گێڕانه‌وه وه‌کو بونیادی سه‌ره‌کی (چیرۆک، رۆمان)
(ناساندێک بۆ بکه‌ر و ره‌هه‌نده‌کانی گێڕانه‌وه له‌نێو تێکسته جیاوازه‌کاندا)
سۆران ئه‌حمه‌د
شه‌هره‌زاد تا حیكایه‌ته‌كه بگێڕێته‌وه، به‌ره‌و نهێنی مه‌عریفه‌مان ده‌بات.
میشێڵ فوکۆ
هونه‌ری گێڕانه‌وه (The Art of Narrative) یان (Narrative Art) بونیادێکی سه‌ره‌کییه بۆ چیرۆک، رۆمان، داستان، کورته چیرۆک … تاد. زۆرجار ئێمه له شیعیریشدا رووبه‌ڕووی زمانی گێڕانه‌وه ده‌بینه‌وه. ئایا گێڕانه‌وه چییه؟ گێڕانه‌وه چی دروست ده‌کات؟ ڕه‌گه‌زی گێڕانه‌وه له به‌رانبه‌ر چیدایه؟ هه‌موو ئه‌م پرسیارانه له لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیی جیهانییدا پانتاییه‌کی به‌رفراوانیان داگیر کردووه. یه‌کێک له پێناسه گرنگه‌کان بۆ هونه‌ری گیرانه‌وه، پێناسه‌ی ئینسکلۆپیدیای جیهانی (ویکی‌پدیا)یه، به‌م شێوه‌یه گێڕانه‌وه‌مان پێده‌ناسێنێت. (گێڕانه‌وه هونه‌ری چیرۆک دروست کردنه)1. ئایا ئه‌وه له رێگه‌ی گێڕانه‌وه نییه ئێمه ده‌توانین وێنا بۆ ڕووداوه‌کانی چیرۆکێک بکه‌ین؟ بونیادی گێڕانه‌وه خۆی له زمانه‌وه هاتووه، زمانیش به‌شێکی دانه‌بڕاوه له فیکر و گوزارشت له ئاستی تێڕامان و بیرکردنه‌وه و ده‌ربڕینی ئێمه ده‌کات. گێڕانه‌وه له ڕۆماندا هه‌ر له ده‌سپێکه‌وه تاوه‌کو کۆتایی ئاماده‌یی خۆی له دروستکردنی وێنه، که ئێمه مه‌به‌سیمان له وێنه‌ی خه‌یاڵه هه‌یه. به‌ڵام با بزانین چ هۆکارێک ئاڕاسته‌ی گێڕانه‌وه‌ی تێکستێک دیاری ده‌کات؟ ئایا چۆن فره‌ده‌نگی له رۆمان‌دا به‌هۆی گێڕانه‌وه دێته کایه‌وه؟
له کاتێکدا گیڕانه‌وه بونیادی چیرۆک و کورته چیرۆکیشه، به‌ڵام ئێمه مه‌به‌ستمانه زیاتر به‌لای رۆمان‌دا بچین، چونکه هه‌ست ده‌که‌م له رۆمان‌دا زیاتر ده‌توانین مه‌به‌سته‌کانمان به رووی ئه‌و بابه‌ته‌دا شی بکه‌ینه‌وه. ئه‌گه‌ر چیرۆک پانتایه‌کی که‌متری هه‌بێت بۆ فره‌ده‌نگی، ئه‌وا له رۆمان‌دا ئه‌و پانتاییه به‌رفراوانییه‌کی گه‌وره‌ی هه‌یه و ئاراسته‌کانی خۆی وه‌رده‌گرێت.
به‌ر له‌هه‌ر شتێک ڕووداو و خه‌یاڵ پێشمه‌رجی سه‌ره‌تان بۆ گێڕانه‌وه، ئه‌گه‌ر بوون وه‌ک رووداوێک سه‌یر بکه‌ین، که ئێمه به‌هۆی ئه‌و رووداوه‌وه ئێستا له جیهاندا ده‌ژین، ئه‌وا ده‌بێت بڵێین رووداو پێشمه‌رجی سه‌ره‌کی گێڕانه‌وه‌یه. ئه‌م وێنه‌یه له مرۆڤی سه‌ره‌تاییه‌وه ده‌ست پێده‌کات، تاکو به درێژایی مێژوو به‌رده‌وامی خۆی ده‌بێت. به‌ڵام جیاوازییه‌که‌یان له‌و ته‌کنیکانه دایه، که که‌سێک له‌کاتی گێڕانه‌وه به‌کاری دێنێت. هه‌رچی بۆ رۆمانه، ئه‌وا ده‌ڵێین رۆماننووس خاوه‌ن سه‌لیقه‌یه‌کی بێ وێنه‌یه بۆ گێڕانه‌وه. له رێگه‌ی گێڕانه‌وه ئاڕاسته‌ی زمانی ئه‌و رۆمانه دیاری ده‌کرێت، ئاخۆ ئه‌و زمانه مۆنۆله‌گه یان زمانی فره ده‌نگی و دیالۆگه. ئایا بکه‌ره‌کانی ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه چین؟ چۆن بزانین کاتێک کاره‌کته‌رێک ده‌ست ده‌کات به گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌کان، بزانن ئاخۆ ئه‌و کاره‌کته‌ره باکگراوند و کاریگه‌ریی رووداوه‌کانی به‌سه‌ره‌وه‌یه، یان زمان و فیکری رۆماننووسی له‌پاڵه؟ ئایا ئه‌م کاره‌کته‌ره ده‌توانێت له باکگراوندی مه‌عریفی نووسه‌ر رزگار بێت، ئه‌گه‌ر بێت و زمانێکی سه‌ربه‌خۆی بۆ گوزارشتکردنی له رووداوه‌کان نه‌بێت؟ یان ئایا زمانی گێرانه‌وه توانیویه‌تی بگاته ئاستی گوزارشتکردن له رووداوه‌کان؟ به‌رجه‌سته‌بوونی خه‌یاڵ به‌م زمانه‌وه له چ ئاستێک دایه؟ ئه‌مانه و چه‌ندین پرسیاری دیکه له کاتی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه رووبه‌ڕوومان ده‌بنه‌وه و په‌لکێشمان ده‌که‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی نهێنییه‌کانی گێڕانه‌وه و به‌رجه‌سته‌بوونی خه‌یاڵ به زمانه‌وه له ئاست ئه‌ده‌بی گیڕانه‌وه‌دا. دواجار گێڕانه‌وه ته‌نیا چه‌ند که‌مه ئه‌نجامێک نادات به ده‌سته‌وه، هه‌موو ئه‌و مانا و ئایدیایانه‌ی رۆمان یان چیرۆکێک له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یهێنێته ئاراوه، پێوه‌ندییان به‌و پرۆمبالیتکه‌یه‌ی گێڕانه‌وه‌یه، که ئاڕاسته‌کانی تێکست دیاری ده‌کات. ره‌نگه ئه‌و بۆچوونه‌ی (ئه‌لبێرت کامۆ) له ئاست رۆمان‌دا، لێره‌دا شیاو بێت بیهێنینه‌وه و بۆچوونه‌که‌مانی پێ بسه‌لمێنین، که ده‌ڵێت: رۆمان هیچ نییه، جگه له فه‌لسه‌فه‌یه‌ک له قالبی چیرۆکدا نه‌بێت. ئه‌م بۆچوونه ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت، که گێڕانه‌وه سیحرێکی راسته‌وخۆی هه‌یه له گه‌یاندنی په‌یامی فه‌لسه‌فی، تا ئه‌و ئاسته‌ی په‌یامه فه‌لسه‌فییه‌کان له رێگه‌ی گێڕانه‌وه به‌رجه‌سته ده‌بن. له‌ژێر ئه‌م بۆچوونه‌دا ده‌توانین بڵێین گێڕانه‌وه گه‌یاندنی مه‌عریفه‌یه به زمانێکی مێتافۆریانه، که ئه‌مه‌ش واده‌کات ئه‌م په‌یامه فه‌لسه‌فییه له ته‌نیا