Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
کورد له‌به‌ر ده‌م پرسی (هاملێت) یانه‌ دا

کورد له‌به‌ر ده‌م پرسی (هاملێت) یانه‌ دا

Closed
by November 23, 2012 گشتی

 

 

{ بڕیاری سه‌ره‌تای ڕوداوه‌کان ، زۆر گرنگه

‌ بۆ سازدانی ــ پێچه‌نی مێژویی ــ . }

 

  سه‌ره‌تای ئازاد بونی هیندستان له‌ بن ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانیه‌کان دا ، ڕوداوێکی گرنگ بو . له‌و ده‌مه‌دا ،( مه‌هاتما گاندی) پێسه‌وایه‌کی کارێزمی بێ چه‌ندو چونی گه‌لی هیندو گروپێک سه‌رکرده‌ی پله‌دوی تر بو ، له‌ وێنه‌ی( مه‌حه‌مه‌د عه‌لی جه‌ناح خان) ، (جواهیر لال نه‌هر) و ناوه‌کانی تر ..

  ڕاسته‌وخۆ  ، به‌دوای ئازاد بونی ته‌واوه‌تی هیندستان . (محمه‌د عه‌لی جه‌ناح خان) داوای وڵاتێکی جیای کرد بۆ موسوڵمانانی هیند ، له‌ژیر تێزی بیرو بۆچونه‌کانی (ئیقبالی لاهوری ) دا ، به‌وه‌ش له‌ ساڵی 1947 ده‌وڵه‌تی پاکستان به‌هه‌ردو باڵی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوایه‌وه‌ هاته‌بون . تا ده‌گات به‌ جیابونه‌وه‌یان ، له‌ ساڵی 1971  دا ، بۆ دوو ده‌وڵه‌تی ، (به‌نگلادێش) له‌ ڕۆژهه‌ڵات ،( پاکستان) له‌ ڕۆژئاوا.

   ئاینی ئیسلام جیاکه‌ره‌وه‌ی گرنگ ، یان نزیک به‌ته‌نهای گه‌له‌ تازه‌که‌ی پاکستان بو ،له‌ته‌وای گه‌لانی تری هیندستان ، بۆیه‌ به‌ ناوێکی هه‌ڵبواردو له‌ پیسی ، ناوی خۆیان نا وڵاتی پاکه‌کان . 

 بڕیاره‌که‌ی ( محمه‌د عه‌لی جه‌ناح خان) ، دروست که‌ری( پێچه‌نی مێژویی) بو ، بۆ خوڵقاندنی دو ده‌وڵه‌تی‌ هاوئه‌جینده‌ی ئاینی له‌ خاکی مێژویی هیندستان دا ، هه‌نوکه‌  (پاکستان) ،له‌جیهان دا تاقانه‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی خاوه‌ن هێزی ئه‌تۆمیه .‌  

  جه‌ناح خان شه‌رمی له‌ زروفه‌ نوێ یه‌که‌ نه‌کرد ، چونکه‌ ده‌یزانی دیموکراتی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ئیستیبدادی دا ، کورت ده‌هێنێت ، بۆ یه‌کسان کردنی  که‌مینه‌ی موسوڵمانه‌ هیندیه‌کان ، له‌به‌رده‌م زۆرینه‌ی هیندۆسیه‌کان دا ، له‌بارێکی وه‌هادا  و   له‌گه‌مه‌ی دیموکراتی دا ده‌نگدانی زۆرینه‌ی هیندیه‌ ناموسوڵمانه‌کان هه‌رده‌م که‌مینه‌ی موسوڵمانه‌کان ده‌کاته‌وه‌ به‌‌ هاونیشتمانی پاشکۆ و پله‌ دو . (*)

  ئه‌وێ نمونه‌یه‌کی پێشینه‌ ترو زۆر نزیکه‌ بۆ  عێراق له‌ زروفی دیموکراتیه‌ نوێ یه‌که‌ی دا، له‌ نیوان که‌مینه‌ی کوردو زۆرینه‌ی عه‌ره‌بی دا .

