گه‌شت و پێناسین … محه‌مه‌د كوردۆ
له ڕۆمانی دوو ڕوو-ی حه‌وادا كه ئامریتا بریتام نوسیویه‌تی ڕسته‌یه‌كی زۆر جوان هه‌یه، ئامریتا له زاری پاڵه‌وانی سه‌ره‌كیی ڕۆمانه‌كه‌یه‌وه ده‌ڵێت: ((چه‌ند به‌خته‌وه‌رن ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌توانن دڵیان به شتی بچوكیش خۆش بێت)). یه‌كێك له ڕۆژه خۆشه‌كانی ژیانی من، كه هۆی دڵخۆشییه‌كه‌م شتێكی بچوك بوو، ئه‌و ڕۆژه بوو كه له ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكاندا، ژماره (8) ی ساڵی 1973 ی گۆڤاری به‌یانم ده‌ست كه‌وت. ئه‌و ژماره‌یه ته‌رخان كراوه بۆ شیعر و شیعری زۆرێك له شاعیره دیار و باش و نوێخوازه‌كانی ئه‌و كاته‌ی تێدایه. به‌شێكی گه‌وره‌ی دڵخۆشی من به‌و گۆڤاره ئه‌وه بوو، كه له‌وێدا بۆ یه‌كه‌مجار وێنه و ژیاننامه‌ی چه‌ند شاعیرێكی حه‌فتاكانم بینی. ئه‌و كاته من له‌سه‌ره‌تاكانی خوێندنه‌وه و نوسیندا بووم و وه‌ك زۆرێك له هاوسه‌رده‌مه‌كانی خۆم، شاعیرانی حه‌فتا یان شاعیری حه‌فتاكانم به‌و جیهانه ئه‌فسوناوییه ده‌زانی كه پێم وا نه‌بوو به‌بێ ناسین و به‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ جوانییه‌كانییدا، بتوانم به جێیه‌ك بگه‌م كه خه‌ونم پێوه ده‌بینی. ده‌ستكه‌وتنی هه‌ر كلیلێك، با كلیلی ده‌رگا و ژوورێكی زۆر بچوكیش بووبێت له‌و جیهانه‌دا، زۆر دڵخۆشی ده‌كردم. ئه‌و ژماره‌یه‌ی گۆڤاری به‌یان یه‌كێك له‌و كلیلانه بوو كه زۆر زۆر دڵخۆشی كردم. هه‌ر له هه‌شتاكاندا ئه‌و كلیله‌م فه‌وتا و نه‌یشمزانی كێ بردی و بۆچی بردی و له‌به‌رچی بۆی نه‌هێنامه‌وه؟ له نه‌وه‌ده‌كاندا جارێكی دی لای هاوڕێم حه‌سه‌ن هه‌ڵه‌بجه‌یی، خاوه‌نی كتێبخانه‌ی شێخ ڕه‌زا، ئه‌و كلیله‌م ده‌ست كه‌وته‌وه و له‌و یه‌ك دوو ساڵه‌ی پێشوودا دیسان فه‌وتا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێكی دیكه‌ی دڵخۆشی من به‌و گۆڤاره، ناسینی سه‌لام محه‌مه‌د بوو كاتێ ویستم ئه‌م چه‌ند وشه‌یه‌ی له‌سه‌ر بنوسم، به سوپاس و پێزانینه‌وه نوسخه‌یه‌كی ئه‌و كلیله‌م به ئه‌مانه‌ت له هاوڕێی شاعیرم سه‌باح ڕه‌نجده‌ر وه‌رگرت. له‌و ژماره‌یه‌ی گۆڤاری به‌یاندا بۆ یه‌كه‌مجار شیعرێكی سه‌لام محه‌مه‌دم به ناونیشانی (گه‌شت و پێناسین) بینی و به‌لایشمه‌وه یه‌كێك له جوانترین شیعره‌كانی ئه‌و ژماره‌یه بوو. ئێستایش كه دوای ساڵانێكی زۆر ته‌ماشای شیعره‌كانی ئه‌و ژماره‌یه‌ی گۆڤاری به‌یان