Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
یاساى رۆژنامەگەرى و مەترسییە گەورەكە

یاساى رۆژنامەگەرى و مەترسییە گەورەكە

Closed
by January 16, 2009 گشتی

 یاساى رۆژنامەگەرى و مەترسییە گەورەكە
 سمكۆ عەبدولكەریم

 دەركەوت یاساى رۆژنامەگەرى لە كوردستان نەبۆتە رێگر لە دەستگیركردنى رۆژنامەنووس لەسەر كارى رۆژنامەگەرى ، هەرچەندە دواى دەرچوونى یاساكە هەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەیە بوون ، كە لەمەودوا رۆژنامەنووس لەسەر كارى رۆژنامەگەرى زیندانى ناكرىَ ، بەڵكو تەنیا سزاییەك كە رۆژنامەنووس دەگرێتەوە سزاى غەرامەیە كە لە ماددەى نۆیەمى یاساكەدا هاتوە .
 لەبەر ئەوەى من یەكەم كەس بووم رۆژى 7/1/2009 لە گۆشەى بۆ ئێوەى كوردستانى نوىَ دا . ئاماژەم بۆ چەند لایەنێكى یاساكە كرد و تیشكم خستە سەر كەموكوڕیەكانى یاساكە كە دەبوایە لە كاتى خۆیدا هەستى پێكرابوایەو رێگا نەدرابوایە بەسەرماندا تێپەڕێت،كە بەسەریشماندا تێپەڕى ماناى وانییە لێبێدەنگ بین و هەوڵى دەستنیشانكردنى كەموكوڕییەكان نەدین و بیر لە چارەسەركردنى نەكەینەوە .
 دواى ئەوەى لەو گۆشەیەمدا باسى ئەوەم كرد كە بڕگەی ( نابىَ رۆژنامەنووس لەسەر كارى رۆژنامەگەرى دەستگیر بكرىَ ) كە پێشتر لەو پڕۆژە یاسایەدا هەبووە كە لە ئەنجومەنى وەزیرانەوە نێردراوەتە سەرۆكایەتى پەرلەمان بە مەبەستى گفتوگۆ لەسەركردن و پەسندكردنى، كەچى ئێستا ئەو بڕگەیە لە یاساى رۆژنامەگەریدا نییە ، لە كاتێكدا پرسیارى نەبوونى ئەو بڕگەیە لە یاساكەم لە هەر كەسێكى پەیوەندیدار و چەند پەرلەمانتارێكى لیژنەى یاسایى كردبىَ سەرسوڕمانى خۆیان پیشانداوە لە نەبوونى ئەو بڕگەیە ، بە بىَ ئەوەى پێمان بڵێن چۆن ، كەى ، بۆ لادراوە
 بەشێك لەو كەس و لایەنانەى ئەو بابەتەم لەگەڵ باسكردون بە نەقیبى رۆژنامەنووسانیشەوە ، بیانوى ئەوە دێننەوە كە لە ماددەى نۆدا لەبەرامبەر پێشێلكارییەكانى رۆژنامەنوساندا تەنیا سزاى غەرامە دیاریكراوە و بە هیچ شێوەیەك باسى زیندانیكردنى رۆژنامەنووس نەكراوە ، بەڵام ئەمە بیانوویكى زۆر لاوازە ، چونكە ئەگەر بەراست هەموو لایەك لەسەر ئەوە كۆكن كە نابىَ رۆژنامەنووس لەسەر كارى رۆژنامەنووسى دەستگیر بكرىَ ، بۆچى ئەم دەستەواژەیە لە یاساكەدا نەبىَ ، ئەگەر هەموو لایەك نیاز پاك و راستگۆن بەرامبەر بەوەى كە لەگەڵ ئازادى تەواوى رۆژنامەگەرى و بیروڕاى ئازاد دان ، لە كاتێكدا لە پڕۆژە یاساكەدا هەبووە ، پێشتریش وەزارەتى رۆشنبیرى یەكىَ لەو شتانى پێداگرى لەسەر كردوە ئەو دەستەواژەیە بووە ، لە پڕۆژە یاساكەى سەندیكاى رۆژنامەنووسانیش كە لە ژمارە (6) ى گۆڤارى رۆنامەنووسدا بڵاوكراوەتەوە بە هەمان شێوە ئەم دەستەواژەیە هەبووە . كەوابىَ بۆچى ئێستا لە نێو یاساكەدا نییە و كەسیش ئامادە نییە  هۆكارەكەیمان پێ بڵىَ .