 به‌ڵام  سه‌رکرده‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کورد ، له‌جیاتی ده‌رس وه‌رگرتن له‌ ئه‌زمونی گرده‌بڕو سه‌رکه‌وتوی پاکستانیه‌کان له‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ ، ڕوده‌که‌نه‌ لوبنانی خۆرئاوای خۆیان ، بۆ دوپات کردنه‌وه‌ گه‌مه‌ی ( ته‌وافوق)ی ده‌سه‌ڵاتی که‌رته‌ جیاوازه‌کانی گه‌لی لوبنان ، له‌گه‌ڵ ئه‌زمونی تاڵ و ناجێگیری نزیک به‌دۆڕاوی ئه‌وان .

نامانه‌وی زیاتر ڕۆبچینه‌ وردیله‌ی بابه‌ته‌کانه‌وه‌ ، ته‌نها میسۆده‌ پاکستانیه‌که‌مان ، بۆ ڕون کردنه‌وه‌ی باری دژواری ئێستاکه‌ی کوردستانی باشورو ، به‌قه‌د گرتنه‌وه‌ی ڕوداوه‌کانی ئێره‌یه‌  .

 

                                             ++++++

     + (  سه‌ره‌تای ڕوداوی گرنگ)  

  له‌ 19 نیسانی 2003 دا ،ده‌زگای ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌په‌رستی عێراقی له ژێر زه‌بری هێز ی هاوپه‌یمانه‌کان به‌سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکا ڕوخا ، ده‌وڵه‌تی83ساڵه‌یی ئینگلیز کردی عێراق جگه‌له‌ناوێک هیچ ده‌زگایه‌کی تری لێ نه‌مایه‌وه‌ ، ‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌شێکی گرنگی پرۆسه‌ی ڕوخاندنه‌که‌ بو ، جگه‌ له‌وه‌ی    ئه‌مریکا هه‌رێمی کوردستانی کرد به‌ پێگه‌یه‌کی گرنگ و بۆ تۆڵه‌ کردنه‌وه‌و چاوشکاندنی دۆسته‌ تورکیه‌که‌ی ، له‌وێدا کورد دوچۆله‌که‌ی به‌به‌ردێک بۆ پێکرابو  ،له‌و په‌ڕی لوتکه‌ی توانست و ئیقباڵی خۆی دابوو ، دوژمنه‌ ته‌قلیدیه‌کانی  کورد له‌ناوچه‌که‌دا له‌ و په‌ڕی نشوستی دابون .

    +  (بڕیاری پوچ) 

 

  بڕیاری چاره‌نوسسازی ده‌سه‌ڵاتداری سیاسی کورد ، له‌ سه‌ره‌تای ڕوداوه‌که‌دا چی بو ؟

  ــ ڕازی کردنی خواست و ویستی هاوپه‌یمانی ئه‌مریکی بو  ، ئه‌مریکایه‌کی خاوه‌ن ئه‌ندێشه‌ی پراکماتیزمی ، ئه‌مرکایه‌ک به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ناخوازێت یه‌کپارچه‌یی عێراق بشێونرێت ، له‌به‌ر هۆکاره‌ زانراو نه‌زانراوه‌کانی پێشوتر  .

 بڕیاری ڕازی کردنی ئه‌مریکا ، داری به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌سپه‌که‌یه .

 ئیترده‌سه‌ڵاتی سیاسی کورد ، له نۆ ساڵی ڕابوردو دا قورسایی گه‌وره‌ی خۆی بۆ سازدانه‌وه‌ی  ده‌وڵه‌تی‌ عێراقی و پێکهێنانه‌وه‌ی ناوه‌ندی به‌غداد ، خستۆته‌ گه‌ڕ  له‌ته‌نگژه‌ی دواهه‌ڵبژاردنی 2009دا . 

ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردی ، ‌(ڕێکه‌وتنامه‌ی هه‌ولێر)  تازه‌ترین فه‌سڵی هه‌وڵدانی بو ، له‌ڕێی بنیاتنانه‌وه‌ی عێراق دا .

