گفتوگۆ لەگەڵ ئەنوەر قادر محەمەد
پرسی نووسه‌ری كورد و ترس له ڕه‌خنه
پ 1 – به‌گشتی بیركردنه‌وه‌ی كورد و هه‌ڵوێستی له ڕه‌خنه چۆنه ؟ ئایا پرۆسه‌یه‌كی فه‌رهه‌نگی و ژیاریی وا بایه‌خدار و گرنگ له كولتووری كوردیدا چۆن سه‌یرده‌كرێ ؟
وه‌ڵام _ ئه‌م پرسیاره ئه‌وه‌نده هه‌ڕاو و ئاڵۆزه كه سنووری خودی بابه‌ته‌كه‌ی ئێمه كه گفتوگۆیه ده‌رباره‌ی ” ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ” ده‌به‌زێنێت و ده‌چێته چوارچێوه‌ی هه‌ندێ زانسته‌وه كه من تێیاندا شاره‌زا نیم ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بته‌وێ وه‌ك مرۆڤێكی ئه‌م كۆمه‌ڵه به‌ساده‌یی لێی بدوێم ، ئه‌وه كولتووری كوردیش به‌شێكی لانه‌وازی ئه‌و جیهانه‌یه كه به‌ڕۆژهه‌ڵات یان دنیای سێ و تازه‌گه‌شه‌كردوو ناوده‌برێ ، كه ڕاستییه‌كه‌ی نایانه‌وێ و خاتری ده‌گرن كه ڕاسته‌وخۆ پێی بڵێن ” دواكه‌وتوو ! ”
ڕۆژهه‌ڵاتناسان _ واته ئه‌و ئه‌ورووپاییانه‌ی كه له كولتووری ڕۆژهه‌ڵات كۆڵیونه‌ته‌وه _ پێیان وایه كه ئێمه زیاتر سۆز زاڵه به‌سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتماندا و له بیروبۆچوونماندا كۆنكرێت نین . بێگومان ئه‌مه ڕایه‌كی ڕه‌هایه و به‌رپه‌رچیشدراوه‌ته‌وه، به‌ڵام – به‌ینی خۆمان بێ وه‌نه‌بێ شتێكی له‌ڕاستیش تێدا نه‌بێ -.
زۆر جار سه‌رنجدانی فه‌رهه‌نگی زمان یارمه‌تیمانده‌دا بۆ تێگه‌یشتن له چۆنیه‌تیی بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك ، چونكه له هه‌وه‌ڵ نیگادا وه‌ك كه‌ره‌سه‌یه‌كی بێلایه‌ن خۆی ده‌نوێنی ، به‌ڵام مرۆڤ ده‌توانێ شتێكی له‌سه‌ربنیات بنێ ، ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌و وشانه بكه‌ین كه هاوواتان یان نزیكن له وشه‌ی ” ڕه‌خنه ” وه كه ڕه‌نگه هێنده كۆن نه‌بن ، بۆ نموونه ؛ سه‌رزه‌نشت ، سه‌ركۆنه ، سه‌رودڵگرتن ….هتد هه‌ندێكیان له ” ڕه‌خنه ” توندترن و بۆنی نه‌رێنییان زیاتر لێ دێ . . … به‌كورتییه‌كه‌ی ده‌مه‌وێ بڵێم ؛ ئه‌وه‌ی ئه‌ورووپاییه‌كان پێی ده‌ڵێن ؛( تۆلێرانس) به‌كێشمانی و سنگفراوانی ، هه‌ڵوێستی یه‌كدی قبووڵكردن له كه‌سایه‌تیی ئێمه‌شدا لایه‌نی زاڵ نییه . كه ئاواش بین ، ئاسان نییه گوێڕایه‌ڵی ڕه‌خنه بین ، هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه ” ڕه‌خنه ” كه‌شمان وه‌نه‌بێ ئه‌وه‌نده بابه‌تی و بنیاتنه‌ربێ تا ئاسان وه‌ربگیرێ … ئه‌مه دوو دیوی دراوێكن … ئیتر ئه‌مه ئێوه ترس له ڕه‌خنه‌ی ناو لێ ده‌نێن یان چی … ڕه‌نگه هه‌ندێكی وه‌ك خۆبه‌به‌رزگرتن بنوێنێ له ئاست ڕه‌خنه‌دا به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی هه‌ر ترسانه لێی .
