Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
گۆڕان لە نێوان (الثوابت الدینیه‌ ) و ئایدیۆلۆژیادا

گۆڕان لە نێوان (الثوابت الدینیه‌ ) و ئایدیۆلۆژیادا

Closed
by October 11, 2013 گشتی

 

 

 

توڕهەڵدانی ئایدیۆلۆژیی یان داماویی فیکریی

 

بزوتنەوەی گۆڕان، لەئەنجامی کۆمەڵێ هەلومەرجی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییدا هاتە کایەوە کە سەرەنجام لە چوارچێوەی کۆمەڵێ سیاسەت و فیکردا, خۆی  لە بزوتنەوەیەکی “دادی کۆمەڵایەتیی”و ئەنتی گەندەڵییدا, بینییەوە. بەگوێرەی ئەوەی، بەشێکی زۆر لە سەرکردە و کادیرەکانی ئەم بزوتنەوەیە، رۆژگارێک باکگراوندی چەپ و مارکسیستییان هەبووە، بەردەوام جەخت لە خۆتەکاندنی ئەو میتۆدە فیکرییە دەکەنەوە و لەعنەت( نەک نەعلەت) لە بونیادنەرانی ئەو جۆرە ئایدیۆلۆژیایە دەکەنەوە و بەتایبەتییش لە “ستالینیزم”. هەرچەندە ستالینیزم  بەتابیەتیی و ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزم بەگشتیی، کارەساتی سیاسیی و مرۆیی گەورەیان بەسەر مرۆڤایەتییدا هێناوە، بەڵام بەئەهریمەنکردنی ئایدیۆلۆژیا و کۆکردنەوەی چەمکی “ئایدیۆلۆژیا” لە بزوتنەوەیەکی سیاسیی و فیکریی وەک کۆمۆنیزمدا نەک هەر داماوی فیکریی و سەرگەردانییە، بەڵكو جۆرێکە لە گەوجێتیی سیاسیی و لەئاست تێگەیشتنی مۆدێرن لە سیاسەت و فیکری هاوچەرخی کۆمەڵگە جیاوازەکانی مرۆڤایەتییشدا، خۆگێلکردنێکی بەئەنقەستە.

 

 هاوکات ئەوەش راستە، سەتان توێژینەوەی ئەکادیمیی و دەیان ئینستیتیوت و دامەزراوەی فیکریی و لێکۆڵێنەوە، لەسەرتاسەری جیهاندا، جەخت لە مردنی ئایدیۆلۆژیا و کۆتایی سەردەمی ئایدیۆلۆژیاکان دەکەنەوە. ئەمەش راستەوخۆ پێوەندیی بە شکستی کۆمۆنیزم و لە سێ دەیەی رابردووشدا، پێوەندیی بە هەڵکشانی رادیکاڵیزمی ئیسلامییە جیهادییەکانەوە هەیە، بەڵام تەنیا باڵادەستبوونی ئایدیۆلۆژیای نیۆلیبراڵیزم و رەهەندە ئابوورییەکانی گڵۆباڵیزەیشن، بەرپەرچی هەموو ئەو مۆتیڤە ئایدیۆلۆژییانە دەداتەوە، کە دەڵێن، سەردەمی ئایدیۆلۆژیا بەسەرچووە. بەواتایەکی تر، بە ئایدیۆلۆژیا دەیانەوێ ئایدیۆلۆژیا بکوژن. 