  سه‌رۆکی هه‌رێم و حیزبه‌که‌ی ، له‌ پێکهێنانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت دا ، شانازی به‌توانستی خۆیه‌وه‌ ده‌کرد ، به‌وه‌ی له‌و بواره‌دا ، کاریگه‌رتربووه‌ ، له‌ هه‌وڵه‌کانی ئه‌مریکاو شای سعودیه‌ی عه‌ره‌به‌کان ، به په‌ڕجویه‌ک و‌ده‌سکه‌وتێکی سیاسی ناوازه‌ یان ده‌ژمارد ،  به‌ دوباره‌ دانانه‌وه‌ی سه‌رۆک وه‌زیر (نوری کامل مالیکی) به‌سه‌ر (ئه‌یاد عه‌لاوی) دژبانه‌ ،  له‌کاتێک لیسته‌که‌ی عه‌لاوی دو کورسی زیاتر هێنابو له ژماره‌ی کورسیه‌کانی‌ لیسته‌که‌ی سه‌رۆک وه‌زیر .

  به‌ڵام ، له‌م سێ ساڵه‌دا چی که‌لاوه‌یه‌ک له شانازیه‌که‌ ماوه‌ته‌وه‌ .  

  ئه‌گه‌ر به‌پوچ زانین و بێ نرخ نه‌کردنی بیرو یاداوه‌ری جه‌ماوه‌ر نه‌بێت 3ساڵ ماوه‌که‌ی زۆر کورته‌ ، بۆ کاڵ کردنه‌وه‌ پوچه‌ڵ کردنه‌وه‌ی شانازی و خۆهه‌ڵکێشانێکی وه‌ها زه‌ق و مه‌زنکراو . 

(بڕیاری هه‌ڵه‌)ةو نه‌بونی ستراتیژ ، ده‌بێت هۆی دروست بونی سه‌ره‌نجامی به‌دو دژوار ، ئه‌انه‌ ده‌بنه‌ هۆی شۆردن و کاڵ بونه‌وه‌ی شانازیه‌ ناوه‌ خت  وهه‌ڵبه‌ستراوه‌کان .

 له‌شکرکێشی مـالیکی بۆ ناو تخوبی کوردستان ، نمونه‌ی سه‌ره‌نجامێکی دژوار و به‌ده‌ ، هه‌رچه‌نده‌ ناوبراو به‌‌په‌یمانشکێن و‌ به‌دنمه‌کی بنوێنی ، ناکاته‌ ئه‌وه‌ی گوناهی (بڕیاری هه‌ڵه‌ی) سه‌رۆکی هه‌رێمی پێ بشاردرێته‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر ڕیزێک له‌ بیرو یاداوه‌ری چاودێری جه‌ماوه‌ر بگیرێت  .

 له‌ڕاستی دا ، پێکهاتی  ئه‌و کێشه‌و گازندانه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ  (بڕیاری هه‌ڵه‌) له‌سه‌ره‌تای کاردا .

به‌ڕای من ڕوبه‌رێکی قوڵترو له‌مێژینه‌ تریش هه‌یه‌ بۆ درووست بونی ، بڕیاری هه‌ڵه‌و ، په‌یدا بونی سه‌رکردایه‌تیه‌ بێ ستراتیژه‌کان .

 ئه‌و ڕوبه‌ره‌ قوڵه‌ش ئه‌وه‌یه‌ :

  ــ کورد له‌ مێژه قه‌تیس ماوه‌ له‌دوڕیانێکی هات و نه‌هات دا .

له‌دوای ڕێکه‌وتنی ( سایکس ـ پیکۆ) وه‌ ، کورد توشی زه‌وت کردنی کیانی سیاسی هاتووه‌ . 

له‌دروستبونی ده‌وڵه‌ته‌ پۆست کۆڵۆنیالیستیه‌کانی ناوچه‌که‌وه‌ ، کوردتوشی هه‌ڵوێستێکی ( هاملێت) یانه‌ هاتوه‌ .

پێویستی به‌سه‌رکردیه‌کی بوێر و خاوه‌ن ستراتیژی له‌ ته‌رزی ( محه‌مه‌دعه‌لی جه‌ناح خان) بوه‌ ، وه‌رگرتنی بڕیاری گرده‌بڕو چاره‌نوسساز .