دیدگایه‌ک قه‌تیس نه‌کرێت و چه‌ندین دیدگای جیاواز ببنه هه‌وێنی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و مانایانه‌ی له پشت گێڕاوه‌دا خۆیان مه‌ڵاسداوه. ئه‌م بۆچوونه‌ی (فوکۆ)، که له‌باره‌ی چیرۆکه‌کانی (هه‌زار و یه‌ک شه‌و)ه‌وه ده‌ریبڕیوه و پیێ وایه” شه‌هره‌زاد تا حیكایه‌ته‌كه بگێڕێته‌وه، به‌ره‌و نهێنی مه‌عریفه‌مان ده‌بات.” هه‌مان ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ن، که پێمان ده‌ڵێن: گێڕانه‌وه گه‌یاندنی په‌یامی فه‌لسه‌فییه. جێگه‌ی خۆیه‌تی لێره‌دا بڵێین زۆرێک له فه‌یله‌سووفان بۆ گه‌یاندنی په‌یامه فه‌لسه‌فییه‌کانی خۆیان، په‌نایان بۆ ئه‌ده‌بی گێرانه‌وه بردووه. له‌وانه (ژان ژاک رۆسۆ)، (فیۆدۆر میخایلۆڤیچ دیۆستۆڤسکی)، (فرانتز کافکا)، (فریدیش ولیام نیتشه)، (ئه‌لبێرت کامۆ)، (ژان پۆل سارته‌ر)، (سیمون دیبوڤوار) … تاد (دیستۆڤسکی) یه‌کێکه له نموونه گرنگه‌کان و له رێگه‌ی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه په‌یامه فه‌لسه‌فییه‌کانی خۆی ده‌ربڕیوه. کاره‌کته‌ره‌کانی ئه‌و کاتێ چیرۆک و به‌سه‌رهاته‌کانی خۆیان ده‌گێڕنه‌وه و بۆچوونی خۆیان له ئاست کێشه‌کان ده‌رده‌بڕن، له‌رێگه‌ی گێڕانه‌وه ئێمه هه‌ست به ناخ و سایکۆلۆجییه‌تی کاره‌کته‌ره‌کان ده‌که‌ین، که چۆن له‌نێوان گومان و دوودڵی بۆچوونه‌کانیان ده‌رده‌بڕن. بۆ نموونه له رۆمانی (گه‌مژه‌کان) (پرێنس شا)ی کاره‌کته‌ر رووده‌کاته (پرینس میشکین) و ده‌ڵێت:
“پرێنسی ئازیز …. دروستکردنی به‌هه‌شت له‌سه‌ر زه‌وی کارێکی ئاسان نییه و وادیاره تۆ ئه‌مه به ئاسان ده‌زانی: به‌هه‌شت بابه‌تێکی زۆر ئه‌سته‌مه. پرێنسی ئازیز زۆر ئه‌سته‌متره له‌وه‌ی، که له‌ناو ئه‌و دڵه جیاوازه‌ی تۆدا هه‌ستی پێ ده‌کرێ.”
ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ئه‌م شێوه گێڕانه‌وه بده‌ین، راسته‌وخۆ ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێ، که (پرێنس شا) له رێگه‌ی ده‌ربڕینی بۆچوونه‌که‌ی، ئێمه رووبه‌ڕووی کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی فه‌لسه‌فی ده‌کاته‌وه. شێوه‌ی گێڕانه‌وه ئه‌و کاره‌کته‌ره جۆرێک له بێهیوایی و بێهووده‌ییی مرۆڤی له به‌رانبه‌ر به ده‌ستهێنانی سه‌رزه‌مینی خۆشبه‌ختی هه‌یه، ئه‌م هه‌سته‌ی کاره‌کته‌ر کارلێکێکی مێتافۆریانه‌ی پێک هێناوه، بۆ گوزارشتکردن له بۆچوونه‌کانی.
ده‌توانین (ژان ژاک رۆسۆ)یش به نموونه بهێنینه‌وه، ئه‌و فه‌یله‌سووفه‌ی زۆرترین جار بۆ ده‌بڕینی بۆچوونه فه‌لسه‌فییه‌کانی خۆی، په‌نای بۆ ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه بردووه. رۆمانی (ئێلۆئیزی نوێ) یه‌کێکه له نموونه‌کان، سیحری گێڕانه‌وه‌ی ژیانی شار و نغرۆبوونی (سه‌ن پرۆ)ی کاره‌کته‌ر
له‌ناو ئاژاوه و ناکۆکییه‌کی هه‌ڕه‌مه‌کی شاریبوون، به‌رجه‌سته‌بوونێکی سه‌رسوڕهێنه‌ری ئه‌و بۆچوونانه‌ی (رۆسۆ)یه له به‌رانبه‌ر ژیانی مۆدێرن و ئاکاره‌کانی، که (رۆسۆ) له‌رێگه‌ی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه ئه‌م کێشه و بیروبۆچوونه فه‌لسه‌فیانه‌ی به‌رجه‌سته کردووه.
(نیتشه) بۆچوونه فه‌لسه‌فییه‌کانی له شاکاره فه‌لسه‌فییه مه‌زنه‌که‌ی خۆی (وه‌های گوت زه‌راده‌شت) له‌رێگه‌ی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه، ده‌ربڕیوه. سه‌راپای ئه‌م شاکاره فه‌لسه‌فییه زمانی گێڕانه‌وه به‌سه‌ریدا زاڵه و له‌رێگه‌ی مێتافۆره‌وه وێنای جیهانه فه‌لسه‌فییه‌که‌ی خۆی کردووه. (زاراده‌شت)ی کاره‌کته‌ر خۆی رووداو و به‌سه‌رهاته‌کان ده‌گێڕێته‌وه و هه‌ر له ڕێگه‌ی زمانی مۆنۆلۆگی خۆیه‌وه، که له زۆر شوێندا رووبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه، بیرووبۆچوونه‌کانی خۆی ده‌رده‌بڕێت. سیحری گیڕانه‌وه ئه‌م شاکاره بێسنووره و هه‌ست به قووڵبوونه‌وه‌یه‌کی یه‌کجاری زۆری فه‌لسه‌فییانه ده‌کرێت. ئه‌مه‌ش پێمان ده‌ڵێت، که بۆچوونی فه‌لسه‌فیی ته‌کنیک و شێواز له گێڕانه‌وه‌دا ده‌هێنێته‌و کایه‌وه و دروستیان ده‌کات. پرسیارێک لێره‌دا ده‌ورژێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، که ئاخۆ (نیتشه) بۆچی له‌رێگه‌ی (ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه) بۆچوونه فه‌لسه‌فییه‌کانی خۆی ده‌ربڕیوه؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره پێویسته بۆ هه‌ندێک له بۆچوونه‌کانی (نیتشه) سه‌باره‌ت به زمان بگه‌ڕێینه‌وه، بۆ نموونه به بڕوای (نیتشه) زمان به زیندانی ماناکانه. بۆ ده‌ربازبوون له زیندانی ئه‌و زمانه، (نیتشه) په‌نای بۆ مێتافۆر بردووه، ئه‌و مێتافۆره‌ش له رێگه‌ی گێڕانه‌وه به‌رجه‌سته بووه. له‌ژێر رۆشنایی ئه‌م بۆچوونه‌دا ده‌توانین بڵێین گێڕانه‌وه له‌رێگه‌ی فیکر و ته‌کنیکه‌وه مێتافۆر ده‌هێنیته ئاراوه و ماناکان له کۆت و به‌ندی زمان رزگار ده‌کات.
