گه‌ڕان به‌دوای کۆمه‌ڵگه‌ی داهاتوودا (1)
– خۆبه‌ڕێوه‌بردن (2)
سه‌ره‌تای ساڵی 1848 مارکس و ئینگلس (مانیفێستی کۆمونیست)یان داڕشت، ئه‌و ده‌مه، به‌ر له شۆڕشی (شوباتFebruary ) ئه‌وان بۆ “قۆناغی گواستنه‌وه‌ی درێژخایەن” له به‌ناوه‌ندیکردنی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان له چنگی ده‌وڵه‌تدا، هیچیتریان پێشنیار نه‌کرد، ئه‌و بیرکردنه‌وه ده‌سه‌ڵاتخوازییه‌شیان له هزری (لوي بلانLouis Blanc)ه‌وه سه‌رچاوه‌یگرتبوو، هزری ئه‌ویش، هیچ نه‌بوو له‌وه زیاتر، که ئه‌بێت هه‌موو کرێکارانی (مانیوفاکتۆر Manufacture)ه‌کان و (سه‌پان)ه‌کان، له سوپا پیشه‌سازییه‌کاندا ڕێک‌بخرێن، دژی ئه‌و ده‌وڵه‌تخوازییه‌ش (پرۆدۆ‌ن) هزری (دژه ده‌وڵه‌تخوازantiétatique)ی هورووژاند.
شۆڕشی شوبات له (پاریس) و (لیۆن) خۆبه‌خۆیی (هاوبه‌شییه کرێکارییه)کانی خوڵقاند، به‌لای (پرۆدۆ‌ن)ه‌وه ئه‌و جۆرە به‌ڕێوه‌بردنه خۆبه‌خۆییه‌ی به‌رهه‌مهێنان، زۆر به‌نرختر بوو له (شۆڕشی سیاسی) چونکه “حاڵه‌تێکی شۆڕشگێڕان)ه بوو، واته ده‌ستکردی ئه‌م هزر و ئه‌و هزر نه‌بوو، وه‌ڵامی بانگه‌وازی مه‌زه‌بچیه‌کانیش نه‌بوو، وزه‌ی هه‌نگاوی یه‌که‌میشی له ده‌وڵه‌ته‌وه بۆ نه‌هاتبوو، به‌ڵکو به‌رهه‌می خه‌باتی جه‌ماوه‌ر خۆی بوو. (پرۆدۆ‌ن) هانی کرێکارانی ئه‌دا، زیاتر خۆیان ڕێکبخه‌ن، به‌ری ئه‌و جۆره‌ی ڕێکخستنی به‌رهه‌مهێنانه‌ی خۆیان به‌رفراوانتر بکه‌ن، تا سه‌رانسه‌ری کۆماری بگرێته‌وه، سه‌ره‌تا خاوه‌ندارییه گچکه‌کانی بواری پیشه‌سازی و بازرگانی بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و دواتریش ده‌ستبه‌رداری دامه‌زراوه‌کان و سه‌رمایه‌گوزارییه زه‌به‌لاحه‌کانیش (کانگاکان، ئامرازه‌کانی گواستنه‌وه) نه‌بن و کارووباره‌کانیان گرێبده‌ن به خۆبه‌ڕێوه‌بردنی هاوبه‌شییه‌کانه‌وه.
