Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
کوردستان لەسایەی نادیاری ئایندەی یەکێتیدا

کوردستان لەسایەی نادیاری ئایندەی یەکێتیدا

Closed
by February 2, 2013 گشتی

 

 

 قۆناغی نادیاری “یەکێتی دوای تاڵەبانی”:

“یەکێتی دوای تاڵەبانی” قۆناغێکی نادیار له‌به‌رده‌م ئایندەی زلهێزێک وبەشێکی دەسەڵاتی سیاسی لەکوردستان داده‌نێ وهاوکاتیش ناجێگیریەک لەهاوسەنگی هێزە سیاسیەکان وململانێ وشەڕی دەسەڵات وکێشەی کوتلەکانی ناوخۆی یەکێتی ومەسەلەکانی بەڕیوەبردن و ئیدارەی ژیانی خەڵک لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی یەکێتدا بەدوای خۆیدا دەهێنێ.

 ژیان وچارەنوسی سیاسی کوردستان لە ٢٢ساڵی ڕابردوودا لەبازنەی ململانێی یەکێتی لەگەڵ پارتیدا چوەتە پێشەوە. بازنەیەکی  شەڕی دەسەڵات کەدەورانێک بریتی بوە لەشەڕی ناوخۆ ودەورەی دوای بەعسیش بەڕیکەوتنی ستراتیژی لەسەر بەشداری لەپرۆسەی سیاسی عێراق ودابەشکردنی دەسەڵات لەکوردستاندا تێپەڕیوە. یەکێتی باجی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری بەدەسەت هەڵگرتنی لەئیمتیازی سەرۆکی هەرێم وباڵادەستی لەحوکمەت وداهاتی کوردستاندا بۆ پارتی به‌جێهێشت. هەربۆیە لە١٠ساڵی ڕابردووی ڕیکەوتنامەی ستراتیژیدا هاوسەنگی هێزی ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارەی کوردستان بەقازانجی پارتی گۆڕدراوە . 

پاشەکشەی ئەمریکا لەعێراق و باڵادەستی مالکی وهەڵگیرسانی شەڕی سوریا ودروست بونی قوتبەندی نیوان ئێران وتورکیا و ووڵاتانی خلیج پرۆسەی سیاسی عێراقی ناجێگیر کردو بەشە داهات ودەسەڵاتی فیدراڵی هەرێمی توشی قەیران کرد.  ڕەنگدانەوەی ئەم قەیرانە بەشێوەی شەڕێکی سارد لەنێوان تاڵەبانی وبارزانیدا لەسەر گۆڕینی هاوسەنگی نێوان یەکێتی وپارتی وگۆڕینی ڕیکەوتننامەی ستراتیژی وکەمکردنەوەی دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم و لایەنگیری بۆ قوتبە دژ بەیەکەکانی ناوچەکە ودانوسان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی گۆڕان و ئیسلامیەکاندا دەرخستووه‌. 

قۆناغی “یەکێتی دوای تاڵەبانی” قۆناغی نادیاری ئایندەی ئەم شەڕە ساردەیە. ئایا یەکێتی دەتوانێ ئەم شەڕی دەسەڵاتە لەگەڵ پارتیدا درێژەپێبدا یان تەسلیمی ئەمری واقیعی پلەدوویی خۆی دەبێ؟ ئایا یەکێتی چ دەستکەوتێک لەوەرگرتنەوەی پلەی سەرۆک کۆماری عێراق بەدی دێنێ و چ کارێکی وەک سەرۆک کۆمار پێدەکرێ تا پارتی بەمانەوە لەچوارچێوەی ئێستای ڕیکەوتنامەی ستراتیژیدا قایل بکا؟ ئایا مانەوە لەپرۆسەی سیاسی عێراقدا ومانەوە لەهاوپەیمانێتی لەگەڵ شیعە وئیراندا چ هێزو دەورێک بەیەکێتی دەدا لەبەرانبەر ڕیکەوتنی پارتی لەگەڵ تورکیا وپشتیوانی لە هێزەکانی سونەی عێراقدا؟ یەکێتی کام رێگەیە دەگریتە بەر، ڕیکەوتن لەگەڵ گۆڕان و فشار دروستکردن بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم وگۆڕینی سیستەمی سەرۆکایەتی یاخود مانەوە لەچوارچیوەی هاوپەیمانی پارتیدا بەرانبەر بەگۆڕان وئۆپۆزسیۆن؟ ئایا جیاوازی هەڵوێست گرتنی کوتلەکانی ناو یەکێتی بۆ وەڵام بەم سیاسەتە جیاوازانە چ ڕێگایەک دەخاتە بەردەم ئەم کوتلانە بۆ حەسم کردنی ئەم سیاسەت وکێشانە، دەنگدان و پرەنسیپی زۆرایەتی و کەمایەتی  یاخود بەکارهێنانی زۆری عەسکەری و تەشکیلاتی و ئابوری؟

