گریانی کۆتر و فادیه فه‌قیر
گریانی کۆتر و فادیه فه‌قیر
دیدار مه‌سیفی
dmasifi289@yahoo.ca
[رۆمانێک بۆ ئه‌و کیژ و ژنانه‌ی به‌ر له سه‌لما کوژران]
له ئه‌مریکای باکور زۆر جار چیده‌بێت که تایتل و چاکه‌تی رۆمانێک ببێته قوربانی بازاڕ و سیاسه‌ت. یان له شوێنێکی دیکه که‌سێکی نا شاره‌زا لێپرسراوی ده‌زگایێکی گه‌وره‌ی چاپ بێت و به هه‌وه‌سی خۆی ئه‌و کتێبه ئه‌ده‌بییانه بشێوێنێت که به ئاشکرا ده‌چنه گژ فه‌زای سیاسه‌ت و سیسته‌می ناڕه‌واوه.
فادیه فه‌قیر له‌به‌رئه‌وه‌ی به ئینگلیزی ده‌نوسێت هه‌ڵبه‌ت نه‌که‌وتۆته به‌ر چه‌پۆکی که‌سی ناشاره‌زا و له‌وانه‌یه پێشتر له که‌ین وبه‌ینی گۆڕینی تایتل و چاکه‌تی رۆمانه‌که‌ی ئاگادارکرابێته‌وه. ئه‌گه‌ر نا نه ئه‌و ئه‌و کۆتره ژنه رهشپۆشهی به‌رگی پێشه‌وه‌ی رۆمانه‌که‌ی له سه‌لما ئه‌ل-مو‌سا ده‌چێت، نه ئه‌و زه‌خره‌فه وه‌نه‌وشه‌ییه شێوه ئهسفههانیهی ده‌رگای مزگه‌وته‌که‌ش له ره‌نگی خاکی به‌ر ماڵی ئه‌و.
فادیه فه‌قیر به ره‌گه‌ز نوسه‌رێکی ئوردونیه و ساڵانێکی درێژه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره ئینگلیزه‌که‌ی له دورهامی ئینگلته‌را ده‌ژی. ئه‌و جگه له‌وه‌ی هه‌ڵگری دکتۆرایه له ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌ب، خاوه‌ن چه‌ندین رۆمان و لێکۆڵینه‌وه‌شه. هه‌روها له ئاستی جیهان که‌سێکی کارا و چاڵاکه له داکۆکی له مافی ژنان.
فادیه ره‌شنوسی رۆمانی {من ناوم سه‌لمایه} که له باکوری ئه‌مریکا به ناوی {گریانی کۆتر} بڵاوکراوه‌ته‌وه له ساڵی 1995 نوسیوه، به‌ڵام تا ساڵی 2002 نه‌چۆته‌وه سه‌ری. یه‌که‌مین چاپی رۆمانی {گریانی کۆتر} پارساڵ له کتێبخانه‌کانی باکوری ئه‌مریکا بڵاوکرایه‌وه و تێیدا ئه‌و به هاوشانێکی خالید حوسه‌ینی مه‌زه‌نده‌کراوه.
له رۆمانی {گریانی کۆتر} پاڵه‌وان کیژێکی ئه‌سمه‌ری شوانکاره‌یه که به دیار بزن و به‌رخه‌کانی ده‌زانێت نایش بژه‌نێت. ئه‌و کیژه ناوی سه‌لما ئیبراهیم ئه‌ل-موسایه و له‌گه‌ڵ باوک و ئامینه‌ی دایکی و مه‌حمودی برای له یه‌کێک له خانووه‌کانی شوێنێک به ناوی حیما ده‌ژیت.
