Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
کورد و کات… د. که‌مال میراوده‌لی

کورد و کات… د. که‌مال میراوده‌لی

Closed
by November 2, 2011 گشتی

 
(1)
چەند جارێ لە چەند شوێنێ دا وتوومە کورد، ئەو کوردەی ئێستا، بیرۆکەی ( کات) ی نییە. تێگەیشتنی فەلسەفی یان زانستی لە کات نییه‌، کات لە سێ- دامێنی ڕابردوو-ئێستا- ئایندەدا بوونی نییه‌.
کات ئەو نانەیە ئەمڕۆ (ئەم، سەعاتە، ئەم دەقیقەیە) لەخوانە؛ لە خوانیش نەبێ مەسەلەیەك نییە، ئاشی نه‌زان له‌ خواوه‌ له‌ گه‌ڕانه‌.
کات لای کورد لەخۆیەوە هەیە، لە خۆیەوە کاردەکا، بۆخۆی کار دەکا: تا ئێرە قەیناکا. به‌ڵام بە قودرەتی قادر، بۆ خاتری ئێمەش کاردەکا، بۆ خاتری چاوی رەشی ئێمە گۆڕان دروست دەکات: دوو ساڵی تر، سێ، پێنچ، دە، دوو ده‌یه‌ی تر، سەدەیەکی تر، خۆ هەر رزگار دەبین، خۆ دنیا هەروا نامێنێ بەبێ ئەوەی بزانین چ { وا} نامێنێ، کێ و چی وای لێ دەکا { وا} نەمێنێ.
نا، نا: لە تونسەوە تەوژمی گۆڕان بۆ ئێمەش دێ، لە (ساحەی تەحریری) قاهیرەوە سەودای سەربەخۆیی ئێمەش دەگرێتەوە، ئەوەندە بەسە ناوی بەردەرکی سەرا بگۆڕین، لاساییه‌کی بێ ناوه‌رۆک و بێ کات و شوێنی ئەوی دی بکەینەوە. ئەرکی ئێمەمانان تەنیا ئەوەندەیە لەجێی خۆمان بچەقین یان بە پاڵەپەستۆی دەور و بەر بلەقین یان بە فانتازیای کارکردنی دەرەکی ماوەیەك بێ بیر و بەرنامە و ئامانج ڕاچلەکین یان هەڵپەڕین.
کات خۆی: ئاشتی، ئاسایش، خۆشگوزەرانی و بەدیهێنانی خەونەکانمان بۆ دێنێ. لای کورد (کات) لە دەرەوەی (کار) دایە. کار و کات پشتیان کردۆتە یەك، ئەوەندە بەیەك ناحەزن تا بتوانن لێك دوور دەکەنەوە. ئەوەی هەیە ئەوەیە کە خۆی ڕوودەدا، خۆی خۆی دەسەلمێنێ نەك لە بەربەرەکانی مانەوەی بەهێزتردا بەڵکو لە گەیشتن وەك ئەرستۆ دەڵێ بە ( تیلۆس) بە ئامانج و مەبەست و خواستی لە خۆڕا بڕیاردراوی شتەکان و پرۆسەکان. ماددەی (١٤٠) دەبوو ساڵی ٢٠٠٦ جێبەجێ بکرێ، کاتەکەی، بەرنامە کاتییەکەی رۆحی ماددەکە بوو. چش ماددەکە ماوە با کاتەکەش (رۆحەکەش) نەمابێ. کات چییە؟ مانای چییە؟ ئەمساڵ نا، دووی تر، دەی تر هەر دەبێ جێبەجێ بکرێ، ئێمەش لە دەرەوەی ماددەکە، لە دەرەوەی کات، لە دەرەوەی پرۆسە مرداربۆوەکە هەریەکە خەریکی کاتی (خوانی) خۆمانین.
بیرکردنەوەی کورد بە هەنگاوە بنبۆشەکانی کاتەکەی خۆیەوە بەستراوەتەوە کەکات لەشوێنێکی دی دەگۆڕێ ئەوسا ئەو لێرە خەبەری دەبێتەوە، خەون دەبینی ئەوەی سەد ساڵ، دە ساڵ بە تەمای بوو ئێستا بە دوو ساڵ، دە ڕۆژ، دوو ڕۆژ پێی بگا.