كولتووری كورد له‌لایه‌ن سه‌ركوتكه‌ران و داگیركه‌رانی وڵاته‌كه‌یه‌وه هه‌میشه هه‌وڵی پاكۆدان و سڕینه‌وه‌ی ته‌واوی له وجووددا دراوه و نموونه‌ی وا هه‌یه كه ویستراوه زمانه‌كه‌ی ته‌نانه‌ت له چاو زمانی دراوسێكانیشدا بێ بایه‌خ بكرێ ، ئه‌مه هه‌ر به دوژمنانییه‌وه نه‌وه‌ستاوه ، ته‌نانه‌ت بۆته به‌شێك له زه‌ین و هۆشی مرۆڤی كورد خۆشی . به‌ڵام ماڵی سه‌رئامه‌دانی وه‌ك جزیری و خانی و نالی و مه‌وله‌وی و گۆران و … هتد ئاوابێ كه له‌و تاریكستانه‌دا چرای گه‌ش و ئه‌به‌دییان هه‌ڵكردووه و به‌هه‌ق توانیویانه زمانی شیرینی كوردی بخه‌نه به‌ر سه‌نگی مه‌حه‌ك و گره‌ویش له مه‌یدانی “فه‌ساحه‌تدا ” به‌رنه‌وه . له‌لایه‌كی تریشه‌وه كۆمه‌ڵی ئێمه دووچاری ده‌یان ده‌رد و دیارده‌یه كه لێره‌دا ماوای قسه له‌سه‌ركردنیان نییه. به‌ش به حاڵی كه‌ش و هه‌وایه‌كی له‌م جۆره ، ده‌توانی بێ پرینگانه‌وه بڵێی زه‌مینه‌ی له‌بار و به‌پیت بۆ گه‌شونمای نه‌مامێكی به‌ر ئه‌و هه‌موو ڕه‌شه‌با و زریانه لای ئێمه نه‌بووه و نیشه .
پ 2 _ ئێستای ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت ؟ به‌لای تۆ وه ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیمان له چ ئاستێكدایه ؟
وه‌ڵام _ هه‌میشه و له هه‌موو شوێن و ڕۆژگارێكدا سه‌ره‌تا ئه‌ده‌بی داهێنان په‌یداده‌بێ ، دواتر هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێ و ده‌نرخێندرێ . هه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌سه‌ر مێژووی په‌یدابوونی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بخوێنیته‌وه ئاماژه به ڕاستییه‌ك ده‌كا ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ره‌خنه‌گره هه‌وه‌ڵه‌كان خوێنه‌ره زیره‌ك و زیت و بیرتیژه‌كان بوون كه ڕاوبۆچوونیان ده‌رباره‌ی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی هه‌بووه. دیارده‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێشیشه كه له ئه‌ده‌بی ئه‌ورووپاییدا دوای ئه‌و هه‌موو پێشكه‌وتنه ئێستا ڕێبازی وه‌ك ” تیۆریی وه‌رگرتن ” په‌یدابووه كه ده‌ورێكی بنه‌ڕه‌تی ده‌داته خوێنه‌ر نه‌ك هه‌ر وه‌ك ” وه‌رگری” ده‌ق ، به‌ڵكو وه‌ك ڕه‌خنه‌گر و به‌رهه‌مهێنیش . هه‌ر وشه‌ی ” كریتیك ” ی یۆنانی كه ” ڕه‌خنه ” ده‌گرێته‌وه ، به‌مانای ده‌رككردن و نرخاندنه.
ئه‌ده‌بی كوردی و ڕه‌خنه‌كه‌شی له‌چاو ته‌نانه‌ت هی دراوسێكانیشماندا لانه‌وازه و زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند نییه، هه‌روه‌ك ئه‌ده‌بی گه‌لانی تریش ئه‌ده‌بی داهێنانه‌كه‌ی له ڕه‌خنه‌كه‌ی له‌پێشتره . لێره‌دا ته‌نانه‌ت زۆر به‌په‌له و سه‌رپێیش ده‌رفه‌تی باسكردنی سه‌ره باسه‌كانی ” ڕه‌خنه ” مان نییه كه به شێوه‌ی كرۆنیك و به‌دوای یه‌كدا لێی بدوێین . پێش وتار و كتێب و لێكۆڵینه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ییش ، زۆر جار شاعیران له توێی شیعره‌كانیاندا بیر و بۆچوونی ڕه‌خنه‌ییان هه‌بووه ، هه‌ریه‌ك له شاعیره ناودار و داهێنه‌ره‌كانمان بگری به‌رهه‌می خۆی یان هی شاعیرانی تری هه‌ڵسه‌نگاندووه ، لات سه‌یرنه‌بێ كه من تۆژینه‌وه‌یه‌كم ده‌رباره‌ی شیعری هه‌ورامی كردووه به‌تایبه‌تی لای مه‌وله‌وی بێجگه له هه‌ندێ زاراوه‌ی ڕه‌خنه‌یی ، بیرۆكه‌ی ” ده‌قئاوێزان ” یشی به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان تێدایه . له ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا به‌تایبه‌تی له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه وتار و نامیلكه و كتێب له مه‌یدانی مێژووی ئه‌ده‌ب و ئه‌ده‌بناسیدا په‌یدابوون كه به‌شێكیان ده‌كرێ به‌بابه‌تی ڕه‌خنه‌ییان بزانین .