سه‌لمای پاڵه‌وان هه‌ر که حیکایه‌ته‌که‌ی ده‌گێڕێته‌وه تازه مه‌مکه‌کانی خه‌ریکی بناغه دانانن. ئه‌و رۆژانه به‌سه‌ر گرد و دۆڵه‌کانی ده‌وروبه‌ری حیما به دوای بزن و به‌رخه‌کانی ده‌که‌وێت، ده‌بێنێت هه‌مان گه‌نجی سه‌ر به عه‌شیره‌تی دوژمنه دوای که‌وتووه و تا ده‌یخاته نێو داوی ئه‌وین واز ناهێنێت.
حه‌مدان و سه‌لما هۆگری یه‌کتر ده‌بن و په‌یوه‌ندی نێوانیان زۆر به خێرایی له دیدهنیهوه ده‌گوازرێته‌وه بۆ ده‌ست له‌ملانێ و راموسان و یه‌کتر حه‌باندن. تا رۆژێک ده‌گه‌ن به ئه‌وپه‌ڕی نه‌شئه و ئه‌و خوێنه‌یان له نێوان دا ده‌ڕژێت که ئاگر ده‌خاته ناو چاوانی پیر و خورت و گه‌نجانی حیما.
فادیه فه‌قیر کاتێک له سه‌ره‌تای رۆمانه‌که‌ی دا ئه‌و لوتکه‌یه‌ی رووداو ده‌خاته به‌ر چاوی خوێنه‌ر، حه‌مدان به شێوه‌یه‌ک وێنا ده‌کات که کت و مت له‌و گه‌نجه به‌د ده‌ماغ و ترسنۆکانه بچێت که یارانیان به‌وه زیاتر هه‌تک ده‌که‌ن کاتێک ئه‌وان بۆ ده‌ستێکی ترسناک جێده‌هێڵن و خۆیان هه‌ڵدێن.
په‌یوه‌ندی نێوان حه‌مدان و سه‌لما له ئه‌وپه‌ڕی دا ده‌بێت تا ئه‌و کاته‌ی سالما سک پڕی خۆی ڕاده‌گه‌یێنێت. لێره‌دا ئه‌وه‌ی له مابه‌ینی ئه‌و دوو خاڵه‌ی ڕووداودا ده‌گوزه‌رێت و به جۆرێکی سه‌یر و چاوه‌ڕوانه‌کراو خوێنه‌ر ده‌خاته به‌رده‌م درامای نیمچه دادگایێک، ئه‌ویه که سه‌لما له کاتی ده‌ست له‌ملان و ڕاموساندا حه‌مدان به یار گازی ده‌کات، که‌چی ئه‌و له به‌رامبه‌ردا به له‌فزێکی پڕ له چلێسیهوه پێیده‌ڵێت "وه‌ره باوه‌ش ئه‌ی سۆزانیه بچووکه‌که‌م!"
حه‌مدان به بیستنی هه‌واڵه‌که به شێوه‌یه‌کی ئاسایی هه‌ڵده‌چێت و زۆر شۆڤینیانه ره‌فتار ده‌کات. ئه‌و هه‌رچی بووه ده‌یخاته ملی سه‌لما و پێی ده‌ڵێت که نابێت ناوی ئه‌و لای که‌س بهێنێت وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌رگیز نه‌یناسیبێت. پاشان به چه‌فیه سووره‌که‌ی ژێر عه‌گالی ده‌م و رووی داده‌پۆشێت و به توڕه‌یی ده‌ڕوات و بۆ دواجار له نزیك باڵای سه‌لما ده‌بینرێت. سه‌لمای هه‌ناسه سارد به ترس و دڵگرانێکی زۆره‌وه په‌نا ده‌باته به‌ر دایکی که به بیستنی هه‌واڵه‌که به هه‌ردوو ده‌ست سنگی خۆی ده‌کوتێت و پێی ده‌ڵێت که باوک و برا ئه‌وه بزانن چرکه‌یه‌ک ناوه‌ستن، ده‌یکوژن. بۆیه دایکه‌که به شێوه‌یه‌کی نهێنی سه‌لما ده‌داته ده‌ست ژنێکی لێزان به‌ڵکو منداڵه‌که‌ی له‌به‌ر بچووێنێت. به‌ڵام پاش ئازاردانی سه‌لما و ڕه‌نجێکی زۆر سه‌رکه‌وتوو نابێت. لێرده‌ا سه‌لما به‌ره‌و ئه‌و گرده ڕاده‌په‌ڕێت و هه‌ڵدێت که پێشتر بزن و به‌رخه‌کانی پێدا ده‌برد.
