گرووپی كه‌ركووك… خۆری ئاوانه‌بوو
له دوادوایی ساڵانی په‌نجاكاندا و دواتر گه‌رموگوڕتر و به‌جۆشتر و كامڵتر له ساڵی 1964ـه‌وه كۆمه‌ڵێك لاوی خوێن گه‌رم و عاشق به‌ئه‌ده‌ب، له ڕێگه‌ی ئه‌ده‌به‌وه و هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش یه‌ك به‌یه‌كتر ئاشنا بوون و دواییش هه‌موویان بوونه دۆست و هاوه‌ڵ و هاوڕێی یه‌كتر.
له ساڵی 1946دا ڕاپه‌ڕینی گاورباغی له شاری كه‌ركووكدا له‌لایه‌ن كرێكارانی كۆمپانیای نه‌وته‌وه ئاگاداربوونه‌وه و ڕاچه‌نینێكی شۆكئامێز بوو بۆ دانیشتووانی ناوچه‌كه و به‌تایبه‌ت ئه‌وانی چه‌قی ناو شاری كه‌ركووك. بوونی كۆمپانیایه‌كی گه‌وره‌ی وه‌كو كۆمپانیای نه‌وتی كه‌ركووك له شاره‌كه‌دا بۆ خۆی ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له فێربوونی زمانی ئینگلیزی‌دا. هه‌ر له‌و كاته‌شدا بوونی ڕۆڵی چالاكی حزبی شیوعی له شاره‌كه‌دا و گه‌شه‌سه‌ندنی بیری ماركسیزم و بیری بوونگه‌رایی له ڕێگه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبه‌كانی ژان پۆڵ سارته‌ره‌وه و هاندان و په‌ره‌دان به‌كلتووری خوێندنه‌وه، هه‌موو ئه‌مانه به‌سه‌ر یه‌كه‌وه، وایان كرد ڕۆشنبیران و نووسه‌رانی شاره‌كه نه‌ك هه‌ر ئاگاداری ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی بن، به‌ڵكو وای لێ كردن ئاگاداری زمانه‌كانی تری وه‌كو ئینگلیزی و له‌ڕێی نووسه‌ره توركمانه‌كانه‌وه ئاگاداری توركییش بن. بۆ نموونه كه‌سێكی وه‌كو فازڵ عه‌زاوی هه‌ندێك ڕۆمانی به‌زمانی توركی ده‌خوێنده‌وه. هه‌موو ئه‌م تازه نووسه‌رانه، كه خولیای تازه‌گه‌ری دایگرتبوون و ده‌یانویست به‌نووكی تیژی خامه‌كانیان دنیا ئاگادار بكه‌نه‌وه و ئینجا بیگۆڕن و وڵاتی شیعر، یا به‌گشتی وڵاتی ئه‌ده‌ب له‌سه‌ر كه‌لاوه‌ی ئه‌ده‌بی باو بنیات بنێن، تا له ڕێگه‌یه‌وه گۆڕانكاریی گه‌وره به‌رپا بكه‌ن.
به‌شێكیان له گازینۆ نه‌سری شه‌قامی كۆماری و هه‌ندێكیشیان له گازینۆ مه‌جیدیه‌ی ته‌نیشت كتێبخانه‌ی گشتییه‌وه داده‌نیشتن. گازینۆكان له هه‌ر شوێنێك بووبن له شێوه‌ی ساڵۆنه‌كانی میسر و فڕه‌نسا ڕۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌یان بینیوه. ئه‌مه وایكرد ئه‌و نووسه‌رانه‌ی هه‌ردوو گازینۆكه یه‌ك بگرن و سه‌باره‌ت به‌ئه‌ده‌ب له مشت‌ومڕ و گفتوگۆیه‌كی به‌رده‌وامدا بن، تاكو له ڕێگه‌ی ئه‌م دانیشتنانه‌وه بۆیان ده‌ركه‌وت ڕایه‌كانیان لێك نزیكن و خه‌مه‌كانیشیان هه‌مان خه‌من، ئه‌ویش خه‌می نوێكردنه‌وه‌یه، بێ ئه‌وه‌ی شتێك هه‌بێت به‌ناوی زمان یا نه‌ته‌وه‌وه لێكیان دوور بخاته‌وه.
