Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
یادی 25 ساڵەی تاوانی کیمیابارانکردنی گوندی سێو سێنان:

یادی 25 ساڵەی تاوانی کیمیابارانکردنی گوندی سێو سێنان:

Closed
by March 24, 2013 جینۆساید

 

 

 

ئەمڕۆ25ساڵ تێ  ئەپەڕێ  بەسەر تاوانێکی تری کۆمەڵکوژی گەلەکەمان لەگوندی سێوێنان  لە ناوچەی قەرداخ، کە زیاتر لە 72   کەسی مەدەنی شەهیدبون و زیاتر لە 50بریندار.. بۆیە وەک پێشمەرگەیەک لەناو مەرگەساتەکەدا حەزم کرد بیرەوەریەکانم بگێڕمەوە: 

ئێوارەی 22 /3/1988 گوندی سیوسێنان بەهۆی ڕاجیمە وە لەجۆری  چلی  (واتە بەیەکجار چل راجیمەی بەسەریەکەوە دەتەقاند) کیمیاباران کرا..

پاش ئەوەی شاری هەلەبجە لە 14-15/3/1988 داگیر کرا لەلایەن ئێرانەوە  و لەڕۆژی 16/3 دا بەچەکی کیمیاوی بۆمباران کرا  ئەوکاتە ئێمە لە خەستەخانەی مەڵبەندی یەک  (ی.ن.ک )بوین لە ناوچەی قەرداخ لەنزیک گوندی بەلەکجاڕ. عراق بێ ئومێد بوو کە  بەهۆێ هێزی زەمینیەوە ناتوانێ هەلەبجە  ئازاد بکات لەدەس سوپای ئیران،ئیتر لەدورەوە بەتۆپی دور هاوێژ و فڕۆکە  کەوتە بۆمباران ،فڕۆکە جەنگیەکانی عراق کە لە  فڕگەکانی شاری کەرکوکەوە هەڵدەسان هەمویان بەسەرناوچەی قەرداخ دا دەهاتن و بۆمبارانی هەلەبجەیان دەکردو دەگەڕانەوە ،،بەچەشنێک کە هەر پۆلە فڕۆکەیەک دەهات  تەماشەمان دەکرد و  دواتر دەمانزانی کە  بۆمبارانیان کردوە ،و دەگەڕانەوە..فڕۆکەکان زۆر بەنزمی دەهاتن  بەسەرناوجەکنماندا، بەبێ ئەوەی هیچ دژە فڕۆکەیەک یان دۆشکایەک تەقەی لێ بکات،، ئەوەندە  هاتوجوی فڕۆکە زۆر بوبو  گرمەو شریخە لەئاسمان نەدەبڕا، جەندین جۆری فڕۆکە  مان دەبینی  بەسەرمانەوە  دەجون خۆیان خاڵی دەکردوە و دەگەڕانەوە،،بەچەشنێک زۆر  زاڵ بوبون بەسەرئاسمانی ناوجەکەدا،،نەپێشمەرگە زاتی دەکرد تەقیان لێ بکات و نەئیرانیش ئەو توانای ئاسمانیەی هەبو کەبتوانێ بەرەنگاریان بێتەوە ..بەئارەزوی دڵی خۆیان  هەرشووێنێکیان بویستایە بۆمبارانیان دەکرد..  چەند جۆر فڕۆکە مان دەبینی بەئاسمانەوە،،چۆری شەڕکەرو بۆمب هاوێژ  کە   مێک  بون  پێشکەوتوترین فرۆکەی ڕوسی بون هێزی ئاسمانی عراق بەکاری دەهێنان،،هەروەها فڕۆکەی ( پیلاتۆز) کە فڕۆکەیەکی خاو بو بەلام زۆر بەرزدەبویەوە بۆمب هاوێژ بوو،   سوپا بەکاری دەهێنا بۆ خستنەخوارەوەی بۆمبی گەورە لەهەموجۆرێ، هەروەها جۆرێک فڕۆکەی زۆر گەورەمان دەبینی  کە   دەیانوت ئەمە  جۆری سۆخۆی   و باجەرە   کە  لەچاو  فڕۆکەی مێک زۆر گەورە بو فڕینی خێرانەبو ،،پێم وایە ئەمانەش تەنیا بۆمب هاوێژ بوون…..ئەوەی ڕویدا لەهەلەبجە ڕویدا،،لێردەا باسی ناکەین

ناوچە ئازادکراوەکانی قەرداخ و گەرمیان لەو کاتەدا   دەتوانم بڵێم هەموو هێزی پێشمەرگەی شەڕ کەر  بانگ کرابوون بۆ بەرگری کردن لەسەرکرادایەتی (ینک) لەدۆڵی جافەتی و سەرگەڵو  وبەرگەڵو…هتد

