Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
کوێ له‌ به‌غدا بگرین چاکه‌ ؟…..هیوا موحه‌مه‌د

کوێ له‌ به‌غدا بگرین چاکه‌ ؟…..هیوا موحه‌مه‌د

Closed
by February 23, 2009 گشتی

کوێ له‌ به‌غدا بگرین چاکه‌ ؟
 هیوا موحه‌مه‌د

له‌ منداڵی که‌ ده‌چومه‌ ناو گۆڕه‌پانی تۆپ تۆپێنه‌وه‌  یاریم نه‌ده‌زانی تیپه‌که‌ش  له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ژماره‌یان که‌م بوو ناچار ده‌یان کردم به‌ گۆڵچی ، له‌مه‌شیاندا کۆڵه‌وار بووم ده‌چومه‌ ئه‌ودیو گۆڵه‌که‌وه‌ ده‌وه‌ستام بۆیه‌ جاری وابوو ده‌شم گرته‌وه‌ که‌چی (  به‌ گۆڵ نه‌ده‌ژمێردرا ) .. پێشمه‌رگه‌ که‌ ده‌یه‌ویست هه‌ڵکوتێته‌ سه‌ر ( ڕه‌بیه‌ ) کی دوژمن ، پێشتر ده‌سته‌ی دیاری کراو کۆده‌بونه‌وه ( پاش ئه‌وه‌ی زانیاری ته‌واویان وه‌رده‌گرت )‌  مشت و مڕیان ده‌کرد و چه‌کی پێویستیان ده‌برد ، که‌سێک باری ته‌ندروستی باش نه‌بوایه‌ نه‌یان ده‌برد ، دوای ئه‌مانه‌ به‌ڕێ ده‌که‌وتن بۆ ئه‌نجام دانی کاره‌که ، ئه‌گه‌ر به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مانه‌ بوایه‌ ئه‌وه‌ تووشی زیان ده‌هاتن ..ئه‌وڕۆ راسته‌ کاره‌کان‌ تۆپ تۆپێن و ( ڕه‌بیه‌ گرتن ) نیه‌ به‌ڵام که‌مین دانانه‌ واتا که‌مینی چاڵ بۆ یه‌کتر هه‌ڵکه‌ندن و پاشقول له‌یه‌ک گرتنه‌ . هیچ سه‌رده‌مێک وه‌ک ئه‌وڕۆ نه‌بوه‌ ، جاران له‌ شارۆچکه‌یه‌کدا کادیرێک هه‌بوه‌ و هه‌ر ئه‌و یه‌کێک بوه‌ له‌و ڕۆشنبیرانه‌ی شارۆچکه‌که‌ که‌ به‌ په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردران ، ئێستا له‌هه‌ر شوێنێکی ئاوادا ده‌یان نووسه‌ر و لێکۆڵه‌ره‌وه‌ی ڕامیاری و شاعیر و هونه‌رمه‌ندی دیکه و ئه‌ندازیارو پزیشک و دادوه‌ر هه‌ن.