ئه‌م سه‌رده‌مه هه‌ندێك که‌س، له هزری (پرۆدۆ‌ن)دا ته‌نها هه‌ڵوێسته ساویلکه دژه ئابورییه‌که‌یان ده‌بینی، که باس له هێشتنه‌وه‌ی دامه‌زراوه پیشه‌یی و بازرگانییه‌کان گچکه‌کان ده‌کات، له‌ڕاستیدا هزری (پرۆدۆ‌ن) له‌و بواره‌دا، دووفاقه (پرۆدۆ‌ن) خۆی له‌خۆیدا دژایه‌تییه‌کی زیندوو بووه، له‌لایه‌ك دژی سه‌رچاوه‌ی سته‌م و چه‌وسانه‌وه بووه، واته دژی خاوه‌ندارێتی بووه، له‌لایه‌کی تره‌وه به‌رگری له خاوه‌ندارێتی گچکه کردوه، به‌ڵام به‌و مه‌رجه، که سه‌ربه‌خۆیی که‌سی پارێزراوبێت. (پرۆدۆ‌ن) هه‌ندێ کجار هاوبه‌شیه‌کان و خۆبه‌ڕێوه‌بردنه گچکه‌کانی تێکه‌ڵکردوه. (باکۆنین) به‌رگری له (پرۆدۆ‌ن) ده‌کات و ئه‌و قسه‌وقسه‌ڵۆکانه به قسه‌وقسه‌ڵۆکی نه‌زۆک و له‌بارچوو ده‌زانێت، ئه‌وانه له ئی‌نته‌رناسیۆنالیزمی یه‌که‌مدا، هه‌ندێك هزری (پرۆدۆ‌ن)یان کردبووه دارده‌ستی خۆیان، تا بتوانن بیرۆکه‌ی خاوه‌ندارێتی بخه‌نه جێگه‌ی هاوبه‌شخوازی، گوایه ئه‌وه هزر و خواستی (پرۆدۆ‌ن) بووه، به‌ڵام ئه‌وانه نه‌یانتوانی به‌رگه‌ی به‌ڵگه‌کانی (باکۆنین) بگرن و هه‌ر زوو په‌شیمان بوونه‌وه بایاندایه‌وه بۆلای به‌ره‌ی کۆمه‌کخوازی.
هێنده‌ش، که په‌یوه‌ندی به‌وانه‌وه هه‌بوو، که خۆیان به (هه‌ره‌وه‌زیکاران coopérative) پێناسه‌ده‌کرد، ئه‌وانه به نابه‌دڵی و نیوه‌ناچڵ خاوه‌ندێتی کۆمه‌کیان ڕه‌تده‌کرده‌وه، ئه‌و ڕه‌تدکردنه‌وه‌یه‌شیان، له ئه‌قڵیه‌تی تاکپه‌رستی جوتیاری فه‌ره‌نسیه‌وه سه‌رچاوه‌یگرتبوو، ئه‌وانه به‌رگریان له خاوه‌نداری کۆمه‌کی ده‌کرد، به‌تایبه‌تی له بواری گواستنه‌وه‌دا، ده‌رباره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردنیش ، له‌بواری پیشه‌سازیدا، ئه‌وانه به نهێنی داوایان ده‌کرد، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌لایه‌ك ئه‌ترسان و دڵنیا نه‌بوون له به‌ره‌ی هاوبه‌شکاری (باکۆنین) له‌لایه‌کی تره‌وه، له ترسی به ده‌وڵه‌تکردنه‌که‌ی مارکسیه‌کان.
(پرۆدۆ‌ن) ڕیالیست بوو، له‌گه‌ڵ ئاڕاسته‌ی سه‌رده‌مه‌که‌یدا ئه‌ڕۆیشت، باشئه‌یزانی، که تازه کار له‌کار ترازاوه و پاشه‌کشێ مه‌حاڵه، ئه‌و تا ئه‌و ڕاده‌یه ڕیالیست بووه و وتوویه‌تی “ساویلکه‌یی پیشه‌سازی گچکه، هیچی که‌متر نییه له ساویلکه‌یی کشتوکاڵی گچکه” پیشه‌سازی زه‌به‌لاحی نوێ، پێوویستی به کارگه‌رانی زۆر و ته‌کنیکێکی پێشکه‌وتوو هه‌یه. (پرۆدۆ‌ن) هێنده کۆمه‌کخواز بووه وتوویه‌تی “چارێکی دی نییه، پێوویسته له داهاتوودا پیشه‌سازی و کشتوکاڵی زه‌به‌لاح له مناڵدانی هاوبه‌شیدا له‌دایك ببن” ئه‌و به‌قین بوو له‌و جۆره که‌سانه، که ئه‌میان به دژه ته‌کنیك تاوانبارئه‌کرد.