کیمیابارانی سێوسێنان سەرەتای دەست پێکردنی ئەنفالی دوو  دائەنرێ لەئێوارەی 22/3/1988 دا

حکومەت و سوپای عراق کە ناوجەی هەلەبجەو هەورامانیان لەژێڕدەس دەرهات ئیتر ناچار بوون بگەڕێن بەشووێن  ناوچەیەکی تردا کە بەرگری  بکەن لە  شاری کەرکوکی ستراتیجی ،،کە شارێکی ئابوری و سەربازی گرنگ بو   ئەویش ناوجەکانی قەرداخ بوو لەگەڵ زنجیرەشاخەکانی قەرداخ  و سەگرمە..چونکە  لەوکاتەدا  دەنگۆی ئەوە هەبوو کە  سوپای ئێران  بەهاوکاری پێشمەرگە لەچەند شوێنێکی ترەوە هێرش بکەن و ناوجەیەکی زۆر فراوان لەکوردستان داگیر بکەن (ئازاد بکەن)  وەک ئازادکردنی ناوچەی شارباژێڕ هەتا نزیک سلێمانی،،هەروەها هێرش لەزمناکۆوە کە دەریاجەی سیروان شاری  دەربەندیخان داگیر بکرێ و لەگەڵ گەرمیان و قەرداخ یەکانگیر بکرێ و ئیتر شاری سلێمانیش  لەباری سەربازیەوە دەکەوێ و بەئاسانی دەستی بەسەردا دەگیرێ..ئیران هیچ هێرشێکی نەکرد  و دەستی دەستی بەپێشمەرگە و کورد کرد،،  

ڕۆژی20/3/2013 کە دەکاتە ئێوارەی ڕۆژی نەورۆز، کردنەوەی ئاگر و گەشت و سەیرانە لەکژوردستان ،هاوڕیان لەخەستەخانە بوین لەدورەوە کەروبارێک دەرکەوت کەهاتە نزیکەوە تەماشا دەکەین   مریشکی مەسڵەحەی پێە لەناو دوو خەرەک لەسەرپشتی گوێ درێژەکەیە،،ئیتر هەموو برادەران  سەرو مریشکیان کڕی ووتیان بەیانی نەورۆزەدەچین بۆسەیران وگۆشت برژاندن(مریشکی مەسحلەحەی ئەوکاتە زۆر خۆشبوو،،وەک ئیستا نەبوو)  ،،من وتم نایەم بۆسەیران و مریشک ناکڕم،،وتیان بۆ  ،،وتم بەخوا دڵـم زۆر تەنگە وناتوانم سەیران بکەم،،هەستم کردبوو کە لەهەلەبجە  کەس وکارم زیانمەند بوون،،ذڵم خورپەی کردبوو..ئەمەلەلایەک..لەلایەکی ترەوە  دکتۆرفایەقی برام لەگەڵ  کاک عومەرغەریبو کاک ڕەسوڵ وکاک شێرکۆ..هتد  ئەوپێشمەرگانەی کە خێزانەکانیان لەگەڵیان بوون  ڕۆژێک پێشتر   تراکتۆرێکیان پەیداکردو  سواری بون بۆئەوەی بیانبەن لە ناوچەی  گڵە زەردە و بازیانەوە ڕەوانەی ناوشاریان بکەنەوە،، واتە دڵم لای دکتۆربوو کەبگەڕێتەوە،، خۆشبەختانە  ڕۆژی 21مانگ گەڕانەوە  و خێزانەکانیان بەسەلامەتی گەیاندبوە سەرجادەو دواتر هەواڵمان زانی  گەیشتبونە شار..

برادەران چون بۆسەیرانی خۆیان بۆبناری قۆپی  لەبەرزایەکی زۆر جواندا ئەوڕۆژەیان بەسەربرد،،منیش وتم بالای خەستەخانەکە بم چۆن دەبێ چۆڵ ببێ،،ئیتر ئەوڕۆژە تەنیا خۆم لەخەستەخانە مامەوە تائێوارە وبرادەران گەڕانەوە،،دکتۆر فایەقیش ئیوارەکەی گەیشيتەوە مال،،گرمەو هاتوچۆی فڕۆکە زۆر کەم بوبویەوە،، دایار بوو حکومەتی عراق پلان و نەخشەی هێرشی دائەڕشت بۆ سەرناوچەئازاد کراوەکان؛