ئه‌گه‌ر هه‌ندێ قۆناغ جێبهێڵین و وه‌ك وه‌ڵامی ڕاسته‌وخۆی پرسیاره‌كه‌ت باسی ئێستا بكه‌ین ، ئه‌وا ده‌بێ ڕاشكاوانه نه‌ك ته‌نیا له ڕه‌خنه به‌ڵكو له باری ڕۆشنبیریی كوردستانی باشوویش تۆزێ بدوێین . پێشه‌كی ده‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم كه هه‌میشه ئه‌وه‌ی به‌ئیستیلاح پێی ده‌ڵێن ” گشتگیری ” به‌و مانایه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی هه‌یه به یه‌ك چاو سه‌یری بكه‌یت و خه‌تی ڕاست و چه‌پ به‌سه‌ر هه‌موویدا بهێنی ئه‌وه ڕاست نییه و هه‌رگیز نابێته ڕایه‌كی به‌جێ و بابه‌تی ، به‌ڵام هه‌مووشمان هه‌ر باسی ” پاشاگه‌ردانی و بێسه‌روبه‌ری و زۆروبۆری و …هتد ” ده‌كه‌ین . دیاره ئه‌وه‌ش له‌خۆیه‌وه و بێ بنه‌ما نییه . ئه‌وه‌نده‌ی شاعیر و نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس و بیرمه‌ند و چی و چی له‌م هه‌رێمه هه‌ن ، باوه‌ڕناكه‌م لای گه‌لانی دراوسێشمان هه‌بن كه له ئێمه زۆرترن ، قه‌یناكه جاران كولتووری كورد ده‌رفه‌ت و ماوای نه‌بووه و هه‌وڵی له‌ناوبردنی دراوه ، به‌ڵام ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نییه ئێستا هه‌موو كه‌س ده‌سبداته قه‌ڵه‌م . با ده‌ستی بداتێ ، به‌ڵام چۆن ؟ ئه‌ی نابێ توانایه‌ك ، پاڵنه‌رێك ، چووزانم ” نووزه‌یه‌ك” له‌خۆیدا شكبه‌رێ ، نابێ خۆی پێبگه‌یه‌نێ و ته‌یار بكا و زمانه‌كه‌ی خۆی و به‌لای كه‌مه‌وه زمانێكی تر بزانێ و سه‌ر له‌بابه‌ته‌كه ده‌ربكا ، ئه‌ی چۆن ؟!
ئێمه له حه‌فتاكاندا عه‌ره‌بی سه‌رچاوه‌ی ڕۆشنبیریمان بوو ، تیاماندا هه‌بوو به چاكیش پێی ده‌نووسی ، هه‌ش بوون ، له‌گه‌ڵ عالیجه‌نبیشیاندا ئه‌وساش و ئێستاش هه‌ر باش نایزانن .. به‌كوله‌مه‌رگی پێیان ده‌خوێنده‌وه . به‌ڵام ئه‌وانه‌ی خه‌ریكی نووسین بوون ، بێگومان ، سه‌رجه‌م كوردییه‌كی خراپیان نه‌ده‌زانی … ئه‌وانه‌ی كه پێم وایه ئێستاش به‌عه‌ره‌بی ده‌خوێننه‌وه و سه‌رچاوه‌ی ڕۆشنبیرییان عه‌ره‌بییه ، هه‌ر چه‌نده هه‌ندێكیان له ئه‌ورووپاش ده‌ژین و ده‌ڵێن ” دوو سێ زمانی ئه‌ورووپایی فێربوون ” ، من ڕه‌نگه ئاگام لێ نه‌بێ ، به‌ڵام نه‌مبیستووه بتوانن ته‌نیا لاپه‌ڕه‌یه‌ك به عه‌ره‌بی بنووسن ..ئه‌وه زمانه‌كانی تر هه‌ر نه‌یسا !.زۆر جار ئه‌وه به‌كه‌موكووڕی بۆ ئه‌دیبانی پێشتر له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێ ، كه گوایه هه‌ر خه‌ریكی ئه‌ده‌ب بوون ، بێگومان ئه‌دیب ده‌بێ سه‌رچاوه فیكری و هونه‌رییه‌كان بخوێنێته‌وه و سوودیان لێ وه‌ربگرێ و له ئاستێكی پێویستدا شاره‌زایان بێ ، به‌ڵام نه‌ك بێت و وه‌ك ” پیره‌ژنه‌كه‌ی له‌مه‌ڕ یوسف به چنگێ په‌تكه‌وه ” خۆیمان لێ بكا به ده‌روونناس و كۆمه‌ڵناس و بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووف و ڕه‌حمێكیش به ئه‌ده‌به‌كه بكا و پێیه‌كیشی له‌ملا بێ ! ئاخر ئه‌وه‌ی ئه‌ورووپای دیبێ و به‌ڕاستی تێیدا ژیابێ ، ده‌زانێ له‌وێ توور و شێلم چاندنیش میتۆد و زانینی خۆیان هه‌یه چ جای ده‌مڕاستیكردن له بابه‌ته قورس و ئاڵۆزه‌كانی وه‌ك فه‌لسه‌فه و سۆسیۆلۆجی و سایكۆلۆجی و …هتد هیچ عه‌یبێكی تێدا نییه هه‌ندێ بابه‌ت ده‌بێ به‌ده‌رس و سیستیماتیك له ناوه‌نده مه‌دره‌سییه‌كاندا بخوێنرێن ! من لێره‌دا باس له‌بلیمه‌ت و كه‌سانی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌ورووپاییه‌كان پێی ده‌ڵێن ؛ ” جێنیس” ناكه‌م و پێش تۆزی باسی ئه‌وه‌م كرد كه ده‌ستدانه نووسینیش توانا و به‌هره‌و مه‌رجی خۆی هه‌یه و به‌تایبه‌تیش بۆ نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گر پێوستن . با قسه‌كه‌م ناكۆك نه‌یه‌ته پێش چاو ، ئاگا له‌بابه‌ت بوون و خۆكردن به‌بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووف وده‌روونناس و كۆمه‌ڵناس و چی ناس و … دوو شتی جیاوازن . نووسه‌رانی گه‌لانی تر كه خۆیان بۆ ئه‌ده‌ب ته‌رخانكردووه به گشتی هه‌ر خۆیان به ئه‌دیب ده‌زانن ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زیاتر له ئێمه ده‌زانن له‌و بوارانه‌ی تریشدا كه هه‌ندێ لای ئێمه خۆیانی پێوه ده‌ناسێنن .
