Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
گۆڕان+ڕووخان=بەهاری عەرەبی

گۆڕان+ڕووخان=بەهاری عەرەبی

Closed
by December 29, 2011 گشتی

  ساڵێكە نەخشەی نیشتمانی عەرەبی لە باكوری ئەفریكا كەوتۆتە بەر هەژانێكی گەورە، یەكەم هەژانی لە جیابوونەی (باشووری سودان) دەستیپێكرد، دووەم هەژانی لە (وڵاتی تونس) دواتر بۆ (وڵاتی میسر و لیبیا) پاشان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەستگیراو بەدەست دەسەڵاتدارە میراتیەكان(سوریا و ئوردن و یەمەن)، میحوەری گۆڕانكاری لە باكوری ئەفریكا تەواو بووە و تەنیا جەزائیر ماوە كە بیكاتە چوارینەی گۆڕانكاری، وڵاتانی سەر دەریای ناوەڕاست و تاكە وڵاتی سەر دەریای سوور كە (یەمەن)ە. ماون بۆ یەكسانكردنی ژمارەی گۆڕانكاری لە كیشوەری ئاسیادا، كە هێشتا ڕوون نییە چی ڕوودەدات و كاریگەرییە نزیك و دوورەكانی چین ‌و لێكەوتەكانی چۆن دەبێت لەسەر ئایندەی ناوچەكە؟ بەهاری عەرەبی كە ئێستا بە سوارچاكی ڕەوتە نەتەوەیی و میانڕەو توندڕەوە ئیسلامییەكان خۆی دەگەێنیتە ساڵیادی لەدایكبوونی، لەچەند مەیدانێكی خۆپیشاندان و خۆخستنەڕوویەكی ڕاگەیاندنی دا هیچیتر نییە، چونكە نەیتوانیووە گۆڕانێكی گەورەی ریشەیی كۆمەڵایەتی و ئابووری و ئامانجە سیاسیەكانی بهێنێتەدی، بۆیە لە میسر گەشت حەرام بێت و كەمینەی ئاینی (قیبتی) لەژێر شمشێری تیرۆردابن، لە تونس ئابووری گەشتیاری پاشەكشەیەكی بەرچاوی كردووە و ئیسلامیەكان دەستیان بەسەر ئەنجوومەنی دامەزراندندا گرت، لیبیاش مەترسییەكی گەورەی لێدەكرێت لەسەر میلیشیا چەكدارەكان و دانانی چەكەكانیان و هەروەها مافی كەمینەی وەك ئەمازیغی لەبەر مەترسیدایە. لەگەڵ ئەوەشدا هیچ ئاسۆیەكی ڕوون نابینرێت لە كۆمەڵگایەكی پاشكەوتووی  وەك یەمەن كە ڕوویەكی كۆمەڵایەتی دواكەوتووی هەیە بەتایبەتی لە بەشوودانی مێینیە و كێشەی مەزهەبی (حوثیەكان) و تیرۆری نێودەوڵەتی، لەهەمانكاتیشدا سوریا درێژەكێشانی دەبێت بۆ داهاتوویەكی نادیار كە شەڕی گەورەی تائیفی تێیدا دروست ببێت كە پێكهاتەكەی نزیكە لە عێراق، سوننە-شیعە-كورد، بەڵام لە سوریادا سوننە زۆرینەیە، كورد لاوازە، شیعە دەسەڵاتدارە، لەئەگەری هەر گۆڕانكارییەكدا مەترسییەكی زۆر گەورە چاوەڕواندەكرێت كە شەڕی تائیفیيە، مەملەكەتی ئوردنی هاشمی، پێیەكی لەناو گۆڕانكارییەكان دایە كە پشتگیری بەهاری دراوسێیەكەی دەكات كە دەكەوێتە باكوری مەملەكەتەكەی (سوریا)، پێیەكەی تریشی لەناوخۆییدا زیاتر خۆی بەهێز دەكات و گۆڕانكاری شەرمنانەی دەستووری ئەنجامدەدات، گۆڕانكاری لە مەملەكەت و میرنشینە عەرەبییەكان زیاتر پەردەپۆشكراوە بە زیاكردنی مووچە و خۆشگوزەرانی بەرەو هەڵاوسانی بازاردا، كە هەر خۆیشیان دەستیان لە بازاردا گیركردووە، بۆیە لەناو ئەو وڵاتانەدا مەملەكەتی هاشمی ئوردنی یان مەملەكەتی عەرەبی سعودی پاڵێوراون بۆ گۆڕانكاری بەو مەرجەی  میرنشینی بەحرەین بچێتە ناو بازنەی گەردەولولی گۆڕانكارییەكان. ئەو دیوەی پێدەڵێن گۆڕان ئەوا دیوەكەی تری ڕووخانە بەو مانا سیاسی و ئیداری و ئابووری و كۆمەڵاتییەی كە تا ئەو خولەكەیە بەدوای خۆیدا هێناوە لە جیهانی عەرەبیدا، ڕاستە بێكارییەكی زۆر هەبوو لە وڵاتانی بەهاری عەرەبیدا، بەڵام ئێستا زیادی كردووە، جەماوەری عەرەبی لە لیبیا، تونس و میسر لەسەر شۆرشەكانیان زۆر گەرم و گوڕن، بەڵام دەرئەنجامەكانی ئەوەیە بێكاریەكی خەوتوو لە مەیدانەكان و ماڵەكاندا كە سەرقاڵن بە شیكردنەوەی شۆرش نووستوون كاتێك بە ئاگا دێنەوە حكومەتە ساواكانی ئەو وڵاتانە دەخاتەوە بەردەم هەمان جەماوەری خۆپیشاندەر كە