سه‌لما ئه‌وجاره په‌نا ده‌باته به‌ر نههیلهی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه. ست نه‌هیله بۆ ئه‌و ساته پڕ له ترس و ئازاره‌ی ئه‌و کچه ئاگادارکردنه‌وه‌ی بنکه‌ی پۆلیس به باشترین چاره ده‌زانێت.
دواتر سه‌لما هه‌شت ساڵ له زیندانی ئیسلاح ده‌مینێته‌وه به‌ر له‌وه‌ی ژنێکی مه‌سیحی لوبنانی به ناوی خه‌یریه ڕزگاری بکات. له‌و ماوه درێژه دا شه‌وان کابوس له داوی کابوس سه‌لما له خه‌و ڕاده‌په‌ڕێنن و به‌رده‌وام تارمایی مه‌حمودی برای ده‌بینێت که تفه‌نگێک یان چهقویێکی به ده‌سته.
له نێو ژنه‌کانی زیندان به ناوی نامیعه و لامیعه و ئه‌وانی دیکه، نورا ده‌بێته نزیکترین دۆست و دڵسۆز بۆ سه‌لما. هه‌ریه‌کێک له‌و ژنانه‌ی زیندان خاونی چیرۆکێکه که ده‌کرێت ببێت به هه‌وێنی رۆمانێکی دیکه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له هه‌مووی کاریگه‌رتر خۆی ده‌نوێنێت له دایک بوونی منداڵێکه له زیندان که که‌س نایه‌وێت له باوه‌شی بگرێت. وه‌سف کردن و چاره‌ی ئه‌و منداڵه دواتر به په‌ره‌گرافی کورت کورت باسی لێوه ده‌کرێت و له زه‌ینی سه‌لما دا تا سه‌ر به زیندووی ده‌مێنێته‌وه.
منداڵه‌که کچ ده‌بێت و به‌ر له‌وه‌ی نیشانی دایکی بدرێت ژنه‌کان له په‌رۆیه‌ک دا ده‌یپێچنه‌وه و ده‌یبه‌نه ده‌ره‌وه. سه‌لما دوای شازده ساڵ وێڵ بوون و بیرکردنه‌وه له‌و کچه‌ی که له خه‌یاڵی دا ناوی ناوه له‌یلا ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌ڵام له گۆرێکی بچووک بچووک بترازێت هیچی تر سه‌باره‌ت به‌و کچه‌ی نابینێته‌وه.
خه‌یریه کاره‌کته‌رێکی مامناوه‌ندی رۆمانه‌که‌یه و ڕۆڵه‌که‌ی هه‌ر به‌و ساته وه‌ختانه به‌نده که شه‌وێک به نهێنی و رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ئۆفیسه‌ر سه‌لیمی به‌ڕێوه‌به‌ری زیندان سه‌لما ده‌ربازی ناو خاکی لوبنان ده‌که‌ن. سه‌لما ته‌سلیم به راهیبه‌یه‌کی ئینگلیز ده‌که‌ن به ناوی مسس ئاشه‌ر که ئه‌ویش پاش ماوه‌یه‌ک مانه‌وه له لوبنان به رێگای قوبرسه‌وه و که‌شتێکی مه‌زن به ناوی هێلینا سه‌لما ده‌گه‌یه‌نێته سه‌ر خاکی ئینگلستان.
سه‌لما ماوه‌یه‌ک له ناوه‌نده‌ێکی لێکۆڵینه‌وه ده‌مێنێته‌وه و دواتر به هه‌وڵی مسس ئاشه‌ر و قه‌شه‌یه‌ک به ناوی ماهۆنی له چنگی ده‌وڵه‌ت ده‌ریده‌هێنن و یارمه‌تی ده‌ده‌ن که له شارێکی خوارووی ئه‌و ووڵاته نیشته‌جێ ببێت.
