کۆنگره‌ی تاران: ڤیستیڤاڵی شکستخواردن
شانزه‌یه‌مین خولی کۆبوونه‌وه‌ی لوتکه‌ی رێکخراوی وڵاتانی به‌ناو بێلایه‌ن له تاران به خشکه‌یی و به‌بێ ئه‌نجامێکی سیاسی و کاریگه‌ری ئه‌وتۆ له 31/8دا کۆتاییهات. له‌رووی مه‌عنه‌وییه‌وه گه‌وره‌ترین ده‌ستکه‌وتی ئیران ئه‌وه‌بوو سه‌رۆکایه‌تی رێکخراوه‌که بۆ سێ ساڵی ئاینده که‌وته ده‌ستی ئه‌و. به‌ڵام له رووی کاریگه‌ری سیاسیه‌وه به‌سه‌ر جیهان و ناوچه‌که و وڵاتانی ئه‌ندامی رێکخراوه‌که‌وه ئه‌و سه‌رۆکایه‌تیه هیچ بایه‌خێکی عه‌مه‌لی نه‌ماوه چونکه ئه‌و رێکخراوه پاشماوه‌یه‌کی ئێکسپایه‌ری ده‌ورانی جه‌نگی ساردی دوو خه‌مسه‌رییه که له سه‌ر ده‌ستی وڵاته دیکتاتۆریه دژه دیموکراتیه‌کانی جیهانی سێهه‌م به پاڵپشتی یه‌کێتی سۆڤیه‌تی جاران دامه‌زرابوو. که‌وابو ئه‌و رێکخراوه که له 1955دا و له‌ناو جه‌رگه‌ی جه‌نگی ساردی نێوان بلۆکی سه‌رمایه‌داریی رۆژئاوایی و بلۆکی به‌ناو سۆسیالیستی دامه‌زرا، له‌دوای کۆتایی جه‌نگی سارد و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌کێتی سۆڤیه‌ته‌وه هه‌موو واتایه‌کی سیاسی- عه‌مه‌لی له‌ده‌ست داوه. ئه‌و رێکخراوه ده‌بوا وه‌کو پاشماوه‌یه‌کی جه‌نگی سارد به‌دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌کێتی سۆڤیه‌تدا ئه‌ویش هه‌ڵوه‌شێته‌وه.
به‌ڵام پێده‌چێت (وه‌ک هانا بردنی خنکاوێکی ناو ده‌ریا بۆ پووش) وڵاتانێک هه‌بن له چه‌شنی ئیران که نوقمی قه‌یرانی سیاسی و ئابووری و دیبلۆماسی و ته‌ریک که‌وتنی نێوده‌وڵه‌تییه و له حاڵه‌تی جه‌نگێکی بێگڕوبێته‌قه‌یه له‌گه‌ڵ سێبه‌ش له پێنج به‌شی دونیادا (مه‌به‌ستم پێنج خاوه‌ن ڤیتۆکه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه)، ئیتر به ناچاری و وه‌کو رێکلامێکی سیاسی و بۆ دۆزینه‌وه‌ی بازاڕێکی ره‌ش بۆ نه‌وت و بازرگانی، پێویستی به‌و دارشه‌قه‌ی رێکخراوی وڵاتانی به‌ناو بێلایه‌ن هه‌یه که ناوێکی بێناوه‌ڕۆکه و پتر له بیست و پێنج ساڵه له گیانه‌ڵلادایه و هه‌ل و مه‌رجی مانه‌وه‌ی له‌ده‌ست داوه.
له‌و جۆره کۆنگره و کۆبوونه‌وه نێوده‌وڵه‌تییه رووکه‌شیانه‌دا ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌تیکێتی دیبلۆماسیانه و بزه و پێکه‌نینی درۆینه‌ی دوو فاقیانه به رووی یه‌کتردا رۆڵ ئه‌بینن، هاوهه‌لوێستی سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش رۆڵ نابینن. له‌و شوێنانه‌دا ئه‌وه‌نده‌ی قسه‌ی گشتی و پڕ پێچ و په‌نا و نارۆشن و لاستیکی و دژ به یه‌ک و ناکۆک ده‌کرێن، که‌متر ده‌رفه‌ت بۆ سیاسه‌تی کۆنکرێت و یه‌کگرتوو ده‌مێنێته‌وه یان هه‌ر نامێنێته‌وه.
