Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
یان سەری بەرز، یان مووچەی بەرز

یان سەری بەرز، یان مووچەی بەرز

Closed
by March 13, 2013 گشتی

 

 

 

 

لەبەر ئەوەی منیش یەکێک بووم لەوانەی کە تۆڕی میدیایی ڕووداو داوایان لێکردم وەک ڕۆژنامەنووس کاریان لەگەڵدا بکەم و ڕەتم کردەوە، پێم خۆشە قسەی خۆم لەسەر ئەو قسەوباسە بکەم کە ئێستا کەوتۆتەوە لەنێوان هەندێک لەو ڕۆژنامەنووسە بەڕێزانەی کە کاریان لە تەلەفزیۆنی ڕووداو وەرگرتووە، وە ئەوانەی کە ڕەخنەیان لێیان هەیە.

جیاوازییەک هەیە لەنێوان کارکردن لە تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەی ڕووداو و تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە ئەهلییەکاندا، ئەویش ئەوەیە کە مووچەی ڕۆژنامەنووس لای ڕووداو زۆر بەرزترە. بەڵام ئەوە نەبێت من لەبەر ئەوە ڕەتم کردبێتەوە بۆ دەزگای ڕووداو ئیش بکەم کە پارەی زۆرم هەبووبێت و منەتم بە مەعاشی بەرز نەبووبێت. نا، لەبەر ئەمە نەبوو. بەڵکو لەبەر ئەوە بوو کە من پێموایە جیاوازییەکی تریش هەیە لەنێوان کارکردن وەک ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆ و کارکردن لە دەزگایەکی ڕاگەیاندندا کە ئاشکرا و بێ هج شاردنەوەیەک هی سەرۆکی حکومەتەکەیە.

یەکێک لە ئەرکە هەرە گرنگ و بنەڕەتییەکانی کاری ڕۆژنامەنووسیی ئەوەیە کە بەردەوام ڕەخنە و سەرنج ڕووبەڕووی کاری حکومەت بکەیتەوە تا خراپییەکانی کاری حکومەت باش بکرێن. ڕۆژنامەنووس ئەمە کاری بێت، ناتوانێت ئەم کارەی خۆی لە دەزگایەکدا بکات کە خاوەنەکەی ئەوەندە بێمنەتە بە ڕۆژنامەنووسان کە لە ڕۆژنامەکاندا تاوانی بردنی ٣٥ ملیۆن دۆلاری پیادا دەکرێت، بەڵام ئامادە نییە لێدوانێک بدات بۆیان. هەر هیچ لێدوانێک بۆ خەڵەتاندنی ئەو بەشە لە خەڵک کە خۆشباوەڕ و دڵسافن و زوو باوەڕ بە قسەی سەرۆک و سەرکردەکان دەکەن. ئەو ئامادە نەبوو تەنانەت قسەکەرە ڕەسمییەکەشی بنێرێت و هەوڵبدات لەڕێگەی ڕۆژنامەکانەوە خەڵک بخەڵەتێنێت و بڵێت: ئەو پارەیە قەرزی کاک نێچیرڤان خۆی بوو لای حکومەت و ئێستا کاک ئاشتی هەورامیی وەک پیاوێکی دەست و دڵ چاک، ژێربەژێر و بەدزیی هەموومانەوە داویەتییەوە. دەزگایەک ئەوەندە ڕێزی بۆ میدیا هەبێت، میدیاکار چاوەڕوان نەبێت ئازاد بێت لای.

ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە بەڵێن دەدەن دوای گواستنەوەش بۆ کەناڵی ڕووداو، هەر پرۆفیشیوناڵانە کار بکەن و ڕاستگۆیانە ڕۆژنامەنووسیی خۆیان بکەن، یان لەوە تێنەگەیشتوون کە پرۆفیشیناڵبوونی ڕۆژنامەنووس مانای چییە، یان ئەوەندە دڵپاکن وا دەزانن ڕێگەیان پێ دەدرێت قسەیەک ئەگەر زەربە لە بەرژەوەندیی خاوەن دەزگاکەش بدات، ڕێگەیان پێ دەدرێت بیکەن.

ئەو بەڕیزانە دەبێت شتێک بزانن، ئەویش ئەوەیە کە خاوەنی دەزگای ڕووداو کە سەرۆکی حکومەتە، تەنها بۆ ئەوە دەزگایەکی وا دادەمەزرێنێت کە بتوانێت میدیایەکی گەورەی لەبەردەستدا بێت کە هیچ ڕەخنەی کاریگەر ڕووبەڕووی حکومەت و حیزبەکەی ئەو نەکاتەوە. ئەو دەزگای میدیایی بۆ ئەوەیە کە غەڵەتەکانی بۆ پینە بکات و ڕیپۆرتاژی وای بۆ دروست بکات کە هەموو شەوێک باسی ئەوە بۆ خەڵک بکات کە سەرۆکی حکومەت ئەوەندە دڵگەورە و زیرەکە کە ڕێگە نادات حکومەت و حیزبەکەی بودجەکە هەر هەمووی بە گەندەڵیی بدزرێت و جارجارە بەشێکی کەمی لە خەڵکەکەدا سەرف دەکات.

ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە پێیان وانییە سەرۆکی حکومەت دەزگای ڕووداوی بۆ ئەمەیە، دەبێت ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن کە کەواتە سەرۆکی حکومەت بۆچی دەبێت تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامەی هەبێت. 