 ڕەنگدانەوەی ئەم ئەزمە وکێشانە لەسایەی دەسەڵاتی میلیشیایی وگەندەڵی ئیداری و نەبونی خزمەتگوزاریەکاندا، بەڕێوەبردنی ژیان و گوزەران وئاسایشی خەڵک ڕوبەڕوی سەختی و نائارامی وترسی شەڕو پێکدادانی هێزە میلیشیایەکان دەکاتەوە. ئەمە ئەو ئایندە نائارام وناجێگیریە سیاسی وکۆمەڵایەتیەیە کەئایندەی نادیاری قۆناغی یەکێتی دوای تاڵەبانی نیشانی دەدا وپێویستە خەڵکی کوردستان و هێزە ئازادیخوازەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەگەر ومەترسیەکانی ئامادەیی پێش وەختیان هەبێ وڕیزی ناڕەزایەتیەکان و بزوتنەوەی جەماوەری وسیاسیەکان ئەرک و پێداویستیەکانی سەرکەوتنی خۆیان لەم دۆخە نوێیە بناسن.

 دەورانی نوێی شەڕی ساردی یەکێتی و پارتی:

تاڵەبانی لەململانێی نێوان بارزانی ومالکیدا ولە ناکۆکی نێوان ئێران وتورکیادا لەدەستێوەردانی سوریادا سوودی لەناکۆکی هێزەکان دەبینی تاڕێگری لەباڵادەستی بڕیاری پارتی بکا لەسەر مەسەلەی نەوت وبودجە وچارەنوسی سیاسی کوردستان. پۆستی سەرۆک کۆماری فرسەتی مانۆری زۆری بەتاڵەبانی دەدا کەڕوبەڕوی فشارەکانی پارتی ببێتەوە وڕێگری دروست بکات لەوەی کەستراتیژی دەوڵەتی دیفاکتۆی پارتی بسەپێنێرێت. پارتیش وه‌ک هێزێکی باڵاده‌ستی سیاسی وئابوری وسەربازی و وەک هێزی یەکەم لەکوردستاندا خۆی لەهاوسەنگیەکی نوێدا لەبەرانبەر یەکێتیدا دەبینێ وجێگای پێی یەکێتی وتاڵەبانی لەعێراقدا لەق دەکرد بەوەی لەپرۆسەی سیاسی وفیدراڵیەتدا سەربەخۆبونی هەرێمی وەک دەوڵەتێکی ڕانه‌گه‌یه‌ندراو لەناو دەوڵەتی عێراقدا کردبوە شیعارێکی ئاشکراو بەعەمەلیش کاری بۆدەکرد. پارتی بە بەستنی پەیوەندیە سیاسی وئابوریەکانی لەگەڵ تورکیا وهێزە سونیەکان، وەهەروەها بەوەڵامدانەوەی نیازەکانی ئەمریکا وتورکیا لەشەڕی ئێستای سوریادا هاوپەیمانیەکی سیاسی دژ‌بەدەسەڵاتی مالیکی ونفوزی ئێران لەعێراقدا دروست کردبوو. هاوکات لەناوخۆی کوردستانیشدا سیاسەتی تاڵانکردنی بودجە وسەپاندنی یاسای دژی خۆپیشاندان و ئازادیەکان، شەرعیەتپێدانی دەزگای سەرکوتی وەک ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم وتیرۆر وگرتنی نەیارانی وسوتانی بارەگا و قەدەغەکردنی قسەکردن لەسەر پیرۆزیەکانی بنەماڵە وشۆڕشەکەیان.. هه‌موو ئه‌مانه‌لەسایەی حکومەتی هاوبەش لەگەڵ یەکێتیدا فرسەتێكی زێڕینی بۆ هاتنەدی خەونی باڵادەستی وسەپاندنی دەسەڵات ودەوڵەتی دیفاکتۆی پارتی خۆشکرد. سەرۆکایەتی هەرێم وبه‌ده‌سته‌وه‌گرتنی حکومەت وپەرلەمان، ئەو وەسیلانه‌ن بۆ داسه‌پاندن و شەرعیه‌تپێدان به‌هه‌نگاوه‌کانی ئه‌م ستراتیژه.