 

بەشێکی زۆر لە کادیرەکانی گۆڕان هەمیشە ئەوە دەڵێنەوە کە گۆڕان خاوەنی هیچ جۆرە ئایدیۆلۆژیایەک نییە. ئەمە ئەوپەڕی رووکەشیی و نابەڵەدیی کادیرانی ئەو بزوتنەوەیە دەگەیەنێت، کە جگە لەوەی  پێیان گوتراوە یان بیستوویانە بەدەست و دەمی سێ و چوار،  مەعریفەیەکی سیاسیی تر نازانن.  تەنانەت بەشێکیان ئایدیۆلۆژیا و ستالینیزم ئاوێزان دەکەن و لێکیان جودا ناکەنەوە.  ئەم فۆبیایە لە ئایدیۆلۆژیا بە گشتیی و ئاوێزانکردنی بە” ستالینیزم” بەتایبەتیی، باکگراوندی فیکریی و سیاسیی و مێژوویی بە فاکت هەیە، بۆ نموونە لە کۆمیتەی ناوەندیی بەڵشەفیکەکاندا، لەساڵی ١٩١٧ دا، بە لێنینەوە ٢٤ کەس بوون. لەماوەی سێ دەیەدا، ستالین، جگە لەوانەی بەمردن رۆیشتن کە ژمارەیەکی کەمبوون، ئەوانی تری یان تێرۆرکرد، یان سیناریۆی خۆکوشتنیانی بۆ چێکرد، یاخود دەربەردەرکران و دواتر بێسەروشوێنکران. شەبەحی ستالینیزم بەسەر ئایدیۆلۆژیای سەرەکیی وڵاتی  سۆڤێتەوە  پتر لە ٦٠ ساڵی خایاند، دروستە، سڵەمینەوە، فۆبیاو زراوچوون لە ئایدیۆلۆژیا هەبێ، بەڵام  بەتەواویی تێکەڵاوکردنی ئایدیۆلۆژیا و ستالینیزم  خۆی لەخۆیدا ساکاریی و نەزانیی و نائاگایی و ناڕۆشنییە. 

 

ئێرکسن و تێدین Erikson & Tedin (2003)) لە کتێبی” رای گشتیی ئەمێریکییەکان” دا، لەسەر ئایدیۆلۆژیا، دەڵێن” کۆمەڵە باوەڕێکە، دەربارەی بڕیارێکی گونجاو لە کۆمەڵگەدا، کە چۆن دەتوانرێت بەدەستبهێنرێن”. بەگشتیی لێکدانەوەی مۆدێرن لەسەر ئایدیۆلۆژیا، هەموو ئەو بەرگە کلاسیکیی و رادیکاڵیی و ستالینستییانەی فڕێداوە کە هەندێ کەسانی باکگراوند چەپی گەشەنەکردوو، کە هێشتا سمکۆڵ لە ئەدەبیاتی حەفتاکانی چەرخی رابردوو دەکوتن، تێیگەیشتوون. ئایدیۆلۆژیا لە مەودای فراواندا، چوارچێوەیەکی هاوبەشە، بۆ مۆدێلێک لە عەقڵییەت، کە گرووپێک تەرجەمەی هەلومەرجە سیاسیی و کولتووریی و کۆمەڵایەتییەکان  دەکەن و ستراکتۆری فیکریی و سیاسیی بۆ دادەڕێژن. 

 

ماکس وێبەر بەکەڵکوەرگرتن لە رۆمانی هۆگرییە بژاردەکان (elective affinities= Wahlverwandtschaft) ی رۆماننووسی ئاڵمانیی Johann Goethe چەمکی ”  هۆگریی بژاردە “ی بۆ جیاکردنەوە و دەستنیشانکردنی ئەو پێوەندییانە بەکارهێناوە کە ئایدیاکان( یان سیستەمی بیرکردنەوە) لەگەڵ بەرژەوەندییەکان( یان پێداویستییەکان) لە پرۆسێسێکی ئازاد و هەڵبژێردراودا، تاکەکان و گرووپەکان، پێڕۆی دەکەن، کە ئەو بە “ئایدیۆلۆژیا”ی ناساندووە. سەرەنجامیش ئەم میتافۆرەی لە تەوزیفکردنی ئایدیۆلۆژیادا، لەڕەهەندی بەرژەوەندییە ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و کولتوورییەکاندا لەچواچێوەی کۆنتێکستە سۆسیۆسیاسییەکاندا بەوردیی بەکارهێناوە. بە کورتییەکەی، ئایدیۆلۆژیا سەرەڕای ئەوەی لە زانستی کۆمەڵایەتییدا بە ئاڵۆزترین و تەمومژاوییترین چەمک ئەژمارد دەکرێ، بەڵام زۆریش گرینگ و سادە و خاکییە بۆ تێگەیشتن لە مانیفێست و ئەجێندا و چوارچێوەی فیکریی و سیاسیی هەر تاک و گرووپ و حیزب و رێکخراوێک، کە  پێداویستییەکی ژیاریی و ستراتیژییشە بۆ یەکاڵاکردنەوەی رۆح و دەروونی هەر حیزب و گرووپ و دامەزراوەیەک، کە کاری سیاسیی بکات. 

