Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
کوردەکان وشەیەکی نوێ بۆ زمانی ئینگلیزی زیاد دەکەن

کوردەکان وشەیەکی نوێ بۆ زمانی ئینگلیزی زیاد دەکەن

Closed
by November 19, 2012 گشتی

 

 

 

 

خەمخۆرانی زمانی ئینگلیزی وێڕای سوپاس و ستایشی خۆیان بۆ ‘کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشین لقی سلێمانی’ بە سووپاسەوە ئەو وشە نوێیەیان لێ وەرگرتن کە بۆ زمانی ئینگلیزییان زیاد کرد. 

خاتوو ئەنجێلا، کە پیرێژنێکی خەڵکی ئۆکسفۆردە و دەکاتە نەوەی نەوەی نەوەی دوکتۆر جۆنسن کە لە سەدەی حەڤەهەمدا ڕێنووسی زمانی ئینگلیزی دانا، وتی ‘ئیت ئیز ئەمەیزینگ’.  جا خاتوو ئەنجێلا حەوت شانامە بە باڵای دەورییەك یاپراخ یان دوو کولیچەدا هەڵ دەنێت چ جای ئەوەی تۆ وشەیەك بۆ زمانەکەی زیاد بکەیت. لەبەر ئەوە بە بێ سێ و دوو دەستەی سەرپەرشتی فەرهەنگی ئۆکسفۆردی لەو داهێنانە مەزنە ئاگادار کردەوە. 

سەرپەرشتی گشتی فەرهەنگی ئۆکسفۆرد بەڕێز فیلیپس وتی من یەکەم جارمە وشەی Leffee لە زمانی ئینگلیزیدا دەبیستم.  یەکسەر کە ئەو وشەیەم بیست چووم لەسەر گوگل نووسیم بەڵام هیچ ئەنجامی نەبوو. هاتم ئییەکی کۆتاییم لابرد و بینیم ناوی جۆرێك بیرەیە.  یەکسەر وتم ژنەکە تۆ بڵێیت مەیخانە و بیرە فرۆشەکانی کوردستان غەدریان لێ بکرێت و دڵسۆزانی ئەلکهولیش لە کوردستان ئەو کۆمەڵەیەکیان پێك هێنابێت بۆ بەرگری کردن لە دڵۆپ دڵۆپی ئەو بیرە بەلجیکییە بەناوبانگە. ئەویش وتی نەوەڵا پیاوەکە باوەڕ ناکەم وەها بێت لەوانەیە ئەوە وشەیەکی نوێ بێت و ویستبێتیان بۆ زمانەکەمانی زیاد بکەن. 

بەڕێز فیلیپس چوو لە ئینسایکلۆپیدیادا بۆی گەڕا. هیچی نەدۆزییەوە لەو جۆرە بیرەیە زیاتر.

leffe_781459668.jpg

دوای ئەوە لە ناوی مناڵاندا و لە ڕیزی ناوی کیژۆڵاندا ناوی lettee دۆزییەوە. وتی ڕەنگە ئەوە بێت و کاتیك کە پارچە وەرەقەکەیان بردووە بۆلای خۆشنووس تییەکان بووبن بە ئێف. یاخوود ئاسنگەرەکە هێندە ئارامی نەگرتووە هەتا وشك دەبێتە و هەر بە تەڕی هەڵی واسیوە و پیتەکان شێواون.  بەڵام وا گریمان وەهاش بوو، بۆ کیژۆڵە بەناوی لێتیی لە کوردستان هێندە زۆرن هەتا داکۆکییان لێ بکەن؟

ئەمجارە لە خۆیەوە دەستکارییەکی وشەکەی کردوو هەردوو ئێفەکەی کرد بە تی و ئی یەکی کۆتایی لابرد واتە بوو بە Lette. لە فەرهەنگی وێبستەردا کە لە ساڵی ١٩١٣ دا  دەرچووە وشەی Lette هاتووە بە مانای کۆسپ خستنە بەر یان تەگەرە تێخستن. بەڵام کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی تەگەرە تێخەران وەها دیار نەبوو کە بەڕێز فیلیپس خاتر جەم بکات. کاتیك کە لە ئینساکلۆپیدیای جوگرافیادا بۆی گەڕا ئەمجارە  ناوی چەند شوێنێك هات بە ناوی لێتیی. وتی تۆ بڵێیت کوردەکان دوای ئەوەی کە خۆیان ڕزیگاریان بووە ویستبێتیان بەرگری لە خاکی وڵاتانی تر بکەن. یەکەم جار باوەڕی بەوە کرد بەڵام دوایی کە بینی ئەو شوێنانە لە ئەڵمانیا و ئوسترالیان ئەو باوەڕەشی کاڵ بوەوە. 

