت. پاشان که ده‌رکه‌وت ئه‌م فۆرمه‌ی د‌یموکراسی، تێری ویستی ئه‌و په‌یوه‌ندیه ناکات که له نێوان تاک و ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یه، ئیتر پێویست بوو پێناسه‌یه‌کی جیاواز بۆ چه‌مکی د‌یموکراسی و جۆری په‌یوه‌ندیه‌که بکرێ و له گشتاندن رزگاری بێ.
کاتێ د‌یموکراسی ((به مانا کلاسیکیه‌که‌ی)) وێناکردنی بۆ کۆمه‌ڵگه و کۆی پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردن، ده‌بێته چه‌کێک به ده‌ست لایه‌نه ده‌رچووه‌کانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه و به بیانووی زۆرینه‌وه، گاز له به‌شی که‌مینه ده‌گرن و به‌ناوی بردنه‌وه‌وه دۆڕاوه‌کان ده‌چه‌وسێننه‌وه‌و، له ژێر په‌رده‌ی پاراستنی ئاسایشی گشتی و سوودی گشتی و کۆمه‌ڵێ شتی گشتیی تردا، ماف و ئازادییه‌کانی تاک زه‌وتده‌که‌ن! ئیتر مانایه‌ک بۆ د‌یموکراسی نامێنێ و کۆی سیستمه‌که به‌ره‌و ئاقارێکی دیکتاتۆری ده‌ڕووات.
ئالێره‌وه چه‌مکی ” دیموکراسیی لیبرالی ” وه‌ک فۆرمێکی نوێ و فریادڕه‌سی تاک ده‌رده‌که‌وێ و سه‌رله‌نوی رایه‌ڵه‌کانی په‌یوه‌نیی نێوان ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگه له گشتاندن رزگارده‌کا و ده‌یکاته په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵات و تاک. واته لێره‌دا تاک، که‌ره‌سه‌ی خام و خاڵی گرنگی ئه‌و چه‌مکه‌یه و ئازادی و که‌رامه‌ت و که‌سایه‌تیه‌که‌ی ئامانجه، که بێگومان دواجار کۆمه‌ڵگه پێکده‌هێنێ.
له سیستمی د‌یموکراسی لیبرالیدا تاک سه‌رمایه‌ی هه‌ره گه‌وره‌یه و له ژێر هیچ پاساوێکی وه‌ک زۆرینه و که‌مینه و ره‌نگ و ره‌گه‌ز و ئایین و نه‌ته‌وه‌دا، ناتوانرێ ئازادی و مافی پێشێل بکرێ.
بۆ نموونه ئه‌گه‌ر که‌مایه‌تیه‌کی دیاریکراو، نوێنه‌رێک یان دووانیان له پارله‌ماندا هه‌بێت، مانای ئه‌وه نییه به‌ناوی زۆرینه‌وه مافه‌کانیان بخورێت. چونکه ئه‌وه‌ی له‌و سیستمه‌دا په‌یڕه‌و ده‌کرێ مافی تاکه وه‌ک هاووڵاتی، نه‌ک مافی زۆرینه.
راسته زۆرینه ده‌توانێ حکومه‌ت پێکبهێنێ و سیاسه‌تی وڵات به پێی پرۆگرامی خۆی دابڕێژێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ناتوانێ و بۆی نییه و یاسا رێگه‌ی پێنادا ئه‌وه‌یه؛ جیاوازی له نێوان هاووڵاتیه‌ک و هاووڵاتیه‌کی تردا بکا. لێره‌شدا وته‌که‌ی مارتین لۆته‌ر کینگ( سه‌رکرده‌ی ره‌شپێسته‌کانی ئه‌مریکا) دێته‌وه یاد که ده‌ڵێ: ((یاسا ناتوانێ وا له که‌سێکی سپی پێست بکا منی خۆشبوێ، به‌ڵام ده‌توانێ ڕێی لێبگرێ له‌وه‌ی که بمکوژێ، بێگومان ئه‌مه‌ش شتێکی گرنگه)).
پتر لە بیست ساڵه له کوردستاندا بانگه‌شه‌ی د‌یموکراسی ده‌کرێ ، بانگه‌شه‌ی ئازادی و مافی مرۆڤ و زۆردروشمی گه‌وره ده‌درێ به گوێی خه‌ڵکیدا.
نیوه‌ی ئه‌و ساڵانە به شه‌ڕی گه‌رمی خوێناوی و شه‌ڕی ساردی راگه‌یاندن تێپه‌ڕی. له‌و ماوه‌یه‌دا نه‌ک ئه‌و دروشمانه نه‌چه‌سپیون، به‌ڵکو ئازادی و ماف و که‌رامه‌تی مرۆڤی ئه‌م وڵاته له هه‌تککردندا بووه و دیموکراسیش جگه له روکه‌ش هیچ مانایه‌کی نه‌بووه. نیوه‌که‌ی تری ئه‌و ساڵانەش به سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واری ئه‌و نیوه‌یه‌ی یه‌که‌میدا تێپه‌ڕێندرا و تا ئێسته‌ش ئه‌و پرسیاره به دوای وه‌ڵامدا ده‌گه‌ڕێ، که ئایا ئه‌م هه‌رێمه له کوێی هێڵه‌کانی ئاسۆی دیموکراسیدایه؟
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره چه‌ندێ لای حیزب و نوخبه‌ی سیاسی ئێمه ئاسانه، چه‌ندین ئه‌وه‌نده له پراکتیکدا نیشانه‌ی گومانی له‌سه‌ره و به هه‌موو پێوه‌ره زانستی و فه‌لسه‌فیه‌کانی دونیای د‌یموکراسی؛ نۆرمێکی بێ په‌ڕوباڵه.