ئه‌وه‌ی من ئاوا به‌په‌له و ڕاگوزاری لێی دوام ئاماژه‌یه‌كه بۆ ” پاشاگه‌ردانییه‌كه ! ” كه به‌لای منه‌وه نه‌ك به‌شێكی ڕه‌خنه به‌ڵكو خودی ئه‌ده‌به‌كه‌ش ده‌گرێته‌وه ، چونكه ته‌نانه‌ت لای گه‌لانی دراوسێشمان به‌گشتی دادوبێدادی نه‌بوونی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی باشیانه و مرۆڤ بۆ خودا‌ش بڵێ ، ئه‌ده‌به‌كه‌یان له هه‌ندێ بابه‌تدا له ئاستێكی به‌رزدایه .
باشه بۆ خه‌می ئه‌م باره كولتووری و ئه‌ده‌بییه‌مان بێ ، ڕۆژگار خۆی گێژ و ته‌ته‌ڵه‌ی ده‌كات . ڕاسته ، به‌ڵام كه‌ی ؟ ئه‌م ئه‌ركه له ئه‌ستۆی هه‌مووانه . ڕه‌نگه لات سه‌یربێ ، ئه‌گه‌ر بڵێم ڕاستكردنه‌وه‌ی چه‌وتی و بێسه‌رووبه‌ریی و خراپ به‌كارهێنان و گه‌نده‌ڵیی ئیداره و ده‌سته‌ڵات ، ناڵێم ئاسانه ، به‌ڵام له سڕینه‌وه‌ی ئه‌م دیارده بێ بنه‌ما و درۆزنانه‌ی كولتووری كوردی ئاسانتره ، چونكه ئه‌میان ئیراده و میكانیزمێكی پێویسته ، به‌ڵام بۆ كولتووره‌كه به‌كێ ده‌كرێ بچێته مێشكی ئه‌و هه‌موو خوێنه‌ره‌وه به‌تایبه‌تی خوێندكار و لاوانێكی كه‌م ئه‌زموون و شاره‌زایی و ڕاستیی بارودۆخه‌كه‌یان تێبگه‌یه‌نێ و به‌بوێریی منداڵی چیرۆكه‌كه‌ی ( هانس ئه‌نده‌رسن ) ه‌وه ، بڵێ ؛ براله ! جلوبه‌رگه‌كه‌ی پاشا نه جوانه و نه‌ته‌ڕه‌ماش ، كوڕه ، هیچی له به‌ردا نییه و ڕووت و قووته ! ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ ، كه له‌ملاو له‌و لا تاك و ته‌را ئه‌دیبی داهێنه‌ر و ڕه‌خنه‌گر و لێكۆڵه‌ری باشمان نه‌بێ ، به‌ڵام زۆرینه ئه‌وانی ترن كه بینیان گرتووه و بۆ یه‌كتری ده‌سه‌ننه‌وه ، هه‌ش به سه‌رییه‌كه ئه‌مه‌یه !
