Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
گفتوگۆی Nationalbibliotek    لەگەڵ توانا ئەمین

گفتوگۆی Nationalbibliotek لەگەڵ توانا ئەمین

Closed
by February 2, 2014 ئەدەب

 

 

 

 

 

* ئەزموونێکی سەرنجڕاکێشە بۆ من؛ هەمیشە کە لەگەڵ نووسەرەکان گفتوگۆ دەکەم پێشتر شتێکیان لەسەر دەخوێنمەوە، بەڵام سەبارەت بە ئێوە تەنیا ئەوەندە دەزانم کە چیرۆک بە کوردی-سۆرانی دەنووسن.. دەتوانیت یارمەتیم بدەیت پێکەوە قسەیەک لەسەر کتێبەکانت بکەین…؟

توانا ئەمین: لە ڕاستیدا من تەنیا چیرۆک نانووسم، بەڵکو ڕەخنەی ئەدەبیی و هەندێجار وەرگێڕان و کەمەکێ کاری فیکری و بەتەنیشت هەموو ئەوانەشەوە وەک پیشەی سەرەکیم ڕۆژنامەنووسی فۆیلیتۆن-بواری کلتورییم.

ژمارەی کتێبە چاپکراوەکانم زیاتر لە ٨ کتێبن، پێمگوتی کە بواری جیاجیان بەڵام خۆم چیرۆکەکانم لەهەموویان خۆشتر دەوێت. چیرۆک بۆ من وەک وەستان لەبەردەم ژنێکدا وایە.. تۆ دەزانی پەیوەندیەکی سەیر و قووڵ لەنێوان ژن و ئاوێنەدا بۆ من هەیە..؟ من کە لەبەردەم هەریەکێک لەو دوانەدا دەوەستم؛ پنتە بچووک و شاراوەکانی ناوی ناوەوەی خۆم دەبینم..! چیرۆکیش هەرکارێکی ئاوا بۆ من دەکات، کاری بینیی شتێکی تر لە ناو خۆتدا کە چاوی ئاسایی و ڕۆژانەکان لە ئاستیدا لێڵە.

بۆ تۆ ڕوونە کە ئێستا ئینسانی نوێ سەروکارێکی باشی لەگەڵ ماسکپۆشیندا هەیە، بەجۆرێک کە بەنزیکەیی ئێستا ئیتر زەحمەتە بڵێیت: کەسێک دەناسم وەکو خۆی..! هەموومان لە ماڵەوە ماسکگەلێکی زۆر و بێشومارمان هەیە؛ ماسکێک بۆ کار، ماسكێک بۆ ژوان، ماسکێک بۆ ئاهەنگ و ماسكێک بۆ…… ، چیرۆکنووسین بۆ من ئیشکردنە لەسەر دیوی ئەو دیوی ئەم ماسکانە، لەسەر جەوهەرە ڕاستەقینەکەمان وەکو مرۆڤ، ئـــا… ڕاستیت دەوێ؛ مرۆڤ هەر تێم نییە لە ئیشی مندا بەڵکو سێنتەرە.. کاری من بەدەوەری ئینساندا دەخولێتەوە.. بەدەوەری ئازاری، گریانی، دڵشکان و شادییە بچووکەکانیشی.. دواجار نووسین بۆ من؛ شەڕی ئینسانە لەگەڵ خۆی و لەگەڵ خوداش.

 

* ئایا ئاسانە لەسەر عێراق بنووسیت..؟ زۆر شت ڕوویداوە و ڕوودەدا، بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا، ئایا ئاسانییەکەی ئەوەیە کە ژیان لەوێ مێژوو دروست دەکات، یان سەختە لەبەرئەوەی ژیان چەند جۆرێ مێژوو دروست دەکات..؟

