Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
گفتووگۆ لەگەڵ مامۆستا کەریم شارەزا

گفتووگۆ لەگەڵ مامۆستا کەریم شارەزا

Closed
by October 7, 2011 گشتی


م. كه‌ریم شاره‌زا:
نووسینی نه‌مر ئه‌و نووسینه‌یه‌  له‌ ژیان و ڕه‌سه‌نایه‌تی گه‌ل سه‌رچاوه‌ی گرتبێت

 زاناو بلیمه‌ته‌كان ژیانی هه‌قیقیان دوای مردن ده‌ست پێ‌ ده‌كات
 
ئه‌وه‌ی رۆژێك شیعرو ئه‌ده‌بیاتی كوردی خوێندبێته‌وه‌ مامۆستا كه‌ریم شاره‌زا ده‌ناسێ‌، ئه‌وه‌ی له‌ قوتابخانه‌ی خوێندبێ  شیعره‌كانی كه‌ریم شاره‌زای له‌ به‌ركردوه‌، ئه‌و مه‌وسوعه‌یه‌كی به‌رفراوانه‌، له‌م مه‌وسوعه‌یه‌دا  شیعر و، چیرۆك و، ڕه‌خه‌نه‌ی ئه‌ده‌بی و، توێژینه‌وه‌ و، ڕۆژنامه‌نووسی و،  وه‌رگێران ده‌ست له‌ملانی یه‌ك ده‌كه‌ن، ئێستا ته‌مه‌نی له‌سه‌روی هه‌شتا ساڵی دایه‌ به‌ڵام خامه‌ی ته‌ڕو چێژ به‌خشی له‌نووسین نه‌وه‌ستاوه‌، بۆئه‌وه‌ی له‌م كه‌نزه‌ به‌شی خۆمان به‌رین و شتێك بۆسه‌ر هه‌گبه‌ی زانیاریه‌كانمان زیادكه‌ین  ئه‌م دیمانه‌یه‌مان له‌گه‌ڵ به‌رێزی دا سازدا.
                                                            
 حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: شێواوی و شپرزه‌یێكی زۆر به‌رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانمانه‌وه‌ دیاره‌، زۆرجار ده‌بینین كه‌سانێكی بێ‌ ئاست و بێ‌ ئاگا گه‌وره‌ ده‌كرێن و ده‌بنه‌ شۆڕه‌ سواری مه‌یدان، ئایا داخزانی ئه‌م ته‌رزه‌ كه‌سانه‌ بۆ نێو بواری رۆژنامه‌گه‌ری كوردی كاره‌سات ناخولقێنێت؟

كه‌ریم شاره‌زا: ڕاستی ئه‌مڕۆ ڕۆژنامه‌و گۆڤاری كوردی زۆر ده‌رده‌چێت، زۆربه‌یان هیچ ئاگاداریێكیان له‌بواری رۆژنامه‌و ڕۆژنامه‌گه‌ری دا نیه‌، شه‌لم كوێرم ده‌كه‌ونه‌ نێوباس و خواس، شتی زۆر شه‌پڕێوو بێ‌ مان بڵاو ده‌كه‌ونه‌وه‌، بۆ نموونه‌ له‌مه‌سه‌له‌ی كه‌له‌پوور ده‌چن شت له‌ئه‌وروپاو ئه‌مریكای خوارو وه‌رده‌گرن كه‌ زۆر و كه‌م په‌یوه‌ندی به‌كه‌له‌پووری كوردی یه‌وه‌ نیه‌، ده‌بوا پێش هه‌موو شتێك گرنگی به‌كه‌له‌پووری كوردی بده‌ن نه‌ك به‌م شێوه‌ بیشێوێنن! كاره‌ساتێكی دیكه‌ی جیهانی ئه‌مرۆی ڕۆژنامه‌نووسی دروست بوونی ناته‌واوی و كه‌مووكوڕی زۆره‌ له‌ڕوانگه‌ی هه‌ڵه‌ و هه‌ڵه‌چنی، لای ئێمه‌ هه‌ڵه‌چن له‌هه‌موو ساتافی كار لاوازو بێ‌ ئاستتره‌، كه‌چی پێویسته‌ له‌بنچینه‌دا هه‌ڵه‌چن له‌هه‌موویان زاناتربێت، شاره‌زایێكی ته‌واوی هه‌بێت له‌بواری زمانه‌وانی نه‌ك كه‌سێكی هه‌رزه‌و كه‌م ئاست بێ‌، به‌داخه‌وه‌ نه‌بوونی هه‌ڵه‌چنی كارا وای كردووه‌ رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانمان چێژ له‌ده‌ست بده‌ن و نه‌خوێندرێنه‌وه‌!
 به‌بۆچوونی من ئه‌وكه‌سانه‌ی حه‌زده‌كه‌ن كاری رۆژنامه‌نووسی بكه‌ن پێویسته‌ به‌فلته‌رێك دا تێپه‌ڕن واته‌ بڕوانامه‌ی شایه‌نی ڕاگه‌یاندنیان پێ‌ بدرێ‌ یاخود ڕاهێنانیان له‌لایه‌ن پسپۆڕانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ پێ‌ بكرێ‌.  

حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: خوێندكارو قوتابیانی ئێمه‌ گه‌وره‌ترین ئاواتیان ئه‌وه‌یه‌ خوێندن له‌ له‌كۆلیژو په‌یمانگه‌كان ته‌واو بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی وه‌ك نووسه‌رێك ده‌ڵێ‌”تاكو هه‌تاهه‌تایه‌ كتێب ته‌ڵاق بده‌ن وجارێكی تر نه‌یبیننه‌وه‌” ئه‌مه‌ بۆچی؟
كه‌ریم شاره‌زا: خوێندن لای ئێمه‌ زیاتر تیۆرییه‌ دووره‌ له‌پڕاكتیزه‌كردن، ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌هۆكاره‌كان، لای ئێمه‌ قوتابی ناتوانی به‌رهه‌می خوێندنی خۆی ده‌ست كه‌وێت،  كۆلیژو په‌یمانگه‌كان ته‌نها بڕوانامه‌ ده‌به‌خشن، بڕوابكه‌ پۆلی شه‌شی سه‌ره‌تای جاران له‌ئاستی ماجسته‌ری ئه‌مرۆدابوو! جاران قوتابی  هه‌موو رۆح و گیانی خوێندنه‌وه‌بوو، ڕۆمانی ده‌خوێنده‌وه‌، شتی زمانه‌وانی ده‌خوێنده‌وه‌، به‌دوای شتی زانستیه‌وه‌ وێڵ بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێستا ته‌له‌فزیۆن شوێنی هه‌موو ئه‌مانه‌ی گرتوه‌ته‌وه‌.
هۆكارێكی تری دژه‌كتێب بوون و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی گه‌نجانمان له‌خوێندنه‌وه‌ خودی پڕۆگرامی خوێندنه‌، بۆنموونه‌ كاتی خۆی ده‌وڵه‌تێكی وشك و برێنگی وه‌ك مالیزیا توێژی گه‌نجانیان له‌خوێندن و خوێندنه‌وه‌ بێزاربووبون تاكو حكومه‌تێك هاته‌سه‌ركارو داوای گۆڕینی پرۆگرامه‌كانی كرد بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ڕاوێژی به‌كه‌سانی پسپۆڕكرد، تاكو پڕۆگرامێكی سه‌ركه‌وتوویان بۆخوێندن دانا، له‌مالیزیا ده‌یان قوتابخانه‌ی پیشه‌سازی و زانیستیان كرده‌وه‌، ده‌ره‌نجام پێشكه‌وتن و ئێستا له‌ڕووی هه‌نارده‌كردنی كه‌ل و په‌لی پێشه‌سازی به‌هه‌شته‌م ده‌وڵه‌تی جیهان ده‌ژمێردرێن، ئێمه‌ش پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ساسه‌ بیربكه‌ینه‌وه‌.

حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: نووسین چ كاتێك ده‌بێته‌ نووسینێكی نه‌مر، بۆچی نووسراوو په‌رتووكه‌ كانی ئه‌مڕۆ پێش له‌دایك بوونیان ده‌مرن، یاخود مردنیان پێش خاوه‌نه‌كانیان ده‌كه‌وێت؟

 كه‌ریم شاره‌زا:  نووسینی نه‌مر بریتیه‌ له‌و نووسینه‌ی كه‌له‌نێو ئێش وئازاری میلله‌ت هه‌ڵقوڵابێ‌، له‌ژیان و ڕه‌سه‌نایه‌تی گه‌ل سه‌رچاوه‌ی گرتبێ.  نووسینی مردوش به‌ونووسینه‌ ده‌ڵێن كه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خه‌ڵك نه‌مابێ، له‌بیرمان نه‌چێ‌ له‌نێوان مردن و ژیان هێڵێك هه‌یه‌، هه‌موو فه‌لسه‌فه‌ی مرۆڤایه‌تی  له‌م هێڵه‌ چڕده‌بێته‌وه‌، زاناو بلیمه‌ته‌كان ژیانی هه‌قیقیان دوای مردن ده‌ست پێ‌ ده‌كات. حاجی قادری كۆیی تا له‌ژیان دابوو مردبوو، دوای مردن ده‌ستی به‌ژیان كرد، به‌ڵام زۆری نووسه‌ریدیكه‌ كه‌له‌ گه‌ڵ  واقیع و ناڵه‌ی خه‌لكی خۆیان نه‌ژیاون ده‌بینین هه‌رزوو نووسینه‌كانیان به‌ره‌و هه‌ڵوه‌رین ده‌چن.

حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: مسعود محمد ده‌ڵێ‌: جاری وایه‌ زۆر له‌خۆم ده‌كه‌م بنووسم به‌ڵام ناتوانم، كه‌چی هه‌ندێجار گه‌ردووقه‌ڵه‌مم له‌نێو په‌نجه‌كان بێ‌ به‌نووسین ڕاناگه‌م، ئایا تۆ كاتێكت هه‌یه‌ بۆ نووسین؟
كه‌ریم شاره‌زا: به‌ڵی، منیش جاری واهه‌یه‌ له‌به‌رپه‌شێوی و پڕئیشی چه‌ند ده‌كه‌م هیچم بۆنانووسرێ‌، به‌ڵام جاری واش هه‌یه‌ زۆر به‌جوانی بیری نووسینم ڕێچكه‌ ده‌به‌ستێ‌، بۆنموونه‌: ساڵی په‌نجاو چوار له‌هاوینه‌ هه‌واری چنارۆك سپێده‌یه‌ك له‌خه‌وهه‌ستام ته‌ماشه‌م كرد خۆر له‌سه‌رچیای قه‌ندیل هه‌ڵدێت منیش به‌شیعر وه‌سفی ئه‌م دیمه‌نه‌م كرد:
          لێواری زه‌ریای ئاسمانی زیویــــــــن
         ماچ ئه‌كا كوڵمی ئاسۆكه‌ی خوێنین
چه‌ند وه‌سفێكی له‌م شێوه‌ بووه‌ جێگه‌ی په‌سندی زۆر له‌خه‌ڵك، لێره‌دا من هاتووم به‌هره‌م له‌سروشت وه‌رگرتوه‌. 

حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا:  ئه‌م نووسه‌رانه‌ كێن كه‌تۆناتوانی له‌بیرو ئه‌ندێشه‌ی خۆتیان جیا بكه‌یه‌وه‌؟