پ 3 _ هۆی چییه ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیمان پێشناكه‌وێت و چی بكرێت بۆ پێشخستنی ؟
وه‌ڵام _ ئه‌وه‌ی كه یاسایه – هه‌رچه‌نده دوورنییه واش نه‌بێ _ ئه‌ده‌بی به‌رز زۆربه‌ی جار لێكۆڵینه‌وه و ڕه‌خنه‌یه‌كی به‌هێز دێنێته‌كایه ، ئه‌ده‌بی باڵای یۆنانی و لاتینی ” ئه‌ره‌ستۆ ، هۆراس ، ئه‌ده‌بی فه‌ره‌نسایی بۆیلیا و سانت –بیڤ ، ئه‌ده‌بی ئه‌ڵمانی باوگارتین و گۆته ، ئه‌ده‌بی ئینگلیزی سامۆئیل جۆنسۆن و كۆڵێریدج و ماتیۆ ئارنۆڵد و ئه‌ده‌بی ڕووسی بیلینسكی و دوبرۆلۆبۆڤ و گێرتسن و ئه‌ده‌بی ئه‌مه‌ریكاییش ئادگار ئالان پۆ و ئێمیرسۆن … یان هێنانه كایه ، نه‌وه دوای نه‌وه ئه‌م نه‌ریته گه‌شه‌ی سه‌ندووه و ئێستا چه‌رده‌یه‌ك میتۆدی چه‌سپاو و به‌سیستێم هه‌ن ، كه له وڵاتانی تریش په‌یڕه‌وده‌كرێن …. هه‌ر بۆ نموونه ؛ هیرمینیۆتیكا ، ڕوانگه‌ی ماركسیستی و كۆمه‌ڵناسانه‌ی ئه‌ده‌ب ، میتۆدی شیكاریی ده‌روونی و فۆرمالیستی و بونیادگه‌ری و دوابونیادگه‌ری و …هتد
ئاستی ئه‌ده‌بناسی به‌م گیانه‌وه كه باسمكرد له ئه‌ورووپا چۆنه ، لای ئێمه نه‌ك له دنیای نووسیندا به‌ڵكو له ئاستی زانكۆشدا _ كه دواتر باسیده‌كه‌م _ لاوازه . هۆی هه‌ره بنه‌ڕه‌تی نه‌بوونی میتۆده ، ئه‌وه‌ی لای ئێمه ده‌نووسرێ ، زۆربه‌ی هه‌ندێ بۆچوونی شه‌خسی و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌مه‌به‌ستێكی ڕاستگۆیانه و بابه‌تیش بێ ، له هه‌ندێ سه‌رنج و ڕای پرژوبڵاو و بێ پلان _ تێناپه‌ڕێ ، با باسی ده‌سیاوی و ناسیاوی و تاقم تاقمێنه نه‌كه‌ین ، یان به‌خشینه‌وه‌ی خه‌ت و ئه‌ستێره و تاج و له‌قه‌بی پووچ و بێبنه‌مای ئه‌ده‌بی كه مرۆڤ به‌بیستنیان شه‌رمدایده‌گرێ و له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا ئه‌وه‌ی تێیدا نه‌بێ بابه‌تیبوون و خزمه‌تكردنی ئه‌ده‌به‌كه‌یه . له دنیای نووسین و ئه‌ده‌بی كوردیدا ، زۆر به داخه‌وه ، سیستێمێكی ناقۆڵای ناسیستێم كه بنه‌مایه‌كی بۆشی كۆلكه خوێنده‌وارانه‌ی هه‌یه ، ئێستا باو و باڵا ده‌سته و ڕۆژگارێكی ده‌وێ تا باری رۆشنبیریی كورد ده‌هێنرێته‌وه سه‌ر سكه‌و ڕێگایه‌كی ڕاست .
ئه‌مانه هه‌ندێ بوون له‌و هۆیانه‌ی كه ده‌وریان له دواكه‌وتن و گه‌شه‌نه‌سه‌ندنی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیماندا هه‌ن . كه‌سانێك ده‌توانن ڕه‌خنه پێشبخه‌ن كه پاشخانێكی كولتووری باشیان هه‌بێ و زمانی زیندوو بزانن و به‌هره‌یه‌كی چاكی هه‌ڵسه‌نگاندن و نرخاندنیان هه‌بێ ، ئه‌وه‌ی ئاوا بێته پێشه‌وه ده‌توانێ پرۆسه‌ی ڕه‌خنه‌ی جددی به‌ره‌و پێشه‌وه به‌رێ .
پ 4 _ په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تیی نێوان ئه‌دیبان و ڕه‌خنه‌گران ، مه‌سه‌له‌ی دڵڕاگرتن و دۆستایه‌تی ، نه‌یاری و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م جۆره په‌یوه‌ندییانه له پرۆسه‌ی ڕه‌خنه‌ییدا چۆن ده‌بیینی؟
وه‌ڵام _ ئه‌و شتانه‌ی كه باسمانكرد هه‌موویان پابه‌ندی یه‌كدین ، ڕه‌خنه‌ش له‌و كه‌ش و هه‌وایه‌دا له‌دایكده‌بێ و ئه‌وه‌ی زاڵده‌بێ ئه‌و ڕه‌وشه‌یه . من نامه‌وێ بچمه هه‌ندێ ورده‌كاریی شه‌خسی و بانگه‌شه بۆخۆكردنی ئه‌دیبان و به‌رتیل و پیاهه‌ڵدانی بێبنه‌ما و زلكردنی خه‌یاڵیی ئه‌م و ئه‌و له‌لایه‌ن هه‌ندێ ” ده‌ف ودایه‌ره ” وه ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌شم به‌ده‌سته‌وه بێ كه نیمه پێم وایه دیارده‌ی دزێوی له‌و جۆره ده‌بێ ڕووی ده‌ركه‌وتنی له گفتوگۆیه‌كی دڵسۆزانه و جددی وه‌ك ئه‌مه‌ی ئێمه‌دا نه‌بێ ، به‌ڵام خۆشت ده‌زانی له‌و ده‌وروبه‌ر و كۆڕه ئه‌ده‌بییانه‌دا ” قسه‌و قسه‌ڵۆك ” نه‌ك هه‌ر لای ئێمه له دنیادا هه‌ن . شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و كوڵك و مووه هیچ كارێكی جددی لێ په‌یدانابێ .