توانا ئەمین: باوەڕناکەم شوێن بەشێوەیەکی ئاوا کۆنکرێت کاریگەریی لە سەر نووسین دابنێ.. دەزانی گەر گابرێل گارسیا مارکیز لە ئەریترییاش بایە، هەر مارکیز دەبوو، دانتێ لە شیرازیش بایە هەر دانتێ دەبوو. نووسین بۆ من پرسیارێک نییە لە پلاتس، پرسیارێکە لە وجود.. گرنگ نییە لە کام جەمسەرەی ئەم زەوییە گیرساویتەوە، گرنگ ئەوەیە؛ تۆ ژانت هەیە، تۆ ئازار دەچێژی، تۆ دەتەوێ لەم بێماناییەی ناوی ژیانە تێبگەیت.. تێبگەی لە خەونی مناڵێکی ژێر ڕێژنەی گولـلە لە سوریا، لە دوودڵی سەربازێکی ئەمریکی لە ئەفگانستان کە دڵی لای ژنە سکپڕەکەیەتی..! نووسین کوا وەستانە لەسەر شوێن؟! نووسین هەڵوێستەکردنە لەسەر خودی خۆمان.. خۆمانێک؛ کە نازانم بڵێم بەخۆشحاڵییەوە یان بەداخەوە پێمان دەڵێن مرۆڤ..!

 

* پێش گفتوگۆکە بیستم لەسەر کتێبێکتان تووشی کێشە یان هەڕەشە بوون، ئەوە چ کتێبێکە..؟ بۆچی خەڵکانێکی توڕە کردووە..؟

توانا ئەمین: هەمیشە ئەم شتانە ڕوودەدەن، بەتایبەت ئەگەر بتەوێت پیرۆزی کۆمەڵگاکەت بخەیتە ژێر پرسیارەوە. ئەوەی باسی دەکەیت کتێبێکە کە لە کۆمەڵێ گفتۆگۆی فیکری پێکهاتووە لەمەڕ (خودا)، من وەک ڕۆژنامەنووسێک کە سەروکاری لەگەڵ پرۆژە فیکرییەکان هەیە ئەنجامم داون.. لەو کتێبەدا پرسیوومە خودا کێیە..؟ ئایا پرسیار لە خودا، پرسیارە لە خودی بیرکردنەوە یان لە دەرەوەی بیرکردنەوە..؟ ئایا خودا لە سنوری تێگەیشتنی ئینساندایە، یان لە دەرەوەی ئەو سنوورەیە..؟ کێ سەرچاوەی شەڕ-خراپەیە لە دونیادا..؟ شەیتان..؟ شەیتان کێیە..؟ ئەو کێ دروستی کردووە و چۆن فێربووە..؟ یەکەمجارە خراپەی لەگەڵ کێ ئەزموون کردووە..؟ ئەگەر خودا شەیتانی دروستکردبێ، کەواتە خودا خراپەی دروست کردووە..! ئایا ئەمە لەگەڵ لۆژیکی خودایەکی پاک و بێتاواندا دێتەوە..؟ واتا کتێبەکە سەرەتا خۆی بە پرسیار لەو دراوە ئاینیانە دەستپێدەکات کە کۆڵەکەی عەقیدە دینییەکانن.. دواتر هەر ئەو کتێبە دەپرسێ؛ ئەگەر خودا بەندەکانی خۆی خۆشدەوێت بۆ دەیانسوتێنێت..؟ چۆن خودایەکی دادپەروەر ڕێگە بەخۆی دەدات؛ مناڵانی زۆر بچووک بمرن..! چۆن خودایەکی بەبەزەیی دەتوانێ؛ بینەری کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی سادە و بێ تاوانی وەک ئەنفال و ئاوسشڤایتس بێ وهیچ نەڵێ و هیچیش نەکات..؟ لەهەموو ئەوانە گرنگتر کتێبەکە دەپرسێت؛ ئەگەر خودا لەگۆڕێ نەبێ چیی..؟ ئەوکاتە مرۆڤبوون سەختتر دەبێ لە ئێستا..؟ پرسیاری جەوهەری کتێبەکە ئەوەیە؛ ئێمە بە بێ خودا دەتوانین مامەڵەی مرۆڤانەی یەکتر و مامەڵەی جیهان بکەین..؟! ئــا.. ئەوە چەند پرسیارێکی ناو ئەو کتێبەیە کە دواتر کرێکارانی چاپخانە کارکردنیان تێدا وەستان و لەوەش بەدتر دەیانوویست ئەوەی کردویانە بیسووتێن.. ئێستاش لێرە و لەوێ و لە یوتوب هەڕەشەی مەلا نەخوێندەوارەکانم بەرگوێ دەکەوێتەوە، ئەوانەی ناتوانن مێژووی پرسیارە فیکرییەکان  بەباشی لە ئاینەکەی خۆشیاندا بخوێننەوە.