کات وەك کیسەڵ لەسەر سك دەخشێ، خەتەری دەرەوەش کیسەڵ بە خەبەر ناهێنێ. وا باوە لە جەنگدا، لە مەترسیدا، لە هاتنی هەڕەشەی دەرەکیدا بیرکردنەوەمان دەربارەی کات بگۆڕێ لە ئێستادا بژین، وریابینەوە و بەخۆمان ڕاپەرموین، راپه‌ڕین، بجووڵێین و بجمین. بەڵام نا.
مەگەر جارێکی دی تۆپەکان بگەنە ناو ماڵمان، دەبابەکان لەبەر دەرگا بن، بۆمباکان لە ئاسمان ببارن، ئەوسا تەنیا، ئەوسا رەنگە بیر لە پێوەندی کات و کار بکەینەوە رەنگە بیر لە جمینێکی دی بە کۆمەڵ بکەینەوە، رەنگە بەدەم هاواری ترس و غەریزەی ترسنۆکییەوە بچین و بیدەینەوە شاخ بە بێ ئەوەی ئەوەشمان لە بیرەوەری و هۆشمەندیدا تۆمار کردبێ: کە شاخ، شاخەکەی کاتی کۆن نییە، ئێستا ئەوسا نییه‌.
بەڵام ئێستا ئێستایە، نان ئەو نانەیە ئەمڕۆ لە خوانە، بۆمباکانی ئێران و تورکیا رەنگە بەسەر هەندێ دێهاتی سەر سنوور و دوور لە سنووریش داببارن. بەڵام نە ئەوان ئێمەین نە کاتی ئەوان کاتی ئێمەیە، نه‌ ئێمه‌ ئێمه‌ین، چه‌مکی نه‌ته‌وه‌ ده‌مێکه‌ به‌سه‌رچووه‌، رەنگە لە رووداوه‌کانی جەلەولا و سەعدیە و خانەقین و توزخورماتوو، لە دانیشتنە نهێنییەکانی عێراق و ئێران و تورکیا تارماییەکی ئەنفالی سەری دەرهێنابێتەوە. بەڵام هەیهوو! باسی چی دەکەی؟ کێ ئەنفالی لەبیرماوە؟ کێ بیر لە ئەنفالکراو و ئەنفالکراوەکان دەکاتەوە لە کاتێکدا دەسەڵاتی کوردیی خۆی رۆژانە به‌ سه‌د شیوه‌ ئەنفالی خەڵکی کورد دەکا بە کوشتنی کات، بە کوشتنی کاتی (تەمەنی) خەڵك، بە کوشتنی خەڵك لە کاتدا، به‌ کوشتنی کات له‌ خه‌ڵکدا، لە فەزای رۆژانەی بوونیاندا. کاتی ئەنفال کاتی ئێمە نییه‌. هەرەشەکەی، رەشکوژییەکەی، گۆڕە بە کۆمەڵییەکانی هەر نەبوون، ئێستاش هیچ شتێ نییە، نە تارمایی ڕابردوو بێ، نە مەترسی داهاتوو بێ، کە خوانی ئێستای ئێمە خراپ بکات، ئەوە نییه‌ بە ئارام دەخۆین و دەخۆینەوە، دەخەوین و ده‌خڵافێین، لە جۆلانەی کاتدا دەستی هێواشی شەوو رۆژەکان ڕامان دەژێنن و ناهێڵن خەومان بڕەوێ، خەونی ناخۆش بە داهاتووەوە ببینین.
ئێمە یان کوێرین، یان چاومان لە زۆر لە هەڕەشەکان کوێر دەکەین، لەبەر ئەوە کاتی (خەیاڵی) کاتێ (فانتازیای) خۆمان درووست دەکەین ئەو کاتەی کە هەمیشە (ئێستا) خوانێکی خۆش و خەوێکی خۆشی ئەمڕۆ هەڵدەگرین بۆ دوێنێ و چاوەڕێی سبەینێ خۆشەکان دەکەین ئەو سبەینێیانەی خۆیان لە خۆوە، لە خوداوە، لە قەدەرەوە هەموو چارەسەرییەکانمان بۆ دێنن. ئەی خۆ ئەوەندە فەلسەفە دەزانین کە مێژوو لە جێی خۆی ناچەقێ، هەر دەبێ بڕوا، کە بشڕوا هەردەبێ بۆ پێشەوە بڕوا. ئیدی: خەوت خۆش!!