قۆناغی “یەکێتی دوای تاڵەبانی” دەورانێکی نوێی ئەم شەڕە ساردەی دەسەڵاتی نێوان یەکێتی وپارتیە کەڕێگری سەرەکی بەردەم ستراتیژی پارتی کەتاڵەبانی وپۆستی سەرۆک کۆماریەکەی بوو لەمەیداندا نەماوە، بەمەش یەکێتی وەسیلەی فشاری بەغداد و پۆستەکەی لەدەست داوە. ئەم دەورە سەرەکیەی کەپۆستی سەرۆک کۆماری تاڵەبانی لەبەغدا هەیبوو لەڕاگرتنی هاوپەیمانی شیعە ونفوزی ئێران لەپڕۆسەی سیاسی عێراقدا دادەبەزێ بۆ دەورگێڕانی یەکێتی وەک هێزیک لەئاستی کوردستاندا کەڕیگریەکی محەلی لەبەردەم  سیاسەتی پارتی وتورکیا دروست کات. واتە دەورێک کەگۆڕان وکۆمەڵی ئیسلامیش دەتوانن کاراکتەرێکی هاوشانی یەکێتی بن بۆ هاوخەتی لەگەڵ ئێراندا. بەم شێوەیە جمهوری ئیسلامی ئێران پێوسیتی بەوە نابێت کەفشار بینێت بۆ مالکی کە ئیمتیازێکی زۆر بدا بەیەکێتی لەعێراقدا وبەم پێیەش یەکێتی وەسیلەی فشاری بەغدا لەدەست دەدا و ناتوانێ پارتی ناچار بەمانەوە لەبازنەی ڕیکەوتنی ستراتیژی بەهەمان مەرجەکانی پێشوەوە بکات. یەکێتی یان دەبێ پلەدوویی وپاشکۆیەتی ستراتیژی باڵادەستی پارتی ودەوڵەتە دیفاکتۆکەی قبوڵ بکا وپابەندی سیاسەت وپاراستنی بەرژەوەندیەکانی پارتی ببێ لەپڕۆسەی سیاسی عێراق و دەسەڵات لە کوردستاندا یاخود ڕیگای چوونە پاڵ ئۆپۆزسیۆنی گۆڕان و ئیسلامیەکان هەڵبژێرێ. 

ئەمە هەڵبژاردنێکی قورسە وکوتلەکانی ناو یەکێتی لەسەر هیچ کام لەڕیگاکان ساغ نین. لەلایەک ئەم کوتلانە بەرژەوەندیە ئابوری و پۆستە حکومی وئیداریەکان وهێزە میلیشیاییەکانیان ناتوانن بخەنە ڕیسکی ئۆپۆزسیۆن بونیان بەرانبەر بەپارتی ودەست هەڵگرتن لەحکومەت ودەسەڵات وکەوتنە ژێر سایەی ڕەحمەتی دابەشکردنی بودجە وبەخشینی پۆستە ئیداریەکان وسیناریۆیەکی لەم بابەتە بۆ ‌هێزێکی میلیشیایی وەک یەکێتی تەسلیم بوون وهەڵوەشانەوەی دەسەڵاتە سیاسی وعەسکەری و ئابوریەکەیەتی. ئەم سیناریۆیە مومکین نیە وباسکردن لەئۆپۆزسیۆنی ئیجابی لەم دواییانە لەلایەن تاڵەبانی وپلنۆم وئەنجومەنی ئاخری یەکێتیەوە جگەلە بەرنامەیەکی فشاری تەبلیغاتی بەرامبەر بەپارتی وناکامکردنەوەی دەوری ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی ئێستا، شتێکی تر نەبوو. ئەم ڕاستیەی کەهیچ کام لەم دوو حزبە میلیشیایەی دەسەڵات ئۆپۆزسیۆن بوون قبوڵ ناکەن ویان شەڕ یا ڕێکەوتن یا دوو ئیدارەیی  تەنیا سیناریۆی سیستەمی سیاسیانە لە ٢٢ ساڵی دەسەڵاتیاندا سەلمێنراوە. 

