Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
کێشەی کورد لە تورکیا و دیالۆگ لەگەڵ ئۆجەلان

کێشەی کورد لە تورکیا و دیالۆگ لەگەڵ ئۆجەلان

Closed
by March 1, 2013 گشتی

 

 

 

 

ماوەیەکە دەوڵەتی قەومی فاشیستی تورکیا، دەستی داوەتە دایەلۆگ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان. بڕیاریشە  ئەو  کۆبونەوانە کە لەژێر چاودێری دەزگای هەواڵگیری تورکیادا بەڕێوەدەبرێت، بەردەوامیان پێبدرێت. بە گوێرەی لێدوانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک وەزیرانی تورکیا ئامانج لەو کۆبونەوانە بەمەبەستی چەکدانانی تیرۆریستانە! کە دیارە مەبەستیان” پەکەکە” یە.

دەوڵەتی نەتەوەپەرست و فاشیستی تورکیا پێش ١٤ ساڵ، عەبدوڵا ئۆجەلانیان لە کردەوەیەکی ئینسان رفاندن و تیرۆریستانەدا، رفاند و لەوکاتەشەوە تا ئێستا، ناوبراو لە ئیمرالی زیندانی و لەژێر چاودێری توندی دەزگا جاسوسی و جەندەرمەکانی تورکیادایە.

عەبدوڵا ئۆجەلان بە تۆمەتی سەرکردەی گروپێکی تیرۆریستی، زیندانی هەتا هەتایی بەسەردا سەپێنراوە، کەچی ئێستا دەوڵەتی تورکیا خەریکی دیالۆگە لەگەڵ ئەو “سەرۆکە تیرۆریستە”!! بۆ کۆتایهێنان بە “تیرۆر” لە تورکیادا!!

ئەگەر بەچاوێکی کراوەوە خوێندنەوەیەکی واقعی بۆ هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیا بکەین، سەبارەت بەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ سەرۆکی دەستبەسەر و زیندانی کراوی پەکەکەدا، گرتویەتە بەر، بەسادەیی ئەو راستیە دەردەکەوێت، کە دەوڵەتی تورکیا ئامانجی سەرەکی دورخستنەوەی گەریلاکانی پەکەکە لەناو خۆی تورکیاو پاشان چەک دانانی پەکەکەیە، نەک گرتنەبەری رێگایەک بۆ کۆتایهێنان بە ستەمی نەتەوایەتی سەر خەڵکی کوردستان و کۆتایهێنان بەو خوێنڕیژیە بەردەوامەی لە بنەرەتدا دەرهاویشتەی بوونی ئەو زوڵمی قەومییە.

دەوڵەتی فاشیست و قەومپەستی تورکیا، دەیەوێت کێشەی خەڵکی کوردستان، هێندە بچوک بکاتەوە تا رادەی تەنها بینینی ململانێی چەکدارانەی نێوان سوپاو گەریلاکانی پەکەکە، لە کاتێکدا خودی پەکەکەش دەرهاویشتەی دۆخێکە دەوڵەتی فاشتی توکیا خوڵقاندویەتی. ستەمی بێئەوپەری قەومی دەوڵەتی تورکیا و تیرۆریزمە دەوڵەتیەکەی، لەبەرامبەر بەخەڵکی کوردستاندا، سەرچاوەی نەفرەتێکی قوڵ و ژینگەی پێگرتنی بزوتنەوە سیاسی و جەماوەری و سەربازییەکانە، کەپەکەکە یەکێک لە ‌هێزە بەرجەستەکانیەتی. 

 بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لە تورکیا بە دژی زوڵمی قەومی سەر خەڵکی کوردستاندا، زۆر لە ئەحزابی سیاسی و پەکەکە، بەرینترو فراونترو خاوەن پایە و زەمینەی گەورەبوونیشی رۆژ لە رۆژ زیاترە…

دەوڵەتی تورکیا، لای وایە بەدورخستنەوەی چەکدارانی پەکەکە لە ناو تورکیاو لەچەک داماڵینیان، کۆتایی بە کێشەی خەڵکی کوردستان دەهێنێت. لەکاتێکدا ئەمە تەنها وەهمی دەسەڵاتێکی فاشستییە، کە بتوانێت نارەزایەتی نەفرەتێکی قوڵی جەماوەری و شاری لەسەر پایەی واقعی” زوڵـمی نەتەوایەتی” بە داماڵینی چەک لە هێزیکی سیاسی، وەڵام پێبداتەوە. دەوڵەتی فاشستی تورکیا ناسنامەی نەتەوایەتی بۆ خەڵکی کورد زمانی تورکیا بەرەسمی ناناسێت و لەدەستورەکەشیدا هەموو دانیشتوانی تورکیا بە تورک وێنا دەکات. لەو رێگایەشەوە هەر جۆرە کارانەوەیەکی خەڵکی کورد زمانی تورکیا، دەخاتە چوارچێوەی هەوڵە تیرۆریستەکانەوە. 