كه‌ریم شاره‌زا: ئه‌و نووسه‌رانه‌ی خاوه‌ن نووسینی به‌هێزو به‌پێزن هه‌موو كاتێك له‌خه‌یاڵی من زیندوون.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: ده‌كرێ‌ بزانین كێن؟
كه‌ریم شاره‌زا: له‌نووسه‌ره‌عه‌ره‌به‌كان مسته‌فا صادیق رافیعیه‌، نووسینه‌كانی زۆر خۆش و به‌هێزن. له‌شاعیره‌كورده‌كان گۆران و ئه‌حمه‌د هه‌ردی و فایق بێ‌ كه‌سن -هه‌رچه‌ند فایه‌ق بێ‌ كه‌س به‌شاعیری شیعارات له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت – ناتوانم ئه‌مانه‌ له‌بیری خۆم بسڕمه‌وه‌، سه‌ره‌تای ئه‌ده‌بیاتیشم زۆر موعجیبی  ئه‌حمه‌د دڵزاری  برام بووم، هه‌روه‌ها زۆر سه‌رسامم به‌نووسینه‌كانی مه‌سعود محمد تابڵێ‌ ی نووسینه‌كانی قوڵ و پڕفه‌لسه‌فه‌ن!
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: ده‌ڵێن خوێنه‌رو نووسه‌ری ڕاسته‌قینه‌ به‌رده‌وام هه‌ژارن چونكه‌ ئه‌وان خه‌ریكی تێركردنی عه‌قڵ و هۆشی خۆیانن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بازرگانه‌كان خه‌ریكی تێركردنی گیرفان و گه‌ده‌ی خۆیانن، ئه‌مه‌ تاچ ڕاده‌یه‌ك ڕاسته‌؟
كه‌ریم شاره‌زا: زۆر ڕاسته‌ شاعیرو نووسه‌رانی ئێمه‌ زۆربه‌یان هه‌ژاربوون، چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ی به‌دووای نووسین و شیعره‌كانیانه‌وه‌بوون هێنده‌ بیریان له‌پڕكردنی گیرفان نه‌كردوه‌ته‌وه‌، له‌مێژوودا ده‌بینی  نووسه‌رو گه‌وره‌شاعیرانی جیهان جگه‌له‌هه‌ژاری نه‌داری چه‌وسێندراونه‌وه‌ش هه‌رچه‌ند ئه‌م هه‌ژاری وچه‌وساندنه‌وه‌یه‌ ئیلهامی شیعرو نووسینی ئه‌وانی بایه‌خدارتركردوه‌!
به‌ڵام ئه‌مه‌ پێوه‌رێكی بنچینه‌یی نیه‌ واته‌ مانای وانیه‌ هه‌رچی نووسه‌رو شاعیربووهه‌ژارو بێ‌ ده‌رامه‌ته‌.

حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: مامۆستا بۆ سه‌رچاوه‌ی  رۆشنبیری كامیان له‌پێشتره‌، فیكر و فه‌لسه‌فه‌ یان شیعرو ڕۆمان؟
كه‌ریم شاره‌زا: به‌بۆچوونی من شیعرو رۆمان له‌پێشتره‌، فكرو فه‌لسه‌فه‌ قووڵیێكی زیاتری ده‌وێ‌، خوێندنه‌وه‌ی شیعرو ڕۆمان سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ كاری رۆشنبیری، ئه‌وسا بۆكایه‌كانی دیكه‌ شۆڕده‌بیه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ له‌كوردستان كه‌متر گرنی به‌فه‌لسه‌فه‌ دراوه‌، ئه‌وكه‌سه‌ی گرنگی به‌فه‌لسه‌فه‌ بدات ده‌ڵێن سه‌ری لێشێواوه‌و شێت بووه‌!

حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: حه‌زده‌كه‌ین گه‌شتێك به‌نێو به‌رهه‌مه‌كانت دا بكه‌ین؟

كه‌ریم شاره‌زا: له‌ساڵی په‌نجاوه‌ من ده‌ستم به‌نووسین كردوه‌، له‌ساڵی 1952شتم له‌ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێربَڵاو ده‌كرده‌وه‌، سوپاس بۆخوا تائێستاش له‌نووسین نه‌وه‌ستاوم، به‌نیسبه‌ت به‌رهه‌مه‌كانم له‌ساڵی 1960ده‌ستم به‌بڵاوكردنه‌وه‌یان كردوه‌، هه‌رله‌م ساڵه‌ دیوانێكی شیعریم به‌ناوی (ئازادی و ژیان) به‌چاپ گه‌یاند، ساڵی 1961(مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی) م سه‌باره‌ت به‌ شاری كۆیه‌ بڵاوكرده‌وه‌، له‌ساڵی 1971دیوانێكی دیكه‌م چاپ كرد به‌ناوی (رێگای دوور) دواتر (په‌ندی به‌راوردكاری) له‌كۆڕی زانیاری كورد چاپ كرا، ئینجا (ئه‌سیری قۆناغی دوای حاجی قادری كۆیی)م له‌گه‌ل جه‌بار جه‌باری به‌چاپ گه‌یاند.

حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: واته‌ چه‌ند كتێبی نووسراوی ده‌ستی خۆت هه‌یه‌؟

كه‌ریم شاره‌زا:   23  كتێب له‌وانه‌ 13ئه‌ده‌بین 10شیان له‌گه‌ڵ مامۆستایان بۆپرۆگرامی قوتابخانه‌كان دامناون یان وه‌رم گێڕاون.

حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: تایبه‌تمه‌ندیت له‌چ بوارێك وه‌رگرتووه‌؟
كه‌ریم شاره‌زا: له‌ڕه‌خنه‌و لێكۆلینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی.

حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: باسی شیعرنووسینت كرد له‌كاتی شیعر نووسین هه‌ست به‌چی ده‌كه‌ی؟ یان چ شتێك ده‌بێته‌ هه‌وێنی شیعره‌كانت؟
كه‌ریم شاره‌زا:  له‌ڕاستیدا من له‌ژێركاریگه‌ری ڕوداوه‌ خۆش و ناخۆشه‌كان شیعر ده‌نووسم،  پاش ڕوداوی یانزه‌ی ئازار ڕۆژبه‌ڕۆژ هه‌ستم ده‌كرد شیعر زیاتر ده‌نووسم، موعاناتو ناخۆشی توند ده‌یگوشیم. له‌دوای 1991له‌سه‌ر شه‌ڕی براكوژی شیعرم نووسی، به‌ڕاستی ئه‌م شه‌ڕه‌ زۆرمنی هیلاك كرد، دوای ڕاپه‌ڕین ده‌موت ئۆخه‌ی كورد به‌ره‌و كیان چوو، به‌ڵام ئه‌م شه‌ڕه‌ ئه‌م خه‌ونه‌ی له‌بار برد.

حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: مامۆستا پرۆژه‌ی ئاینده‌ت؟

 كه‌ریم شاره‌زا: ئێستا خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌م و هه‌ڵوێست و ژیننامه‌ی 400كه‌سایه‌تی كوردیم له‌هه‌موو بواره‌كانی: سیاسی، ڕۆشنبیری، ئه‌ده‌بی، هونه‌ری، شانۆگه‌ری… هه‌روه‌ها چه‌ند لێكۆلینه‌وه‌یه‌كم له‌به‌ر ده‌ست دایه‌ له‌سه‌ر نه‌ورۆزو ئه‌فسانه‌و چه‌ند بابه‌تێكی كه‌.

حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: ئێستا هیچ كارێكی ڕه‌سمی حوكمیت به‌ مله‌وه‌یه‌؟
كه‌ریم شاره‌زا: به‌لێ‌، له‌په‌رله‌مان بڕیارو یاساكان له‌كوردی وه‌رده‌گێڕم بۆسه‌رعه‌ره‌بی یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌، بۆ بژێوی ژیان ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌م حه‌زده‌كه‌م وازله‌م كاره‌ بێنم  ته‌واو بپڕژێمه‌ سه‌ركاره‌كانی خۆم، خزمه‌ت به‌به‌رهه‌مه‌كانی خۆم بكه‌م.

حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: واقعیه‌ت لای تۆچیه‌؟
كه‌ریم شاره‌زا: واقعیه‌ت هه‌رئه‌وه‌نیه‌ كه‌ڕوو بدات له‌واقیع، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی پێشبینیش ده‌كرێ‌ بۆ ڕوودان هه‌رواقیعیه‌ته‌. عه‌زیز نه‌سین ده‌ڵێ‌: شوانێك هه‌موو ڕۆژێك له‌به‌رخێكی ده‌دا، هه‌ركاتێ‌ شوانه‌كه‌ ده‌ركه‌وتبا به‌رخه‌كه‌ده‌تۆقی، ڕۆژێك شوانه‌ له‌به‌رخه‌كه‌ نزیك ده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌رخه‌كه‌ ده‌بێته‌ گورگ و شوانه‌كه‌ ڕاوده‌نێ‌.  ئه‌مه‌ پێی ده‌لێن واقیعیه‌تی سیحری.

حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: ئاواتت چی یه‌؟
كه‌ریم شاره‌زا: ئێستا ته‌مه‌نم 81 ساڵه‌، حه‌زده‌كه‌م به‌ر له‌وه‌ی بمرم ده‌وڵه‌تێكی كوردی سه‌ربه‌خۆ ببینم.  

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.