کۆنفۆرمیتێت …. پۆڵا سەعید
کۆنفۆرمیتێت به گشتیی له‌سه‌ر ئاستیی جیهاندا به‌شێکی هه‌ره گه‌وره‌ی ژیانی کۆی داگیرکردووه. نیشتیمانی ئێمه یه‌کێکه له‌و نیشتیمانانه‌ی، که به‌هۆی ئاستی نزمی تێگه‌یشتن و لۆگیکیه‌وه زیاتر تووشی پراکتیزه‌کردنی هه‌ڵه بووه، وه‌ک له‌وه‌ی، که کۆنفۆرمیتێت بخاته ژێر لێکۆڵینه‌وه‌وه. له کۆیه‌کدا تاکه که‌سێک به‌سه بۆئه‌وه‌ی بێته هۆی جوڵاندنی تاکه‌کان بۆ بیرکردنه‌وه. کۆی به‌خته‌وه‌ر ئه‌و کۆیه‌یه، که خاوه‌نی تاکێکی نۆنکۆنفۆرمیزمه، لێ تاکێکی نابه‌خته‌وه‌ری ئیندیڤیدووێلی نۆنکۆنفۆرمیست ئه‌و تاکه‌یه، که له کۆیه‌کی کۆنفۆرمیستدا هیچ تاکێکی تر نایه‌ته پاڵی و له‌گه‌ڵیدا دژ به کۆنفۆرمیتێت تێناکۆشێت. لاوتسێ “Laotse- Lao tzu” ده‌ڵێ: ئێوه هه‌مووتان زانان، ته‌نها من نه‌بێت، من له‌ناو ئێوه‌دا بووکه‌سه‌ماکه‌ره‌یه‌کم. ئاخر له کۆنفۆرمیتێتی کۆیه‌کی ئاوهادا، هه‌رچیی نه‌زانه زانایه و زاناش له‌ناویاندا وه‌ک تاک هیچ شانسێکی تری نییه بێجگه‌له‌وه‌ی ببێته ئه‌سپی گه‌مه و یاریی نه‌زانان.
له سیستێمی کۆنفۆرمیزمدا، بیرکردنه‌وه، به‌دواداچوون، لێکۆڵینه‌وه بوونی نییه، به‌ڵکوو بڕیار بوونی هه‌یه. هه‌موو تاکێکی کۆیه‌کی ئاوها به‌بێ ئاماده‌بوون بۆ بیرکردنه‌وه ده‌نگ ده‌دات به بڕیارێک. بڕیار له کۆیه‌کی ئاوهادا له تاکێکه‌وه، که ڕۆڵی سه‌رۆک ده‌بینێت ده‌رده‌چێت و ئه‌وانی تریش ده‌نگی پێده‌ده‌ن. نیشتیمانی ئێمه، نیشتیمانی کۆنفۆرمیزمه‌کانه تاک له نیشتیمانێکی ئاوهادا هیچ شانسێکی نییه، نه‌ک بۆ تێکۆشان له‌پێناوی ڕاستییدا، به‌ڵکوو بۆ خودی ژیانیش.
“سه‌گی گڵاو چه‌ند زوو له ماڵ ده‌ربکرێت دره‌نگه!”. نیشتیمانی ئێمه نیشتیمانی نه‌فره‌تکردنه له ڕاستیی، نیشتیمانی ڕاوکردنی تاکه، وه‌ک ئیندیڤیدووم، نیشتیمانی ڕاوکردنی تاکه وه‌ک نۆنکۆنفۆرمیزم. سه‌گ چه‌کی ده‌ستی هه‌موو که‌سێکی نیشتیمانی ئێمه‌یه. تێناگه‌م چلۆن بوونه‌وه‌رێک، که خاوه‌نی گه‌وره‌تریین ئینستینکتی هاوڕێیه‌تییه، ده‌بێته ئۆبیه‌کتی جنێوپێدان؟! سه‌گێک هه‌رگیز پرسیارت لێ‌ناکات، ئاخۆ تۆ ده‌وڵه‌مه‌ندیت یان هه‌ژار، ده‌سته‌ڵاتداریت یان بێده‌سته‌ڵات؟ ئه‌و له‌گه‌ڵتدا دێته ماڵه‌وه و ئاماده‌یه نه‌ک له‌گه‌ڵتدا بژیی، بگره بشتپارێزێت، که‌چیی له نیشتیمانێکی ئاوهادا به‌ده‌رله‌وه‌ی به‌رده‌باران ده‌کرێت، وه‌ک ئامرازی شکاندن و جنێوپێدان به‌کاریشده‌هێنرێت. سه‌گ ته‌نها جنێوی ده‌ستی سیاسییه‌کانمان نییه، به‌ڵکوو هی هه‌موو تاکێکی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌یه.
کۆنفۆرمیتێت خاوه‌نی سیستێمه، سیستێمیش خاوه‌نی ئێلێمێنته. سیستێم بریتییه چه‌ند ئێلێمێنتێک و په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئێلێمێنته‌کانی. کۆکان به گشتیی بریتین له سیستێم، که تێیدا کۆنفۆرمیتێت پراکتیزه ده‌کرێت، تاکه‌کانی ناو ئه‌م سیستێمه یه‌کێکن له ئێلێمێنته‌کانی سیستێم، که کۆنفۆرمیتێت ده‌یجوڵێنێت، که‌واته تاک لێره‌دا نه‌ک ئێلێمێنتی سیستێمه به‌ڵکوو هی خودی کۆنفۆرمیتێتیشه. لێره‌دا ده‌بینین، که کۆنفۆرمیتێت و ئه‌ندامه‌کانی پێرمه‌نێنت شان به شانی یه‌کتریی کارده‌که‌ن، ئامانجیش تێیدا بریتییه له هێشتنه‌وه و پاراستنی سیستێمێک. هه‌موو کۆیه‌ک ئینجا کۆی خێزان، ڕێکخراو، پارت … هتد. بێت یان نا هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت، هه‌ریه‌ک له‌م کۆیانه خاوه‌نی کولتووری خۆیانن، که ناوده‌نرێت کولتوورمێنجمێنت. له‌م کۆیانه‌دا تاک پێویستی به‌وه نییه، که له ڕێگای هه‌سته‌وه کاریگه‌رێتیی له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه و بڕیاره‌کانی تاک هه‌بێت، به‌ڵکوو هه‌ر تاکێک له کۆیه‌کی وه‌هادا ئاوتۆماتیک خاوه‌نی هه‌مان بیرکردنه‌وه و بڕیاره، ئه‌مه‌ش بریتییه له کولتووری کۆکه. من وه‌ک تۆ بیرده‌که‌مه‌وه و بڕیارده‌ده‌م، که‌واته من کۆنفۆرمیزمم.
کۆمه‌ڵگای کوردیی به گشتیی خاوه‌نی تاکه یه‌ک کولتووری گه‌وره‌ی کوردیی نییه، به‌ڵکوو کۆمه‌ڵگایه‌کی وه‌ها کۆی کۆمه‌ڵێک کۆی بچووکتره، که هه‌موو پێکه‌وه وه‌ک ئێلێمێنتی کولتووری کوردیی خاوه‌نی په‌یوه‌ندیین. وێڕای ئه‌وه‌ی کۆکانی ناو ئه‌م کۆ گه‌وره‌یه خاوه‌نی کۆنفلیکتن، که‌چیی له‌کاتی پێویستدا تۆله‌ریزه‌ی یه‌کتریی ده‌که‌ن و یه‌کتریی په‌سه‌ند ده‌که‌ن، ئه‌ویش له‌پێناوی هێشتنه‌وه‌ی خۆیاندا. کولتووری کوردیی سیستێمێکی کراوه‌یه، لێ کۆکانی ناو ئه‌م سیستێمه، خاوه‌نی سیستێمێکی داخراون ته‌نها ڕووی ده‌ره‌وه‌یان ده‌بینیت و چیدی نا، هه‌روه‌کوو چلۆن، که له‌به‌رده‌می فابریکێکدا ڕاده‌و‌ه‌ستین ته‌نها دیواره‌کانی ده‌بینین و نازانین له‌ناوه چیی ڕووده‌دات، ئاوهاش ناوه‌وه‌ی سیستێمه داخراوه‌کان نابینین، وه‌ک خێزان، پارت، کۆیه‌کی ڕاستڕه‌و و ڕادیکاڵ … هتد.
چه‌مکی کۆنفۆرمیتێت و نۆنکۆنفۆرمیتێت پابه‌نده به چه‌مکه ئایینییه‌که‌ی ئینگلیزه‌وه، مه‌به‌ست تێیدا ئه‌و تاکه‌یه، که پابه‌نده به که‌نیسه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه یان پابه‌ند نییه. تاکی کۆنفۆرمیزم پابه‌نده به هه‌موو یاسا و نۆرمه‌کانی گرووپه‌وه و نۆنکۆنفۆرمیزمیش پێچه‌وانه.