کات بیرێکی ئەفسانەیی وەهمییە، کات هەڵخەڵەتێنەر و بەکاربەر و لەباربەرە. ئەو هیچ شتێ ناکا بۆ ئەوەی گۆڕین لە ئێمەدا و لە دەوروبەرماندا دروست بکا، ئەوە نەبێ لەسەر خوانی ئێمە و جەستەی ئێمە و خەونی ئێمە و رۆحی ئێمە دەژی، کات خەتەرەکان خڕ دەکاتەوە و لەبەر دەممان هەڵیاندەڕێژێ، یان نەبینراوانە بێدەنگانە ئێمە وەك بەرخ تەسلیمی چەقۆکان دەکا.
کات رووباری فڕندەیە، زێڕی نەبینراوە، بەهەشتی خەیاڵکراوە، دۆزەخی دوایییە.
کات ئەو بزاڤە دەم تیژەیە هەموو رۆژێ دەمان بڕێ بۆ سێ کەرتەوە: دوێنێ، ئەمڕۆ، سبەینێ. گەر خێرا کەرتەکانمان هەڵنەگرینەوە، تێکیان بەردەدا و بە خۆمان نازانین. کات دەبێتە مێژوو، مێژوو دەبێتە پەند، پەند دەیەوێ فێرمان کات بەڵام هیچی لێ فێر نابین، دەبێتە بیرەوەری تا لە بیرمان بێ، بەڵام بە دەقیقە لە بیری دەبەینەوە.
ئایا هەموو پەند و پەڕەکانی مێژوو فێریان کردووین کات ئێمەین و ئێمە کاتین؟ فێریان کردووین لە کاتا لەگەڵ کاتا درۆ نەکەین، شەڕ نەکەین، یەکتر نەکوژین و نەفریوێین، دەرفەتەکان نەدۆڕێنین، ئەو شتە جادوویی یەی پێی دەڵێن: عەقڵ لە کەللەماندا بکەوێتە کار و پێمان بڵێ:
هەمیشە لە ئێستادا بە خەبەر و چاوکراوە و چالاك بە، هەمیشە دوێنێت بۆ ئەمڕۆ هەڵگرە و بەرنامەی سبەینێت دابنێ.
ئایا کات عاقڵترمان دەکا، ئینسانیترمان دەکا، شادترمان دەکا؟ کە مناڵ بووم لە قوتابخانەی سەرەتایی (پەند) ێکیان فێرکردین: کات تیغێکە نەیبڕی دەیبڕێ.
لەو کاتەوە دەیان جار ئەو تیغە ئێمەی بڕیوە و جارێك نەمان بڕی.
بەڵام کات دەرفەت و سامان و هێز و وزەشە: ئەوەیە کە هەمانەو لە دەرەوەی خۆمان بوونی نییه‌، ئەو کاتەی کاتمان بۆش و بێ مانا، بێ ناوەڕۆك، بێ بەرهەم دەکەین مانای وایە خۆمان بێ هۆش و بێ ناوەڕۆك و بێ بەرهەم و بێ مێژوو دەکەین.
ئەو کاتەی کات دەدۆڕێنین، ئێمە خۆمان وەك تاك و وەك کۆمەڵ و وەك نەتەوە دەدۆڕێین.
(2)
ئەم دەسەڵاتە بەربەرییە ئەنفالچییە بە بێکارکردن و بەتاڵکردنەوەی تەمەنی هەزاران گەنج، بە به‌پارەکڕینی کات و هێزی جەستەیی و وزەی رۆحی سەدان هەزار مرۆڤی کورد و چەك لە شانکردنیان بۆ جاشێتی ئەمریکا و عێراق و تورکیا، گەورەترین سەرچاوەی وزەی نەتەوەییمان کە هێزی مرۆیی نەتەوەکەمانە، کە کات و وزە و خواست و پێگەشەی داهێنان و پێشکەوتنی مرۆڤی کوردە: بە خۆڕایی، بە تاوانکاری، بە مەبەستخوازی، بەبێ ئەخلاقی بە هەدەری دەدات.
بەتاڵانکردنی سامان، مڵك، بوودجە، پرۆژە، بازاڕ، بازرگانی، نەوت- ه وە نەوەستاون، کاتی تەمەنی مرۆڤەکانیش، خەونی مناڵەکانیش، ساڵ و سات چرکەکانی ژیان و هێزی جەستەیی و ڕووناکبیریی و رۆحی مرۆڤی کوردیان داگیر و تاڵان کردووە.
