Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
کۆترە ڕەش و سپیەکان!

کۆترە ڕەش و سپیەکان!

Closed
by February 27, 2012 چیرۆک

قوتابیەکان بە مامۆستا کەیان گوت : لەم شارە پڕ لە چەکدارە بێزارین!.
مامۆستاش وەلامی دانەوە :  پشووتان درێژبێت ئەمەش کۆتایی دێت !.
یەکێ لە قوتابیەکان گوتی : مامۆستا پلانێکم هەیە دەمەوێت بە هاوکاری هاوپۆلەکانم ئەنجامی بدەین!
مامۆستاش گوتی : لەگەل ئەم دەسەلاتە پلان نایخوات ، بەس فەرموو پلانەکەت بلێ !
قوتابیەکە گوتی : مامۆستا ؛ لە مێژە لەو خەیالەم هەزارەها کۆتری سپی پەیدا بکەین وەک سمبولێک بۆ ئاشتی و ئازادی بە ئاسمانی شارەکەمان بیفڕێنین !
مامۆستا و قوتابیەکان سەریان سوڕما لەم بیرۆچکەیە ، گوتیان : ئافەرین .. ئەوان بەچەکدار کوچەو کۆلانەکەیان گرتووە . ئێمەش ئاسمان پڕدەکەین لە کۆتری سپی !
بەم جۆرە لەگەل هاتنی وەرزی بەهار قوتابیەکان ئاسمانی شارەکەیان ڕازاندەوە بە کۆتری سپی ..کەچی چەکدارەکان تەقەیان بە ئاسمانا کردو دەیان کۆتریان خەلتانی خوێن کرد و چەند دانەیەکشیان بە باڵ شکاوی بەردایە خوارەوە .
بۆ ڕۆژی دوایی سولتانەکان قوتابی و مامۆستاکەیان سزا دا . مامۆستاکە لە پیشەکەی دوورخرایەوە ، قوتابیەکانیشیان دابەش کرد بەسەر قوتابخانەکانیتری شار .
لەو ڕۆژەوە دانشتوانی شار بەلێنینادا هەموو سالێک یادی فڕینی کۆترەکان بکەنەوە .
ئەو سالە لە لایەن دەسەلاتەوە بڕیار درا بە هەموو شێوەیەک کڕین و فرۆشتن و بە خێوکردنی کۆتری سپی قەدەخە بکرێ !
بۆ سالی نوێ و یادی ماتەمینی کۆترە سپیەکان .. قوتابی و مامۆستاکان لە ژێر زەمینی شار کۆبوونەوە بە پلانێکی نوێ .
لە ڕۆژی یادەکە هەرچەندە بەفردەباری ، کەچی دوو ئەوەندەی تر چەکدار ڕژانە ناوشار و بازگەیان لە سەر سووچی هەموو کۆلانەکان دانا.
مامۆستا و قوتابیەکان هەرچی کۆتری ڕەش هەیە کۆیان کردەوە وەک سمبولێک بۆ ماتەمینی ، لەسەربانی هەموو مالێک کۆتر لە شەقەی باڵیدا  و ئاسمانی شارەکەیان داپۆشی .
کاتێک ئاسمان ڕەش و سپی هەلگەڕا ، چەکدارەکان لوولەی تفەنگیان ڕوو لە ئاسمان کرد و کۆترە ڕەشپۆشکانیشیان بە زاماری بەردایە خوارەوە .
پەڕی ڕەشی کۆترەکان ئاوێتەی کلۆبەفرەکان بوون و شاریان بە ڕەنگی ڕەش و سپی و سوور داپۆشی !
بۆ سبەینێ گوێمان لە ڕادیۆی سولتانەکان بوو دەیگوت : چەکدارەکانمان بێ تاوانن ..لەبەرئەوەی لە کاتی فڕینی کۆترە ڕەشەکان بەفر باریوە و ڕەنگی کۆترەکان گۆڕاون !
هەرچەندە هەندێک کەس بەم پاساوەی سولتانەکان فریو دران ، کەچی لەبیریان چوو بوو کە کۆتر هەر کۆترە ئەگەر ڕەش بێت یان سپی !


ن/جەلال قادر

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.