ڕه‌خنه‌ی ڕاسته‌قینه و بابه‌تی و دڵسۆزانه چه‌ندێ ڕه‌ق و جه‌رگبڕیش بێ ، له مێژوودا هه‌ر جێگای خۆی ده‌گرێ ، له ئه‌ده‌بی جیهانی و به‌تایبه‌تی ڕووسیدا تا ئێستاش باس له‌و نامه‌یه‌ی ڤ. گ. بیلینسكی ده‌كه‌ن كه بۆ نووسه‌ری ناودار ن. ڤ . گۆگۆلی نووسیوه ، هه‌ر به ناوی ؛ ” نامه‌یه‌ك بۆ گۆگۆل ” وه. شایانی باسه بیلینسكی یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی كه به‌رز به‌رهه‌مه‌كانی گۆگۆلی نرخاندووه ، به‌ڵام كاتێ گۆگۆل تووشی شاڵاوێكی توندی ده‌سته‌ڵات بووه‌وه له دوای بڵاوبوونه‌وه و ڕانانی ” ریڤیزۆر _ پشكنه‌ر ” پاشه‌كشه‌ی له‌و گیانه ڕه‌خنه‌گرییه‌ی كرد‌و تووشی كێشه‌یه‌كی ڕوحی بوو و بانگه‌شه‌ی پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ده‌كرد له به‌رهه‌مه ناوداره‌كانی پێشووی . بیلینسكی ئه‌و نامه‌یه‌ی بۆ ده‌نووسێ و ڕه‌خنه‌یه‌كی توندی لێ ده‌گرێ و پێی ده‌ڵی ؛ ” تۆ ئێستا له‌و دوورییه جوانه‌ته‌وه سه‌یری ڕووسیا ده‌كه‌یت و ئازار و كێشه‌كانی نابینی .” ئه‌م ڕه‌خنه‌یه‌ی بیلینسكی هیچ مه‌سه‌له‌یه‌كی شه‌خسی نه‌بووه ، به‌پێچه‌وانه‌وه بیلینسكی ده‌ربه‌ستی قه‌ڵه‌مه تیژه ڕه‌خنه‌گر و كاریگه‌ره‌كه‌ی ن. ڤ . گۆگۆل بوو چونكه ڕووسیا پێویستی پێی بوو .
بێگومان هاتنه‌كایه‌ی ڕه‌خنه‌یه‌كی ئاوا كه پێداهه‌ڵدان یان ناوزڕاندن و شكاندن نه‌بێ بێجگه له لایه‌نه زانستییه‌كه‌ی پێویستی به لایه‌نه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ش _ به هوشیاری و ئاستی ئه‌خلاقی و نه‌ریتی شارستانیانه هه‌یه .
پ 5 _ ئایا ده‌وری زانكۆ له په‌ره‌دان به ڕه‌خنه و پێگه‌یاندنی ڕه‌خنه‌گراندا چۆنه ؟ ئاخۆ زانكۆ توانیویه‌تی ئاستێكی زانستیی باشی ڕه‌خنه‌یی بهێنێته‌كایه ؟ یان ڕه‌خنه‌گرا نی كورد له ده‌ری زانكۆكانن ؟
وه‌ڵام _ پێشه‌كی ده‌مه‌وێ ئاماژه بۆ ئه‌وه بكه‌م كه نه‌ك هه‌ر لای ئێمه به‌ڵكو له گشت شوێنێك ” دنیای نووسین و ڕۆژنامه‌نووسی ” و ” دنیای ئه‌كادیمی – زانكۆیی ” جیاوازییان هه‌یه و هه‌ر لایه‌نه و چه‌رده‌یه‌ك تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه ، هه‌رچه‌نده ئاساییشه كه هه‌ندێ هێڵ و بواریان ئامێته‌ی یه‌ك ده‌بن و كار له یه‌كدی ده‌كه‌ن یان جاری وا هه‌یه كه‌سێك پسپۆڕی ئه‌و دوو بواره‌یه و له هه‌ردووكیشیاندا كارده‌كات ، به‌تایبه‌تی له وڵاتانی وه‌ك هی ئێمه‌دا . خۆ له ئه‌ورووپاش زانكۆ كادری ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌نووسی به هه‌موو بواره‌كانییه‌وه پێده‌گه‌یه‌نێ . به‌ڵام سیستێمی كاركردن به حوكمی پسپۆڕییه‌كان جیاوازن .