رژێمەكانی پێشوویان ڕووخاند، ڕووخان كە زادەی گۆڕانە لە بەهاری عەرەبیدا كێشەیەكی گەورەی لەهەناوی خۆیدا هەڵگرتووە كە بێكارییەكی بێدەنگە، كەپكردنەوەی دەنگی كەمینەكانە، بەرەو سنوورداركردنی ئازادییەكانە، بەرەو بەئاینكردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكانە، كە ئەمەیان مەترسی زۆر گەورەی لێدەكرێت لەسەر ئاسایشی داهاتووی ئەو وڵاتانە وجیهاندا، ئەم شەپۆلی گۆڕانكاریانە هەناویان ئاخێنراوە بە ڕووخاندانی هەموو شتێكی ڕابردوو و ئێستا، مەبەست لێرەدا (ڕووخاندنی هەر سیستەمێكی دیكتاتۆری و خوێنڕێژی ناگرێتەوە) بەڵكو ئەو بەها ئینسان دۆستانەش دەگرێتەوە كە خەریكە دەیروخێنن لەوانە(كوشتنی موعممەر قەزافی) بەو شێوە بەربەرییە بیابانییەی لیبیەكان، وایە سەركردەیەكی دیكتاتۆر بوو بۆ لیبیەكان، بەڵام خۆ وڵاتەكەیان دینارێك قەرزدار نەبوو..! ئەمە ناكرێتە بیانوو بۆ ئەوەی موعمەر قەزافی دادگایی نەكرابوایە، نەخێر ئەبوو دادگایی بكرایە و بۆ مێژوو و دەبوو بە پەندێك بۆ سەركردەكانی تر، ڕووخان لە بەهاری عەرەبیدا بەتایبەتی لە وڵاتی لیبیا ڕەنگیدایەوە لە ڕووخاندنی ئینسان وەك بونەوەرێك، لە كوشتنی دیكتاتۆرەكەیان و كوڕەكەی، هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی رێكخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەكان شۆرشگێرەكانی بەهاری عەرەبی لە لیبیا تێوەگلاون لە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤدا، لە میسر لەبەرامبەر مافی كەمینەی (قیبتیەكان) كە بە ژمارە نزیكەی هەشت ملیۆن كەس دەبن ڕووخێنراون لەهەمبەر هەژموونی ئیسلامیەكاندا بەتایبەتی سەلەفیەكان، ڕووخان جارێكی تر خۆی نمایشدەكاتەوە لەسەركەوتنی هیزە ئیسلامیە توندڕەوەكان له تونس و میسر بۆ سەر كورسی دەسەڵات نا بەڵكو بۆ سەركورسی داڕشتنەوەی دەستووری وڵات (ئەنجوومەنی دامەزراندن-مجلس تأسیسی)، كە ئەمەیان لە زۆرێك لە دواپێشهاتەكانی بەهاری عەرەبی گرینگترە، چ گەرەنتییەك هەیە بۆ ئەوەی دەستوورێكی وشك و دوور لەمەدەنیەتی سەردەم بنووسنەوە؟ بەهەمانشێوە لە سوریا و یەمەن و ئوردن هاتنەسەر حوكمی ئیسلامیەكان دەبێتە هاوكێشەیەكی هاوسەنگ لەگەڵ باكوری ئەفریكا كە ئەوكاتە ئاساییە بگەنە ڕێكەوتنێكی هەرێمی و مەترسییەكی گەورە بنێننەوە..بۆیە پێشبینیەكان لەسەر بەهاری عەرەبی كە بە گۆراِنكاری سیاسی و دەسەڵات دەستی پێكردووە بە ڕووخان گەیشتۆتە ئامانجەكانی، بەڵام لە دوورمەودا دا ڕووخانی دیكتاتۆرەكان لە بیریان دەچێت،  بە هەڵبژاردن دەست دەكەن بە دووبارە ڕووخاندنەوەی ئینسان كە دووبارەكردنەوەی هەمان كاری دەوڵەتداراني پێشووی خۆیانە، كە لەوانەیە بەهاری عەرەبی بگۆڕدرێت بە بەهاری توندڕەوی ئەو هاوكێشەیە ڕاست دەربخات كە گۆڕان لەگەڵ ڕووخاندا پێناسەی بەهاری عەرەبی بكاتەوە، یەكسان بێت بەوەی چاوەڕواندەكرێت لە هیزە ئیسلامیەكاندا.. چونكە رووخاندن ئاسانترە لە بنیاتنانەوە كە ئەمە شیكردنەوەیەكی زۆر سەرەتاییە بۆ ئەم یانزە مانگەی بەهاری عەرەبی..

 


محەممەد گەڵاڵەیی*

*زانكۆی بەیروتی عەرەبی-لوبنان.
-مەبەست لە وشەی گۆڕان لەگەڵ ڕووخان دا كە لەم بابەتە بۆتە بەشێك لە هاوكێشەی خوێندنەوەیەكی نوێ بۆ بەهاری عەرەبی، مەبەست لیێ گۆڕان كراوەتە ئامرازیك بۆ ڕووخاندنی ئەوی دیكە..لەگەڵ ڕووخاندنی بەها كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و لێبوردەییەكانی ئینسان كە تا ئێستا نموونەیەك لەو بەهارەدا نەبینراوە  كە سەردەمەكەی پێش خۆی كە دیكتاتۆریەت بوو تێپەڕێنێت..

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.