ئێوارەی 22/3/2013 نەورۆز  سەرەتای هێڕشەکانی بە راجیمەبارانی  گوندی سێوسێنان دەست پێکردکەچەکی کیمیاوی لەجۆی دەمار ( تابون)  بووراجیمەکان لە سەربازگەی کانی سارد نزیک دەربەندی خانەوە دەهاتن،   ئەوئێوارە لە خەستەخانەی مەڵبەند دانیشتبوین زۆر دڵمان تەنگ بوو زۆر قەلەق بوین،بەهۆی بیستنی هەواڵی بۆمبارانی  کیمیاوی هەلەبجەوە شەهیدبونی هەزاران خەڵکی بێ تاوانەوە..ئەوانەی لەخەستەخانە بوین( دکتۆر  جەلال عوسمان.دکتۆر ناسح عوسمان. یاریدەدەری پزیشک  ئیبرایم مەحیەدین،کاک جەلال(شوان)..سەرکەوت زەکی..هەروەها کاک فارس حمە (جوتیار) و کاک بۆتان  کەخەڵکی کەرکوک  بو  دواتر شەهیدبوو( دکتۆرناجح و دکتۆر مەحمود ..هەردوکمان پزیشکی بەیتەری بوین)  وە  کاک عوسمان کەلاری کە خولی  برین پێچی دی بوو  ئەویش بەسەردان هاتبوو   لەوێ بوو،،لەگەڵ  بەڕیزان مام برایم لە لێپرسراوی کارگێڕی خەستەخانە بوو لەگەڵ کاک ڕەحمان  کە سەردەستەی پێشمەرگەکانی خەستەخانە بوو،هەروەها کاک سالار ،لەگەڵ کاک سامان( بەسام)  چێشت لێنەری خەستەخانە،،لەگەڵ جەند بریندارێک،،

لەگەل تاریکو لێڵی دەمی مەغڕیب ئیتر سفرەمان راخست  بۆنان خواردن،،ئەوئێوارە باش لەبیرمە کە  نۆکاو و برنجمان هەبوو،، کاک واحید خاڵۆی  شەهید بۆتان هاتبو بەسەردان بۆ بینینی کاک بۆتان،هەرلەیەکم دەست بردن بۆ کەوچکو خواردنی چەند کەوچکێ  گوێمان لە  دەنگێکی زۆر غەریب بوو کەیەکم جاربوو دەنگی تۆپ یان تەقینەوە ی لەوچەشنە ببیستین،، بەسەریەکەوە  جەندین تەقینەوە  کە هەر نەدەبڕایەوە،،،بمبمبمبمبمببمب بمبمببم   ،،،کە گوێمان رادێرا  وتمان بەخوا ئاراستەکەی لە گوندی سێوسێنانەوەیە،،ڕامان کردە دەروەدونیا تاریک بو،،چوینە سەربەرزایەکە  گوندی سێوسێنان دیار بوو،،بینیمان جەند  ئاگرێک لەجەند شووێنێکی گوندەکەوەدیارە،، کەزۆر نائاسایی بوو،،ئیتر وتمان بەخوا بۆمبارانی سێوسێنان کراوە،، خۆمان  کۆکردەوە وئامادەباش بوین، ( خەستەخانەی مەلبەند لەشووێنێکی (دۆڵ)  نزمی و چاڵ دا دروس کرابوو  لەڕۆژهەلاتی گوندی بەلەکجاڕ،،لەنزیک  شوێنێک کە پێ دەوترا ئیمام هەمزە،،کۆمەڵێ گۆڕستانو داربەروی گەورەو جوانی لێ بو ،،تاکو  لە باری سەربازیە درەنگ کەشف ببێ  و لەترسی تۆپ باران،،،  بیستم   لالۆ ئەوڕەحمان  پێنجوێنی ئەو شوێنەی دیاری کردبوو،،کە ئەوکات لێپرسراوی  کارگێری  مەڵبەند بوو،،پێش ئەوەی من ببم بەپێشمەرگە  )  دوای نزیکەی 20دەقە سەیردەکەین دوکەس لەدۆلەکەی خورەوە  بەرەو خەستەخانە  هاتن نزیکبونەوە  ئاگادارمان کرد ن  وتمان ئێوەکێن..وتیان ئێمە (  من نەم دەناسین و ناوەکانیانم لەبیرنەماوە..) لەگوندی بەردێ وە هاتوین( چەند ماڵێک هەبون لەخوار گوندی سێوسێنانەوە  پێان دەوترا  گوندی بەردێ  )،،کەهاتنە پێشەوە  وتیان فریا کەون گوندی سێوسێنان کیمیاباران کراوە،،ئیتر  هاتنە  ژورەوە  و دکتۆر ناسح  فەحسی کردن  و کە تەماشەی چاوی کردن  بینیمان  بیلبیلەی چاویان بچوک بۆتەوە  بەقەد نوکەدەرزیەکی لێهاتوە  ئیتر وتی  گازی دەمار ( nerveئەعساب) بەکار هاتوە،،گوندەکەی ئەمان  چەن کیلۆمەترێک لە سیوسێنانەوەدور بوو  کەمێک کاری گەری کردبوە سەریان،خۆیان بەراکردن لەوێوە هاتبوون،، پاش ئەوەی کە دڵنیابوین گازی دەمار بەکار هاتوە  یەکسەر  تەلەفۆنمان کرد بۆ دکتۆر فایەق  کە لەو کاتەدا لەماڵی خۆیان بوو، چەند سەد مەترێ دوربوو لەخەستەخانە  ( بەهۆی بەدالەیەکی سەربازیەوە زۆربەی دەزگاکانی مەڵبەند بەسترابون بەیەکەوە.).پێمان وت کە  بەچەکی کیمیاوی دراوە لەسێوسێنان ،،یەکسەر هات ،،ئەویش تەماشەی دوبریندارەکەی کرد و ئەویش دڵنیا بوو کە  گازی دەمار بەکار هاتوە،ئیتر خۆما ڕیک خستەوە و بەرنامەمان داڕشت کە یەکسەر فریای سیوسێنان کەوین،( واتە ئەگەر  ئەو دو کەسە نەهاتنایە و هەواڵیان نەدایە،،دەیان برینداری تریش شەهید دەبون) دەستەیەک خۆیان کۆکردەوە بەرەو سیوسێنان بەڕێ کەوتن بەتراکتۆرەکەی  تیپی هەڤدەی زمناکۆ  کە بەڕیز جەمیل هەورامی  لێپرسراوی بوو   سوار بون گەیشتنە بە سێوسێنان،( دکتۆر ناسح و  کاک برایم و کاک عوسمان  کاک جوتیار ) ڕۆشتن بۆ سێوسێنان،،من و کاک سەرکەوت کاری  گەرمکردنی حەمام و ڕێک وپێک و ئامدەکردنی ناوخەستەخانەما ن گرتە ئەستۆ….