ئیختیارو ڕێگای مانەوەی یەکێتی لەگەڵ پارتیدا لەحکومەت ولیستی هاوبەشی پەرلەمان وڕیکەوتنی ستراتیژیدا باجی گەورەتری لەچاو دەورانی تاڵەبانیدا دەوێت. باجەکەی قبوڵکردنی پلەدوویی لەدەسەڵاتی کوردستاندا وپاشکۆیەتی ستراتیژی دەوڵەتی دیفاکتۆی پارتی وپابەندبون بە سیاسەت و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی پارتی لەپرۆسەی سیاسی عێراق دایە. ئەمە پرۆسەیەکە کە یەکێتی توشی کێشەی گەورە لەناوخۆو دەرەوەیدا دەکا. لەناو یەکێتیدا هێزە نارازیەکانی تەسلیم بوون بە بنەماڵەی بارزانی دەتوانن ئینشقاقی گەورە لەناو ڕیزی کادرو ئەندامانی ئەم حزبەدا دروست بکەن وبچنە پاڵ بزوتنەوەی گۆڕان وپایەی سیاسی وجەماوەری یەکێتی لاوازتر دەکەن. لەلایەکی ترەوە ئێران لەوەسیلەی فشاری ئابوری ولە بەکارهێنانی فشاری ئیسلامیەکانی وەک کۆمەڵ و بزوتنەوە وسەلەفی وجیهادیەکان ولە هاوکاری زیاتری بزوتنەوەی گۆڕان تا دەگاتە بەکارهێنانی فشاری مالکی وهاوپەیمانی شیعەوە تا دەستێوەردان بەبیانوی بونی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، تا دەگاتە هاندانی باڵێکی یەکێتی بۆ یەکلایی کردنەوە وشکست پێدانی ئەوباڵەی کەیەکێتی بەرەو تەسلیم بوون بەسیاسەت و ستراتیژی پارتی دەبا.

 هاوسەنگی نوێ و شەڕی بەدیلەکان:

هەروەک پیشتر ڕوونمان کردەوە کەقۆناغی “یەکێتی دوای تاڵەبانی” قۆناغی گۆڕانی هاوسەنگی هێزە سیاسی وکۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە. لاوازبوونی دەسەڵات وئیدارەی یەکێتی وباڵادەستی پارتی وستراتیژی خۆسەپاندنی وەک دەسەڵاتێکی سەراسەری، ئەزمەیەکی قوڵی حکومەتی وسیاسی لەهەرێمدا دروست دەکا. یەکێتی وەک هێزێکی میلیشیایی دەشێ پەنا بۆ چەک بەرێ بۆ ناچارکردنی نەیارەکانی بەمانەوە لەسایەی دەسەڵاتیدا، بەلام  چەک ومیلیشیاکەی ئیتر کلیلی چارەسەر نیە بۆ بێ وەڵامی یەکێتی بەمەسەلە سیاسی وستیراتیژیەکانی چارەنوسی کوردستان کەلە ئەزمەی عێراق و ناوچەکەدا دەیکاتە پاشکۆی پارتی وە یان وەسیلەی فشاری ئیران. یەکێتی خۆی بەدیلێکی نیە وخۆی دەبێتە بابەتێکی شەڕی بەدیلەکان کەدەیانەوێ چارەنوسی یەکێتی و ئیدارەو دەسەڵاتەکەی وەک بەشێ لەپاکێجی بەدیلی وەزعی ئێستای کوردستان بەلایەکدا بخرێ. 

هاوسەنگی نوێ لەکوردستاندا لەئەنجامی سوود وەرگرتنی هێزە سیاسی وکۆمەڵایەتیەکانە لەلاوازی بەشە دەسەڵاتی یەکێتی. ئەم هاوسەنگیە زوو دەرناکەوێ وهەموو هێزەکان لەململانییەکدان تا بتوانن ئایندەی ئەم وەزعە دیاری بکەن و سیاسەت و دەوری خۆیان بکەنە ئەمری واقیع. پارتی وەک هێزێکی میلیشیایی وخاوەن ستراتیژیەکی خۆسەپاندنی بەسەر ناوچەی یەکێتیدا ئاستەنگی زۆری لەبەردەمدایە ودەزانێ کەبە هێرشی سەربازی ناتوانێ ناوچەی یەکێتی بخاتە ژێر دەستی خۆی. بزوتنەوەی گۆڕانیش دەیەوێ وەک بەدیلی “یەکێتی دوای تاڵەبانی” دەوری ڕکابەری ئەسڵی پارتی بکاتە وەسیلەی کۆنترۆل کردنی وەزعی سیاسی و ئیدارەی ناوچەی سەوز، وە یەکێتی بخاتە ژێر فشاری تەسلیم نەبوون بەپارتیەوە. ئیسلامیەکانیش وەک دەورانی شەڕی ناوخۆ دەیانەوێ سوود لەم وەزعە وەرگرن بۆ زیاترکردنی ڕوبەری ئیمتیازاتەکانیان لای دەسەڵات وگەڕان بەدوای وەسیلەی فشاردا بەکۆمەکی ئیران وسعودیە و تورکیا. 