 

نایت Knight  لە کتێبی” وەرچەرخانی چەمکی ئایدیۆلۆژیا لە چەرخی بیستەمدا” بە وردیی، باس لەو رەهەندە فیکریی و سیاسییانە دەکات کە ئایدیۆلۆژیا بە بزوتنەوە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکانی داوە و لە ئێستاشدا چوارچێوەی سیاسیی مۆدێرن جێگەی گرتوونەتەوە، بێئەوەی رۆڵی ئایدیۆلۆژیا کۆتایی هاتبێ. ئەو پێیوایە، ئایدیۆلۆژیا، بەشێوەیەکی کریستاڵیی، پێوەندییە هاوبەشەکان پێکەوە دەبەستێتەوە، لەوانە ئایدیای سیاسیی، بیروڕای کۆمەڵایەتیی، بەها و مۆڕاڵی سیاسیی بۆ گرووپێک، چین و توێژێک، یان کۆمەڵگەیەک، دەستنیشان و رەنگڕێژ دەکات. هاوکات ئەوەش دەبێ لەبەرچاو بگیردرێ، ئایدیۆلۆژیا کۆمەڵێ حوکمی سیاسیی نیین کە داهێنان و دۆزینەوە(heuristic) بەرهەم بهێنێ یان میتۆد و تیۆرییەکی قەدبڕ نییە بۆ پلانی سیاسیی، بەڵكو بۆ رێکخستنەوەیەکی پراگماتیی و عەقڵانییە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا. 

 

بەکورتییەکەی ئەو جۆرە تێگەیشتنەی دەرهەق بە چەمکی “ئایدیۆلۆژیا” لەناو گۆڕاندا هەیە، تێگەیشتنێکی زۆر سادەیەو لە هەموو درافتێکی فیکریی تەکێنراوە و تەمومژێکی کلاسیکییانەی بەسەرەوەیە و زۆر کۆن بووە، لە باشترین دۆخدا، جوینەوەی بیریارانی نیۆلیبڕالیزمە. ئەمجۆرە تێگەیشتنە، ئەم فۆبیایە لە ئایدیۆلۆژیا، بە لێکدانەوەی مۆدێرنانەی  زانستەکانی کۆمەڵناسیی، مرۆڤناسیی و سۆسیۆسیاسیی ….تاد، ژەنگێکی فیکریی و ئایدیۆلۆژیی زۆر کۆن لێیداوە و پێویستە بڕبەند  لە بونیادی ئەو فیکر و مێنتاڵیتتییە کلاسییکە بدرێ، بۆ ئەوەی لە رۆڵ و ئەرک و چوارچێوەی چەمکی ئایدیۆلۆژیا بگات. 