یه‌كێك له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی كه كاری زانستی و نووسین لێك جیا ده‌كاته‌وه ، پابه‌ندبوونی سه‌ختی كه‌سی ئه‌كادیمییه به چه‌رده‌یه‌ك یاسا و ڕێسای زانستییه‌وه ، كه نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس له‌م لایه‌نه‌وه زیاتر له كاریاندا ئازادن ، دیاره مه‌به‌ست له ئازادی چۆنیه‌تیی لێكۆڵینه‌وه و نووسینه له چاو ئه‌و كار و توێژینه‌وانه‌دا كه له زانكۆكاندا ده‌كرێن . هه‌ر له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كه‌وه بیگره تا نامه‌ی ماجستێر و دوكتۆرا و پاش دوكتۆرا ….
من نامه‌وێ درێژه به‌م لایه‌نه بده‌م و یه‌كسه‌ر ده‌چمه سه‌ر باسه‌كه – ” ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ” . دیاره ڕه‌خنه‌ش وه‌ك بابه‌تێك كه له به‌شه‌كانی ئه‌ده‌ب و زماندا ده‌خوێندرێت له‌سه‌رجه‌می ئاستی خوێندنی ئه‌و كۆلیجه یان زانكۆیه جیاناكرێته‌وه. هه‌موو كه‌س له نزمبوونه‌وه‌ی ئاستی زانستیی زانكۆكانی وڵات ده‌دوێت ، ئه‌مه ڕوون و ئاشكرایه ، به‌ڵام له ڕاستی و سه‌ره‌تای كاردا ئه‌م ئاست نزمییه بۆ سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی پێش زانكۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه. هه‌رچه‌نده ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ كه له زانكۆدا هه‌ر له وه‌رگرتنی خوێندكاری به‌كالۆریۆسه‌وه تا خوێندنی باڵا كۆمه‌ڵێ كێشه‌ی هه‌مه جۆر نین كه كۆسپن له ڕێگای به‌ره‌و پێشه‌وه چوونی ئاستی خوێندنی زانكۆدا .
با بێینه‌وه جه‌م نووسه‌ر و نووسین لای خۆمان . دیاره به‌شی هه‌ره زۆری شاعیر و نووسه‌رانمان جاران مه‌لا و فه‌قێكان بوون ، بێ ئه‌وان و به‌رهه‌میان ، ئه‌ده‌بی كوردی _ به ته‌مه‌نی نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌كی په‌یدابوونی قوتابخانه‌ی تازه‌وه كه گه‌لێ له مامۆستایانی ئێره‌ش هه‌ر مه‌لا بوون _ ئه‌و به‌هاو ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ی نیه. زۆربه‌ی زۆری نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسانمان ئه‌وانه و كه‌سانی خۆپێگه‌یه‌نه‌ر بوون دوور له‌نێو چوارچێوه‌ی دیواره‌كانی زانكۆ . ئه‌گه‌ر به‌راوردێكی ئه‌م چه‌ند به‌ڵگه‌یه و ئه‌ده‌به‌كه‌مان به ڕه‌خنه‌كه‌شییه‌وه له‌گه‌ڵ سیستێمی چه‌ند سه‌دساڵه‌ی زانكۆكانی ئه‌ورووپا و ئه‌و هه‌موو میتۆده تۆكمه‌و جیایانه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌وان بكه‌یت و خۆتی لێ نه‌بان نه‌كه‌یت ، ده‌زانی كه جیاوازیی ئاسته‌كه ئاسمان و ڕێسمانه .
ئه‌مه مه‌سه‌له‌ی ڕه‌شبینی و گه‌شبینی نییه و واقیعه‌كه وه‌هایه . من ناشڵێم هه‌رگیز چاك نابێ ، به‌پێچه‌وانه‌وه ورده ورده هه‌ندێ تاڵه تیشك له‌ملا و له‌ولا ده‌رده‌كه‌ون ، به‌ڵام وه‌ك هه‌موو دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی پێویستی به‌كات و پلان و ته‌رخانكردنی بوودجه‌ی زه‌به‌لاحه له هه‌موو ئاسته‌كانی خوێندندا .