گەلێکی بێ کات، بێ کار، بێ بیر، بێ بەرنامە، بێ بەرهەم، بێ پاشەڕۆژ، گەلێکی خەمبار و خەوتوو، بخۆری خۆراکی به‌سه‌رچووی سه‌ڕه‌تاناویی و هاتوچۆکه‌ری سه‌ر جادده‌کانی مه‌رگ و دڵکون به‌ ته‌ماع و حه‌ساده‌ت به‌رامبه‌ر یه‌کتری و گیرۆده‌ی نه‌خۆشی ده‌روونی کوشنده‌ی سست و خاو یان توندوتیژ: بێ خەم لە کات و هەل و هەواڵ و هەڕەشەکانی.
چار چییە؟ بوەستە و بڕوانە بزانە ئەو شەپۆلە ڕووبارە دەبینی کە دەتوانی دوو جار ئاوی لێ بخۆیتەوە؟
رووبارەکەی تۆ لە کوێیە؟ تۆ لە کوێی ڕووبارەکەتی؟ ئەوەتا لە ناخی ناختدا، لەناو دڵ و سی و هەناسەتدا، ئەو رووبارە تێدەپەڕێ و دەقیقە دوای دەقیقە بەجیت دێڵێ.
ئەو رووبارە تۆی، دەتوانی وەك ئەو رووبارە خوڕەت بێ و تازە و چالاك و بەجۆش بی. دەتوانی ئێستاکەت لەدەست نەدەیت، وزە، هێزت بە تاڵان نەدەیت، خواست و خەونەکانت نەخەوێنیت.
کاتێ ئێمە کات فەرامۆش دەکەین، یان لەبەری هەڵدێین، یان لێدەگەڕێین لەگەڵ شەپۆلەکانی رامان دا و لە داهاتوویەکی دیدا بە کۆمەڵێك بەرەو بەرهەم و موژدە و مزگێنی یەوە بۆمان بگەرێتەوە، ئەو کاتە ئێمە ڕاستییەکەی لە مۆتەکەیەکی قورسدا دەبین کە بە ئازار بێدار دەبێتەوە.
تا گرفت و کێشە و داوا و خواست و خەونەکانمان بۆ گەمەی دەمکات هەڵگرین، ئەوە نەك هەر چارەسەرییەکانمان بۆ نایە، بەڵکو خۆشمان دەبینە گرفت بۆ خۆمان.
ئا زەحمەت نەبێ کات چەندە؟
ئایا دەزانی کات چەندە؟
هەموو ساڵێك، ساتێك، دەقیقەیەك، لەحزەیەك دەزانی کات چەندە؟
کاتی میکانیکی نا، کاتی سەعاتەکەی دەستت یان دیجیتاڵی مۆبایلەکەت نا.
نا: کاتی بایۆلۆجی لێدانی دڵت؟ کاتی سایکۆلۆجی خه‌م و خه‌ونه‌کانت؟ کاتی سۆسیۆلۆجیت؟ کاتی کەلتوری و رووناکبیریت؟ کاتی پیشەیی و پێگەیشتوویت؟ کاتی نەتەوەییت؟ کاتی مێژووییت؟ تۆ لە چ دۆڵێکدایت و کاتەکەت لە چ دۆڵێکدایه‌؟
کەری کاتەکەت لە کوێ کەوتووەو کوندەی کارەکەت لە کوێ دڕاوە؟
تۆ لە کوێی کاتەکەت کەوتووی، خەوتووی، زیندووی؟
هەمیشە کات دەکەوێتە نێوان ئێمە و کارەکانمانەوە. هەمیشە دەڵێین: سبەی، دووسبەی، حەفتەی ئایندە، ساڵێکی تر. هەمیشە ئەرکی ئێستا دوا دەخەین، دواخستن بە بەکارخستنی کات دادەنێین نەك پەکخستنی.
نەگۆڕانی کات بە خۆپاراستن و ئاسایش و هێمن و سەقامگیرییەوە دەبەستینەوە.
گەر کات لە جێی خۆی بوەستێ، گەر گۆڕان نەبێ، گه‌ر پێکسازی (ته‌وافوق) له‌ سه‌ر هیچ بکه‌ین، گەر ئەمڕۆ هەڵنەگرین بۆ سبەینێ، سبەینێ زامنی هەڵگرتنی ئەمڕۆمان بێ، ئەوە ئێمە ئەرکی خۆمان بەدی هێناوە.