هه‌ڵوێستی کۆمه‌کخوازی (پرۆدۆ‌ن) خۆی له‌خۆیدا، ڕه‌تدکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تخوازی بوو، له‌ناوبردنی خاوه‌ندایه‌تی دانه‌ئه‌بڕی له‌و ناوه‌ڕۆکه، که کۆمونیزمی ده‌سه‌ڵاتخواز به‌خشیبووی به کۆمه‌کخوازی، ئه‌و ناوه‌ڕۆکه‌ی به داپڵۆسین و چه‌وسانه‌وه ده‌زانی (پرۆدۆ‌ن) پێکه‌وه گونجاندنی کۆمه‌کی و خاوه‌نداریه‌تی له هاوبه‌شییه‌کاندا ده‌بینی، واته دژ به‌وه بوو، که ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان به ده‌ست ده‌وڵه‌ت، یان کۆمپانیا سه‌رمایه‌داره‌کانه‌وه بن و به‌ڕێوه‌یان به‌رن، به‌ڵکو ئه‌بێت به‌ده‌ست هاوبه‌شییه‌کانه‌وه بن، ته‌نها به‌و جۆره هێزی کۆمه‌کخوازی له‌ژێر ده‌ستی سه‌رمایه‌گوزاران ده‌رئه‌هێنرێت. (پرۆدۆ‌ن) به‌شێوازێکی به‌یانی (3) نوسیویه‌تی “ئێمه به‌رهه‌مهێنه‌رانی هاوبه‌شخواز، له قۆناغی هاوبه‌شیدا پێوویستمان به ده‌وڵه‌ت (…) نییه، به‌ڕێوه‌بردنی کاروباره‌کانمان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه چه‌وسانه‌وه‌یه، چونکه هه‌ر خاوه‌نداریه‌تی و کاریکرێگرته‌یه، ئێمه چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤ له‌لایه‌ن مرۆڤه ڕه‌تده‌که‌ینه‌وه، سۆسیالیزم دژی شێوازی حکومه‌تییه، ئێمه گه‌ره‌کمانه هاوبه‌شییه‌کان (…) ببنه هه‌وێنی فیدرالییه‌تێکی به‌رفراوانی هه‌موو دامه‌زراوه‌کان و کۆمپانییه‌کان و ببنه بنه‌مای په‌یوه‌ندییه‌کی کۆماری دیموکراتیی کۆمه‌ڵایه‌تی”
(پرۆدۆ‌ن) به‌رله‌وه‌ی بچێته ناو باسی ورده‌کارییه‌کانی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی کرێکارییه‌وه، هه‌ندێك بنه‌مای سه‌ره‌کی دیاریئه‌کات :
– هه‌ر که‌سه به به‌شێك هاوبه‌شی که‌لوپه‌له‌کانی دامه‌زراوه‌کانه.
– ئه‌بێت هه‌موو که‌سێك به‌شداریبکات له کاره قورس و پیسه‌کاندا.
– ئه‌بێت هه‌موو که‌سێك به زنجیره‌یه‌ك کار و ئه‌رك و پله‌ی هه‌مه‌چه‌شندا تێپه‌ڕێت، تا بۆی ببێته سه‌رچاوه‌یه‌ك، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی، که ئه‌بێت هه‌موو کرێکارێك به زنجیره‌یه‌ك خولی پیشه‌سازیدا تێپه‌ڕێت، له‌و جۆره خولانه، که په‌یوه‌ندیان هه‌یه به کاره‌که‌یه‌وه.
– ئه‌بێت فه‌رمانه‌کان ئیختیاری بن و به (هه‌ڵبژاردن) بن، به‌پێی په‌یڕه‌وی ناخۆی هاوبه‌شیه‌کان.