 

بەپێچەوانەی هەموو ئەوانەی دەڵێن، گۆڕان خاوەنی هیچ ئایدیۆلۆژیایەک نییە، راستییەکەی گۆڕان خاوەن ئایدیۆلۆژیایەکی شەرمن و داپۆشراو و تەنانەت شاراوەشە. ئایدیۆلۆژیای ئەنتی ” ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتیی” ئایدیۆلۆژیای” ڕەهەندی نیشتمانیی” ، ئایدیۆلۆژیای بەدامەزراوەییکردن، ئایدیۆلۆژیای ئەنتی ” دێسپۆتیزم-خزمخزمێنە” و ئەنتی بە بنەماڵەییکردنی سیاسەتی کوردیی ( Kurdish politics)…تاد  لە سیما سەرەکییەکانی ئایدیۆلۆژیای گۆڕانە.  بەدڵنیاییشەوە، ئەم دارکارییکردن و تێهەڵدانەی ئایدیۆلۆژیا لەلایەن هەندێ کادیری گۆڕانەوە، وێڕای ئەوەی تێنەگەیشتنە لە رۆڵی ئایدیۆلۆژیا، لە مەودای فراوانتردا،هەژاریی و داماویی فیکرییشە و لاسییکردنەوەیەکی زۆر بێتامی لیبراڵیزمی نوێیە. 

 

سەوابتە( الپوابت) دینییەکانی ئیسلام و بزوتنەوەی گۆڕان

 

گۆڕان، لە زاری رێکخەری گشتییەکەیەوە، ئەوەی درکاند کە ئەوان وەک گۆڕان، لەگەڵ هیچ شتێکدا نابن، ئەگەر پێچەوانەی سەوابتە دینییەکانی ئیسلام بێت! ئەمە دیدێکی ئایدیۆلۆژییە و زۆرلەخۆکردنە، پێش ئەوەی لێکدانەوەیەکی سیاسیی بێت و کەمترین عەقڵانییەتی تێدا بێت. ئەمە تێڕوانینی هێزێکی ئیسلامیی ئیخوانیی یان ئیسلامیی سەلەفیی بێت، ئاساییە! بەڵام دیدی بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی کە وەک ئەنتی” نا عەدالەتیی کۆمەڵایەتیی” گەشەی کردووە، نەک هەر ناماقوڵانەیە، بەڵكو زۆر هەلپەرستانە و ریاکارانە و تەنانەت جۆرێکە لە خۆکوژیی سیاسیی( لای کەم بەرامبەر بە ژنان و زۆرینەی ئەوانەی باکگراوندی چەپیان هەیە یاخود کەسانی لیبڕاڵ و مۆدێرنن).

 

پێش ئەوەی رەخنەی ئەم بۆچوونەی گۆڕان و کادیرەکانی بکرێن، باشترە بە کورتیی،  سەوابتە دینییەکانی ئیسلام خاڵبەندیی بکرێن. دیارە ئەم سەوابتانە لە وڵاتێکی ئیسلامییەوە بۆ وڵاتێکی تر، لە زەمانێکەوە بۆ زەمانێکی تر،  ئاڵوگۆڕی ریشەییان بەسەردا هاتووە و گونجێنراون. هەروەها لە مەزهەبێکی ئیسلامییەوە بۆ مەزهەبێکی تر، جیاوازیی گەورەیان هەیە. بەشێوەیەکی گشتیی و بە زمانێکی خاکیی، سەوابتەکان دەکرێ بەمشێوەیە بژمێردرێن:

1. تاک و تەنیایی پەروەردگار

2. ناسینی قورئان وەک سەرچاوەی هەموو تەشریعێک

3. ئەو موحەڕەمانەی لە قورئاندا، حەرام کراون

4. ئەو سنوور و قەیدوبەندانەی لە قورئاندا دیاری کراون

5. دەستگرتن بە مەناسیکە دینییەکانەوە کە پەروەردگار رەنگڕێژی کردووەو پێغەمبەریش بەکردەوە و بە تاقیکردنەوە، بۆ مێژوو بەجێیهێشتووە. 

6. وێڕای چەندین وردەکاریی تر. 

