گوڵێ و كتێبخانه‌ی گه‌ڕه‌ك
مامۆستا ( ته‌ها ) یه‌كێك بوو له پیاوه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی گه‌ڕه‌ك…ماڵیان به ته‌نیشت ماڵی(گوڵێ) وه بوو..زۆر حه‌زی به‌خوێندنه‌وه ده‌كرد.حه‌زیشی ده‌كرد هه‌موو منداڵان خۆیان له خوێندنه‌وه بێبه‌ش نه‌كه‌ن و تا ده‌توانن بخوێننه‌وه ..زۆر جار (گوڵێ) و هاوڕێكانی ده‌چوون بۆ ماڵیان و كتێب و گۆڤاریان ده‌هێنا و ده‌یانخوێنده‌وه …بێئه‌وه‌ی بهێڵن پیس ببێت ،یان لێی بنووسن یان لاپه‌ڕه‌كانی بنوشتێننه‌وه بۆیان ده‌برده‌وه و سوپاسیان ده‌كرد..مامۆستا ته‌هایش زۆری پێخۆش بوو…هه‌رچه‌نده به‌ته‌مه‌ن بوو…منداڵی بچوكیشیان له ته‌مه‌نی (گوڵێ) دا نه‌مابوو،گه‌وره بوو بوون..رۆژێك (گوڵێ) له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی له ناو چیمه‌نی باخچه‌ی گه‌ڕه‌كدا دانیشتبوون ، هێنده‌یان زانی مامۆستا( ته‌ها) گه‌یشته لایان و ده‌ستی كرد به گیرفانیدا هه‌روه‌كو رۆژانی تر یه‌كی نوقڵێكی دانێ..ئه‌وانیش سوپاسیان كرد و كاغه‌زه‌كه‌یان خسته ناو ته‌نه‌كه‌ی خۆڵی باخچه‌كه‌وه..مامۆستا (ته‌ها ) ته‌ماشای كردن و به ڕوویه‌كی خۆشه‌وه لایان دانیشت..وتی گوڵه‌كانم مژده‌یه‌كی خۆشم پێیه بۆتان..ئه‌وانیش به‌په‌رۆشه‌وه چاوه‌ڕوانی ئه‌و مژده خۆشه بوون..ده‌ستی كرد به جانتاكه‌یدا و یه‌كی گۆڤارێكی نوێی منداڵانی به دیاری پێ به‌خشین..(گوڵێ )وتی : زۆر سوپاس مامۆستا گیان ئه‌مه خۆشترین مژده‌یه بۆ ئێمه..ئه‌ویش ده‌ستی كرد به پێكه‌نین و وتی: ( گوڵێ) گیان مژده‌كه زۆر له‌وه خۆشتره ..پارچه‌یه‌ك كاغه‌زی نیشان دان ،وتی ده‌زانن ئه‌مه چییه؟ئه‌مه نه‌خشه‌ی ئه‌و كتێبخانه‌یه‌یه كه له‌و پارچه زه‌وییه‌ی كه له نزیك باخچه‌كه‌یه دروستی ده‌كه‌م..تا هه‌مووان رووی تێ بكه‌ن و له‌وێ بخوێننه‌وه..من هه‌موو كتێبه‌كانی خۆم،كه ساڵانێكی زۆره ده‌یانكڕم و له ماڵه‌وه دامناون له كتێبخانه‌كه‌ی خۆمدا ..ئێوه رۆژانه دێن و ده‌یان به‌ن و ده‌یانخوێننه‌وه..هه‌مووی تێدا داده‌نێم.له‌و كاته‌دا چه‌ند پیاوێكی گه‌ڕه‌ك په‌یدا بوون…(گوڵێ) به‌خێر هاتنی كردن و خێرا پێی وتن : ئێوه مژده‌ی وا خۆشتان بیستووه! وتیان چییه؟ وتی مامۆستا (ته‌ها) پارچه زه‌وییه‌كه‌ی خۆی ده‌كات به كتێبخانه له گه‌ڕه‌كه‌كه‌ماندا تا هه‌موومان سوودی لێ وه‌ربگرین ..ئه‌وانیش به‌ڵێنی هاوكارییان پێدا و بڕیاریان دا پێكه‌وه سه‌ردانی فه‌رمانگه په‌یوه‌ندیداره‌كان بكه‌ن بۆ رایی كردنی كاره‌كانی و هه‌وڵیش بده‌ن كارمه‌ندی پێویستی بۆ دابین بكرێت..خۆشی هه‌ر وه‌كو ڕه‌نگ به ڕوخساری هه‌موویانه‌وه دیاربوو..ئیتر مامۆستا سوپاسی كردن .( گوڵێ)یش زۆر سوپاسی مامۆستا (ته‌ها) ی كرد‌و وتی: خۆزگه هه‌موو ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی شار بیریان له كاری له‌و شێوه‌یه ده‌كرده‌وه…
——————————
alihamarashedbarznji@yahoo.com
عه‌لی حــه‌مـــه‌ڕه‌شید به‌رزنجی