– ئه‌بێت مووچه‌کان ڕێژه‌یی بن، به‌پێی سروشتی فه‌رمانه‌کان و گرنگی به‌رپرسیاری، ئه‌بێ هه‌ر که‌سێكی هاوبه‌ش بڕێك له قازانجی به‌ربکه‌وێت، که گونجاو بێت له‌گه‌ڵ خزمه‌تکارییه‌کانیدا.
– ئه‌بێت هه‌ر که‌سێك ئازاد بێت و ئاره‌زوومه‌ندانه په‌یوه‌ندی بکات به هاوبه‌شییه‌کانه‌وه، یان وازبهێنێت.
(پرۆدۆ‌ن) جه‌خت له‌سه‌رئه‌وه ده‌کاته‌وه، که پێویسته ته‌کنیکزانه‌کانی بواری پیشه‌سازی و بازرگانی ڕابکێشرێن بۆ ناو هاوبه‌شییه‌کان.
ئه‌و بیروبۆچوونه ئازادیخوازییه ده‌رباره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردن، ته‌واو دژی پڕۆژه‌ی مه‌رسومه باوکایه‌تی و ده‌وڵه‌تییه‌که‌ی (لویس بلان Louis Blanc) بوو، که له 15ی ئه‌یلولی 1945دا له کتێبی (ڕێکخستنی کار L’organisation du travail)دا خستبوویه‌ڕوو، بۆ دامه‌زراندنی هاوبه‌شیه‌کان، له‌ژێر سێبه‌ری باڵه‌کانی ده‌وڵه‌تدا، ئه‌و به‌و جۆره ده‌سه‌ڵاتخوازییه پێشبینی قازانجه‌کانی کردوه:
%25 پاڵپشتی و دانی سه‌رمایه
%25 پاڵپشتی فریاکه‌وتنی میللی
%25 پاڵپشتی یه‌ده‌گی (احتیاط)
%25 بڕی دابه‌شکردنی کرێکاران
(پرۆدۆ‌ن) هه‌رگیز به‌ڕێوه‌بردنی وه‌های نه‌ویستوه، به‌بیروبۆچونی ئه‌و نابێت “کرێکاران ملکه‌چی هاوبه‌شی ده‌وڵه‌تی” بن، به‌ڵکو ئه‌بێت خۆیان ده‌وڵه‌ت بن، هاوبه‌شیه‌کان (…) خۆیان ئه‌توانن، هه‌موو چاکسازیه‌ك بکه‌ن به‌بێ ده‌سه‌ڵات، ئه‌توانن ده‌سه‌ڵات داگیربکه‌ن و ملکه‌چی بکه‌ن. (پرۆدۆ‌ن) گه‌ره‌کیه‌تی له (هاوبه‌شیه)کانه‌وه به‌ره‌و حوکم بڕوات، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه.
(رۆدۆن) جه‌خت له‌سه‌ر سڵکردنه‌وه و به‌ئاگابوون ده‌کاته‌وه، تا که‌س نه‌که‌وێته داوی خه‌و و خه‌یاڵی سۆسیالیسته ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کانه‌وه، چونکه ئه‌وان ئه‌ڵێن ده‌وڵه‌ت ئه‌توانێت خۆبه‌ڕێوه‌بردنی ئازاد دابین بکات، ئه‌وان درۆزنن، چۆن ده‌وڵه‌ت ئه‌هێڵێت له پاڵ ناوه‌ندێتییه‌که‌ی خۆییدا، باره‌گاکانی (ڕێکخراوە) دژه‌کان به‌خۆی هه‌بن؟
(پرۆدۆ‌ن) پێشبینی ئه‌وه‌یکردوه، که “ له‌پاڵ ئه‌و هێزه مه‌زنه‌دا، که ناوه‌ندێتی ده‌وڵه‌ت هه‌یه‌تی، هیچ ، به ده‌ستپێشخه‌ری، به خۆبه‌خۆیی، به جموجۆڵی سه‌ربه‌خۆی تاکه‌کان ئه‌نجامنادرێت”.