له‌وێدا نوێنه‌رانی سه‌د و بیست وڵات کۆببونه‌وه، به‌ڵام له واقیعدا چه‌ند وڵاتێکی که‌می دژ به ئه‌مریکا و رۆژئاوا و ئیسرائیل نه‌بێت له چه‌شنی ئیرانی خانه‌خوێی کۆبوونه‌وه‌که و سوریا و فه‌نزوێللا، ئه‌گینا به‌شی هه‌ره زۆری وڵاته به‌ناو بێلایه‌نه‌کانی تر، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ لایه‌ندار و لایه‌نگری جه‌مسه‌ری (ئه‌مریکی- ئیسرائیلی- تورکی- سوننی)ین له دژی جه‌مسه‌ری (ئیرانی- سوری- شیعی)و له حاڵه‌تی جه‌نگی ساردی مان و نه‌ماندان که له سوریادا گڕی لێ هه‌ڵساوه و بووه‌ته ده‌روازه‌ی جه‌نگێکی سه‌رتاپاگیر له ناوچه‌که‌دا.
دیاره ساده‌ترین پێناسه بۆ بیلایه‌نی بریتییه له ده‌ستوه‌رنه‌دان و ده‌خاڵه‌ت نه‌کردن له ململانێی نێوان دوو لایه‌نی ناکۆک و دژ به یه‌ک. واته بێلایه‌نی له نێوان جه‌مسه‌ره ناکۆک و دژ به یه‌که‌کاندا. ئه‌مه‌ش ئه‌و پێناسه‌یه‌یه که به هیچ شێوه‌یه‌ک نه ئیرانی خانه‌خوێی کۆبوونه‌وه‌که و نه به‌شی هه‌ره‌زۆری ئه‌ندامه‌کانی تری به‌شدار ناگرێته‌وه چونکه هه‌رهه‌موویان راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ بۆ خۆیان به جۆریک له جۆره‌کان ته‌ره‌فن له ململانێکاندا. بۆ پشتراستکردنه‌وه‌ی ئه‌و راستییه ده‌کری تێفکرینه ره‌فتاره سیاسیه ناوخۆیی و ئه‌قلیمی و نێوده‌وڵه‌تی وڵاتانێکی به‌ناو بێلایه‌نی چه‌شنی ئیران، سوریا، عیراقی مالیکی، تورکیا، ئوردون، وڵاتانی که‌نداو، سه‌رجه‌می وڵاته عه‌ره‌بی و ئیسلامیه‌کانی تر، هیند و پاکستان، وڵاتانی باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا، وڵاتانی ئاسیای ناوه‌ڕاست و ئه‌فریقا و ئه‌مریکای لاتین. هه‌موو ئه‌وانه نوقمی ململانێ سیاسی و ئابووریه ناوخۆیی و ئه‌قلیمی و زۆرجاریش نێوده‌وڵه‌تیه‌کانن و به هیچ پێوه‌رێک بێلایه‌ن نین. بێلایه‌ن به‌رامبه‌ر به کێ و له نێوان کێ و کێدا؟ ئیتر مه‌علوم نییه کێ خۆڵ ئه‌کاته چاوی کێوه، به‌ڵام ئه‌وه‌یان زۆر ئاشکرایه که هه‌رهه‌موویان گه‌لانی خۆیان و رای گشتی فریو ئه‌ده‌ن.