کات کارمان بۆ دەکا و خۆشمان ساغ و سەلامەت! ئەوە نەبێ: کاتی بایۆلۆجی، کاتی سیاسی، کاتی دیبلۆماسی، کاتی جیهانی گلۆبال، وەك هەورێکی رەش بەسەرمانەوە شۆڕدەبێتەوە یان لە ناوەوەماندا وەك سەڕەتان سەرهەڵدەدا.
کار هەمیشە ئێستایە، ڕاپەرموونە، راپەراندنە، کردنە، ئەنجامدانە، بەرهەمهێنانە، بە جێگەیاندنە، کات ئێستایی یە، نە رابردووی هەیە، نە داهاتوو. گەر ئێستا نەبێ نابێ، کات هەڵناگیرێ، خڕ ناکرێتەوە، هەڵناپەسێردرێ، ناخرێتە قوتوو و جانتاوە.
بەڵام ئێمە لە کار دەترسین گەر (کاتە خوانییه‌کەمان) بڕوشێنێ، بەزمەکەمان لێ تێك بدا، لەخەوە خۆشەکە خەبەرمان بکاتەوە، بە گژ هەڕەشەکانماندا بکات، پێوەندییەکانمان دروست بکاتەوە، کەسێتیمان دارێژێتەوە، هیوامان بژێنێتەوە، مرۆڤایەتیمان بە نرخ بکاتەوە، کاتی نەتەوەییمان دروست و زیندوو بکاتەوە.
کار لای ئێمە بەڵێنە و بەس.
بەڵێنی دەسەڵات.
بەڵێنی درۆ لە دوای درۆ لە دوای درۆ لە دوای درۆ.
کار کاروانی درۆیە بێ ئابڕووەکانی دەسەڵاتە.
کار لای ئێمە کۆمیتەیە، کۆبوونەوەیە.
کۆمیتە خڕبوونەوەیە و بەس، کۆبوونەوە کاتکوشتنە و بەس.
هەڵاتنە لە کات، فریودانی کاتە به‌ کات، درۆکردن لەگەڵ کاتە بە کات. داپۆشینی درۆی کاتێکە بە درۆی کاتێکی تر. هه‌موو کات کاتی درۆکانه‌.
ئەم هەڵسوکەوتە لەگەڵ کات حەقیقەتی بەربەرێتی و بۆشیی دەسەڵاتی کوردی دەردەبڕێ.
کات لای ئێمە دانیشتنی ژوورە تاریکەکانە، لەناو ئه‌و تاریکاییەدا ڕووناکییەکان، بەرەبەیانەکان، هەتاوهەڵاتەکان، وزە تازەکان و وه‌رزه‌ نوێکان دەکوژرێن و دەخنکێندرێن و لەبار دەبردرێن.
ئەم کۆبوونەوە نا- دووی تر، دەی تر، سەدی تر، کاتی دەوێ، کاتی دەوێ! کاتی دەوێ!
هیچ شتێ بەدەم و دەست نابێ، کارەکه‌ ئالۆزە، کاتەکە بڵۆزه‌، لە نێوان ئالۆزیی و بڵۆزییدا بزوتنەوە مەحاڵە.
٢٠ ساڵ کات نییه‌، کاتی ساوایی یە، کاتی عەقڵ نییه‌، کاتی ئەخلاق نییه‌، کاتی رۆشنبیری و خۆرۆشنبیرکردن نییه‌، کاتی سروشت و سروشت ژیاندنەوە نییه‌. کاتی مرۆڤ و مرۆڤ پەروەردەکردن نییه‌، کاتی مناڵ و په‌روه‌رده‌کردنی مناڵیتی و پێگەیاندنی نەوەکان نییه‌، کاتی گەنجان و هاوسەرێتی و ژیانبنیاتنان نییه‌، کاتی خاك و نوێکردنەوەی ژینگە و ژیان و ئابووری و بەرهەم و دیمەنی جوان نییه‌.