کۆکانی نیشتیمانی ئێمه هه‌ڵده‌ستن به بڕیاردان له‌سه‌ر تاکێک، بڕیارێک، که بڕیارێکی کۆنفۆرمیزمانه‌یه، ئیدی تاک لێره‌دا نه‌ک به‌ر نه‌فره‌تی کۆیه‌کی ئاوها ده‌که‌وێت، به‌ڵکوو به‌رنه‌فره‌تی ته‌واوی کۆکانی تر ده‌که‌وێت هه‌تا ده‌گات به خودی کۆیه‌کی گه‌وره، که ئه‌ویش کولتووری کوردییه. تۆ بۆئه‌وه‌ی سه‌رکه‌وتووانه وه‌هابکه‌یت، که کولتوورێک ڕقیان له تاکێک بێت، پێویسته سه‌ره‌تا له کۆیه‌کی بچووکدا کاری بۆ بکه‌یت.
تاکی نۆنکۆنفۆرمیزم تاکێکی نه‌فره‌ت لێکراوه، هه‌ربۆیه ژیانی هه‌میشه له مه‌ترسییدایه. ئه‌و ئاگایانه ئاگاداری ته‌واوی جوڵه، بیرکردنه‌وه، بریاردان و چالاکییه‌کانی گرووپێکه، لێبه‌ڵێ هه‌رگیز به‌شدار نییه تێیدا. سه‌رکه‌وتنی کۆکان به‌نده به بێده‌نگیی و پاسیڤیتێتی نۆنکۆنفۆرمیزمه‌کانه‌وه. جه‌نگی جیهانیی دووهه‌م و ده‌سته‌ڵاتی نازییه‌کانی ئه‌ڵمانیا ئه‌کتوێلتریین نموونه‌یه، که له باسێکی وه‌هادا بیرخۆمانی بخه‌ینه‌وه. به‌ڵام هه‌ڵوێستوه‌رگرتنیش له به‌رانبه‌ر کۆکاندا خاوه‌نی کۆنزیکوێنزی خۆیه‌تی و تاکی نۆنکۆنفۆرمیزم ده‌بێت له‌گه‌ڵیدا بژیی.
لێگه‌ڕێن له خه‌تابارکردنی خه‌ڵکیی کاتێک ده‌بینین ژیانتان ئه‌و ژیانه نییه، که تێیدا به‌خته‌وه‌ر بژیین. لێگه‌ڕێن له خه‌تابارکردنی خه‌ڵکیی کاتێک هه‌ست به‌وه ده‌که‌ن، که تاکێک مه‌ترسییه بۆسه‌ر ژیانتان، یان نه‌مانی تاکێکی وه‌ها ده‌بێته هۆی نه‌هێشتنی کێشه‌کانی ژیانتان. هیچ که‌س به‌رپرس نییه له‌و هه‌ستانه‌ی، که هه‌تانه خودی خۆتان نه‌بێت. قوربانیی گه‌وره خۆتانن نه‌ک تاک، خودی خۆتان قوربانیی په‌روه‌رده‌کردنێکن، که تێیدا بێجگه له ڕق، کینه، تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه، تووندوتیژیی، لێدان و له‌ناوبردن نه‌بێت هیچی ترتان نه‌بووه بیکه‌ن به سروشتی ئیندیڤیدووێلی خۆتان. به ڕابووردوودا مه‌نووسێن، چونکه ناگه‌ڕێته‌وه، دوای ئاینده مه‌که‌ون، چونکه ئاینده هێشتا نه‌هاتووه، هه‌وڵبده‌ن ئێستا و ئالێره‌دا به‌خته‌وه‌ر بژیین. ده‌شێت تۆ له ڕابوورددا بوونه‌وه‌رێکی خراپ بووبیت، لێ خراپیی تۆ ده‌شێت ته‌نها فونکسیۆنێک بووبێت بۆ فێربوونێکی نوێ. ئێستا ده‌توانیت شتێکی تر بیت، ده‌توانیت بوونه‌وه‌رێکی باش بیت، دیسانه‌وه وه‌ک فونکسیۆنێکی تر بۆ فێربوونێکی نوێ، لانیکه‌م بۆ خۆت. فێربیت، که چاکه‌کردن و چاکبوون وزه و ماتۆڕی ژیانێکی به‌خته‌وه‌ره ئێستا و ئالێره‌دا. ئێستاش ده‌چم سه‌گێک ده‌گرمه باوه‌ش بێئه‌وه‌ی پرسیارم لێبکات، که من کێم.
27.11.2012