Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
گەمەیەك لەگەڵ منداڵیم….ئاوێزان نورى

گەمەیەك لەگەڵ منداڵیم….ئاوێزان نورى

Closed
by December 23, 2008 ئەدەب

 گەمەیەك لەگەڵ منداڵیم
 ئاوێزان نورى
 Awezan_n@yahoo.com

 فرسەتێكم لە قەدەر وەرگرتو
 ئیجازەم لە تەمەنم خواست
 تا بۆ لەحزەیەك
 پەلى منداڵیم بگرمو
 گەمەیەكى چكۆلانەى لەگەڵدا بكەم
 بەخێرایى (با)رابكەینە ئەوپەڕى جیهانو
 بەنەرمى (ئاو) بڕژێینە گەرووى ژیانەوە
 وەك داربیەك شۆڕبینەوە سەر دەریاى خەیاڵو
 وەك لاولاوێك خۆمان هەڵزنین بە موحیببەتدا
 گەمەیەكى چكۆلانە ئەى منداڵیم
 وەك هەڵدانى كۆلارەى دەستى كوڕێكى چەتون
 كە سڵاوى پێدەنارد بۆ گەورەیى
 
 منداڵیى
 بمبەخشە گەلێك زوو بەجێمهێشتى
 دڵڕەقانە دەزووى كۆلارەكەتم پچڕاندو
 بوكە شوشەكەتم گریاند
 ئاى منداڵیى
 گەمە چاوشاركێكانى نەهامەتى
 تۆى لێشاردەمەوە
 زۆر گەڕام
 پشت دیوارى ئەندێشەو
 نێو ئەلبومى یادگارییەكان
 نەمدیتیەوە
 خێرا وون بوویتو
 لەپشت دیوارى گەورەیى خۆت لىَ شاردمەوە
 منداڵیى چەند بیرت دەكەم
 تۆ خەونێك بوویت بەرائەتت لىَ دەتكا
 بۆنى ژینت لىَ دەهاتو
 رۆحت تیشكى بوونى دەدا
 پىَ خاوسیەكەت  لە هەموو پێڵاوەكانى ئیًستام جوانترەو جوانتر بوون
 راوڕاوكێى نێو كۆڵانو كەلاوەكانت
 لە پیاسەى نێو باخچەكانى ئێستام جوانترەو جوانتر بوون
 بەرگە شەپو شۆڕەكانت
 لە كراسو تەنورە مۆدەكانى ئێستام جوانترەو جوانتر بوون
 بىَ ئاگاییەكانت
 لە ئەندێشە بەربڵاوەكانى ئێستام جوانترەو جوانتر بوون
 ئاى منداڵیى
 ساتێك وەرەو بۆ تەنها لەحزەیەك
 باوەشم لێبدەو
 گەورەییم لەبیر بەرەوە
 ساتێك وەرەو پەنجا فلسیەكم بەرىَو
 دۆلارە بىَ نرخەكانى ئێستام بدڕێنە
 وەرە ژیانم بدەرىَو
 مردنم لە بیربەرەوە
 وەرەو پێم بڵىَ ژیان بە بچوكى بۆ هێندە جوانو..
 ئێستاش هێندە رەزا گران
 حاڵییم بكە
 ژیان بە بچوكى بۆ پڕ بوو لە پێكەنینو
 ئێستاش پڕە لە گریان
 باخچەكانى جاران بۆ پڕ بوون لە گوڵو پەپولەو
 ئێستاش پڕە لە تەرمى نەناسراو؟
 توخوا وەرە گەورەییم لە بیر بەرەوە
 گەورەیى ناهێڵىَ حاڵیى بم
 حاڵیى بەوەى تۆ بە ئاسانى لە ئامێزى دایە دەنوویتو
 من نازانم چۆن بچوك ببمەوەو
 لە كۆشى دایكمدا خۆم لە دونیاى گەورەیى بشارمەوە
 لە مەمكى سینەى
 خواردنى دونیا لەخۆم حەرام بكەم
 بە لایلایەكانى
 ئاوازەكانى نیشتمانم بیرچێتەوە
 كە هەر جارەو بە ئالەتێك فرمێسك دەژەنىَ
 منداڵیى
 بمبەخشە كە جورئەتى هاتنم نیە
 تۆ وەرەو بمبەرەوە لەگەڵ خۆتدا
 پەلم بگرە بمبەرەوە بۆ لاى خۆت
 بەڵام وریابە لە گەورەیى نەكا زەفەرت پىَ بباو
 لاى من بەجێبمێنى
 22/9/2008
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.