ده‌كه‌مه‌وه، هه‌مان بڕوام هه‌یه، شیعره‌كه‌ی سه‌لام محه‌مه‌د به یه‌كێك له جوانترین شیعره‌كانی ئه‌و ژماره‌یه ده‌زانم. یه‌كه‌مین شتیش كه خه‌یاڵی بزواندم و بۆ ئه‌و كاته‌ی من، كه هێشتا ته‌مه‌نم نه‌گه‌یشتبووه 20 ساڵ، جێی دڵخۆشی بوو، ئه‌وه بوو كه سه‌لام محه‌مه‌د له هه‌موو شاعیره‌كانی ئه‌و ژماره‌یه‌ی گۆڤاری به‌یان منداڵتر بوو. سه‌لام ئه‌و كاته ته‌منی 19 ساڵ بووه، ئه‌وه كه منداڵترینی نێو پۆلێك شاعیری به توانا، شیعرێكی به‌و هه‌موو جوانییه‌وه نوسیوه، زۆر دڵخۆشی ده‌كردم و بڕوایه‌كی قوڵی پێده‌به‌خشیم كه ده‌كرێت منیش، با ته‌مه‌ن و ئه‌زموونیشم زۆر نه‌بن، شیعری جوان بنوسم. ئه‌و هه‌سته هێزێكی روحیی گه‌وره‌ی به من ده‌به‌خشی. ئه‌وه‌ی له‌و كاتانه‌دا به گشتی له ناو شاعیرانی حه‌فتاكاندا چاوی خوێنه‌ری ده‌دزی و ئیشتیهای خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیانی ده‌كرده‌وه، مه‌سه‌له‌ی نوێخوازی و یاخیگه‌رێتی بوو. ئه‌وان له به‌یاننامه و پێشه‌كی كتێبه‌كانیان و له كۆڕوكۆبوونه‌وه و دیداره‌كانیاندا باسی تێپه‌ڕاندن و جێهێشتنی قۆناغی گۆرانیان كردووه. ئه‌و كاته خوا و شاره بچكۆله‌كه‌مانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و بانگه‌وازی ڕوانگه، زۆرترین مشتومڕیان دروست كردووه. فه‌رهاد شاكه‌لی-ش كه ئه‌و كاته به ناوی ئه‌نوه‌ر شاكه‌لییه‌وه ده‌ینوسی، به‌وه‌ی له پرۆژه‌ی كوده‌تایه‌كی نهێنی-دا كه یه‌كه‌مین دیوانێتی ، باسی جێهێشتنی قۆناغی گۆران و ده‌ستپێكردنی قۆناغێكی نوێی له شیعری كوردیدا كردووه، دیسان مشتومڕێكی زۆری دروست كردووه. سه‌لام محه‌مه‌دیش له‌و شیعره‌دا و وه‌ك جۆرێك له بانگه‌وازێكی ناوه‌كیی ڕایگه‌یاندبوو كه له نوێخوازانی شار یاخییه. سه‌لام له‌وێدا گوتبووی:
((ده‌رچووم له شار..
ده‌رچووم له شار
ئه‌ی لاوه‌كان…
له‌سه‌ر بیابانی چاوتان، تۆماری كه‌ن
منم ڕوبار..
تۆماری كه‌ن: یاخیم له نوێخوازانی شار)).
هه‌ر له‌و شیعره‌دا جۆرێك له یاخیبوون و ڕه‌خنه‌ی توند له دڵداره‌كانی شار و له كیژۆڵه‌كان و له پێشڕه‌وه‌كان هه‌یه:
((ئاگادار بن… دڵداره‌كانی ئه‌م شاره ترسنۆكن
ئاگادار بن
ئاگادار بن، ئا ئه‌م شاره بێ دڵداره
ئا ئه‌م شاره.. ئاسمانێكه بێ باڵداره!!…)).
((چوومه ناو شار..
پێشڕه‌وه‌كان له ناو لێشاوی چه‌پڵه‌دا..باوێشك
ئه‌ده‌ن
ده‌سته.. ده‌سته، كیژۆڵه‌كان..
بۆ سێبه‌ری كۆشكی ئاغا كڕنوش ئه‌به‌ن !!))