ئەوانەی سەرەوە، لە زمان و بۆچوونی ئیسلامییە میانڕەوەکان و ئیسلامییە رادیکاڵەکانیشەوە دێن، بەڵام دەیان تەرز و قوتابخانە و بۆچوون و میتۆدی فیکریی جیاواز لەناو ئیسلامییەکاندا هەیە. بۆ نموونە د.عبد الله شاكر الجنیدی پێیوایە، سەوابتە ئیسلامییەکان لە دوو خاڵدا یەک دەگرنەوە:

1. تەنیا و تەنیا، پەرستنی خوا و جیهاد لەپێناو سەرخستنی پەیامەکانی خوا

2. بەرزراگرتن و مەزنکردنەوەی پەیامەکانی خوا و سونەتەکانی قورئان

لەو دوو خاڵەدا، بەئاسانیی و بەساکاریی، سەوابتە دینییەکانی دیاریکردووە و هیچ پێچەوانەی پەیامی خوا و قورئانیش نییە. گۆڕان لێرەدا ئەگەر سەوابتی دینیی جێبەجێ بکات، دەبێتە موجاهیدێکی ئیسلامیی و خەبات بۆ ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسیی دەکات. ئایا گۆڕان پێویستی بەم سەوابتانە هەیە داکۆکییان لێ بکات، یان بۆ گۆڕان باشترە خۆی نەخاتە شوێنێکەوە کە دواتر دەرچوونی تەکلیف و باجدانی قورسی بوێت؟ هەروەها باجدانی سیاسیی و کولتووریی و کۆمەڵایەتیی بوێت.   بۆ نموونە لە وڵاتی عەرەبستانی سعودیی” العربیه‌ السعودیه‌”، لەسەرەتای ئەمساڵدا بە پێی ئەحکامی اڵامر بالمعروف والنهی عن المنكر، وەک بەشێک لە سەوابتە دینییەکان، قاوەخانەیەکیان کڵۆمدا، چونکە ناوی مارلین مۆنرۆی لەسەر دانرابوو، تەنانەت بەیاننامەی داخستنەکەیشیان دەرنەکرد، چونکە ناوەکە ئەوەندە بەلایانەوە، کوفر و ئیلحاد و بەرەڵایی! بوو. 

 

راستییەکەی ئەم سەوابتانە، زۆر ناجێگرن، لێرە و لەوێ، لەوڵاتێکەوە بۆ یەکێکی تر، لە زانایەکی دینییەوە بۆ یەکێکی تر، کەلێن  و جیاوازیی گەورەیان هەیە. بۆ نموونە  د.فالحی کوڕی شەبیبلعەجەمی لە زانکۆی مەلیک سعود، لە لێکۆڵێنەوەیەکی پانوپۆڕدا دەڵێ” الپوابت نوابت”، بەواتایەکی تر، سەوابتەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێن ، لە زەمانێکەوە بۆ زەمانێکی تر تووشی ئاڵوگۆڕ دەبن و بە جێگیریی نامێننەوە.  دواتر، دنیا لە ئاڵوگۆڕێکی گەورەدایە، ئایینی ئیسلامیش پێویستە وەک ئایینی مەسیحیی و یەهودیی خۆی لەگەڵ کۆمەڵگەکاندا بگونجێنێ، هەروەک لە تورکیە، خەریکی ئەو خۆگونجاندنەیە. 