(ژان پۆل سارته‌ر)یش فه‌یله‌سووفێکه زۆترین جار بۆ گه‌یاندنی بۆچوونه فه‌لسه‌فییه‌کانی په‌نای بۆ ئه‌ده‌بی گێرانه‌وه بردووه. بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت دیدی (سارته‌ر) له‌باره‌ی ئازادییه‌وه بزانین، ناکرێت بۆ رۆمانی (The Age of Reason)، که ده‌کرێت به‌م شێوه‌یه بکرێته کوردی (ته‌مه‌نی هۆش)، نه‌گه‌ڕێینه‌وه. له‌وێدا (سارته‌ر) سێ کاره‌کته‌ری جیاوازی خوڵقاندوون. ئه‌وانیش (دانیاڵ)، (ماتیۆ)، (برۆنیت)ن. (دانیاڵ) کاره‌کته‌رێکی نێربازه، کاتێ کۆمه‌ڵ ده‌بێته رێگراییه‌کی سه‌خت له به‌رانبه‌ر پرۆژه‌کانی، بریار ده‌دات له گه‌شت ویستێکی رابردوو و حه‌ز و هیواکانی هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه، به‌وه‌ی زاڵبوون به‌سه‌ر ویسته‌کانی خود، به‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌ستیی خودییه. (برۆنیت)یش ئه‌ندامی پارتی کۆمۆنیسته و پرۆژه‌کانی بوونی خۆی به‌و پارته گرێ داوه‌ته‌وه. ئه‌و ره‌هه‌نده فه‌لسه‌فییانه‌ی، که (سارته‌ر) له رێگه‌ی کاره‌کته‌ره‌کانی به‌رجه‌سته‌ی کردوون و وایکردووه سێ کاره‌کته‌ری جیاواز رۆڵ له رۆمانه‌که‌یدا بگێڕن، به‌شێکی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، که (سارته‌ر) له‌رێگه‌ی ئه‌و سێ کاره‌کته‌ره جیاوازه، شێوه و بۆچوونی سێ جۆر له بوون نیشان بدات، که ئاخۆ ئه‌وان چۆن بڕیار ده‌ده‌ن پرۆژه‌کانی بوونی خۆیان هه‌ڵبژێرن و چۆن بژین. له‌ڕێگه‌ی هونه‌ری گێڕانه‌وه ئێمه ئاشنای رووداو و کاریگه‌ریی رووداوه‌کان له‌سه‌ر دیدگای کاره‌کته‌ره‌کان، ده‌بینین. له‌م رۆمانه‌دا (سارته‌ر) ئازادیی ده‌کاته ئامانجێکی ئۆنتۆلۆجیانه. پرسیارێک دێته به‌رده‌ممان، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئاخۆ (سارته‌ر)، ئه‌گه‌ر بۆ ده‌ربڕینی ئه‌م بۆچوونه فه‌لسه‌فییانه‌ی له به‌رانبه‌ر ئازاییدا په‌نای بۆ ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه نه‌بردبا و له ناخی سێ کاره‌کته‌ردا ئه‌مه‌ی به‌رجه‌سته نه‌کردبا، ده‌یتوانی په‌یامه‌که‌ی به‌م شێوه‌یه بگه‌یه‌نێت؟ ئایا له ده‌ره‌وه‌ی هونه‌ری گێڕانه‌وه، که هۆکارێکه و (سارته‌ر) بۆ ده‌رنڕینی بۆچوونه‌کانی پشتی پێ به‌ستووه، به‌بێ ئه‌م سێ کاره‌کته‌ره ئه‌م بۆچوونه به‌م شێوه‌یه ده‌گه‌یشت؟ یان به‌رجه‌سته ده‌بوو؟
هه‌ر (سارته‌ر) له شانۆنامه‌ی (No Exit) به کوردی ده‌کرێت بڵێین (بێ ده‌رچوون)، باس له سێ که‌س ده‌کات، که له‌ژوورێکدان و کات ناتوانێت هیچ گۆڕانێک له شته‌کاندا بکات، چونکه ئه‌و شوێنه هی ئه‌و که‌سانه‌یه، که پاش مردن بۆ سزادان، داندراوه. (گارسن)ی کاره‌کته‌ر، که خۆیشی له‌و ژووره‌دایه، ده‌گاته ئه‌و بڕوایه‌ی، که ئه‌وانی دیکه بۆ ئه‌و دۆزه‌خن و ده‌ستیان به‌سه‌ر بوونیدا گرتووه. جگه له‌م شانۆگه‌رییه، (سارته‌ر) له کتێبی (The Transcendental Ego) بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌سته‌واژه‌ی (بوون بۆ ئه‌وانی دیکه) ی به‌کار هێناوه، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم ئه‌م شانۆنه‌مه‌یه، که ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌یه، (سارته‌ر) توانیویه‌تی به قووڵی ئه‌م بۆچوونه فه‌لسه‌فییه‌ی به‌رجه‌سته بکات.
(ئه‌لبێرت کامۆ) له کۆی به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کانی، تووشی سه‌رسوڕمانمان ده‌کات، به‌رانبه‌ر به هونه‌ری گێرانه‌وه و ته‌کنیک و سایکۆله‌جییه‌تی کاره‌کته‌ره‌کان له کاتی گێڕانه‌وه‌دا. ئه‌گه‌ر ده‌سپێکی رۆمانی (نامۆ – The Stranger) بهێنینه‌وه، که‌م به‌م شێوه‌یه ده‌ست پێده‌کات: “ئه‌مرۆ دایکم مرد، نازانم له‌وده‌چێت دوێنێ بووبێت” له‌وه تێده‌گه‌ین، که هه‌ستی و شێوه ژیان و بۆچوونی ئه‌و کاره‌کته‌ره له به‌رانبه‌ر ژیان و رووداوه‌کانیدا چۆنه. بێهووده‌یی و پووچگه‌رایی سه‌راپای شێوه ژیانی ئه‌م کاره‌کته‌ره‌ی داگیر کردووه. ئه‌مه زیاتر له هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێت.
بکه‌ره‌کانی گێڕانه‌وه:
له‌هه‌ر تێکستێکی گێڕانه‌وه‌یی، دوو بکه‌ری گێڕانه‌وه هه‌ن، یه‌کێکیان گێڕانه‌وه‌ی نووسه‌ر یان حیکایه‌تخوان خۆیه‌تی، ئه‌وی دیکه گێڕانه‌وه کاره‌کته‌ره‌کانه. گێرانه‌وه‌ی حیکایه‌تخوان به رووداو و شێوه‌ی شته‌کانمان ده‌ناسێنێت، بۆ نموونه چۆن رووداوه‌کان ده‌ست پێده‌که‌ن و کاره‌کته‌ره‌کان کێن. گێڕانه‌وه‌ی دووه‌م، که هی کاره‌کته‌ره‌کانه، هیچ جیاوازییه‌کی نییه، ئه‌گه‌ر که‌سێک یان چه‌ند کاره‌کته‌رێک چیرۆکه‌کان بگێڕنه‌وه (مه‌به‌ستمان له جیاوازیی له‌سه‌ر ئاستی گێڕانه‌وه‌یه). ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت، که ئه‌گه‌ر ته‌نیا کاره‌کته‌رێک شته‌کان بگێڕیته‌وه، ئه‌وا زمانی گێڕانه‌وه‌که ده‌بێته مۆنۆلۆگ. ئه‌گه‌ر بێت و چه‌ند کاره‌کته‌رێک بن، ئه‌وا زمانی گێڕانه‌وه‌که ده‌بێته فره ده‌نگی.
بۆ پیشاندانی وێنه‌کانی ئه‌و دوو جۆر گێڕانه‌وه، چه‌ند نموونه ده‌هێنمه‌وه. (کافکا) به‌م شێوه‌یه رۆمانی (به‌دگۆڕان The Metamorphosis – ) ده‌ست پێده‌کات:
“له به‌یانییه‌کدا، گریگۆر سامسا به نیگه‌رانییه‌وه له خه‌و هه‌ڵده‌ستێک، له جێگاکه‌یدا ئه‌وه‌ی تێبینی کرد، که گۆڕاوه بۆ مێشووله‌یه‌کی به‌د (قالۆنچه)(2)”.
ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ئه‌م ده‌سپێکه بده‌ین، ئه‌وا له‌وه تێده‌گه‌ین، که حیکایه‌تخوان(Narrator) ده‌ست ده‌کات به گێڕانه‌وه نه‌وه‌ک کاره‌کته‌ر. که ئه‌مه‌ش تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر کاره‌کته‌ره‌وه ده‌ستی کردبا به گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌که، ئه‌وا خاسڵه‌تێکی دیکه‌ی ده‌بوو، ره‌نگه ئه‌و کاره‌کته‌ره زیاتر به‌لای کێشه ده‌روونییه‌کانی خۆی، له‌کاتی رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م رووداوه کردبا، ئه‌مه‌ش ئاراسته‌ی گێڕانه‌وه‌که ده‌گۆڕێت.