(لێردا ئاماژەدەکەم بەوەی کە پێش هەفتەیەک زیاتر لە  750  ئەمپولی  ئەترۆپین سلفەیت مان بۆ هاتبوو لە لایەن ڕیکخستنەکانی شاری سلێمانیەوە  جونکە دەمێک بوو  دەمانزانی  و لەئامادەباشی دابوین کە  بەجەکی کیمیاوی  بۆمباران دەکرێین،  ئیتر ئێمەش داوای ئەو چارەسەرانەمان کردبوو  شوکر لەوکاتەدا گەیشت،،ئەوە سەرەرای بلاوکردنەوەی ڕۆشنبیری  چۆنیەتی خۆپاراستن بەجەکی کیمیاوی لەناو پێشمەرگەو هاوڵاتیانی سنورەکەدا)

پاش نیوسەعاتێک تراکتۆرەکە گەڕایەوە و جەندین برینداری پێبوو کە زۆربەیان  بێ هۆش بوبون،هەندێکیشیان باشتر بوون، دەیان بریندار گەیەنرانە  نەخۆشخانە،،دەتوانم بڵێم لە  سنوری زیاتر لە 50  کەسێک دەبوون ،  فەوری  دەرزی ئەترۆپینمان بۆدەکردن،،  ئەوانەی وەزعیان باشبو یەکسەر  دەمانبردنە  حەمام و  خۆیان دەشۆرد  .دواتر جلەکانیام دەشۆرد،،جونکە جلی ترمان نەبوو لەبەریان بکەین.. ئەوانەی کە تەندروستاین خراپ بوو من و کاک سەرکەوت دەمان شۆردن،  دواتر دەمانبردنە سەر قەرەوێلەکانیان.  هەمویان  بیلبیلەی چاویان بچوک بوبویەوە ،،و نیشانەی تێک جونی  بیرو هۆشیان پێوە دیار بوو

لەناو بریندارەکاندا  کە حاڵی زۆر شڕبوو  کاتێ لەناو تراکتۆرەکەدا دامان گرت  ( کاک حسن ) بوو کە  کارمەندی خەستەخانەکەی خۆمان بوو  ،،ئەو بەرپرسی دروست کردن نان بوو،واتە نانەوا  بوو  هەموبەیانیەک زوو نانی دروست دەکرد لەسێوسێنا  و دەی هێنا بۆ  مان لەخەستەخانە   بەسواری هێسترەکەمان( ئیسعاف و سەیارە ی خەستەخانەکەمان ئەو تاقە هێسترە بوو)  کە بینیمان  لنگەفڕتێی دکرد  و کەف بەلادەمیدا  هاتبوە دەروە  قرخەقرخی پێ کەوتبوو  بەتەمای نەبوین،، هەر لەدەروە  دو ئەمپولمان بۆ کرد ،،پاش ماوەیەک هێور بویەوە و دواتر شۆردمان،، ئیتر لەمردن رزگاری بوو،  