وێڕای جیاوازیی بیرکردنەوەی زانایانی ئایینیی ئیسلام، لەسەر سەوابت و موتەغەیرات( ئەو شتانەی دەگۆڕێن)، بەڵام زۆرجار هەندێ سەوابت لێرە سەوابتە، لەولا موتەغەیراتە، پێچەوانەکەیشی راستە. کەواتە، ئەمانە ئیشی بانگخوازە ئسیلامییەکانە، ئیشی ئەوانەیە، تەنیا لە پێناوی خواو دینەکەیدا شەڕ دەکەن و  شەوورۆژ مێژووی ئیسلام دەخوێننەوە و چۆن ئارەزوو بکەن، تەفسیری دەکەن، نەک ئیشی بزوتنەوەیەکی وەک “گۆڕان” بێت.  لەقورئاندا بە ئاشکرا گوتراوە { فَإن تَنَازَعْتُمْ فِی شَیْ‌وٍ فَرُدُّوهُ إڵی الڵّهِ ۆالرَّسُولِ} [النسا‌و: 59]، واتە ئەگەر کێشەتان لەسەر شتێ هەبوو، بیگێڕنەوە بۆ خواو پێغەمبەر، کەواتە زۆر بەئاشکرایی دیاریکراوە، کاتێ بڕیار لەسەر بابەتێکی وابەستە بە دینەوە دەدرێ، تا دەقی قورئانیی و روانگەی پێغەمبەر بوونی هەبێ هیچ دەقێکی تر بەهەند وەرناگیردرێ. بۆ نموونە، بەپێی قسەکانی گۆڕان بێت، بەهیچ شێوەیەک، ئەم بزوتنەوەیە نابێ پابەندی قانونە مەدەنییەکان و ئازادیی و مافەکانی ژنان بێت، لەکاتێکدا لە قورئاندا{ فَلِلژَّكَڕ مِپْلُ حَڤِّ اڵاُنپَێیْنِ}[النسا‌و:176]هاتووە. 

گۆڕان دەیتوانی بە ئاسانیی خۆی لەم  کێشمەکێشانە دووربخاتەوە، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی رێزی سەرجەم ئاییینەکان بە گشتیی و ئایینی ئیسلام  بەتایبەتیی دەگرن، وەک ئایینی زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەڕێزەوە دەیناسن  و هاوکاتیش بیانگوتایە، هەوڵدەدەین بەپێی توانا، مافە مەدەنییەکان و مافی ژنان، بەپێی ئاڵوگۆڕە کولتوورییەکان لەبەرچاو بگرین. کاتێ گۆڕان، سەوابتەکانی ئیسلام جێبەجێ ناکات، بەدڵنیاییەوە، زۆر موخالەفەی دینیی کردووە، هەر ئەسڵەن نەدەبووایە، ژنانی بخستایەتە ناو لیستەکەیەوە و بیانخاتە بواری گشتییەوە ( public)، ئەگەر وەک ئیسلامییە مۆدێرنەکان بگوترێ  ئەمەش موتەغەیراتە، بەدڵنیاییەوە نەدەبووایە جوانییەکانی روخساریان دەربخستایە و قژ و زوڵف و سینە و بازوویان، جگە لە نامەحرەمەکانیان کەس نەیبینیتنایە.

 

  ئەمانە دەریدەخات، ئەم قسانە ئەوەندەی بۆ بەمێگەلکردنی خەڵک و بەجەڵەبکردنی خەڵکە، ئەوەندەی بۆ ساڕێژکردنی سایکۆلۆژیی ئەو بیمارە مێژووییەیە کە باکگراوندی چەپبوون بە دیرۆکی هەندێ سەرکردەیانەوەیە، ئەوەندە راستگویی سیاسیی و مۆراڵیی و دینیی نیین. ئەمە لەکاتێکدایە، سەوابتی دینیی وەک د. فهد بن صالح العجلان بڕوای وایە،  گەورەترین شەڕێ ئیجتیهاد و ( الڤنیات و القگعیات) ی لەسەرە و تا چوار بانگخوازو زانای ئیسلامیی لەسەریان رێک دەکەون، چواردەی تر، لێیان هەڵدەپلێن و پێچەوانەکەی دەڵێن. 