ئاخۆ ئێستا زانكۆ ئه‌وه‌نده له دنیای ئه‌ده‌ب و ڕۆژنامه‌گه‌ری و نووسینه‌وه دووره ؟ ئێستا ئه‌وه‌شی كه ده‌نووسێ و ڕۆژنامه‌وانه ، زۆربه‌یان ده‌رچووی زانكۆن . كه‌واته ئه‌و مه‌سافه‌یه‌ی جاران – به‌هۆی هه‌ندێ جیاوازییه‌وه كه باسمانكرد _ هه‌بوو ئێستا نه‌ماوه . هه‌ندێ كه‌س خه‌ریكی نووسینن با ئه‌ده‌ب و زمان و زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كانیشیان نه‌خوێندبێ ، زۆربه‌یان هه‌ر ده‌رچووی زانكۆن . كه‌واته ئێمه بۆ ئاوه‌ها ڕه‌خنه‌گر دابه‌شكه‌ین به‌سه‌ر دوو سه‌ربازگه‌دا ؟ بۆ له‌ناو هۆڵه‌كانی خوێندندا هه‌موو خوێندكاره‌كان وه‌ك یه‌ك به‌توانان و هه‌مان به‌پیره‌وه‌چوونیان هه‌یه بۆ بابه‌ته‌كان ؟ هونه‌ر – ئه‌ده‌ب مه‌یدانێكن كه تاك ده‌ورێكی بنه‌ڕه‌تی تێیاندا هه‌یه . ئه‌ی بۆ باسی به‌هره ئه‌وه‌نده‌ی لێره بنه‌ڕه‌تییه له هیچ مه‌یدانێكی زانست‌دا به‌و شێوه‌یه جه‌ختی له‌سه‌ر ناكرێ ؟
زانكۆ ده‌توانێ هه‌ر شته بنه‌ڕه‌تی و هێڵه گشتییه‌كانی پسپۆڕیی بدا به خوێندكار ، دیاره مه‌به‌ستم له‌م بابه‌ته‌یه كه باسیده‌كه‌ین ، ئیتر ئه‌وه‌ودوای ده‌كه‌وێته سه‌رخۆی . له‌سیستێمه پێشكه‌وتووه‌كانی خوێندنیشدا هه‌ر چه‌ند كه‌سێ له‌پێشی پێشه‌وه‌ن ، به‌ڵام قوتابی له‌وێ ده‌بێ بایی ده‌رچوون فێرببێ ، ئه‌ینا پله‌ی زانستی وه‌رناگرێ . ڕاستییه‌كه‌ی كون و كه‌له‌به‌ری زۆری خوێندنی زانكۆ بابه‌تی گفتووگۆكه‌ی ئێمه نییه ، بۆیه له‌سه‌ری ناڕۆم .
له كۆتاییدا و له‌وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا كه ئاخۆ ڕه‌خنه‌گر له ناو زانكۆدایه یان له ده‌ره‌وه‌ی ؟ من ئه‌وه لام گرنگه كه ئه‌و “ڕه‌خنه ” ی نووسراوه چۆنه ؟ نووسه‌ره‌كه‌ی یاساوڕێسای ئه‌و ئه‌ركه‌ی گرتۆته ئه‌ستۆ كه ده‌رباره‌ی ده‌نووسێ ؟ میتۆدی هه‌یه یان نه‌و ؟ ئیتر لام گرنگ نییه ئه‌و كه‌سه مامۆستای زانكۆ ، نووسه‌ره یان كه‌سێكی دیكه‌یه .
ئێستا له ئه‌ده‌بناسیدا هه‌ندێ لقی زۆر بنه‌ڕه‌تی هه‌ن كه پێویسته ئه‌وه‌ی ده‌ستده‌داته تۆژینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی بیانزانی و شاره‌زایان بێ ، مه‌به‌ستم له ؛ مێژووی ئه‌ده‌ب ، تیۆریی ئه‌ده‌بی و ئیستێتیكا و خودی ڕه‌خنه خۆشیه‌تی . ئه‌گه‌ر ڕاستت ده‌وێ ، له‌م بابه‌تانه‌دا ئێمه لاوازین و میتۆدی نووسینیشمان تۆكمه و به‌هێز نییه ، گه‌لانی پێشكه‌وتوو له قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌كاندا منداڵه‌كانیان فێری لۆجیك و موناقه‌شه و مه‌شقكردن له‌سه‌ر نووسین ده‌كه‌ن .
به كورتییه‌كه‌ی ، هه‌رچه‌نده درێژه‌شمدایه ، ئێمه له بارێكی ئاڵۆزی تێكچڕژان و چه‌ند لایه‌نه‌داین ، ئه‌و په‌یوه‌ندی و كرانه‌وه‌یه‌ی له‌دنیادا هه‌ن ده‌رفه‌تی گۆشه‌گیری و له‌خۆدا چرووسانه‌وه‌یان زۆر سنوورداركردووه ، دڵنیام ئه‌و نه‌وانه‌ی كه ماوای خوێندنێكی هاوچه‌رخانه‌یان بۆ ده‌لوێ ، ده‌توانن لایه‌نه پرشنگداره‌كانی ئه‌وه‌ی تا كاتی ئه‌وان به‌دیهاتووه گه‌شه‌پێبده‌ن و به توانا و به‌هره‌ی ڕه‌سه‌ن و به‌بنه‌مایان لاپه‌ڕه‌ی نه‌مر بخه‌نه سه‌ر ئه‌ده‌به‌كه‌یان و ڕه‌خنه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ش وه‌ك هی گه‌لانی پێشكه‌وتوو لێره بهێننه‌كایه و سوپاسسیش بۆ ئێوه و ئه‌م هه‌ل ڕه‌خساندنه .