دیمەنی هێنانی بریندارو  گریان و لەخۆدان  و،،،هتد ،،بەداخەوەم جوان ناتوان وێنای بکەم بۆتان  لە حاڵێكدابوین بۆ باسکردن ناشێ  ،کاک حەسەن  هەموئەندامنای خێزانەکەی بە کیمیاوی شەهید بوبون،،تەنیا خۆی دەرچوو بەوحاڵە،،هەروەها کاک عوبێد کە خەیاتی دەکرد لەگوندی سێوسێنان   ئەویش تەنیا خۆی دەرجوبوو  بەبرینداری  پاش چارەسەر ڕزگاریبوو،،جەن ماڵێکی تر بەیەکجار کەسیان دەر نەچوو، ماڵی کاک هادی   تەنیا کوڕێکی  پێشمەرگەیان هەبو  ڕزگاری بوو ئەویش لەماڵ نەبوبو  ،جونکە کاتی بۆمبارانەکە   دەمەو مەغریب  و نان خورادن بوو کە هەمو ئەندامانی خێزان لەو کاتەدا لەژورەوە ن…

دوای راپەڕین کاک حەسەنم چەند جارێک بینیوە،، شوکر ژنی هێناوەتەوە و جەند مناڵێکیش هەیە..

لەئەنجامی ئەو بۆمبارانە  بۆگوندی سێوسسێنان  ئەوەی من لەبیرم بێ   67  کەس شەهید بون  دواتر  وتیان  زیاترەکە 72 شەهیدن .زۆربەداخەوەم کە لێڕدا ناوەکان لەبەردەست نیە..هەمویان خەڵکی مەدەنی و بێتاوان بون لەگوندی سێوسێنان ..تەنیا یەک پێشمەرگە شەهید بوبو بەناوی  شەهید نەریمان   کە خەڵکی تەوێڵەی هەورامان بوو  پێشمەرگە بولە بارەگای کۆمەڵایەتی لای کاک شەوکەت حمەساڵح

بۆ ڕۆژی دوایی واتە دوای 24 سات  هەمو برینادارنی خەستە خانە لەگەڵ کەسوکاریان  ڕۆشتن و خەستەخانەچۆڵ بوو،،کاک حەسەنیش براکەی هات بردی،،ئیتر ئەو ناوچە  هەموی بوو بەچۆلەوانی  وردە وردە ئەو خەڵکە کەمابوو لە ناوگوندەکان ئەوچەند ساڵە لەگەڵ پێشمەرگەبون…ئەوانیش  ماڵو حاڵێ خۆیان بەسەڵتو قوڵتی بەجێ هێشت،،تەنیا  سەردەرکەران  بوو،،هەندێکای هیوایەکیان مابوو ڕویان لەگەرمیان دەکرد  هەندێکی تریان  بەرەوشار دەڕۆشتن  بۆ ماڵی خزموکەسو کاریان،،زۆر کەسیش لەشارەوە هاتبون بەشووێن  کوڕو براو کەسوکاریان کەپێشمەرگە بون،،هەر لەو سەروبەندەدا چەندین پێشمەرگە  بەخشکەیی دەڕۆشتنەوە  بۆشار  هەرئەوەندەمان دەزانی  ،،فڵان  و فڵان دیار نین.. ئیتر دەمانزانی چی بوە

ئەوخەڵکەی کە ماڵو گوندەکانی بەجێهێشت زۆربەیان  ڕویان دەکردە شارەزوو نزیکی زەراین  لەوێوە بە  وەعدی زۆڵە کورد  خۆیان تەسلیم بە  جاشە موستەشارەکانی ناوجەکە دەکرد ،،ئەوانیش نامەردانە  زۆربەیان فرۆشتن و ئەنفالکران  بۆ تونەکانی مەرگ لە بیابانەکانی خواروی عراق،،ئەوانەی  ڕۆشتن بۆگەرمیان چارەنوسیان  ئەنفال بوو

کەچی تائیستاش ئەو جاشە خائینانە ماون و زۆر بەخۆشی ژیان دەگوزەرێنن ،،حکومەت لێان ناپرسێ ئەرێ بۆ ئەم تاوانەتان ئەنجام دا دژی خەڵک و خزمی خۆتان،،لەجیاتی مستێ پارە….لەکاتێکدا داداگای بالای تاوانەکان  ناویان بە تۆمەتبار تۆمار کراوە

ڕۆژێ دوای کیمیابارانی سێوسێنان  هەموگوندەکان چۆڵ بون تەنیا پێشمەرگە مابوو .ئێمەش هەمو لە ئامادەباش دابوین چاوەڕێ هێرش بوین و بجەنگین..شەوی دواتر واتە 23/24/3/1988  سوپای بەعس هەمدیسان بەتاریکی شەو  بۆمبارانی کیمیاوی دەس پێ کرد بۆ سەرگوندەکانی  دوکان  و دوکەرۆ… بە ڕاجیمەی  کیمیاوی و گازی تابون   ئەعساب  بەڵام  لەبەر چوڵ بونی گوندەکان  کەس شەهید نەبوو،،