 دەوڵەتی تورکیا، ئەگەر بیەوێت، کۆتایی بە کێشەی ناوخۆیی توکیا بهێنێت لەوانەش کێشەی ستەمی نەتەوایەتی سەرخەڵکی کوردستان، ئەوا بەر لەهەموو شت پێویستە دان بنێ بە زوڵمی نەتەوایەتی سەر خەڵکی کوردستاندا. پێویستە لەدەستوردا دان بنێت بەو راستیەدا، کە چەندین ملیۆن ئینسان لەو وڵاتەدا خۆیان بەتورک نازانن و خوازیاری بەرەسمی ناسینی مافە حقوقی و سیاسی و ناسنامەیی خۆیانن. وە ناکرێت ناسنامەی نەتەوایەتی کورد زمانەکان لە تورکیادا، حاشای لێبکرێت و کورد بوون وەکو تاوان، مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

دەوڵەتی تورکیا، بە بە رەسمی نەناسینی مەسەلەی کورد لە توکیادا بە دەستور و یاساکانیەوە، بە میلیتاریزەکردنی کوردستانی تورکیا، بەسەرکوتی سیاسی و  راوەدونان و سیخناغ کردنی زیندانەکانی بە هەڵسوڕاوانی سیاسی کورد، بە کردەوە تیرۆریستیەکانی، راستی ستەمی نەتەوایەتی سەر خەڵکی کوردستانی، نیشانی رای گشتی و دنیا داوە. حاشاکردن لە ناسنامەی نەتەوایەتی خەڵکی کوردستانی تورکیا و دان نەنان بە مافەکانیاندا وەکو هاوڵاتی خاوەن مافی یەکسان لە تورکیادا، لە داهاتودا تورکیا توشی بەرامبەرکێیەکی گەورەی سیاسی و جەماوەری ناوخۆیی زیاتر دەکات و هێندەی تر دۆخی ناوخۆیی تورکیا، دەشێوێنێ.

بێگومان لە جەنگی نەبڕاوەی سوپا و دەوڵەتی تورکیادا، لەدژی خەڵکی کوردستان، ململانێی ‌هێزگەلی قەومی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا، دەتوانێ ببێتە خوێن رێژیەکی قەومی کە خەڵکی تورکیا بێ لەبەرچاوگرتنی ناسنامەی میللیان بکاتە، قوربانی.

نابێ بیرمان بچێت چۆن دەوڵەتی تورکیا بە حاشاکردن لەستەمی میللی سەر خەڵکی کوردستان، کێشەی خەڵکی کوردستانی قوڵتر کردۆتەوە، ئاواش زەمینەی فەراهەم کردوە هێز گەلی ناسیونالیستی کورد، نەک بۆ چارەسەری کارساز و بەکردەوەی ستەمی میللی لە رێگای گەرانەوە بۆ راو ئیرادەی خەڵکی کوردستانی تورکیا، بەڵکە بۆ بەشداری لەدەسەڵاتی مەرکەزیدا، ئامادەن خەڵکی کوردستانی تورکیا بکەنە بەردەبازو پردی دەست راگەیشتن بە بەشی دەسەڵاتیان…

دەوڵەتی تورکیا، لەیەکێکی تر لە گەمە گوماناویەکانیدا، عەبدوڵا ئۆجەلانی بۆ گفتوگۆ هەڵبژاردووە. دیارە لەگەڵ ئەوەدا کە تا ئێستا عەبدوڵا ئۆجەلان، خاوەنی پێگەیەکی بەهێزە لای پەکەکە، بەڵام لای هەموو کەسێکی هوشیار بە دنیای سیاسەت رۆشنە، کەسی دورخراوە و زیندانی کراو دەست بەسەر، تەنها دەشی وەکو بارمتەیەکی سیاسی لە گەمەی سازاندا، لێی بڕوانرێت. ئەگەر دەوڵەتی تورکیا سورە لەسەر کۆتاییهێنان بەچارەسەری کیشەی کورد لە تورکیادا، پێش مەرجەکەی ئازادکردنی سەرجەم زیندانیانی سیاسییە بە عەبدوڵا ئۆجەلانیشەوە. ئاساییکردنەوەی دۆخی سیاسی کوردستانە. دەستهەڵگرتنە لە دەستگیری و لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی و پلانی تیرۆریستی و پەنابردنە بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ نوێنەرانی خۆپیشاندانی بزوتنەوەی جەماوەری شارەکانی کوردستاندا. بزوتنەوەی واقعی بۆ کۆتاییهێنان بە زوڵمی قەومی سەر خەڵکی کوردستانی تورکیا، لە قەندیل نییە، لەناو شارەکانی کوردستانی تورکیاو لەناو بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی جەماوەری و ئازادیخوازیدایە.

چارەسەری کێشەی کورد لە توکیادا، تەنها لەرێگەی گەڕانەوە بۆ رەئی دانیشتوانەکەی مەیسەر دەبێت. لە رێگەی راپرسی” ریفراندۆمی” ئازادانەو دور لە هەرەشەوە دەچێتە پێشەوە، لە ناوچە کوردنشینەکانیدا. بەوەی دەیانەوێت لە چوارچێوەی تورکیادا بمێننەوە بە مافی یەکسانی هاوڵاتی بوونەوە، یان بە جیابوونەوەی پیکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ. خەڵکی کوردزمانی ئەم ناوچانە هەر یەک لەم دوو ریگایە هەڵبژێرن، مانەوە لە چوارچیوەی دەوڵەتی تورکیا یان جیابونەوە، دەبێ بۆیان بە فەرمی بناسرێت… تەنها پلاتفۆرمێکی سیاسی ئاوا دەتوانێ جێگەی پشتیوانی بزوتنەوەی ئازدیخوازی و دنیای شارستانی سەردەم بێت.

کۆتایی فێبریوەری ٢٠١٣

 

           عەبدوڵا مەحمود

abdulla.mahmud@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.