هەرچەند ئەم دەورانە لەن اجێگیری سیاسی ئەگەری خەتەری پێکدادانی چەکداری ئەم هێزە میلیشیایانەی تێدایە، بەڵام لەلاوازبوونی دەسەڵات وئیدارەی یەکێتیدا فەراغێکی سیاسی وکۆمەڵایەتی دروست دەبێ کەبەو زووانە نە بەپارتی وە نەبەگۆڕان وە نەبە ئیسلامیەکان پڕناکرێتەوە.

ئەم بۆشاییە سیاسی وکۆمەڵایەتیە ئەنجامی کۆبونەوەی کۆمەڵێک لەو ناکۆکیە قوڵانەیە کە بزوتنەوەی ناسیونالیزمی کورد دەرگیری بوە. لەلایەک ناڕەزایەتی جەماوەری دژ بەتەجروبەی ٢٢ساڵ دەسەڵاتدارێتی میلیشیایی وگەندەڵی حزبە ناسیونالیستەکانی یەکیتی و پارتی ولەلایەکی ترەوە وەزعیەتی تازەی لاوازی یەکێتی وناڕەزایەتی بەرامبەر ستراتیژی خۆسەپاندنی پارتی وشەق بونێکی سیاسی لەسایەی ئەزمەی ناوچەکەدا. ئەم دۆخە نوێیە دەرفەتێک بۆ خەڵکی کوردستان دروست دەکا کەبەرژەوەندیەکانی خۆی بناسێتەوە و بەپێی تەجروبەی ٢٢ ساڵی ڕابردووی لەگەڵ ئەم هێزە سیاسیانەدا چیتر خۆی نەبەستێتەوە بەسیاسەتی ناسیونالیستی هیچ کام لەو هیزانەوە. هەربۆیە ئەم وەزعە زەمینە دروست دەکات بۆ زیاتر بوونی ناڕەزایەتی خەڵک دژ بەزیادبوونی نائارامی ئابوری و نەبونی خزمەتگوزاری وگەندەڵی لەسایەی دەسەڵات وئیدارەی یەکێتیدا و هاوکات پێویستی هاتنە مەیدانی ڕیزی سەربەخۆی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک وە سیاسی بونەوەی تا ئاستی خۆدەرخستنی وەک بەدیلێکی جیاوازی ئازادیخوازانە و چەپ لەبەرامبەر هێزە ناسیونالیست و ئیسلامیەکاندا  دەهێنێتە ئاراوە. 

 کوردستان هەرچەند لەسایەی نادیاری ئایندەی یەکێتیدا بەرەو ناجێگری زیاتر دەچی بەڵام هەموو ئەگەرەکانی سەرەوە لەکۆتاییدا هێز دەیبڕێنێتەوە. ئەگەرێ کەئایندەیەکی باشتر بۆ ژیان وچارەنوسی خەلکی کوردستان بهێنێ ولەستەمکاری ناوخۆ وبونە قوربانی شەڕی فیدراڵی عێراق ودەوڵەتانی دەرەوە بیپارێزێ، لە هاتنەمەیدانی ئەو هێز و بەدیلەی جەماوەری ئازادیخواز و یەکسانی خوازدایە کە ‌لە ١٧شوباتدا سەرەتایەکیان لە بونی خۆیان نیشان دا . 

جەماوەری ئازادیخواز لەکوردستان پێویستی بەوەرگرتنی پەیام وتەجروبەی خەڵکی شۆڕشگێری میسرە کەڕیگای باشتر بوونی ژیان وبەدیهێنانی ئازادیەکانی لەدرێژەپێدانی ناڕەزایەتیەکانی وهێز نیشاندانی خۆیدا دەردەخات، وە لەگۆڕانی هاوسەنگی هێزەکانی میسردا وەک هێزیکی سەرەکی دەوردەگیڕێ. کوردستان وئایندەکەی بەستراوەتەوە بەئامادەیی وبوونی هێزی ئەم بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیە ئازادیخوازەوە کەلەم وەزعەدا ڕێگری لەستراتیژی خۆسەپاندنی پارتی بگرێ و نەبێتە قوربانی ئەگەری سیاسەتی شەڕی ناوخۆی گۆڕان وئیسلامیەکانیش لەگەڵ دەسەڵاتدا، بەڵکو لەلاوازیەکانی دەسەڵاتدا بتوانێ باری ژیان و ئازادیەکانی باشتر و فراوانتر بکا و چارەنوسی کوردستان بەرەو سەربەخۆ بوون و ڕزگاربوون لە شەڕی فیدرالی عێراق و دەستدرێژیەکانی ئیران و تورکیا بەرێت. 

 

ئاسۆ کمال 

asokamal@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.