سه‌لما له ئێکستر رووبه‌رووی ژیانێکی تازه ده‌بێته‌وه که سه‌د و هه‌شتا پله له رۆژگاره‌کانی حیما جوایه‌زه، که خۆی شمشاڵه‌که‌ی به دیار بزن و به‌رخه‌کان دا عه‌شقێکی پڕ قاچاغیان له‌گه‌ڵ گه‌نجێکی سه‌ر به خێلی نه‌یار ده‌کرد.
بۆ سه‌لما ژیان له ئێکستریش تا ماوه‌یه‌کی دره‌نگ نه‌یار و دژوار ده‌مێنێته‌وه، که‌چی هێشتا له تارمایی برایێک ئه‌هوه‌ن تره که ده‌چێته قالبی بکوژ.
په‌رڤین کچێکی پاکستانی یه و ئه‌ویش وه‌ک سه‌لما به کۆڵێک خه‌مه‌وه ماڵی خۆی بۆ ئه‌و ووڵاته تازه‌یه جێهێشتووه. ئه‌و به بینینی سه‌لما که له ناکاو بۆته هاوژووری بێزار و خه‌مناکتر ده‌بێت. به‌ڵام دواتر که کات زیاتر به‌سه‌ر ده‌چێت و هه‌ردووکیان به هه‌مان شێوه ده‌که‌ونه به‌ر ته‌وژم و پلاری لیزی خاوه‌ن ماڵ و له ناخه‌وه راسیست، په‌رڤین و سه‌لما ناچار ده‌بن ببن به نزیکترین هاوڕێ بۆ یه‌کتر.
رۆژی دوایی سه‌لما به‌ر له‌وه‌ی بچێته ده‌ره‌وه و به دوای کار دا بگه‌ڕێت، ماوه‌یه‌کی درێژ خه‌ریکی خۆ شووشتن ده‌بێت وه‌ک ئه‌وه‌ی حه‌ز بکات پێسته‌که‌ی له خۆێ ڕابماڵێت. به مووس مووه‌کانی قاچی ده‌کات و ماوه‌یه‌ک له له‌شی رووتی خۆی ڕاده‌مێنێت و پڕ به‌دڵ قینی له ڕه‌نگی تاریک و شێوه‌ی ده‌ڕپه‌ڕینی گۆنای مه‌مکه‌کانی ده‌بێته‌وه.
ئه‌و ناتوانێت وه‌ک ڕابردووی هیچ له‌وانه بگۆڕێت بۆیه زوو خۆی به په‌شته‌ماڵێک ده‌پێچێته‌وه و له حه‌مامه‌که‌وه ده‌رده‌چێت. سه‌لما به هۆی پیشه‌ی به‌رگ دوورین که له زیندان فێری ببوو، به پاره‌یه‌کی زۆر که‌م له لایه‌ن که‌سێک به ناوی ماکس کار په‌یدا ده‌کات که به پێچه‌وانه‌ی لیز هیچ له نیشانه‌کانی ڕه‌گه‌زپه‌رستی خۆی ناشارێته‌وه.