ئیران هه‌ر له یه‌که‌مین کۆبوونه‌وه به‌راییه‌کانی کۆنگره‌که‌وه که به کۆبوونه‌وه‌ی کارناسان و پسپۆڕان له 26/8 دا ده‌ستی پێ‌کرد، به ئاماده‌بوونی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیران و له‌سه‌ر زاری وته‌بێژی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌وه رایگه‌یاند: ئیران ماسته‌ر پلانێکی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی سوریا ئاماده‌کردووه که گرنگترینیان ئه‌وه‌یه مۆڵه‌ت به ده‌ستتێوه‌ردانی بیانی له‌و وڵاته‌دا نه‌درێت. (بڕوانه: کوردستانی نوێی رۆژی 27/8). سه‌رۆک وه‌زیرانی عیراقیش (نوری مالیکی) به هه‌مان رێچکه و سیاسه‌تی ئیرانیدا زاری خۆی هه‌ڵدا و پرۆژه‌یه‌کی هاوناوه‌ڕۆکی بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سوریا له کۆنگره‌که‌دا خسته ڕوو که خۆی له پێکهێنانی حکومه‌تی ئینتیقالی به به‌شداری سه‌رجه‌م پێکهاته‌کان (به به‌عس و ئه‌سه‌ده‌وه) ده‌بینێته‌وه و لایه‌نه‌کانیش له‌سه‌ر که‌سایه‌تیه‌ک رێکبکه‌ون بۆ سه‌رۆکایه‌تیکردنی ئه‌و حکومه‌ته. هه‌روه‌تر له‌و پرۆژه‌یه‌دا داوای راگرتنی شه‌ڕ و توند و تیژیه‌کان کراوه له رێگای کۆتاکردنی ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌کی له قه‌یرانی سوریادا. (کوردستانی نوێ، ژماره 5867ی 31/8/2012). به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و پرۆژه شیعیه‌وه بۆ قه‌یرانی سوریا، (محمد مورسی)ی سه‌رۆکی میسر له گوتاره‌که‌ی خۆی له کۆنگره‌که‌دا رایگه‌یاند: ((خوێنڕشتن له سوریا له گه‌ردنی هه‌موو لایه‌کماندایه و ئه‌و خوێنڕشتنه‌ش به‌بێ ده‌ستتێوه‌ردانێکی ئه‌کتیڤ له ده‌ره‌وه ناوه‌ستێنرێت!)). (هه‌مان سه‌رچاوه). پاشانیش راشکاوانه رایگه‌یاند که به‌بێ گۆڕینی رژێمی ئه‌سه‌د که به زاڵم ناوی ده‌بات، کۆتایی به قه‌یرانی سوریا نایه‌ت.
به‌ڵام ئیران بۆ خۆی له جه‌نگی ناو سوریادا بێلایه‌ن نییه و ده‌ستی تا ئه‌نیشکه‌کانی تێوه‌رداوه. به هه‌مان شێوه ده‌کرێ توانج له محمد مورسی و ئیخوانه‌کان بدرێ که ئه‌و به‌ناو شۆڕشه‌ی سوریا به هی خۆیان ده‌زانن که به هاوکاری ماددی و لۆجیستی و سیاسی و میدیایی جه‌مسه‌ری (ئه‌مریکی- رۆژئاوایی- تورکی- سه‌عودی و قه‌ته‌ری و سوننی) به‌رپاکراوه و به‌ڕێوه ده‌چێت. به‌و جۆره، به پێچه‌وانه‌ی خواستی ئیرانی بۆ چۆنیه‌تی چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی سوریا، هه‌ر له ناو کۆنگره‌که‌وه وتاره دژ به یه‌که‌کانی تایبه‌ت به سوریا گۆمه‌که‌ی به ته‌واوه‌تی شڵه‌قاند که به ناچاری گفتوگۆ دوولایه‌نه و چه‌ندلایه‌نه‌کان شوێنی یه‌کهه‌ڵوێستی و بڕیاری یه‌کگرتوویان گرته‌وه به جۆرێک که له کۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ولاتانه‌دا به‌بێ رێککه‌وتن له‌سه‌ر پرۆژه‌یه‌ک کۆتایی به کۆبوونه‌وه‌کان هات. (بڕوانه کوردوستانی نوێی رۆژی 3/9 ل2). ئه‌مه گه‌وره‌ترین فه‌شه‌ل و سه‌رنه‌که‌وتن بوو بۆ ئیران له‌و کۆنگره‌یه‌دا. دیاره چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سوریا به هیچ شێوه‌یه‌ک له ده‌ستی ئیران‌دا نییه که بۆ خۆی ته‌ره‌فێکی قه‌یرانه‌که‌یه. به پێچه‌وانه‌وه، چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سوریا که بووه‌ته کلیل و ده‌روازه‌ی ته‌قینه‌وه‌ی هه‌موو قه‌یرانه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌تایبه‌تی له دژی ئیران و پرۆگرامه ئه‌تۆمیه‌که‌ی، له چنگی هێزگه‌لێکدایه که به ئاشکرا له‌سه‌ر عه‌رشی جه‌مسه‌ری دژ به ئیران‌دا دانیستوون و به که‌متر له رووخانی رژێمی ئه‌سه‌د رازی نابن. گرنگترین هه‌ڵوێستی دژ به هه‌ڵوێستی ئیرانی له گوتاره‌که‌ی محمد مورسیی سه‌رۆکه ئیخوانه‌که‌ی میسریدا ده‌رکه‌وت که سه‌ره‌ڕای سه‌ڵه‌واتی ئاشکرای ئیستیفزازیانه‌ی دژ به شیعه به‌سه‌ر ئه‌بوبه‌کر و عومه‌ر و عوسمان و عه‌لیدا، راشکاوانه پشتگیری له به‌ناو شۆڕشی گه‌لی سوریا کرد له دژی رژێمی ئه‌سه‌د و بۆ روخاندنی ئه‌و رژێمه.