 

راستە ئەحکامەکانی قورئان و تەشریعە ئیسلامییەکان، ئاڵۆزن و تەرجەمەی جیاوازیان بۆ دەکرێ. تێرۆریستێکی وەک ئوسامە بن لادن و زەواهیریی و قەرەزاویی و گرووپەکانیان هەزاران ئایەتی قورئانیی و حەدیسی سەحیح دەهێننەوە بۆ رەواییدان بەکارو کردەوە سیاسیی و عەسکەرییەکانیان. لەهەمان کاتیشدا بنەماڵە گەندەڵ و فاسیقەکانی وڵاتانی خەلیجیش بەهەمان شێوە لەڕێی هەزاران سکۆلار و ئەکادیمیست و زانای ئایینیی و سەلەفییەکان و مەدخەلییەکانەوە پاڵپشتیی دەکرێن و بە نوێنەرانی خواوەندیان دەزانن.

 

 ئیسلامییە میانڕەوەکان و خۆگونجێنەکانیش، دەتوانن بەشێک لە دەقە قورئانییەکان و وتەکانی پێغەمبەر بۆ خۆیان مۆبەڵایز بکەن.  گۆڕان بەم هەڵوێستە هەلپەرستانەیە، خۆی خستووەتە تەنگژەیەکی سیاسیی، فیکریی و مۆراڵییەوە. ئەگەر لایەنگریی لە سەوابتی دینیی دەکات، ئەوە دەبێ یان بێدەنگیی بکات، یان لایەنگریی بکات، کاتێ، کوتلەیەکی پارلەمانیی یان فراکسیۆنێک یاخود گرووپێک، پرۆژە قانونێک، بە تیۆرایزی دینییەوە بە پارلەمان دەدەن و لەگەڵ ستاندەردە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان و مافی منداڵاندا نەک هەر ناکۆکە، بەڵکو زوڵم و ئیستبداد و هەڵاواردنیشە.  

 

هیچ دۆکترین و زانایەکی رادیکاڵی دینیی، یان لیبراڵێکی دینیی، ناتوانێ ئەوە بسەلمێنێ کە سەوابتە دینییەکانی ئیسلام  لەگەڵ مافە جیهانییەکانی مرۆڤدا، بەتایبەتیی مافی ژنان و منداڵان، پێکەوە دەگونجێن. لە خاڵێکدا پێکەوە بگونجێن، لە دە خاڵی تردا پارادۆکسیان هەیە.  ئیتر “گۆڕان” چۆن بەخاکەساریی، خۆی خستووەتە ناو ئەم گۆڵمەزەوە، پێویستە بە جورئەتیشەوە خۆی لێدەربکات و راشکاوانەتر و شەفافتر قسە لەسەر ئەم بابەتە بکات. ئەم شیعارە حەماسییانەی گۆڕان بۆ سەوابتی دینیی، لەلایەن رابەرایەتیی گۆڕانەوە ئەگەر پێوەندیی بە کەمپەینی هەڵبژاردنەوە هەبوو، ئەوە دوای هەڵبژاردن، خۆڵکردنە بەسەر خۆیاندا. خاتوونێکی ئەندام پارلەمانی گۆڕان، هەر دەرخستنی عیشوەی جوانی خۆی، باقوبریقی جلوبەرگەکانی، بزەو نەشئەی جوڵانەوەکانی، هەمووی پارادۆکسن بە سەوابتی دینیی، کەچیی دێت حیکمەتی سەوابتی دینیی دەفرۆشێتەوە، دەیان کەڕەواڵەی رۆشنبیر و سیاسیی هەلپەرست و کاندیدی خۆپەرست و بەرژەوەندییخوازیش، چەپڵەی جاهیلانەی بۆ لێدەدەن. 