گرفتی سه‌ره‌کی ئێمه، گرفتی پێناسه‌کردنی چه‌مکی ده‌سه‌ڵاته. ئه‌وه‌کێیه له کایه‌ی سیاسی و جومگه هه‌ستیاره‌کانی داڕشتنی فرمان و جێبه‌جێکردندا ده‌سه‌ڵاتی ره‌های هه‌یه و، شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت داده‌ڕێژێ؟
پارله‌مان، حکومه‌ت، ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت، یان هێزێکی شاراوه‌ی تره، که هه‌موو داوه‌کان ده‌جوڵێنێ؟ ئه‌ویش حیزبه.
ئه‌وه‌ی که حیزب بیه‌وێ دید و بۆچوونه‌کانی خۆی له پارله‌مان و حکومه‌تددا په‌خش بکا، ئاساییه. چونکه دواجار زۆربه‌ی ئه‌ندامان، له حیزبه‌وه یان به پشتیوانی حیزب گه‌شتونه‌ته ئه‌وێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ناکرێ و ناگونجێ ئه‌وه‌یه حیزب له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دوو ده‌زگایه‌دا بوون و ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێ. حیزب مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه به رێگه‌ی یاسایی تا نووکی هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵات بڕووات، به‌ڵام مافی نییه له هیچکام له موئسساتی ده‌وڵه‌تدا خاوه‌ن بڕیار و باڵاده‌ستبێ.
ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانی ئه‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه و ده‌وروبه‌ریشمانی تووشی ته‌ریکی و دابڕان کردووه؛
ده‌خاله‌تکردنی حیزبه له هه‌موو دامه‌زراوه سه‌ربازی و زانستی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریه‌کاندا.
یه‌کسانکردنی کۆمه‌ڵگه‌یه به حیزب، به‌ستنه‌وه‌ی ئاینده‌ی وڵاته به ئاینده‌ی کۆمه‌ڵێک سیاسیه‌وه، که نایانه‌وێ ده‌ستبه‌رداری کاراکته‌ری رۆمانسیه‌تی شۆڕشگێڕانه‌ی خۆیان ببن و پێیان وایه، ده‌توانن له یه‌ک کاتدا هه‌م سیاسی و هه‌م ئه‌دیب و هه‌م وه‌رزشوان و هونه‌رمه‌ندیش بن.
بێقیمه‌تکردنی به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتووری و فه‌رهه‌نگیه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه، به‌رانبه‌ر به سه‌روه‌ریه‌کانی سه‌رکرده. هه‌ر بۆیه له سیستمی ئاوهادا، کاتێ سه‌رۆک ده‌که‌وێ، حیزبیش ده‌که‌وێ، به دواشیاندا وڵات هه‌ره‌س دێنێ، چونکه هه‌موویان کورتکرابوونه‌وه بۆ حیزب و، حیزبیش موڵکی سه‌رۆک بوو.
له‌م هه‌رێمه‌دا تۆ ناتوانی سیمای حیزب و حکومه‌ت له یه‌ک جیابکه‌یته‌وه. ناکرێ بزانی ئه‌و لێپرسراوه‌ی ئه‌مڕۆ سه‌ردانی فڵانه شوێنی کرد؛ به سیفه‌ته حیزبیه‌که‌ی، یان حکومیه‌که‌ی وتاری خوێنده‌وه. ناکرێ بزانی په‌یمان و گفت و وته‌کانی، گوزارشتیان له دیدی حیزب یان حکومه‌ت ده‌کرد. چونکه ئه‌و به‌یانیان له پۆسته‌که‌یدا وه‌زیره و ، ئێوارانیش له مه‌کته‌بی سیاسیی حیزبه‌که‌یدا ده‌رس ده‌خوێنێ . ناتوانی له‌وه تێبگه‌ی لێپرسراوێکی حیزبی چۆن ده‌توانێ قسه له سه‌ر هه‌ستیارترین کاری حکومه‌ت بکا و، له جێگه‌ی وه‌زیر به‌ڕێوه‌به‌ری دائیره‌کان بگۆڕێ و، له جێگه‌ی شاره‌وانی زه‌وی دابه‌شکا و، بێ پرسی دادگا فرمانی گرتن و لێبوردن ده‌ربکا. ئایا ئه‌مه سوککردنی حکومه‌ت نییه!
