Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
کێن ئەوانەی دەبنە  سەربازی  ونی  جەنگی دەسەڵاتداران..؟!

کێن ئەوانەی دەبنە سەربازی ونی جەنگی دەسەڵاتداران..؟!

Closed
by December 21, 2012 گشتی

 

 

 

مرۆڤەکان هەڵگرو دروستکەری دوو جۆری سەرەکی جەنگەکانن، یەکەمیان جەنگە خودی و فەردی و دەروونی و ناوەکی‌یەکانی ئینسان، دووەم جەنگە دەرەکی‌‌و بە کۆمەڵی‌یەکانی دەستکردی ئینسان..!

جەنگە خودی و ناوەکی‌یەکانی ئینسان جەنگی نێوان تێڕامان و بیرکردنەوەو خودی مرۆڤە لەگەڵ کێشەکان و شتەکانی دەرەوەی ژیانی رۆژانەی خۆی، ئەم جەنگە لە پیناوی سەلماندنی بون و خودە..لە پێناوی ماف و ئازادی‌یە فەردیەکانە.. جەنگە لە پێناوی بەردەوامی ژیان و بەرگری لە مردن..جەنگە لە پێناوی بەدەستهێنان و لە دەست نەچوندا.. ململانێکان‌و شکستە کاتی‌یەکانی ئەم جەنگە بەردەوام  ڕق و بێزاری و نامۆیی لە ناخی مرۆکاندا دروست دەکەن، وە مرۆڤەکان بەرەو بەرگری و توڕەیی‌و ڕووبەڕووبونەوە دەبات لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەی کە ڕێگیری دەکات لە بەدەستنەهێنانی مافەکان و ڕێگا گرتن لەدەربڕینی ئارەزوەکانیدا..!

بەڵام جەنگە دەرەکی و دەستکردو بە کۆمەڵی‌یەکان ئەو جەنگەیە کە ترسێکی گشتگیرو گەورەترو کۆمەڵایەتی یان پیلانەکانی دەوڵەت و دەسەلاتداران دروستی دەکەن، جەنگێکە لە پێناوی داگیرکردن و پاراستنی داگیرکراوەکانی  ژێر سایەی دەسەلاتداران.

لە کۆمەڵگایەکدا کە کێشە خودی و فەردیەکان زۆرترو قوڵترو گەورەتربن، جەنگە خودی و دەروونی و ناوەکی‌یەکانی مرۆڤەکانی ئەو کۆمەڵگایە بەهێزترو گەرمتر دەبێت..! 

ئا لێرەدا دەسەڵاتداران بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، فێڵبازانە دێن فەزای ترسی ژیانی خودی و فەردی  تاکەکانی کۆمەڵگاو فەزای ترسە دەرەکیەکانی میللەتێك یان کۆمەڵگایەك لێك هەڵدەپێکن،تا گەرمترین‌و خوێناویترین‌و وێرانترین جەنگ دروستبکەن…!           

 جەنگە دەستکردەکان مێژوویەکە لەگەڵ دەسەڵاتخوازان و دەسەڵاتداراندا بونی هەیە..تا بەشەریەت بەم شێوەیە و لە نێو فەزای ناعەدالەتدا بژین ئەم جەنگانە کۆتایی نایەو ئێمەش دەکەنە یاریکەرێکی بێ  ئامانج بۆ جەنگەکانیان..!

وە دۆڕاو و براوە لە هەردوو بەرەی دژ بەیەکی ئەم جەنگانەدا بونی هەیە، لە نێو دەروونی هەم دۆست‌و هەم دوژمندا دۆڕاو و براو بونیان هەیە، دەتوانین بڵێین لە وەستان‌و سەرکەوتنی جەنگەکاندا هەردوو بەرە هەم دۆڕاون هەم براوەن، وە لە یەك کاتدا هەم سەرکەوتن و هەم ژێرکەوتن لە مێژووی مرۆڤەکاندا تۆمار دەکەن…لە جەنگەکاندا ئەنجام بۆ بەرامبەرەکان دیارە، بەڵام ئامانج بۆ هەمووان وونە…هەمووان خاوەنی ئامانجی جەنگە دەستکردەکان نیین بەڵام لە جەنگە ناوەکەی‌یەکانی خۆماندا هەموومان یەك ئامانجمان هەیە، ئەویش سەلماندنی بون و خودمانە لە دەرەوەی خۆماندا.

لە هەموو جەنگەکانی دەسەڵاتداراندا مێژووی پاڵەوانی‌یەتەکەی بە ناوی سەرکرەکانەوە دەنوسرێتەوە، بۆیە دەڵێم کارەکتەرو ساربازانی هەردوو بەرەی جەنگەکان لە مێژوودا ناویان نی‌یەو وون، هەر ئەوانیش دەبنە شەهید و قوربانی جەنگەکانیان..! بەڵام دەسەڵاتداران لەم جەنگانەدا بۆ ئەبەد نەمرن ناکوژرێن‌و لە مێژوودا وون نابن، بەڵکو هەمیشە لە مەرگەوە بۆ زینددووبونەوە دەچن، لە جەنگەکانی دوای خۆشیان وەک رەمزو سمبول  بەشداری جەنگەکانی داهاتوو دەکەنەوەو وتەو شیعارەکانیان دەوترێتەوەو بە ئاڵتون دەنوسرێتەوە..! 