جاران هه‌واڵه‌کانی به‌غدا نه‌ده‌گه‌یشته‌ ده‌ست خه‌ڵکی کوردستان چونکه‌ ده‌یانگوت ئه‌و  ئۆتۆمبێلیه‌ی ڕۆژنامه‌کان دێنێ وه‌رگه‌ڕاوه‌ ، ئێستا له‌ کۆبونه‌وه‌که‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ ده‌یانبینی ، ئه‌وکات نامه‌ده‌خرایه‌ ناو پزوی ده‌رپێوه‌ و پێمان ده‌گه‌یشت و تیایدا زانیاری و هه‌واڵی تیادا بوو ،ئێستا به‌ مایڵ پێمان ده‌گات .. ئه‌مانه‌و له‌سه‌رویانه‌وه‌ بنکه‌کانی سه‌رکردایه‌تی کورد ( شۆڕش ) له‌ شوێنه‌ سه‌خته‌کانی کوردستان بوون ، ئێستا له‌ پایته‌خت و هاوینه‌هه‌واره‌کانن ، کاتێ رؤژنامه‌نوسێکی بیانی ده‌چوه‌ بنکه‌یه‌کی سه‌رکردایه‌تی و چاوپێکه‌وتنێکی ئه‌نجام ده‌دا ، ئه‌وه‌ له‌ خۆشیان شایی ده‌بوین و وامان ده‌زانی ده‌نگمان به‌ هه‌موو جیهان ده‌گات ، ئه‌وڕۆ خۆمان سه‌رۆکی وولاتین و رۆژانه‌ چاومان به‌  سه‌رۆک و بالێۆز و وه‌زیری هه‌موو جیهان ده‌که‌وێت .. داوامان خودموختاری ( ئۆتۆنۆمی )  بوو ئه‌ویش به‌ دودڵی ، ئێستا هیچ که‌ پێ له‌ فیدرالی داده‌گرین جار جار هه‌ڕه‌شه‌ی جیا بونه‌وه‌ش ده‌که‌ین . ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ تا کیسنجه‌ر چاوی به‌ نوێنه‌رێکمان ده‌که‌وت هه‌زار مه‌رجی بۆ داده‌نا ، ئێستا به‌ پێی خۆمان و به‌ به‌رگی کوردیشه‌وه‌ ده‌چین بۆ واشنتۆن . ئه‌گه‌ر سه‌یر بکه‌ین له‌ زۆر شتدا ڕواڵه‌ت هاتوینه‌ پێش به‌لام له‌ ناوه‌رۆکماندا هه‌نگاوێکی باش نه‌نراوه‌ که‌ ئه‌وه‌مان پیشان بدات هه‌ست بکه‌ین ئێمه‌ چیدی وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی  ساویلکه و‌ هه‌ژار نین له‌ ته‌کتیک دا .مقاوه‌مه‌شه‌عبی ڕؤڵێکی توندتر و زیاتر له‌ سوپای ئه‌و کاته‌ی بینی بۆ سه‌رکوت کردنی ئازادیخوازان شۆڕشگێڕان و نیشتیمانپه‌روه‌ره‌انی ووڵات ، هه‌رئه‌وانیش توانیان زاڵ بن به‌سه‌ر بارو دۆخه‌که‌دا و ، له‌م ساڵانه‌ی دواییشدا ( پێش ڕاپه‌ڕین ) جاشه‌کانی له‌مه‌ڕخۆمان ببوه‌ گه‌وره‌ترین ته‌گه‌ره‌ له‌به‌رده‌م جوڵانه‌وه‌کانی پێشمه‌رگه‌ ، چونکه‌ ئه‌وان شاره‌زای ناوچه‌کان و جم جۆڵی پێشمه‌رگه‌ بوون .. له‌دوای ڕاپه‌ڕین کوردستان بوه‌ جێگه‌ی حه‌وانه‌وه‌ی هه‌موو هێزه‌ به‌رهه‌ڵست کاره‌کانی سه‌دام ، هه‌موو بنکه‌یان هه‌بوو ، ده‌یانی وه‌ک مالیکی تیایدا ده‌یانخوارد و بێ ترس ده‌ژیان ، هه‌رئه‌وکات دانیان به‌ هه‌موو مافێکی کورد دا ده‌نا و ده‌یان ووت هه‌قتانه‌ وڵاتی خۆشتان هه‌بێت ..