دیاره (بان کی مۆن)یش له‌وێبووه. به‌ده‌ر له پیاهه‌ڵدان و ئه‌تیکێته دیبلۆماسیه‌کان به‌رامبه‌ر به ئیران و رۆڵی ئیران له چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سوریادا، ناوبراو زۆر راشکاوانه به‌رگری له ئیسرائیل و مافی بوونی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و به‌رگری له بیرۆکه‌ی هۆلۆکۆست و جینۆسایدی جوله‌که‌کان کرد له‌سه‌ر ده‌ستی نازیه‌کان. ئه‌وه‌ش له ناو تارانه‌وه ئه‌نجامدرا به ئاماده‌بوونی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، ئه‌و ئه‌حمه‌دی نه‌ژاده‌ی چه‌ندین جار هۆڵۆکۆستی به‌درۆخستۆته‌وه و هه‌ڕه‌شه‌ی سڕینه‌وه‌ی ئیسرائیلی کردووه له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. ئه‌مه له‌دوای په‌یامه ئیخوانیه سوننه‌گه‌راییه دژه شیعه‌که‌ی محمد مورسیه‌وه توندترین په‌یامی کۆنگره‌که بووه که له‌ناو ماڵی خۆیه‌وه ئاراسته‌ی ئیران کراوه. پێویسته ئه‌و راستیه‌ش بهێنینه‌وه یاد که ئه‌و دوو په‌یامه ئه‌گه‌رچی به رووکه‌ش په‌یوه‌ندیان به یه‌که‌وه نییه، به‌ڵام له رووی بابه‌تی و جه‌مسه‌رگیریی هێزه ناوچه‌ییه‌کانه‌وه ده‌چنه‌وه هه‌گبه‌ی یه‌ک جه‌مسه‌ری سیاسی (ئه‌مریکی- ئیسرائیلی- تورکی- سه‌عودی سوننی ئیخوانی)یه‌وه له دژی جه‌مسه‌ری شیعی له ناوچه‌که‌دا.
ده‌ره‌نجامه سیاسیه‌کانی کۆنگره‌که ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن که ئه‌وه ته‌نها ڤیستیڤاڵێکی سیاسی و ریکلامێکی سیاسی بووه بۆ تاران، ئه‌و تارانه‌ی که به هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌یتوانی سیاسه‌ته ئه‌تۆمیه‌که‌ی خۆی نه‌فی بکاته‌وه، به پێچه‌وانه‌وه، سووربوونی وڵاته‌که‌ی له‌سه‌ر درێژه‌پێدانی پرۆژه ئه‌تۆمیه‌که‌ی دووپاتکرده‌وه سه‌ره‌ڕای دووپاتکردنه‌وه‌ی هه‌موو سیاسه‌ته‌کانی پێشووی له مه‌ڕ ململانێ و قه‌یرانه‌کانی ناوچه‌که و دژایه‌تی ئه‌مریکا و ئیسرائیل. که‌وابو ئه‌و ڤیستیڤاڵه سیاسیه درۆینه‌یه هیچی تازه‌ی نه بۆ ئیران و نه بۆ ناوچه‌که و دونیا تیادا نه‌بوو ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت که له تاران به‌سترا و هه‌ر له تارانیشه‌وه ململانیی سیاسی مان و نه‌مانی نێوان جه‌مسه‌ره شیعی و سوننیه‌که دووپات کرایه‌وه. بۆ ئێمه‌ش ئه‌وه دووپاتکرایه‌وه که بێلایه‌نی درۆیه‌کی گه‌وره‌یه له‌م جیهانه پڕ له ئاشووبه‌دا.
4/9/2012
سلێمانی