 

لە بواری ئازادیی رادەربڕین و فیکردا، سەوابتی دینیی و دەسەڵاتی دینیی  ئەگەر دەستیان بڕوات، ناهێڵن هیچ کتێب و دۆزینەوەیەک، بچووکترین ناکۆکیی بە ئیسلام هەبێت بڵاوببێتەوە. بۆ نموونە نەیاندەهێشت، کتێبەکانی عەبقەریترین مرۆڤی ئەم ساتەی سەر رووی زەمین” ستیڤن هۆکینگ” بە زمانی کوردیی بڵاوبێتەوە، چونکە نەک هەر بوونی خوا رەتدەکاتەوە و دژی سەوابتی دینییە، بەڵكو بە دەیان شێوە بە تیۆرییەکانی  کوانتەم دەیسەلمێنێت، سەرجەم بیرۆکەی دینەکان و خواکان، لەگەڵ زانستدا یەکناگرنەوە. نەدەبووایە تیۆرییە زانستییەکانی داروین و دۆکینز ببنە بڕبڕەی پشتی زانستی بایۆلۆژیا و هەزاران خوێندکار لە سیستمی پەروەردە و خوێندندا، لە هەرێمی کوردستان بیخوێنن، چونکە دژی پەروەردەی ئیسلامیی و سەوابتی دینیین. 

 

لە کۆتاییدا، پێویستە ئەوە بگوترێ، تاڵەبانیی و بارزانیی، بەدرێژایی  تەمەنی سیاسیی خۆیان، دیپلۆماسییانەتر و بەکەمترین رەخنەی نەیارەکانیانەوە، بەراورد بە رێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان، مامەڵەیان لەگەڵ دیندا کردووە. تاڵەبانیی، وەک ئەوە نا کە بەهۆی هەندێ لە سیاسەتەکانی ئەو و بنەماڵەکەیەوە، یەکێتیی بەمشێوەیە، بۆ پارتیی بچووک کردەوە و رەزیلی کرد، بەڵکو  وەک مارکسییەک( باشترە بگوترێ مارکسییزانێک)، ماوییەک، چەپ و لیبڕاڵ و لەم دوایەشدا وەک سۆشیال دیمۆکراتێک، هەمیشە عەقڵانییتر وحەکیمانەتر مامەڵەی لەگەڵ دیندا کردووە. لە کاتێکدا دۆست و نەیاری یەکێتیی و تاڵەبانییش، هەموو ئیسلامییەکانی کوردستان و دنیاش، باش دەزانن، کە هیچ جۆرە نزیکایەتییەکی بە دینی ئیسلامەوە نەبوو، بەڵام پیاوێک بوو، سەنگێکی قورسی سیاسیی و دیپلۆماسیی هەبوو، نەک هەر لە پارچەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکەو جیهانی ئیسلامییدا، بەڵکو لە ئاستی جیهانییشدا، قورسایی هەبوو.

 

  کاتی ئەوە هاتووە، گۆڕان ئەم سیاسەتە ئۆپۆرتونیستییەی بگۆڕێ و ئایدیۆلۆژیای خۆی ئاشکرا بکات و تۆخی بکاتەوە وکادیرەکانیشی لەجیاتی ئەوەی رۆڵی بانگخوازی دینیی ببینن، دەتوانن حەکیمانە و دیپلۆماسییانە خۆیان لە مەسەلەی دین نەدەن، بەڵکو تەنیا لەچوارچێوەی رێز و تەقدیری زۆرینەی دانیشتوانی هەرێمدا کە موسڵمانن مامەڵە لەگەڵ دیندا بکەن. ئەوەش بەهیچ شێوەیەک لەسەر حیسابی دین و ئایینزاکانی تر نەبێ، لەسەر حیسابی مافە مەدەنییەکانی تاک و ژنان نەبێت. گۆڕان پێویستە باڵانسێک لەنێوان رێز و تەقدیر بۆ  دینی ئیسلام لە لایەک و بۆ چەمکە سەرەکیی و ستاندەردە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ و ئازادییە  کولتووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکاندا رابگرێت. بێئەوەی بە هیچ شێوەیەک دژایەتیی هیچ جۆرە دینێک بکات، دەتوانێ مامەڵەیەکی ورد و حەکیمانەو دیپلۆماسییانە لەگەڵ دینەکان و دنیای مۆدێرنی ئەمڕۆدا بکات. 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.