ئێمە ئیتر لە ناو بینای خەستەخانە نەدەخەوتین  بەشەو  دەجوینە دەروە بۆ سەرشاخەکە ی بەرامبەرمان  لەوێ دماینەوە ،،هەر  هەمان شەوی 23/3 کاتژمێڕی نۆی شەوبوو جارێکی تر گوندی بەلەجاڕو بارەگاکانی پێشمەرگە لەئیمام هەمزە  بۆمباران کرد بە ڕاجیمەی تابون  ..وەک وتم ئێمە کادر وپێشمەرگەکانی خەستەخانەو هەمو ئەوانی تر چوبویەن سەرشاخەکەی بەرامبەر ،،تەنیا  یەک کەس نەهاتبوو ئەویش بەناوی  ( هۆشیار) کە ئیش پێ کەری جیهازی لاسلکی بوو  ،،لەشوێنەکەی خۆی شەهیدبوبو، 

گازی تابون  بێ بۆن و بێ ڕنگ بوو  بۆیە لەشەودا دەی وەشاند تاکو خەڵک پێ نەزانێ و بێ ئاگا بچێتە شووێنەکەی و زۆرترین زیان بدات

هەموئەوکەسانەی کە لەو نزیکانە بوین  بە م گازە بریندار بوین چونکە ناوجەکە  هەموی پیس بوبو ،بەلام رێژەی بریندار بونەکە کەم بوو  پێمانەوە دیار نەبو

دوای دوشەو بەسەریەکەوە کیمیاوی وەشاندن بۆ ئەوشوێنانەی کە زۆرترین خەڵکی لێ بوو  ..سوپا و جاش  چەند  ڕۆژی دواتر دەستیان کرد بەهێرشی زەمینی   تاکو کاریگەری چەکە کیمیاویەکە نەمێنێ و سەربازەکانیش پێ نەزانن… بەپشتیوانی تۆپباران  بەتۆپی دورهاوێژ و کۆپتەر،،لەچەندین قۆڵەوە هات  بەم شێوە ئەوەی من لەبیرم بێ..لەقۆڵی کانیسارد و دەربەندیخانەوە ،لەقۆڵی شارەزورەوە  لەزەراین ەوە بۆ  بناری ئاوەکەڵە و دەربەن فەقەرە.. لە قۆڵی ناحیەی قەرداخەوە ..لەقۆڵی گڵەزەردەوە ..لەچەندین شووێن بەرگری دەکرا  بەلام بێ هودە بوو چونکە  ،،هەم پێشمەرگەی شەڕکەر لەوێ نەبون ،،هەم حکومەتیش بڕیاری یەکلای خۆی دابوو کە دەبێ ئەو شووێنانە بگرێ  وەک هێڵی ستراتیجی بۆ بەرگری لەکەرکوک لەترسی ئیران

ئیتر هەندێ بریندارمان بۆ هات  لەوانە  کاک حمەلەتیف لە قۆڵی کانی سارد وە  کە گولەی هاوەن لەنزیکی دابوی لەعەرز هەمو گیانی کون کون کردبوو ،،هەتا جوینە گەرمیا  تەدوایمان دەکرد و بە گوێ درێژ دەمان گواستەوە،،  ئێمەش لەخەستەخانە کەوتینە خۆمان  کە هێرش نزیک بویەوە ناجار بوین ئیتر چۆڵی بکەین  ،،سەرتا  بریندارەکانمان  ڕەوانەی ماڵی خۆیان کردەوە  کە هەمویان پێشمەرگە بون  ،،تەنیا یەک پێشمەرگەی بریندا  کە هەتا هەتایە لەبیرم ناچێ و لەیادەوەریەکانما دەمێنێتەوە  ئەویش ( حمەکۆشکی) بوو خەڵکی گوندی کۆشکی گەرمیان بوو ماوەیەکی زۆر ؛لەخەستەخانەبوو لەشەڕێکدا گولە بەر  بڕبڕی پشتی کەوتبوو ئیتر هەردوقاچی لەدەس دابوو قاچەکانی مردبون،،زۆر هیوای بە جاک بونەووەهەبوو ئێمەش هەمیشەدڵخۆشیمان ئەدایەوە  بەلام دەشمان زانی بێ سودە،،دەی وت ئەگەر جاک ببمەوە  یەک کڵاشینکۆفی جیم جەیش،،،،هەندی مواسەفاتی تری دەوت،،،،،ئەیدەم بەتۆ،، بەلام بەداخەوە لە دواڕۆژی چۆڵبونی خەستەخانە  ،،ئەومان دایە دەس کەسێک بردی بۆ گەرمیان،،،ئیتر نازانین بەسەرهاتی بەکوێ گەیشتوە  ئانفال کرا یان نا؟؟//    