 پێم وایە ئەگەر ئەم بڕگەیە لە نێو یاساكەدا هەبوایە دادگا و داواكارى گشتیش دەرفەتى ئەوەیان نەدەبوو بە بیانوى نەبونى (ئاداب و سیستەمى گشتى) لە نێو یاساكەدا لە دەرەوەى یاساى رۆژنامەگەرى و بە یاساى سزادانى عیراقى رۆژنامەنوس لێكۆلینەوەى لەگەڵدا بكرىَ و سەرەنجام هەم غەرامە بكرىَ و  هەم زیندانیش ، بۆیە ئێستا گەورەترین مەترسى ئەوەیە لە كاتى هەمواركردنى یاساكەدا (ئاداب و سیستەمى گشتى ) بگەڕێندرێتەوە بۆ نێو یاساكە ، كە كاتى خۆى هەموو هەوڵێك خرایە گەڕ بۆ ئەوەى لابدرىَ ، لە راستیشدا نەبوونى ئاداب و سیستەمى گشتى لە ئەحكامەكانى سزاداندا یەكێكە لەو هۆكارانەى رۆژنامەنووس بە یاساى سزادانى عیراقى لە دەرەوەى یاساى رۆژنامەگەرى لێكۆلینەوەى لەگەڵدا بكرىَ ، بۆیە زۆربەى بۆچوونەكان بەو ئاراستەیەن كە جێگیركردنى ئاداب و سیستەمى گشتى  لە ئەحكامەكانى سزاداندا تاكە چارەسەرە بۆ ئەوەى لە رێگەى یاساییەوە رىَ لە دەستگیركردنى رۆژنامەنووس بگیرێت ، بەڵام ئەمەش كارێكى پڕ مەترسى و دژوارە بەو مانایەى لە هەرێمى كوردستان پێناسەیەك نییە بۆ ئاداب و سیستەمى گشتى ، ئەمەش دەبێتە هۆى واڵاكردنى دەرگا بەرووى لێكدانەوەى جۆراو جۆر لەبەرامەبەر هەموو ئەو بابەتانەى رۆژانە لە بوارى رۆژنامەگەریدا بڵاودەكرێنەوە و تۆمەتباركردنى رۆژنامەنووس بە پێشێلكردنى ئاداب و سیستەمى گشتى .
 باشترین شت ئەوەیە دەستەواژەى (دەستگیرنەكردنى رۆژنامەنووس لەسەركارى رۆژنامەنووسى ) وەك پڕەنسیپ بخرێتەوە نێو یاساكە ، كە پێشتر لە نێو پڕۆژە یاساكەدا هەبووە ، رێگریش لەوە بكرىَ ئاداب و سیستەمى گشتى بخرێتەوە نێو یاساكە ، هەرچەندە بە شێوەیەك لە شێوەكان ئەو چەمكە لە بەلێننامەى فیدڕاسیۆنى نێودەولەتى رۆژنامەنووساندا هاتوە كە ئێستا ئەو بەڵێننامەیە بەشێكە لە یاساى رۆژنامەگەرى ، بەڵام ئەوەى من ئاگادار بم فیدڕاسیونى رۆژنامەنووسانى نێودەولەتى لە نووسراوێكى رەسمیدا كە ئاراستەى سەندیكاى رۆژنامەنووسانیان كردوە ئاماژەیان بۆ ئەوە كردوە كە نەدەبوایە بەڵێننامەكەى فیدڕاسیۆنى نێودەولەتى بخەنە نێو یاساكە ، ئەوەیان بە كارێكى خراپ و نا یاسایى داناوە .
   سەندیكاى رۆژنامەنووسانیش نەدەبوایە لە روونكردنەوەكەیدا خۆى لە ئەسلى مەسەلەكە بدزێتەوە و پێمان بڵىَ دواى پەسندكردنى یاساى رۆژنامەگەرى لە كوردستان هیچ بڕگەو ماددەیەكى یاسایى رۆژنامەگەرى پاش پەسندكردنى لە پەرلەمانى كوردستان لە 22/9/2008بە هیچ شێوەیەك لانەدراوە، سەندیكاى رۆژنامەنووسان دەبوایە ئەوەى روونكردبوایەوە كە ئێستا بڕگەى(دەستگیرنەكردنى رۆژنامەنووس لەسەر كارى رۆژنامەگەرى) بۆ لە نێو یاساكەدا نییە .
 
 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.