 به‌ڵام له‌ کۆنگره‌ی قاهیره‌و سه‌ره‌تای بیسته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابوردوه‌وه‌  ساڵه‌ نه‌هاتییه‌کانی کورد بووه‌ .

 خۆ ئه‌گه‌ر پێشه‌وایه‌کی وه‌کو ( شیخ مه‌حمودی حه‌فید) ئه‌گه‌ر توانی بێتی خاوه‌نی بڕیاری گه‌وره‌ی سه‌ربه‌خۆیی بوبێت ، ئه‌وا له‌ شارێک و به‌شێکی کزی کوردستان دا بوه‌و دواتر به‌ناکامی دواکه‌یه‌وه‌ سه‌ری ناوه‌ته‌وه‌ .

له‌ شێخ مه‌حمودیش به‌دواوه‌ ، ئیتر پاشه‌کشه‌ کراوه‌ له‌ خواستی سه‌ربه‌خۆیی ،هه‌روه‌کو قازی محه‌مه‌د و سه‌رۆک بارزانی باوک  .

 سه‌رۆک بارزانی باوک ، سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ،وه‌کو تۆمه‌تێک له‌خۆی دور ده‌خاته‌وه‌ ، ته‌نها داوای مافی  کلتوری کزه‌ مافێکی سیاسی ده‌کات و ژیانی هاوبه‌وش ده‌خوازێت له‌ چوارچێوه‌ی عێراق دا  (*) .

به‌دوای دا  هه‌تا ئێستا هیچ سه‌رکرده‌یه‌کی تر توخنی بڕیاری چاره‌نوسسازی سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو ناکه‌وێت .

هه‌مو که‌سێکی بیر ته‌ندروست ده‌زانێت:  ــ بونی ڕاسته‌قینه‌ ــ  ته‌نها له‌ سه‌ربه‌خۆی ته‌واودایه‌  ، هه‌مو پله‌یه‌کی نه‌وی ترله‌سه‌ربه‌خۆی ده‌کاته‌ وه‌ 

 ــ نه‌بون ــ .

 کورد له‌ مێژه‌ به‌هۆی له‌ده‌ستدانی سه‌ربه‌خۆیی وه‌ توشی  هه‌ڵوێستی هاملێتیانه‌ بوو:

 ( له‌نێوان بون و نه‌بون دا قه‌تیس ماوه‌ )**

 

21/ 11/2012 سلێمانی

نوسینی : سه‌عید عارف باپیر

saidaraf@hotmail.com

 

(*)

وکیپیدیا / زبانی فارسی / پاکستان .

http://fa.wikipedia.org/wiki/%D9%BE%D8%A7%DA%A9%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86

(**)

http://www.youtube.com/watch?v=Y_vbSjv3L4o&feature=related

YouTube – Mustafa Barzani – Kurdistan Democratic Party 1946

به‌م ناونیشانه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی یوتوب دا خوالێخۆشبو( مه‌لا مسته‌فا بارزانی) به‌ڕونی له‌ وێنه‌ فیلمێک دا ، نکۆلی له‌  جیابونه‌وه‌ ده‌کات له‌ ده‌وڵه‌تی عێراق ، به‌ڵام تاکاتی ئه‌م نوسینه‌ فیلمه‌که‌ لابراوه‌ له‌سه‌ر سیرڤه‌ری ماڵپه‌ڕه‌که‌ .

(***)

هاملێت ، شازاده‌ی دانیمارکی ده‌یزانی به‌پیلانێکی نێوان  دایکی و مامه‌که‌ی ، باوکی له‌ نێو براوه‌ ، له‌وێدا توشی هه‌ژاندنێکی ویژدانی ده‌بێت و  ده‌ست به‌رداری خۆشه‌ویسته‌ دڵخوازه‌که‌ی و زۆر شتی تر ده‌بێت له‌ ڕێی دادی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌دا و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌و ده‌رىرینه‌ به‌ناو بانگه‌ی ده‌رده‌بڕێت :

 (ببیت یان نه‌بیت ، ئه‌وه‌ پرسه‌که‌یه) . 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.