ئه‌وه زۆریی ژماره‌ی ده‌زگاکانی راگه‌یاندن نییه، کراسی د‌یموکراسی ده‌کاته به‌ری ده‌سه‌ڵات. به‌ڵکو میتۆدی کارکردن و گوێڕایه‌ڵی ده‌سه‌ڵات له راگه‌یاندن، سه‌نگی مه‌حه‌که.
ده‌ربازبوونی رۆژنامه‌یه‌ک یان نووسه‌رێکی ره‌خنه‌گر، له هێزی سانسۆر و سزای کوێرانه‌ی ئه‌م یان ئه‌و لێپرسراو، یان پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنێکی روکه‌ش و پڕ له گزی، ده‌سه‌ڵات ناکاته کۆتری ئاشتی و پرۆسه‌ی دیموکراسیش ناخه‌مڵێنێ. به‌ڵکو ستر‌کتوری سیستمی د‌یموکراسی زۆر له‌وه فراوانتره که ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ده‌یفرۆشێ.
یه‌که‌م هه‌نگاوی د‌یموکراسی، له چاکی و چۆنیی نێوان دوو دراوسێوه ده‌ستپێده‌کا، تا ده‌گاته گۆڕینی پارله‌مان و سه‌رۆکی وڵات. له په‌یوه‌ندیی نێوان شۆفێرێک و پۆلیسێکی هاتوچۆوه ده‌ستپێده‌کا و به ململانێی حکومه‌ت و ئۆپۆزیسێۆن کۆتایی دێت.
پاراستنی مافی تاک؛ وه‌ک مرۆڤ ئه‌گه‌ر سته‌می لێ‌کرا، وه‌ک باکارهێنه‌ر ئه‌گه‌ر فێڵی لێ‌کرا، وه‌ک ئازادیخواز ئه‌گه‌ر سه‌رکوتکرا، وه‌ک ئایینخواز ئه‌گه‌ر بێبه‌شکرا؛ له ئه‌لف و بێکانی سیستمی دیموکراسییه.
ئه‌وه‌ی له کوردستاندا ده‌گوزه‌رێ و کۆمەڵگەی هەراسانکردووە، زاده‌ی بیرکردنه‌وه‌یه‌کی خێرا و بڕیارێکی هه‌ڵه‌شه و لاساییکردنه‌وه‌یه‌کی گه‌وجانه نییه. به‌ڵکو ژانێکی په‌نگخواردووی چه‌ندساڵه‌یه و هه‌ناوی مرۆڤی ئه‌م وڵاته‌ی داغان کردووه و ناتوانێ به‌رگه‌ی بگرێ.
ئه‌و لاوه‌ی له سه‌ر شه‌قامه، چیتر به‌رگه‌ی ئه‌و جیاوازیه ناگرێ که له نێوان خۆی و هاوشاریه‌که‌یدا ده‌یبینێ، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م، ته‌نها کوڕی باوکی خۆیه‌تی و، ئه‌ویتر جگه له کوڕی باوکی؛ کوڕی حیزبیشه.
ئه‌وه‌ی له کوردستاندا رویداوه و روده‌دا؛ پیاده‌کردنی د‌یموکراسی نییه، به‌ڵو قسه‌کردنه له‌سه‌ر د‌یموکراسی. مه‌له‌کردن نییه له ده‌ریای دیموکراسیدا، به‌ڵکو پیاسه‌کردنه به که‌ناری دیموکراسیدا، پاراستنی مافی مرۆڤ و قبوڵکردنی ده‌نگی میدیای ئازاد نییه، به‌ڵکو کوشتنی رۆحی مرۆڤه به‌ئاشکرا و سوتاندنی بڵندگۆی میدیای ئازاده به نه‌هێنی.
ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی کوردستان به‌ڕێوه ده‌با، له‌و پیاوه ده‌چێ که به مه‌به‌ستی مه‌له‌کردن به پرتاو به‌ره‌و ده‌ریا راده‌کا، که‌چی له‌وێ بیری ده‌که‌وێته‌وه مه‌له نازانێ، ئیتر ده‌که‌وێته پیاسه‌کردن به که‌ناری ده‌ریاکه‌دا و بۆ ئه‌وه‌ی نه‌شڵێن مه‌له‌وان نییه، جارجار خۆی له ئاوه‌که هه‌ڵده‌کێشێ و جه‌سته‌ی ته‌ڕی خۆیمان نیشان ده‌دا.
ئه‌م پیاوه ده‌نگزل و چاوسووره‌ی ده‌سه‌ڵات له‌وه تێناگات، بۆ ئه‌وه‌ی فێر ببێ؛ پێویسته له شه‌پۆل نه‌ترسێ. له گۆڕینی ره‌نگی، له ته‌ڕبوونی رۆحی، ته‌نانه‌ت له خنکانیش سڵ نه‌کا، چونکه دواجار گه‌ر وانه‌کا، هه‌ر له که‌ناره‌که‌دا وشک هه‌ڵدێ و به حه‌سره‌ته‌وه ده‌خنکێ.
شاهۆ تۆفیق – ئەڵمانیا