Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
کە ترس دەبێ بە سیستەم

کە ترس دەبێ بە سیستەم

Closed

 

 

 

24 ساڵ لەمەوبەر (زیگمۆنت باومان) کتێبی (مۆدێرنە و هۆلۆکۆست) ی بڵاوکردەوە. لەم کتێبە ؛ باومان مامەڵە لە گەڵ هۆلۆکۆست تەنیا کورت ناکاتەوە بە ئەپارتاهیدی ئاینی دژ بە هاوڵاتیانی جولەکە لە ئەڵمانیاو ئەوروپا . ئەو خوێندنەوەی خۆی فراونتر دەکاو لەو بڕوایەدایە کە مۆدێرنە خۆی هەڵگری یەکەکانی توندوتیژیەو شارستانیەت شوێنی کەمپەکانی قڕکردنی بە کۆمەڵ و جێنۆسایدیش ی تێدایە . ئەم کتێبە یەکێکە لەو کتێبە نایابانەی کە چانسی ئەوە بە خوێنەر دەدا لە گۆشەی جیاوازەو مامەڵە لە گەڵ جێنۆساید، مێژوو، ڕەیسیزم و ئەزمونی فاشیەت و زۆر دیاردەو چەمکی تر بکات . بەشێک لە گرنگی نموونە مەیدانیەکانی باومان لەوەدایە کە ئەو بۆ شیکردنەوەکانی پەنا دەباتە بەر گێڕانەوە دۆکیۆمێنت کراوەکانی ڕزگار بوانی هۆلۆکۆست و گێڕانەوەکانی بەشێک لە تاوانبارانی جەنگ دوای ڕوخانی فاشیەت .

مامەڵەی باومان لەگەڵ ” ترس ” مامەڵەیەکی زۆر وردو پڕ بایەخە ، ئەو بێئەوەی وەکو تایتڵ و بەش جیایان بکاتەوە ، لە دونیاو ژیان لە ژێر سایەی ترس دا دوولا دەبینێت ؛ لایەکیان بەرهەم هێنەری ترسە ، لایەکیان وەرگری ترسە . نازیەکان ترسیان بەرهەم دێنا لە ڕێگای کوشتن ، گوێڕایەڵبوونی قوربانیانیش تەنیا کوشتنی تاخیرتر دەکرد . بەڵام ، هەڕەشەی مردن وەکو چارەنوس هەمیشە ئامادەبوو ، لە لای باومان بەرهەم هێنانی ترس ” تێچوونی ” ئابوریانەی سوپاو دام و دەزگا سیخوریەکانی زۆرکەم کردبوو، کە لە هەندێ شوێنی زیندانی بە کۆمەڵی هەزاران هاوڵاتی جولەکە تەنیا لە ڕێگای چوارپێنچ سەربازو ئەفسەرێک بەڕێوە دەچوو بە تایبەتی لە هەندێ کەمپ کە نازیەکان دوایی داگیرکردنی پۆڵندا دروستیان کردبوو .

یەکێک لە نمونەکانی کە باومان پەنای بۆ دەبا هەوڵی ڕاکردنی 14 قوربانیە لە یەکێک لە گرتوخانەکان پاشان دەستگیرکردنەوەیان لە لایەن نازیەکانە . لەم نموونەیە باومان تەئکید لەوە دەکاتەوە کە گرتنی ئەو چواردە کەسە چەندە پەیوەندی توانای ئیدارەی بەندیخانە هەیە لە ڕاوەنانی زیندانیەکان ئەوەندەش پەیوەندی بە بە پرسیار لەسەرئەو هاوڵاتیانەی دەرەوەی زیندان هەیە کە دەکرا یان نەدەکرا ئاسانکاری شاردنەوەو یارمەتی ئەو هەڵاتوانە بکەن . کە گیراوەکان دەهێنەوە گرتووخانەکە ، ئەفسەرە نازیەکە لە مەیدانی زیندانە پان و پۆڕەکە لە بەرچاوی هەموو ئەوانیتر پێیان دەڵێت ئێوە پاش چەند دەقەیەکیتر گولە باران دەکرێن . بەڵام ، دەبێ هەریەک لە ئێوە کەسێکیتر هەڵبژێرن لە زیندانیەکانیتر (کە پەیوەندیان بە ڕاکردنەکە نەبووە ) بۆ ئەوەی لە گەڵ ئێوە گولە باران بکرێت ، ئەوانیش دەڵێن : نەخێر شتی وا ناکەین . ئەفسەرەکە دەڵێ : ئەگەر وانەکەن من خۆم هەڵیان دەبژێرم و لە جیاتی 14 کەسیتر من  50زیاد ئەکەم بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێوە گولە باران بکرێت ! ڕاکردوەکان بۆ پاراستنی هەندێ گیانیتر لە مردن بە ناچار هەر یەکە کەسێک هەڵدەبژێرێ و دوای چەند دەقەیەک 28 دانە کەس لە مەیدانەکە گولە باران کران .

زوم کردنی باومان لەسەر ئەم نموونەیە لەسەر ئەو هێڵەیە کە تراژیدیا تەنیا لە ژمارەی قوربانیان نیە ، بەڵکو سیستەمی بەرهەمهێنانی ترسە کە لە بەرامبەر دووجۆر لە ئیختیار یەکێکیان شێوەیەکی ” عەقلانی ” وەردەگرێ ئەگەر بە دابڕاو مامەڵەی لەگەڵ بکرێ . چونکە ئەم جۆرە لەعەقلانیەتە بوو لە ئەزمونی فاشیەت کە جارێکیان ” بێ دەنگی ” نوێنەرایەتی دەکا ، جارێکیان وەهمی هاوکاری و گوێڕایەلی بۆ خۆپاراستن لە خۆی دەپۆشی ، جارێکیان خۆپەرستی . هەموو ئەم توێكلانەی ئەم جۆرە لە عەقلانیەتی فریودەر وەکو ئاکارو ڕەفتار لە سایکۆلۆژی تاک یان گروپ ، ئیمکان بوون و سەرکەوتووبونی سیستەمی ترس ی فەراهەم کرد .

ئێمە لە سەردەمی هۆلۆکۆست ناژین . بەڵام ، سیستەمی ترس وەکو دەستورێکی بەربەری ڕانەگەینراو یان نە نووسراو کە هیچ بچمێکی یاسایی  یان فەرمی نیە لە ژیانی ڕۆژانەمان ئیشی خۆی دەکا بە پراکتیکی فرە لقەوە . جێنۆسایدمان نیە ئێستا وەکو پڕۆسەی ئەکتیڤ لەبەرامبەرمان . بەڵام ، جێندەرساید لەبەرامبەر توخمی مێ پڕۆسەیەکی ئەکتیڤە ! تەلبەندێکمان نیە ڕاکێشرابێ بە دەوری گەڕەکێک یان شارێک لە چەشنی گەڕەکی جولەکەکانی بەرلین لە سەردەمی فاشیەت ، بەڵکو تەلبەندێکمان هەیە لە چەشنی سانسۆری خود وەکو بەروبومی ئەقڵانیەتێکی ساختەو وەکو ترس لەئاقیبەتەکانی وتن و دەنگ هەڵبڕین ! ترس لەوە نیە سیستەم یەخەت بگرێ بەڵکو زیاتر لەوەیە پڕۆسەی تەریک بوونت قوڵتر بکات ، تەریک بوونیش پێشمەرجی ئامادەکردنی تاک یان گروپی دیاریکراوە ، تا ببێتە ئامانجێکی زۆرئاسانی نیشان تێ گرتن !

 

ڕزگار عومەر

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.