Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
یار با وێنەیەك بگرین  …. هاوكار ئیبراهیم

یار با وێنەیەك بگرین …. هاوكار ئیبراهیم

Closed
by August 23, 2013 هۆنراوە

 

 

 

 

كێ‌ دیت بۆ وینەگرتن

كێ‌ دێت بۆ تۆماركردنی یادەوەریی

كێ‌ دێت بچین بۆ ناو ئەلبومەكان

دەی بابزانم كێ‌ دیت، بۆ دیدەی میهرەبانی

كوڕان خیراكەن

كێ‌ دیت با دەست هەڵبڕێ‌

كێ‌ دیت با هەستێتە سەر پێ 

ئەی ئێوە چی كچینە؟

چییە بۆ وا بیدەنگن؟

پێم بڵین چەندتان دێن بۆ ڕەسمكردنی بیرەوەری

چەندتان دێن بۆ شیتەڵكردنی جوانی

كێ‌ دیت با وەك خاتوو زین بڵی من

كێ‌ دیت با گورج هەڵسێ‌

كێ‌ دێت با هەرچی زووە 

لای موراقیب ناوی خۆی بنوسێ‌

***

ئەم گەشتەمان سادەیە

ئەمە گەشتی ئازادكردنی جوانییە

ئەم گەشتەمان لێوان لێوە لە هەست

ئەمە گەشتی جیهێشتنی دڵرەقییە

لەم گەشتەدا هیچ مەهینن

تەنها زەردەخەنەیەكی عەیارانە و

دوو قسەی خۆش و

باوەشێك خۆشەویستی نەبێ‌

لەم گەشتەدا هیچ مەهینن

تەنها دوو چڵ ڕیحانە و

گۆزەیەك میهرەبانی و

 دوو قاپ چێشتی لیبوردن نەبی

من ئەڵیم خیراكەن، خێرا ناوتان بنوسن

من ئەڵیم ، هەرهەمووتان وەرن 

ئاخر كێ‌ ئەلێ‌، ژیان 

هەر بەشی ئەم گەشتەی تیدا نەماوە

كێ‌ ئەڵێ‌ دوای ئەم گەشتە

جارێكی دی یەكتری ئەبینینەوە

كێ‌ ئەڵی گەر نەچین بۆ گەشت

سبەی لە كۆڵانی كاتژمێرێكدا یەكتری بزرناكەین!

***

تۆش وەرە ئەی یار

بێ‌ تۆ كەی گەشت شادییە

بێ‌ تۆ كوا گەشت جیهێشتنی دڵڕەقییە

گەشتیك بە بێ‌ تۆ و دوور لە چاوانی تۆ

كەی گەرانەوەی میهرەبانییە؟

گورجكە ئەی یار،

بە پەلە ناوی خۆت بنوسە

با هەرچی زووە ماڵئاوایی لەم جوگرافیایە بكەین

كە پڕە لە نائومیدی و لە گریان و كۆژان 

پڕە لە شكانەوە و مردنی رۆژانە و روخان

یار،با هەرچی زووە  بچین بۆ گەشت و

وێنەیەك بگرین

وینەیەك كە تەنیایمان لیبستینێ‌ و 

روخانمان بنیات بنیتەوە 

وینەیەك، كە لە زیندانی مرۆڤە دڵشكینەرەكان دەرمانهینێ‌ و 

رادەستی رەنگ و ئاومان بكاتەوە

خیراكە ئەی یار، بە پەلە ناوی خۆت بنوسە

باهەرچی زووە بچین ئەو وینەیە بگرین

كە تیدا بە كورس ئەلین 

“میهرەبانی، تۆ ئەی دایكی جوانی

فیرت كردین بژین بە شادی، بە سەربەستی و ئازادی

هەر بژی..هەربژی.. هەر بژی تۆ ئەی میهرەبانی”

 

پەلە بكە پەلە ئەی یار، 

هەر خوا خۆی ئەزانێ‌ دوای ئەو وێنەیە

كێ‌ دەمێنێ‌ ،كێ‌ دیار نامێنێ‌؟!

هەر خوا ئەزانێ‌ دوای ئەو وێنەیە

چ ڕۆژێك دێت؟!!

شایەد، ڕۆژێك بێت

یەكێكمان بێ‌ ماڵئاوایی سەفەر بكات

شایەد ڕۆژێك بێت

ئەوەندە سەرقاڵ بین

فریای دڵدانەوەی یەكتریش نەكەوین

شایەد ڕۆژێك بێت

ئەوەندە دوور سەفەر بكەین

لە وێنەكانیشا كاڵ بچینەوە

شایەد ڕۆژێك بێت

ئەو وێنەیە لە یاد بكەین

شایەد ڕۆژێك بێت

ئەو وێنەیە لە ژوورە تەنیاكانی غەریبیا هەڵواسین

شایەد ڕۆژێك بێت

ڕقمان لەو وێنەیە و

لەو جادەیە و

لە وێنەگرەكە و

لە یەكتر و

لەخۆمان و

دواجار ڕقمان لە هەموو شتێك بێتەوە

بەلام ئەمێستا

كە هەموو لێرەن

كە كەس سەرقاڵ نییە

كە كەس دڵی نەشكاوە

كە كەس ڕقی لە دڵا نییە

با هەرچی زووە ناومان بنوسین 

بچین بۆ گەشت و

وێنەیەكی ڕەش و سپی بگرین

***

هاوڕێیان كات بە فیرۆ مەدەن

كێ‌ دیت با دەست هەڵبڕێ‌

كێ‌ دیت با هەستێتە سەر پێ 

كێ‌ دیت با گورج هەڵسێ‌

كێ‌ دێت با هەرچی زووە 

لای موراقیب ناوی خۆی بنوسێ‌

چون ئەبێت پیش خۆر ئاوابوون 

بچم بۆ تیرمیناڵ

تا پاسێكی گەورە گەورە بۆ سبەی پەیدا بكەم

پاسێك جیگای خۆمان و

جیگای یار و 

جیگای هەرچی جوانی هەیە ببێتەوە

پاسێك كە هەر كە ئەم شارە دڵرەقەی جێهێشت

هەرگیزا و هەرگیز نەگەڕێتەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.