جگه له‌وه، سه‌لام له‌و شیعره‌دا چه‌ند پارادۆكس و هاودژ و پێچه‌وانه‌یه‌كی پێكه‌وه كۆكردۆته‌وه و وه‌زیفه‌ی تازه‌ی پێبه‌خشیوون كه له ڕووی شیعرێتییه‌وه ده‌قه‌كه‌یان بردۆته ئاستێكی باڵاوه. سه‌لام له‌و شیعره‌دا سه‌ره‌تا به گوێسوانه‌ی مزگه‌وتی یاخیبوونه‌وه هه‌ڵده‌واسرێت، پاشان ده‌بێت به شه‌یتان و به دوای گۆڕستانێكی بێ مردوودا ده‌گه‌ڕێت. وێڵی دوای پێغه‌مبه‌رێكه ته‌ختی خوایه‌كی نیشان دات ڕاپۆرته‌كانی وه‌رگرێت، سه‌لام له‌و شیعره‌دا تفه‌نگێكی پێیه ده‌یكات به بوركان و ته‌پوتۆزی ده‌ریای سپی پێ ده‌شواته‌وه، تفه‌نگه‌كه‌ی فیشه‌كی تێدا نییه داوا له ئاشتیخوازه‌كان ده‌كات فیشه‌كێكی بده‌نێ. ئه‌گه‌ر كه‌مێك وردبینه‌وه: هاتنه‌ده‌ره‌وه له وێنه‌ی فریشته و خۆ به‌شه‌یتانكردن و گه‌ڕان به دوای گۆڕستانی بێ مردوو و هه‌ڵوه‌دابوون به دوای پێغه‌مبه‌ر و خوادا و كۆكردنه‌وه‌ی مزگه‌وت و یاخیبوون پێكه‌وه و قسه‌كردن له تفه‌نگێك ته‌پوتۆز بشواته‌وه و چاوه‌ڕوانیكردنی فیشه‌ك له ئاشتیخوازان، ئیشكردنێكی شاعیرانه‌یه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پاردۆكس و هاودژ و پێچه‌وانه، كه له ده‌ره‌وه‌ی زمانێكی شیعریی و به‌بێ به‌خشینی وه‌زیفه‌ی تازه به وشه‌كان و به‌بێ دۆزینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نوێ له نێوان وشه‌كاندا، ڕوو نادات. جگه له‌وه كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌واژه‌ی شیعریی له‌و ده‌قه‌دا هه‌ن كه تا ڕاده‌یه‌كی باش تینوێتی ئه‌و كاته‌ی سه‌لام محه‌مه‌دمان بۆ دۆزینه‌وه‌ی زمانێكی تازه‌ی ده‌بڕین و خۆجیاكردنه‌وه له زمانی شاعیرانی دیكه، بۆ ڕوون ده‌كه‌نه‌وه. له وانه: گۆڕی بومه‌له‌رزه‌ی ڕووداو، بازووی په‌ست، شاخه‌وانی توڕه، نارنجۆكی ناوه‌وه، شه‌قامی دۆزه‌خ، لێوی هه‌نگاو، بیایبانی چاو، بیابانی یاسا، مه‌یتی هه‌تاو، گۆڕی هیوا و …هتد. به‌راوردكردنی ئه‌م ده‌سته‌واژه شیعرییانه له‌گه‌ڵ زمانی نوسینی گۆران‌دا به ئاشكرا پێمان ده‌ڵێت ئێمه له قۆناغی گۆران په‌ڕیوینه‌ته‌وه و له قۆناغێكی جیاوازداین. ئه‌و زمانه و چواندن و میتافۆره‌كانی له‌گه‌ڵ شاعیرانی هاوسه‌رده‌می سه‌لامیشدا تا ڕاده‌یه‌ك جیاوازی هه‌یه. دوای بینینی ئه‌و ژماره‌یه‌ی گۆڤاری به‌یان ئیدی هه‌ر شیعر و نوسینێكی سه‌لام محه‌مه‌دم ببینایه به عه‌شق و تاسه و تینوێتییه‌كی زۆره‌وه ده‌مخوێنده‌وه. له كۆتایی هه‌شتاكاندا دیوانی (ده‌مه‌و ئێواران ده‌تبینم به سوخمه‌یه‌كی زه‌رده‌وه) ی سه‌لام محه‌مه‌د چاپ كرا و به خۆشحاڵییه‌كی زۆره‌وه كڕیم و به تاسه و تینوێتییه‌كی گه‌وره‌وه خوێندمه‌وه. له‌و دیوانه‌دا وێڕای خۆڕسكێتی و ساده‌یی له ده‌ربڕین و هه‌ڵقوڵینی به‌رده‌وامی هه‌ستی گه‌رموگوڕ، كێش و ئاهه‌نگ و سه‌مای وشه‌كانیش كاریگه‌ریی گه‌وره له‌سه‌ر خوێنه‌ر جێده‌هێڵن. ته‌نانه‌ت ناونیشانی دیوانه‌كه و زۆرێك له ناونیشانی شیعره‌كانیش له‌و كێش و ئاهه‌نگ و سه‌مای وشانه بێبه‌ش نین.
*******
* ئه‌م وتاره به سێ به‌ش له گۆشه‌ی راز و نیاز-دا له رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ بڵاوبۆته‌وه.