ئه‌مانه پێكهاته‌یه‌ك بوون له عه‌ره‌ب و توركمان و كورد و سریانی و ئه‌رمه‌نی. تێیاندا هه‌بوو جگه له عه‌ره‌بی و زمانی خۆی، كوردی و توركمانی و سریانیشی ده‌زانی. بۆیه كه قسانیان ده‌كرد ته‌نیا به‌عه‌ره‌بی نه‌ده‌دوان، به‌ڵكو به‌كوردی، یا به‌توركمانییش ده‌دوان.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م جیاوازی نه‌كردنه له‌و كاته‌دا سیمای شاری كه‌ركووك و خاڵی یه‌كگرتن و تۆكمه‌كردنی پێوه‌ندیی نێوانیان بوو، ئینجاش نهێنیی مانه‌وه‌یان، ئه‌گه‌رچی به‌داخه‌وه له‌و كاته‌دا، له ساڵی 1959دا ڕووداوێكی دڵته‌زێنی شۆفێنییانه، كه به‌هه‌راكه‌ی كه‌ركووك به‌ناوبانگه ڕووده‌دات، به‌مه‌به‌ستی ئاژاوه‌نانه‌وه له‌نێوان پێكهاته‌كانی شاره‌كه‌دا و هه‌ندێك ده‌بنه قوربانی و هێنده‌شی نامێنێ له‌لایه‌ن قه‌حتان هورمزییه‌وه درزێك بكه‌وێته ناو گرووپه‌كه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌قه‌ولی هورمزی ئه‌وان له كوشتوبڕی توركمانه‌كاندا هاوخه‌مییان ده‌رنه‌بڕیوه، به‌ڵام ئه‌مه درێژه ناكێشێ و خۆشبه‌ختانه زوو داده‌مركێته‌وه و له سنووری زویربوونێك تێپه‌ڕ ناكات.
ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه، یا ئه‌م گرووپه، یا ئه‌م ده‌سته‌یه، یاخود ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه (ناتوانین ناوێكی پڕ به‌پێستی خۆیانیان لێ بنێین، چونكه مانیفێستێ، یا ڕۆژنامه‌یه‌ك، یا گۆڤارێكی تایبه‌ت به‌خۆیان نه‌بوو. ئه‌و ناوه‌یشی لێیان نراوه له‌لایه‌ن نووسه‌رانی به‌غداوه بووه) پێكهاتبوو له:
موئه‌یه‌د ئه‌لڕاوی (1939) و فازڵ ئه‌لعه‌زاوی (1940) و جه‌لیل قه‌یسی (1937-2006) و یوسف حه‌یده‌ری (1934-1993) و ئه‌نوه‌ر غه‌سانی (1937-2009) و قه‌حتان هورمزی (1936-2009) و زهدی داودی (1940) و جان ده‌مۆ (1943-2003) و سه‌رگۆن پۆڵس (1944-2007) و سه‌ڵاح فایه‌ق (1948) و قه‌شه یوسف سه‌عید (1932-2012) و فاروق مسته‌فا (1946).
ئیدی به‌هه‌موویان پێكهاته‌یه‌كی ئه‌ده‌بییان له شێوه‌ی ته‌سبێح چێ كردبوو له ده‌نكی هۆنراوه و چیرۆك و وتار و شانۆنامه و ڕۆمان و ڕه‌خنه و وه‌رگێڕان و هونه‌ری شێوه‌كاری و خۆشنووسی هۆنرابووه‌وه.