به‌هۆی گێڕانه‌وه‌ی خێرای سه‌لما نوسه‌ر هه‌رگیز ئه‌و بواره‌ی به خوێنه‌ر نه‌داوه که بپرسێت که ماوه‌ی هه‌شت ساڵی زیندان و شازده ساڵی غوربه‌ت چۆن ده‌کرێت هه‌ر به قسه‌ی ناخ پڕبکرێته‌وه. فادیه ده‌ڵیێت له سه‌ره‌تای رۆمانه‌که‌وه ڕژانی ئه‌و خوێنه‌ی بۆ ئه‌وه کردۆته سه‌ره داوی گێڕانه‌وه تا بتوانێت به فڕێدانی پرسیارێکی ئه‌زه‌لی گرنگتر خۆی له هۆنینه‌وه و وه‌سف کردنی شته لاوه‌کیه‌کان ببه‌خشێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا هێشتا گێڕانه‌وه‌کان زۆر له پڕ و له ناکاون له نێوان ژیانی رابردووی سه‌لما له حیما و ئێستاکه‌ی له ئێکستر، فادیه به په‌ره‌گرافی کورت کورت بازبازانێ له نێوان هه‌رتک زه‌مه‌نه‌که ده‌کات وه‌ک ئه‌وه‌ی خوێنه‌ره‌که‌ی له ویمبڵدن به دیار گه‌مه‌یه‌کی تێنس دانابێت. که‌چی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه له‌وانه‌یه خوێنه‌رێک نه‌بێت که تێیدا ئه‌و هێڵه زه‌قه بزر بکات که که‌وتۆته نێوان خوێن تکان له ناوه‌ندی جه‌سته‌ی سه‌لما و دواتریش پرژان و به‌ربوونی له که‌لله‌ی سه‌ر.
سه‌لما له نێوان کارکردن له لای ماکس و خوێندنی زمانی ئینگلیزی، شه‌وانیش له باڕێکی خواردنه‌وه کار ده‌کات. لێره‌دا نوسه‌ر ده‌یه‌وێت پاڵه‌وانه‌که‌ی وه‌ک کیژێکی عه‌ره‌بی رێچکه شکێن نیشان بدات، ئه‌گه‌ر نا ئه‌و له ژێر کاریگه‌ری رابرووی ساکار و ترسناکی دا له حیما چۆن وا به خێرایی و هاوشێوه‌ی په‌ره‌گرافه‌کانی ده‌توانێت وا قایم خۆی ڕابگرێت.سه‌لما له ته‌نیای دا به دوای ئه‌وینێکی وون بوو دا ده‌گه‌ڕێت و که‌سی شیاو نابینێته‌وه. له یه‌که‌م په‌یوه‌ندی سه‌رپێی و خێرای دا له‌گه‌ڵ که‌سێکی ئینگلیز دا له چه‌ند روندکێک زیاتر چیتری بۆ نامینیته‌وه. دواتر له‌و باڕه‌ی که تیێدا کار ده‌کات هاوکارێکی به ناوی ئالان که چه‌نده نیاز پاکیش ده‌بێت، به‌ڵام سه‌لما له ترسی ده‌ست سووتانێکی تر ئه‌وجاره ناوێرێت ده‌ستی بۆ ئه‌و گڕه جوانه ببات که ناوی ئه‌وینه.
سه‌لما له نێوان په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ لیزی ئه‌لکهۆلیک و خاوه‌ن ماڵ، له‌گه‌ڵ ژنێکی پیری هاوسێ به ناوی گوین هاوسه‌نگیه‌ک دروست ده‌کات، هه‌ست ده‌کات که سه‌رباری خه‌ڵکانی تانهچی و بێزارکه‌ر و ڕه‌گه‌زپه‌رست ئه‌و ووڵاته پڕه له که‌سانی دڵفراوان و مه‌زن که ده‌توانن داڵده‌یی که‌سی بێکه‌س بده‌ن. به‌ڵام هێشتا ئه‌وه‌ی بۆ سه‌لما له هه‌موو شت سه‌یر و نهشیاوتره ڕقی جۆنی ئه‌ده‌ب دۆست و مامۆستای زانکۆیه به‌رامبه‌ر پێستی ئه‌سمه‌ر و پرچی ڕه‌شی ئه‌و. تا رۆژێک سه‌لما به هۆی زرنگی و توانای بێئه‌ندازه‌ی له خوێندن وا له‌و مامۆستایه‌ی ده‌کات که به ڕقێکی زۆره‌وه عه‌شقی شاره‌وه‌ی خۆی بۆ سه‌لما ڕابگه‌یێنێت.