٢٠ ساڵ کاتی بۆشی و بەربەرێتی دەسەڵاتە: کاتی دزیی و داگیرکردن، کاتی کوشتن و خوێنرشتن، کاتی خیانەت و خۆفرۆشتن، کاتی ژنهێنان و ژنکوشتن، کاتی دەستدرێژی و داوێنپیسی، کاتی دواخستن و داپلۆسین، کاتی دۆشین و داوەشان و داڕزان.
بەڵام چش- خۆ سبەینێ هەیە.
بخەون، بخەون، بخەون.
کۆمیتەکان لە کۆبوونەوەدان، سەرەکانی شاخ لە تاریکایی ئه‌شکه‌وتدا وەك عادەتی ٣٠- ٤٠ ساڵەیان سەریان ناوە بەیەکەوە. دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن کۆدەبنەوە و کۆنابنەوە، کۆدەبنەوە و کۆنابنەوە.
بخەون، بخەون، بخەون، وەك پیاوانی ئەشکەوت بخەون، وەك خولە خەوخۆش بخەون.
سبەینێیەکی درەنگ کە هەستان هەموو شتێ چاك دەبێ.
سبەینێ (١٤٠) دوو ئەوەندە، دە ئەوەندەی خۆی ده‌بێ به‌ (١٤٠٠) و جێبەجێ دەبێ.
سبەینێ سەعدیە و جەلەولا و توز ئاسایی دەبنەوە، سبەینێ بۆمباران خۆش دەکاتەوە و باران دەبارێ و ماله‌ وێرانه‌کان ده‌بنه‌ که‌پره‌به‌هاریی، سبەینێ هەموو گۆڕە بە کۆمەڵییەکان دێنەوە یەك بە یەك ناوی ئەنفالکراوەکان، تەمەنیان، چیرۆکیان، خەونەکانیان دەنووسینەوە بە درێژایی گەرمیان دیوارە مۆنیومێنتێکی نەتەوەیی دروست دەکەین و ناوی هەموو شەهیدانی لەسەر هەڵدەکۆڵین.
سبەینێ دەبینە نەتەوە.
بەرلەوەی ببینە نەتەوە دەبینە مرۆڤ، کۆمەڵ، شارستانی.
ده‌بینه‌ دا‌مه‌زراوه‌ی سێکوچکه‌ی: زانست، یاسا، دیمۆکراسی.
(3)
ئایا کاتێ هەیە لە دەرەوەی هۆشیاریمان؟
کاتێ هەیە هەمیشەیی بەردەوام لە دەرەوە و لە سەرووی بیر و هۆشیارییەوە بێ؟
کاتێ هەیە لە دەرەوەی لێدانی دڵم، جووڵانەوەی جەستەم، هەستیاری هەستەکانم، هوشیاری هۆشم؟ بەردەوام بێ لە بۆشاییدا، درێژ بێتەوە، بەسەریەکدا خڕبێتەوە ببێتە مێژووی من؟
کاتێ هەیە لە دەرەوەی بیری خۆم، بەرنامەی خۆم، بەرهەمی خۆم؟
بەڵێ ئەو کاتە هەیە بەڵام کاتی من نییه‌.
گەر کات هوشیاری خۆم نەبێ چالاکی خۆم نەبێ کاری خۆم نەبێ، دەبێ بە نەزانراو.
نەزانراو هەمیشە هەڕەشە و مەترسی دروست دەکات ئەو ساتە کاتەکەم دەبێتە کاتێکی سوودمەند، دۆست، ئاشنا، هاوکار کە بیکەمە هوشیاری خۆم، کاری خۆم، پرۆژە و پلانی خۆم، کە دەستی بەسەردا بگرم و نەهێڵم دەستی بەسەرمدا بگرێ.
ئەو کاتە دەتوانم ببمە خاوەنی کاتی خۆم، تەمەنی خۆم، توانای خۆم، تەمای خۆم.
ئەو کاتە دەتوانم تەنانەت بۆ لەحزەی مردنیش ئامادەبم چونکە ئەوەندەم کات بەکارهێناوە (نەك بەکاری هێنابم) و خستوومەتە خزمەتی خواست، هەست و ئاواتی خۆمەوە کە لێی نەترسم هەناسەی پەشیمانی بۆ هەڵنەکێشم، لەسەر دۆی ڕژاو نەگریم.
ناتوانین بیر نەکەینەوە.
کە لە شتێ دەترسین، بە گومانین ده‌ره‌قه‌تی نایەین، پێی سەغڵەت یان تەریق دەبینەوە، ده‌ڵیین: جا چییە؟ هەر بیریشی لێ ناکەمەوە!