تا ئێستا لێكۆڵه‌ران له‌سه‌ر ژماره‌ی ئه‌ندامانی گرووپی كه‌ركووك كۆك نین، بۆ نموونه زوهدی داودی و فازڵ ئه‌لعه‌زاوی، عه‌بدولله‌تیف به‌نده‌ر ئۆغڵو (1937-2008) و محێدین زه‌نگنه (1940- 2010) به‌ئه‌ندامی گرووپه‌كه داده‌نێن و تێیشیاندا هه‌یه نووسه‌رێكی وه‌ك زوهدی داودی له ده‌ره‌وه‌ی گرووپه‌كه داده‌نێت و ده‌ڵێت ئه‌و ته‌نیا لێیانه‌وه نزیك بووه و له‌ناو گرووپه‌كه‌دا نه‌بووه. زوهدی داودی له وتارێكیدا بۆ مه‌رگی قه‌حتان هورمزی، ده‌ڵێت :
“به‌م شێوه‌یه خۆم له ئه‌ڵقه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی _ سیاسی‌دا بینییه‌وه، كه دژ به‌سه‌رده‌می پاشایه‌تی بوو، پاشان له‌سه‌ر ئاستی عێراقدا به(گرووپی كه‌ركووك) ناسرا”.(1)
له‌م قسانه‌ی داودییه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی گرووپه‌كه نه‌ك هه‌ر ئه‌ده‌بی بووه، به‌ڵكو سیاسییش بووه. بۆ پاڵپشتیی ئه‌مه‌ش فاروق مسته‌فا ده‌ڵێت: هه‌موو ئه‌ندامانی گرووپه‌كه شیوعی بوون، یا مه‌یلی ماركسییانه‌یان هه‌بوو.(2)
بۆیه مایه‌ی سه‌یر نییه زۆریان میوانی به‌ندیخانه‌كان بوونه و چه‌ند ساڵێكیان تێدا چه‌شتووه. ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه هه‌میشه له ئێش و ئازاره‌كانی میلله‌ته‌وه نزیك بوونه و له به‌رابه‌ر ڕێژیمه دیكتاتۆرییه‌كاندا دۆش دانه‌ماون و بێده‌نگ نه‌وه‌ستاون، به‌ڵكو به‌رده‌وام قسه‌ی خۆیان هه‌بووه.
ڕه‌نگه له‌سۆنگه‌ی ئه‌مه‌شه‌وه بووبێت ئه‌ندامانی گرووپه‌كه ته‌رته و وه‌رته بوون و هه‌ر یه‌كه و له وڵاتێكدا گیرساوه‌ته‌وه و چون ئه‌رستۆ به‌دانایی شاری جێهێشت و له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌كو به‌ده‌ردی سوقراتی فه‌یله‌سووف بچێت، گوتی: “ئه‌و فرسه‌ته ناداته ئه‌سینا، كه گوناهێكی دی دژ به‌فه‌لسه‌فه بكات. هیچ ترسنۆكییه‌كیش له‌م كاره‌یدا نییه”،(3)ئه‌مانیش به‌هێمنی نه‌كو به‌ده‌ردی كرێكارانی مانگرتووی گاورباغی بچن، بۆ یه‌كجاری شاره‌كه‌یان جێهێشت.
له‌نێویاندا ته‌نیا جه‌لیل قه‌یسی نه‌بێت، تا سه‌ری نایه‌وه كه‌ركووكی جێنه‌هێشت و له كه‌ركووكدا مایه‌وه و هه‌ر له ئارانجا، یا ئارابخا (ناوی كۆنی كه‌ركووك)یشدا سه‌ری نایه‌وه.
كه‌چی ئینجاش ئه‌ده‌بی جه‌لیل قه‌یسی ئه‌و پیاوه‌ی هه‌میشه خۆی گرمۆڵه كردبوو و له گۆشه‌نشینییه‌كه‌یدا جیهانێكی ده‌گمه‌ن و ناوازه‌ی خوڵقاندبوو و سروودی خۆی بۆ به‌دیهێنانی كامه‌رانی و به‌خته‌وه‌ریی مرۆڤه‌كان ده‌گوته‌وه، زوو سنووری ناوچه‌یی و پاشان عێراقی به‌زاند و له‌وده‌می ته‌مه‌نی 30 ساڵ بوو، ساڵی 1967 كۆمه‌ڵه چیرۆكی (حیلكه‌ی ڕێبواران به‌ده‌وری جیهاندا)ی له به‌یرووت به‌چاپ گه‌یاند.