نێچیرڤان بارزانیی بۆ ئەوە ڕۆژنامە دانامەزرێنێت کە بە تیراژی زۆر لێی بفرۆشێت و پارەیەکی دەست بکەوێت. ئەو دەیەوێت دەزگایەکی میدیایی هەبێت کە دەسەڵاتدارێتیی خۆی پێ بپارێزێت. هەر بۆیە تەنها ئەو ڕۆژنامەنووسانەش دەتوانن کاری بۆ بکەن کە ئەم سەرنەوییکردنە ڕۆژنامەنووسییە لەبەرامبەر بەرزکردنەوەی مووچەدا قبوڵ دەکەن.

پرسیارێک کە دەبێت لەو بەڕێزانە بکرێت کە دەڵێن ئەوان لە کەناڵی ڕووداویش هەر بەو ڕەخنەگرییەی جارانی خۆیانەوە دەمێننەوە ئەوەیە کە ئایا هەر بەڕاست ئەوان پێیانوایە کە دەتوانن، بۆ نموونە، لە کەناڵی تەلەفزیۆنیی ڕووداودا یان لە ڕۆژنامەی ڕووداودا، ڕیپۆرتاژێک لەسەر ئەوە دروست بکەن کە گومان هەیە سەرۆکی حکومەت ڤیللای چەند ملیۆن دۆلاریی لە ئەمریکا کڕیبێت؟ ئایا وەک ڕۆژنامەنووسێک لە تەلەفزیۆنی ڕووداو، ئەگەر ویستیان، دەتوانن بچن پرسیار لە خاوەنی تەلەفزیۆنی رووداو بکەن کە ئایا ئەو قسەیە ڕاستە یان نا؟

یان ئایا هەر بەڕاست ئەوان پێیانوایە کە دەتوانن، بۆ نموونە، وەک ڕۆژنامەنووس لەوە بکۆڵنەوە کە ئایا ڕاستە ٣٥ ملیۆن دۆلاری ئێمەی خەڵکی کوردستان ژێربەژێر دراوە بە کەناڵەکەی ئەوان؟ ئەگەر ناتوانن ئەمە بکەن، کەواتە با ئەوە بزانن کە پرۆفیشیۆناڵبوونی ڕۆژنامەنووس ڕێک مانای ئەوەیە کە ئەم ئازادییەیان هەبێت و ئامادە نەبن نە لەبەرامبەر پارەدا و نە لەبەرامبەر هیچ ئیمتیازاتێکی تردا بیدۆڕێنن. وە ئەگەریش ئەوان پێێانوایە کە بەڵی دەتوانن ڕیپۆرتاژ و تەحقیقاتی ڕۆژنامەوانیی لەو جۆرە لە کەناڵی ڕووداوەوە پێشکەش بکەن، کەواتە ئەو بەڕێزانە زۆر بە هەڵە لە عەقڵییەتی دەسەڵاتداران لە هەرێمی کوردستان تێگەیشتوون و بە وەهمدا چوون.

من پێموایە ئەو بەڕێزانە لەپێناو مووچەی بەرزدا چوونەتە ئەو کەناڵە و دەزانن بەشێکی زۆر لە ئازادیی کارکردنی ڕۆژنامەوانیی خۆیان دەدۆڕێنن. یەعنی لەپێناو مووچەی بەرزدا قبوڵیان کردووە سەری بەرزی ڕۆژنامەنووسییان تۆزێک نەوی بکەن. سەرۆکی حکومەتیش ئەمە یەکێکە لە ئامانجەکانی. ئەو دەیەوێت بە پارە ئەوانەمان بێدەنگ بکات کە ئەم چەند ساڵە تۆزێک سەغڵەتییمان بۆیان دروست کردبوو. هەروەها سەرۆکی حکومەت دەیەوێت هەرە چالاک و بەتواناکان ببات و ئیستیفادە لە تواناییە زۆرەکەیان بکات بۆ تەبلیغکردن بۆ باشیی حکومەت.

ئەو ڕۆژنامەنووسانە ئازادیی ڕۆژنامەوانیی و مووچەی کەمیان گۆڕیوەتەوە بە ڕەخنەنەکردن و مووچەی بەرز. ئەوەی کە ئەوان دەڵێن لەگەڵ مووچەی بەرزدا، سەری بەرزی خۆشمان هەر دەهێڵینەوە، کارێکی نەکردەیە. ئەگەر ئینسان بۆ نموونە دەلاکێک بێت یان مکیاجکەرێک بێت یان وێنەگرێکی تەلەفزیۆنیی بێت، دەتوانێت بڵێت من هەر هەمان کاری خۆم دەکەم، چی لە ئێن ئاڕتی بێت، چی لە کەناڵی ڕووداو. بەڵام بۆ ڕۆژنامەنووس وانییە. ڕۆژنامەنووس لە هەرێمی کوردستان ناتوانێت لەهەرکوێ بوو هەر هەمان کار بکات.

من ئەم ڕاستییەم دەزانی کە یان دەبێت سەری بەرز هەلبژێرم یان مووچەی بەرز. بۆیە ڕێگەم بە خۆم نەدا مووچەی بەرز وام لێ بکات ئەم ئازادییەی خۆم لەدەست بدەم کە ئێستا ئاوا ئازادانە بتوانم ئەم ووتارە بنووسم، بەبێ ئەوەی هیچ ترسی ئەوەم هەبێت کە ئایا لەسەر ئەم قسانەم، کام بەرپرس دڵی لێم عاجز دەبێت و کامیان لێم تووڕە دەبێت و کامیان لەسەر قسەی لەم جۆرە کە بە دڵی ئەو نییە، لەسەر کار دەرمبکات.

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.