سه‌لما دوای ئه‌وه‌ی پهرڤینی هاوڕێی شوو به پیاوێکی سکۆتله‌ندی ڕزگاربوو له نه‌خۆشی شێرپه‌نجه ده‌کات، له ماوه‌یه‌کی کورت دا ئه‌ویش له‌گه‌ڵ جۆنی مامۆستای بریار ده‌دات. پێشتر پیاوێکی پاکستانی به ناوی سه‌دیق و وه‌ک جۆن به ته‌مه‌ن له ئه‌و گه‌وره‌تر هه‌رده‌م ناراسته‌وخۆ پلای لێده‌دات که شووی پێ‌بکات. سه‌دیق هه‌رده‌م له دوکانه‌که‌ی نوێژ ده‌کات و زۆر جار بۆ سه‌لما باسی هاوسه‌ر و منداڵه‌کانی بۆ ده‌کات له پاکستان.
له نێوان لاپه‌ڕه‌کانی رۆمانی {گریانی کۆتر} دا دوو جۆره نامه ده‌خوێنرێنه‌وه، یه‌که‌میان ئه‌و نامانه‌ن که سه‌لما بۆ نورا ده‌یانوسێت و تێیدا باسی خۆی و له‌یلای کچی بۆ ده‌کات. به‌ڵام لێره‌دا نوسه‌ر ناچێته ناو وورده‌کاری زیاتر سه‌باره‌ت به رۆیشتن و گه‌رانه‌وه‌ی وه‌ڵام بۆ نامه‌کان، وه‌ک ئه‌وه‌ی شتێک بن که سه‌لما بۆ خودی خۆی بیانوسێت. دووه‌میان ئه‌و نامانه‌ن که سه‌لما له پشتی وێنه و ناو ئه‌و ئه‌لبومانه‌ی لیز ده‌یانخوێنێته‌وه که باس له ئه‌وین و گه‌شتێکی لیز ده‌که‌ن بۆ هیندستان.
سه‌لما به‌و نامانه‌ی بۆ نورا ده‌یانوسێت ده‌یه‌وێت لاسایی نوسه‌ر بکاته‌وه و به‌ڵام تێیدا بتوانێت له‌یلای کچی بکات به پاڵه‌وانی چیرۆکێکی دیکه که پێچه‌وانه بێت به قه‌ده‌ری ئه‌و.
فادیه فه‌قیر له‌و رۆمانه‌دا به نه‌فه‌سێکی جوبرانانه باس له میحنه‌تی که‌سی په‌نابه‌ر ده‌کات، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی به برینی قووڵه‌وه خاکی باو و باپیرانیان جێده‌هێڵن. به په‌ره‌گرافه کاریگه‌ره‌کانی له زمانی سه‌لماوه پاڵه‌وانێکی ناخ پڕ له ئازار ده‌خاته روو که وه‌ک ته‌نێکی پاسیڤ ده‌که‌وێته به‌ر نێزه‌ی ئه‌م و ئه‌و.
سه‌لما دوای ئه‌وه‌ی له جۆن کوڕێکی به ناوی عه‌مران ده‌بێت، شه‌وێک له خه‌ونی دا تارمایی هه‌مان بکوژ ده‌بینێته‌وه که شازده ساڵه دوای که‌وتووه. له خه‌ونی دا ده‌بینێت مه‌حمود وا خه‌ریکه له‌یلای کچی ده‌خنکێنێت، بۆیه هه‌ر که ڕاده‌په‌ڕیت و هه‌ناسه‌ی ئۆخه‌ی هه‌ڵده‌مژێت، بڕیاری گه‌ڕانه‌وه بۆ حیما ده‌دات. سه‌ره‌تا جۆن و بوونی عومران ده‌بنه ڕیگر له به‌رامبه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی له ناکاوه‌ی سه‌لما. رۆژێک سه‌لما به‌ته‌واوی خۆی یه‌کلایی ده‌کاته‌وه و به‌ره‌و خاکی باو و باپیرانی ده‌فڕێت.