بەڵام ئەوە مانای وایە بە نەکاریش، سەلبییش، بێ بیری لێ دەکەیتەوە، کە لەناو بیرتدا لەبەری هەڵدێی، بەڵام خۆتی لێ ناکەیتەوە.
ئێمە بە بیرکردنەوەمان، بە هەستیارییمان، بە نەخشەسازییمان، بە کردەوەمان ناهێڵین کات بە نادیاری برژێ، بپژێ، بچێتە ناو بۆشایی سبەینێوە، ببێتە دواڕۆژێکی نادیار، خەتەرناك، ترس هێنەر.
بەم هەڵوێستە چالاکە، بەم وریایی و هۆشیاریی و کردەیی یە، کار لە بێکاریی، چالاکی لە خاویی، ئێستای زیندوو لە کات و کاری دواخراو، ژیان لە مردن جیا دەکەینەوە.
کات دەبڕین نایەڵین کات بمان بڕێ.
کات به‌کارده‌هێنین ناهێڵین کات سه‌رفمان بکا.
زەماوەندی ژیان دەکەین نایەڵین پێی مەرگ بە خشکەیی لێمان تێك بدا.
دەبێ ئامادەبین هەموو رۆژێ بمرین و لە دایك ببینەوە.
ئەفلاتون لەسەر زمانی سۆکرات بەر لە ژەهرخواردنەکەی دەڵێ: فەلسەفە راهاتنە، ڕاهێنانە لەسەر مردنی رۆژانە.
دەبێ هەموو بەرەبەیانییه‌ك، دوێنێمان بمرین و بنێژین بۆ ئەوەی ئەمڕۆ بە تازەیی لەدایك ببینەوە.
ئێمە بۆیە لە مردن دەترسین چونکە نازانین چۆن بژین.
ئێمە لە کۆتاییەکی تراجیدی دەترسین چونکە نازانین لەو پرۆسە بوونیارییەی بوونماندا، چۆن پاڵەوانێکی بوێر و بە بیر و چالاك بین
ئێمە کە نەتوانین هەموو ڕۆژی بمرین بۆ ئەوەی سبەینێ لەدایك بینەوە، چۆن دەتوانین لە مردن نەترسین و بە هیوای زیندەگییەکی ئەبەدی بین.
مردنی ڕۆژانەت: مردنی کاتە مردووەکانه‌، مردنی هەستە مردووەکان و بیرە نەزۆکەکانە، مرداندنی ئەو تەماو هەڵپە و خواستە ناشیرین و نەکارانەیە کە تەنیا قورسایی رۆح و گرانباریی هۆش و خولیای نامرۆڤایه‌تی و هه‌ڵپه‌خوازییت زیاد دەکەن.
خۆپاك کردنەوە لە تەماع، درۆ، دوو ڕوویی، ساختەکاری، کۆیلەیی، بەراوردیی، بەربەرەکانی، بیرکردنەوەی نەخۆش، پرۆژەی نائەخلاقی.
مردنی ڕۆژانە بەتاڵکردنەوەی شەوانەی مێشکە لە بیرە مردووەکان، لە بەرژەوەندییە گەندەکان، لە هزرە نەخۆشەکان، لە بەڵێنە درۆکان.
بەم جۆرە دەتوانین وەك مار هەموو شەو توێژی دوێنێ فڕێ دەین و ڕەنگێکی نوێ پێشوازی بکەین. دەتوانین بەردەوام لە ئێستادا بین و ئاڵوگۆڕیی رۆحی بەرپا بکەین.
دەتوانین لە مردنەکانی ڕۆژانەمان ئازادبین و زەماوەندی لە دایكبوونەوەی ڕۆژانە بگێرین.
ئێستا دەتوانین پڕ بە حەزەکانمان، پڕ بە تەماکانمان، پڕ بە خەونەکانمان باوەش بە ئێستادا بکەین، بە بیر، بە کار، بە چالاکی، بە پاکی.
دەتوانین هەموو لەحزەکانمان تامی ئازادی و خۆشەویستی ڕاستەقینە بچێژین، بە مەردی بژین و لە مردن نەترسین.
ده‌توانین کاتی خۆمان و کاتی سسیتمه‌ گه‌ندو کوشنده‌که‌مان بگۆڕین.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.