سه‌دام ڕۆیشت ترس نه‌ما هه‌مووی هه‌ڵکشا بۆ به‌غدا کۆشکه‌کان دابه‌ش کران و دوای پشوو هاتینه‌ سه‌ر کورسی دابه‌ش کردن ،هه‌رله‌وکاته‌دا که‌ رۆژانه‌ شه‌قامه‌کانی به‌غدا ده‌بوه‌ گۆمی خوێن ( موفه‌خه‌خه‌کان ) و خۆکوژه‌کان هاوپه‌یمانه‌ عه‌ره‌به‌کانمان به‌ چاوی ( به‌غیلی پێبردن ) وه‌ ده‌یان ڕوانیه‌ هه‌رێمه‌ ئارامه‌که‌مان ، بۆیه‌ که‌وتنه‌ خۆ و ووتیان ئه‌گه‌ر فریا نه‌که‌وین ئه‌وه‌ دوو رۆژی تر ده‌مان خۆن . له‌و کارانه‌ی کردیانه‌ پیلان و به‌رنامه‌ی ( دواخستنی ) تاقیکردنه‌وه‌ی دیموکراسی له‌ هه‌رێم ڕاگرتنی ماده‌کانی په‌یوه‌ست به‌ که‌رکوک بوو هه‌ر له‌ 58 و 140 هه‌ر جاره‌ی به‌بیانویه‌ک ، هاندانی شیعه‌کورده‌کانی سه‌ربه‌خۆیان بوو تا وا پیشان بده‌ن که‌ له‌ده‌سته‌ڵاتی کورد نارازین ، پشتگیری تورکمان و عه‌ره‌به‌هاورده‌کان ، نواندنی نه‌رمی له‌به‌رامبه‌ر تورکیا له‌وه‌ی که‌ فشار بۆ سه‌رکوردستان بێنێت  ، هێنانی سه‌دان پیاوی سه‌ربه‌ ده‌زگا موخابه‌راتیه‌کانی ئێران هه‌ر به‌مه‌به‌ستی پیلان گێڕان له‌ کورد ،یاری کردن به‌ بودجه‌ی هه‌ریم له‌ داهاتی عێڕاق ، یاری کردن له‌سه‌ر ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌ و ناردنی سوپا بۆ ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان چ له‌ پارێزگای موسڵ یان که‌رکوک و خانه‌قین و مه‌نده‌لی  …. هتد  . کێشمه‌ کێشی ئاڵای عێڕاق و گۆڕین و نه‌گۆڕینی  له‌سه‌ر خواستی کورد .ئه‌مانه‌ و زۆر شتی دیکه‌ که‌ دواییه‌که‌یان دروست کردنی ( ئه‌نجومه‌نه‌کانی ئیسناده‌ ) ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تادا به‌گوڕه‌وه‌ دژی وه‌ستاین و دواتر ووتمان ده‌باشه‌ لای خۆتان قه‌یناکات به‌ڵام له‌ شاره‌کانی هه‌رێم بۆتان نیه‌  ، شاره‌کانی هه‌رێمیش له‌دیدی ئه‌واندا ته‌نها سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆک ده‌گرێته‌وه‌  . ئێمه‌ له‌م ره‌زامه‌ندیه‌ماندا خۆلمان کرده‌ چاوی خۆمان ، چونکه‌ ئه‌گه‌ر بزانین  ئه‌و ئه‌نجومه‌نانه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌کار هێنانیان بۆ شتی تایبه‌ته‌ و به‌کرێ گیراون به‌پاره‌ که‌وا بوو مه‌ترسی ئه‌وه‌یان لێ ده‌کرێت که‌ رۆژێک بێت بیان که‌ن به‌گژ خۆماندا له‌ناوچه‌کانی دیاله‌ و که‌رکوک و تکریت و موسڵ ئه‌گه‌ر نه‌یه‌نه‌ ناو هه‌رێمیش . ئه‌وان هه‌ر له‌سه‌ر شێوازی رژێمه‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی به‌غدا و دواینه‌که‌یان سه‌دام ده‌ڕۆن ، ئێمه‌ هه‌رپه‌له‌قاژه‌ی ده‌ره‌وه‌مانه‌و به‌ شوێن په‌یدا کردنی دۆستدا وێڵین ئه‌وانیش هه‌ر خه‌ریکی ناوه‌وه‌ن و خۆیان به‌هێز ده‌که‌ن ، ئه‌وان ئه‌نجومه‌نی ئیسناد دروست ده‌که‌ن ئێمه‌ له‌ قه‌ته‌ر نوسینگه‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ . ئه‌وان فیرقه‌ دێننه‌ که‌رکوک ئێمه‌ به‌سه‌ر که‌رکوکدا ده‌فڕین بۆ کوه‌یت و دڵمان به‌و عه‌گال به‌سه‌رانه‌ی ( پارێزه‌رانی عروبه‌ ) خۆشه‌ ، که‌سوور ده‌زانین نه‌ک عه‌ره‌بی سوننه‌ به‌ڵکو له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی شیعه‌ش پێک دێنه‌وه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی عروبه‌دا . ئه‌وان ده‌زانن که‌ کورد کوێی دێشێت ، ده‌زانن له‌گه‌ڵ تورکیا و ئێران و سوریا کێشه‌ی هه‌یه‌ ده‌زانن که‌ ئێران و تورکیا ناهێڵن به‌ ئارامی دابنیشن بۆیه‌ ( که‌روێشک به‌ عه‌ره‌بانه‌ ) ده‌گرن و داواکانی ئێمه‌ پشت گوێ ده‌خه‌ن و ده‌یانه‌وێت سوود له‌ ( زه‌مه‌ن ) وه‌رگرن ئه‌وان چاک ده‌زانن ئێستا خه‌ڵک له‌ ژێر ده‌سته‌ڵاتی کوردیدا بێزاره‌ و حزبه‌کانیش له‌ناو خۆیاندا ئه‌وه‌نده‌ بێ بڕوان به‌یه‌ک تا ئێستا چه‌ند وه‌زاره‌تێکیان ماوه‌ نایکه‌ن به‌یه‌ک ، تا ئه‌ورۆکه‌ش پاشقول له‌یه‌ک ده‌گرن و مڕه‌ مڕی به‌شی شێریانه‌  . له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ که‌ پشتێنی ئاسایشی ئاسمانیمان بۆ دروست کرا له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ ، له‌وکاته‌وه‌ ئێمه‌ هه‌رده‌ڵێین ئه‌مریکا شتێکمان بۆ ده‌کات ، ئیستاش سه‌رۆکه‌کانی ئه‌مریکا ( بوش یان ئوباما ) که‌ باسی عێڕاق ده‌که‌ن ناڵێن عێڕاقی فیدڕاڵی ، له‌ده‌نگ و باس و میدیای هیچ ووڵاتێک ناڵێن عێڕاقی فیدڕاڵی ، تابلۆی به‌رده‌می هیچ نوێنه‌رێکی عێڕاق ( که‌دواییه‌که‌یان مام جه‌لال بوو له‌ کوه‌یت له‌ کۆنگره‌ی عه‌ربیدا نه‌نوسرابوو عێڕاقی فیدڕاڵی به‌ڵکو کۆماری عێڕاق نوسرابوو )  کۆمکاری عه‌ره‌بی به‌ناوی عێڕاقی فیدڕاڵی ناوی نابه‌ن. ئه‌ی ئیتر ئه‌مه‌ کووێی له‌ فیدڕال ده‌چێت ؟ له‌ ناوخۆدا به‌بۆنه‌یه‌ک یان له‌ به‌رخاتران نه‌بێت به‌رپرسه‌ حکومی و حزبی شیعه‌و سونه‌کانیش نایڵێن ، که‌وابوو مانگ سه‌رله‌ ئێواره‌ دیاره‌ ، نیه‌ته‌کان هه‌مویان پیسن . ئه‌وه‌ هه‌زاران ئه‌فسه‌ری کۆنی سه‌دام ده‌هێننه‌وه‌ و خۆیان دروست ده‌که‌نه‌وه‌ ، عێڕاق به‌ هیوایه‌ بایی 5 ملیار دۆلار چه‌ک له‌ ئه‌مریکا بکڕێت ، ئه‌مانه‌ی بۆ چیه‌ خۆ مه‌ترسی شه‌ڕی له‌گه‌ڵ هیچ ووڵاتێکی دراوسێ نیه‌  و ئه‌مریکاش چه‌کی ناداتێ له‌ ئیسڕائیلی پێ بدات .  کوردیش له‌م نێوانه‌دا خاوه‌نی پیلانی خۆی نیه‌ که‌ بتوانێ به‌کارتێک بارودۆخه‌که‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی بچه‌رخێنێت ، که‌وابوو پێویسته‌ چی بکرێت ؟ پێویسته‌ سنوورێک دابندرێت بۆ ئه‌م هه‌موو به‌ڵێنه‌ درۆیانه‌ی ئه‌مریکا و زل هێزه‌کانی دیکه‌ ده‌یده‌ن به‌ کورد ، پێویسته‌ باز به‌سه‌ر ئه‌مریکا دا بدرێت و له‌گه‌ڵ ووڵاتانی دیکه‌ وه‌کو چین و ڕوسیا په‌یوه‌ندی به‌هێز بکرێت ، ده‌بێت کورد چ له‌ ڕێگه‌ی ناوه‌نده‌وه‌ بێت ( به‌ هه‌قی خۆی ) یان له‌ ڕێی کڕینی دزیه‌وه‌ بێت خۆی پڕ چه‌ک بکات ، پێویسته‌ دڵی ئه‌و خه‌ڵکه‌ ڕابگیرێت و خزمه‌ت گوزاریه‌کان په‌ره‌ی پێ بدرێت و کارێک نه‌کرێت قینی خه‌ڵک له‌  ده‌سته‌ڵات بگا ته‌ سه‌ر ئێسقان .. به‌ره‌یه‌کی کوردستانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان دروست ببێت ( مه‌رج نیه‌ پارتی ده‌سته‌ڵات دار له‌ خۆ بگرێت ) بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی فشاری ده‌وڵه‌تی نه‌بنه‌وه‌، نه‌ک له‌ جیاتی ئه‌مه ئه‌گه‌ر چاکوانێکیان له‌ بواره‌دا بینی بیگرن یان ئازاری بده‌ن .