دواتر چوو لە زمانەکانی تردا بۆ ئەو وشەیە گەڕا. ئەوەی جێگای سەرسوڕمان بوو ئەوە بوو کە لە زمانی نەرویجیدا وشەی Lette هەیە و مانای ڕوناکی یان تیشك دەدات. دوای ئەوەی ماوەیەك سەری هێناو سەری برد باوەڕی بەوە نەکرد کە کوردەکان ئەو وشەیەیان بە مانا نەرویجییەکەی بەکار هێنا بێت و ئەوان بەرگری و داکۆکی لە تیشك یان ڕوناکی بکەن. ئاخر لەوێ هەمیشە خۆرە و وەك ئێرە نییە، بەڕێز فیلیپس لەبەر خۆیەوە وتی، ئیتر بۆچی دەبێت تیشك کۆمەڵەی بەرگری بۆ دابمەزرێت. ژنەکەی هەمدیس هەڵی دایە و وتی: پیاوەکە بەوە نییە، بەخوا ئەوندە دڵیان باشە بەرگری لە هەموو شتێك دەکەن. 

lettee_763679500.jpg

بەرێز فیلیپس هەروەها ئاگادرای ئەوە بوو کە لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا بە کیژۆڵە نازك و نازدارە لاتڤییەکان دەڵێن لێتی و دەرکیشی بەوە کردبوو کە ژمارەیەکی هەرچی زیاتری گەنجانی کورد پەیوەندی دۆستایەتی لەگەڵ خەڵکی وڵاتانی ئەوروپای خۆرهەڵات دادەمەزرێنن بۆ ئەوەی خەڵکی نەڵێن کورد ڕێز لە کولتوورەکانی تر ناگرێت. بەڵام ئەم ئەگەرەش شکستی هێنا چونکە ئەو کیژۆڵانە ناکەونە سەر ئەرز ئیتر کۆمەڵەی داکۆکیکردنی چی. 

 

فەرهەنگی شارستان لەو باوەڕەدایە کە وشەی Lette کورتکراوەی وشەی Juggalette بێت کە مانای کچە لایەنگرانی گۆرانی هیپ هۆپی ئەمریکییە. لێرەدا ئەگەرەکە زیاتر لە ڕاستییەوە نزیکە، چونکە، وەك بەڕێز فیلیپس ئاگادارە کوردەکان نزیکترین دۆستی ئەمریکا و کولتووری ئەمریکین. بەڵام فەرهەنگی شارستان مانای وشەکە زیاتر قووڵ دەکاتەوە و دەڵێت: ئەوانەی کە وەها دەزانن ئەو وشەیە تەنها ئەو خانمانە دەگرێتەوە هەڵەیە؛ وشەی Lette واتە ژنانی جادوگەر. ئەمەش ئەگەرێکی گەورەتری خستە مێشکی بەڕێز فیلیپسەوە کە دەشێت جادوگەرەکان ژیانیان لە مەترسیدا بێت و کۆمەڵەیەکی داکۆکیکردنیان بۆ دامەزراندبن. فەرهەنگی شارستان شیکردنەوەیەکی تریشی بۆ ئەو وشەیە داناوە کە دەکاتە تۆپەڵە چەرمێکی بێ سوود لە شوێنێکدا کە هەر فەرهەنگی شارستان دەزانێت کوێیە! داکۆکیکردن لەو تۆپەڵە چەرمەش ئەگەرێکی دوور بوو لەلای بەرێز فیلیپس. 

lette_808218714.jpg

بەڕێز فیلیپس هەر لە سۆراخکردن و گەڕان بەردەوام بوو و دواتر ئەوە هات بە مێشکیدا کە لە کوردستان کرێچی زۆرە و ڕەنگە ئەوان مەبەستیان کرێچی بێت. وتی باشە ئێمە بەو جۆرە کۆمەڵانە دەڵێین Tenants Association  واتە کۆمەڵەی کرێچییان و لە هەندێك وڵاتی دیکە پێی دەڵێن Tenants Union  واتە کۆمەڵە یان سەندیکای کرێچییان. بەڵام دیارە لە کوردستان وشەیەکی نوێیان بۆ دۆزیەوەیتەوە کە پڕاو پڕ ئەو مانایە ببەخشێت بەناوی Leffee  و لە هەردووکیان لەبار ترە. 

بۆ بەیانی پێشنیاری زیادکردنی وشەی Leffee ی خستە بەردەم دەستەی سەپەرشتی فەرهەنگی ئۆکسفۆرد و ئەوانیش ئەو داهێنانە مەزنەیان بە تێکڕای دەنگ پەسەند کرد و وتیان ‘زۆر سوپاس’. 

Parsendow@gmail.com 

عەتا مەلا کەریم

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.