 

* دەزانم کە کاری وەرگێڕان دەکەیت.. هی کێ و بۆچی..؟

توانا ئەمین: ئەوە ڕاستە، بەڵام لەوە ڕاستتر ئەوەیە بزانی؛ من وەک پیشە وەرگێڕ نیم.. تەنیا وەک خۆشەویستی بۆ هاوڕێکانم و هەندێ خوێنەری تایبەت حەزدەکەم ئەوەی من دەتوانم بیخوێنمەوە و بیبینم لەگەڵ ئەوانیش بەشی بکەم، بەرهەمی ئەو بەشکردنە دوو کتێبە، ڕۆمانێکی نووسەری هاوچەرخی ئێرانی عەباس معروفی و نۆڤلێتێکی نووسەری فرانسی ئەلبێر کامۆیە.

 

* دەزانم کە تۆ چەندین خەڵاتت وەرگرتووە.. چ شتێک لە تۆدا هەیە وا ئەو خەڵاتانە دەبەیتەوە..؟

توانا ئەمین: (بەپێکەنینەوە) نازانم..! ڕەنگە لەسەر پرسیارە زۆروزەوەندەکانم بیانەوێ ڕێزم لێبنێن.. لەو ساڵەنەی ڕابردوودا خەڵاتی باشترین لاوی‌ساڵ‌م لە سەرۆکی حکومەت وەرگرت.. بەڵام شتێکی خۆمانەت پێبڵێم؛ ڕەنگە زۆرجار هی ئەوە بووبێ پارەم پێنەبووبێ، بۆیە ناچاربووم خەڵاتەکان وەربگرم یان بەشداری فیستیڤاڵەکان بکەم، وەکوتریش پێمخۆشە بزانی؛ من گاڵتەم بە هەموو خەڵاتی دونیا دێت تا بگات بەو هەرێمە بچووکەی ئێمە کە لەسەر نەخشەش دیار نییە. من پیاوێکی ڕاگوزەرم، دێم و دەڕۆم و ئەوەی لێم جێدەمێنێ وەڵام نییە، پرسیارە.

 

* کێ کتێبەکان بۆ تۆ چاپ دەکات..؟ چاپخانەیەک لە عێراق یان دەزگایەک لە ئەوروپا..؟

توانا ئەمین: لە عێراق نا لە کوردستان! هەر کتێبێکم دەزگایەک کردویەتی، کە دەزگا باشەکانی چاپن لەوانە دەزگای ئاراس، چاپ و بڵاوکردنەوە، ئاسیاسێڵ، ڕەخنەی چاودێر.. زۆرینەشیان پێن کڵەپی کوردی (یانەی قەڵەم) کردوونی.

 

* تۆ لە عێراقەوە هاتووی.. گەیشتوویتە ئامانجەکەت، یان جارێ بەڕێوەی؟

توانا ئەمین: من لە عێراقەوە نا لە کوردستانەوە هاتووم، چەندساڵێک لەوەبەریش لێرە (لەسوید) بووم، بەڵام ئەمجارە وەک خوێندکارێک لێرە میوانم.. بۆمن بەگشتی ئامانج خۆدی ئامانج خۆیەتی.. یادت دەخەمەوە؛ بەرگریکردن لە کەرامەتی ئینسانییمان وەک کۆمەڵێ مناڵی بەجێماو لەم دونیا خەراپەدا، بۆمن ئامانجەکەیە.

 

 

سازدانی:  Tamás Gergely

لە سویدییەوە: ڕێگا ڕەووف

———————————-

سەرچاوە:

ماڵپەڕیNationalbibliotek ی سویدی

http://www.interbib.se/default.asp?id=84687&ptid=4035

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.