بارەگای ڕیکخستنی کۆمەڵە  ماوەیە پێش ئەنفال  گواستبویەوە بۆ ناو قۆپی  نزیک وەزیارە کەشوێنێکی ئاودارو گەشتیاری بوو،،ئێمەش هەندێ کەلو پەل ودەرمانی پێوستمان وەک بنکەیەکی خەلفی برد بۆ ئەوێ  ( کاک برایم و کاک شوان ) ڕۆشتن بۆ ئەوێ  ،،بەهۆی ئێسترە بۆرەوە بەچەن کاروانێک گواستمانەوە ،،تادەهات هێرشەکان زیایتر دەهاتنە پیش،،لەقۆڵی شارەزورەوە شاخەکانی دەربەن فەقەرە داگیرکران،،شەڕی باش کرا لەوقۆڵەدا لەلایەن پێشمەرگەکانی حزبی شووعیەوە  کەچەندین شەهیدیان دا،،لەوانە لەبیرم بێ وتیان کوڕێکی حمەقوتووی گۆرانیبێژ بوە..لەقۆڵی کانی ساردەوە سوپا هاتە پێشەوە سەرڕای شەری گەرمی دەستەویەخە،،وای لێهاتبوو بەشەو کۆپتەر دەگەڕا بەسەرماندا   بەلام بەبەرزی  هیچ کەس نەی دەویرا تەقەی لێبکا..لەکاتیکدا  پێش ئەوە کۆپتەرکانی ڕژێم تەنیا وەک سەیارە  بەسەرجادەی قیردا هاتوچۆیان دەکرد،،

ئێمە لەخەستەخانە وردەوردە دەرمانی پێوست و کەلو پەلمان دەگواستەوە بۆ قۆپی وەزیارە.. هەندێ کتێبی پزیشکی و کتێبی سیاسیمان  ڕێکخستنمان هەبوو  هەمومان لە بن بەردو  تاوێردا شاردەوە  ،بەئومێدی ئەوەی ڕۆژێک بتوانین  هەمدیسان  بەکاریان بێنینەوە،،بەلام بەداخەوە  تائیستاش  نەجوینەتەوە بەدەمیانەوە،،

لەبینای خەستەخانە چەندین کەلوپەلی گەورەی پزیشکیمان هەبوو  بەجێمان هێشت،،وەک سەیاری ئیسعاف،،ئامیری ئەشعەی ئێکس،،ئامیرکانی پزیشکی ددان بەهەموشێوەکانیەوە   پێشتر لە ناحیەی قەرداخ دەستیان بەسەرداگیرابو هەموی گواسترابونەوە بۆ خەستەخانەی مەڵبەند..با دەرمان  و پێوستی پزیشکی و ئالات و قەروێلەوە ،،،،هتد لەولاوە بوەستێ…بینای خەستەخانە لە  لە حەوت هۆدە پێک هاتبوو چواریان زۆر گەورەبون بۆ قاوش  ونەخۆش سێنیان کەمێ بچوکتر بون  بۆ دەرمانخانەو  ژوری عەملیات،، دو هۆدەیان تایبەت کرابوو بۆ دانیشتن و پشوی دکتۆر و کارمەندان،،تەلەفزیۆنی ڕەنگاوڕەنگمان هەبو لەگەڵ کارەبا لەسات پێنجی ئێوارەوە تاکو  یەکی شەو،  بەتەمای کردنەوەی دو هۆدەی تر بوین بۆ ددان و  تیشک،،بەلام هیرش بواری نەدا،،

لەنزیکەوە  چێشتخانەمان هەبوو کە دوژوربوو  لەگەڵ مەخزەن و حەمام  کەبەدار گەرمان دەکرد،،لەدوریشەوە  ئاودەستخانە..

لەگەڵ هاتنی شاڵاوەکە لەهەرچوار لاوە  ئێمەش هەرکەسەو کۆڵەپشت خۆی پڕ کرد لەپێوستی خۆی لەگەڵ تفەنگەکەمان و رادوێ هەندێ دەرمانی پێوست  وبەتانی  خواردن بەڕێ کەوتن لە دەربەندی نارام سینەوە ڕۆشتینە ناو قۆپیەکان ،،کەشووێنێکی دارستاناوی چڕوپڕ و دڵگیرە ،پڕ لەنێرکزو جوانی بەهاری کوردستانبوو،،بەحوکمی ئەوەی ئێمە کادری پزیشکی بوین نەمان ئەتوانی بەشداری شەڕ بکەین،،بەتەواوی مێژوی ئەوڕۆژەم لەیادنیە کە خەستەخانەمان چۆڵ کرد،،بەلام نزیکەی هەفتەیەکی بەسەردا تێپەڕی واتە دوای کیمیابارانی سیوسێنان،،  دواتر کاتێ  سوپا گەیشتبوە ناوچکەو خەستەخانە،،لەتەلەفزێۆنی بەغداو کەرکوکەوە هەموی پیشان درابوو  ..