لێره‌دا ئه‌وه ئه‌هێنێت، ده‌ستبخه‌ینه سه‌رئه‌و شته، که بیروڕا و تێگه‌یشتنی ده‌وڵه‌تی و ئازادیخوازیی ده‌رباره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردن، جیاوازن و دژ به‌یه‌کن، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه، واته مه‌سه‌له‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردن، له کۆنگره‌کانی ئی‌نته‌رناسیۆنالی یه‌که‌مدا، زیاتر له جارێك هێنراوه‌ته گۆڕێ و تاوتوێکراوه، له کۆنگره‌ی (لۆزان)دا ساڵی 1867 له‌سه‌ر پێشنیاری بڕیاداری به‌لجیکی (سیزار دو پاپ Sésar de Paepe) گوترا، ئه‌بێت ده‌وڵه‌ت “ببێته خاوه‌نی ئه‌و دامه‌زراوانه، که خۆماڵی (تأمیم) ئه‌کرێن” له وه‌ڵامی ئه‌وه‌دا ئازادیخواز (شارل لونغيCharle Longet) ده‌ڵێت چاکه، به‌ڵام به‌و مه‌رجه، که ئێمه ئه‌وه دیاریبکه‌ین، که ده‌وڵه‌ت کۆمه‌ڵێك هاونیشتمانیین، هه‌ندێك فه‌رمانبه‌ر وزه‌به‌خشی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان نیین، واته نابێت ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه به‌ڕێوه‌ببه‌ن (…) ئه‌بێت به‌ڕێوه‌بردن، به‌ڕێوه‌بردنێکی کرێکاری بێت، ساڵی دواتر واته ساڵی 1868 له (برۆکسل) جارێکی دی باسی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه هێنرایه‌وه گۆڕێ و وردتر باسی لێوه‌کرا، هه‌مان بڕیارداری به‌لجیکی وتی “کۆمه‌ڵگه ده‌بێته خاوه‌نی کۆمه‌کییه‌کان، ئه‌و خاوه‌ندارییه ئه‌داته ده‌ست هاوبه‌شییه‌کان کرێکاریه‌کان، به‌و چه‌شنه ده‌وڵه‌ت فیدرالیه‌تی (یه‌کێتی) توێژه کرێکارییه‌کان ده‌بێت، ئه‌و ته‌رحه بڕیاردرا، به‌ڵام به‌و مه‌رجه ئه‌و ڕوونکردنه‌وه‌یه تۆمار بکرێت “ئه‌و گه‌شبینی و خۆشباوه‌ڕیه‌ی، که (پرۆدۆ‌ن) ساڵی 1848خستیه‌ڕوو ده‌رباره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردن، واقع به‌رپه‌رچی دایه‌وه پوچه‌ڵ ده‌رچوو.
(پرۆدۆ‌ن) دوای چه‌ند ساڵێك ده‌ستیکرد به چاوپیاداخشانه‌وه و ڕه‌خنه‌گرتن له هاوبه‌شییه کرێکاریه‌کان، که خه‌ووخه‌یاڵێکی ساویلکه بوو، یۆتۆبی بوو، قوڕ به‌سه‌رو و خه‌سته‌ی ، که‌می یان نه‌بوونی تاقیکردنه‌وه بوون، وایان لێهاتبوو وه‌ك خاوه‌نکاری کۆمه‌کی کاریان ده‌کرد، که‌وتبوونه داوی پله‌وپایه‌کاری باڵاده‌ستی و زۆره‌ملێکارییه‌وه، هه‌موو زیاده‌ڕۆییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری له‌ناویاندا که‌ڵه‌که بوبوو، جگه له‌وه داڕزاوی ده‌ستی ناته‌بایی و خیانه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ران بوون، به‌ڕێوه‌به‌ره‌کان به‌ره‌و دونیای (کار و به‌رژه‌وه‌ندییه)کان ملی ڕێگه‌یان گرتبوو، به‌مه‌به‌ستی دروستکردنی دامه‌زراوه‌کان، دواتر خۆیان وه‌ك خاوه‌نکاره بۆرژوازیه‌کان ڕه‌فتاریان ده‌کرد، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو وایکرد، که هاوبه‌شییه‌کان بکه‌ونه سه‌ر که‌ڵکه‌ڵه‌ی دابه‌شکردنی به‌رهه‌مه‌کان، ئه‌و هاوبه‌شییه کرێکاریانه ، که ساڵی1848 دروستبوون دوای تێپه‌ڕبوونی نۆ ساڵ به هه‌زار شه‌ڕه شه‌ق بیست دانه‌ی مایه‌وه.