یان رۆمانی (خۆشه‌ویستیی له زه‌مانی کولێره‌دا)ی (گابریل گارسیا مارکیز) زمانی گیڕانه‌وه هه‌م کاره‌کته‌ره‌کان بکه‌ری گێرانه‌وه‌ن، هه‌میش گێڕانه‌وه‌ی نووسه‌ر. هه‌ر وه‌ک له ده‌سپێکدا هاتووه:
“هه‌رگیز نه‌یده‌توانی خۆی له‌وه لابدات: بۆنی دارچواله‌ی تاڵ هه‌میشه چاره‌نووسی خۆشه‌ویستییه نامراده‌کانی به‌یادده‌هێنایه‌وه. دکتۆر خۆڤیناڵ ئۆربینۆ هه‌ر که به خێرایی خۆیکرد به‌و ماڵه تاریک و خامۆشه‌دا “هه‌ستی به‌مه‌کرد”، که بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌چوونی حاڵه‌تێکی زۆر به‌په‌له بانگرابوو، به‌لایه‌وه ئه‌و حاڵه‌ته خێرایی ساڵانی پێشووی له‌ده‌ست دابوو.”3 (ل7)
له‌م ده‌سپێکه‌دا حیکایه‌تخوان که‌سی دووه‌مه، واته جێناوی (ئه‌و) بۆ کاره‌کته‌ر به‌کار هاتووه. ئه‌مه‌ش گێڕانه‌وه‌ی کاره‌کته‌ر نییه، به‌ڵکو حیکایه‌تخوان که‌سێکه له ده‌ره‌وه‌ی رووداو. ئه‌م جۆره گێڕانه‌وه‌یه شێوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی رووداوه‌کانی کاره‌کته‌ر نیشان ده‌دات، واته کاره‌کته‌ر له دید و ناخی خۆیه‌وه رووداوه‌کان ناگێڕێته‌وه، به‌ڵکو حیکایه‌تخوانێک ده‌ست ده‌کات به گێڕانه‌وه و ناخی کاره‌کته‌ر و شێوه‌ی ده‌ره‌کی رووداوه‌کانمان نیشان ده‌دات.
له باره‌ی جۆری دووه‌می گیڕانه‌وه، که گێڕانه‌وه‌ی کاره‌کته‌ر خۆیه‌تی، ئه‌وا ده‌توانین رۆمانی (ژیانی نوێ)ی (ئۆرهان پاموک) وه‌ک نموونه بهێنینه‌وه. ده‌سپێکه‌که‌ی به‌م شێوه‌یه:
“رۆژێک کتێبێکم خوێنده‌وه و سه‌رتاپای ژیانم گۆڕا”4
ئه‌م ده‌سپێکه گێڕانه‌وه‌ییه، ده‌مانخاته به‌رده‌م سێ دۆخی جیاواز، دۆخی یه‌که‌م: ئه‌و کاته‌یه، که پێێ ده‌ڵێن (رابردوو)ی کاره‌کته‌ر، واته به‌ر له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و کتێبه کاره‌کته‌ر له دۆخێکی جیاوازتر بووه، که دواتر به درێژایی هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و رۆمانه، ئێمه ئاشنای ده‌می رابردوو ده‌بین. دۆخی دووه‌م: ده‌می ئێستای کاره‌کته‌ره، که له دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و کتێبه ده‌ست پێده‌کات. له‌م دۆخه‌دا کاره‌کته‌ر له به‌رانبه‌ر بڕیارێکدایه، که پێویسته بیدات و ئاراسته‌ی ژیانی خۆی پێیه‌وه دیاری بکات، هه‌ر ئه‌م بڕیاره ده‌بێته (ژیانی نوێ). واته له رێگه‌ی ئه‌و بریاره‌وه کاره‌کته‌ر ژیانێکی نوێ ده‌ست پێده‌کات. دۆخی سێیه‌م: ئه‌و کاته‌یه، که پێێ ده‌ڵێن داهاتوو، واته کاره‌کته‌ر له‌رێگه‌ی بڕیاری ئێستایدا، به‌ره‌و داهاتوو هه‌نگاو ده‌نێت و ده‌رئه‌نجامی پرۆژه‌ی خوێنده‌نه‌وه‌ی ئه‌و کتێبه ده‌بینێت، که خوێندوویه‌تییه‌وه و ژیانێ پێیه‌وه گۆڕاوه. به سه‌رنجدانی ئه‌م ده‌سپێکه، له گرنگی و کاریگه‌ریی گیڕانه‌وه له گه‌یاندنی په‌یامی نووسه‌ر بۆ خوێنه‌ر، تێده‌گه‌ین. وه‌ک چۆن له‌م ده‌سپێکه کورترین گێڕانه‌وه گوزارشتی له چه‌ند دۆخێکی جیاواز کردووه. ئه‌م گێڕانه‌وه‌یش پێێ ده‌ڵێن (گێڕانه‌وه‌ی کاره‌کته‌ر – Narrative of character ). واته کاره‌کته‌ر رۆڵی حیکایه‌تخوانی بینیووه و ده‌ست ده‌کات به گێڕانه‌وه دۆخه جیاوازه‌کان و له دیدی خۆیه‌وه گوزارشت له که‌شه تایبه‌تییه‌کان ده‌کات. ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه زیاتر شێوه‌ی ناوه‌وه‌ی خود (self – inside)ی هه‌یه، واته کاره‌کته‌ر له قووڵایی ناوه‌وه‌ی خۆیه‌وه، ده‌ست ده‌کات به گێڕانه‌وه و گوزارشت له دۆخی خۆی ده‌کات. جگه له‌م رۆمانه، (پاموک) له رۆمانی (من ناوم سووره)5، توانیویه‌تی زمانی گێڕانه‌وه‌ی فره‌ده‌نگی بهێنێته کایه‌وه، واته کاره‌کته‌ره‌کان زمانی گێڕانه‌وه‌ی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه و هه‌ریه‌که‌یان به زمانی خۆیان گوزارشت له بۆچوونه‌کانیان ده‌که‌ن. بۆ نموونه (مردوو)ی کاره‌کته‌ر به‌م شێوه‌یه دێته ئاخاوتن:
“ئێستا من مردووێکم، ته‌رمێکم له بنی بیرێکدا. له‌مێژه دوا هه‌ناسه‌م داوه و زۆر ده‌مێکه دڵم ڕاوه‌ستاوه، به‌ڵام جگه له بکوژه نامه‌رده‌که‌م، که‌سی تر نازانێت چیم به‌سه‌ر هاتووه.” (ل11).
به‌هه‌مان شێوه (سه‌گ)ی کاره‌کته‌ر به‌م شێوه‌یه ده‌ست به گیڕانه‌وه‌ی خۆی ده‌کات:
“وه‌ک ئێوه‌ش ده‌بینن، که‌ڵبه‌کانم هێنده تیژ و درێژن به‌زۆر له ده‌ممدا جێیان ده‌بێته‌وه. ده‌زانم ئه‌مه دیمه‌نێکی ترسناکم پێ ده‌به‌خشێت، به‌ڵام چێژی لێ وه‌رده‌گرم.” (ل23)
(دار)ی کاره‌کته‌ریش به‌م شێوه‌یه دێته گۆ:
“من دارێکم، زۆر ته‌نیام. له‌گه‌ڵ باران ده‌گریم. بۆ ڕه‌زای خوا گوێ له‌م قسانه‌م بگرن” (ل77)
ئه‌وه‌ی له‌م رۆمانه‌ی (پاموک) به‌رچاو ده‌که‌وێت، ئه‌وه‌یه که کاره‌کته‌ره‌کان چیرۆکه‌کانی خۆیان ده‌گێڕنه‌وه، واته حیکایه‌تخوان کاره‌کته‌ره‌کان خۆیانن، نه‌وه‌ک زمانی گێڕانه‌وه‌ی نووسه‌ری تێدا به‌دی بکرێت. هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کانیش جێناوی یه‌که‌می سه‌ربه‌خۆی تاک واته (من I am) به‌کار هاتووه. ئه‌مه‌ش واده‌کات ئێمه راسته‌وخۆ بزانین حیکایه‌تخوانه‌کان کاره‌کته‌ره‌ی رۆمانه‌که‌ن و خۆیان له‌ناو چه‌قی رووداوه‌کاندا ده‌ست ده‌که‌ن به گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکه‌کانیان. یه‌کێک له‌و داهێنانه قووڵانه‌ی، که (ئۆرهان پاموک) له‌رێگه‌ی زمانی گێڕانه‌وه‌وه له‌م رۆمانه‌دا دایهێناوه، زمان به‌خشینه به شته بێگیانه‌کان، وه‌کو (سه‌گ)، (دار)، (پاره) جگه له‌مانه، زمانی گێڕانه‌وه‌ی به (مردوو)یش به‌خشیوه. پارادۆکسی ئه‌م داهێنانه ئه‌وه‌یه، که نووسه‌ر مانا له خودی شته‌کاندا ده‌بینێت، واته شته‌کان خۆیان گوزارشت له خۆیان بکه‌ن، نه‌وه‌ک له روانگه‌ی کاره‌کته‌رێک، که له‌ژیان دایه و له رێگه‌ی تیڕوانینی خودی خۆی بڕوانێته شته‌کان و زمانیان بخاته پاڵ.
له ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ی کوردییدا، چه‌ندی نموونه‌یه‌کمان هه‌یه، که هونه‌ریانه توانیویانه کار له گێڕانه‌وو بکرێت و په‌یامی نووسه‌ر بۆ خوێنه‌ر بگه‌یه‌نێت. بۆ نموونه (کاروان کاکه‌سوور) له رۆمانی (ئای له ڤیلیا له ڤیلیا)6، پاش دانانی چه‌ند خاڵێک وه‌ک ده‌سپێک، به‌م شێوه‌یه ده‌ست پێده‌کات:
“((مه‌هاباد))ی ((نه‌خشه خان)) هه‌رچه‌ند ده‌چێته ئه‌و ژووره‌ی ئازووقه و له بن‌میچ و دیواره‌کانی ده‌ڕوانێت، ئێواره ته‌مومژاویه‌کی چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ری بیرده‌که‌وێته‌وه و ده‌چێته خه‌یاڵی قووڵ قووڵه‌وه، که تیایدا ((نه‌وال جابر))ی گۆرانیبێژ به دزیی خه‌ڵکه‌وه دوانه له‌یه‌کچووه‌که‌ی بوو و دایکی به په‌ڕۆی سپییی نه‌رمی وه‌کو سه‌رتوێكی گامێش پێچاینی..”
سه‌رنجدانمان له‌م ده‌سپێکه، چه‌ند خاڵێکی گرنگی هونه‌ری گێڕانه‌وه‌مان پێده‌ناسێنێت، چونکه ده‌ستپێکردن به ناوی دوو کاره‌کته‌ر، که به سه‌یرکردنی دیوار و بن‌میچ رووده‌چنه ناو بیره‌وه‌رییه‌کانیانه‌وه، که ئه‌میش مانه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه له یاده‌وه‌ری کاره‌کته‌ر و کاتێک که‌سه‌که به‌هۆی شتێکه‌وه بیره‌وه‌رییه‌کی خۆی بیر دێته‌وه، ئه‌مه‌یش کارلێکی نێوان شتێک له ده‌ره‌وه‌ی خۆمان و بیره‌وه‌رییه‌ک له نه‌ستماندا ده‌هێنێته کایه‌وه. ره‌نگه کتێبی (لێکدانه‌وه‌ی خه‌ونه‌کان)ی (سمیگۆد فرۆید) جوانتر گوزارشت له‌م بۆچوونه‌مان بکات، که زۆربه‌ی ئه‌و شتانه‌ی ده‌یانبینین ده‌چینه نه‌ستمان و له‌وێ جێگیر ده‌بن، پاش ده بیست ساڵێک به‌هۆی بیستنی شتێک له خه‌وێکی قووڵدا خه‌ونی پێوه ببینین، به‌ڵام به شتێکی جیاوازتر و تێکه‌ڵتر، کاریگه‌ریی خه‌ون له‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یدایه، که هیچ شتێک له‌ژێر رۆشنایی خه‌ون وه‌ک خۆی نامێنێت. جگه له‌مه‌ش له به‌رانبه‌ر وشه‌ی (په‌ڕۆی سپیی) به‌هۆی هونه‌ری گێڕانه‌وه و ته‌کنیکه‌کانی، حیکایه‌تخوان (سه‌رتوێکی گامێش)ی به‌کار هێناوه، که ره‌نگی ره‌شه، یان بڵێین مانگا ره‌نگی ره‌شه. به‌درێژایی هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه، ئێمه رووبه‌رووی ئه‌و ته‌کنیکه ده‌بینه‌وه، که راڤه‌ی جۆراوجۆری هه‌یه. ململانێی نێوان ره‌نگی (ره‌ش، سپی، سوور) به شێوه‌یه‌کی هونه‌ریانه له‌و رۆمانه‌دا دابه‌شکراوه. له‌نێوان (ره‌ش، سپی) ده‌توانین ئه‌م نموونه‌یه بهێنینه‌وه:
“قاپه شووشه ڕه‌شه‌که‌ی گرت به ده‌ستیه‌وه و چووه پشت ده‌رگا سپیه‌که‌ی حه‌وشه‌وه.” (ل 15)
یان له‌نێوان (سوور، ره‌ش) ئه‌مه یه‌کێکه له نموونه‌کان:
“له‌و ته‌له سووره‌ی ده‌ڕوانی و سه‌ری لێ ده‌برده پێشه‌وه، که سه‌رێکی به ده‌رگاکه و سه‌ره‌که‌ی تری به پارچه نانێکی ڕه‌شی چه‌وره‌وه به‌سترابووه‌وه..” (ل279)
ئه‌م ته‌کنیکه له فیکر و ئایدیای شته‌کانی ناو ئه‌م رۆمانه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، واته له‌رێگه‌ی دوو شتی ناجۆر له‌یه‌کتر، گوزارشت له چه‌نده‌ها شتی دژبه‌یه‌ک ده‌کرێت. ئه‌م ئادیایه ره‌گێکی چه‌قبه‌ستووی له‌مێژوودا هه‌یه، بۆنموونه له ئایینی (زه‌رده‌شت) له به‌رانبه‌ر خوای شه‌ڕ و خراپه‌کاری (ئه‌هریمه‌ن) خوای چاکه و سوودمه‌ندی (ئه‌هامه‌روزاده) هاتووه. ئه‌م ململانێیه چه‌ندین ئاراسته‌ی جیاوازی خوێنده‌نه‌وه‌ی خۆی هه‌یه، که له رێگه‌ی گێڕانه‌وه به‌رجه‌سته کراون.
جگه له‌مه، نووسه‌ر به‌هۆی سه‌لیقه‌یی خۆی له ته‌کنیکه‌کانی گێڕانه‌وه‌دا توانیویه‌تی تاقووڵاییه‌کانی هه‌ستی کاره‌کته‌ره‌کان بچێت و دنیابینیان وێنا بکات. ده‌توانین (دیالۆگ)ێک بهێنیه‌وه، که ئه‌و رووچوونه به‌ناو کاره‌کته‌رمان بۆ ده‌رده‌خات: “
– تۆ درۆزنی هاله.. تۆ ده‌ته‌وێت به ڕۆژی ڕووناک چاوبه‌ستم بکه‌یت و ڕاستییم لێ بشاریته‌وه.. تۆ ئه‌گه‌ر باوه‌ڕت به‌م شتانه‌یه، که ده‌یانڵێیت، بۆچی شووتکرد..؟! که شووتکرد، بۆچی هێشتت سکت پڕبێت..؟!
– منیش تاوانبارم شازه منیش.. ئه‌گه‌رچی بۆ ئه‌وه شووم نه‌کرد، تا ببمه هۆی خوڵقاندن و له‌ناوبردنی رۆحی تر، به‌ڵام هه‌ر بکوژم.. هه‌ر تاوانبارم.. پیاو له خشته‌ی بردم شازه گیان.. پیاو زۆری لێ کردم ده‌ستم به خوێن سوورکه‌م تاقه شه‌زه‌مانی شاره بۆگه‌نه‌که‌م.. ناخی منیش وه‌کوو هی تۆ بۆگه‌نیکردووه ڕۆحی شیرینم.
– ناخی تۆ بۆگه‌نی کردووه ئا، هه‌ر بۆیه ناتوانی که‌ست خۆشبوێت، به‌ڵام ڕازیی نابم من بهێنیته ڕیزی خۆت.