جه‌لیل قه‌یسی سه‌باره‌ت به‌دووره‌په‌رێزییه‌كه‌ی ده‌ڵێت: “ئه‌وا پتر له سی ساڵه من له قۆزاخه‌ی ته‌نیاییدام.. به‌شێوه‌یه‌كی درامیی تێكه‌ڵ به‌سادی به‌ده‌وری خۆمدا لێم داوه. گومانم له‌وه هه‌یه هه‌ر هێزێك بتوانێت لێی ده‌رمهێنێ، چونكه بووه‌ته به‌هه‌شتی من.. گۆشه‌نشینی پیرۆزییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه، ئه‌گه‌ر مرۆڤ بزانێت چۆن له‌سه‌ر خاچی كۆژانه‌كانی ڕاكشێت…. (تا ده‌گاته) كه‌سێكی باشی وه‌كو من تا ڕاده‌ی لاوازی و پێویستییه‌كی شێتانه‌ی به‌جیهانی ئه‌فسووناوی هه‌یه، ناتوانێت به‌ئارامی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا هه‌ڵكات.. ته‌نیایییه‌كه‌ی من ده‌روونی و فه‌لسه‌فییه، له‌به‌ر هه‌ندێ په‌نای بۆ ده‌به‌م، چونكه تێیدا ده‌گه‌شێمه‌وه.. هه‌رچی ناوبانگه ئه‌وا به‌لای منه‌وه مایه‌ی پێكه‌نینه.. من له دووره‌په‌رێزیدا هه‌ست به‌خۆم ده‌كه‌م.. ناوبانگ وشه‌یه‌كی پێكه‌نین هێنه‌ره!!…).(4)
مخابن ئه‌گه‌ر ئه‌م گرووپه كاریان بۆ خۆیان بكردایا و بڵاوكراوه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌بووایا و باڵی به‌رینی ڕه‌خنه به‌سه‌ریاندا بشه‌كایه‌ته‌وه و به‌رهه‌مه‌كانی یه‌كتریان بۆ زمانه‌كانی تر وه‌ربگێڕایا و ئاراسته‌یه‌كی دروستیان هه‌بووایا، دوور نه‌بوو پتر بناسرانایا و به‌رهه‌مه‌كانیان سنووری عێراقیان ببڕیایا و بگه‌یشتنایه‌ته وڵاتانی عه‌ره‌ب و له‌وێوه ڤیزه‌ی په‌ڕینه‌وه‌یان بۆ وڵاتانی جیهان به‌ده‌ست بهێنایا.
زه‌لامه‌كه له ناوه‌ڕاستی گۆڕه‌پانه‌كه‌دا
كه‌وت
كابرا كه‌وته سه‌رچۆكان.
ئاخۆ تا ئه‌م ڕاده‌یه شه‌كه‌ت بوو
تاكو توانای وه‌ستانی له‌ده‌ست دابێت؟
داخۆ گه‌یشته ئه‌و به‌نداوه‌ی
شه‌پۆلی ڕیاكاری ته‌مه‌ن تێیدا ده‌شكێت؟
داخۆ چه‌كووشی غه‌م به‌سه‌ریدا زاڵ بووه؟
ئایا زریانی ئازار بوو؟
ڕه‌نگه كاره‌ساتێك بووبێت
كه‌س به‌رگه‌ی نه‌گرتبێت…(5)
شوێن لای نووسه‌رانی گرووپه‌كه مانا جوگرافییه‌كه‌ی تێپه‌ڕاندبوو و مانای تری ده‌به‌خشی، بۆیه هه‌میشه و وێڕای دووركه‌وتنه‌وه‌یان له كه‌ركووكه‌وه و له دووری هه‌زاران میله‌وه وه‌ك باڵنده‌یه‌ك له زێدی خۆی دابڕابێت گۆرانی‌یان بۆ ده‌چڕی و هه‌میشه كه‌ركووك ئیلهامبه‌خشی نووسین و داهێنانه‌كانیان بووه و له هه‌ر كوێیه‌ك هه‌ڵخلیسكابن خۆیان به‌كه‌ركووكه‌وه گرتووه.