به‌رامبه‌ر به‌و ئه‌قڵییه‌ته تایبه‌ته ته‌سکه (پرۆدۆ‌ن) پێشنیاری (پێکهاته‌یه‌کی کۆیی، جامعیا تولیفیاunerselle synétique) ده‌کات، به‌واته‌یه‌کی دی داوای ئه‌وه ده‌کات، که ئه‌رکی داهاتوو، ته‌نها کۆکردنه‌وه‌ی چه‌ند کرێکارێك نابێت له دامه‌زراوه‌کاندا، به‌ڵکو “دروستکردنه‌وه‌ی ئابوری نه‌ته‌وه‌یی36ملوێنی” ده‌بێت.
کارکردنی هاوبه‌شییه‌کان بۆ هه‌مووان ده‌بێت “نه‌ك بۆ چه‌ند که‌سێك” خۆبه‌ڕێوه‌بردن به‌پێویستبوونی “په‌روه‌رده‌کاری تایبه‌ت ” فه‌رز ده‌کات، واته ئه‌وانه‌ی، که ئه‌رکی به‌ڕێوه‌بردنی هاوبه‌شییه‌کان ئه‌گرنه ئه‌ستۆ، ته‌نها ئه‌وانه نابن، که به (به‌شێك) ده‌بنه هاوبه‌ش، ئه‌بێت ئه‌وانه له ڕووی ئه‌قڵیشه‌وه هاوبه‌ش بن، که‌سیش به‌و ئه‌قڵیه‌ته‌وه له‌دایكنه‌بوه و نابێت، به‌ڵکو ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته ده‌ستئه‌خرێت، گرنگترین ئه‌رك، که ده‌که‌وێته سه‌رشانی هاوبه‌شییه‌کان “به‌شارستانیکردنی هاوبه‌شییه‌کانه” هاوبه‌شییه‌کان هه‌ژار و کۆڵه‌واری ده‌ستی نه‌بوونی ئه‌و جۆره که‌سانه‌ن، که له‌ناو جه‌رگه‌ی جه‌ماوه‌ری کرێکارانه‌وه دێن و شاره‌زای سه‌رمایه‌گوزارین، که‌واته کاکڵه‌ی مه‌سه‌له‌که “سه‌رمایه‌ی که‌سه‌کانه” نه‌ك پێکه‌وه‌نانی”ته‌نێك سه‌رمایه” سه‌ره‌تا (پرۆدۆ‌ن) ویستی به یاسا مافی خاوه‌ندارێتی ببێته مافێك له مافه‌کانی هاوبه‌شییه‌کان، به‌ڵام پاشان ئه‌و چاره (تایبه‌تەی particulariste)ی ڕه‌فزکرد و جیاوازی نێوان (به‌ده‌سته‌وه‌بون – الحیازة possion ) و خاوه‌ندارێتی خسته‌ڕوو، که ئه‌وه‌ی دووه‌میان ڕه‌هایه، ئه‌رستقراتی ده‌ره‌به‌گی سته‌مکاره، ئه‌وه‌ی یه‌که‌م، واته (به‌ده‌سته‌بوون-الحیازة) دیموکراتییه، کۆمارییه، به‌رابه‌رییه، ئه‌وه‌ش له (سوود وه‌رگرتن usufruitaire)(4) دا خۆی حه‌شارداوه، که‌لوپه‌له‌کان- کێڵگه‌کان- کارگه‌کان- ئامرازه‌کان- لاقه ناکرێن و مامه‌ڵه‌یان پێووه ناکرێت، به‌ڵکو به‌رهه‌مهێنه‌ران، ئه‌وانه وه‌رئه‌گرن وه‌ك مافه فیۆدیالیه ئازاده‌کان، کوتوومت وێنه‌ی جه‌رمانیه دێرینه‌کان، بۆیان نییه ببنه خاوه‌نیان، که‌واته خاوه‌ندارێتی ده‌بێته خاوه‌ندارێتی هاوبه‌ش، ئه‌و خاوه‌نداریه‌ش خاوه‌ندارییه‌کی فیدرالییه نادرێت به ده‌وڵه‌ت، به‌ڵکو ده‌درێت به کۆی به‌رهه‌مێنه‌رانی فیدریالییه کشتوکاڵی و پیشه‌سازییه به‌ر فراوانه‌کان.