– مرۆڤ ڕابردووێکی به‌سه‌رچووه شازه گیان.. ڕق و خۆشه‌ویستی له ئاستی مه‌رگدا هه‌مان شتن گوڵم.. ژیانی ئێمه وه‌کوو ئه‌و داستان و چیرۆ‌کانه وایه، که باس له سه‌ردمه زووه‌کان ده‌که‌ن.. ئه‌و پاڵه‌وانانه‌ت خۆشده‌وێن، که ده‌چه‌وسێنه‌وه و ڕقیشت له‌وانه‌یه، که چه‌وسێنه‌رن.. حه‌ز به سه‌رکه‌وتنی ئه‌مان و دۆڕانی ئه‌وان ده‌که‌یت، به‌ڵام هه‌ر هه‌موویان مردوون مردوو شازه‌که‌م.. ئه‌نجام هه‌ر ئه‌نجامه..”….. تاد (ل 159)
له‌م شێوه گێڕانه‌وه‌یه‌دا، هه‌ست به ناخ و جووڵه و نائومێدی و دنیابنینی دوو کاره‌کته‌ر ده‌کرێت، که یه‌کیان له‌رێگه‌ی ئه‌زموونی رابردووه‌وه له‌رێگه‌ی بوونی خۆیه‌وه، که تێیدا بێهووده‌ییانه ده‌روانێته ژیان، هه‌ست به تاوانباریی خۆی ده‌کات له ئه‌نجامی خوڵقاندنی منداڵێک، چونکه مردن ئه‌نجامی ئه‌و وه‌چه خستنه‌وه‌یه. کاره‌کته‌ره‌که‌ی دیکه هێشتا ئه‌و ئه‌زموونه‌ی نه‌کردووه و باوه‌ڕی به‌و شێوه روانینه ناهێنێت، چونکه پێێ وایه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه بۆچوونی که‌سه‌که بێت، ئه‌ی که‌واته بۆچی وایکردووه؟ کاره‌کته‌ره‌که‌ی دیکه ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنێه‌وه بۆ ئه‌ستۆی پیاو، که زۆری لێ کردووه. ئه‌م شێوه گێڕانه‌وه‌یه‌ی، که نووسه‌ر له‌و رۆمانه‌دا هونه‌ریانه کاری تێدا کردووه، به‌هۆیه‌وه تواندراوه قووڵایی و ئاوه‌زی کاره‌کته‌ره‌کان به‌هۆی زمانی دیالۆگه‌وه وێنا بکرێت و گوزارشت له ناخیان بکات. به‌بڕوای من زمانی گێڕانه‌وه‌ی دیالۆگی، که له‌م نموونه‌یه‌دا نیشندراوه، یه‌کێکه له‌و ئاسته هونه‌رایانه‌ی، که ئه‌م رۆمانه هه‌ڵگریه‌تی.
له رۆمانی (مامزێر)ی (کاروان کاکه‌سوور) زمانی گێڕانه‌وه‌ی کاره‌کته‌ر مۆنۆلۆگه، ئه‌گه‌رچی زمانی دووه‌میش، که زمانی حیکایه‌تخوانێکی دیکه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی رووداوه‌کاندا بوونی هه‌یه، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یه، که جگه له کاره‌کته‌ر، ئێمه ئاشنای دیوێکی شاراوه‌ی دیکه‌ی کاره‌کته‌ر بین، به‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی ناخی کاره‌کته‌ر، ئه‌و کاره‌کته‌ره چۆن وێنا بکرێت بۆ ئه‌وانی دیکه؟ جگه له‌وه‌ی زمانێکی زۆر کورت و پوخت و ته‌کنیکدار به‌کار هاتووه، که دواجار ئه‌و ته‌کنیکانه به‌ندن به‌و ئایدیایانه‌ی ئه‌و رۆمانه له‌خۆیدا هه‌ڵیگرتووه. ده‌توانین ده‌سپێکی رۆمانه‌که وه‌ک نموونه‌یه‌ک بهێننه‌وه، که ده‌ڵێت:
” له ڕێگا، کاتێ جه‌نگاوه‌ره ڕیشنه‌کان ڕووتوقووت به‌سه‌ر لمه داخبووه‌که‌دا ده‌یانهێناین، له‌ناو سه‌رجه‌می دیله‌کاندا ته‌نها چاوی منیان نه‌به‌ستبوو… ئێستایش، که ئه‌وه‌تا شه‌که‌ت و ماندوو خراوینه‌ته ناو ئه‌م قه‌فه‌زه گه‌ورانه‌ی به‌ر هه‌تاوی چله‌ی ئه‌م هاوینه پڕووکێنه‌ره‌وه، ته‌نها پرسیار له من ناکه‌ن… ئه‌گه‌رچی به‌ته‌واوی له‌م نهێنییه تێناگه‌م، به‌لآم وای بۆ ده‌چم ئه‌وانیش زانیبێتیان من هه‌رگیز ناتوانم ڕووداوه‌کان وه‌کو خۆیان بگێڕمه‌وه… هه‌میشه که‌سه‌کان گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت… سنووره‌کانی کات و شوێن دیار نامێنن… سیمای ئه‌فسانه‌یی به خۆیانه‌وه ده‌گرن… ” (له رۆمانه‌که‌وه)
ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ئه‌م ده‌سپێکه بده‌ین، کۆمه‌ڵێک دۆخ له‌یه‌ک گێڕانه‌وه‌ی پوختدا کۆبوونه‌ته‌وه، بۆ نموونه ئه‌و شوێنه‌ی کاره‌کته‌ری به‌ڕووتوقوتی تێدا ده‌هێندرێت، لمی داخبووی بیابانه، بیابانیش رۆژی گه‌رم و شه‌وی سارد خاسڵه‌تێکی سه‌ره‌کییه‌تی. ده‌مه‌کانی ئه‌م ده‌سپێکه هه‌ر سێ ده‌می کاتی له‌خۆوه گرتووه، وه‌کو (رابردوو، ئێستا، داهاتوو)، بۆ نموونه کاتێ به‌رێگایاندا ده‌هێنن، ئه‌وا ده‌کوینه به‌رده‌م ده‌می رابردوو، ئێستای کاره‌کته‌ریش ئه‌و کاته‌یه، که ماندو و شه‌که‌ت و له‌ناو قه‌فه‌زێکی گه‌وره‌ی به‌رده‌م هه‌تاوی پڕوکێنه‌ره. داهاتووشی ده‌که‌وێته پاش ئه‌م دوو زه‌مه‌ن و گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌کان. به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ” دنیای خودی مامزێر، له ده‌ره‌وه‌ی فه‌زای شوێن و کاته، نه مێژووی دیاره و نه ئایینده، (ئێستا)ی ئه‌ویش بوونێکی گوماناوییه، به‌ڵام به هۆی ته‌کنیکه‌کانی گێڕانه‌وه “techniques Narrative” دنیای کاره‌کته‌ر و ده‌ره‌وه‌ی کاره‌کته‌ر تێکه‌ڵ به یه‌کتر ده‌بن.”7
به‌ڵام رۆمانی (سوواره‌کان به‌قاچاغ بووکیان گواسته‌وه)، هه‌ردوو جۆری حیکایه‌تخوانی تێدا به‌دی ده‌کرێت، که یه‌که‌میان گێڕانه‌وه حیکایه‌تخوانێکه له‌ده‌ره‌وه‌ی رووداوه‌کان، یان ده‌توانین بڵێین له ده‌ره‌وه‌ی زمانی کاره‌کته‌ر، جۆری حیکایه‌تخوانی دووه‌میش، کاره‌کته‌ره‌کان خۆیانن، جیاوازییه‌که‌یان له‌گه‌ڵ رۆمانی (مامزێر) ئه‌وه‌یه، که ته‌نیا یه‌ک کاره‌کته‌ر حیکایه‌تخوان نییه، به‌ڵکو چه‌ند کاره‌کته‌رێک رۆڵی حیکایه‌تخوانی له به‌شه جیا جیاکاندا ده‌بینن. له‌و رۆمانه‌دا به‌هۆی ته‌کنیکه‌کانی گێڕانه‌وه، فره‌نده‌نگییه‌کی قووڵی نێوان کاره‌کته‌ره‌کان دروست بووه، تا ڕاده‌یه‌ک له‌ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه ئێمه ئاشنای نهێنی و چیرۆک و به‌سه‌رهاته جیاوازه‌کان، له دیدی کاره‌کته‌ره جیاوازه‌کان، ده‌بین. ئه‌مه‌ش کاریگه‌ری راسته‌وخۆی و ناراسته‌وخۆی به‌سه‌ر زهن و شێوازی ژیانی کاره‌کته‌ره‌کان جێهێشتووه. ئه‌گه‌ر گێرانه‌وه مه‌به‌ستێک بێت بۆ مانه‌وه‌ی به‌سه‌رهات و چیرۆکه‌کان، ئه‌وا له‌م رۆمانه‌دا هه‌ست ناکه‌ین سه‌روکارمان له‌گه‌ڵ چه‌ند چیرۆکێک دایه، به‌ڵکو هه‌ست به‌وه ده‌کرێت ئێمه له‌ناو ژیانی ئه‌و کاره‌کته‌رانه ده‌ژین و شێوه‌ی ژیانکردنیان ده‌بینین، هه‌ست به ژیان ده‌که‌ن، له قووڵایی گوته و گیڕانه‌وه‌کانی کاره‌کته‌ره به‌سه‌رهات جیاوازه‌کان. ئه‌مش وایکردووه کاره‌کته‌ره‌کان ئاسان خۆیان نه‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه، واته له گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌کانی خۆیشیاندا هه‌ست به خۆپاراستن له هه‌ندێک کۆتی سایکۆلۆجی ده‌کرێت، بۆ نموونه (سه‌نگه‌ر)ی کاره‌کته‌ر دوو دیوه‌ی نهێنی هه‌یه، شه‌رم و ترس.