لە جەنگی دەسەڵاتداراندا سەرکەوتن بۆ ئێمە نی‌یە‌..! هەمیشە ئێمە خاوەنی شکستەکانی ئەم جەنگانەین، وە کاریگەری خراپی هەر شکستێکیش بۆ کەسایەتی و ژیانی ئێمە دەبێت، لەم جەنگانەدا ئەوەی دەیدۆڕێنن بونی کەسایەتی و سەربەخۆیی خۆمانە، ئەو شتەی وێران دەبێت دەروونی زۆرینەی کۆمەڵگایە..ئەو شتەی دەکوژرێت، داهێنان‌و ئاییندەو خەونی زۆرینەی مرۆکانە..ئەو شتەی دەسوتێت، ووزەی زۆرینەی هاوڵاتیانە..ئەو شتەی دەبێتە خەڵوز و خۆڵەمێش بەهای مرۆیی مرۆڤەکانە..ئەوەشی دەمرێت و بە زوویی زیندوو نابێتەوەو بۆ زەمەنێکی دوور ماڵئاوایمان لێدەکەن و ناگەڕێنەوە نێومان، گەنجانی کۆمەڵگاو گەنجیەتی مرۆڤەکانە…!

بەڵێ ئەوانەی جەنگیان بۆ هەمیشە لە  خەیاڵ‌و عەقڵیاندا هەڵگرتوە..ئەوانەی  کەهەڵگیرسانی ئاگرو تەقینی یەکەم بۆمب‌و  گولـلەی جەنگەکانیان لە دەستدایە، هەم لە ساتی  هەڵگیرسان و هەم لە کوژرانی سەربازی جەنگەکاندا هەرگیز ناگرین، بەڵکو ئەوان بە گریان و شیوەنی نێو جەنگەکان شاگەشکە دەبن و قاقای پێکەنین لێ دەدەن، لە بەرئەوەی کە توانیویانە وەهمێك دروست بکەن کە هەزارەها مرۆڤ بە گیان و ژیانەوە خۆیان بکەن بە قوربانی باڵایان. هەر وەک  چۆن ئیمامی شیعەکان خۆشحاڵن کە خەڵکی لە پێناوی دەسەڵاتی دینیی ئەواندا خۆیان ئازار دەدەن و بە خوێنی خۆیان جەستەیان سور دەکەن..!.هەموو دەسەلاتداران شاگەشکە دەبن کە دەتوانن وا لە مرۆڤەکان بکەن کە بە خۆشحاڵی و دڵخۆشی‌یەوە بەرەو جەنگەکانیان بڕۆن وخوێنی خۆیان بە ئامانجی جەنگەکانی ئەوان ببەخشن..!

جەنگ لای دەسەڵاتداران کۆتایی نایە..! ئەوان هەڵگیرسانی جەنگی سارد و گەرم  وەک یاری‌یەکی ئارەزوومەندانە لە سەردەستیاندا دەمێنێتەوە، تا بە جەنگەکانی خۆیان جەنگێکی گەرمی دی سارد بکەنەوەو، جەنگێکی گەورەتر و ترساناکتر کە تەنها خۆیانی تێدا پارێزراو بن گەرم بکەن..، بەم جەنگانە دەیانەوێت ئەو جەنگەی کە لە ناوەوەی مرۆڤەکاندا هەڕەشە لە بون و دەسەڵاتیان دەکات خامۆش بکەن‌و لەبیر ببەنەوە..واتا بە هەڵگیرسانی جەنگێکی ساراپاگیری‌و  ڕیاکاری بە ناوی پارێزگاری و رزگاری نەتەوەو نیشتمان دەیانەوێت شەڕ بۆ ماف و ئازادیەکان فەرامۆش بکەن و  جەنگی  خودی و ناوەکی مرۆڤەکان بۆ ئەبەد بشێوێنن، ئاراستەی ڕق و هەستان و توڕەبونەکانیان لە جەنگێکی تردا خاڵی بکەنەوە، دەیانەوێت ئاراستەی وەشاندنی بەردی خۆپیشاندانی سەر شەقامەکان بەرەو نیشانەیەکی دی..بەرەو مەیدانێکی  دی ببەن.!

لە کۆتایی ئەم نوسینەدا بەو ئەرگومێنتە دەگەین ، کە ئەم جەنگە تەقیلیدی وکلاسیکیانەی کە تا ئێستا ڕوویان داوەو روو دەدەن لە دەروونی خۆیدا خاوەنی دوو جەنگی جیاوازو دژ بە یەکن..وە پێچەوانەی بەرژەوەندی ئامانجەکانی یەکن، بەڵام دەسەڵاتدارانی  سەر ئەم زەوی‌یە بە دروستکردنی ڕەمز و سمبولێکی گشتی بۆ هەمووان و بە داگیرکردنی هەموو شتەکان تا ئێستا دەتوانن هەر سات‌و سەردەمێک هەمووان لە جەنگێکی گەورەو گشتیدا کۆ بکەنەوە، وا بە داخەوە کا تا ئەمڕۆش دەتوانن ئەم دوو جەنگە لێك هەڵپێکن و ئاوێتەی یەکی بکەن و یەک  هێز و یەك ئاراستەو یەك ئەنجام و یەك ئامانجی  بۆ دیاری بکەن..! وە هەموو رقە جیاوازەکان لە یەك گولـلەو بۆمبدا کۆبکەنەوەو بۆ ئەوەی هەمیشە بەشداری لە جەنگەکانیاندا بکەین، کە جەنگی هەمووان نی‌یە…!!!

 

٢٥/١١/٢٠١٢

کامەران عەزیز

Kamaran91@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.