(پرۆدۆ‌ن) دوای چاوپێداخشانه‌وه، ده‌رباره‌ی پاشه‌ڕۆژی ئه‌و خۆبه‌ڕێوه‌بردنه ده‌ڵێت، که “به‌لاغه‌یه‌کی بێسه‌مه‌ر نییه، به‌ڵکو پێویستییه‌کی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تییه، ئه‌و کاته، که نزیك ده‌بێته‌وه، ئیتر نا‌توانیین به‌بێ هه‌لوومه‌رجه (5) تازه‌کان ڕه‌وبکه‌ین (…) پێویسته چینه‌کان له هاوبه‌شییه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کاندا بتوێنه‌وه “ئایا خۆبه‌ڕێوه‌بردن سه‌رئه‌که‌وێت؟” چاره‌نوسی هه‌موو کرێکاران به‌ستراوه، به وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌وه (…) گه‌ر وه‌ڵامه‌که‌ی پۆزه‌تیڤ بێت، ئه‌وا ده‌روازه‌ی دونیایه‌کی نوێ ده‌کرێته‌وه به‌ڕووی مرۆڤایه‌تیدا، گه‌ر وه‌ڵامه‌که‌ش نێگه‌تیڤ بێت، ئه‌وا پرۆلیتاریای جیهان نا‌ئومێد ئه‌بێت.
**********************
په‌ڕاوێز:
١. به‌شی دووه‌م له کتێبی (من العقیدة الی الممارسة- دانییل غیرین- )
٢. بابه‌تی سێهه‌می (به‌شی دووه‌م) ئه‌و کتێبه‌یه
٣. شێوازی به‌یانی سیاسی، یان پرۆگرامی-و-ع
٤. usufruit وشه‌یه‌کی یاساییه، مانای سوودلێبینین ده‌گه‌یه‌نێت، یان مافی به‌کارهێنان، بۆ نمونه مافی به‌کارهێنانی (كێڵگه) و چنینه‌وه‌ی به‌رهه‌م به‌بێ مافی هه‌ڵسووکه‌وت پێکردنه‌وه، ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وتپێکردنه ده‌گه‌ڕێته بۆ خاوه‌نه‌که‌ی-و-ع
٥. به‌بیروبۆچونی، لۆجیکی ئه‌و جۆره به‌ڕێوه‌بردنی هاوبه‌شییه کرێکاریانه، له ڕووی تیۆرییه‌وه ئه‌قڵانییه و ماقوڵه، له‌و بواره‌دا، ئه‌وه ئه‌قڵانی نییه‌و ناماقوڵییه، که به‌بێ ئاماده‌بوونی هه‌لومه‌رجه بابه‌تی و خۆییه‌کان په‌له‌په‌ل و ده‌ستوبرد بکرێت له دروستکردنییدا -و-ك