ماوەی جەندڕۆژێ لە وەزیارە بوین شوێنێکی باشمان بۆخۆمان تەرتیب کرد لەگەڵ ڕیکخراوی کۆمەڵە، تەماشە دەکەم کە دکتۆر فایەق هێشتا نەهاتوە  ،،لەگەڵ کاک جوتیار وتمان ئێمەدەچین بەشووێنیدا بزانین چی دەکا ،هێشتا نەهاتوە،،ڕۆشتینەوە بۆ نزیک بەلەکجاڕ،بەلام لەدورەوەدیار بوو دەبابەکان گەیشتبونە بەردەم گوندی سێوسێنان،،هێرش لەهەرچاورلاوە دەهات ،تۆپبارانو فرٶکە بەردەوام بوو،،ئیتر بێ ئەنجام گەڕاینەوە،،ڕۆژی دوایی دکتۆر پەیدا بوو هاتوە،،هەرلەوێ کاک سالار کەخەڵکی گوندی سێوسێنان بوو پێشمەرگەی خەستەخانەبوو  داوی کرد کە بچێتەوە بۆ لای کەسوکاری چونکە زۆر بێ هیوابوبوین،  ڕۆژی دواتر زانیمان کە پێشمەرگە لەهەموشوێنێک پاشەکشەی کردوە  سوپا دەستی گرتوە بەسەر دۆڵی قەرداخدا،،بەلام ئێمە لەناو قۆپیەکاندا بوین لەسەگرمە  هێشتا نەهاتبونە ئەوێ،،بۆیە لەوێش خۆمان پێجایەوە  ، هەر لەوڕۆژەدا  کەهیومان نەمابوو بەمانەوەمان  لەوشوێنە   هەرچی زیندانی بوو  ئازاد کران،،من چوم  سێ کەسم هێنا کە اپێشتر لە گرتوخانەی مەڵبەند بینیبونم   کە خەڵکی لای خۆما بون  (  مدریک  خەڵکی دەگاشێخان بوو،، دانا  خەڵکی بیارەبوو،،لەگەڵ عوسمان،،خەڵکی ئیڵانپێ بوو….ئەمان ەهەمویان خەفیفەبون گیرابون لەلایە پێشمەرگەوە،، مدریک ودانا لەگەڵ خۆمان بون بەپێشمەرگە و تا دیوی ئیران لەگەڵمان بون،،بەلام  کاک عوسمان هەرلەوێ وتی من حەزدەکەم بچم بۆلای جەماعەتی پارتی جونکە چەند خزمێکی هەبوو لەلناو پێشمەرگەکانمی پارتیدا،،کەخەڵکی ئیلانپێ بون..لەوکاتەدا وەزعەکە بێ سەروبەرە بوو،،ئەگەر ناسیاویکت لەدەوروبەری گرتوخانە  هەبوایە  باشدەبوو،،خۆ ئەگەر نەبایە  ئەوەزۆر خراپ دەگوزەرا،،چونەک هێزی پێشمەرگە لەپاشەکشيدا بوین و زۆر توڕە  وقەلەق بوین

،ئەوڕۆژە  ئاردم دەرهێنا وهەندێ ناوساجیمان کرد کە بۆڕێگە پێمان بێ  کردمانە ناو تێڕیک و لەگەڵ هەندێ دەرمانی پزیشکی  بۆ سەرپشتی هێسترە بۆر.. بەروە گەرمیان بەڕێ کەوتن  ڕۆشتین بۆ دەربەندی دەروار،،دوای ڕۆژێک لە دەربەندی دەروار  چوم ناوساجیەک بخۆم،،بردەران لێناکردم بە هەرا وتیان چۆن دەبێ تەنیا خۆت بچی ناوساجی بخۆی دەبێ بەکۆمەڵ کاتی نان خواردن بیخۆین،،منیشوتم دەی برسیم بوو  و هەموناوساجیەکانیش من و کاک سەرکەوت کردومانن قەی چەدەکات ئەگەر دنکێ زیادەبخۆم،،     بۆتاقی ئێوارە ڕۆشتین بۆلای ئێسترەکە  کە لەشووێنێکی دورتر لەخۆام بەستبومانەوە   تەماشا دەکەین ئێسترە بۆر دیار نەماوە،، ئیتر ڕەنجەڕۆ بوین  نەدەرمان نە ناوساجی نەما   ،،ئیسترەیان دزیبوو،،لێردا کۆتایی دێنم بەگێڕانەوەی بیرەوەریەکانم،،بەلام یادەوەریەکانم لەگەڵئەنفال بەردەوامدەبێ لەگەرمیان و  دەشتی کۆیەو ناوچەی خۆشناەتی و قەندیل…..

 

 

دکتۆر ناجح گوڵپی 22/3/2013 هەلەبجە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.