Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
گۆرانییەک بە تەنیا لە چۆڵەوانیدا پیاسەى کرد ..!!

گۆرانییەک بە تەنیا لە چۆڵەوانیدا پیاسەى کرد ..!!

Closed
by July 10, 2012 ئەدەب

 

 


   بەداخ و پەژارەیەکى زۆرەوە هەواڵى کۆچى دوایی کاک ( ئاوەدان )م  بیست .

کاک ( ئاوەدان ) سەربارى چوست و چالاکی ، هەمیشە پۆشاکی دڵدانەوەى دەپۆشی ، خۆراکی وژەى دارستان بوو . کلیلى هەڵکردن و کپکردنى رەشەبای پێ بوو . شەوانە یەک دوو پەرداخ خۆرەتاوى هەڵدەدا ، ناخی خۆی پێ پاک و روناک دەکردەوە . هێندە میهرەبان بوو رۆژانە لە ناو لەپی کانی هەڵدەقوڵا . لەگەڵ برادەرانیدا بەزارى شەونم دەدوا ، بە مشت ومڕ ناسازی دەمراند .

     زۆر حەزی لە کێڵانی سێبەرى رەق بوو . کەم دەخەوت و بەردەوام ناوشانی خاکی دەشێلا ، نەمامى رەگ و رەچەڵەکی بەخێودەکرد . زۆر تێکۆشا بۆ ئەوەى خەڵک واز لە ئاودانی  دوورە پەرێزى بهێنن ، خۆیان لە داڵدەدانی دوو بەرەکی بپارێزن ، باوەش بۆ روانینی متمانەى دوو لایەنە بکەنەوە . 

       بەردەوام لەگەڵ دڵرەقیدا کۆک نەبوو ، بەچەپۆک سەرکوتى دەکرد و دەیچەماندەوە . بە دەست وشککردنەوەى خەمساردییەوە زۆر ماندوو بوو . سڵى لە تەپ و تۆزی تەڕ نەدەکردەوە . لە پێناوى حەوانەوەى خەڵکدا سەری ژیان و گرێکوێرەکانى دەخوراند و ئارەزووەکانى خۆی قەد دەکرد . 

      دانوی لەگەڵ کەلێن و کەلەبەردا نەدەکوڵا ، زۆر گوێ قولاغی چرپەى بایەخدان بوو ، لە کاتى بەرتەنگدا فراوانی بڵاو دەکردەوە . گۆرانی خوێنگەرمی دەرخواردی لاوانەوەى دڵسارد دەدا . 

     قەت خۆشی بە کەفاوی لووت بەرزییدا نەدەهات ، بە گوزەرێکدا تێنەدەپەڕی کە بۆنی خۆ بەشتزانی لێبهاتایە . کەیفی بە گوزەرانی لا بە لا نەدەهات و حەزی نەدەکرد نیشتیمان بە حەسرەت بار بکرێت . بەردەوام هەناسە ساردی دەماڵى و نەیدەهێشت هیچ کون و قوژبنێک داپۆشێ . کارقایم بوو لە پاشەکەوت کردنى بەزەیی و توڕەییدا .

      زۆر حەکیم بوو ، هات و هاوارى ورد و خاش دەکرد ، فووى بێدەنگیی پیادا دەکرد و دەبوو بە گڕ و گاڵ . ئاردە گزنگی کۆدەکردەوە و بە بۆنی گەردەلوول دەیگرتەوە و دەیکردە دەرمان بۆ چارەسەرى پەتای ئاژاوە رەشە .قسەى هەموومانی رادەخست و جوگرافیای دوا رۆژى لە سەر دەنەخشاند . 

      سەرماى بەرز و گەرمای نزمى دەردەسەرى کۆڵی پێنەدەدا ، چاوپۆشیی لە چاوپۆشی نەدەکرد . پێی باش نەبوو ئاخ و ئۆف کەڵەکە ببن و زوو زوو دەیدانە دەم روبارى چارەسەرەوە . لە زەمینە سازیدا شارەزا بوو ، پەتی گوڕ وتینی دەدایە دەستمان وعەترى ئاسمان  وئاوی جوانی پێ دەبەخشین .



زۆر بەداخەوە بۆ کۆچی ناوادەی کاک ( ئاوەدان ) .

هاوارێک بوو بە گوێی بۆشاییدا ، گۆرانییەک بوو بە تەنیا لە چۆڵەوانیدا پیاسەى کرد .

یەزدانی مەزن بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات و سەبورى هەموو لایەکمان بدات .

إنا لله و إنا إلیە راجعون 

   براى دڵسۆزتان 

                               تەیب جەبار 

              بەڕێوەبەرى بارینى شیعر 



 

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.