هه‌رچی (به‌ختیار عه‌لی)یه، له رۆمانه‌کانیدا هه‌ست به هه‌ندێک کێشه‌ی گێڕانه‌وه ده‌کرێت، بۆ نموونه (به‌ختیار) کێشه‌یه‌کی به‌رچاوی هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، که کاره‌کته‌ره‌کانی له‌رووی گێڕانه‌وه‌وه زمانێکی سه‌ربه‌خۆیان نییه، به‌ڵکو باکگراوندی مه‌عریفه‌ی نووسه‌ریان له‌پاڵ دایه، زۆربه‌یان به زمانێکی شاعیرانه ده‌دوێن و باسی خۆیان ده‌که‌ن، به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌مه‌دا هه‌ندێک ته‌کنیک بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و کێشه‌یه له رۆمانه‌کانیدا به‌کار هاتووه، بۆ نموونه حیکایه‌تخوانی رۆمانی (ئێواره‌ی په‌روانه)، (خه‌ندانی بچکۆله)یه، که کچێکه تاراده‌یه‌ک سه‌روکاری له‌گه‌ڵ لایه‌نی مه‌عریفه و گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌کاندا هه‌یه، بۆیه کاتێک (خه‌ندانی بچکۆله) ده‌دوێت، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، که زمانێکی شیعر ئامێز له‌پاڵ گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌کاندا هه‌ست پێ ده‌کردێت. یان له رۆمانی (شاری مۆسیقاره سیپییه‌کان) دوو حیکایه‌تخوان هه‌ن، که یه‌کیان (عه‌لی شه‌ره‌فیار)ی چیرۆکنووسه و ئه‌وی دیکه‌یان (جه‌لاده‌تی کۆتر)ه، که (جه‌لاده‌تی کۆتر) هونه‌رمه‌دێکه و زمانی گوزارشتکردنی له خۆ، جیاوازه له که‌سێکی ئاسایی، که سه‌روکاری له‌گه‌ڵ هونه‌ر و ئه‌ده‌بدا نییه. (عه‌لی شه‌ره‌فیار)یش ، چونکه چیرۆکنووسه، بێگومان ئه‌ویش بۆ ته‌عبیرکردن له شته‌کان ته‌کنیک و فێڵی تایبه‌ت به‌خۆی به‌کارده‌هێنێت، بۆیه له‌رێگه‌ی ئه‌و ته‌کنیکه‌وه (به‌ختیار عه‌لی) چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشه‌یه‌ی کردووه، که زمانی کاره‌کته‌ره‌کانی جیاوازه له که‌سانی ئاسایی. بۆ نموونه (عه‌لی شه‌ره‌فیار) له به‌شی سه‌ره‌تادا ده‌ڵێت:
“من دوای گه‌ڕانه‌وه‌م به هه‌فته‌یه‌ک ، له دوکانی دۆستێکه‌وه ته‌له‌فونم بۆ ئه‌و ژماره‌یه کرد که له‌سه‌ر زه‌رفه سپییه‌که بوو، کچێکی ئێجگار ده‌نگ ناسک و هێمن هه‌ڵیگرت، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌سه‌رزه‌مینێکی تره‌وه قسه‌بکات، وه‌ک ئه‌وه‌ی له خه‌ونێکی قووڵدا بێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی مۆسیقایه‌کی ته‌لیسماوی له ده‌نگیدا بێت و بیه‌وێت به‌و مۆسیقایه فریوتبدات وه‌ڵامیدایه‌وه.”8 (ل10)
له‌م به‌شه که‌مه‌ی گێڕانه‌وه‌یه‌دا هه‌ست ده‌که‌ین، که (عه‌لی شه‌ره‌فیار) زمانێکی جیاوازتری له که‌سێکی ئاسایی هه‌یه بۆ گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌کان. بۆ نموونه ده‌سته‌واژه‌ی (له‌سه‌ر زه‌مینێکی تره‌وه)، (خه‌ونێکی قووڵ)، (مۆسیقایه‌کی ته‌لیسماوی)، ئه‌و ده‌سته‌واژه شیعریانه‌نه، که حیکایه‌تخوان له که‌سێکی ئاسایی گێڕه‌ره‌وه جیا ده‌کاته‌وه. ده‌توانین ئه‌مه وه‌ک کێشه‌یه‌ک ده‌ستنیشان بکه‌ین، به‌وه‌ی کاره‌کته‌ره‌کان به‌هه‌ندێک کۆتی مه‌عریفی یان ئه‌ده‌بییه‌وه بۆ گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌کان، به‌ند کراون، که مه‌به‌ستم به‌ندی زمانییه.
یان له شوێنێکدا (جه‌لاده‌تی کۆتر) ده‌ڵێت:
“له هه‌موو شاره‌کاندا ڕێگایه‌ک هه‌یه ده‌چێته‌وه سه‌ر جوانییه جاویدانه‌کان. من ده‌مگوت: جوانی دواجار له‌و شه‌ڕه‌دا دروستده‌بێت، ڕێگای مرۆڤ بۆ ناو ئه‌و باغه ڕێگایه‌ک نییه مرۆڤ ته‌نیا له خه‌یاڵدا بیبڕێت، به‌ڵکو ڕێگایه‌که به ناو هه‌موو ژیاندا تێده‌په‌ڕێت. ڕێگایه‌که مرۆڤ به عه‌قڵ و به ویژدانی ده‌یدۆزێته‌وه، نه‌وه‌ک ته‌نیا به هه‌سته‌وه‌ره‌کانی.” (ل442)
ئه‌گه‌ر سه‌رنجی زمانی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م په‌رگرافه بده‌ین، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، کاره‌کته‌ر که‌سێکه جیا له که‌ره‌کته‌رێکی ئاسایی، که به زمانی ناخی خۆی ده‌دوێت. جگه له‌وه ئه‌و شتانه‌ی کاره‌کته‌ر له‌باره‌یانه‌وه ده‌دوێت، به‌نده به هه‌ندێک کێشه‌ی فکرییه‌وه، که پێم وایه ده‌کرا ئه‌م پێکهاته فکرییه له‌شێوه‌ی رووداودا به‌رجه‌سته ببا نه‌وه‌ک له ئاست زماندا گوزارشتی لێ بکرێت.
به‌ڵام له (کۆشکی باڵنده خه‌مگینه‌کان)دا، تاڕاده‌یه‌ک سه‌ربه‌ستیی کاره‌کته‌ره‌کان له گێڕانه‌وه‌ی رووداو و ده‌ربڕینی هه‌سته‌کانیان، ده‌کرێت. بۆ نموونه له شوێنێکدا (مه‌نگوڕی بابه‌گه‌وره) ده‌ڵێت:
“هیچ شتێک ره‌وا نییه، ئه‌وه‌ش ره‌وا نییه پیاو له شارێکی وا پیس و پۆخڵی وه‌ک ئه‌م شاره‌ی ئێمه‌دا له‌دایک بێت، که به بازاڕدا ده‌ڕۆیت بۆنی شێلم و که‌له‌ره‌می رزیو کاست ده‌کات. کچه‌که له‌سه‌ر هه‌قه، ده‌یه‌وێت تۆزێک کوڕه‌کان شه‌ڕواڵه‌کانیان له‌پێ بکه‌ن و بجووڵێن، گه‌وره‌ترین ناهه‌قی ئه‌وه‌یه ئێمه له‌م شاره‌دا له دایک بووین…”
ئه‌م گووتانه‌ی کاره‌کته‌ر، جۆرێک سه‌ربه‌ستیی تێدا به‌دی ده‌کرێت له‌سه‌ر ئاستی زماندا، چونکه زمانی کاره‌کته‌ر زیاتر له زمانی رۆژانه‌یی و شێوه ژیانی خۆیه‌وه نزیکه، نه‌وه‌ک زمانی نووسه‌ر. ئه‌مه‌ش خاڵێکی پۆزه‌تیڤه له هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه‌دا و کاره‌کته‌ره‌کان به زمانی خۆیان ده‌دوێن.