له ناو تاکسیه‌ک دا به‌ره‌و ماڵ سه‌لما به شێوه‌یه‌ک خۆی گۆڕیوه که هه‌رگیز نه‌ناسرێته‌وه، ئه‌و وا له شوفێره‌که‌ش ده‌کات که وا بزانێت ژنێکی بیانی له‌گه‌ڵ سوار بووه.
له‌به‌ر ده‌رگای ماڵ دوای بیست و چوار ساڵ دووری جارێکی دیکه سه‌لما له نزیک دایکی ده‌وه‌ستێت و که‌چی ناتوانێت وه‌ک کچی بیدوێنیت تا نه‌زانێت کاردانه‌وه‌ی ئه‌و سه‌فه‌ره ترسناکه چ ده‌بێت.
دایکی نایناسێت و وه‌ک مێوان به‌خێرهاتنی لێده‌کات و دایده‌نیشێنێت. سه‌لما که ده‌زانێت دایکه چاو کز و خه‌مناکه‌ی ته‌نیا له ماڵه، ناتوانێت زیاتر خۆی بگرێت و دواتر پێکه‌وه به شین و گریان یه‌کتری له باوه‌ش ده‌گرن.
سه‌لما له زمانی دایکیه‌وه کاتێک ده‌زانێت که باوکی کۆچی کردووه و براکه‌ی له ماڵ نیه پرسیاری کچه‌که‌ی له دایکی ده‌کات. به‌ڵام دایکی به‌وه فرمێسکی زیاتر ده‌ڕێژێت و پێیده‌ڵیت که کچه‌که‌ی هه‌ر له رۆژی له دایک بوونیه‌وه کوژراوه.
سه‌لما به گریان و پاڕانه‌وه داوا له دایکی ده‌کات که گۆڕی کچه‌که‌ی پێ نیشان بدات. سۆزی گه‌وره‌ی دایکه مل ده‌دات بۆ ئه‌و خواسته له مێژ ساڵه‌ی کچه‌که‌ی و پێکه‌وه له ماڵ ده‌چنه ده‌ره‌وه.
سه‌لما به دیار گۆڕی کچه ته‌مه‌ن یه‌ک رۆژییه‌که‌ی هه‌ست ده‌کات ده‌نگه ده‌نگێکی هه‌ڵچوو و تووڕه له دوایه‌وه تێکه‌ڵ به ده‌نگی نزا و پاڕانه‌وه‌ی دایکی بووه. دایکی به کوڕه‌که‌ی ده‌ڵێت "ڕۆڵه‌م ئه‌و کاره مه‌که، من هه‌رچی باخچه و ماڵ و مولک هه‌یه به ناوت ده‌که‌م!’
لێره‌دا سه‌لما ئاوڕ ده‌داته‌وه و یه‌کسه‌ر ڕووبه‌ڕووی فیشه‌کێک ده‌بێته‌وه که ته‌ختی نێوچه‌وانی ده‌پێکێت و کۆتایی به چیرۆکه‌که‌ی ده‌هێنێت.
دوا ووشه، فادیه فه‌قیر له گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی خه‌مناکی سه‌لما نێوان فلاش باکه‌کانی زۆر کورت و له پڕن و هه‌روه‌ها رووداوه‌کان ئه‌وه‌نده به زه‌قی و بێپه‌رده ده‌خاته به‌ر چاوی خوێنه‌ر. وه‌ک ئه‌وه‌ی بێ ئه‌ندازه په‌رۆش و په‌له بێت له گه‌یاندنی په‌یامی رۆمانه‌که‌ی، نه‌وه‌ک له کونجێکی دونیا دوعایێک، ناز و نازدارێکی دیکه خرابێته به ئاگری گولله یان نووکی تیژی چه‌قۆ.
Jacket*
له زمانی ئینگلیزی دا بۆ به‌رگ کتێبیش به‌کار دێت، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی که به کتێبه‌که‌وه نه‌نوساون.