سه‌ڵاح فایه‌ق كاتێك له وڵاتێكی ده‌ره‌وه و دوور له كه‌ركووك شیعر ده‌هۆنێته‌وه، ده‌نووسێت:
گه‌ر ئێستا له كه‌ركووك ده‌بووم
سه‌ردانی گۆڕی پیاوچاكێكم ده‌كرد و
په‌ڕۆیه‌كی ڕه‌نگاوڕه‌نگم به‌دیواری
گۆڕه له‌مێژینه‌كه‌یه‌وه هه‌ڵده‌واسی.
قه‌شه یوسف سه‌عید، كه به‌ر له هه‌موو ئه‌ندامانی گرووپه‌كه كه‌وتبوو و شانۆنامه‌یه‌كی به‌ناوی (یه‌كه‌مین كوشتارگه)ـه‌وه له ساڵی 1958دا بڵاوكرده‌وه، له دیمانه‌یه‌كیدا له ساڵی 2012دا له‌گه‌ڵ ئازاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌ددا، له‌كاتێكدا بیری تیژی كول بووبوو و پیری په‌كی خستبوو، ده‌ڵێت:
“ئه‌سته‌مه ڕۆژگاره‌كانی خۆم له كه‌ركووك له‌یاد بچێته‌وه”.(6)ئه‌و هێند شه‌یدای كه‌ركووك و كه‌ركووكییان بوو، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر گه‌شه‌كردنی گۆرانیی كوردی وتارێكی له گۆڤاری (التراپ الشعبی)دا بڵاوكرده‌وه. جا ده‌بێت چ كوردییه‌كی ڕه‌وانی زانیبێت!
هه‌رچی جان ده‌مۆی بۆهیمی و هه‌میشه په‌ڕپووته، ئه‌و وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ر بۆ شیعر خوڵقابێت هۆنراوه‌ی ده‌هۆنییه‌وه:
له‌ژێر ئاسمانێكی وه‌نه‌وشه‌ییدا
جێ بۆ مناڵه‌كانمان جێدێڵین؟
له سه‌ده‌ی داهاتوودا چی‌یان بۆ ده‌هێڵینه‌وه؟
داخۆ گه‌رمه‌ژاریان بۆ جێدێڵین؟
ئایا مه‌رگێكی ئاماده‌یان بۆ هه‌ڵده‌گرین؟
یا ته‌رمیان بۆ جێدێڵین؟
سه‌رگۆن پۆڵسی شاعیر و وه‌رگێڕ له دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ سه‌ڵاح عه‌واددا ده‌ڵێت:
“به‌لای منه‌وه كه‌ركووك سه‌ره‌تای نووسین و ئه‌و چاوگ و شوێنه‌یه، كه تێیدا چاوم له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی شیعردا هه‌ڵێنا… له هه‌موو كتێبه‌كانمدا له‌سه‌ر كه‌ركووكم نووسیوه، به‌تایبه‌تییش له كتێبی (یه‌كه‌م و دوامین)، تێیدا چامه‌یه‌كی تێدایه به‌ناوی (ڕۆژێك له كه‌ركووكدا) چامه‌یه‌كه به‌ته‌واوی گوزارشت له وێنه‌ی كه‌ركووك ده‌كات، كه تا ئێستا له‌گه‌ڵمدایه، ئه‌و چامه‌یه‌م له ئه‌مریكا له سان فرانسیسكۆ نووسی”.(7)
زوهدی داودییش له چه‌شنی ئه‌وانی تر و ڕه‌نگه بوێری بكه‌ین و بڵێین له‌وانیش پتر هه‌میشه كه‌ركووك و ده‌ورووبه‌ری شانۆی ڕووداوه‌كانی چیرۆك و ڕۆمانه‌كانین “ئه‌و له‌به‌راییدا به‌چیرۆك ده‌ستی پێ كرد و پاشان له‌سه‌ر ڕۆمان گیرسایه‌وه. دیارترین ڕۆمانیشی سێیینه‌ی دۆڵی كفرانه (درێژترین ساڵ، سه‌رده‌می هه‌ڵاتن، وه‌رچه‌رخانه‌كان). نووسه‌ر له‌م سێیینه‌یه‌یدا باس له ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان به‌تایبه‌تی و چه‌قی شاری كه‌ركووك به‌گشتی ده‌كات. ده‌كرێت بڵێین ڕۆمانێكی مێژوویییه و جارجاریش به‌فه‌نتازیا ماركیزییه‌كه‌ی له ڕووداوه مێژوویییه‌كان دوور ده‌كه‌وێته‌وه، تا زیاتر به‌واقیعه‌كه‌مان ئاشنا بكات، ڕۆماننووس هه‌وڵی داوه مێژوو بكات به‌كه‌ره‌سته‌ی ڕۆمانه‌كه‌ی، نه‌ك ڕۆمانه‌كه بكات به‌كه‌ره‌سته بۆ مێژوو، واتا له‌پێناوی ئاینده‌دا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕابردوودا ده‌كات”.(8)
