Skip to Content

Tuesday, March 19th, 2024
گوێم لە هەناسەی پەپولەکانە … . هاوڕێ ڕەش

گوێم لە هەناسەی پەپولەکانە … . هاوڕێ ڕەش

Closed
by May 23, 2012 ئەدەب

 

-١-
ئەی ژن
دەست بەرزکەرەوە
با هەورە یاخی بووەکان
دابکەنە باران
ئێرە بۆنی وشکانی
لێ دێ
-٢-
ئەی ژن
پێکێک شەڕابم
بۆ تێکە
با کەمێک
لە تەنیایی خۆر و سەمای
پەڕەسێلکەت بۆ
بخوێنمەوە
-٣-
لە دیوانی شعری مندا
دەنگی شاییەک دێ
ژنێک
سەرچۆپی گرتووەو
پیاوێک لە
گاوانیە
-٤-
گوڵفرۆشێکی ژن
ئەوەندە
بەخشندە بوو
گوڵەکانی ئەبەخشینە
مناڵان
-٥-
ئەمەوێ ببمە
مامانی دەریا
ئەڵێن ژن
لە ئاو ئەخوڵقێ
نەوەک خۆڵ
-٦-
ژنێک بەڕەشەبا
ئەڵێ
هێواش وا
قژم سەما
ئەکا
-٧-
ئەی زەوی دە
بوەستە
وا ژنێک بەسەر
پردی سیراتتدا تێپەڕ
ئەبێ
-٨-
ئەی دەریا
شەپۆلەکان ڕابگرە
ژنێک ئەیەوێ
مەلە بکا
-٩-
ئەی ژن
تۆ بە گەنجیەکەت بە کۆڵانەکانی ژیاندا
گوزەر بکە
با منی (پیر)سەیری
دواهەمین شانۆ بکەم
-١٠-
ژنێک وتی
گوڵەکان لەناو
ئینجانەدا (دیل)مەکەن
ئەوان جەنگاوەری
بەهەشتن
،،،،،،،،،،،،
... هاوڕێ ڕەش

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.