هه‌رچی له‌باره‌ی رۆمانی (غه‌زه‌لنووس و باخه‌کانی خه‌یاڵ)، ئه‌وا رووبه‌رووی هه‌مان کێشه‌ی زمانی گێڕانه‌وه ده‌بینه‌وه، که زمانی کاره‌کته‌ره‌کان له ئاست شێوه یان ئه‌و کات و شوێنه‌ی رۆماننووس له رۆمانه‌که‌یدا وێنای کردووه، کێشه‌داره له‌سه‌ر ئاستی زماندا. ئه‌و به‌رزه زمانه، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ بۆچوون و هه‌سته‌کانی کاره‌کته‌ره‌کان بگونجێت، ئه‌وا بۆ زه‌مینه‌ی و جیهانی ئه‌و رۆمانه نه‌گونجاوه.
له ده‌رئه‌نجامدا پێم وایه سه‌ربه‌ستیی کاره‌کته‌ر له گێڕانه‌وه جیاوازیی ئاڕاسته‌کانی گوزارشتکردن له خۆ و ده‌وورووبه‌ر به شێوه‌یه‌کی قووڵ به‌رجه‌سته ده‌کات، چونکه هه‌رچه‌ند دیدگاکان جیاوازتر بن و زمانی کاره‌کته‌ره‌کان سه‌ربه‌خۆتر بێت، ئه‌وا ئاڕاسته‌ی قووڵتر و کاریگه‌رتر به‌رمان ده‌که‌وێت. به‌بڕوای (باختین) کاره‌کته‌ر له‌رێگه‌ی زمانه‌وه ده‌خوڵقێت، ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و کاره‌کته‌ره زمانی سه‌ربه‌خۆی نه‌بێت، ئه‌وا نه‌خوڵقاوه. ئه‌و خاڵه جه‌وهه‌رییه‌ی (میکایل باختین) له رۆمانه‌کانی (دیۆستۆڤسکی) پێی له‌سه‌ر داده‌گرێت، سه‌ربه‌خۆیی کاره‌کته‌ره‌کانه له زماندا، که ئه‌مه‌ش ڕاده‌ی سه‌رکه‌وتووی درستبوونی کاره‌کته‌ر له رێگه‌ی زمانه‌وه نیشان ده‌دات. یه‌کێک له‌و مشتومڕه ئه‌ده‌بییانه‌ی به‌رده‌وام ده‌کرێت و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی جیهانییدا هه‌یه، ئه‌ویش پێوه‌ندی نێوان کاره‌کته‌ر و نووسه‌ره. خاڵێک که لێره‌دا زۆر جێگه‌ی سه‌رنجه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه کاره‌کته‌ره‌کان ده‌توانن له نووسه‌ره‌کان جیاواز بن، به ته‌نیا و ته‌نیا له رێگه‌ی زمان و ده‌ربڕینه‌وه، که چۆن گوزارشت له خۆیان ده‌که‌ن. ئه‌م له رێگه‌ی هێنانه‌وه‌ی دوو نموونه، که ئه‌وانیش (کاروان کاکه‌سوور) و (به‌ختیار عه‌لی)یه، مه‌به‌ستمان بووه بچینه خاڵی جه‌وهه‌ری گێڕانه‌وه‌ی تێکسته‌کانیان و له‌نێو به‌رهه‌مه‌کانیشیاندا جیاوازی بدۆزینه‌وه. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر کاره‌کته‌ره‌کانی (به‌ختیار عه‌لی) له رۆمانی (شاری مۆسیقاره سپییه‌کان) له گێڕانه‌وه‌دا نه‌یانتوانه‌وه سه‌ربه‌ست بن، ئه‌وا ئه‌م هاوکێشه‌یه بۆ رۆمانی (کۆشکی باڵنده خه‌مگینه‌کان) پێچه‌وانه‌یه. هه‌رچی له‌باره‌ی (کاروان کاکه‌سوور)ه‌وه‌یه پێمان وایه کاره‌کته‌ره‌کانی تا ئاستێکی به‌رز سه‌ربه‌ستن و له رێگه‌ی زمانه‌وه هه‌ست به جیاوازییان ده‌که‌ین. به‌ڵام پێشمان وایه زه‌مه‌ن و دۆخی رۆمانه‌کانی له‌یه‌کتر جیاوازن، ئه‌و دۆخه‌ی کاره‌کته‌ره‌کانی (ئای له ڤیلیا له ڤیلیا) تێیدا گوزارشت له بۆچوونه‌کانیان ده‌که‌ن، زۆر جیاوازه له دۆخی کاره‌کته‌رێکی وه‌کو (مامزێر) که دیله و له‌نێو قه‌فه‌ز دایه. هه‌رچی ئه‌م نووسنه‌یه ده‌روازه‌یه‌کی بچووکه به‌ڕووی باسێکی گه‌وره‌دا.
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌کان:
1. http://en.wikipedia.org/wiki/Narrative_art
2. / Kafka, Franz / The Metamorphosis/ translated by Lan Johnston. malaspina University – College Nanimo, BC. Public Domain Released, January1999
3. گابریل گارسیا مارکیز/ رۆمان: خۆشه‌ویستیی له‌زه‌مانی کۆلێره‌دا/ وه‌رگێڕانی: محه‌مه‌د که‌ریم/ ده‌زگای چاپ و په‌خشی حه‌مدی/ 2008
4. ئۆرهان پاموک/ ژیانی نوێ/ وه‌رگێڕانی له تورکییه‌وه: ئیبراهیم شێخ شه‌ره‌فی/ له بڵاوکراوه‌کانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م/ 2010
5. ئۆرهان پاموک/ من ناوم سووره/ وه‌رگێڕانی له تورکییه‌وه: به‌کر شوانی/ ده‌زگای ئاراس 2008
6. کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور/ ئای له ڤیلیا له ڤیلیا (رۆمان)/ له بڵاوکراوه‌کانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م/ چاپی یه‌که‌م/ ساڵی 2001
7. سۆران ئازاد/ کاردانه‌وه‌ی فیکر له رۆمانی کوردی‌دا: (رۆمانی شاری مۆسیقاره سپییه‌کانی به‌ختیار عه‌لی و مامزێری کاروان کاکه‌سوور وه‌ک دوو نموونه)
8. به‌ختیار عه‌لی/ رۆمان: شاری مۆسیقاره سپییه‌کان/ له بڵاوکراوه‌کانی نێوه‌ندی ره‌هه‌ند/ چاپخانه‌ی ره‌نج/ 2005
بڕوانه ئه‌م سه‌رچاوانه‌ی خواره‌وه‌ش:
– د. محه‌مه‌د که‌مال/ ئۆنتۆلۆجی بنه‌ڕه‌تی و بوونی مرۆڤ. چاپی سێیه‌می یانه‌ی قه‌ڵه‌م 2011
– مارشاڵ بێرمه‌ن: ئه‌زموونی مۆدێرنتە‌تی/ وه‌رگێڕانی: مه‌نسوور ته‌یفوری.
– د. محه‌مه‌د که‌مال نیتشه و پاش تازه‌گه‌ری/ فه‌لسه‌فی/ / ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م/ چاپی دووه‌م، 2009
– نیهاد جامی/ ئاڕسته‌کانی زمان و گێڕانه‌وه له چیرۆکی (ئه‌سپیدیلۆن)دا. له سایتی ده‌نگه‌کان بڵاوکراوه‌ته‌وه.
– فریدریش نیچه / وه‌های گوت زه‌رده‌شت/ وه‌رگێڕانی: عه‌لی نانه‌وازاده/ ده‌زگای چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی موکریانی/ 2001
سوپاس و پێ‌زانین:
زۆر سوپاسی هاوڕێی ئازیزم (سۆرن ئازاد)ی رەخنەگر دەکەم، کە هاوکارییەکی یەکجار زۆری کردم هەم لە ناوەرۆکی باسەکە و هەم لە داڕشتنەوەی زمانەوانی کە کێشەیەکی هەرە سەرەکی من بوو.