‌ .. ده‌بێت کۆرس بکرێته‌وه‌ بۆ په‌روه‌رده‌کردنی خه‌ڵک به‌ هه‌ستی کوردایه‌تی و له‌ رێگه‌ی قووتابخانه‌کان و دانشگاکانه‌وه‌ بکرێته‌ وانه‌یه‌کی خوێندن . پێویسته‌ له‌گه‌ڵ ناوه‌ند به‌ چڕی و بێ پشت گوێ خستن به‌دوادا چوون بکه‌ن بۆ داخوازییه‌کان و سنوور دابنێن بۆ کاتی جێ به‌جێ کردنیان به‌سه‌ چیدی له‌ به‌غدا گه‌ڕانه‌وه‌ و  کۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی و درۆی دیبلۆماسی ، به‌س بڵێن دانیشتنه‌کان ئیجابی بوون ، به‌س بڵێن ئێمه‌ زور موته‌فائیلین . کوا چیتان کرد ؟ به‌چی دڵ خۆشن بیڵێن بائێمه‌ش دڵ خۆش بین ؟ ئێمه‌ جاران له‌ شاخ بووین که‌چی ده‌مان توانی کۆنتڕۆڵی ناوچه‌کانی ژێر ده‌ستی خۆمان بکه‌ین به‌لام ئیستا که‌ حکومه‌تمان هه‌یه‌ هه‌یبه‌تمان له‌ده‌ست داوه‌ ، چ مانایه‌کی هه‌یه‌ که‌ تورکیا و ئێران به‌ئاره‌زووی خۆیان ناوچه‌کانی ژێر ده‌سته‌ڵاتی هه‌رێم بۆردومان ده‌که‌ن و ناوێرین هیچ بڵێین ؟سه‌ره‌تای هه‌شتاکان له‌ سوورێن بووین ئیران چه‌ند جار داوای کردنه‌وه‌ی بنکه‌ی پاسدارانی کرد لێمان رێگه‌مان پێ نه‌دان . ده‌مان توانی داواکانمان به‌رامبه‌ر جێ به‌جێ بکه‌ین هه‌رچیمان بکردایه‌ ده‌بوا له‌به‌رامبه‌ردا شتێک به‌ده‌ست بێنین ، ئێستا هه‌موو کۆمپانیاتورکیه‌کان کوردستانیان کردوه‌ته‌ بازاڕی خۆیان که‌چی ناتوانین ئه‌مه‌ وه‌ک کارتێک به‌کار بێنین بۆ دانانی سنوورێک بۆ ده‌ست درێژیه‌کانیان ( ئه‌وه‌ش له‌وه‌ وه‌ دێت که‌ بازرگانه‌کان سه‌ر به‌ پیاوانی ده‌سته‌ڵاتن و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌وێت ) ئه‌مانه‌ هه‌مووی چمکێکی بچووکه‌ له‌ که‌م و کورتیه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم و ده‌سته‌ڵاتی سیاسی ، گازنده‌ و گله‌یی میلله‌تیش ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ مه‌ترسی دروست بوونی ڕاپه‌ڕینیش به‌ دوور نازانرێت ، چونکه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕه‌وڕه‌وه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات لنگه‌و قوچ بۆ شته‌کان ده‌ڕوات ،  وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ که‌ بۆ ددان ئێشه‌ بچیته‌ لای پزیشک به‌ڵام ئه‌و پشکنینی مایه‌سیریت بۆ بکات …             ‌  ‌

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.