گرووپی كه‌ركووك هه‌ڵده‌گرێت چه‌ندین كتێبی له‌سه‌ر بنووسرێت و به‌رهه‌می یه‌ك به‌یه‌كی ئه‌ندامه‌كانی هه‌ڵبسه‌نگێنرێت، لێ مخابن ئه‌وی تا ئێستا كراوه زیاتر گێڕانه‌وه‌ی مێژووی گرووپه‌كه و به‌شداره‌كانییه‌تی، نه‌ك قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چی‌یان نووسیوه. به‌هه‌ر حاڵ گرووپی كه‌ركووك خۆری ئاوانه‌بووه و به‌رهه‌می نووسه‌رانی بوونه هه‌وێن بۆ گه‌لێك نووسه‌ری دوای خۆیان، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی توێژه‌رێكی وه‌كو دكتۆر عه‌بدوڵا ئیبراهیم قسه له‌سه‌ر گرووپی دووی كه‌ركووك بكات و مێژوویان بنووسێته‌وه.(9)نووسه‌رانی تریش هه‌ن، باس له گرووپی سێی كه‌ركووك ده‌كه‌ن.
سه‌باح ئیسماعیل
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان:
(1) زهدی الداوودی، وداعا قحگان الهرمزی. موقع الحوار المتمدن.
(2) له دانیشتنێكدا له ڕۆژی 10/7/2012دا له یانه‌ی ئه‌ندازیارانی كه‌ركووك، به‌ئاماده‌بوونی فاروق مسته‌فا و د.عه‌بدوڵا ئیبراهیم و بورهان ئه‌حمه‌د و هیشام قه‌یسی، سه‌باره‌ت به‌گفتوگۆ كردنمان له‌باره‌ی گرووپه‌كه‌وه، مامۆستا فاروق وایگوت. هه‌ر له‌و دانیشتنه‌شدا باسی له ناوی فازڵ ئه‌لعه‌زاوی كرد و گوتی، به‌گاڵته‌وه پێمان ده‌گوت فازڵ گه‌لله‌و، واتا گڵاو. ئیدی له‌ناو گرووپه‌كه‌دا ئه‌و ناوه‌ی به‌سه‌ردا بڕا و به‌فازڵ گه‌للۆیان گاز ده‌كرد.
(3) ویڵ دیورانت، سه‌ربرده‌ی فه‌لسه‌فه (به‌رگی یه‌كه‌م)، و: تاریق كارێزی، ده‌زگای توێژینه‌وه و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریان، هه‌ولێر، 2007، ل98.
(4) جلیل سرمك، جلیل القیسی.. عراب العزله المقدسه. سلسله الموسوعه الصغیره. دار الشۆون الپقافیه. بغداد
(5) سركون بولص: قصائد غیر منشوره، الحوار المتمدن، ع(2082)، 2007.
(6) گۆڤاری گزنگ، ژ (95)ی 2012. وه‌رگێڕانی: بورهان ئه‌حمه‌د.
(7) توفیق التونجی: جماعه كركوك الادبیه، موقع الحوار المتمدن.
(8) زوهدی داودی، درێژترین ساڵ، وه‌رگێڕانی: سه‌باح ئیسماعیل، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس،
هه‌ولێر، 2008، ل5.
(9) بڕوانه: نه‌وشه‌فه‌ق، ژ (84)ی 2011 و ژ (88)ی 2012. د. عه‌بدوڵا ئیبراهیم، گرووپی دووی كه‌ركووك.
و: بورهان ئه‌حمه‌د.